په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٦\٢٠١٢

دوژمنی لۆژیکیی و بەرژەوەندیی ھاوبەش.

عەلی ھیمەتی     


ئەگەر ئاوڕێکی سەرپێیی لە مێژووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بدەینەوە، زیادەڕۆیی نییە کە بڵێم، ئەگەر ھەموو رۆژێک دروشمی مردن بۆ ئەمەریکا و دروشمی مردن بۆ ئیسڕاییل لە لایەن کاربەدەستان و لایەنگرانی ئەو رژیمە نەگوترابێتەوە، ئەوا ھەموو حەوتوویەک لە نوێژی ھەینیدا گوتراوەتەوە.


ئەوانەی پسپۆڕن لە بواری شرۆڤەکردنی ھەڵگیرساندنی شەڕدا، زۆر باش دەزانن کە سەرەتای ھەڵگیرسانی ھەر شەڕێکی فیزیکی بە شەڕی راگەیاندن دەست پێدەکات.


زۆر سەیرە!... نزیک ٣٤ ساڵە کە رژیمی ئێران بۆ مانگێک شەڕی راگەیاندنی لە دژی ئەمەریکا و ئیسڕاییل رانەگرتووە و لەولاتریشەوە ئەمەریکا و ئیسڕاییلیش بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، رستەیەکی پۆزێتیڤیان بەرانبەر بەو رژیمە بەکار نەھێناوە.


کەوابوو ئا لێرەدایە پرسیار دروست دەبێت، بۆچی ھیچکاتێک شەڕو پێکدادانی راستەوخۆ لە نێوانیاندا ڕووی نەدا؟!؟


لە سیاسەتدا دەستەواژەیەک ھەیە کە پێی دەگوترێ: "دوژمنی لۆژیکیی". کە ماناکەی بۆ ئەو دوژمنانە بەکار دەبرێت کە بە درێژایی دوژمنایەتی لەگەڵ لایەنی بەرانبەری، لە ناکاودا ھیچکام لە ھێڵە سوورەکان نابەزێنێت و ھیچکام لە کردارەکانی چاوەڕوان نەکراو نین.


بۆ نموونە، دەوڵەتی سووریا وێڕای ئەوەی کە دوژمنێکی دێرینی دەوڵەتی ئیسڕاییلە و لەبیرمان نەچێت کە شەڕی گەرمی نێوانیان لە ساڵی ١٩٧٢ کۆتایی ھات و سووریا بەشێک لە خاکەکەی واتە بەزاییەکانی جەولانی لەدەست دا، بەڵام ھەر لە کاتی ئاگربەستەکەوە تا ئەمڕۆ ھیچ لایەنێکیان چ ئیسڕاییل و چ سووریا، کتوپڕ ھەڵیان نەکوتایە سەر خاکی یەکتری، ئەمە وێڕای ئەوەی لە درێژایی ئەم ساڵانە ھەردوولا بەردەوام بوون لە شەڕی راگەیاندن دژ بە یەک.


بە پێچەوانەوە ھەروەک چۆن دەستەواژەی دوژمنی لۆژیکیی ھەیە، دوژمنی نالۆژیکییش ھەیە.


لێرەدا بەو واتایە دێت کە دوژمنی نالۆژیکیی، ھەڵسوکەوتەکانی چاوەڕواننەکراوە و لە ھەر چرکەیەکدا دەکرێت یەکێک لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و ھێڵە سوورەکان ببەزێنێ.


بۆ نموونە رژیمی رووخاوی سەددام حسەین، لە ریزی دوژمنانی نالۆژیکییدا بوو. ھەڵسوکەوتی پێشبینی نەدەکرا. لە بنکە سەربازییەکانی خاکی خۆیەوە چەند جارێک خاکی ئیسڕاییلی بە مووشەک کردە نیشان. یا خود ئەو ھێرشە لەناکاوەی کردیەسەر خاکی کوەیت و داگیری کرد.


کەوابوو بەم پێوەرە کۆماری ئیسلامی ئێران دەچێتە خانەی دوژمنی لۆژیکیی یەوە.


ئەمانە وێڕای ئەوەی کە ھەر لە سەرەتای ھاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە گومانی لێدەکرا کە ئەو رژیمە بە شێوازێک لە شێوازەکان، ھاوبەرژەوەندی دەبێت لەگەڵ دەوڵەتی ئەمەریکا، وێڕای ئەوەی کە ھەموو شرۆڤەکارێکیش ئەوەی لەبەرچاو گرتووە کە دەکرێ راگەیاندنەکانی ھەردوو لا، بە ڕووکەش بێت و زۆریش گرنگ نەبێت ڕای گشتی بەچەواشەدا ببرێت.


دەنا ئەگەر بەو پێَوەرانە نەبێت، واتە بوونی دوژمنی لۆژیکیی و نالۆژیکیی، دەبوایە لەم چەند دەیەی رابردوودا ئێران لە لایەن ئەمەریکاوە بکەوتبایەتە بەر پەلاماری گورزی سەربازی.


لە راستیدا ئەم بابەتە پێش سێپتامبری ٢٠٠١ زۆر خوێندنەوەی وردی بۆ نەدەکرا و زۆر جاریش شرۆڤەکارانی رووداوەکان لەسەر بنەمای رووکەشی رووداوەکان شرۆڤەیان دەکرد، بەڵام لەپاش ھێرشەکەی ١١ سێپتامبر ئیتر دەبوایە قووڵایی رووداوەکان بخوێندرێتەوە و ئەمەش وایکرد کە دوژمنانی نالۆژیکیی و چاوەڕواننەکراو زۆر زووتر لەوەی کە دەکرێت ئاکادەکاری گورزی سەربازی بۆ لێدانیان لە لایەن بریاربەدەستەکانی جیھان بۆ بکرایە.


ھەر ئەم خوێندنەوەیە زۆر لە جێدایە بۆ کۆمەڵێک لە دەوڵەتانی دیکتاتۆری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە سەرەتای داڕمانیان بە بەھاری عەرەبی پێناسە کرا. بۆ نموونە دەوڵەتی قەززافی، دەستەواژەی دوژمنی نالۆژیکیی دەیگرێتەوە.ھەر ئەوەش وایکرد کە دەوڵەتی ئەمەریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، زۆر زوو بریاری گورزی سەربازی راستەوخۆ بۆسەر رژیمی قەززافی پەسند بکات. بە پێچەوانەوە رژیمی سووریا وێڕای ئەوەی کە لە مارسی ٢٠١١ وە نزیک بە ١٥ ھەزار ھاوڵاتی خۆی کوشتووە، بەڵام چونکە ئەم کێشەیە بە کێشەی ناوخۆیی باسدەکرێت و دەوڵەتەکە دەچێتە خانەی دوژمنی لۆژیکیی و بەرژەوەندی ھاوبەش، ئەوا دەبینی لەسەر میزی کاری بریاربەدەستانی جیھانی، بیرکردنەوە لە گورزی سەربازی لاوازە.
 

 

ruk.party@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک