په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١\٢٠١٥

دوو کورتە چیڕۆکی کۆمیدی.


وەرگێڕانی بە دەستکارییەوە: رەزا ساڵح

١- ئاوێنە.

لە وڵاتی هیندستاندا، لە سەردەمێکی کۆندا، پێاوێک لەگەڵ خێزانەکەیدا، لە کێڵگەیەکدا دەژیان.. هیچ کەسێکی ئەم خێزانە ئاوێنەیان نەبینی بوو.


رۆژێک پیاوەکە لە کێڵگەکەیدا ئاوێنەیەکیخڕی بچکۆلەی گیرفاندەدۆزێتەوە.. کە سەیری ئاوێنەکەی کرد و.. وێنەکەی خۆی تێدا بینی.. وای زانێ ئەمە وێنەی باوکی کۆچکردوویەتی.. زۆر دڵی خۆشبوو، ئاوێنەکەی خستە گیرفانییەوە، هەموو رۆژێک بە نهێنی سەیری ئاوێنەکەی دەکرد و قسەی لەگەڵ وێنەکەی خۆیدا دەکرد ، دەشیگوت: "باوکە گیان تۆ کوتومت لەمن دەچیت.. قسەکانی منیش دووبارە دەکەیتەوە..!؟".


ژنەکەی هەستی بە شتێک کرد و، لە مێردەکەی کەوتە گومانەوە.. رۆژێک پیاوەکە ئاوێنەکەی لە بیرچوو بوو، لە ماڵەوە لێی بەجێمابوو.. ژنەکەی ئاوێنەکەی بینی، سەیری ئاوێنەکەی کرد، کە وێنەکەی خۆی لە ئاوێنەکەدا بینی ..دڵی داخورپا و گوتی: "ئەها، دۆزێمەوە.. ئەمە ئەو ژنەیە، کە هەموو رۆژێک مێردەکەم بە دزیی منەوە قسەی لەگەڵدا دەکات.. ئەمە کوێی لەمن جوانترە.. قبووڵی ناکەم؟!" ژنەکەی زۆر تووڕە بوو، بە بۆڵە بۆڵ چوو بۆ لای خەسووەکەی و، ئاوێنەکەی دایە دەستی و پێی گوت: "پووری گیان بڕوانە، کوڕەکەت، هەموو رۆژی بە دزیی منەوە لەگەڵ ئەم ژنەدا قسەدەکات،ئەمە کێیە..؟!" کە خەسووەکەی سەیری ئاوێنەکەی کرد و وێنەکەی خۆی لە ئاوێنەکەدا بینی.. دڵی بووکەکەی دایەوە و پێی گوت: "رۆڵە گیان، دڵگران مەبە، غەم مەخۆ.. چونکە ئەم ژنە پیرە و، لەوانەیە بەم زووانە بمرێت..".


٢- پاشا گرەوەکەی دۆڕاند.


پاشایەک هەبوو، زۆر حەزی لە پێکەنین و قسەی خۆش و فشە و فیشاڵ و درۆ دەکرد.. رۆژێک پاشا گرەوێکی راگەیاند، گوتی: "هەچ کەسێک، هەر درۆزنێک، درۆیەکم بۆ بکات و، بڕوا بە درۆکەی بکەم، ئەگەر پێم گوتـ درۆدەکەی ـ بەڵێن بێت، نیوەی وڵاتەکەمی پێشکەش دەکەم.."درۆزنەکان بۆ بردنەوەی گرەوەکە کەوتنە خۆیان.


رۆژی یەکەم، بەرگدروویەک چوو بۆ لای پاشا و، گوتی: "خاوەن شکۆ، ئەم نێوەڕۆیە بینیم، ئاسمان دڵی دڕاوە و، ئاوی لێدەچێت، منیش بە پەلە مەکینەکەم هەڵگرت و، فڕیم بۆ ئاسمان و، بە چرکە ساتێک جوان دڵی ئاسمانم دوورییەوە".


پاشا: "دەستەکانت خۆشبێ، کارێکی چاکت کردووە".


بەرگدرووەکە بە بێ ئومێدی گەڕایەوە.. چونکە پاشا پێی نەوت درۆدەکەی.


رۆژی دووەم، شوانێک چوو بۆ لای پاشا و گوتی: "خاوەن شکۆ، من منداڵ بووم، باپیرم قەڵەنگێکی زۆر درێژی هەبوو، سەد باڵ درێژ بوو، بە چاوی خۆم بینیم باپیرم لە دوورەوە بەو قەڵەنگەی مەڕەکانی پێ لێدەخوڕی..".


پاشا بە شوانەکەی گوت:"ئەو قەڵەنگەی باپیرت، لە شوولکی چەمەکەی باپیری من بڕی بووی، لەو کاتەدا، چەمەکەی باپیرم، شوولکەداری لەوەش بەرزتری تێدا بوو".


شوانەکەش بەبێ ئۆمیدی دەرچوو، چونکە پاشا بە ئەمیشی نەوت درۆدەکەی.


رۆژی سێیەم، پیاوێکی هەژا، قزناغێکی گەنم پێوانی پێبوو، چووە لە بەردەمی پاشا دا، وەستا و سەیری دەکرد، بێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکات.
پاشا "ها مامە گیان، چیت دەوێت ؟ ئەو قزناغە دارە چییە بە دەستەوە..؟!


پیاوە هەژارەکە: "خاوەن شکۆ، ساڵی پار، دە قزانغ بەم قزناغە، زێڕی خاوێنت لەمن قەرزکرد.. هاتووم قەرزەکەم بدەیتەوە".


پاشا ـ بە تووڕییەوە: "ئەوە دەڵێی چی..؟ من زێڕم لە تۆ قەرزکردووە..؟!".


پیاوە هەژارە: "بەڵی خاوەن شکۆ، دیارە لە یادت نەماوە.. یان ناتەوێ بمدەیتەوە".


پاشا: "درۆدەکەی".


پیاوە هەژارەکە: "کەواتە گرەوەکەم لێت بردەوە، چونکە تۆ بەڵێنت دا، بە هەرکەسێ بڵێیت ـ درۆدەکەی ـ نیوەی وڵاتەکەتی پێشکەش بکەیت.. ئێستاش خۆت یەکلایی بکەرەوە.. یا دە قزناغ زێڕم بدەرێ، یا نیوەی وڵاتەکەتم بدەرێ . کامیانم دەدەیەتێ؟".


پاشا لە زیرەکی ئەم پیاوە هەژارە سەری سوڕما.. دانی بە دۆڕاندنەکەیدا نا و، ناچار بوو کە یەکێکیان قبووڵ بکات.
 

ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک