په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٤\٢٠١٦

ئەگەر شوانییتان پێ ناکرێ لۆ شوانیی دەکەن؟!

شە ماڵ عادل سەلیم  


بەڕاستی ئێمە ی کورد شەڕ بە بەغدا دەفرۆشین ، لەلایەک خەریکی ریفراندۆمین وخۆمان بۆ جاڕدانی دەولەتی کوردی ئامدە کردووە ، لەلایەکی دیکەش جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکی عیراق و شەراکەتی ڕاستەقینە دەکەین و ، وەک بنێشتی کوردی بە پرچ و سەرو سمێل و مێزەرە و لێچەک و چارشێو و عەبای خوشک وبرا چاوڕەشەکانمان نوساوین و لێ یان نابینەوە....


پێش ماوەیەک نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێم ی بەتەمای خودا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وردەكاری سەردانەكەیانی بۆ بەغدا خستەروو رایگەیاند بەغدا لەقەیراندایە‌و هیچ پارەیەكی‌ نیە‌و(موفلیسە) ، بۆیە ناتوانێت پارە بۆ هەرێم بنێرێت ، هەربۆیەش گەڕانەوە بۆ بەغدای موفلیس هیچ سودێکی نابێت...!!


کەچی بە ناچاری دوای ئەم لێدوانانە، بارزانی چەندین جاری دیکەش بەیاوەر شاندی هەرێمی بەتەمای خودا لە دەرگاكەی بەغدای داوەو سەرەدانیان کردوون و بەوهیوایەی کە بەغدای (موفلس ) دڵی نەرم بێت و چارەی دەردی هەرێمی ( زەنگین ) بکات و لەوقەیرانە دارییەی کە هەرێمی تێ کەوتووە دەریبینێت ، هاوکات نوینەرانیشیان لە بەغدا ئاگادار کردۆتەوە کە کۆڵنەدەن و پێ لەسەر ئەم خاڵانە دابگرن:

 

یەکەم: جەختکردنەوە لەسەر بنەمای شەراکەتی کورد لە پرۆسەی سیاسی وەک نەتەوە، نەک وەک کیان و حیزبی سیاسی.
دووەم: یەکهەڵوێستی کورد بۆ کۆی ئەگەر و ئەو گۆڕانکارییانەی لە حکومەت و دەوڵەتی عێراقدا بڕیارە ئەنجامبدرێت.
سێیەم: جەختکردنەوە لە چەسپاندنی رێژەی (٢٠٪)ی بەشداری کورد لە کۆی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق، هاوشێوەی رێژەی لە ئەنجومەنی نوێنەران کە (٢٠٪)ە.
چوارەم: هیچ لایەن و کاندیدێک بۆی نییە لە دەرەوەی لایەنە سیاسییە بەشدارەکان کاندید پێشکەش بکات و هەنگاوێکی لەوشێوەیە دەرچونەلە ئیجماعی نیشتیمانی و نوێنەرایەتی شەخسیە و بەهەمو شێوەیەک رەتدەکرێتەوە.
پێنجەم: پەیامێک ئاراستەی سەرکردایەتی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بکرێ بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغدا.
نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت ،کە کێشەی سەرەکی هەرێمی بەتەمای خودا لە هەرێم و لەدەرەوی هەرێمیش ، زۆری کێخواییە ، دەنا ئەو پێکوتان و ئەم هەموو داواکاری و دەرگا لێدان و پاڕانەوەیە لە بەغدایەکی (موفلیس) مانای چییە؟


لەوەش سەیروسەمەرەتر ، لەساڵرۆژی یادکردنەوەی جینۆسایدی ئەنفال (١٤ ی نیسان) لەبری هەولدان بۆ باشترکردنی باری ژیان و گوزەرانی کەسوکاری ئەنفالکراوان و دەستگیر کردنی تاوانبارانی کەیسی ئەنفال کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی تایبەت لە عیراق بریاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە ، لە دانیشتنی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهۆی ڕێگەنەدان بە دانیشتنی سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر کورسییە نەرم و گەرمە تایبەتییەکانیان و شکاندنی تابلۆی ناوەکانیان گرژی لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان و لیستە عەرەبییەکاندا دروست بوو ، کە بە شەرە (بوتل )کۆتای بە گرژییەکە هات و ،یادەکەش خۆیان خۆش.


ئەمرۆش هەوالێکم بیست گوایە جەماعەت خەریکی ناردنی شاندێکی پێنج قۆڵین بۆ پاڕانەوە لەبەغدا ، گوایە ئەمە دوا هەوڵی هەرێمی بەتەمای خودایە و گەر ئەنجامی نەبوو وەک سەرەدانەکانی پێشوو تر ، ئەوا بە بێ سێ و دوو هەرێم (سەربەخۆیی خۆی ڕادەگەینێت ) و لۆخۆمان دەبینە ساحێب (دەولەتی سەربەخۆی خۆمان).

لەکۆتایدا بەباشی دەزانم بە پەندێکی بەنرخی (حەمەشێتی ) هەولێری کە لە سیاسەتمەدارەکانیی ئەمرۆی هەرێمی بەتەمای خودا راستگۆترو ،ژیر ترو ،عاقل تر بوو کۆتایی بەم چەند وشەیە بهێنم و پەندەکەی دووبارە بکەمەوە و، بە حکومەتە ڕەشیدەکەمان بڵێم "ئەگەر شوانییتان پێ ناکرێ لۆ شوانیی دەکەن؟!".
 

ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک