په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٩\٢٠١١

دوایین ماڵئاواییە...


خوناو سمایل     


کامۆ! هەی یار و یاوەر ... کە تەماشای بریسکەی بیلبیلەی چاوانت دەکەم گەرمیی ئەو رۆژانەم بە هەناو دادێ، ئەتۆ شلکترین کوڕی گەرەک بووی ... ئەو چاوە بزێوانەت ئێستاش هەر بزەی هێزەکی بێ بنیان تێدا زایە.

زۆرم کرد نەکەومە ناو مەلەی سەرنجە میهرەبانەکانت. پێم نەکرا... چونکە ئەو رۆژە کەمەرت باریکترین کەمەر بوو لەو ژێر پژدێنە خاڵخالیەی کە خۆی لە قەدت لوول دابوو... بە هەر دوو باسکانت ئەو لاو ئەو لای دەرکی حەوشەکەمانت لێ گرتبووم و تیربارانی ئەو چاوە گەشانەتت دەکردم... تانیم دەرکەکەت بەسەر دایەخم بەڵام نەمتانی دڵی جێماوی خۆم لەودیو بینمەوە و هیچی دیش نەکرا بیخەمەوە ناو قەفەسی سینگم.

کامۆی دەسگیران... ئەی کوڕە دراوسێی دیوار بە دیوارمان... تەماشای خۆت کە! بڕۆنه‌ ئەتۆ ئێستاش لە هەر هەموومان جوانتری ... ئەتۆ نەگۆڕی... نەگۆری وەکو هەستە نەگۆڕەکانی ناوەوەم لۆت... هەموو شتێک گۆرا و دەگۆرێ... ولات، شار، گەڕەک و کۆڵانیش ... هەتا رێیه‌کانیش ... ئەو رێیانەی دوایێ بە تەنیاش دەمکۆڵینەوە ئەوانیش گۆڕان و هەندەکیشیان هەر نەمان!

منداڵانی کۆڵانیش هەر هەموو گەورە بوون و گۆڕان ... تەنیا خۆت نەبی هەر وەک جاران خۆتت لێ نەگۆڕا.

ئێستاش یادگاریی رۆژانی بنە دارهەنجیرە زلەکە لە ناو چاوانم زایە... پایزان راتدەتەکاند و گەیی و کاڵکە دادەوەرین... هاواری مەلەکانت دەکرد و دەتگۆت: بفڕن، بفڕن پەڕوباڵان فشکەنەوە، باڵگرن لە نێو شنەبای ئەو ئاسمانە بێگەردە ئازادە.

کامۆی یارم... ئەی میهرەبانترین بوونەوەر... پێم وانییه‌ ئەتۆ ئۆباڵی کەست لەئەستۆ مابی ... بێجگە لە ئۆباڵی ئەو تەمەنە لێژبۆوەی من کە رۆژ و مانگ و ساڵ پێی تێدەپەڕن و بەجێم دێلن. کە هەر هەموو شتەک لە دەرەوەی هەستە گەرمە پڕ سوەکانم بە دواتەوە دەگۆڕێن. ئەمرۆ لەو دوورە وڵاتییه‌... لێرە لە رۆخی ئەو ڕووبارە و لە ناو ئەو گوڵ و گوڵزارەی ئێرە... کە هیچ گوڵێک نە بە رەنگ و نە بە دیمەن لە حاجیلە و مێخەک و بەیبوونی بەهارانی لای خۆمان ناچن ... وا خۆم و وێنەکەت هاتینە و لێرەمان خستووە.
دەتپرسم کە سەرباری کەونیی وێنەکەش چۆن دەکرێ روخسارت هێشتا هەر سفتی و لووسیی تەمەنی لاویێتیی جاری جارانتی لێ ببیندرێ؟!

ئەورۆ هاتووم بیست و پێنجەمین ساڵیادی رۆژی شەهیدبوونت لێرە بکەمەوە... لەم رۆخ رووبارە... بە تەنیا خۆم و خۆت و هەستە پڕ تاسەکانم بە دوای تەمەنی کورتت و حەسرەتی بەیه‌کنه‌گەیشتنمان. وا لێی دانیشتینە و هیچ جوانییەکی ئەو سروشتە ناتوانی چاوانم لەسەر یادگارییه‌ دوورەکانی جارانمان لابدا، یانیش حەسرەتی ئەو رۆژەی کە خۆم و دایەت و یەک دوو خزم و کەسوکار بە جێبەک گرد و چیاو دۆڵ و ده‌شتمان بڕی و هاتین... برینەکەت هێشتا هەر تەڕ بوو، چاوانیشت نیمچە کراوە... پێدەچوو زۆر چاوەڕوانت کردبین پێشی گیان دەرچوونت!

ئەو رۆژە بارتەقای هەموو گورگە کیویەکانی ئەو شاخ و داخە لووراندم... هاوارم دەکردیێ ''کا... مۆ''.

چەند شەوێک لەگەڵ دایەت باوەشمان بەو خاکە تەڕەی سەر سینگت نووساند. پاش تەقەتکردنت لە پەنای شاخەکە بۆنی نائومێدییمان لە جارەکی دی شادبوونەوەمانمان بە بەروباوه‌شت هەڵدەمژی.

بە جێمان هێشتی... پارچەیەکم لە ناو گۆڕەکەت راکشا و ئەوەکەی دیشم سپاردە تەنیایی ئەو غەریبیەی ئێرە. خەونە سادەکانی بەروئامێزی یەکتری لەتوپەت بوون، وەک تەمی بەیانیانی پایزە زووەکەی دوایین ماڵئاواییت پەرتەیان پێ کرا.

ئا... ئەوە دوایین ترازان بوو لێت هەرچەندە سه‌ره‌مه‌ک پێش ئەو کاتەش لێت دابرابووم. ئەو دابرانەش لەو رۆژانەدا بوو کە ئەتۆ هیچی دی شوێنت لە ناو شار نەما و رووت کردە چیا و دەشت و دۆلان و تفەنگ بووە باری قورسی سەر شانت و ئەمنیش لە چاوەڕوانییکردنت زیاتر هیچ دەسەڵاتەکی دیم نەما.

ئێستاش کامۆی حەسرەتی دڵم... هاتیمە تا ئازاد بم. تکایە... تکایە لە خۆتم ئازاد کە... هەر رۆژێک و تەمەن زیاتر بەرەو لێژیە و هەموو شتەک لە جوولەجوول و گۆڕانە... تەماشای ئەو قانە هەورانەی ئاسمان کە... وەک ئەو رۆژانەی ئێستا چەند زوو دەگۆرێن و بە قانی نوێ شێوەیتر لەو ئاسمانە شینە دەنەخشێنن.

لە کەوتنەک ئازادم کە، کە بە دواتدا هات و پێم نەکرا دووبارە هەستمەوە... با نیگام ئازاد بی لە چاولەدووبوونت... لەو سێبەرە لاچەپە دەرچم و رێ بدەمە چاوانم تیشکی خۆر رۆشنیان کاتەوە... با باوه‌ڕ بە دووبارەدەستپێکردنەوە بینم... رێ بدەمەوە رۆژگار بە رێچکە سروشتییه‌کەی خۆی تێپەڕی و وەگەڵی کەوم. بەسە، با روح و جەستەم ئاشت بنەوە و لەو پارچە پارچەییە رزگار ببم و ببمەوە خۆم. ئەو خۆمەی لە ونبوونت دا ونم کرد و نه‌مدۆزیه‌وه‌.

وێنەکەی گرت و بە هەردوو لێوانی ماچەکی کردە سەر روخساری و دەسکەک گوڵ و گیای چنی و بەستیانیەوە. یەک دوو مۆمی شێوە خڕیلکەی لە جانتاکەی دەرهێنا و دایگیرساندن. هەر هەموویانی خستە نێو چارچیوەی فلینەیەک و لەگەڵ نەرمە شەپۆڵەکانی روووبارەکە لۆ دوایین جار دوعاخوازیی یەکجارەکیی لە ''کامۆ'' خواست.

کە شەپۆڵەکانیش فلینەکەیان رادەدا، وێنەی ''کامۆ'' لەبەر بریسکەی رۆناکیی مۆمەکان دەتگۆت پێی پێدەکەنی... دوورتر دەکەوتەوە... خۆشی وەک ژنە قەرەجێک، بەو بایەی تازە دەستی پێ کردبوو، کراس و پرچەکەی بە ئاراسته‌ی بایەکە دەفڕین و دەستی هەڵدەبڕی و ماڵئاوایی لە ''کامۆ'' و جاری جارانی دوو دەسگیرانی خەون و حەز نەهاتەدی دەخواست.


٢٠\٨\٢٠١١ - درامن

ماڵپه‌ڕی خوناو سمایل مامه‌

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک