په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١١\٢٠١٠

دیزاینی مه‌زن.

                                                                                                        

نووسینی: ستیڤن هاوکینگ و لیونارد ملۆدینۆ                                                                                    وه‌رگێرانی: حسێن حسێنی

 

- بەشی شەشەم -

ھەڵبژاردنی گەردونەکەمان.


بە پێی وتەی خەلکی (بۆشنگۆ) لە ناوەڕاستی ئەفریقا ، لە سەرەتادا تەنھا تاریکی و ئاو لە گەڵ خوای گەورەی (بومبا) بوونی ھەبوو.رۆژێک( بومبا) تووشی سکێشە بوو رشایە بە سەر خۆردا. لەو کاتەدا خۆر بڕێک لە ئاوەکانی وشک کردو زەوی دەرکەوت. بەڵام ھێشتا بومبا ھەر ئێشی ھەبوو تۆزێک زیاتر رشایەوە. مانگ ، ئەستێرەکان و بڕێک لە گیانلەبەران وەک پڵنگ و کۆرۆکۆدیل و کیسەڵ و لە کۆتاییدا مرۆڤ دەرکەوتن. (مایا)‌کانی مکزیک لە ناوەڕاستی ئەمریکا ھاوشێوەی ئەمە دەربارەی سەردەمێک کە بەس خاڵق و ئاسمان و دەریا بوونی ھەبووە، دەگێرنەوە. لە ئەفسانەی (مایا) کاندا خاڵق خەمباری ئەوە بوو کە کەس نایپەرستێ بۆیە زەوی ، کێوەکان و درختەکان و زۆربەی گیانلەبەرانی دروست کرد. بەڵام گیانلەبەران قسەیان نەدەکرد بۆیە بڕیاری دا مرۆڤەکان دروست بکات . سەرەتا ئەوانی لە قوڕ و خۆڵ دروست کرد ، بەڵام ئەوان بە بێ مانا قسەیان دەکرد، بۆیە لە ناویبردن و جارێکی کە دەستی پێکردەوە ، ئەمجارەیان لە دار دروستی کردن ، بەڵام زۆر ھێواش بوون بۆیە بڕیاری دا ئەوانیش تیا بەرێت، بەڵام ئەوان بۆ ناو دارستان ھەڵھاتن مانەوەی تێکچوونەکان بە درێژی رێگەکە تۆزێک گۆرانکاریان بەسەر دا ھێنان ، ئەوەی لێی بەرھەم ھات ئەوانەن کە ئیمڕۆ پێیان دەڵێین مەیمون. خاڵق دوای شکەستە شەرمھێنەکەی لە کۆتاییدا فرمۆلێکی دۆزییەوە کە کاری دەکرد. ئەوە بوو کە یەکەم مرۆڤی بە کەڵک وەرگرتن لە گەنمەشامی زەردو سپی دروست کرد. لە ئیمڕۆدا ئێمە (ئیسانۆڵ) لە گەنمە شامی دروست دەکەین بەڵام تا ئێستا پێوەندیەک لە نیوان خەلکە شاکارە دروستکراوەکەی خالق لە گەڵ ئەو شتەی کە دەیخواتەوە بوونی نییە. چیرۆکی خلقت وەکوو ئەوانەی سەرەوە ھەمووی ھەوڵدانە بۆ وڵام دانەوەی ئەو پرسیارانەیە کە ئێمە لەم کتێبەدا بەدواییدا دەگەڕیین: بۆچی تەنھا یەک گەردون بوونی ھەیە؟‌ و بۆچی گەردونەکە بەم رێگەیەدا رۆیشتووە؟ تواناییەکانمان بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە لە سەردەمی (یۆنان)ی کۆنەوە بە ھێواشی گەشەی سەندووە کە زۆرترین گۆڕانکارییەکە لە سەدەی پێشوودا رویداوە. بە سەرنج دان بەو ھێزو بەکگراوندەی کە لە بەشەکانی پێشوودا وەرمان گرتوە ئێستا ئێمە ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی وڵامی پرسیارەکان. شتێک کە لەوانەیە دەر بکەویەت تەنانەت ئەگەر ژیان لە گەردون زۆر تازە دروست کرابێت یان تەنانەت ئەگەر بەشەر لە بەشێکی بچوکی مێژوی جیھاندا ژیابێت ئەویش ئەوەیە کە پێشکەوتنەکانی رەگەزی مرۆڤ لە زانست و تێکنۆلۆجیادا یەکجار خێرایە بۆیە ئەگەر مرۆڤ میلیونھا ساڵ ژیا با دەسەڵاتدارییەکەی یەکجار زیاتر دەبوو.


بە پێی دەقە کۆنەکان ، خودا ئادەم و حەوای تەنھا لە شەش رۆژی ئافراندندا دروست کرد. قەشە( ئوسەر) پێشەوای( ئایرلەند) لە ساڵی ١٦٢٥ تا ١٦٥٦ تەنانەت خاڵی سەرتایی زەوی بە وردی یەکجار زۆرەوە پێشبینی کرد بوو بە رای ئەو جیھان لە کاتژمێر نۆی سەرلەبەیانی ٢٧ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٤٠٠٤ ی پێش زایین دەستی پێکردوە. ئێمە تێڕوانێنێکی جیاوازمان ھەیە ، مرۆڤ تازە دروستکراوە بەڵام سەرتای گەردون دەگەڕێتەوە بۆ‌ ١٣.٧ بیلیۆن ساڵ لەوەو پێش .


یەکەم بەڵگە بۆ سەرەتای گەردون دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٢٠ . وەکوو لە بەشی سێ دا باسمان کرد لەو کاتەدا زۆربەی زاناکان باوەڕیان وابوو کە گەردون وەستاوە و ھەمیشە ھەبووە. بەڵام بەڵگەی دژ بەمە بە شێوازی ناراستەوخۆ بە پێی بینینەکانی( ئیدوین ھابڵ )وە بوو کە کەڵکی لە تیلسکۆپێکی ١٠٠ ئینچی لە سەر کیوەکانی (ویلسن )،تەپۆلکەکانی سەر( پاسادینا)ی (کالیفۆرنیا) وەردەگرت. بە شیکردنەوەی شەبەنگی روناکی کە گەلەئەستێرەکان لە خۆیان دەریان دەکرد ھابڵ گەیشت بەو دەرئەنجامەی کە نزیکەی ھەموویی گەلە ئەستێرەکان لە ئێمە دوردەکەونەوە و بەردەوام خێراییەکانیان زیاتر دەبێت.


لە ساڵی ١٩٢٩ ئەو بە بڵاو کردنەوەی یاساێک کە بە پێی گەڕانە دواوەی لەرەلەری شەبەنگ لە سەر دووری گەلە ئە ستیرە لە ئێمەوە بوو پێنیشانیدا گەردون دەکشێت. ئەگەر ئەمە راست بێت دەبێت گەردون لە پێشدا بچووکتر بووبێت. لە راستیدا ئەگەر ئێمە بۆ رابردوێکی دوور بگەڕینەوە دەگەین بەشوێنێک کە ھەموو مادە و وزە لە شوێنێکی زۆر بچوکدا چڕ بوو بێتەوە شوینیکی لە رادەبەدەر چڕو گەرم . ئەگەر بە ئەندازەی پێویست بگەڕینەوە بۆ دواوە دەگەین بە سەرەتایی ھەموو شتێک -بەو روداوەی کە ناوی تەقینەوە گەورەکە (بیگ بانگ) ی لێنراوە.


ئەو ئیدەیەی کە گەردون دەکشێت ھەڵگری تۆزێک شیرین کارییە. بۆ نمونە ئێمە مەستمان ئەوەنییە کە کەسێک بتوانێت بە روخاندنی دیواری مالەکەی حەمامیک کە دار بەڕوێکی گەورەی تێدا بێت دروست بکات. کشانی فەزا بە مانای ئەوەیە کە مەودای نیوان دوخاڵ زیاد دەکات. ئیدەکە لەناو ئەو موناقشە و باسەکانی ١٩٣٠ ەکان ھاتەدەرەوە، بەلام یەکێک لە باشترین قیاسە رێگەکان بۆ تەسەوری ئەمە لەلایەن ئەستێرەناسی زانکۆی( کەمبریج ) واتە (ئارسۆر ئیدینگتۆن)وە پێشکەش کرا . (ئیدینگتۆن) تەسەورەکەی وابوو کە کشانی گەردون ‌ ،وەکوو کشانی باڵۆن وایە و ھەموو (گەلە ئەستێرەکان)یش لە خاڵەکانی سەر باڵۆنەکە جێگیرن. ئەم وێنەیە لە کشان بە جوانی شرۆڤەی ئەوە دەکات کە بۆچی گەلە ئەستێرە دورەکان خێراتر لە گەلە ئەستێرە نزییکەکان دور دەکەونەوە. بۆ نمونە ئەگەر نیوەتیرەی باڵۆنەکە لە کاتژمێرێکدا دووقات ببێتەوە دووری نێوان دوو گەلە ئەستێرەی سەر بالۆنەکەش لە کاتژمێرەکەدا دوو قات دەبێتەوە. ئەگەر لە کاتێکدا دووری نێوانیان ١ ئینچ بیت دوای یەک کاتژمێر دوورییەکە دەبێت بە ٢ ئینچ و ئەوان بە خێرایی ١ ئینچ لە کاتژمێر لە یەک دوردەکەونەوە. بەڵام ئەگەر لە سەرەتاوە جیاوازی دوورییان لە یەکتر ٢ ئینچ بێت دوای یەک کاتژمێر دورییەکە دەبێت بە ٤ ئینچ کە وابوو بە نرخی ٢ ئینچ لە کاتژمێرێکدا لە یەک دووردەکەونەوە. ئەمە ھۆکار‌ی ئەو بوو کە (ھابڵ) رایگەیاند: ئەو (گەلە ئەستێرە)یی کە لە ئێمە دورترە بە خێراێکی زیاتر لە ئێمە دور دەکەوێتەوە.


گرینگە لەوە بگەین کە کشانی فەزا ئەو واتایە ناگەێنێت کە قەبارەی تەنە مادییەکان وەکوو (گەلە ئەستێرە) ، ئەستێرە،سێو ، ئەتۆم یان ھەر تەنێکی تر کە بە ھۆی ھێزگەلیکەوە پێکەوە ھێڵڕاونەتەوە دەگۆڕێت. بۆ نمونە ئەگەر بین بازنەێک بە دەوری بۆڵێک گەلەئەستێرەی سەر باڵۆنەکەدا بکێشین، بازنەکە کاتێک باڵۆنەکە دەکشێت گەورەنابێتەوە. بەلکوو بە ھۆی ئەوەی گەلەئەستێرەکان بە ھێزی راکێشان پێکەوە بەسراونەتەوە بازنەکەو گەلە ئەستێرەکانی ناوی قەبارە و پەیکەربەندییەکەی خۆیان کاتێک باڵۆنەکە گەورە دەبێتەوە دەھێڵنەوە. گرینگی ئەمە لەوەدایە ئێمە کاتێک دەتوانیین کشانەکە بپیوێن کە ئەمرازەکانمان قەبارەکانیان نەگۆڕ بێت. ئەگەر ھەموو شتێک بۆ کشان سەربەست بن کەوابوو ئێمەو پێوانەکانمان و تاقیگەکانمان و ھەموو شتێکی تریش بە رێژەێکی نەگۆڕ دەکشێن و ئێمە ھیچ جۆرە جیاوازێک نابینین.

‌ئەوەی کە گەردون دەکشێت بۆ ئەنیشتاین ھەواڵێکی خۆش بوو بەڵام ئەگەری ئەوەی کە گەلە ئەستێرەکان لە یەک دوردەکەونەوە چەند ساڵێک پێش بڵاوبوونەوەی وتارەزانستییەکانی( ھابڵ) بە شێوەی تیوری لە ھاوکێشەکانی (ئانیشتاین) دەرکەوتبوو. لە ساڵی ١٩٢٢ فیزیکزان و ماتماتیکزانی روسی (ئیلکساندێر فریدمەن) لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەوە کرد کە چی روودەدات لە گەردونێک کە لەسەر دوو فەرزی زۆر سادەی ماتماتیکی بینا کرابێت: گەردوون لە ھەموو ئاراستەکاندا چوون یەک دێتە پێش چاو ھەر وەھا لە ھەر خاڵێکەوە سەیری بکەیت یەک شتە. ئێمە ئێستا دەزانین کە فەرزی یەکەمی (فریدمەن) بە بە تەواوەتی راست نییە- خۆشبختانە گەردوون لە ھەموو ئاراستەکاندا چوون یەک نییە!. ئەگەر ئێمە لە ئاراستەێکەوە سەیری سەرەوە بکەین لەوانەیە خۆر ببینین، لە ئاراستەێکی ترەوە مانگ و لە ئاراستەێکی تریشەوە لەوانەیە ھێلانەی شەمشەمە کوێرە خوێن خۆرەکان ببینین. بەڵام گەردوون تا رادەێکی زۆر لە ھەموو ئاراستەکاندا چوون یەک دەنوێنێت ‌کاتێک لە سکێڵێکی دورتر –دورترەو تەنانەت سکێڵی نیوان گەلە ئەستێرەکانەوە سەیری بکەین. ئەمە زۆربەی کات وەکوو سەیر کردنی دارستانێک وایە کە لە سەرەوە سەیری بکەین. ئەگەر ئێوە بە ئەندازەی پێویست بە دارستانەکە نزییک بن دەتوانن گەڵای دارەکان بە تەنیایی ببینن یان لانی کەم دارەکان و فەزای نێوانیان بینن. بەڵام ئەگەر ئێوە زۆر لە سەرەوە سەیەری بکەن بە شێوازێک پەنجە گەوریەک مایلێکی دوو جا لە دارەکان داپۆشێت دارەستانەکە دەبێت بە سێبەرێکی سەوزی چوونیەک. ئەو کات ئێمە دەڵێین لەم سکێلەدا دارستانەکە چوونیەکە.


بە پێی ئەم فەرزە (فریدمەن) توانی شیکارێک بۆ ھاوکیشەکانی ئانیشتاین بدۆزێتەوە کە لەودا گەردوون دەکشا بەو شێوەی کە ھابڵ راستییەکەی سلماندبوو.


لە مودێلە تایبەتەکەی( فرییدمەن) گەردوون لە خاڵێکی سفرەوە دەست دەکات بە کشان و قەبارەکەی دەکشێت تاوەکوو ھێزی راکێشەری راکێشان کەمی دەکاتەوە و سەر ئەنجام دەبێت بە ھۆی گەڕانەوە دارمان. ( دوو جۆر شیکاری تر بۆ ھاوکێشەکانی ئانیشتاین کە ھەر بە پێی فەرزەکانی( فریدمەن)ە لە یەکێکیاندا کشانی گەردوون درێژەی دەبێت بۆ ھەمیشە بەڵام تۆزێک بە ھیواشی ، لە یەکێکی تریاندا خێرایی کشانی گەردوون کەمدەبێتەوە بەرەو سفر بەڵام ھەرگیز پێی ناگات)‌ فریدمەن چەندساڵێکی کەم دوای دروست کردنی ئەم بەرھەمە کۆچی دوایی کرد، ئیدەکەی بە نەناسراوی زۆر مایەوە تاوەکوو دۆزینەوەکەی ھابڵ . بەڵام لە ساڵی ١٩٢٧ پرۆفیسۆرێکی فیزیک و قەشەێکی کاسۆلیکی رۆما بە ناوی( جورج لمایتری) ئیدەێکی ھاوشێوەی پێسنیار کرد: ئەگەر بە دوایی پێ شوێنی مێژویی گەردون بۆرابردوو بگەڕیتەوە گەردون بە بچوکتر و بچوکتر دەبینیت تاوەکوو دەگەییت بە روداوی خلقەت- کە ئێمە ئێستا پێی دەڵێین تەقینەوە گەورەکە-(بیگ بانگ).


کەس حەزی لە وێنەی بیگ بانگ نەبوو لە راستیدا وشەی "بیگ بانگ" لە سەر ١٩٤٩ لەلایەن ئەستێرەفیزیکزانی (کەمبریج) (فرێد ھۆیل ) وە ھاتە بەرباس کە باوەڕی وابوو گەردوون بۆ ھەمیشە دەکشێت ئەو دەستەواژەشی وەکوو وەسفێکی گاڵتە ئامیز بەکار دەھێنا. یەکەمین بینینی راستەوخۆ تاوەکوو ساڵی ١٩٦٥ بۆ پشتگیری کردن لە ئیدەکە بوونی نەبوو. لەم ساڵەدا پێش زەمینەێکی کز لە شەپۆلی مایکرۆ لە فەزا دۆزرایەوە. ئەم تیشکە شەپۆلییە مایکرۆیە کەونییە پێش زەمینەیە یان (CMBR) ھەر ئەوەیە کە لە فڕنە مایکرۆشەپۆلییە کاندا دروست دەبێت بەڵام بە توانایێکی کەمترەوە. ئێوە دەتوانن (CMBR) ی خۆتان بە خستنە سەری تەلەڤزیونەکەتان بۆ سەر کەناڵێکی بۆش ببینن- چەند لە سەددێکی کەم لەو بەفرەی کە لە سەر شاشەکە دەیبینن بە ھۆی ئەوەوە دروست دەبێت‌. تیشکەکە بە شێوازێکی بە رێکەوت لەلایەن دوو زانای تاقیگەی (بێل)وە کاتێک دەیانویست وەھا ستاتیکێک لە ئالێری شەپۆلە مایکرۆکەیان لا بەرن دۆزرایەوە. لە سەرەتاوە ئەوان وەھا بیریان دەکردەوە کە لەوانەیە ئەم ستاتیکە پیوەندیان بە ھێلانە کۆتری سەر ئالێرەکەیانەوە ھەبێت. بەڵام دەرکەوت کە کێشەکەیان سەرچاوەێکی سەرنج راکێشی لەگەڵ خۆییدا ھەڵگرتووە-( CMBR) تیشکێکە لە گەردونی زۆر گەرم و چڕی سەرەتاییەوە کە ماوەێکی کورت دوایی بیگ بانگ ھەبووە دەرچووە. لە گەڵ کشانی گەردووندا ساردەوە بوونیش زیادی کردوە تا ئەو جێگەی تیشکەکە بووە بەو پاشماوە کزەی کە ئێمە ئێستا دەیبینین. لە ئێستادا ئەم شەپۆلە مایکرۆیە دەتوانێت خواردنەکەتان تاوەکوو -٢٧٣ پلەی گرمی واتە ٣ پلە لە سەر سفری رەھا بۆ گرم بکات کە زۆر سودمەند نییە بۆ برژاندنی گەنمە شامی.


ئەستێرەناسەکان ھەروەھا ھەندێک لە نیشانەکانیتر کە پشتگیری بیگ بانگ و وێنەی کێشراوی زۆر گەرم و وردی گەردونی سەرەتایی دەکەن ، دۆزیوەتەوە. بۆ نمونە لە مەودای یەکەمین خولەک یان زۆرتر دەبێت گەردون زۆر گەرمتر بێت لە ناوەندی ئەستیرێکی نەوعی. لەو دەورەیەدا تەواوی گەردوون دەبێت وەک ریئەکتۆرێکی فیوژنی کاری کردبێت. لەگەڵ کشانی زیاتری گەردون و سارد بوونەوەی بە ئەندازەی پێویست کاردانەوەکان دەبێت بەرەبەرە ھێواش بووبێتەوە ، بەڵام تیورییەکە پێش بینی دەکات کە دەبێت گەردونێکی تەرکیبی بە جێ مابێت کە زۆربەی بریتیە لە ھایدرۆجین ھەروھا نزییکەی لە سەددا ٢٣ ی ھیلیۆم ، لەگەڵ ھەندێک نیشانە لە لیسیۆم(ھەموو توخمەکانی تر لەدواییدا لەناو ئەستێرەکاندا دروست بوونە). حیساب کردنەکان بە باشی لەگەڵ بڕی ھیلیوم و ھایدرۆجین ولیسیۆم کە ئێمە دەبینین یەک دەگرێتەوە ‌کە پێوانی بڕی زۆری ھیلیۆم لەگەڵ (CMBR)‌ بەڵگەن بۆ کێشراوی بیگ بانگ بۆ گەردوونی سەرەتایی ، ھەرچەند خەلک دەتوانن وا بیرکەنەوە کە وێنەی کێشراو لە بیگ بانگ شرۆڤەێکی جێگەی متمانەیە بۆ کاتە سەرەتاییەکە ، بەڵام ھەڵەیە کە بڵێین بیگ بانگ بەتەواوی ئاکامی ھزری تیورییەکەی (ئانیشتاین)ە وەک ئەوەی کە وێنەێکی راستی لە سەرچاوەی گەردون پێشکەش کردبێت . چونکوو تیوری( رێژەیی گشتی) پێش بینی خاڵێک لە کاتدا دەکات کە پلەی گەرمییەکەی و چڕییەکەی و چەماوەیەکەی گەردوون ھەر ھەموویان بێکۆتایین کە فیزیکزانەکان بەم خاڵە دەڵێین تەکیینە(سینگولاریتی) . بۆ فیزیک زان ئەمە مانای ئەوەیە کە تیوریەکەی ئانیشتاین تووشی داڕمان(بریکداون) دەبێت، بۆیە ناکرێت‌ چاوەڕوانی ئەوەی لێ بکەین کە پێش بینی سەرتای گەردوون بکات بەلکوو تەنھا باسی چۆنیەتی دوای ئەوە دەکات‌ . ھەر چەند ئێمە لە ھاو کێشەکانی( رێژەیی گشتی) و بینینەکانمان دەربارەی فەلک بۆ زانینی زیاتر دەربارەی ھەر تەمەنێکی گەنجی گەردون کەڵک وەردەگرین بەڵام ئەوە راست نییە ھەموو ئەم وێنە کێشراوانە بۆ سەرەتای گەردونیش بگێڕینەوە.


ئێمە ھەندێک شتی کورت دەربارەی سەرچاوەی گەردون باس دەکەین بەڵام لە پێشدا با ھەندێک باسی دۆخی کشانەکە بکەین. فیزیکزانەکان بەمە دەڵێین ھەڵئاوسان ، ئەگەر ئێوە لە زیمباوە کە لە دواییەدا رێژەی ھەڵئاوسانی دراوەکەی ٢٠٠٠٠٠٠٠٠ لە سەددی تێپەڕاند ژیا بێتن بە باشی لە مانای ھەڵئاوسان تێدەگەن بەڵام ھەڵئاوسانی گەردوون زۆر گەورترە لەمەش بە پێی حیساب کردنەکان تەنانەت بە پارێزگاریشەوە کشانی گەردون ‌ بە نرخی
١٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠ لە  ٠.٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠١ ‌ چرکەدایە. ئەمە مانای ئەوەیە کە سکەیەک کە نیوە تیرەکەی ١ سانتی مترە لە پڕ گەورە بێتەوە بە شێوازێک ببێت بە پانتایی یەک میلیون جار گەورەتر لە کاکێشان . ئەمە لەوە دەچێت کە دژ بێت بە(‌ تیوری رێژەیی) کە سنوری خێرایی روناکی تێدەپەڕێنێت چونکوو ھیچ تەنێک ناتوانیت خیراتر بیت لە خێرایی روناکی. بەڵام سنوردار بوونی خێرایی بۆ کشانی فەزا بەکار ناھێنرێت. ئیدەی ئەگەری رودانی گرتەێکی ھەڵئاوسان بە پێی ئەو لە بەرچاوگرتنانەی کە دەچوونە دەرەوەی تیوریەکەی ئانیشتاین واتە (رێژەیی گشتی) یەکەم جار لە ساڵی ١٩٨٠ پێشکەشکرا کە ھەندێک لایەنی تیوری کوانتەمی حیسابی بۆ دەکرا. چونکوو ئێمە تیورێکی تەواومان بۆ (تیوری کوانتەمی راکێشان ) لە بەردەستدا نییە بۆیە ھێشتا کاری لە سەردەکرێت و فیزیکزانەکان ھێشتا دڵنییا نیین کە ئەم ھەڵئاوسانە چۆن روو دەدات. بەڵام بە پێی تیوریەکە ئەو کشانەی کە بە ھۆی ھەڵئاوسانەکەوە روودەدات بە تەواوی لە ھەموو ئاراستەکاندا یەکجۆر نییە کە پێچەوانەی پێشبینیەکانی بیگ بانگە سونەتیەکەیە.‌ ئەم ناڕێکییە گۆڕانێکی بچوک لە پلەی گەرمی (CMBR) لە ئاراستە جیاوازەکاندا دروست دەکات. گۆڕانەکان بچوکتر لەوەن کە کە لە ساڵەکانی ١٩٦٠ ببینرایەت.‌ ئەوان بۆ یە کەمین جار لە ساڵی ١٩٩٢ لەلایەن سەتەلایتی (COBE)ی( ناسا) وە دۆزرانەوە.‌ ھەر وەھا لەلایەن سەتەلایتە جیگرەکەیەوە (WMAP) لە کە لە ساڵی ٢٠٠١ ھاوێژرا پێورا. وەکوو بەرئەنجام ئێستا ئێمە دڵنییایین کە ھەڵئاوسان بە راستی روودەدەن.


سەرنج راکێش ئەوەیە ھەرچەند گۆڕانە بچوکەکەی (CMBR) بەڵگە یە بۆ ھەلئاوسان ، ھۆکارێکی ھەڵئاوسان بریتیە لە مەفھومێکی گرینگ ئەویش یەکجۆری پلەی گەرمی لە (CMBR) دایە. ئەگەر ئێوە بێن بەشێکی بچووکی تەنێک گەرمتر بکەن لە دەور و بەرەکەی و راوەستن خاڵە گەرمکراوەکە دەست دەکات بە سارد بوونەوە لەگەل ئەوەدا دەوربەرەکەش دەست دەکات بە گەرم بوون تاوەکوو پلەی گەرمی ھەموو شوێنێکی یەکجۆری لێدێت. ھاو شێوەی ئەمە دەکریت چاوەڕوان بین کە گەردوون سەرنجام پلەی گەرمییەکەی ببێت بە یەکجۆر. بەڵام ئەم پرۆسەیە کات دەبات ئەگەر ھەڵئاوسان رویینەدابێت کات بە ئەندازەی پێویست لە مێژویی گەردون بۆ ئەم یەکسان سازییە تەنانەت ئەگەر گواستنەوی گەرما بە خێرایی روناکیش بێت لە بەردستدا نییە. دەورەیەک بە کشانی زۆر خێرا تەنانەت خێراتر لە خێرایی روناکی چارەسەری ئەمەدەکات چونکوو ئەمە بە ئەندازەی پێویست کات بۆ یەکسان کردنەوە فەراھەم دەکات تاوەکوو ئەو پێش ھەڵاوسانەی پێش گەردون دروست ببێت.


ھەڵئاوسان شرۆفەی بانگ (تەقینەوە) لە بیگ بانگ (تەقینەوە گەورەکە) دەکات . لانی کەم وا ھەستی پێدەکرێت کە کشانەکە پێنیشاندەری کشانێکی زۆر زیاترە لەوەی کە تیوریە سونەتیەکەی بیگ بانگ ی تیوری (رێژەیی گشتی) لەو مەودا کاتییەی ھەلئەوسان پێش بینی دەکات. کێشەکە بۆ مودیلە تیورییەکانی ئێمە لە کار پێکردندا ئەوەیە کە دۆخە سەرەتاییە کەی گەردون ناچار بووە بە ھەندێک رێگە فەراھم بکرێت کە زۆر دڵنیاکەر نیین. بۆیە مودێلە تیوریەکەی ھەڵئاوسان کۆمەڵێک کێشە لادەبات بەڵام لە ھەمان کاتدا کێشەی کە دروست دەکات-پێوست بوونی بە دۆخێکی سەرەتایی زۆر تایبەت. کات--سفر بابەتێکە کە لەتیورییەکانی خلقەتی گەردوندا چاوپۆشی لێکراوە کە ئێمە باسی دەکەین.


چونکو ئێمە ناتوانین بۆ شرۆڤەی خلقەت، ئەگەر بمانەوێ باسی سەرچاوەی گەردون بکەین، تیورییەکەی ئانیشتاین واتە( رێژەیی گشتی) بەکار بھێنین، رێژەیی گشتی ناچارە جێگەکەی خۆی بدات بە تیورێکی زۆر ئاڵۆزی تر. لەونەیە کەسانێک ھەبن کە بڵێن تیورێکی زۆر ئاڵۆزتر پێویستە تەنانەت ئەگەر تیوری (رێژەیی گشتی)ش تووشی داڕمان نەبێت چونکوو( رێژەیی گشتی) لە سکێڵی بچوکی ساختاری مادە دا کە لە ژێر فەرمانرەوایی (تیوری کوانتەم)یدایە بەکار ناھێنرێت. ئێمە لە بەشی چوارەم وتمان کە بۆ مەبەستی کرداری تیوری کوانتەمی بۆ لێکۆڵینەوە لە ساختاری سکێڵە گەورەکانی گەردوندا بەکار ناھێنرێت بەلکوو ئەم تیورییە بۆ شرۆڤەی سروشت لە سکێڵی میکرۆسکۆپیدا بەکار دێت. بەڵام ئەگەر ئێوە لە کاتدا بۆ دواوە بگەڕێنەوە دەگەن بە شوێنێک کە گەردوون زۆر زۆر بچوکە کە پێی دەڵێن قەبارەی پلانک یەک میلیارد –تریلیۆن-تریلیونمی سانتیمتر کە لەو ناوچەیەدا دەبێت تیوری کوانتەمی بەکار بھێنرێت. ھەرچەند ھێشتا ئێمە تیورێکی تەواوی کوانتەمی راکێشانمان نییە بەڵام دەزانین کە سەرچاوەی گەردون روداوێکی کوانتەمی بووە. وەکوو ئەنجام ئێمە تەنھا‌ تیوری کوانتەمی لەگەڵ رێژەیی گشتی ئاوێتە دەکەین –لانی کەم بە شێوەی کاتی- تاوە کوو تیوری ھەڵئاوسانی لێ دابتاشیین بەڵام ئەگەر بمانەوەێ زیاتر بگەڕینەوە بۆ دواوە و لە سەر چاوەی گەردون تێبگەین دەبێت ھەموو ئەو شتانەی کە دەربارەی رێژەیی گشتی و تیوری کوانتەمییەوە دەیزانیین تێکەڵیان بکەین.


بۆ تێگەیشتن لە شێوازی کار کردنی ئەمە ، ئێمە پێویستیمان بە تێگەیشتنی ئەو پرینسیپەیە کە راکێشان فەزا و کات لوول دەکات. لوول بوونی فەزا ئاسانتر لە لوول بوونی کات دەکرێ تەسەور بکرێت. تەسەوری روبەری گەردون بکە وەکوو مێزێکی تەختی بیلیارد. روبەری مێزەکە لانی کەم لە دوو دوری دا فەزاێکی تەختە . ئەگەر بیت و تۆپێک لە سەر روبەروەکە بەربەیتەوە لەسەر خەتێکی راست دەجوڵێت. بەڵام ئەگەر سەر روبەری مێزەکە لوول بکرێت یان ھەندێک شوێنی وەک لە وێنەکەدا دەبینرێت چاڵ بکرێت ئەو کات تۆپەکە لە سەر چەماوەیەک دەجوڵێت.

لەم نموونەیەدا زۆر ئاسانە تێبگەیین کە مێزی بیلیارد چۆن لوول دەبێت چونکوو لە فەزاێکی سێ دووریدا لوول دەبێت کە ئێمە دەتوانیین بیبینین. بە ھۆی ئەوەی بۆ بینینی لوول بوونەکە ئێمە ناتوانیین بچیینە دەرەوەی( فەزا-کات )ە کەی خۆمانەوە بۆیە تەسەوری لوول بوون لە گەردووندا تەسەورەکەی قورسترە. بەڵام چەماوە بوون ئاشکرا دەکرێت تەنانەت ئەگەر ئێوە نەشتوانن بچنە دەرەوە بۆ ئەوەی لە فەزاێکی بە لایەنی زیاترەوە سەیری بکەن. چەماوە بوونەکە دەکرێت لە خودی ناو فەزاکەوە ئاشکرا بکرێت. تەسەوری بکە مایکرۆ-مێلۆرەێک ناچار کرابێت بە روبەری مێزەکە تەنانەت بێ ئەوەی توانایی ھەبێت لە مێزەکە بچێتە دەرەوە مێرۆلەکە دەتوانێت لوولی مێزەکە بە کێشانی وردی مەودا دورییەکان دیاری بکات. بۆ وێنە دوری دەوری بازنەیەک لە فەزای تەخت ھەمیشە تۆزێک لە سێ قاتی مەودا دوری تیرەکەی زیاترە ( لە راستیدا کەرەتی ژمارەی پایی دەکرێت واتە بە نزیکی ٣.١٤)‌. بەڵام ئەگەر مێلۆرەکە یەکێک لە و بازنانەی کە دەوری چاڵە کەی وێنەکەی سەرەوەی داوە ‌قەد بڕبکات تێدەگات کەکاتی تێچوونەکەی گەورەترە لە یەک لە سەر سێی ئەو کاتەیە کە لە سەر بازنەکە دەڕوات. بەڵام لە راستیدا ئەگەر چاڵە کە زۆر قووڵ بێت میلۆرەکە تێدەگات کە رۆیشتن لەسەر بازنەکە کورت خایەنترە لە قەدبڕەکە. ھاو شێوەی ئەمە بۆ لوول بوونی گەردونەکەی ئێمەش راستە-درێژبوونەوە یان کورت بوونەوەی مەودای نێوان دوو خاڵی فەزا ، گۆڕانی ئەندازەیی، یان شکڵ، دەکرێت لە ناو گەردوندا بپێورێن. لوول بوونی کات درێژ بوونەوەی یان کورت بوونەی دەکرێت ھەر بەم شێوازە باس بکرێت.

دوایی تێگەیشتن لەم ئیدەیە با بگەڕینەوە بۆ بابەتی دەست پێکردنی گەردون. وەکوو باسمان کرد کاتێک خێراییەکان لە خوارەوەیە و راکێشان کزە دەتوانیین بە جیا جیا باسی فەزاو کات بکەین .بەڵام بە گشتی فەزا و کات لەگەڵ یەکدا تەنراون ، بۆیە درێژبوونەوەو و کورت بوونەوەێک ھەڵگری بڕێکی دیاری کراو لە تێکڵ کردنە. ئەم تێکڵ بوونە بۆ سەرەتای گەردون گرینگە ، ھەر وەھاش کلیلی تێگەیشتنی دەست پێکردنی کاتە.


بابەتی دەستپیکردنی کات تۆزێک لە بابەتی قەراخی جیھان دەچێت. لە سەردەمێک کە خەلک بیریان لە تەخت بوونی جیھان دەکردەوە ، مومکینە ھەندێک کەس سەریان سوڕمابێت کە چۆن ئاو لە لێوارەکانییەوە نارژێت . ئەمە بە شێوازی پراکتیکی تاقیکراوەتەوە کەسێک دەتوانێت یەک دەوری زەوی باتەوەو نەشکەوێتە خوارەوە. کێشەی ئەوەی کە لە لێوارەکانی زەوی چی رودەدات بەوە چارەسەرکرا کە لە راستیدا جیھان روبەرێکی تەخت نییە بەلکوو روبەرێکی چەماوەیە. کات وەھا دێتە پێش چاو کە لە مودێلی رێگەی شەمەنەفەر دەچێت. ئەگەر ئەو رێگەیە سەرەتاێکی ھەبێت دەبێت دبێت کەسێک (بۆ نموونە خودا) شەمەندەفەرەکەی لەسەری خستەبێتەکار. ھەرچەند (تیوری رێژەی)ی( ئانیشتاین) ھەم گشتی ھەم تایبەت کات و فەزایان پێکەوە یەکخستوە لە ژێر ناونێشانی فەزا-کات و ھەلگری ھەندێک تێکەڵییە لەم دوانە بەڵام ھێشتا کات جیاوازە لە فەزا چونکوو سەرتایی ھەیە ھەروەھا یان کۆتایی ھەیە یان بۆ ھەمیشە بەرەو پێشەوە دەچێت. بەھەر حاڵ کاتێک ئێمە ھەندێک کاریگەرییەکانی تیوری کوانتەمی بە تیوری رێژەیی زیاد دەکەین لە حالەتێکی توندرەوانەدا پێچانەوەی فەزا دەتوانێت روو بدات کە گەشەدانێکی گرینگە بۆ ئەوەی کات وەکوو دورییەکانی تری فەزا رەفتار بکات.


لە سەرەتای گەردوندا – کاتێک گەردون بە ئەندازەی پێویست بچوک بوو ( رێژەیی گشتی) و( تیوری کوانتەمی)‌ فەرمانرەوایی ھاوبەش ھەبووە - لێرەدا چوار دوری بۆ فەزا بە بێ کات بوونی ھەبووە. ئەمە ئەو واتایە دەگەێنێ کە کاتێک قسەلەسەر سەرەتای گەردون دەکەین ئێمە لە پاڵ بابەتێکی ناسک و ھەست بزوێنەوە تێپەردەبین کە وا دێتە پێش چاو کە کاتێک دەگەرینە زۆر دواوە بۆ سەرەتای گەردوون کات بوونی نەبووە!. بۆیە دەبێت ئەوە قەبوول بکەین کە ئیدە ئاساییەکەمان دەربارەی فەزاو کات بۆ زۆر نزییک لە سەرەتای گەردوون ناشێت. کە لە دەرەوەی ئەزموونەکانی ئێمەیە بەڵام نەک لە دەرەوەی تەسەور و ماتماتیک. ئەگەر لە سەرتای گەردوندا ھەر چوار دوورییەکە فەزایی بوون ئەی کەی کات دەستی پیکرد؟


لە راستیدا ئەگەر کات بتوانێت وەکوو ئاراستەکانی تری فەزا بێت مانای وایە کە کات سەرەتایی ھەیە و ئێمە دەتوانین بە شێوازێک بگەین بە لێوارەکانی جیھان . وای دابنێ کە سەرتای جیھان وەک جەمسەری باشور وابووە ، کە لەودا پلەکانی پانی(لاتیتود) رۆڵی کات بگێڕێت. ئەگەر یەکێک بڕوات بەرەو باکور پلەکانی بازنە نەگۆرەکان پانی جوگرافیایی(لاتیتود) پێنیشاندەری قەبارەی گەردون دەبن. گەردون لە خاڵێکی جەمسەری باشورەوە دەست پیدەکات بەڵام ئەم جەمسەرە وەک ھەموو خاڵەکانی تر وایە واتە خاڵێکی تایبەتی نییە. پرسیاری ئەوەی پێش دەست پیکردنی گەردون چی روییداوە دەبێت بە پرسیارێکی بێ مانا چونکوو ھیچ باشورێکی جەمسەری باشور بوونی نەبووە. لەم وێنەیەدا فەزاو کات ھێچ چەشنە سنورێکیان نەبووە- وەکوو ئەوەی کە جەمسەری باشور وەکوو ھەموو شوێنەکانی تر وایە. بە شێوەی قیاسی کاتێک ئێمە تیوری کوانتەمی لەگەڵ رێژەیی گشتی تێکەڵ دەکەین پرسیاری ئەوەی کە پێش دەست پێکردنی گەردون چی روییداوە بێ مانایە. ئیدەی کە مێژوەکان دەبێت روبەرە داخراوەکان بن بە بێ سنور پێی دەگوترێ مەرجی بێ-سنوری.


لە سەدەکانی پێشوو زۆر کەس یەک لەوان ئەرەستوو باوەڕیان وابوو کە گەردون دەبێت ھەمیشە ھەبوو بێت تاوەکوو خۆیان ‌ لە بابەتی چۆن دروستکراوە بە دور بگرن . خەلکی کە باوەڕیان وابوو کە گەردون سەرەتایی ھەیەو لەمە کەلکیان وەردەگرت بۆ ئەوەی کە بڵێن خودا ھەیە. ئەو حەقیقەتەی کە کات وەکوو فەزا رەفتار دەکات ئەلتەرناتێڤێکی نوێ پێشکەش دەکات. ئەمە رەخنە گرتن لە تەمەنی کۆنی گەردون لادەبات بەوەی کە گەردون دەستپێکی ھەیە بەڵام ھەر وەھا ئەوە دێنێتە بەر باس کە دەستپێکی گەردونیش بە پێی یاساکانی زانست بووە نەک بە ھۆی بیر کردنەوەی ھەندێک خودا.


ئەگەر سەرەتای گەردون روداوێکی کوانتەمی بێت دەبێت بە دروستی بە ھۆی کۆکردنەوەی مێژوەکانی فاینمەن شرۆڤە بکرێت. بەکار ھێنانی تیوری کوانتەمی بۆ ھەموو گەردون –کە بینەر خۆی بەشێکە لەو سیستەمەی کە سەیری دەکات – بە ھەر حاڵ ھەڵخڵەتێنەرە. لە بەشی چوارەم کە چۆن تەنۆلکە مادییەکان کاتێک بەرەو شاشەێک بە دو درزەوە دەھاوێژرێن ھەر وەکوو شەپۆلی ئاوی بەیەکدا چوون ئەنجام دەدەن. فاینمەن پێنیشانی ئەمە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە تەنۆلکەێک بە تەنھا یەک مێژوی نییە. کاتێک تەنۆلکەیەک لە خاڵی سەرەتای (A)‌ وە بەرەو خاڵی کۆتایی (B) دەچێت تەنھا بە یەک رێگادا ناڕوات بەڵکوو بێکۆتایی رێگە ھەیە کە دەتوانێت بیگرێتە بەر. بۆیە بەیەکدا چوون شتێکی سەر سور ھێنەر نییە چونکوو لە یەک کاتدا تەنۆلکەکە دەتوانێت لە ھەر دو درزەکەوە تێپەڕ بێت و بەیەکدا چوون لە گەڵ خۆییدا بکات. بۆ جولەی تەنێک مێتۆدی فاینمەن پێمان دەڵێت بۆ حیساب کردنی ئەگەری ھەر خاڵێکی تایبەتی کۆتایی ئێمە پێویستیمان بەوەیە کە ھەموو مێژوە مومکینەکانی تەنۆلکەکە لە خاڵی سەرەتاوە بۆ خاڵی کۆتایی لە بەرچاو بگریین. خەڵک دەتوانن لە میتۆدەکانی فاینمەن بۆ حیساب کردنی ئەگەری کوانتەمی بینراوەکانی گەردون کەڵک وەربگرین. ئەگەر ئێمە ئەمە بۆ تەواوی گەردون بەکار بھێنین ئەو دەم خاڵی (A) بوونی نابێت و ئێمە ھەموو مێژوەکان کۆدەکەینەوە کە تێرکەری مەرجی بێسنوری و کۆتایی جیھانە بەو شیوازەی کە ئێستا دەیبینین.


لەم تێڕوانینەدا گەردون دەتوانێت خۆ بە خۆ بە ھەموو رێگە مومکینەکان دەست پێبکات کە زۆرترینیان دەبەسرێنەوە بە گەردونەکانی ترەوە. تا ئەو جێگەیەی کە ھەندێک لەو گەردونانە ھاوشێوەی گەردونەکەی ئێمەن بەڵام زۆرترینەکەیان زۆر جیاوازن لە ئێمە. جیاوازییەکە بە تەنھا لە وردەکارییەکاندا وەکوو ئەوەی کە (ئەلڤیس) بە راستی لە گەنجیدا مردبێت یان شەلەم دێسری خواردن بێت. بەڵکو ئەوان لە راستییدا لە دەر‌کەوتەی یاساکانی سروشتیشدا جیاوازن. لە راستیدا زۆر گەردون بوونی ھەیە بە کۆمەڵێکی زۆری یاسا فیزیکی جیاوازەوە. ھەندێک لە خەلک لەم ئیدەیە رازێکی گەورە دروست دەکەن و ھەندێک جار ناوی چەند گەردونی (Multiverse)ی لێدەنێن بەڵام لە راستیدا ئەمە شێوازێکی تری دەربڕینی فاینمەن بۆ کۆ کردنەوە لە سەر مێژوە جیاوازەکانە.


بۆ کێشانی ئەم وینەیە، با باڵۆنە قیاسیەکەی (ئیدینگتۆن) تۆزێک بگۆڕین لە جیاتی ئەوەی بیر بکەینەوە کە کشانی گەردون وەک کشانی روبەری باڵۆنەکە وایە. وێنەکەی ئێمە لە خەڵقی کوانتەمی خۆبەخۆ ی گەردون تۆزێک وەک دروست بوونی بڵقی ھەڵم لە ئاوی کوڵاودا وایە . زۆر بلقی ورد دروست دەبن و دوبارە تیادەچنەوە. ئەمە پینیشاندەری گەردونە بچوکەکانە کە دروست دەبن و دەکشێن و جارێکی تر دەرۆخێنەوە بۆ قەبارە مایکرۆسکۆپیەکە. ئەوان پێنیشاندەری گەردونە ئەلتەرناتیڤە مومکینەکانن. بەڵام ئەوان زۆر جێگەی سەرنج نیین چونکوو ئەوان بەو ئەندازەیە نامێننەوە تاوەکوو گەلەئەستێرەکان و ئەستێرەکان گەشە بکەن چ بگات بە ژیانی ھۆشمەند. بەڵام ھەندێک لە بلقە بچوکەکان بە ئەندازەی پێویست گەورە دەبن و لە تێکچوونەوە دەپارێزرێن . ئەوان درێژە دەدەن بە کشان بە رێژەێکی رولە زیاد بوون بلقی ھەڵم دروست دەکەن کە ئێمە توانایی بینینیمان ھەیە. ئەمە ھاو شێوەی گەردونەکانە کە دەست دەکەن بە کشان بە رێژەێکی رولە زیاد بوونی ھەمیشەیی ، یان بە واتاێکی تر گەردونەکان لە ناو‌ دۆخێکی ھەڵئاوسانیدان.


وەکوو باسمان کرد کشان بە ھۆی ھەڵئاوسانەوە بە تەواوەتی چوون یەک نیە .


لە کۆکردنەوی مێژوەکان ، تەنھا یەک مێژوی بە تەواوەتی رێک و چوون یەک بوونی ھەیە ، کە ئەویش زۆرترین ئەگەری ھەیە ، بەڵام زۆر لە مێژوەکانی تر کە تۆزێک نارێکن ئەگەری بوونیان ھەیە کە تا رادەێکێش ئەگەرێکی بەرزە. ‌ ھەلئاوسان پێش بینی سەرتای گەردون بە شێوازی تۆزێک ناچوون یەک دەکات کە بەسراوەیە بەو‌ گۆڕانکاری پلەی گەرمیەی کە لە (CMBR) دەبینرێت . ئەم نا ڕێکیە لە سەرتای گەردوندا جێی خۆشحاڵیە بۆ ئێمە . دەزانن بۆ؟

یەک جۆری باشە کاتێک ئێوە نەتانەوێت چەوری لە شیرەکەتان جیا ببێتەوە.


بەڵام گەردونێکی یەکجۆر گەردونێکی ئازار دەرە. ناڕێکی سەرەتای گەردون زۆر گرینگە چونکو دەبێت بە ھۆی ئەوەی ھەندێک ناوچە چرییەکەیان تۆزێک لە شوێنەکانی تر زیاتر بێت ھێزی راکێشانی ناوچە تۆزێ چرترەکە کشانەکەی ھێواشتر دەبێت بە بەراورد لەگەڵ دەوربەرەکەی. ھەر وەھا ھێزی راکێشان بە ھێواشی مادەکان بۆ لای یەکتری رادەکێشێت، کە ئەمە لە کۆتاییدا دەبێت بە ھۆی دروست بوونی گەلەئەستێرە و ئەستێرەو ھەسارەو و فرسەتێک بۆ بوونی ئێمەش. ئێستا بە وردی سەیری نەخشەی شەپۆلی مایکرۆی ئاسمان بکەن. کە ئەمە دیزاێنێکی سەرەتاییە بۆ ھەموو ساختارێکی گەردون وایە. ئێمە بەرئەنجامی بەرزو نزمی یان ناسافی (fluctuation) کوانتەمی سەرەتایی گەردوونین. ئەگەر یەکێک ئاییندار بێت دەتوانێت بڵێت لە راستییدا خودا یاری بە زار دەکات.

‌ئەم ئیدەیە دەبێت بە ھۆی تێڕوانێنێک لە گەردون کە بە تەواوی لەگەڵ مەفھومە سونەتیەکە جیاوازە ، کە پێویست دەکات بیرکردنەوکانمان لەگەڵ مێژوەکەی گەردوندا بگونجێنین. بە مەبەستی دروستکردنی پێش بینی لە کەوندا ئێمە پێویستە ئەگەری حاڵەتە جیاوازەکانی تەواوی گەردون لە کاتی ئێستادا حیساب بکەین. لە فیزیکدا بە شێوازی نۆرماڵ خەڵک فەرزی دۆخە سەرەتاییەکانی سیستمێک لە کاتێکدا دەکەن و گەشەکەی بۆ پێشەوە بە پێی کات بە کەڵک وەرگرتن لە ھاوکێشە ماتماتیکییەکان حیساب دەکەن. فەرزکرنی ئاسایی لە( کەون ناسی)دا ئەوەیە کە گەردون بە تەنھا یەک مێژوی دیاری کراوی ھەیە. خەلک دەتوانن بە کەلک وەرگرتن لە یاساکانی فیزیک چۆنیەتی گۆڕانکاری ئەم مێژوە بە پێی کات بزانن. ئێمە ئەمە ناو دەنێن نزیک بوونەوەی " سەرو-بن" لە (کەون ناسی). بەڵام چونکو ئێمە دەبێت سروشتی کوانتەمی گەردون کە بەپێی کۆکردنەوەکانی فاینمەنە حیسابی بۆ بکەین ، فەراوانی ئەگەری ئەوەی کە گەردون ئێستا بۆ لەم دۆخە تایبەتەدایە بە بە شداری پێکردنی ھەموو ئەو مێژوانەی کە تێرکەری مەرجی بێسنورین دێتەدی. بە واتاێکی تر لە (کەون ناسیدا)‌ خەلک نابێت لە سەرەوە بۆ بنەوە دوایی بکەون وکوو ئەوەی کە فەرزکرابوو خاڵێکی سەرەتایی دیاری کراو و یەک مێژو بوونی ھەبێت. لە جیاتی ئەوە دەبێت بە دوایی ھەموو مێژوەکانی تر لە سەرەوە بۆ خوارەوە بکەوێت،‌ لە ئێستا بۆ دواوە بەرەو دواوە. بڕێک لە مێژوەکان ئەگەری رودانیان زۆر زیاترە لەوانی تر و کۆ کردنەوەکە بە شێوازێکی ئاسایی لە ژێرە سەیتەرەی یەک مێژودا دەبێت کە ئەوەیش ئەو مێژەوەیە کە دەستپێکەری دروست کردنی گەردون و ئەستێرەکانە واتە ئەم حاڵەتە بەرزترین لە بەرچاو گرتنی ھەیە. بەڵام لە ھەمان کاتدا مێژوی جۆربەجۆر بە دۆخی جۆربەجۆری گەردونەوە لەم کاتەدا بوونی ھەیە. ئەمە ئەبێت بە ھۆی تێروانینێکی زۆر جیاوازو رادیکاڵیانە سەبارەت بە (کەون ناسی) و پێوەندی نێوان ھۆکار و بەرکار (cause and effect) . ئەو مێژوانەی کە بەشداری لە کۆکردنەوەکانی فاینمەندا دەکەن بوونێکی سەربەخۆیان نییە بەلکو بەندن لە سەر ئەوەی کە چی دەپێورێت. ئێمە بە پێوانمان و بینینمان مێژوو دەخوڵقێنین نەک ئەوەی کە مێژوو ئێمەی خوڵقاندبێت.


ئەو ئیدەی کە گەردون کە مێژوێکی سەربەخۆ لە بینەری نییە لەوانەیە لەگەڵ ھەندێک راستی دیاریکراودا کە ئێمە دەیزانین تووشی کێشەببێت. لەوانەیە مێژوێک بوونی ھەبێت کە مانگ لە پەنیری (راکۆفۆرت) دروست کرابێت. بەڵام ئێمە بینیومانە مانگ لە پەنیر دروستنەکراوە کە خەبەرێکی ناخۆشە بۆ مشکەکان. لێرەدایە کە ئەو مێژوانەی کە لەواندا مانگ لە پەنیر دروستکراوە بەشداری لە دۆخی ئێستای گەردونەکەماندا ناکات ‌بەڵام لەوانەیە لە شتی تردا بەشداری بکات. ئەمە لەوانە لە چیرۆکە زانستیەکان بچێت بەڵام وانییە. یەکێک لە مەفھومە گرینگەکانی نزییک بوونەوەی سەرو-خوار کە دەرکەوتە یاساکانی سروشت بەندن لە سەر مێژوی گەردونەکە. زۆر لەزاناکان باوەڕیان وایە کە تیورێکی تەنیا کە شرۆڤەی یاساکان و نەگۆڕەکانی فیزیک وەک بارەستایی ئەلکترۆن یان دورییەکانی فەزا-کات بکات بوونی ھەیە. بەڵام (کەون ناسی) سەر- خوار ئەمرمان پێدەکات کە دەرکەوتە یاساکانی سروشت بۆ مێژوە جیاوازەکان جیاوازن.


بێنە بەرچاوی خۆت دوری(بوعدی) گەردون ، بە پێی (M-تیوری) فەزا-کات دە دوری فەزاو یەک دوری کاتی ھەیە. ئیدەکە ئەوەیە کە حەوت دوری فەزایی بە شێوەێکی زۆر بچوک دەپێچرێنەوە کە ئێمە ناتوانین بیبینین ئەوەی بۆ ئێمە دەمێنێتەوە ئەو ھەڵە بینیەیە کە زۆر ترین دوری کە دەمێنێتەوە ٣ دانەیە و ئاشنایان لەگەڵی. یەکێک لە پرسیارە ناوەندییە کراوە کانی (M-تیوری) ئەمەیە : بۆچی لە گەردونەکەی ئێمەدا دوری زۆرتر لە سێ نییەو بۆچی ھەموویان ئەپێچرێنەوە؟.


ھەندێک خەڵک حەزیان لێیە باوەڕ بە شتێک بکەن بەوەی ھەندێک‌ مکانیزم بوونی ھەبێت کە سێ دورییەکەش بە شێوازی خۆبەخۆ بپێچرێتەوە. لەوانەیە بە شێوازی ئالترناتیڤی ھەموو دورییەکان بە بچوکی دەستیان پێکردبێت بەڵام بە ھۆکارێک کە نازانین چییە سێ دانەیان کشاوە و بە وەستاوی نەماونەتەوە.وا دێتە پێش چاو کە ھیچ ھۆکارێکی داینامیکی بۆ ئەوەی کە گەردون چوار دورییە بوونی نەبێت. لە جیاتی (کەون ناسی) سەر-خوار پێش بینی دەکات کە ژمارەی زۆری دوری ناتوانرێ بە ھیچ پرینسیپێکی فیزیکی فیکس بکرێت. فەراوانێکی ئەگەری کوانتەمی بۆ ھەموو ژمارێکی فەزا دورییە زۆرەکان لە سفرەوە ھەتا دە بوونی دەبێت. کۆکردنەوەکانی فاینمەن ئیجازەی ھەموو ئەمانە بۆ ھەر مێژوێکی مومکینی گەردون دەدات بەڵام ئەو بینینەی کە گەردونەکەمان ھەلگری فەزای سێ دوری (بوعدی) گەورەیە لەو بەشە لە مێژوەکان‌ کە ھەلگری ئەو تایبەتمەندییەن ھەلدەبژێرێت‌ وەک ئەوەی کە دەبێنرێت. بە واتایەکی تر ئەو ئەگەرە کوانتەمیەی کە گەردونەکەمان زۆرتر یان کەمتر لە سێ دوری فەزایی ھەیە بێمانایە چونکو ئێمە دەیبینین کە گەردون سێ دوری گەورەی فەزایی ھەیە. بۆیە تاوەکوو فەراوانی ئەگەر بۆ فەزای سێ دوری گەورە بەتەواوی سفر نەبێت ، گرینگ نییە چەنێک بچوکە ھەڵبەت بە بەراورد کردن لەگەڵ فراوانی ئەگەر بۆ ژمارەکانی تری دوری(بوعد). ئەمە وەک ئەوە وایە ئەگەری ئەوە حیساب بکەین کە پاپا چینی بێت. ئێمە دەزانیین ئەو ئەڵمانییە تەنانەت ئەگەر چینی بێت ئەگەریکی بەرزە چونکوو ژمارەی چینیەکان لە ئەڵمان زۆر زۆرە. ھاو شێوە ئێمە دەزانیین کە گەردونەکەمان رەفتارە فەزاییەکەی بە شێوەی سێ دورییە تەنانەت ئەگەر دوری(بوعد) گەورەیەکی تریش بە ئەگەرێکی گەورەتر بۆ بوونی ھەبێت کە بۆ ئێمە تەنھا وەک بەشێک لە مێژوو سەرنج راکێشە.


ئەی دەربارەی دورییە پێچراوەکان دەتوانین بڵێین چی؟ جارێکی کە دچینەوە بۆ ( M- تیوری) کە لەم تیوریەدا پاشماوەی دورییەکان لە فەزای بچوکی ناوخۆییدا دەپێچرێنەوە، ھەر وەھا ھەردو بڕی فیزیکی وەکوو بارگەی ئەلکترۆن و سروشتی کارلێکی نێوان تەنۆلکە سەرەتاییەکان کە بریتیە لە ھێزەکانی سروشت دیاری دەکات . ‌ ھەموو شتێک بە رێکی دەچێتە پێش ئەگەر تەنھا یەک شێواز یان شایەد چەند شێوازێکی کەم بۆ پێچرانەوەی دورییەکان ھەبێت، یان لەوانەیە بە ھەر مەبەستێک بێت یەکێک یەک دەرکەوتەی یاساکانی سروشتی ئیجازە بدات ببینین. جگەلەوە فەراوانی ئەگەری فەزا ناوخۆییەکان دەکاتە ١٠٥٠٠ فەزای جیاواز ھەرکام لەمانە دەگەن بە یاسای جیاواز و بڕی جیاواز بۆ نەگۆڕە فیزیکییەکان.


ئەگەر یەکێک مێژوی گەردون لە بنەوە بۆ سەرەوە حیساب بکات ، ھیچ ھۆکارێک نییە بۆ ئەوەی گەردون بگات بە فەزای ناوخۆیی بۆ کارلێکی تەنۆلکە سەرەتاییەکان وەک ئەوەی کەلە تەنۆلکە سەرەتاییەکاندا دەیبینین. بەڵام لە نزییک بوونەوی ‌ سەرو-خوار ئێمە قەبووڵی ئەوە دەکەین کە گەردون دەتوانێت بە ھەموو شێوازە مومکینەکانی فەزای ناوخۆیی بوونی ھەبێت. لە ھەندێک گەردونەکاندا کێشی ئەلکترۆن خۆی دەدا لە کێشی تۆپیکی گۆڵف و ھێزی راکێشان گەورەترە لە ھێزی مەگناتیسم. ئێمە مودێلی ستاندارد بە ھەموو پارامترەکانیەوە بە کار دەھێنین. خەلک دەتوانن حیسابی ئەو فەراوانی ئەگەرە بۆ فەزا ناوخۆییەکە کە سەرئەنجامی دەبێت بە مودێلی ستاندەر بە پێی مەرجی بێ سنوری بکەن . وەکوو ئەوەی باسمان کرد ئەگەری ئەوەی کە گەردونێک بە سێ فەزای دورییەوە ببێت‌ بوونی ھەیە گرینگ نییە ئەو ئەگەرە بە نیسبەت ئەگەرەکانی ترەوە چەند بچووکە چونکوو پیشتر مودێلی ستاندەر شرۆڤەی ئەم گەردونەی ئێمەی کردوە.


تیوریەکەی ئێمە لەم بەشەدا شرۆڤەمان کردوە بۆ تاقیکردنەوە دەشێت. لە نمونەکانی پێشوودا ئێمە پێداگریمان لەسەر ئەوەکرد کە رێژەی فراوانی ئەگەر بۆ گەردونە زۆر جیاوازەکان وەکوو ئەوانەی کە ژمارێکی جیاواز لە دوری فەزایی گەورەیان ھەیە زۆر گرینگ نییە. رێژەی فەراوانی ئەگەر بۆ گەردونە دراوسێکان ( یان ھاوشێوە) بە ھەر حاڵ گرینگە. مەرجی بێ سنوری دەلالەت لە سەر ئەوە دەکات کە فراوانی ئەگەر بۆ ئەو مێژوانەی کە لەواندا گەردون بە شێوەێکی نەرم دەست پێدەکات زۆرترینە. فەراوانیەکە ڕوو لە کەمبوون دەکات کاتێ ئەوان زۆر نارێک و نائاسایی بن. ئەمە بەو مانایە کە سەرتای گەردون دەبێت بەنزیکی زۆرەوە نەرم بووبێت لەگەل کەمترین شێواز کە پێنشاندەری ناڕێکیبوون بێت. وەکوو باسمان کرد دەکرێت ئەم ناڕێکی بە بینینی گۆڕانکاری بچووک لە شەپۆلی مایکرۆ کە لە ئاراستە جۆر بە جۆرەکانی فەزاوە دێن دەربکەوێت. دەرکەوتوە کە بە شێوازێکی ورد ئەمە لەگەڵ داواکارییە گشتییەکانی تیوری ھەڵئاوسان یەکدەگرێتەوە؛ بە ھەر حاڵ پێوانی وردی زیاتر پێویستە بۆ ئەوەی بە تەواوی تیوری سەر-خوار لەوانی تر جیابکرێتەوە یان پشتگیری لێبکرێت و یان رەفز بکرێت. ئەمە لەوانەیە بە ھۆی سەتەلایتەکانەوە لە داھاتوودا ئەنجام بدرێت.


سەدان ساڵ لەوەو پێش خەڵک وابیریان دەکردەوە کە زەوی تاقانەیەو لە ناوەندی گەردوندا دانراوە. بەڵام ئێمڕۆ ئێمە دەازنیین کە سەددان بیلیۆن ئەستێرە بەس تەنھا لە گەلە ئەستێرەکەی ئێمەدا بوونی ھەیە کە رێژەێکی بەرچاویان سیستەمی ھەسارەییان ھەیە ، ھەر وەھا سەددان بیلیۆن گەلە ئەستێرەشمان ھەیە. ئاکامەکانی شیکرواە لەم بەشەدا پێمانی وت کە گەردونەکەشمان یەکێکە لە ژمارەێکی یەکجار زۆر گەردون و دەرکەوتە ‌یاساکانیش تاقانە نیین.ئەمە دەبێت ناھۆمێدمان بکات لەوەی کە ھیوادار بین تیورێکی کۆتایی، یان تیورێکی ھەموو شت ، بوونی ھەبێت کە پێش بینی بۆ فیزیکی رۆژانەمان بکات. ئێمە ناتوانین پێش بینی لایەنە نا پەیوەستە کان وەکوو ژمارەی دورییە گەورە فەزاییەکان یان فەزا ناوخۆییەکان کە دیاری کەری ئەو بڕە فیزیکییە بینراوانەن (وەکوو بارستایی و بارگەی ئەلکترۆن و تەنۆلکە سەرەتاییەکانی تر) ‌بکەین. لە جیاتی ئێمە لەو ژمارانە بۆ ھەڵبژاردنی ئەو مێژووانەی کە بەشداری لە کۆکردنەوەکانی فاینمەندا دەکەن کەڵک وەردەگرین.


وا دێتە پێش چاو کە ئێمە لە خاڵێکی قەیرانی مێژوی زانستداین. کە لەودا دەبێت باوەڕو ئەمانجمان دەربارەی ئەوەی کە چ کاتێک تیوریەک بۆ قەبووڵ کردن دەشێت تۆزێک بگۆڕدرێت. وا دەر دەکەوێت کە ژمارە بنچینەییەکان وتەنانەت فۆڕمی دەرکەوتە یاساکانی سروشت بە ھۆی لۆجیک یان پرینسیپی فیزیکییەوە نیین. پارامترەکان سەربەستەن لەوەی چ بڕێک وەردەگرن و یاساکان دەتوانن ھەر فۆرـێکیان ھەبێت کە ببێت بە تێورێکی خۆ-گونجێنەری ماتماتیکی، ئەوان بڕی جیاواز لە سەر فۆڕمی جیاواز لە گەردون گەلی جیاوازدا وەردەگرن. ئەمە لەوانەیە ئارزوەکانی مرۆڤ بۆ دۆزینەوەی بەستەیەکی تایبەتی پاک کراو کە ھەموو یاساکانی فیزیکی تێدا بێت تێر نەکات ، بەڵام وا دێتە پێش چاو کە رێگەی سروشت ئەمەیە.


لەوەدەچێت کە دیمەنێکی پان و بەرین لە گەردون بوونی ھەبێت. بە ھەر حاڵ وەک لە بەشی داھاتوودا دەیبینین ئەو گەردونانەی کە وەک گەردونەکەی ئێمە ژیانی تێدا بێت دەگمەنە. ئێمە لە گەردونێکدا دەژین کە ژیان تێیدا مومکینە بەڵام ئەگەر گەردونێک‌ تەنھا یەک تۆز جیاواز بێت لە گەردونەکەی ئێمە ، بوونی وەک ئێمە مومکین نییە. چۆن دەتوانین ئێمە ئەمە تەنزیم بکەین ؟ ئایا بەڵگەیەک ھەیە ، دوایی ھەموو ئەم شتانە، کە گەردون لەلایەن خێر خوازێکەوە دیزاین کرابێت؟ یان زانست تەفسیرێکی تر پێشکەش دەکات؟
 

ماڵپەڕی حسێن حسێنی