په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١\٢٠١٢

ئەگەر شۆڕشمان پێ نەکرێ، شۆڕشمان پێ تێکدەدرێ.

جەلال محەمەد    


ئەمە گوتەی ئیدریس بارزانیە کە لەبەرامبەر یەکێتی نیشتمانی و حیزبی دیموکراتدا درکاندی ، چونکە ئەو کات یەکێتی نیشتمانی خاوەن پێگەی جەماوەری بەرفرەوان بوو لە باشووردا و حیزبی دیموکراتیش زۆربەی ڕۆژھەڵاتی کوردستانی لە ژێر دەسەڵاتدا بوو.


بێگومان لایەنی پارتی زۆر بە خێرایی کەوتنەخۆ بۆ تێکدانی شۆڕشی کوردان و بەجێ گەیاندنی گوتەکەی ئیدریس بارزانی . ئەو کات لایەنی پارتی نەک ھەر خاوەن پێگەی جەماوەری نەمابوون ، بەڵکو زۆر قێزەونیش دەھاتنە پێش چاوی میللەت بەھۆی جاڕدانی ئاشبەتاڵ و بەفیڕۆدانی خوێنی دەیانھەزار شەھیدەوە . بۆ تێکدانی شۆڕشی کوردانیش ئامادەبوون ھەموو ڕێگەیەک تاقی بکەنەوە ، باشترین ڕێگەش ھانابردن بۆ داگیرکەران و سودوەرگرتن لە بەکرێگیراوە کوردەکان بوو.


بۆ لاوازکردنی یەکێتی نیشتمانی ھانایان بردە بەر دەوڵەتی تورک و کۆکردنەوەی تەواوی ئەو کوردانەی کە خۆیان فرۆشتبوو بە دەوڵەتی تورک بۆ ئەنجامدانی کارەساتی " ھەکاری "، سەرەنجام پیلانەکەیان سەری گرت و یەکێتی نیشتمانیان گەیاندە ئاستی ئاشبەتاڵکردن.


بۆ لاوازکردنی حیزبی دیموکراتیش ھانایان بردە بەر کۆماری ئیسلامی و کۆکردنەوەی ئەو کوردانەی کە ببوونە نۆکەری ئێران ، ئەو کات حیزبی دیموکرات زۆر خۆش ناو بوو لەنێو کورداندا و شەڕکردن لەگەڵیاندا وەکو خیانەتی نەتەوەیی دەھاتە پێش چاو . پارتیش وەکو بە ئەزمونترین حیزب لە چەواشەکاریدا ئامادەیی پێش وەختیان دەکرد بۆ ئەو شەڕە ، بۆ ئەم مەبەستەش ھەم دەبوو حیزبی دیموکرات ناشیرین بکەن و ھەم دەبوو میللەتیش چەواشە بکەن . باشترین ڕێگەش بۆ ئەم ئامادەکاریە دەرھێنانی تەرمی " مەلا مستەفا " بوو تاوەکو بیکەنە بیانوو بۆ شەڕکردنی حیزبی دیموکرات ، چونکە ئەو کات گۆڕی مەلا مستەفا لە ناوچەی " شنۆ " بوو کە لەژێر دەسەڵاتی حیزبی دیموکرات‌دا بوو.


پارتی زۆر بە زانابوونەوە تەرمی مەلا مستەفایان دەرھێنا و گوێزایانەوە بۆ ناوچەی " ڕاژان " کە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بوو ، ئەو کات گوتیان حیزبی دیموکرات تەرمی مەلا مستەفای دەرھێناوە و گەورەترین شەڕیان دژ بە حیزبی دیموکرات جاڕدا بە ھاوکاری کۆماری ئیسلامی و بەکرێگیراوان ، سەرەنجام ئاشبەتاڵیان بە حیزبی دیموکرات کرد و لەو باوەڕەدام فاتیحە خوێندن و تەڵقینیشی بەدوادا دێت.


مێژوو دووبارە دەبێتەوە:


لە سوریادا ڕاپەڕینی گەل بەردەوامە ، ڕاپەڕینیش بە تەواوی بە لاڕێدا براوە ھەم بەھۆی دەستێوەردانی دەرەکی و ھەم بەھۆی ئەو مەرگەساتەی کە وڵات بەرەو شەڕێکی ناوخۆیی دەبات . کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانیش ھەر لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە بەشداری بەرچاویان لە شۆڕش و سەرھەڵداندا ھەبوو.


بە حوکمی ئەوەی پارتی یەکێتی دیموکراتی "پ‌ی‌د" وەکو نزیکترین لایەن لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە خاوەن پێگەی جەماوەری بەرفرەوان و باڵادەسترین لایەنە لە ڕۆژئاوادا ، ھەروەھا کار و چالاکی ئەم پارتە توانی زۆر بە خێرایی کوردان ڕێکبخات ، ئەنجامی ئەو ڕێکخراویەش ھەم دەستێوەردانی دەرەکی"بە تایبەت تورکیا" بنەبڕ کرا و ھەم کوردانیش لە کۆمەڵکوژی پارێزران . ئەمە جگە لەوەی کە لە ھەموو شار و گوندێکدا "ئەنجومەنی گەل"یان ھەڵبژارد و بە سەدان ڕێکخراوی جەماوەری و ناوەندی ڕۆشنبیری و ھونەری و خوێندنگەی کوردیان دامەزراند و لە ڕێگەی ئەنجومەنی گەلیشەوە توانیان کۆنترۆڵی تەواوەتی بازاڕەکان بکەن و ڕێگە نەدەن کە گرانی و قاتی ڕووبکاتە کوردان ، واتە نیمچە حکومەتێکی کوردیان دامەزراندووە و ھەموو گرفتێکی کوردانیش لە ڕێگەی ئەم نیمچە حکومەتەوە چارەسەر دەکرێت و دەسەڵاتی بەعسیش بە تەواوی لاواز بووە لە ڕۆژاوای کوردستاندا.


دەوڵەتی تورک تەواو بێزارە لە پێشکەوتنی کوردان لە ڕۆژئاوادا و ھەموو ھەوڵێک دەدات تاکو کوردان ھیچیان پێ نەبڕێت لە گۆڕانکاریەکاندا ، بۆ ئەم مەبەستەش ئەو ئەرکەیان بە مەسعود بارزانی سپاردووە تاکو ڕێگر بێت لە پێشکەوتنی کوردان لە ڕۆژئاوادا.


مەسعود بارزانیش وەکو باشترین ئەکتەر ئەو ئەرکەی لە ئەستۆ گرتووە و دەخوازێت مێژوو دووبارە بکاتەوە ، واتە لەلایەک دەستی لەگەڵ دەوڵەتی تورک تێکەڵ کردووە و لە لایەکی دیکەش لە ھەوڵی کۆکردنەوەی ئەو بەکرێگیراوانەیە کە لە ڕابردودا لە نێو ڕیزەکانی بەعسی سوریادا جێگەیان گرتبوو و ئێستەش لە ئامادەبوانی کۆبوونەوەکانی ئەدەنە و ئەستەمبوڵن.


مەسعود بارزانی تاکو ئێستا دوو جار ئەو کوردانەی بانگێشتی ھەولێر کردووە و بە ڕوکەش باس لە یەک ھەڵوێستی کوردان و بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەکات ، بەڵام لە ڕاستیدا ھەوڵدانە بە تێکدانی یەک ھەڵوێستی کوردان ‌و تێکدانی شۆڕشی کوردان . ئەم ھەوڵانەی مەسعود بارزانی ئامادەکاریە بۆ شەڕی ناوخۆیی ، ئەم شەڕەش داواکاری دەوڵەتی تورکە و بارزانی جێبەجێی دەکات . ئامادەکاریەکانی مەسعود بارزانی بە چەواشەکردنی گەل دەست پێدەکات لە چەند ڕێگەوە:


١- ھێنانە پێشی نێچیرڤان بارزانی تاکو جارێکی دیکە بیکاتەوە بە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ، ئەو کات بە ناوی حکومەتی ھەرێمەوە شەڕی ئازادیخوازانی پارچەکانی دیکە و بە تایبەت ڕۆژئاوای کوردستان بکات.


٢- باسکردن لە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان . ئەم گوتەیە خۆی لە خۆیدا ھەوڵدانە بۆ بە لاڕێدابردنی کوردان و بەجێگەیاندنی داخوازی داگیرکەران ، چونکە زیاتر لە دە ساڵە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ھەیە و تەواوی لایەنە سیاسیەکانی پارچەکانی کوردستانیش جێگەیان تێدا گرتووە جگە لە لایەنی پارتی و دەست و پێوەندەکانی( لایەنە گرێدراوەکانی ) . ئەگەر بارزانی مەبەستی لە چەواشەکاری نەبێت دەبو باسی لە کۆنفرانسی نەتەوەیی بکردایە کە ئەو داوایەش ھی کۆنگرەی نەتەوەییە یاخود باسی بەشداریکردنی پارتی و دەست و پێوەندەکانی بکردایە لە کۆنگرەی نەتەوەی‌دا.


٣- باسکردن لە یەک ھەڵوێستی کوردانی ڕۆژئاوا و ھاونەتەوەیی بوونیان . ئەم گوتەیە بۆ شێواندنی ڕاستیەکانە ، لەبەرئەوەی مەزنترین لایەنی ڕۆژئاوای کوردستان کە پارتی یەکێتی دیموکراتی‌یە بانگێشتی ئەم کۆبوونەوەیە نەکراوە . لێرەدا پێویستە لە بارزانی بپرسین و بڵێین :- ئەگەر نیازت خاوێنە ، ئەی بۆچی بە گوتەیەکیش شەرمەزاری ئەو ھەموو ڕەشەکوژیانەی ئێران و تورکیا ناکەیت کە دژ بە کوردان پیادەی دەکەن ؟ ئەی کوردانی باکوور و ڕۆژھەڵات ھاونەتەوەت نین کە ڕۆژانە زامەکانیان دەکولێنیتەوە بە یادکردنەوەی مەرگی خومەینی لە ھۆڵی پێشەوا و ڕازاندنەوەی ھەولێری دێرین بە ئاڵای تورکیا؟


٤- باسکردن لەوەی کە ئەوان دەست لە کاروباری سوریا وەرنادەن . ناوەڕۆکی نیازەکانی مەسعود بارزانی لەم گوتەیەدا بەدی دەکرێت . چونکە بەم گوتەیە دوو نیشان دەپێکێت:


آ- تاکو بڵێت : لەبەرئەوەی پارتی یەکێتی دیموکراتی پشتیوانی لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات ئەوا نابێت لە ڕۆژئاوادا چالاکی بکات و دەست لە کاروباری سوریا وەربدات.
ب- ت تاکو لە پاش ئەنجامدانی شەڕی ناوخۆیی ، ئەگەر توانیان پارتی یەکێتی دیموکراتی لاواز بکەن ئەو کات ڕۆژئاوای کوردستان دووچاری داگیرکاری بکەنەوە بە ناوی دەستوەرنەدان لە سوریادا.


بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە:

http://www.chatrpress.com/Detail.aspx?id=7193&LinkID=3

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک