![]()
|
ئه‌لفبێی لاتینی و زمانی ستاندارد.
- دیدارێک له‌گه‌ڵ (ئه‌مجه‌د شاکه‌لی)دا - ئه‌نجامدانی: ڕه‌وشت موحه‌ممه‌د
پ1. بوونى گرفتى جۆراوجۆر له ڕێنووسی کوردي‌دا، دروسنه‌بوونى رێنووسى ستاندارد و فراواننه‌بوون و پێشنه‌که‌وتنى زمانى کورديى وه‌کو پێويست، تاچه‌ند په‌يوه‌ندى به سروشتى پيته‌که‌ى خۆيه‌وه هه‌يه؟
مامۆستایه‌کی ئێرانناسی(ئێرانیستیک)"Iranian Studies"، به نێوی "کارینا جه‌هانیCarina Jahani"، له زانستگه‌ی "ئوپسالا" له سوێد، که ئێستا پرۆفێسسۆره، سه‌رده‌مێکیش مامۆستا‌م بوو، ده‌یگوت:"کورده‌کان زۆر زیره‌کانه، گیروگرفتی ئه‌لفبێیان چاره‌سه‌ر کردووه و خۆیان له گرێ و سه‌ختیی ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی ڕزگار کردووه و دوورخستووه‌ته‌وه و ئه‌گه‌ر ئه‌لفبێی کوردی له‌گه‌ڵ فارسییشدا به‌راورد بکرێت، ئه‌وا کوردییه‌که زێتر پێشکه‌وتووه".
ئه‌م ڕێنووسه کوردییه‌ی، که ئێستا له باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، زمانی کوردیی پێ ده‌نووسرێت و ته‌واوی گه‌نجینه‌ی فه‌رهه‌نگ و هزری کوردی چه‌ند سه‌ده‌یه‌کی پێ نووسراوه‌ته‌وه، گه‌لێک بیراز کراوه و گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتووه، ئه‌گه‌ر نووسین به ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی له سه‌ده‌ی حه‌وته‌می زایینه‌وه، هاتبێته کوردستان، ئه‌وا ئه‌وده‌مه نووسین به زمانی کوردی نه‌بووه و هه‌رچیش نووسرابێت، هه‌ر به عه‌ره‌بی یا فارسی نووسراوه، چونکه ئه‌وانه زمانی ده‌سه‌ڵاتداران و فه‌رمانڕه‌وایانی کوردستان بوون. کورد ئه‌و ده‌میش وه‌ک ئێستا بۆ خۆی خاوه‌نی خۆی نه‌بووه، به‌ڵام ئیدی له ده‌سپێکی به کوردی نووسینه‌وه، که نێزیکه‌ی شه‌ش حه‌فت سه‌ده‌یه‌که، کورد توانیویه‌تی ئه‌لفبێ عه‌ره‌بی- فارسییه‌که به‌ره‌به‌ره هه‌موار بکات و له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندیه‌تی زمانی کوردی‌دا بگونجێنێت.
ئه‌لفبێ و زمان دوو شتی جیاوازن. ئه‌لفبێ نیشانه و هێمایه‌که بۆ ئه‌و فۆنێم و ده‌نگانه‌ی، که له زماندا دێنه ده‌راندن. ئه‌و نیشانه و هێمایانه‌ش، که نێوی ئه‌لفبێیان لێ ده‌نرێن، مرۆڤ بۆ خۆی دروستیان ده‌کات و دایانده‌نێت و له سه‌ریان پێکدێت و ڕێکده‌که‌وێت. ئه‌گه‌ر زمان تایبه‌ت بێت به گه‌لێک یا کۆمه‌ڵه مرۆڤێک، که پێی ده‌په‌یڤن و له‌یه‌کتر تێده‌گه‌ن و مۆرک و موڵک و ناسنامه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت، ئه‌وا ئه‌لفبێ ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی نییه. هه‌موو ئه‌لفبێیه‌ک، به بڕێک ده‌سکاری و گونجاندن، له‌گه‌ڵ هه‌ر زمانێکدا، ده‌توانێت ده‌ربڕی ئه‌و زمانه و هه‌موو جۆره زمانێک بێت و هه‌موو جۆره ده‌نگێک بده‌رێنێت و مرۆڤیش هه‌ر کاتێک ویستی و به پێویستی زانی، ده‌توانێت بۆ هه‌ر ده‌نگێک، هێمایه‌ک چێ بکات.
ئه‌و ڕێنووسه‌ی ئه‌وڕۆ کورد به‌کاری ده‌بات، بۆ خۆی ستاندارده و جێی خۆی گرتووه، چونکه چه‌ند سه‌ده‌یه‌که ته‌واوی هزر و فه‌رهه‌نگی کوردی پێ نووسراوه‌ته‌وه و نێزیکه‌ی سه‌ده‌یه‌کیشه ئه‌لفبێی زمانی خوێندن و نووسینی میلیۆنان خوێندکار و زمانی سیاسه‌ت و کارگێڕیشه. ئه‌گه‌ر بڕۆکه‌یه‌ک ناته‌واویشی هه‌بێت، به قیچێک ده‌ستکاری زۆر که‌مه‌وه هیچ ده‌ردێکی نامێنێت.
هه‌رچی فراواننه‌بوون و پێشنه‌که‌وتنی زمانی کوردییه وه‌ک پێویست، ئه‌وه‌یان باسێکی تره. به بڕوای من فره‌وانبوون و پێشکه‌وتن یا فره‌واننه‌بوون و پێشنه‌که‌وتنی، هیچ زمانێکی ئه‌م جیهانه، پێوه‌ندیان به ڕێنووس و تیپ و ئه‌لفبێی زمانه‌که‌وه نییه، به‌ڵکه فاکته‌ری دیکه له‌و بواره‌دا ڕۆڵ ده‌بینن. ئه‌گه‌ر له ڕووی جیهانییه‌وه بنۆڕینه فره‌واننه‌بوون و پێشنه‌که‌وتنی زمانی کوردی، ئه‌وا ده‌بێ گرنگیی کورد بۆ خۆی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک و ڕۆڵی کورد له پرۆسه و ڕووداوه ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی ئه‌مڕۆی جیهاندا، له‌به‌رچاو بگرین. ئایا کورد خاوه‌نی پێگه‌یه‌کی ئابووری و سیاسی به‌هێز و کاریگه‌ره و چ گرنگییه‌کی ئابووری یا سیاسی له سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان هه‌یه؟ ئایا کورد گه‌نجینه‌یه‌کی فه‌رهه‌نگیی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه یا چ داهێنانێکی فه‌رهه‌نگی خستووه‌ته سه‌ر فه‌رهه‌نگیی جیهانی و مرۆڤایه‌تی؟ پێموایه هه‌موومان وه‌رامی ئه‌و پرسیارانه‌مان به هاسانی پێ ده‌درێنه‌وه و گرنگیی ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگیی کوردیش ده‌زانین! که‌وابوو ئه‌و باسه چ پێوه‌ندێکی به تیپ و ڕێنووسه‌وه نییه. هه‌رچی فره‌واننه‌بوون و پێشنه‌که‌وتنی ڕێنووس و زمانی کوردییه له نێو کورددا و نه‌بوونی ئه‌م ڕێنووس و زمانه، به زمانی هه‌موو کورد ئه‌وه گه‌لیک هۆی هه‌ن: ژێرده‌سته‌یی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک، پا‌رچه‌پارچه‌یی و دابه‌شبوونی خاکه‌که‌ی و خۆی، به سه‌ر چوار پێنج ده‌وڵه‌تدا، نه‌بوونی ده‌سگا و سیستمێکی خوێندن و بارهێنانی سه‌رتاسه‌ری، نه‌بوونی ده‌سگای میدیای سه‌رتاسه‌ری و زۆریی شێوه‌زار و بنزار و دابڕانی کورد له یه‌کدی، کاڵفامی و سستی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و چێ‌کردنی تیپی لاتینی بۆ زمانی کوردی و... هه‌موو ئه‌مانه کارێکی وایان کردووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی، که زمانی کوردی به ڕاده‌ی پێویست و به گوێره‌ی سه‌رده‌م، پێشکه‌وتن و فره‌وانبوون به خۆیه‌وه نه‌بینێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و سه‌رباری ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی زمانی کوردی تێدا بووه، گرفت و ئاسته‌نگی هێنده گه‌وره‌ی نه‌هاتووه‌ته پێش و گۆڕانی زۆری به سه‌ردا هاتووه و گه‌لێک چووه‌ته پێش و ئێستا تاڕاده‌یه‌ک هه‌موو شتێکی پێ ده‌نووسرێت و له هه‌موو بوارێک‌دا به‌کار ده‌برێت.
پ2. به‌ڕاى تۆ باسوخواسکردن له‌سه‌ر گۆڕينى ئه‌لفبێی عه‌ره‌بى کاريگه‌رى سيستمى جيهانگيرى نييه بۆ سه‌ر وڵاتانى بچووک و بێهێز ؟
شاکه‌لی: باسوخواسی گۆڕینی ئه‌لفبێ، له نێو هیج گه‌ل و نه‌ته‌وه و خه‌ڵکێکی دیکه‌دا نییه و پێموایه ته‌نێ کورده و ئه‌ویش "خه‌ڵکانێکی سافیلکه و بار به سه‌ر زمان و فه‌رهه‌نگی کوردییه‌وه"، که کێچ که‌وتووه‌ته کۆڵ‌یان و به ده‌ستی خۆیان خه‌ریکن ئه‌وه‌یشی هه‌یه، ده‌یدۆڕێنن و ماڵی خۆیان وێران ده‌که‌ن. ئه‌و ئه‌لفبێیه‌ی ئه‌مڕۆ کورد پێی ده‌نووسێت و خه‌ڵک نێوی عه‌ره‌بی و فارسی لێ ده‌نێت، به‌ڵێ له بنه‌ڕه‌تدا عه‌ره‌بییه و ئه‌ویش له ئارامییه‌وه هاتووه و کورد له‌گه‌ڵ هاتنی ئیسلامدا له عه‌ره‌بی وه‌رگرتووه، ئه‌مڕۆ کوردییه و هیچی دیکه نییه. تۆ بنوڕه ئه‌و زمانانه‌ی، که به ئه‌لفبێی لاتینی ده‌نووسن، ئینگلیزی، فرانسی، ئه‌ڵمانی، ئیسپانیۆلی، سوێدی و... ته‌نانه‌ت تورکییش، هیچ یه‌کێک له‌و خه‌ڵکانه‌ی ئه‌و زمانانه به‌کار ده‌به‌ن، ئه‌لفبێیه‌کانی خۆیان به نێوی زمانێکی دیکه‌وه نێو نابه‌ن. هه‌رکه‌سه‌و ئه‌لفبێیه‌که به هی خۆی ده‌زانێت، فرانسی به ئه‌لفبێی خۆی ده‌ڵێ: ئه‌لفبێی فرانسی، ئینگلیز به ئه‌لفبێی خۆی ده‌ڵێ: ئه‌لفبێی ئینگلیزی و تورکیش، ته‌نانه‌ت تورک، به ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی خۆی ده‌ڵێ: ئه‌لفبێی تورکی، که له ڕاستیشدا له کاتی دامه‌زراندن و سه‌پاندنیدا له لایه‌ن "ئه‌تاتورک'ه‌وه، هه‌ر به نێوی ئه‌لفبێی"که‌مالی"یه‌وه، بڵاوکرایه‌وه.
هیچ فارسێک له جیهاندا نابینییه‌وه به ئه‌لفبێی زمانه‌که‌ی خۆی بێژی ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی، له کاتێکدا زمانی فارسی نه‌ک هه‌ر ئه‌لفبێیه‌که‌ی به‌ڵگه 60-70%ی وشه‌کانیشی عه‌ره‌بین. ده‌ڵێن کچه فارسێک له خولێکی فێربوونی زمانی سوێدی له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێکی دیکه‌دا له پۆلێک پێکه‌وه ده‌بن. خوێندکاره‌کان هه‌ریه‌که‌و خه‌ڵکی وڵاتێک ده‌بن و چه‌ندین جۆره زمانی جیاواز قسان ده‌که‌ن. مامۆستاکه‌یان، که سوێدی ده‌بێت داوایان لێ ده‌کات هه‌رکه‌س به زمانی خۆی، به‌رانبه‌ر وشه‌ی "تاک – Tack"ی سوێدی، که به واتای "سپاس"ی کوردی دێت، وشه‌که به زمانه‌که‌ی خۆی بڵێت. یه‌کێک ده‌ڵێ:"شوکره‌ن" و یه‌کێک ده‌ڵێ:"سپاسیبا" و یه‌کێک ده‌ڵێ:"سوپاس" و یه‌کێک ده‌ڵێ:"گراسیاس" و کچه فارسه‌که‌یش ده‌ڵێ:"مێرسی" و کچێکی فرانسییش، که له ته‌نیشت کچه فارسه‌که‌وه داده‌نیشێت ده‌ڵێ:"مێرسی"، کچه فارسه‌که‌یش به سه‌رسووڕمانه یه‌کسه‌ر ده‌ڵێ:"شما هم میگن میرسی! واته: ئێوه‌یش ده‌ڵێن مێرسی!". کچه فرانسییه‌که‌یش به پێکه‌نینێکه‌وه ده‌ڵێ:"به‌ڵێ ئێمه‌یش ده‌ڵێین مێرسی". مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه فارس ئه‌و "مێرسی"یه فرانسییه به هی خۆی ده‌زانێت!.
ئێمه ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له مێژووی خواست و باسوخواسی گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی(تیپی عه‌ره‌بی) بۆ لاتینی له کن کورد بده‌ینه‌وه ده‌بینین، ئه‌و داخوازی و هه‌وڵانه، پتر له خه‌ڵکانی ناکورد و بیانییه‌وه بوونه و ئه‌وان ویستوویانه ئه‌لفبێی کوردی بگۆڕن، دیاره به کاریگه‌ری ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بیانییان و شانبه‌شانی ئه‌وانه، له نێو کوردیش‌دا، وه‌ها داخوازی و ته‌قه‌لایه‌ک هاتووه‌ته ئاراوه.
له ساڵی 1905 دا "مۆرگان"، داوای گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی بۆ لاتینی، کردووه.
له سه‌رده‌می یه‌که‌م جه‌نگی جیهانی و له ساڵی 1913دا، له لایه‌ن "مێجه‌ر سۆن"ه‌وه، هه‌وڵی دانانی ئه‌لفبێیه‌کی لاتینی دراوه، به‌ڵام ئه‌و ئه‌لفبێیه بڵاو نه‌بووه‌ته‌وه.
له ساڵی 1930دا، زانای ئه‌رمه‌نی"ئیسحاق مۆرگۆڵۆڤ" و "عه‌ره‌بی شه‌مۆ"، ئه‌لفبێیه‌کی لاتینییان داناوه و له نێو کورده‌کانی سۆڤێیتدا، تا ساڵی 1938 به‌کار براوه. بۆ نموونه ڕۆژنامه‌ی "ڕێیاته‌زه"، که به کوردی ده‌رده‌چێت، له ژماره‌ی یه‌که‌مییه‌وه، له ساڵی1930-1938، به لاتینی ده‌رچووه. له ساڵی 1938-1955،"ڕێیاته‌زه"، ده‌رنه‌چووه و له 1955یشه‌وه تا ئێستا، به تیپی کریلیک ده‌رده‌چێت.
له ساڵی 1931دا" ئێدمۆنز"یش، هه‌وڵی ئه‌و گۆڕینه‌ی داوه.
"پیێر ڕۆندۆ"، ئه‌فسه‌ری فرانسی له شام، پێش ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی "جه‌لاده‌ت به‌درخان"، یه‌که‌م ئه‌لفبێی کوردی به تیپی لاتینی بڵاوکردو‌وه‌ته‌وه. "تۆما بوا"یش، هه‌وڵی ئه‌و گۆڕینه‌ی داوه.
ساڵی 1933"مینۆرسکی"یش هه‌وڵی گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی داوه.
ته‌واوی ئه‌وانه بێجگه له "عه‌ره‌بی شه‌مۆ"، هه‌موو که‌سانێکی ناکورد بوونه.
له نێو کورد خۆیشیدا:
له ساڵی 1931دا و دوای گۆڕینی ئه‌لفبێی تورکی له لایه‌ن "مسته‌فا که‌مال ئه‌تاتورک"ه‌وه، ده‌سته‌ی "خۆیبوون" له دیمه‌شق، بڕیاری به‌کاهێنانی ئه‌لفبێی لاتینیان له‌بری ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی بۆ زمانی کوردی دا.
"جه‌لاده‌ت به‌درخان"، ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی خۆی، له ساڵی 1932دا، بڵاو کرده‌وه و گۆڤاری"هاوار"ی له ژماره‌ی 24ه‌میه‌وه ئیدی به تیپی لاتینی ده‌رکرد. "عه‌بدوڵڵا جه‌وده‌ت"، له گۆڤاری"ڕۆژی کورد"دا، داوای گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی بۆ لاتینی کردووه.
"عه‌بدوڕه‌ززاق به‌درخان" داوای گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی بۆ ڕووسی کردووه.
ساڵی 1925،"موحه‌ممه‌د ئه‌مین زه‌کی" و "میرزا موحه‌ممه‌د باشقه"، کتێبچه‌یه‌ک به لاتینی بۆ خوێندنگه‌ی سه‌ره‌تایی ئاماده ده‌که‌ن.
ساڵی 1933،"ته‌وفیق وه‌هبی"، کتێبی "خوێنده‌واری باو"ی بڵاوکرده‌وه، که پتر تیپی ئینگلیزی به‌کار بردبوو.
ساڵی 1956، "جه‌مال نه‌به‌ز"، کتێبی "نووسینی کوردی به لاتینی" ده‌رکردووه و ده‌نگی "ڵ" و "ڕ"ی بۆ ئه‌لفبێکه‌ی به‌درخان زیاد کردووه و پاشانیش ده‌نگی"وێ Ö "ی خستووه‌ته سه‌ر و به‌و گۆڕانانه تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌لفبێیه‌که‌ی به‌درخانی کاراتر کردووه. لێ ئه‌وانه‌ی، تیپی لاتینی به‌کار ده‌به‌ن بۆ نووسینی کوردی، ئه‌و گۆڕانکارییه‌ی "جه‌مال نه‌به‌ز"یان له‌به‌رچاو نه‌گرتووه.
ساڵی 1972،"گیوی موکریانی" کتێبی "ئه‌لف و بێی کوردی وێنه‌دار به تیپی لاتینی"ی دانا.
"سادیق به‌هائوددین"یش یه‌کێک بوو له‌و ده‌نگانه‌ی داخوازی لاتینییاندنی ئه‌لفبێی کوردی ده‌کرد.
"عه‌زیز ئاکره‌یی"یش له‌گه‌ڵ گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی‌دا بوو بۆ لاتینی و له‌و بواره‌دا نووسیویه‌تی.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌کی ئه‌و بیانییانه بکه‌ین، که ئه‌و خواسته‌یان خستووه‌ته به‌رباس و کۆششیان بۆ وه‌ها کارێک کردووه، ده‌بینین زۆرینه‌یان دوو جۆره مرۆڤ بوون، بڕێکیان خه‌ڵکی سه‌ر به کڵێسه و ئایینی مه‌سیحی بوون و بڕه‌که‌ی دیکه‌یشیان ئه‌فسه‌ر و ده‌ستوپێوه‌ندی له‌شکر و وڵاتانی کۆڵۆنیالیستی بریتانیا و فرانسه بوون. من هۆ و مه‌به‌ستی بنه‌ڕه‌تیی ئه‌و باس و داخوازییه‌ی بیانییان ده‌گێڕمه‌وه بۆ:
دابڕینی کورد و نامۆکردنی له‌و شوێنگه جوگرافیایه‌ی تێیدایه، نه‌ک به‌وه‌ی کورد بکه‌نه قه‌واره‌یه‌کی سیاسی و خاوه‌نی خۆی، به‌ڵکه ته‌نێ بۆ ئاژاوه‌نانه‌وه و دوورخستنه‌وه و جوێکردنه‌وه‌یان له گه‌لانی ده‌وروبه‌ریان و چێ‌کردنی کێشه له نێوان کورد و ئه‌و گه‌لانه‌دا.
هۆیه‌کی ئایینی- فه‌رهه‌گی: که مه‌به‌ستی مه‌سیحییاندنی گه‌لی کورد بووه و به‌وه‌ش دابڕینی بووه له ژینگه ئیسلامییه‌که‌ی و له فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بی – فارسی – ئیسلامی.
هه‌رچی کورد خۆیشی بووه، که هه‌وای گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی بۆ لاتینی که‌وتووه‌ته سه‌ر، دیاره ئه‌وده‌مه، به چاولێکه‌ری کرده‌که‌ی مسته‌فا که‌مال ئه‌تاتورک بووه، که ئه‌وده‌می به‌شێکی زۆری کورد، به چاوی ڕێز و گۆڕان و شۆڕشه‌وه، له تورکیای که‌مالیستیان نۆڕیوه و کۆڵێک به ئه‌تاتورک و تورکیای نوێ و سیکولاریزمه گۆجه‌که‌یانه‌وه سه‌رسام بوون.
ساڵانی دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی "جه‌لاده‌ت به‌درخان"یش، بیانووی زۆر هێنراونه‌وه بۆ ئه‌و گۆڕینه، که زۆریان ده‌خرێنه چوارچێوه‌ی، ناته‌واوی و کێماسی و نارێکوپێکی و...ئه‌لفبێی کوردییه‌وه.
داخوازیی ئه‌و کورده‌ی ئێستا بۆ گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی، ده‌کرێ بخرێته چوارچێوه‌ی سه‌رسووڕمان و واقوڕمان به ڕۆژاوا و ڕۆژاواپه‌رستییه‌وه و به‌شێکه له‌و ده‌رده‌جیهانگه‌رییه‌ی، که هه‌موو جیهانی گرتووه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و باس و داخوازییه کاریگه‌رییه‌کی جیهانگه‌ری بێت له سه‌ر کوردی بچووک و بێهێز، ئه‌ی وه‌ها کاریگه‌رییه‌ک بۆ نه‌که‌وتووه و ناکه‌وێته سه‌ر، من ناڵێم زمانانی عه‌ره‌بی، فارسی، ئوردوو، به‌نگالی و...چونکه ئه‌وانه زمانگه‌لێکی گه‌وره‌ن، به‌ڵکه زمانانی ئه‌مازیغی، تیگرینی، ئه‌مهاری، کلدانی، ئاشووری، سریانی، ئه‌رمه‌نی، ئازه‌ری(له ئێران)، جۆرجی و...؟ خۆ ئه‌وانه‌یش زمانگه‌لێکی بچووکن و هیچ له زمانی کوردییش به‌هێزتر نین! هیچ یه‌کێک له خاوه‌نی ئه‌و زمانانه ئاماده نین، ئه‌لفبێی زمانه‌کانیان بگۆڕن و بیکه‌ن به لاتینی، چونکه ده‌زانن، ئه‌وه له ماڵشێواندنی خۆیان زیاتر، شتێکی دیکه‌ی لێ شێن نابێت. با نموونه‌یه‌کت له‌و باره‌یه‌وه بۆ باس بکه‌م:
پاییزی 1985، له یه‌کێک له کتێبخانه‌کانی شاری ستۆکهۆڵمدا، گۆڤاری "حۆیۆدۆ"م به‌رچاوکه‌وت، که ئۆرگانی یه‌کیه‌تیی ئاشوورییانه له سوێد و به زمانانی عه‌ره‌بی، ئاشووری و سوێدی ده‌رده‌چێت. له‌وێدا و له به‌شه عه‌ره‌بییه‌که‌یدا و له گوتارێکدا سه‌باره‌ت به کۆنگره‌ی یه‌کیه‌تیی ئاشوورییان له سوێد، که پێشتر گیرابوو، ئاوها نووسرابوو:"بابه‌تی دووه‌م، که کۆنگره گرنگییه‌کی تایبه‌تی پێ دا، لێدوان و ده‌مه‌ته‌قه بوو له‌مه‌ڕ ئه‌و بڕیار و ئاگادارییه‌ی، که ده‌سگای ده‌وڵه‌تیی کاروباری بیانییان له 1983دا ده‌ریکردبوو، به دانانی نێوی نوێ بۆ زمانی سریانی، که به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌روه‌رده و فێرکردن پێڕۆی کردووه و ده‌یه‌وێت ئه‌لفبێی سریانی بگۆڕێ بۆ ئه‌لفبێی لاتینی و وه‌ک هه‌نگاوی یه‌که‌میش کتێبی "توخوقورنیا"، که تایبه‌ته بۆ فێرکردنی منداڵان له چاپ درا. وه‌ک ئاشکرایشه، یه‌کیه‌تیی له کاتی خۆیدا به هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌کی زۆری دا، بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه و وه‌لانانی ئه‌و هه‌وڵ و کۆششه، که ده‌کران بۆ لێدانی شوێنه‌واری ژیاری و زمانه پیرۆزه‌که‌مان. بۆ نموونه‌یش: پێوه‌ندکردن له‌گه‌ڵ مامۆستایان و خێزانی منداڵاندا و ڕه‌فز و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی کتێبه‌که و گرتنی پارێزه‌رێک بۆ شکاتکردن، له ده‌سگای ده‌وڵه‌تی کاروباری بیانییان. کۆنگره هه‌ڵوێستی ڕاست و نه‌گۆڕی خۆی نوێ و دووپات ده‌کاته‌وه، به‌رانبه‌ر به هه‌ر که‌سێک، که ڕێگه به خۆی ده‌دات و ده‌یه‌وێت له پایه و ڕۆڵی زمان و که‌له‌پووره‌که‌مان له ژیاریی مرۆڤایه‌تیدا، که‌م بکاته‌وه و لێڵ و ته‌ماوی بکات و تێکبدات. ئێمه‌یش هاوار ده‌به‌ین بۆ ئه‌و برا و هاوڕێیانه‌ی، که ڕه‌نگه پێشکه‌وتنی ژیاریی ئه‌وروپا، که ئێمه‌یش ئینکاری ناکه‌ین، مه‌ستیان بکات، داوایان لێ ده‌که‌ین، له ڕووخاندنی گرنگترین پایه و بنگه‌ی شوێنه‌وارماندا به‌شداری نه‌که‌ن و منداڵه‌کانمان له‌و تیپانه‌ی، که شوێنه‌وار و بیری باوباپیرانی پێ نووسراونه‌ته‌وه – لێره‌شدا بوار که‌مه، له‌و ڕۆڵه مه‌زنه بدوێین، که ئه‌م تیپه و ئه‌م زمانه له ژیاریی مرۆڤدا بینیویانه- بێ به‌ری بکه‌ن. کۆنگره ناڕه‌زایی ده‌ربڕی و بڕیاری ڕه‌تکردنه‌وه و ڕه‌فزی کاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌روه‌رده و فێرکردنی دا و له سه‌ر داوای قانوونیی خۆیشی به‌رده‌وام ده‌بێت".
ئه‌وه هه‌ڵوێستی، خه‌ڵکێکی ئاگا و به‌ته‌نگ زمان و فه‌رهه‌نگ و مێژووی خۆیانه‌وه هاتووه و ئێستایش له هه‌موو ده‌مێک زیاتر و توندتر، ئه‌و ئاشووری و سریان و کلدانانه باوه‌شیان به فه‌رهه‌نگ و زمان و ئه‌لفبێی زمانه‌که‌ی خۆیاندا کردووه و هه‌رگیز به خه‌یاڵیش بیریان به‌لای گۆڕینی ئه‌لفبێدا ناچێت. ئه‌گه‌ر جیهانگه‌ری و مه‌ستبوون به ئه‌وروپاوه، کاریگه‌رییان له سه‌ر گه‌لان و وڵاتانی بێهێز و بچووک هه‌بووایه، ئه‌وا ده‌بوو ئه‌و سریان و کلدان و ئاشوورییانه، پێش هه‌ر خه‌ڵکێکی دیکه، ئه‌لفبێی خۆیان بکردبایه‌ته لاتینی، چونکه هه‌م بچووک و بێهێزن و هه‌میش وه‌ک ئایین عیسایین، که ئه‌وه بۆ خۆی پاساوێکه و ده‌بوو هانده‌رێک بووایه بۆیان، به‌ڵام نه‌ء، خه‌ڵکی ئاگا و هۆشیار، وه‌ها هه‌ڵه‌یه‌ک ناکه‌ن.
پ3. دواى بڕيارى ئه‌تاتورک له‌مه‌ڕ ڕه‌تکردنه‌وه‌ى ئه‌لفبێی عه‌ره‌بى، به‌درخانييه‌کان هه‌رچه‌نده چه‌وساوه و ئاواره‌ى ده‌ستى بوون، به‌ڵام هه‌ر دواى ئه‌م بڕياره ئه‌لفبێی لاتينييان به‌کار هێنا، ئێوه ئه‌مڕۆ چۆن ئه‌و هه‌نگاوه‌ى به‌درخانييه‌کان ده‌خوێننه‌وه؟
شاکه‌لی: جه‌لاده‌ت به‌درخان، له ساڵی 1932دا، ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی خۆی بڵاو کرده‌وه و به قسه‌ی خۆی، ئه‌و له ساڵی 1919ه‌وه، ده‌ستی به ڕێکخستنی ئه‌و ئه‌لفبێیه کردبوو. له پێشگوتنی کتێبێک‌دا، که له ساڵی 1932دا، له شام نووسیویه‌تی، جه‌لاده‌ت به‌درخان، باسی ئه‌وه ده‌کات، که ساڵی 1919، له خه‌رپووت و دیاربه‌کر و چیای مه‌له‌تیێ و له نێو عه‌شیره‌تی (ڕه‌شوان یا ڕه‌وان)دا، کاتێک که له‌گه‌ڵ "مێجه‌ر نۆئێل" ناوێکی ئینگلیزدا ده‌بێت، که سۆرانی ده‌زانێت و هه‌وڵده‌دات فێری کرمانجی بێت، کاتێک که مه‌ته‌ڵ و ستران و چیرۆکان کۆده‌که‌نه‌وه و ده‌نووسن و به‌راورد ده‌که‌ن، نۆئێل به‌رانبه‌ر به تیپی عه‌ره‌بی، تیپی لاتینی ده‌نووسێت و ده‌ستنووس و خه‌تی خۆی به هاسانی ده‌خوێنێته‌وه. ڕه‌فیق حیلمی، له به‌رگی یه‌که‌می "یادداشت"ه‌که‌یدا، له باره‌ی "مێجه‌ر نۆئێل"ه‌وه، باسی ئه‌وه ده‌کات، که: نۆئێل، یه‌کێک بووه له ئه‌فسه‌ره ئینگلیزه شاره‌زاکانی هه‌رێمی کوردستان و ڕاوێژکاری شێخ مه‌حموود و یه‌که‌م نوێنه‌ری ئینگلیز بووه له کوردستان. زمانانی فارسی و فرانسه‌یی زۆر باش زانیوه و له ئێران‌دا زۆر ماوه‌ته‌وه. له ڕێی سیاسه‌ته‌وه خزمه‌تی بریتانیای کردووه. ڕۆژی 1-11-1918، له کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا، به خه‌ڵکی سلێمانی، که "عوله‌ما، ئه‌شراف، سادات و توججار"ی تێدا به‌شدار بوون، به ناوی نوێنه‌ری بریتانیاوه قسه‌ی کردووه و به‌و خه‌ڵکه‌ی ڕاگه‌یاندووه، که شێخ مه‌حموود، له لایه‌ن حاکمی گشتیی عیراقه‌وه به حوکمداری کوردستان، ناسراوه. نۆئێل و له پشت ئه‌ویشه‌وه "ویلسن"ی حاکمی گشتیی عیراق، ده‌یانه‌ویست له ده‌سه‌ڵاتی شێخ مه‌حموود که‌ڵک وه‌رگرن و له هه‌رێمی کوردستاندا، بێ هێزێکی سه‌ربازی، ده‌سه‌ڵاتی ئینگلیز جێگیر بێت و به هۆی شێخ مه‌حمووده‌وه، سیاسه‌تی حوکوومه‌تی بریتانیا، به‌ڕێوه ببه‌ن. نۆئێل، ناوی (حاکمی سیاسی) لێ نرا. حیلمی ده‌ڵێت "زه‌مان به دڵی (نۆئێل) بچوایه به‌ڕێوه شکم له‌وه‌دا نیه که بناغه‌ی (کوردستانی گه‌وره)ی دائه‌مه‌زراند، نۆئێل، شوباتی 1919 چووه‌ته تورکیا و له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌کانی سیاسی کوردیشه‌وه، میر جه‌لاده‌ت به‌درخان و دوو کوردی تریش گه‌یشتوونه‌ته لای و له‌گه‌ڵ "نۆئێل"دا یه‌کیان گرتووه و به ناو کورده‌کانی خه‌رپووت و دیاربه‌کردا سووڕاونه‌ته‌وه و بۆ کورد و کوردستان گفتوگۆیان کردووه".
جه‌لاده‌ت به‌درخان، که باسی "نۆئێل" ده‌کات ده‌ڵێت:"ب بلێکرنه‌که بیانی، لێ بێ دژواری ده‌ست نڤیسا خۆ دخواند، لێ به‌لێ ئه‌ز، هه‌یا کو من (وو) ژ (ۆ) و (ی) ژ (ێ) ده‌رخستن دکه‌تم هه‌زار دژواری"، ئه‌وجا ده‌ڵێ:"د جهدا قه‌رارا خو دا و ژ خورا ب حه‌رفێن لاتینی ئه‌لفابێ یه‌ک لێک ئانی" و پاشان باسی ئه‌وه ده‌کات، که سوودی له ئه‌لفبێی یۆنانی و ڕووسی و لاتینی و فرانسه‌یی وه‌رگرتووه، بۆ چێ‌کردنی ئه‌لفبێی لاتینی بۆ کوردی و کاتێک تورکان ئه‌لفبێی لاتینی خۆیان بڵاوکرده‌وه ئیدی ئه‌میش"ژ بونا هێمانکرنا خوه‌ندنا نڤیسارێن مه ژ کوردمانجێن ترکیرا، مه ده‌نگێن ه‌ن حه‌رفان ب هه‌ڤ گوهارتن ئو هه‌رچه‌ند هه‌بو مه ئه‌و چه‌ند ژ ئه‌لفابێ یا خوه خست نێزیکی ئه‌لفابێ یا ترکان کر". به‌درخان، باسی ئه‌وه‌یش ده‌کات، که پرسی به، زۆر خوێنده‌وار و زانا و نووسه‌ری کورد و بیانی کردووه، بۆ نووسینی ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی و گوایه سێزده ساڵ هه‌وڵی بۆ داوه. به بڕوای من، جه‌لاده‌ت به‌درخان، بۆ دانانی ئه‌لفبێی لاتینی بۆ زمانی کوردی، پرسی به هیچ زمانزانێکی کورد نه‌کردووه، به‌ڵکه بڕیارێکی نابه‌رپرسانه و سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی، خوینده‌وارێکی هزر و فه‌رهه‌نگ ئه‌وروپایێندراو بووه و به ته‌نێ بۆ خۆی و بێ بیرکردنه‌وه له ئه‌نجامه‌کانی، داویه‌تی. به‌درخان، هه‌روه‌ک پرسی به کوردیزانی دیکه‌ی کورد نه‌کردووه، بۆ خۆیشی زاراوه‌ه کوردییه‌کانی دیکه‌ی نه‌زانیوه و ته‌نێ له ڕوانگه‌ی زاراوه‌ی کرمانجیی باکووره‌وه ئه‌و بڕیاره‌ی له‌به‌رچاو گرتووه. مێژووی گه‌شه‌کردن و گۆڕانکاریی ئه‌لفبێی کوردی، پێشانمان ده‌دات، که تا ساڵی 1930یه‌کان، تاکه ئه‌لفبێیه‌ک، کورد پێی نووسیوه، ئه‌لفبێی کوردی"تیپی عه‌ره‌بی" بووه و هه‌موو کوردیش له هه‌موو ناوچه‌یه‌کی کوردستاندا و هه‌ر زاراوه‌یه‌کی بووبێت، پێی نووسیوه. گۆڕانی ڕێژیمی تورکیا، له خیلافه‌ته‌وه بۆ کۆماریی و هاتنی موسته‌فا که‌مال ئه‌تاتورک، بۆ فه‌رمانڕه‌وایی تورکیا و گۆڕینی ڕێنووس و ئه‌لفبێی زمانی تورکی، له ئه‌لفبێی عه‌ره‌بییه‌وه بۆ لاتینی، که‌سانی وه‌ک "جه‌لاده‌ت به‌درخان"ی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ی، که ده‌بێ کوردیش ئه‌لفبێی خۆی بکاته لاتینی. ئه‌ڵبه‌ته جه‌لاده‌ت به‌درخان بۆ خۆی باسی ئه‌وه ده‌کات. به‌درخان، له ساڵی 1932دا و پاش ئه‌وه‌ی، که له تورکیا ئه‌لفبێ کرایه لاتینی، ئه‌لفبێیه‌که‌ی خۆی بڵاوکرده‌وه و بۆ نێزیکخستنه‌وه‌یشی له ئه‌لفبێی تورکی لاتینی، هێندێک ده‌نگی کوردی وه‌ک ده‌نگه تورکییه‌کان لێکرد. دوای بڵاوکردنه‌وه‌یشی ئیدی به‌ره‌به‌ره، ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی جه‌لاده‌ت به‌درخان، جێی خۆی گرت و بوو به بنگه‌ی نووسینی کوردی به تیپی لاتینی و تا ئێستاش ڕۆژ له دوای ڕۆژ له‌بره‌ودایه.
بانگاشه‌ی جه‌لاده‌ت به‌درخان و ئه‌وانی وه‌ک وی بیر ده‌که‌نه‌وه و هه‌ندێک له خوێندووانی کورد له‌مه‌ڕ گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی، بۆ ئه‌لفبێی لاتینی، له خراپی و ناپه‌سه‌ندیی ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی و باشی و جوانی و تۆکمه‌یی ئه‌لفبێی لاتینییه‌وه نییه، به‌ڵکه له چاولێکه‌ری و مۆده‌یه‌کی باوی لاساییکردنه‌وه‌ی هه‌موو شتێکی ئه‌وروپاییه‌وه‌یه و هیچی دی.
دانانی ئه‌لفبێی لاتینی و بڵاوکردنه‌وه‌ی له لایه‌ن "جه‌لاده‌ت به‌درخان"ه‌وه، نه‌ک هه‌ر خزمه‌تی به پرسی نێزیکخستنه‌وه‌ی زاراوه کوردییه‌کان له‌یه‌کدی و یه‌کگرتنی زمانی کوردی و یه‌کیه‌تیی کورد نه‌کردووه، وه‌ک بۆ خۆی باسی ده‌کرد "د هه‌رتشتی دا یه‌کیتی..دیه‌کیتی یا زمێن دا گاڤا پێشین یه‌کیتی یا عه‌زمانه"، به‌ڵکه گه‌وره‌ترین زیانیشی به کورد و زمانه‌که‌ی به‌خشی و تاوانێکه له‌هه‌مبه‌ر زمانی کوردی و یه‌کیه‌تیی کورد ئه‌نجام درا.. ئینگلیزه‌کان و فرانسه‌ییه‌کان و په‌یمانی لۆزان، چه‌ند ڕۆڵێکی خراپیان له دابه‌شکردنی کوردستاندا بینیوه، "جه‌لاده‌ت به‌درخان"یش، کارێکی هێنده خراپی کردووه و ڕۆڵێکی هێنده خراپی، له له‌توپه‌تکردنی زمانی کوردی و کورددا بینیوه. ئه‌و خه‌ڵکانه‌یشی، ئه‌وڕۆکه شوێنپێ و ڕێگه‌ی ئه‌ویان گرتووه‌ته‌به‌ر، له خزمه‌ت به لێک‌دابڕان و په‌رتکردنی کورد و خزمه‌ت به نه‌یارانی زێتر، چ ڕۆڵێکی دیکه نابینن.
سازکردنی ئه‌لفبێی لاتینی بۆ زمانی کوردی، له لایه‌ن "جه‌لاده‌ت به‌درخان"ه‌وه، وه‌نه‌بێ پێویستییه‌کی مێژوویی بێت و کورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، تیپی لاتینی به‌کار نه‌بردبێت په‌کی که‌وتبێت، به‌ڵکه به کاریگه‌ریی"مێجه‌ر نۆئێل" ی ئینگلیز و له‌ژێر کارتێکردن و هاندانی ئه‌ودا و به کاریگه‌ریی "ڕۆژێ لیسکۆ" و "تۆما بوا" و "پیێر ڕۆندۆ"، جه‌لاده‌ت به‌درخان، هاتووه‌ته سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ی، که ده‌بێ تیپی کوردی بگۆڕێ بۆ لاتینی، چونکه "نۆئێل" وه‌ک نوێنه‌رێکی ئینگلیزی کۆڵۆنیالیست و ئه‌وروپاییه‌ک، دروستکردنی ڕاڕایی و دوودڵی لای جه‌لاده‌ت به‌درخان و سه‌لماندنی په‌سه‌ندی و باشیی ئه‌لفبێی لاتینی لای وی، بۆ تێکدانی یه‌کیه‌تیی زمانی کوردی و دابڕینی فه‌رهه‌نگی کوردی له فه‌رهه‌نگی ئیسلامی، به ئه‌رکێکی خۆی زانیوه و هه‌وڵی بۆ داوه.
جه‌لاده‌ت به‌درخان، هه‌ر به بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی و به ده‌رکردنی گۆڤاری "هاوار"، به کۆمه‌کی کۆڵۆنیالیستانی فرانسی له شام و له ژماره بیستوچواره‌مییه‌وه به تیپی لاتینی ، ئیدی ده‌ستی دایه پرۆژه‌یه‌ک، که له خزمه‌تی کۆڵۆنیالیستان و دژ به یه‌کیه‌تیی کورد بوو. ئه‌و کۆڵۆنیالیست و ئه‌وروپاییانه، سه‌رلێشێواندن و دواخستنی، نه‌ک ته‌نێ کورد، به‌ڵکه ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵات و جیهانی سێیه‌م، مه‌به‌ستیانه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ک و له هه‌موو بوارێکیشدا کاری بۆ ده‌که‌ن. زمانیش یه‌کێکه له‌و بواره هه‌ره‌گرنگانه، ده‌نا بیانووی جوێکردنه‌وه‌ی "وو" له "ۆ" و "ی" له "ێ"، مه‌سه‌له‌یه‌کی هێنده گرنگ و دژوار نییه و نه‌بووه، مرۆڤ بخاته سه‌ر ئه‌وه‌ی، که ده‌بێ ئه‌لفبێی زمانه‌که‌ی خۆی به بڕیارێکی یه‌ک که‌سیی و ده‌سبه‌جێ بگۆڕێت، وه‌ک جه‌لاده‌ت به‌درخان بۆ خۆی باسی ده‌کات. جه‌لاده‌ت به‌درخان، بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداری ڕه‌وشی زمانی کوردی بێت، وه‌ک یه‌که‌یه‌کی جیانه‌کراوه، و بێ ئه‌وه‌ی شاره‌زایی و زانیاری له زاراوه‌کانی دیکه‌ی زمانی کوردی‌دا هه‌بێت، و بێ بیرکردنه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک، و بێ له‌به‌رچاوگرتنی دواڕۆژی کوردستان، ئه‌و بڕیاره کوشنده‌یه‌ی له‌مه‌ڕ گۆڕینی ئه‌لفبێ داوه و به‌وه‌یش هه‌ڵه‌یه‌کی هێنده مه‌زنی کردووه، که چاککردن و پینه‌کردنی یه‌کجار سه‌خت و دژواره.
تۆ ئه‌گه‌ر بنۆڕیته چۆنیه‌تی گۆڕینی ئه‌لفبێی تورکی(عوسمانی – عه‌ره‌بی) بۆ تیپی لاتیننی یا تورکی " که‌مالی"، که بۆ خۆیان وایان نێو نابوو، ئه‌وه‌ت بۆ ئاشکرا ده‌بێت، که به بڕیارێکی سه‌رپێی و ده‌سبه‌چێی وه‌ک ئه‌وه‌ی جه‌لاده‌ت به‌درخان، جێبه‌جێ نه‌کراوه، به‌ڵکه به پرۆسێسێکی دوورودرێژ و ورد و هه‌مه‌لایه‌نه و به‌کاوه‌خۆ و تۆکمه‌دا تێپه‌ڕیوه: تورکه‌کان، که له نێوان ساڵانی 1923-1928دا، کارێکی وایان کرد، که هه‌ر نووسینێک له‌باره‌ی زمانه‌وه نووسرابا زۆرتر له ڕێنووس و ئه‌لفبێ ده‌دوا. ئیدی به هه‌موو شێوه‌یه‌ک لێکۆڵینه‌وه و نووسین له سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له گرنگه ئاماده ده‌کرا تا له مارتی ساڵی 1926دا له باکۆ کۆنگره‌ی تورکناسی به‌سترا. له‌و کۆنگره‌یه‌دا مه‌سه‌له‌ی په‌سه‌ندکردنی ئه‌لفبێی لاتینی بۆ زمانه تورکییه‌کان وه‌کو یه‌کێ له مه‌سه‌له بنه‌ڕه‌ته‌کان خرایه پێش چاو. له‌و کۆنگره‌یه‌دا بڕێ تورکناسی به ناووبانگ له مه‌سه‌له‌که‌یان کۆڵییه‌وه و ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی و ئه‌لفبێی لاتینییان به باڵای یه‌کتر گرت و له‌گه‌ڵ یه‌کیان به‌راوردکردن و گرنگی ئه‌لفبێی لاتینییان به‌وردی ڕوونکرده‌وه و له‌به‌رچاوگرت. پاش کۆششێکی زۆر و پاش به‌راوردکردنێکی وردی هه‌ردوو ئه‌لفبێیه‌که و ده‌مه‌ته‌قه‌یه‌کی زۆر له سه‌ریان، هێشتا دوابڕیاری یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی له سه‌ر نه‌درا و ته‌نێ ئه‌وه‌یه، که ئه‌لفبێی لاتینی په‌سه‌ند کرا. پاش ئه‌و په‌سه‌ندکردنه به دوو ساڵان و له 9 ی ئابی ساڵی 1928دا، پاش ئه‌وه‌ی، که که‌مال ئه‌تاتورک گوتارێکی خوێنده‌وه و گوتی:"زمانه شیرین و ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌مان ئیتر له‌مه‌وپاش به تیپی نوێباوی تورکی خۆی ده‌نوێنێ. پێویسته خۆمان له پیت و پێوار و نیشانه‌به‌نی و نائاشنایانه‌ی که چه‌ندین چه‌رخه بیر و هۆشیان له چوارچێوه‌یه‌کی ئاسندا شاردووینه‌وه ڕزگارکه‌ین". ئه‌تاتورک به گۆڕینی ئه‌لفبێ و کردنی به لاتینی، وه‌ک خۆی ده‌ڵێت، بۆ ئه‌وه بوو، که بیر و هۆشی تورکان، له‌و چوارچێوه ئاسنینه، که تیپی عه‌ره‌بی و ئایینی ئیسلامه، ڕزگار بکات! له یه‌کی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1928دا، ئه‌نجومه‌نی میلله‌ت ئه‌لفبێی لاتینی په‌سه‌ند کرد و چه‌ندین کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ش، وه‌ک "کۆڕی زمان" و "کۆمه‌ڵی وردکردنه‌وه‌ی زمانی تورکی" دانران بۆ لێکۆڵینه‌وه و کارکردن، له سه‌ر هه‌موو لایه‌نێکی زمانی تورکی. ئیدی له پاش ئه‌وه‌وه له بنی هه‌مانه‌که‌یان دا، و خۆیان گوته‌نی، خۆیان ڕزگار کرد. وه‌لێ ئه‌و خۆڕزگارکردنه هه‌رگیز سروشتی نه‌بوو و به خواست و ئاره‌زووی خه‌ڵک و به هۆی گۆڕانکاری نێو کۆمه‌ڵگه‌وه نه‌بوو، به‌ڵکه کارێکی ناسروشتی و ده‌ستکرد و زۆره‌ملێ بوو به‌سه‌ر گه‌لانی تورکیادا سه‌پێنرا و له‌پێویستیی ژیانی فه‌رهه‌نگی و له‌ناخی گه‌ل و پێویستییه‌کانیه‌وه هه‌ڵنه‌قوڵابوو. هه‌ربۆیه‌ش ئیدی پاش ئه‌وه‌ش دوای جوێکردنه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت، فێرگه و خوێندگه ئاینییه‌کان داخران و فێرگه و خوێندنه‌وه‌ی نوێباو کرانه‌وه. به‌وه‌شدا ده‌رده‌که‌وێت، که بۆ دژایه‌تی ئایینی ئیسلام، ئه‌تاتورک، ده‌بوو مه‌سه‌له‌که له بنه‌ڕه‌ته‌وه هه‌ڵته‌کێنێت، ئه‌ویش به گۆڕینی ئه‌لفبێ عه‌ره‌بییه‌که و کردنی به ئه‌لفبێی لاتینی، که له ڕاستیدا ئه‌لفبێیه‌کی لاتینی نه‌بوو، به‌ڵکه تورکی بوو و تایبه‌ت بۆ زمانی تورکی دانرابوو، هه‌ربۆیه‌ش به نێوی "ئه‌لفبێی که‌مالی"یه‌وه واته: که‌مال ئه‌تاتورکه‌وه نێو نرابوو.
ئه‌گه‌ر بنواڕینه ئه‌زموونی خه‌ڵکێکی دیکه، هه‌رچه‌ند بڕێک له کوردستان و کورد و زمانی کوردییه‌وه دوورن، که تیپیان گۆڕیوه، بێگومان له‌وانیشه‌وه هه‌ندێک شتمان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه، ئه‌و خه‌ڵکه‌ش گه‌لی "ڤیێتنام"ه. گۆڕینی ئه‌لفبێ له ڤیێتنام، به پرۆسێسێکی دوورودرێژدا تێپه‌ڕیوه. ماوه‌ی هه‌زار ساڵێک و تا ده‌وروبه‌ری ساڵانی 1800ه‌کان، هه‌موو نووسراوێک، ئیدی کتێب و هه‌موو شتێکی دیکه، به تیپی چینی ده‌نووسران. پێش دووسه‌د ساڵێک، که فرانسییه‌کان بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایینی مه‌سیحی گه‌یشتنه ئه‌و ناوه، له‌گه‌ڵ خۆدا تیپی لاتینییان گه‌یانده ئه‌وێ و له شاره گه‌وره‌کانی ڤیێتنامدا، له‌گه‌ڵ پرۆپاگه‌نده‌ی عیسایه‌تیدا له نێو خه‌ڵکدا بڵاویان کرده‌وه و خه‌ڵکیش ورده‌ورده ده‌ستیان به به‌کارهێنانی کرد. ڤیێتنام تا ده‌وروبه‌ری 1820، کۆڵۆنی چین بووه و له‌وه‌ش به دواوه تا 1954 کۆڵۆنی فرانسه بووه. ئیدی به حوکمی ئه‌و بار و ڕه‌وشه، بێگومان نه‌ک به بڕیار، تیپی لاتینی ورده‌ورده جێی تیپی چینی گرتووه‌ته‌وه. تا ئێستاش کتێب و نووسینی ڤیێتنامی، به تیپی چینی ئه‌و سه‌رده‌مه، هه‌ر ماون و زۆر شت هه‌ن، که هه‌ر نه‌کراونه‌ته تیپی لاتینی. هه‌رچه‌نده له 1920ه‌وه له خوێندنگه‌کاندا، خوێندن و نووسین کرا به تیپی لاتینی، به‌ڵام تا ئێستاش ئه‌لفبێی چینی هه‌ر ماوه و خه‌ڵک هه‌ردوو ئه‌لفبێیه‌که ده‌زانن.
خه‌ڵک، ته‌نانه‌ت ئه‌و تورکه‌یش، که جه‌لاده‌ت به‌درخان، لاسایی کرددونه‌وه و پێیان سه‌رمام بووه، ده‌بینین چه‌ند به‌ره‌به‌ره و هه‌نگاو به هه‌نگاو ئه‌و کاره‌یان ئه‌نجام داوه و هیچ که‌س هه‌روا له‌خۆڕا و بێ بیرکردنه‌وه، وه‌ها بڕیارێکی نه‌داوه. ڕه‌نگه لێره‌دا پرسیارێک وه‌بیردا بێت، که به‌ڵێ جه‌لاده‌ت به‌درخان ئه‌و بڕیاره سه‌رپێیه‌ی به لاتینییاندنی ئه‌لفبێی کوردی دا، به‌ڵام خۆ ئه‌و نه ده‌نگی به هه‌موو کورد ڕا ده‌گه‌یشت تا بیری لاتینییاندنی ئه‌لفبێی کوردی‌یان پێ ڕا بگه‌یه‌نێت و نه ده‌سه‌ڵاتداریش بوو تا به سه‌ر کورددا بیسه‌پێنێت و که‌واته ئیدی بۆ پێڕۆ کرا و جێی خۆی گرت و بوو به ڕاستییه‌ک؟
جه‌لاده‌ت به‌درخان، له سه‌رده‌مێکدا ئه‌و بیره‌ی بۆ هات و ئه‌و ئه‌لفبێیه‌ی هێنایه گۆڕێ، که سه‌رده‌می دوای جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی و نێوان هه‌ردوو جه‌نگی یه‌که‌م و دووه‌می جیهانی بوو. له‌و سه‌رده‌مه‌شدا کۆمه‌ڵه بیر و ئایدیۆلۆژیایه‌ک به زه‌قی هاتبوونه ئاراوه و بووبوونه بنه‌مای هزری ده‌سه‌ڵات و خڕبوونه‌وه‌ی خه‌ڵک لێیان و وه‌دووکه‌وتن و سه‌رسامبوونی خه‌ڵک پێیان. له‌و سه‌رده‌مه‌دا:
بیری سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم له 1917دا و له شۆڕشی ئوکتۆبه‌ردا له سۆڤیێت، بوو به ده‌سه‌ڵات و موژده‌به‌خشی "ئازادی و سه‌رفرازی" بۆ گه‌لانی جیهان.
بیری نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی و بیری سه‌ربه‌خۆیی عه‌ره‌ب و ڕزگاربوونیان له کۆڵۆنیالیزم و چێ‌کردنی قه‌واره و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی، جێی خۆی گرت.
ناسیۆنالیزمی ئێرانی، که ڕه‌زاشا نوێنه‌رایه‌تی ده‌کرد و له 1925-1941 فه‌رمانڕه‌وای ئێران بوو، کۆمه‌ڵێک گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ڕۆژاوایاندنی هێنایه گۆڕێ.
ناسیۆنالیزمی تورکی(که‌مالیزم)، مه‌به‌ستم سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی مسته‌فا که‌مال ئه‌تاتورک خۆیه‌تی، که له 1923-1938 به‌رده‌وام بوو، چونکه که‌مالیزم ئێستاش ئایدۆلۆژیای ده‌سه‌ڵاتی تورکیایه، که تورکیای له هه‌موو پێوه‌ندێکی ئیسلامی – عه‌ره‌بی – ڕۆژهه‌ڵات، دوورخسته‌وه. بیری سۆسیالیزمی نه‌ته‌وه‌یی(نازیزم)، که له 1933-1945 ئایدۆلۆژیای ده‌سه‌ڵات بوو له ئه‌ڵمانیا و خه‌ریکبوو ببێته گه‌وره‌ترین و به‌هێزترین ده‌سه‌ڵاتی جیهان.
ته‌واوی ئه‌وانه چ وه‌ک هزر و ئایدیۆلۆژیا و چ وه‌ک ده‌سه‌ڵات و نموونه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت و جڤاک و چ وه‌ک نه‌خشه و به‌رنامه‌ی کار، ئایدیۆلۆژیا و هێزگه‌لیک بوون، ئه‌گه‌ر به ڕواڵه‌تیش بێت، داوای گۆڕان و نوێژه‌نکردنه‌وه و بیرازی جڤاکیان ده‌کرد و ده‌یانه‌ویست کۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌ت سه‌رله‌نوێ و به جۆرێکی جیاواز دابمه‌زرێننه‌وه و دژه ئایین بوون، هه‌ربۆیه‌ش گه‌شه‌یان کرد و به‌ره‌وپێشچوون و سه‌رکه‌وتن و میلیۆنان خه‌ڵکیش وه‌دوویان که‌وتن. ئه‌و ئایدیۆلۆژیانه کاریگه‌رییه‌کی وایان کرده سه‌ر خه‌ڵکێک له نێو کوردیش‌دا و سرووشێکی وای پێ به‌خشین، که پێیانوابێت هه‌موو گۆڕانیک، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر تێکدانیش بێت، کارێکی خاسه و ده‌بێ لاسایی بکرێته‌وه و هه‌ر ئه‌وه‌ش وای لێ کردن، که په‌نا ببه‌نه به‌ر لاساییکردنه‌وه و گۆڕینی ئه‌وه‌ی ده‌توانرێ بگۆڕدرێ و دژایه‌تی ئایین، به‌و هیوایه‌ی ئه‌و کارانه کورد به‌ره‌و ڕزگاربوون و ئازادی ده‌به‌ن یا به‌و گۆڕینه کورد ده‌گاته ئاوات و ده‌چێته ڕیزی ئه‌وانه‌وه. جه‌لاده‌ت به‌درخان، که له ژێر کاریگه‌ری ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه‌دا ئه‌و بڕیاره‌ی دا، ده‌یزانی ئه‌و بۆ خۆی ده‌سه‌ڵات نییه، به‌ڵام له‌وه دڵنیا بوو، که خه‌ڵکێکی زۆری کوردی مه‌ستی ئه‌و جۆره بیرکردنه‌وه و ئایدیۆلۆژیایانه، شوێنپێی ئه‌و هه‌ڵده‌گرن و وه‌دووی ده‌که‌ون. به بڕوای من، هه‌ر ئه‌و دید و بۆچوون و هزر و ئایدیۆلۆژیایانه‌ی ئاماژه‌م پێدان، که نه ئه‌وده‌می و نه ئێستایش هیچیان بۆ کورد نه‌کردووه و ناکه‌ن، هه‌ر ئه‌وانه‌ن ئێستاش خه‌ڵک له ده‌وری تیپی لاتینی خڕده‌که‌نه‌وه و ختووکه‌ی هه‌ستی خه‌ڵک ده‌ده‌ن. بیرکردنه‌وه‌ی به‌درخان و ئه‌وانه‌ی ئه‌وده‌م و ئێستایش، که داخوازی لاتینییاندنی ئه‌لفبێی کوردی ده‌که‌ن، هه‌ر یه‌ک بناخه و سه‌رچاوه‌یان هه‌یه و هه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌شه، ئێستایش وا له خه‌ڵک ده‌کات پێڕۆی به‌درخان بن و په‌ره به‌و ڕێبازه‌ی ئه‌و بده‌ن.
جه‌لاده‌ت به‌درخان و کامڕان به‌درخانی برای زۆر له مێژ بووه له ژێر کاریگه‌ریی ڕۆژاوا و نێوه‌نده ده‌سه‌ڵاتدار و بڕیارده‌ره‌کانیاندا بوونه و خواستی ئه‌وانیان جێبه‌جێ کردووه. کامڕان به‌درخان یه‌که‌م کوردێک بووه، که پێوه‌ندی به ئیسرائیل و زایۆنیزمه‌وه هه‌بووه و کاری بۆ کردوون و بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانیش هه‌ر له سه‌رده‌می میرنشینییه‌که‌یانه‌وه له‌و جۆره پێوه‌ندانه‌یان هه‌بووه. ئه‌و جۆره پێوه‌ندانه و تێکه‌ڵاوی ده‌سگا سیخوڕی و بڕیارده‌ره‌کانی ڕۆژاوا و ئیسرائیل، نه ئه‌وده‌م و نه ئێستایش، هیچ کاتێک به قازانج و سوودی کورد نه‌شکاوه‌ته‌وه، به‌ڵکه ئه‌وان له‌و پێوه‌ندانه‌دا سوودمه‌ند بوون و کوردیش دۆڕاو. گۆڕینی ئه‌و ئه‌لفبێیه‌یش هه‌ر ده‌که‌وێته خانه‌ی ئه‌و دۆڕانه مه‌زنانه‌ی، که به سه‌ر کورددا هاتووه. من ئه‌و کاره‌ی جه‌لاده‌ت به‌درخان له تاوان زیاتر، ناتوانم هیچ ناوێکی دیکه‌ی لێ بنێم.
پ4. يه‌کێ له‌و گرفتانه‌ى له ئه‌لفبێی عه‌ره‌بيدا باس ده‌کرا، ده‌وترا بۆ فێربوونى که‌سانى بێگانه زه‌حمه‌ته، باس له‌وه‌ش ده‌کرێت که به‌کارهێنانى تيپى لاتينى له زمانى (ديجيتاڵ و ته‌کنۆلۆژيا) نزيکمان ده‌خاته‌وه، ئه‌م ڕايه چه‌ند له ڕاستييه‌وه نزيکه؟
شاکه‌لی: ئه‌وانه‌ی بانگاشه‌ی گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی بۆ لاتینی ده‌که‌ن، باس له هه‌ندێک گیروگرفت و کێشه‌ی ئه‌لفبێی کوردی(تیپی عه‌ره‌بی) ده‌که‌ن و بڕێک پاساو، بۆ لاتینییاندنی ئه‌لفبێی کوردی دێننه‌وه. ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یڵێن له پاساو زیاتر هیچی دیکه نین. ئه‌وان ده‌ڵێن، بۆ ئه‌وه‌ی بیانی فێری کوردی ببێت، تیپی لاتینی ده‌رمانه و چاره‌سه‌ر و کاره‌که فره هاسان ده‌کاته‌وه. من هه‌رگیز ئه‌و قسه‌یه به ڕاست نازانم و بڕوام پێی نییه، چونکه ئه‌گه‌ر بیانییه‌ک بیه‌وێت زمانێک فێر بێت، ئه‌وا زۆر به هاسانی فێری ده‌بێت، سا ئیدی تیپه‌که‌ی هه‌رچی بێت. هه‌زاران بیانی، به تایبه‌ت ئه‌وروپایی و ئه‌مه‌ریکایی، هه‌ن، که عه‌ره‌بی، فارسی، عیبری، چینی، ڕووسی، سۆمالی، ئه‌مهاری، کۆریایی، ئوردوو، ئاشووری، ئه‌رمه‌نی، سانسکریت و... ده‌یان زمانی دیکه، که به تیپی لاتینیش نانووسرێن، زۆرچاک ده‌زانن و به هاسانییش فێری بوون. مه‌سه‌له‌ی فێربوونی زمانی کوردی له لایه‌ن بیانییه‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گرنگیی کورد بۆ خۆی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک و ڕۆڵی کورد له پرۆسه و ڕووداوه ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی ئه‌مڕۆی جیهاندا. کورد، که نه خاوه‌نی پێگه‌یه‌کی ئابووری و سیاسی به‌هێز و کاریگه‌ره و نه گرنگییه‌کی ئابووری یا سیاسی له سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان هه‌یه و نه گه‌نجینه‌یه‌کی فه‌رهه‌نگیی ده‌وڵه‌مه‌ند و نه چ داهێنانێکی فه‌رهه‌نگیشی خستووه‌ته سه‌ر فه‌رهه‌نگیی جیهانی و مرۆڤایه‌تی و نه زمانه‌که‌ی زمانی وڵاتێکی سه‌به‌خۆ و ڕووگه‌ی گه‌شتیارانیشه، بۆیه بیانییان هێنده وه‌ته‌نگ فێربوونی زمانه‌که‌یه‌وه نین. که‌وابوو ئه‌و باسه چ پێوه‌ندێکی به تیپ و ڕێنووسه‌وه نییه.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌کی ده‌وروبه‌ری خۆمان بکه‌ین و بنۆڕینه هاوسێیه‌کانی کورد، عه‌ره‌ب و فارس، که کوردی عیراق و ئێران، به تیپێک ده‌نووسن، هه‌مان تیپی ئه‌وانه به تۆزێک ده‌ستکارییه‌وه، ئه‌وان تا چ ڕاده‌یه‌ک فێری کوردی بوون! من پێموایه هه‌رگیز هێنده‌ی ژماره‌ی قامکه‌کانی ده‌ست، عه‌ره‌ب و فارس نابینینه‌وه، زمانی کوردی به نووسین و خوێندنه‌وه بزانن. هه‌روه‌ها لایه‌نه‌که‌ی دی و هاوسێیه‌که‌ی دیکه‌شمان، تورک، ئه‌وڕۆکه کوردی تورکیا ، تیپی لاتینی به‌کار ده‌به‌ن و تورکیش هه‌مان تیپ، چ تورکێک هه‌یه کوردی به نووسین و خوێندنه‌وه بزانێت!
لاموایه مه‌سه‌له‌که هه‌رگیز کاری به سه‌ر تیپه‌وه نییه، به‌ڵکه به‌رژه‌وه‌ند و ڕۆڵی ئه‌و زمانه له جیهاندا، کاره‌که ساغ ده‌کاته‌وه. بێجگه له لایه‌نی ئابووری و سیاسی، ئایینیش ڕۆڵێکی مه‌زنی هه‌یه. خه‌ڵکێکی زۆر بۆ ناسین و تێگه‌یشتن له ئیسلام، خۆ فێری عه‌ره‌بی ده‌که‌ن و قورئان ده‌خوێننه‌وه. بۆ تێگه‌یشتن له جووله‌که، چ وه‌ک ئایین و چ وه‌ک بیر و سایکۆلۆژی، خه‌ڵک خۆ فێری عیبری ده‌که‌ن. بۆ تێگه‌یشتن له "باگاڤه‌گیتا"ی کریشنا و ئایینی هیندۆیزم، خه‌ڵک خۆ فێری زمانی سانسکریت ده‌که‌ن و بۆ تێگه‌یشتن له ئایینه کۆنه‌کانی ئێرانیش، خه‌ڵک خۆ فێری ئا‌ڤێستا و په‌هله‌وی ده‌که‌ن، به‌ڵام کورد له‌و باره‌یه‌شه‌وه کڵۆڵه و خاوه‌نی ئه‌و جۆره شتانه نییه، هه‌رچه‌نده ڕه‌نگه بگوترێ، کوردیش نووسراوی ئایینی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، له‌فه‌ن "مسحه‌فی ڕه‌ش" و "جلوه" و "سه‌ره‌نجام"، لێ ئه‌و نووسراوانه نه‌ک هه‌ر بیانی، به‌ڵکه کورد بۆ خۆیشی نه‌یانیبینیوه و له نێو خه‌ڵکدا بڵاو نه‌بوونه‌وه. جاری وایش هه‌یه خه‌ڵکی له‌به‌ر سیاسه‌ت و بۆ چوونه‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کۆمۆنیستییه‌وه و بۆ کاری سیخوڕی، دیاره جاران، زمانی چینی و ڕووسی فێر ده‌بوون.
من پێموانییه، فێربوونی عه‌ره‌بی و عیبری و سانسکریت و چینی و فارسی و ئه‌رمه‌نی و تیگرینی، بۆ ئه‌وروپاییه‌ک، به‌و تیپانه‌ی که هه‌یانه، هه‌رگیز له فێربوونی کوردی به‌م تیپانه‌ی، که هه‌یه‌تی، هاسانتر بێت، وه‌لێ سێکوچکه‌ی "ئابووری، سیاسی، ئایین"، دیاره ده‌کرێت "فه‌رهه‌نگ"یشیان له هه‌ندێک باردا بخرێته سه‌ر، چونکه خه‌ڵکانیکی زۆر ته‌نیا بۆ شاره‌زابوون له فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌ب و فارس و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌فسانه و شیعر و چیرۆکی عه‌ره‌بی و شاکاره‌کانی حافز(حافظ) و سه‌عدی و عه‌تتار(عطار) و ڕوومی و فیردووسی و سه‌دان شاکاری دیکه، له بواره‌کانی هزر و فیلۆسۆفی و مێژوو و هه‌موو جۆره زانستێکدا، که به‌و تیپه عه‌ره‌بییانه نووسراون و ده‌نووسرێن، خۆ فێری ئه‌و زمانانه ده‌که‌ن، کاره‌که سه‌ختتر یا هاسانتر ده‌که‌ن. زمانی دیجیتاڵ و ته‌کنۆلۆژیا، زمانی ئابووری و بازاڕ و پاره‌ن و ئه‌وانه‌ن بره‌و به زمان ده‌ده‌ن. تۆ بنۆڕه چین و ژاپۆن و ئیسرائیل و کۆریا و هیندوستان و زمانانی چینی و ژاپۆنی و عیبری و کۆریایی و هیندی، چ ڕێگرێک له‌به‌رده‌م ئه‌و زمانانه‌دا هه‌یه، که هیچیان ئه‌لفبێی لاتینی به‌کار نابه‌ن و ئه‌لفبێی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، به‌ریان له پێشکه‌وتن و نزیکبوونه‌وه‌یان له ته‌کنۆلۆژیا و دیجیتاڵ گرتبێت و بگرێت! ئه‌و وڵاتانه هه‌ر هه‌موویان ئه‌وڕۆ شانله‌شانی وڵاته هه‌ره پێشکه‌وتووه‌کانی خاوه‌ن ته‌کنۆلۆژیا و دیجیتاڵی جیهانی، وه‌ک ئه‌مه‌ریکا و بریتانیا و فرانسه و ئه‌ڵمانیا ده‌ده‌ن و هه‌ندێک جاریش له پێشی ئه‌وانه‌وه‌ن. ئه‌وان و به تایبه‌ت چین و ژاپۆن و کۆریا، ته‌واوی بازا‌ڕه‌کانی جیهانیان به ته‌کنۆلۆژیا و دیجیتاڵی خۆیان داگیر کردووه. هیندوستان، له بواری کۆمپیووته‌ر و ته‌کنۆلۆژیای زانیاری"IT"دا، له دوای ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وانه‌وه، پێشه‌نگه. جووله‌که، گرنگترین ده‌سگاکانی ئابووری و میدیا و زانستگه و زانستی جیهانییان به ده‌سته و خودانی مه‌زنترین گه‌نجینه‌ی ئاوه‌زن له جیهاندا. چین، وه‌ک هێزێکی ئابووری گه‌وره و به‌و ئه‌لفبێیه‌ی خۆیه‌وه که هه‌یه‌تی، به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت، له داهاتوودا کۆنترۆڵی هه‌موو جیهان بکات.
مامۆستایه‌کی زمانی ئینگلیزی و خه‌ڵکی شاری له‌نده‌ن به نێوی"ئایۆنا گرانت – Iona Grant" ده‌یگوت، خه‌ڵکه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی گه‌ڕه‌که‌کانی"هۆڵڵاند پارک – Holland Park" و "نۆتینگ هیڵ گه‌یت Notting Hill Gate - " ، که دوو گه‌ڕه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندنشینی شاری له‌نده‌نن، ئێستا "له‌له"ی چینی و مامۆستای چینی بۆ منداڵه گچکه‌کانیان دابین ده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌کانیان فێری زمانی چینی ببن، تا له داهاتوودا بۆیان ئاسان بێت و بتوانن له چین و له گه‌ڵ چینی‌دا کاری ئابووری و بازرگانی ئه‌نجام بده‌ن!
زمانی سۆمالی، که یه‌کێکه له زمانه سامییه‌کان، به تیپی لاتینی ده‌نووسرێت و ئه‌گه‌ر سانایی فێربوون و نێزیکبوونه‌وه له دیجیتاڵ و ته‌کنۆلۆژیا، به تیپی لاتینی بووایه، ئێستا ده‌بوو نیوه‌ی ئه‌وروپا زمانی سۆمالییان زانیبا و سۆمالیش ئێستا هێنده‌ی ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا و فرانسه و ئینگلستان و...له ته‌کنۆلۆژیا و دیجیتاڵه‌وه نێزیک بووایه. که‌واته نه هاسانی فێربوونی کوردی له لایه‌ن بیانییانه‌وه و نه نێزیکبوونه‌وه له ته‌کنۆلۆژیا و دیجیتاڵ، چ پێوه‌ندێکیان به ئه‌لفبێی لاتینییه‌وه نییه و ئه‌وه ته‌نێ قسه‌یه‌کی بێ بنه‌ما و نازانستییه.
پ5. له کتێبى (پرسياره‌کان هێشتا تينووى وه‌رامن)دا فه‌رهاد شاکه‌لى ده‌ڵێ: کورد دووجار تووشى لێکترازان و دابه‌شبوون بووه، جارى يه‌که‌م دواى دابه‌شبوونى کوردستان و چه‌سپاندنى سنووره سياسييه‌کانى نێوان ده‌وڵه‌ته تازه‌دامه‌زراوه‌کانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌ستی پێ‌کرد، به‌ڵام دابڕانى دووه‌م که خه‌ته‌رناکتر و قوڵتره، به‌لاى ئه‌وه‌وه دواى په‌يدابوون و ته‌شه‌نه‌کردنى ئه‌لفبێى لاتينى ڕوويدا. ئه‌م ده‌ربڕينه ـ دابه‌شبوونى ئه‌لفبێى نووسين ترسناکتره له دابه‌شبوونى خاک و جوگرافيا ـ به‌نيسبه‌ت منه‌وه شۆکێک بوو، چونکه "دابه‌شبوونى يه‌که‌م" دياريى دوژمنه‌کانمانه، به‌ڵام "دابه‌شبوونى دووه‌م" ئه‌مڕۆ به‌ناوى پێشکه‌وتنى کورده‌وه ته‌رح ده‌کرێت، توَ له‌م باره‌يه‌وه چى ده‌ڵێيت؟
شاکه‌لی: ئه‌وه‌ی فه‌رهاد شاکه‌لی ده‌یڵێت، کۆڵێک ڕاسته. منیش دابه‌شبوون و لێکترازانی کورد، له ئه‌نجامی دابه‌شکردنی وڵاته‌که‌یان(کوردستان)م پێ ئاسانتر و ئاساییتره له‌و دابه‌شبوون و لێکترازانه‌ی، که له ئه‌نجامی په‌یدابوون و ته‌شه‌نه‌کردنی تیپی لاتینییه‌وه هاته گۆڕێ، چونکه به‌کاربردنی ئه‌لفبێی لاتینی بۆ زمانی کوردی بووه‌ته و ده‌بێته هۆی دابڕان، له هه‌موو مێژوو و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی نووسراوی کورد، که سه‌رله‌به‌ری به (تیپی عه‌ره‌بی) نووسراون. هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆی دابڕان له فه‌رهه‌نگی ئیسلامی، که 1400 ساڵێکه فه‌رهه‌نگی کوردیشه. ئه‌لفبێی لاتینی، کورد له‌و فه‌رهه‌نگه مه‌زنه و له دوو زمانی مه‌زنی، عه‌ره‌بی و فارسی، که کۆڵه‌که‌ی فه‌رهه‌نگی ئیسلامن، دوور ده‌خاته‌وه. ته‌واوی ئه‌و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌به نووسراوه‌ی، که ئه‌وڕۆکه کورد هه‌یه‌تی و شانازیی پێوه ده‌کات، سه‌رجه‌می له پاش ئیسلامه‌وه‌یه و کورد هیچ شتێکی نووسراوی پێش ئیسلامی نییه و ئه‌گه‌ر هه‌یشیبێت، ئه‌وا ئه‌وڕۆکه له ئارادا نییه و پێشموانییه تازه په‌یدا ببێت.
ئه‌و جۆره دابڕانه فه‌رهه‌نگی و مێژووییه له نێو کوردی باکووری کوردستان و کوردی که‌ونه سۆڤیێتدا به ڕوونی وه‌دی ده‌کرێت. دابڕانی باکووری کوردستان ڕه‌وشێکی وه‌های هێناوه‌ته گۆڕێ، که کێشه‌که ته‌نێ ئه‌لفبێ نییه، به‌ڵکه جۆری بیرکردنه‌وه و جیهانبینیشه. ئه‌وان(به تایبه‌ت سیاسه‌تکار و خوێندووانیان) بێ ئه‌وه‌ی به خۆ بزانن، تورکانه و که‌مالیستانه ده‌هزرێن و له بازنه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی فه‌رمی تورکیا و فیلۆسۆفی که‌مالیزم، سه‌خته شێوه‌یه‌کی دیکه‌ی بیرکردنه‌وه و دیدیان پێ په‌سه‌ند بێت. ته‌واوی ئه‌و ڕه‌وشه، که‌سیه‌تییه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک تورکێنراوی لێ ئافراندوون، که له هه‌موو ڕه‌وتار و گوتارێکیاندا وه‌دی ده‌کرێت. زۆرجاران دۆست و براده‌ری کوردی باکووری کوردستانم، که کتێبێکی کوردی به ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی نووسراویان دیوه، به قورئان یا هه‌ر کتێبێکی عه‌ره‌بییان زانیوه و هه‌رگیز به‌لای ئه‌وه‌دا نه‌چوون، که ئه‌وه کوردییه و ئه‌گه‌ر گوتوومه ئه‌وه کوردییه، گوتوویانه: ها سۆرانییه! کوردی به لای ئه‌وانه‌وه، ته‌نێ ئه‌وه‌یه، که به تیپی لاتینی نووسرابێت. ئیدی دابڕان و نه‌گبه‌تی ده‌بێ چۆن بێت!
ته‌واوی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی، به ئه‌لفبێی لاتینی گۆشکراوه، که باس له شیعر، چیرۆک، شانۆنامه، مێژوو یا هه‌ر شتێکی دیکه بکرێت، پێیانوایه له‌و کاته‌وه ده‌ستپێده‌کات، که "جه‌لاده‌ت به‌درخان" گۆڤاری "هاوار"ی ده‌رکرد و ئه‌لفبێی لاتینی هاته ئاراوه و پێش ئه‌وه ئیدی کورد خاوه‌نی هیچ نه‌بووه. ئه‌م دیتنه هیچی له دیتنێکی تورکانه‌ی که‌مالیستانه‌ی، به تیپی لاتینی ڕاهاتوو، که نه‌ک هه‌ر فه‌رهه‌نگ، ته‌نانه‌ت مێژووی وڵاته‌که‌یشی له لاتینییاندنی زمانه‌که‌یه‌وه ده‌بینێت، دوور نییه. با لێره‌دا و له‌م باره‌یه‌وه، له‌باره‌ی خۆناسین و خۆله‌بیرچوونه‌وه‌وه، گێڕانه‌وه‌یه‌کی بیریاری مه‌زن، "دۆکتۆر عه‌لی شه‌ریعه‌تی"ت، وه‌بیر بهێنمه‌وه، که زۆر جوان مه‌به‌ستی ئه‌نگاوتووه و نموونه‌یه‌کیشی هێناوه‌ته‌وه، که کتومت له‌و نموونانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌چێت و ڕێک واقیعی ئاستی بیرکردنه‌وه‌ی لاتینی نووسانی کوردیشت دێنێته به‌رچاو:
شه‌ریعه‌تی ده‌ڵێ:"که له سویسراوه بۆ ئێران ده‌گه‌ڕامه‌وه، هاوڕێیه‌که‌م خوێندکارێکی زانستگه بوو. تورک بوو و خه‌ڵکی ئیزمیر بوو. ئه‌ندازیاری کشتوکاڵ بوو و له سویسرا خوێندبووی. چ هاوڕێیه‌ک له‌مه باشتر ده‌بێت؟ له دڵی خۆمدا گوتم: ئه‌م هاوڕێیه زۆربه‌ی خاڵه نادیار و گرێ ناڕوون و شاراوه و ته‌ماوی و ورده‌کانم له‌مه‌ڕ "هونه‌ری پێکهاتنی کۆمه‌ڵگه‌ی تورکی"یه‌وه، له‌ڕووی ئایینی و فه‌رهه‌نگی و سیاسی و جڤاکییه‌وه بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه و هه‌ر به نووکی په‌نجه‌کانی ئه‌و کاره‌ش ده‌کات. ئه‌و لاوێکی خوێندووی دنیادیده بوو و فرانسییش به چاکی ده‌په‌یڤی. له گفتوگۆیه‌کانمدا له‌گه‌ڵیدا له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژدا هیچم سوود لێ وه‌رنه‌گرت...ئه‌مه‌ش چیرۆکێکی دیکه‌یه. که گه‌یشتینه ئیسته‌نبووڵ، ڕێپێوان و پێشاندانێکی له‌شکریمان دیت...پرسیم: ده‌بێ ئه‌مه چی بێت؟ گوتی: له‌شکری تورک ئاهه‌نگی چل ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ده‌گێڕێت. گوتم: چل سه‌ده؟ پێکه‌نی و گوتی: نا، هۆشت له کوێیه، چل ساڵ. جاری دووه‌م پرسیمه‌وه: چل چی؟ دووباره جه‌ختی کرده‌وه: چل ساڵ. پاشان بۆی ڕوون کردمه‌وه، که من مێژوو و ڕابردووی تورکیا نازانم و گوتی: ده‌وڵه‌تی تورک و زانستگه و ژیاری و بنگه کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌کان و حوکوومه‌ت و له‌شکر له تورکیادا، هه‌مووی پێش چل ساڵان دامه‌زراون. ئیدی دوای ئه‌وه نه‌متوانی ته‌حه‌ممولی بکه‌م و له هاوڕێیه‌تی ئه‌م بیریاره، که سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌کی نوێباو و تازه‌کییه، که مێژووی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نیوه‌ی ته‌مه‌نی مرۆڤێک، هه‌ڵاتم. وام ده‌هاته به‌رچاو، ئاسمانی قوسته‌نتینییه هێشتا دوا ڕووداوی مه‌زنی له‌بیره و بۆ منیش وه‌ک ئه‌وه وابوو، که دوێنێ ڕوویدابێت. له‌شکره‌کانی موحه‌ممه‌دی فاتیح ساڵی 1453ی زایین، به ده‌رکه‌کانی ئه‌م شاره‌دا، که دڵی ئیمپراتۆریای ڕۆژهه‌ڵاتی ڕۆمانی بوو و مه‌زنترین نێوه‌ندی ژیاری سه‌ده‌کانی ناڤین بوو، وه‌ژوورکه‌وتن و مه‌سیحایه‌تییان به ژیاریی ڕۆژهه‌ڵاتیی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، له که‌ناری زه‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه هاوێژته که‌ناره‌که‌ی دیکه، ئه‌م ساڵه‌ش(که نه‌ک ساڵی دامه‌زراندنی له‌شکری تورکیای موسوڵمانی ئه‌مڕۆیه) به کۆتایی چاخه‌کانی ناڤین و سه‌ره‌تای چاخی نوێ له ڕۆژاوادا دانرا. ئه‌م لاساییکه‌ره‌وه بۆشه له‌خۆنامۆیه سه‌یدا ئه‌ندازیاره، که له سویسرا خوێندوویه‌تی و سۆزی(سبه‌ینێ) ده‌بێته مامۆستایه‌ک له زانستگه‌دا، یا ده‌بێته وه‌زیری کشتوکاڵ له ده‌وڵه‌تێکدا، که سه‌رته‌ڵ و هه‌ڵبژارده‌ی چینی بیریاری کۆمه‌ڵگه‌که‌یه‌تی، نازانێت له‌شکره‌که پێش شه‌ش سه‌ده دامه‌زراوه. له‌و کاته‌وه، که گه‌وره‌ترین کاری سه‌ربازیی ئه‌نجام دا، ئه‌و کاره‌ی، که بووه ده‌سپێکی به‌شێک له به‌شه‌کانی مێژووی مرۆڤایه‌تی. هه‌ر له‌و کاته‌ش به دواوه، مه‌زنترین ئیمپراتۆریای له سه‌ده‌کانی ناڤین و نوێ‌دا دامه‌زراند و ده‌سه‌ڵاتی به سه‌ر ته‌واوی ده‌وڵه‌ته‌کانی ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات و یۆنان‌دا گرت. ئه‌و مزگه‌وت و په‌رستگه مه‌زنانه‌ی، باپیرانی له یۆگوسلاڤیا، بوڵگاریا، ڕۆمانیا و یۆنان، چێیان کرد، ئێستاش نیشانه‌ی مه‌زناهی و هێز و ده‌ستڕۆیشتوویی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و هزریی ئه‌وانن. ئه‌وان تا فرانسه و ئیتالیا چوون و ڤیه‌ننایان تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م و نۆزده‌یه‌م، چه‌ندجاران گه‌مارۆ دا. له زه‌ریای ناڤین‌دا گه‌وره‌ترین هێزی زه‌ریاییان هه‌بوو...چی دی بڵێم؟ پێش هه‌زار ساڵ به‌ری جه‌نگی خاچایه‌تی و لافاوی هێرشی چه‌کدارانه‌ی گه‌له‌کۆمه‌کی ڕۆژاوای دژ به وڵاته ئیسلامییه‌کان گرت. ئێستاکه‌ش شمشێر و قه‌ڵغان و تۆپه‌کانیان، که ئایه‌تی جیهادیان له سه‌ر نه‌خش کراوه، له مۆزه سه‌ربازییه‌کاندا له ئه‌وروپا، سه‌رنجی هه‌رکه‌سێک، ته‌ماشایان بکات، ڕاده‌کێشێت...چی دی بڵێم؟ پێش ئه‌وه‌ی ناوی ڕۆژاوای نوێ له جیهاندا هه‌بێت و ڕۆشنایی ئیسلامیش له خۆرهه‌ڵاته‌وه هه‌ڵبێت، ئه‌م خاکه لانکی ژیاریی بیزه‌نتی و ڕۆمانی ڕۆژهه‌ڵات بووه. مێژووی هه‌زار ساڵی ئه‌م ئوممه‌ته‌ش نیشانه‌ی هێزی له‌شکریی و ژیاریی و زانست و باوه‌ڕ و فه‌رهه‌نگ و ئیمپراتۆریای جیهانی و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هایه به سه‌ر که‌وشه‌نێکدا، که ده‌که‌وێته نێوان خۆرهه‌ڵات و خۆراواوه. له نێوان جیهانی ژیاریی کۆن و جیهانی ژیاریی نوێ‌دا، سێبه‌ری هه‌ردوو باڵی له‌یه‌ک کاتدا به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوادا، په‌خش کردبووه‌وه. تا جه‌نگی یه‌که‌میش مه‌زنترین هێزی ئیمپراتۆریایی و سه‌ربازی بوو له ئه‌وروپا و به‌شێکی مه‌زنی ئاسیادا. عه‌ره‌ب و یۆنان و باکووری ئه‌فریکا و ته‌واوی ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا بوون. پێش چل ساڵان، له ئه‌نجامی ته‌کنیکی سه‌ربازیی ئه‌وروپایی له پشتییه‌وه و خه‌نجه‌ری ئێرانی- عه‌ره‌بی له پێشییه‌وه، به سه‌ر ئه‌ژنۆیدا داده‌چه‌مێته‌وه و کڕنووش ده‌با، و ئینگلیز وڵاتی عه‌ره‌بی لێ ده‌ستێنێته‌وه، و ئه‌وروپا، یۆنان و بوڵگاریا و ڕۆمانیا و یۆگوسلاڤیای لێ داده‌بڕێت و له ته‌نگه‌یه‌کدا ئابڵۆقه‌ی ده‌دات. پاشان ئه‌تاتورک و لاوانی خوێندووی ئه‌وروپایێندراو، که سوڵتانی عوسمانی بۆ خوێندنی ته‌کنیکی سه‌ربازیی ئه‌وروپایی و زانستی ئه‌وروپایی نوێ و زمانانی ئه‌وروپایی و زانیاری و ژیاریی ئه‌وروپایی، شاندبوونی بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی هێرشی سه‌ربازی و ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگیی ئه‌وروپا بوه‌ستنه‌وه، ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست. ئیدی ئه‌و هێزه جیهانییه مه‌زنه، پارچه‌پارچه بوو. ئه‌و ئیمپراتۆریا عوسمانییه پان و به‌رینه گۆڕا و بوو به ده‌وڵه‌تێکی به‌زیوی له‌تله‌تکراوی بچووک. له‌و هه‌موو وڵاته ڕۆژاوایی و ئاسیایی و ئه‌فریکاییانه‌ش ته‌نێ ئیسته‌نبوول و ئه‌نقه‌ره‌ی بۆ ده‌مێنێته‌وه. پاشانیش تیپی لاتینی ده‌بێته ئه‌لفبێی و وه‌چه‌یه‌کی نوێ په‌یدا ده‌بێت و به‌و ئه‌لفبێیه فێر ده‌بێت و وه‌ها باوه‌ڕ ده‌هێنێت، که مێژووی ئه‌و له چل ساڵ پێشتره‌وه ده‌ستپێده‌کات، واته: له جه‌نگی یه‌که‌می جیهانییه‌وه یا به ته‌واوی له‌و کاته‌وه، که به‌زێنران و له‌تله‌تکران و گه‌یشتنه ئه‌وپه‌ڕی لاوازی و بێبایه‌خی و دزێوی. له‌شکریش – له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو داستانی قاره‌مانییه‌تییه‌ی، که له ڕابردوویدا هه‌یه- مێژووی له‌و ساته‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، که به‌زێنراوه....سه‌یره و چ سه‌یرێک".
ئه‌مه‌ی شه‌ریعه‌تی ده‌یگێڕێته‌وه، نموونه‌یه‌که بۆ هه‌موو لاتینی نووسێکی باکووری کوردستانیش، که له ڕووی زمان و فه‌رهه‌نگه‌وه، به موو له تورک، جوێ ناکرێنه‌وه و ئه‌وانیش له‌و باوه‌ڕه‌دان، که مێژوو، فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بییاتی کورد، له‌گه‌ڵ لاتینییاندنی ئه‌لفبێی کوردی‌دا، سه‌ریان هه‌ڵداوه.
تاقیکردنه‌وه‌ی مامۆستایه‌کی زمانی کوردیت بۆ ده‌گێڕمه‌وه، که پێوه‌ندی به باسی دابڕانه‌وه هه‌یه: له خوێندنگه‌یه‌کی باژێڕی کارڵسگووگه"Karlsgoge"ی سوێد، وانه‌ی زمانی کوردیم ده‌گوته‌وه. له پۆله‌که‌مدا دوو شاگردم لابوون، ته‌مه‌نیان 11 و 12 ساڵان بوون، برا بوون، خه‌ڵکی باکووری کوردستان بوون و به کرمانجی ژووروو قسه‌یان ده‌کرد. نێزیکه‌ی چه‌ند مانگێک وانه‌م پێ گوتنه‌وه، ئه‌ڵبه‌ته به تیپی لاتینی و کرمانجی ژووروو، واته وه‌ک ئه‌وه‌ی، که خۆیان ده‌یانویست. پاش ئه‌و ماوه‌یه پێم گوتن، ئه‌گه‌ر هه‌وڵی ئه‌وه‌یش بده‌ین، له مانگێکدا یه‌ک دوو سه‌عاتێک ته‌رخان بکه‌ین، بۆ فێربوونی تیپی کوردیی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی فێر بن و شاره‌زا بن له‌و شێوه نووسینه‌دا و زێتریش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی منداڵه کورده‌کانی دیکه‌ی هاوه‌ڵیان به‌و تیپانه ده‌یانخوێند، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مانیش چاویان به‌و تیپانه ڕا بێت. ئیدی ئه‌وانیش گوتیان باشه. هه‌ر یه‌که‌مجار، که کتێب و که‌ره‌سته‌ی خوێندنم، بۆ بردن و ده‌ستمکرد به ڕوونکردنه‌وه بۆیان و بۆم نووسین، که گه‌ڕانه‌وه ماڵێ و ڕۆژی دووه‌م هاتنه‌وه، گوتیان: باوکمان ده‌ڵێ ئه‌مه عه‌ره‌بییه و کوردی ته‌نێ به لاتینی ده‌نووسرێت. گوتم باشه مه‌یخوێنن. ئیدی هه‌ر له دوای ئه‌وه‌وه هه‌ر، که کتێب و نووسین و وانه‌ی منداڵه‌کانی دیکه‌یان ده‌دیت، ده‌یانگوت ئه‌مه عه‌ره‌بییه و کوردی نابێ وا بێت. به‌ره‌به‌ره له خوێندنی لاتینییه‌که‌یش سارد بوونه‌وه و له نێو خۆیاندا به تورکی قسه‌یان ده‌کرد. که ده‌مگوت بۆ تورکی قسان ده‌که‌ن، مه‌گه‌ر ئێوه کورد نین، ده‌یانگوت ئێمه کوردین..تورکین..تورکین..کوردین. مه‌سه‌له‌که‌م به باوکیان ڕاگه‌یاند. باوکیان یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی، که له نێو حیزبێکی کوردی‌دا، خۆی به سه‌لجووقه و سه‌رکرده ده‌زانی، به‌م شێوه‌یه وه‌رامی دامه‌وه:"جا برا پێویسته تورکییه‌که بزانن و تورکی زمانی یه‌که‌میان بێت و چ شه‌رمیش نییه ئه‌گه‌ر له ماڵه‌وه به تورکی قسان بکه‌ن. تورکی زمانێکی گه‌وره‌یه و ئێمه به کوردی چیمان هه‌یه! ئه‌و زارۆکانه سبه‌ینێ، که مه‌زن ده‌بن کوا کتێبی فیلۆسۆفی به کوردی هه‌یه! مارکس، ئه‌نگڵز و لێنین، کوا به کوردی هه‌ن! هه‌ر ده‌بێ به تورکی بیخوێننه‌وه". پێم گوت:"کاکه ئه‌گه‌ر ئێمه به ده‌ستی خۆمان خۆمان بتوێنینه‌وه، ئیدی بۆ ڕه‌خنه له تورک و عه‌ره‌ب و فارسه‌که بگرین، یا بۆ سیاسه‌ت ده‌که‌ین! بۆ خوێندنه‌وه‌ی مارکس و لێنین ده‌بێ منداڵه‌کانت فێری تورکی بن، به‌ڵام ناته‌وێت منداڵه‌کانت، بۆ ئه‌وه‌ی خانی و جزیری و نالی و مه‌وله‌وی و حاجی قادر و شێخ ڕه‌زا و مه‌حوی و گۆران بخوێنێته‌وه، فێری کوردی بن".
نموونه‌یه‌کی دیکه‌ت بۆ باس بکه‌م: له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵێکمدا، یادی به‌خێر، که خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ری بادینان بوو و زانستگه‌یشی له عیراق به عه‌ره‌بی خوێندبوو، له سوێد جارێکیان باسی کتێب و چاپه‌مه‌نی و خوێندنه‌وه‌ی کوردیمان ده‌کرد، گوتی:"من به تیپی عه‌ره‌بی ناتوانم بخوێنمه‌وه، کوردی هه‌ر به لاتینی ده‌خوێنمه‌وه".
گه‌ڕه‌کێک له له‌نده‌ن هه‌یه به نێوی "هارینگه‌ی-Haringey"، شه‌قامێکی زۆر درێژی تێدایه به نێوی "گرین له‌ین – Green Lane"، ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری ئه‌و شه‌قامه و کۆڵانه‌کانی سه‌ر ئه‌و شه‌قامه هه‌موو، فرۆشگه و چێشتخانه و قاوه‌خانه و شیرینیفرۆش و سه‌وزه و میوه‌فرۆش و سه‌رتاش و دۆکتۆر و هه‌موو جۆره شتێکی دیکه‌یه و له سه‌ر ته‌واوی ئه‌و شوێنانه‌یش نێوه‌کانیان به تورکی نووسراوه و به‌شێکی زۆریان ناوی تورکییان هه‌یه و له‌نێو ئه‌وانیشدا نێوی هه‌ندێک باژێڕی کوردستان(دیاربه‌کر، حه‌ڕان، غازی عه‌نته‌ب) و نێوی وه‌ک(مزگین، دیار، شیروان) هه‌ن. به‌شێکی زۆری ئه‌وانه کوردن، به‌ڵام تۆ هه‌رگیز نا‌توانیت بزانیت ئه‌وانه کوردن یا تورکن، چونکه به ده‌گمه‌ن و هه‌ڵه و ڕێککه‌وتیش وشه‌یه‌کی کوردیت به‌ر گوێ ناکه‌وێت و تاکه زمان له‌وێ تورکییه و جارجاریش وشه‌یه‌کی ئینگلیزی ده‌ژنه‌فیت. له یه‌کێک له کۆڵانه‌کانی ئه‌و شه‌قامه‌دا، بنکه‌یه‌کی گه‌لێک گه‌وره و فره‌وانی کۆمه‌ڵه‌یه‌کی کوردی هه‌یه، که سه‌ر به هه‌ڤاڵانی "په‌که‌که"یه. که ده‌چیته ژووره‌وه، یه‌ک وێنه‌ی لادیواریی گه‌وره‌ی "عه‌بدوڵڵا ئوێجالان"، که ده‌ستی بڵند کردووه‌ته‌وه و سڵاوت لێ ده‌کات و پێشوازیت لێ ده‌کات و ده‌یان وێنه‌ی شه‌هیدان به دیواره‌کانه‌وه هه‌ڵواسراون و ته‌له‌ڤزیۆنێکی زه‌لام پێیه، لێ ئه‌وه‌ی گوێت لێ نابێت، زمانی کوردییه، هه‌موو گه‌وره و گچکه، ژن و پیاو، به تورکی ده‌په‌یڤن و کۆڵێکیش له‌کنیان ئاساییه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه دابڕان نه‌بێت ده‌بێ چی بێت!
ئه‌لفبێی لاتینی وه‌چه‌یه‌کی وای هێناوه‌ته به‌رهه‌م، دۆمه‌ڵان ئاسا، بێ ڕه‌گ و ڕیشه و بێ هه‌ستکردن، به‌و ماڵوێرانی و دابڕان و پێ له زه‌وی بڕاوی و له هه‌وادا مه‌له‌کردن، ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ی عه‌لی شه‌ریعه‌تی، له‌مه‌ڕ وه‌لانانی ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی و هه‌ڵبژاردنی تیپی لاتینی بۆ ئه‌لفبێی تورکییه‌وه ئاماژه‌ی پێ ده‌کات و ده‌ڵێت: "وه‌چه‌یه‌کی نوێ فێری بوو و په‌روه‌رده کرا، ئیدی ئه‌وانه وا باوه‌ڕیان هێنا، که مێژووی ئه‌وان له‌و ساڵانه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، که ئه‌لفبێ بووه‌ته لاتینی". ئه‌گه‌ر ئه‌وه، ئه‌وده‌مه‌ی شه‌ریعه‌تی ئه‌وه‌ی گوتووه، پاش چل ساڵان، له گۆڕینی ئه‌لفبێ و به شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی و وه‌ک پرۆسێسێکی له‌سه‌ره‌خۆ و تۆکمه و نه‌خشه‌بۆداڕێژراو، حاڵی تورکی خودان ده‌وڵه‌ت بێت، ده‌بێ کوردێکی به لاتینی نووس، چی به‌سه‌ر بێت و چۆن بیر بکاته‌وه!
موحه‌ممه‌دی مه‌لا که‌ریم له باره‌ی ئه‌لفبێی لاتینییه‌وه ده‌ڵێ: "پێوه‌ندیمان به که‌له‌پووری کۆنی خۆمان و گه‌لانی عه‌ره‌ب و فارسه‌وه ئه‌بڕێت، که ناتوانین نه‌ڵێین به‌شێکی گه‌وره‌ی بناخه‌ی کولتوورمانی لێ پێک دێت".
تۆ ته‌ماشایه‌کی ئه‌و گه‌له موسوڵمانانه‌ی یه‌کیه‌تیی سۆڤیێتی کۆن بکه، که چۆن یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت، به زۆر و تۆبزی ئه‌لفبێی ڕووسی به سه‌ریاندا سه‌پاند و ده‌ستیانی له ئه‌لفبێیه‌کانی خۆیان پێ هه‌ڵگرتن، ته‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندیان به که‌له‌پووری کۆنی خۆیان و گه‌لانی عه‌ره‌ب و فارسه‌وه، که به‌شێکی گه‌وره‌ی بناخه‌ی فه‌رهه‌نگیانی لێ پێک دێت، نه‌مێنیت و به‌و کاره‌ش به ته‌واوی له فه‌رهه‌نگی ئیسلام و گه‌لانی هاوئایین و هاوزمانی خۆیان دابڕێن. له هه‌مان کاتیش‌دا، که ئه‌و سیاسه‌ته‌ی سۆڤێت له‌هه‌مبه‌ر گه‌لانی موسوڵمان ئه‌نجام دراوه، گه‌لانی ئه‌رمه‌ن و گورۆزینی، که ئه‌وانیش له نێو هه‌مان سۆڤیێتدا ده‌ژیان، ئه‌لفبێی خۆیان هێڵرانه‌وه و نه‌گۆڕدران و نه‌کران به ڕووسی. گه‌لانی موسوڵمانی سۆڤیێت، ته‌نانه‌ت گه‌لانی دیکه‌ی ناموسوڵمانیش، له سایه‌ی سۆڤیێتدا، چ پاشه‌ڕۆژێکی گه‌ش و ڕووناکیان نه‌بوو، به‌ڵکه کۆڵێکیش سه‌ختیی و ناهه‌موارییان تووش بوو. ڕاده‌ی دواکه‌وتوویی سۆڤیێتیش، ئه‌گه‌ر بۆ خه‌ڵکی دیکه هه‌ندێ کون و که‌له‌به‌ری ژیانی فه‌رهه‌نگییانی پڕ کردبووبێته‌وه، ئه‌وا بۆ ئه‌وان(گه‌لانی موسوڵمان) نه‌ک هه‌ر پڕی نه‌کردبووه‌وه، به‌ڵکه کون و که‌له‌به‌ری دیکه‌ی بۆ کردبوونه‌وه و پتر ڕووساندبوونی و له فه‌رهه‌نگی خۆیانی داماڵییوون. له‌بیرچوونه‌وه‌ی تیپی عه‌ره‌بی و فارسی، زیانێکی زۆری به پێوه‌ندی فه‌رهه‌نگیی ئه‌م گه‌لانه به‌ڕابوردووی خۆیان و گه‌له موسوڵمانه‌کانی هاوسێیانه‌وه گه‌یاند، که ئه‌مه ڕاستییه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره. هه‌ر بۆیه‌ش پاش ئه‌و گۆڕانانه‌ی، له سۆڤیێتدا هاتنه ئاراوه و پاش نه‌مانی سۆڤیێت، گه‌لانی موسوڵمانی ئه‌وێش، ئازه‌ری و تاجیک و ئۆزبه‌ک و...داوای گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی و فارسی جارانی خۆیان کرد، چونکه پاش ئه‌و گۆڕانانه و پاش تێپه‌ڕبوونی شێست حه‌فتا ساڵێکی ژیانیان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕووسیدا، زیان و مه‌ترسی ئه‌و دابڕان و بچڕانی پێوه‌نده‌یان بۆ ده‌رکه‌وت. دیاره کوردیش به تیپی لاتینی، هه‌رگیز له‌وان باشتری به‌سه‌ر نه‌هاتووه، به‌ڵکه هه‌ر زۆر خراپتریشی به‌سه‌ر هاتووه و دێت، چونکه هه‌ر نه‌بێت ئه‌وان قه‌واره‌یه‌کی سیاسی خۆیان هه‌بووه و هه‌یه، چ له نێو سۆڤیێتدا بووبێتن یا له ده‌رێی سۆڤیێت.
دانانی ئه‌لفبێی لاتینی و به‌کاربردنی بۆ زمانی کوردی، لادانه له قانوونێکی سروشتیی زمانه‌که و ڕێک وه‌ک ده‌رچوونی شه‌مه‌نده‌فه‌رێکه له هێڵه‌که‌ی خۆی. زمانی تورکییش به هۆی ئه‌تاتورکه‌وه تووشی ئه‌و ده‌رده بوو. بۆ کورد ده‌بێ شه‌فه‌نده‌فه‌ره له هێڵ ده‌رچووه‌که بگێڕدرێته‌وه سه‌ر هێڵه ڕاسته‌که‌ی خۆی، نه‌ک هه‌موو شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کانی دیکه‌ش به سه‌ر هێڵه چه‌وته‌که‌دا بڕۆن و هه‌ڵه‌کانی زمانی تورکی و ئه‌تاتورک دووپات بکه‌نه‌وه. ئه‌لفبێی کوردی (تیپی عه‌ره‌بی) بزاڤ و گیانێکی زیندوو بووه و هه‌یه له نێو ژیانی کورددا و تێکه‌ڵه به ویژدان و بیرکردنه‌وه و مێژووی کورد، به به‌کاربردنی ئه‌لفبێی لاتینی ئیدی کورد نووسراوی سه‌ر کێلی گۆڕه‌کانی باوان و باوک و باپیر و داپیریشی بۆ ناخوێنرێته‌وه و له‌وه‌ش بێبه‌ریی ده‌بێت. که‌واته کورد له‌پێناوی چیدا ئه‌و پێوه‌نده‌ی ببڕێت و چاوه‌ڕوانی چ خێر و بێرێکی تایبه‌تی بێت له به‌کارهێنانی تیپی لاتینی!
به په‌یدابوونی تیپی لاتینی ئه‌و پێوه‌ند و یه‌کیه‌تییه فه‌رهه‌نگی، زمانی، هه‌ستی، ویژدانی، گیانییه‌ی نێوان کورد و کورد نه‌ما و کورده‌که‌ی باکووری کوردستان، تا هات و تا دێت له کورده‌که‌ی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، دوورکه‌وته‌وه و دوورده‌که‌وێته‌وه و تا دێتیش له تورک و زمانی تورکی و فه‌رهه‌نگی تورکی و بیرکردنه‌وه‌ی تورکیی (که‌مالیزم)ه‌وه، نێزیک‌تر ده‌بێت و پتر تێکه‌ڵی ده‌بێت و تێیدا ده‌توێته‌وه. تا ئه‌م ئه‌لفبێیه لاتینییه نه‌هاتبووه گۆڕێ، مه‌لا و فه‌قێ و خوێندکاری هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان، بێ گوێدانه سنووره‌کانی نێوان وڵاتانی داگیرکارانی کوردستان و بێ گوێدانه جیاوازی زاراوه، به نێو یه‌کدا ده‌هاتن و ده‌چوون و سوودیان، له مامۆستا و زانست و خوێندن، له هه‌موو قوژبنێکی کوردستان وه‌رده‌گرت. هه‌رچی مزگه‌وته‌کانی جزیره و بۆتان و ئامه‌د و حه‌ڕان و ته‌نانه‌ت ئیسته‌نبوول و باژێڕه تورکه‌کانیش بوون، جممه‌یان ده‌هات له خوێندکاری کوردی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و به پێچه‌وانه‌یشه‌وه. ئه‌و سنوورانه‌ی نێوان تورکیا(باکووری کوردستان) و عیراق(باشووری کوردستان) و ئێران (ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان) و سووریا(ڕۆژاوای کوردستان) و ئه‌و نه‌خشه شه‌یتانییانه‌ی وڵاتانی ئیمپریالیزم به دابه‌شکردنی کوردستان و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته دڕنده و نامرۆڤانه‌ی فه‌رمانڕه‌وایانی ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردستانیان له نێواندا به‌شراوه‌ته‌وه، هیچیان هێنده‌ی تیپی لاتینی، کوردیان له‌یه‌کدی دانه‌بڕی!
ژنێکی فلستینی، که مامۆستای زمانی عه‌ره‌بی بوو له ستۆکهۆڵم، پێش چه‌ند ساڵێک پرسیاری ئه‌وه‌ی لێ کردم، بۆ وانه‌ی کوردی به دوو سێ منداڵی کورد، که له‌و فێرگه‌یه‌دا بوون، ئه‌و کاری تێدا ده‌کرد، ناڵێمه‌وه، چونکه مامۆستای کوردی‌یان نه‌بوو. گوتم:"منداڵه‌کان خه‌ڵکی کوێن؟" گوتی:"وا بزانم کوردی تورکیان". گوتم:"ئه‌وان به کرمانجی ژووروو و تیپی لاتینی ده‌خوێنن و من به کرمانجی خواروو و تیپی عه‌ره‌بی ده‌رس ده‌ڵێمه‌وه". گوتی:"جا که واته دوو زمانی کوردی هه‌ن! واته ئێوه دوو میلله‌تن". گوتم:"نه‌خێر یه‌ک زمانی کوردی هه‌یه و ئێمه یه‌ک میلله‌تین، به‌ڵام بارودۆخی جوگرافی و سیاسی و دابه‌شبوونی کورد به سه‌ر چه‌ند وڵاتێک‌دا و نه‌بوونی قه‌واره‌یه‌کی سیاسی و...وای لێکردووین". گوتی:"جا خۆ ئێمه بیست سی زاراوه‌مان زیاتر هه‌ن و جیاوازیی هێندێکیشیان ده‌گاته ڕاده‌ی لێکتێنه‌گه‌یشتن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یه‌ک زمانی نووسین و یه‌ک ئه‌لفبێمان هه‌یه. سیاسه‌ت و سنوور و دابه‌شبوون که‌ی کارده‌که‌نه سه‌ر یه‌کیه‌تی زمان و ئه‌لفبێ". من بۆ خۆم زۆر بڕوام به وه‌رامه‌که‌ی خۆم بۆ ئه‌و خانمه نه‌بوو و زۆر چاکیش ده‌مزانی ئه‌و ڕاست ده‌کات و قسه‌که‌ی ئه‌و دروسته. ده‌رده‌که له بنه‌ڕه‌تدا سنوور و زاراوه نه‌بوو و نییه، به‌ڵکه تیپی لاتینیییه و هیچی دی.
دایکم، که باسی که‌سێکی سه‌رلێشێواو و گومڕێی کردبا ده‌یگوت:"نه که‌ر خوایه و نه ڕایه‌ت به‌نه" واته"نه به‌نده‌ی خودایه، که له ژێر فه‌رمانی ئه‌ودا بێت و به گوێی ئه‌و بکات و نه ڕه‌عیه‌تی خه‌ڵک و به‌نده‌کانی خودایشه، که هه‌وڵێک بۆ دنیا بدات"، مه‌به‌ستی ده‌ستبه‌ربوون بوو له هه‌ردوولا، واته: وه‌ک "کورده‌که‌ی له هه‌ردوو جه‌ژن بوو". ئێستا لاتینی نووسانی کورد، هه‌م له عه‌لی بوون و هه‌م له عومه‌ریش، هه‌رچی فه‌رهه‌نگی نووسراوی کورد و عه‌ره‌ب و فارسه، که تیپی عه‌ره‌بین، له ده‌ستیان چووه و سه‌ری لێ ده‌رناکه‌ن و بۆ ئه‌وان له‌گه‌ڵ زمانی چینی و عیبریدا چ جیاوازییه‌کیان نییه، به‌و لاتینییه‌ش نه بوونه‌ته ئه‌وروپایی و نه پێشکه‌وتوون، به‌ڵکه پتر له زمان و فه‌رهه‌نگ و جیهانبینی تورکی و تورکه‌وه نێزیک بوونه‌وه.
پ6. ده‌کرا به‌دياريکراوى په‌نجه بخه‌نه سه‌ر هه‌ريه‌ک له‌و کێشه و گيروگرفتانه‌ى که له هه‌ريه‌ک له‌و پيتانه‌دا هه‌يه له کاتى به‌کارهێنانياندا بۆ ده‌نگه‌کانى زمانى کوردى، داخۆ به به‌راورد گرفتى کاميان گرانتر و بنچينه‌ييتره؟.
شاکه‌لی: یه‌کێک له‌وانه‌ی داوای لاتینییاندنی ئه‌لفبێی کوردی(تیپی عه‌ره‌بی) ده‌کرد، سادیق به‌هائوددین ئامێدی، بوو. ئامێدی ئه‌م کێماسییانه له ئه‌لفبێی کوردی(تیپی عه‌ره‌بی)ی‌دا ده‌ستنیشان ده‌کات:
1. نه‌بوونی ده‌نگی(وی-û،ü) وه‌ک ئه‌وه‌ی، له تورکی و ئه‌ڵمانیدا هه‌یه و له سوێدییشدا به(Y) ده‌نووسرێت، بۆ نموونه: شێوه‌ی ده‌ربڕینی ئه‌م وشانه: سوور، دوور، دوو، موو، توو، بوو، بووک، خه‌سوو، خه‌زوور، گوو، تووتن، تووتی، تووڕک(توودڕک)، هوون(ئێوه)، نووا(پێش)، لووت، تووتکه، چوو و...، که له ده‌ڤه‌ری بادینان، نه‌ک هه‌مووی، و له زاراوه‌ی لوڕی و ده‌ڤه‌ری کرماشان و ئیلام و خانه‌قین و له هه‌ندێک ناوچه‌ی گه‌رمێندا له خوارووی کوردستان ده‌بنه: سویر، دویر، موی، توی، بوی، بویک، خه‌سوی، خه‌زویر، گوی، تویتن، تویتی، تویڕک، هوین، نویا، لویت، تویتکه، چوی و...، که به ئه‌لفبێی کوردی(تیپی عه‌ره‌بی) نانووسرێن. هاوڕێم فه‌همی کاکه‌یی، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس، بۆی گێڕامه‌وه گوتی:"له سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تیدا، جارێکیان له مامۆستا "مه‌لا عه‌زیزی سیامه‌نسووری"، که کادرێکی کۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بوو، پرسیم: مامۆستا گوو خۆشه یا گوی. ئه‌ویش گوتی: وه‌ڵڵا برا گوی خۆشه گوی". مه‌به‌ستی هه‌ردووک کاکه‌یی و سیامه‌نسووری له "گوو" و "گوی"، شێوه‌ی ده‌ربڕین و ده‌نگه‌که‌یان بووه. 2. ده‌نگی (i)ی تیپی لاتینی، که عه‌ره‌ب به "الکسرةالمختلسة" نێوی ده‌بات، به تیپی کوردی نانووسرێت. 3. ده‌نگی (ز) بۆ: به‌ز، په‌ز، زاڤا و...، که له هه‌ندێک ده‌ڤه‌ری بادینان به (ظ) ده‌رده‌بڕدرێت، واته: ناته‌واوییه‌که نه‌بوونی(ظ)ه. 4. ده‌نگی (ت) بۆ: تاڤ، تۆڤ، ته‌ڤ، تاری و...، که له هه‌ندێک ناوچه‌ی بادینان و هه‌ندێک وشه له زاراوه‌ی سلێمانیدا، به (ط) ده‌رده‌بڕدرێت، واته: ناته‌واوییه‌که نه‌بوونی(ط)ه. 5. ده‌نگی (س) بۆ: ساڵ، ساڤا، ساماڵ، سوور و...، که له هه‌ندێک ناوچه‌ی بادینان و هه‌ندێک وشه له زاراوه‌ی سلێمانیدا، به (ص)ده‌رده‌بڕدرێت، واته: ناته‌واوییه‌که نه‌بوونی(ص)ه.
ئه‌و ده‌نگانه‌ی "ئامێدی" به کێماسییان داده‌نێت و له ئه‌لفبێی کوردی (تیپی عه‌ره‌بی)دا به‌کار نابرێن یا ده‌برێن، به‌رهه‌می پرۆسێسێکی دووروودرێژه و له ئه‌نجامدا وای لێ هاتووه. ده‌نگی(وی-û،ü،y)، که هه‌ندێک ناوچه‌ی بادینان و لوڕ و زه‌نگاباد و چه‌ند ده‌ڤه‌رێکی گه‌رمێن به‌کاری دێنن، هه‌موو کورد به‌کاری ناهێنێت، منیش پێموایه هه‌بوونی باشه و ده‌بوو تیپێکی بۆ دانرابا، به‌ڵام که نییه و دانه‌نراوه، لوڕێک و زه‌نگابادییه‌ک و گه‌رمێنییه‌کیش ناتوانن به تیپی کوردی و به زاراوه‌ی خۆیان ئه‌و ده‌نگه بنووسن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وان قایلن به‌وه‌ی، که نییه و نانووسرێت و وه‌ک خه‌ڵکه‌که‌ی دیکه ده‌نووسن و ڕه‌خنه‌ش ناگرن. ده‌نگی (ط، ظ, ص) عه‌ره‌بین و ته‌نانه‌ت فارسیش، که به‌کاریان ده‌به‌ن، وه‌ک کورد ده‌یانکه‌نه (ت،ز،س)، هه‌رچه‌نده ئه‌وان(فارس) ده‌یاننووسن، وه‌لێ وه‌ک عه‌ره‌ب نایانخوێننه‌وه، ئیدی ئه‌گه‌ر به ته‌نێ له ئامێدی وا بگوترێ، خۆ هه‌موو کورد وا ناڵێت. ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره بێت، خۆ ده‌بێ کوردێکی هه‌ورامییش داوای ئه‌وه بکات، که ده‌نگی (ذ، ث)، که له هه‌ورامیدا هه‌ن و زۆریش به‌کار ده‌برێن و له ڕێنووسی کوردی ئه‌مڕۆدا بوونه‌ته (ز، س) و فارسیش ده‌نووسن (ذ، ث)، به‌ڵام به(ز، س) ده‌یخوێننه‌وه، بنووسرێن. ئه‌و ده‌نگانه‌ی(وی-Ű/ û،y، ط، ظ، ص)، که له ئه‌لفبێی کوردی (تیپی عه‌ره‌بی)دا نانووسرێن و ئامێدی به کێماسی و که‌لێنیان داده‌نێت، له‌و تیپه لاتینییانه‌یشدا، که "جه‌لاده‌ت به‌درخان" دایناون و ئه‌و به‌لایه‌وه په‌سه‌ندن و ئه‌وڕۆ کوردی باکووری کوردستان پێی ده‌نووسن و وا به‌ره‌و ئه‌وه‌یش ده‌ڕوات، ته‌واوی کوردانی سه‌ر به زاراوه‌ی کرمانجی ژووروو بیکه‌ن به ئه‌لفبێی خۆیان، له‌وێشدا به‌کار نابرێن و نانووسرێن و نین.
ئه‌گه‌ر به‌و شێوه بکرێت، که ئامێدی ده‌یه‌وێت و ئه‌لفبێیه‌که به دڵی خه‌ڵکی ئامێدی بێت و (ط، ظ، ص) و ئه‌وانه بگێڕدرێنه‌وه بۆ ئه‌لفبێی کوردی(تیپی عه‌ره‌بی)، ئه‌وا ده‌بێ(ث، ذ)یشی بۆ زیاد بکه‌ین، چونکه له هه‌ورامان به‌کار ده‌برێن و له‌به‌ر خاتری خه‌ڵکی هه‌ولێریش، هه‌رچی (ڵ)ه، بکرێن به (ر)، "دووکه‌ڵ" و "ماڵ" و "گوڵ"، بکرێن به "دووکه‌ر" و "مار" و "گور"، له‌به‌ر سلێمانییانیش هه‌رچی (ه‌ند، ه‌ن)، بکرێن به (نگ) و (س، ت)یش، له "سه‌د" و "تایه" و "سه‌گ"دا، بکرێن به (صه‌د، طایه، صه‌گ) و له‌به‌ر موکریان و ئه‌و ناوه‌ش، هه‌رچی (ر) بکرێن به (ڕ)، "شه‌راب" بکرێت به "شه‌ڕاب" و "فرانسه" بکرێت به "فڕانسه" و "پرۆسێس" بکرێت به "پڕۆسێس" و "حه‌رام" بکرێت به "حه‌ڕام".
بۆ کورد دانانی تیپی (ز) له بری(ذ، ز، ض، ظ) و دانانی (س) له بری(ث، س، ص) و دانانی(ت) له بری(ت، ط)، که له عه‌ره‌بیدا هه‌ن، بارێکی گه‌وره و گرانمان له سه‌ر شان لاده‌بات و ده‌بێ نه‌مانی ئه‌و ده‌نگانه و کردنیان به یه‌ک ده‌نگ، به پێشکه‌وتن و سه‌رکه‌وتن بده‌ینه قه‌ڵه‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت‌و بۆ هه‌موو ده‌نگێکی شێوه جیاجیاکانی زمانی کوردی تیپێکی تایبه‌ت دابنرێت، ئه‌وده‌می تیپه‌کانی ڕێنووسی زمانی کوردی گه‌لێک زۆر ده‌بن. هه‌رچه‌نده من بۆ خۆم ئێستاکه له سه‌ر ئه‌و ڕایه‌م، که دانانی هه‌ندێک تیپی وه‌ک"وی(û،ü،y)، وێ(Ö) و ئه‌لکه‌سره‌لموخته‌لیسه عه‌ره‌بی، واته: تیپێک له‌بری"، کارێکی پێویسته بۆ ئه‌لفبێی کوردی(تیپی عه‌ره‌بی).
زۆرێک له کوردانی سه‌ر به زاراوه‌ی کرمانجی ژووروو و له نێویشیاندا "جه‌لاده‌ت به‌درخان" و "سادیق به‌هائوددین ئامێدی" و هی دیکه‌یش، که بانگاشه‌یان بۆ لاتینییاندی ئه‌لفبێی کوردی کردووه، وه‌نه‌بێ هه‌ر ئه‌و کێماسییانه‌یان له‌به‌رچاو گرتبێت و بڕێک ورده سه‌رنجیان بووبێت یا هه‌بێت، به‌ڵکه ئه‌وان هه‌ر پێیان باشتر بووه، کرمانجی ژووروو به لاتینی بنووسرێت و پێیانوابووه، ئه‌لفبێی کوردی(تیپی عه‌ره‌بی) بۆ نووسین به کرمانجی ژووروو ده‌ست نادات و ناڕێکه و ناته‌واویی زۆره و کرمانجی ژووروو به تیپی لاتینی نه‌بێت هه‌رگیز باش و ڕه‌وان و دروست نایه‌ته نووسین.
هه‌رچی گیروگرفتی ئه‌لفبێی لاتینییه ڕه‌نگه بتوانین له‌م چه‌ند خاڵه‌دا ده‌ستنیشانیان بکه‌ین:
1. ئه‌و ده‌نگانه‌ی، که به‌شێکی زۆریان عه‌ره‌بین و هه‌ندێکیشیان ده‌نگی ڕه‌سه‌نی کوردیین، وه‌ک (ث، ح، ذ، ص، ض، ط، ظ، ع، غ) به تیپی لاتینی نانووسرێن. ئه‌مڕۆ، که شیعری مه‌لای جزیری، خانی، نالی، مه‌حوی، شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی و ته‌نانه‌ت گۆرانیش، که ده‌کرێنه تیپی لاتینی، ناته‌واوییه‌ک و که‌لێنێکی زۆر گه‌وره وه‌پێش دێن، ئه‌ویش نه‌بوونی ئه‌و تیپانه‌یه، که له عه‌ره‌بیدا هه‌ن و له لاتینیدا نین. ئه‌و دیارده‌یه به زۆری له شیعری کلاسیک و ئه‌ده‌بییاتی کلاسێکدا، وه‌پێش دێت. بێجگه له‌وانه‌ش، تیپی(ح، ع، غ)، که له ئه‌لفبێی کوردی(تیپی عه‌ره‌بی)دا هه‌ن و له زمانی کوردی‌دا و له هه‌موو زاراوه‌کاندا هه‌ن و به‌کار ده‌برێن، له لاتینییه‌که‌دا ده‌بنه(E,H،X)، که له‌گه‌ڵ(هێ، ئه/ ه، خ)دا چ جیاوازییان نییه. حه‌سه‌ن، حوسه‌ین، حه‌سیره‌که(گه‌ڕه‌کێکی شاری که‌رکووکه)، حه‌مه، موحه‌ممه‌د، ئه‌حمه‌د، حاڵ، حه‌په‌ی سه‌گ، حیلکه‌ی ئه‌سپ، حوکوومه‌ت، حه‌کیم، عه‌لی، عالم، عاله‌م، عه‌لیم، باعه‌باع، عیسا، عه‌ره‌ب، جومعه، ده‌عبا، ده‌عه‌جانی، غالی، غاردان، غه‌وزی به‌غدا، غه‌زاڵ، غه‌یره، غه‌بغه‌به و...له لاتینییه‌که‌دا ده‌بنه: هه‌سه‌ن، هوسه‌ین، هه‌سیره‌که، هه‌مه، موهه‌ممه‌د، ئه‌همه‌د، هاڵ، هه‌په‌ی سه‌گ، هیلکه‌ی ئه‌سپ، حوکوومه‌ت، هه‌کیم، ئه‌لی، ئالم، ئاله‌م، ئه‌لیم، بائه‌باء، ئیسا، ئه‌ره‌ب، جومئه، ده‌ئبا، ده‌ئه‌جانی، خالی، خاردان، خه‌وزی به‌خدا، خه‌زاڵ، خه‌یره، خه‌بخه‌به و... دیاره هه‌رچی وشه‌گه‌لی قورئانیشه وه‌ک: (رحمن)، (رحیم)، (عبس)، (واﻟﻀﺤﻰ) و...له لاتینییه‌که‌دا ده‌بنه: (ڕه‌همان)، (ڕه‌هیم) ، (ئه‌ببه‌سه)، (وه‌ززوها)و...ئه‌وده‌میش قورئان بۆ کوردانی موسوڵمان له قورئانیه‌تی ده‌که‌وێت و ده‌بێته شتێکی دیکه.
2. ده‌نگی(ڵ، ڕ)، که له کرمانجی خواروودا هه‌ن، له لاتینییه‌که‌دا نانووسرێن: گوڵ، گه‌ڵا، دڵداری، قه‌ڵه‌و، ده‌ڵپ، به‌ڵا، ده‌ڵاڵ، پڵاو، پاڵتۆ، پێڵاو، ناوگه‌ڵ، گه‌ماڵ، مڵه، لێڵ، که‌ڕ و لاڵ، ماڵ، ڕاز، دڕک، مه‌ڕ، زه‌ڕه‌ی نێره‌که‌ر، تڕ، پڕ، قڕه‌قڕ، مشت‌ومڕ، بڕین و...له لاتینییه‌که‌دا ده‌بنه: گول، گه‌لا، دلداری، قه‌له‌و، ده‌لپ، به‌لا، ده‌لال، پلاو، پالتۆ، پێلاو، ناوگه‌ل، گه‌مال، مله، لێل، که‌ر و لال، مال، ڕاز، درک، مه‌ر، زه‌ره‌ی نێره‌که‌ر، تر، پر، قره‌قر، مشتومر، برین و...
من له‌و بڕوایه‌دام، کێشه و گرفتی ئه‌لفبێی لاتینی گه‌لێک زۆرتر و به‌رینتره و چاره‌سه‌رکردنیشی گه‌لێک دژوارتره، هه‌رچی ئه‌لفبێی کوردی(تیپی عه‌ره‌بییه)، به بڕێک ماندووبوون و کارێکی یه‌کجار که‌م و کات بۆ ته‌رخانکردنێک، به ئاسانی ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام پێش هه‌ر شتێک دڵسۆزی و لێبڕان و بڕیاری ده‌وێت!
پ7. ئه‌و ده‌ستکه‌وت و پێشکه‌وتن ياخود گرفت و کێشانه چين، ڕووبه‌ڕووى ئه‌و به‌شانه‌ى کوردستان بوونه‌ته‌وه، که پيتى لاتينى به‌کار ده‌هێنن؟
شاکه‌لی: ئه‌و به‌شانه‌ی کوردستان، که تیپی لاتینییان تێدا به‌کار ده‌برێت، باکوور و رۆژاوای کوردستانه. به‌ڵام له‌و به‌شانه‌دا به‌جۆریکی فره‌وان به‌کار نابرێت، چونکه هه‌م ڕێگه پێ دراو نییه و قه‌ده‌غه‌یه و هه‌میش زمانی خوێندن و فه‌رمی و میدیا نییه. دیاره کوردانی باکوور و ڕۆژاوا، پتر ئه‌و تیپانه له ئه‌وروپا به‌کار ده‌به‌ن. کوردانی سۆڤیێتی جارانیش ئه‌وڕۆ پتر لاتینی به‌کار ده‌به‌ن. من به‌شبه‌حاڵی خۆم، هیج جۆره ده‌سکه‌وت و پێشکه‌وتنێک، له به‌کارهێنانی تیپی لاتینیدا نابینم و پێشموانییه کوردانی ئه‌و به‌شانه چی‌یان وه‌دی هینابێت. ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم، کۆمه‌ڵێک گرفت و کێشه‌یه، تووشی بوون و ڕووبه‌ڕووی بوونه‌وه، که تاڕاده‌یه‌کی زۆر بۆ خۆیان هه‌ستی پێ ناکه‌ن و بیری لێ ناکه‌نه‌وه و پێی نازانن. ئه‌و گرفتانه ڕه‌نگه له‌م خاڵانه‌دا خۆ بنوێنن:
1. به‌کاربردنی تیپی لاتینی، بووه‌ته هۆی دابڕانێکی ته‌واوی ئه‌وانه‌ی به‌کاری ده‌به‌ن، له ته‌واوی فه‌رهه‌نگێکی کوردی، که به ئه‌لفبێی کوردی (تیپی عه‌ره‌بی) نووسراوه‌ته‌وه. ئه‌مه وه‌نه‌بێ ته‌نێ ئه‌وه بگرێته‌وه، که به زاراوه‌کانی کرمانجی خواروو(سۆرانی)، هه‌ورامی یا لوڕی نووسراونه‌وه، به‌ڵکه ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌یش ده‌گرێته‌وه، که به کرمانجی سه‌روویش، به‌ڵام به تیپی عه‌ره‌بی نووسراونه‌وه، وه‌ک: جزیری، خانی، فه‌قێ ته‌یران، بایه‌زیدی، برێفکانی و...ئه‌وه‌ی به کرمانجی سه‌روو له باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا و به تیپی عه‌ره‌بی نووسراوه‌ته‌وه. 2. به‌کاربردنی تیپی لاتینی، بووه‌ته هۆی دابڕانێکی ته‌واوی ئه‌وانه‌ی به‌کاری ده‌به‌ن، له ته‌واوی فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بی و فارسی و ئه‌و زمانانه‌ی دیکه‌ی به تیپی عه‌ره‌بی ده‌نووسرێن. ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ڕکبوونه‌وه‌ی لاتینی نووسان، له هه‌موو نووسینێکی هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست، عه‌ره‌ب و فارس، که بووه‌ته هۆی هه‌وڵدان بۆ خۆجوێکردنه‌وه و خۆدابڕین له‌وان، له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه. دیاره له ڕووی سیاسی و ئابوورییه‌وه جێی خۆیه‌تی، لێ له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و فه‌رهه‌نگییه‌وه، کارێکی نادروسته و ناکرێت و وه‌ها کارێک له دیتنێکی نه‌ته‌وه‌یی ته‌سک و دابڕانێکی فه‌رهه‌نگی و کاڵفامی زێتر هیچی دیکه نییه.
3. گرفتێکی هه‌ره مه‌زنی لاتینی نووسان و ئه‌وانه‌یشی بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن و ئه‌و ده‌ڤه‌ره جوگرافییایه‌یشی تێیدا به‌کار ده‌هێنرێت و ئه‌و خه‌ڵکانه‌یشی سه‌رسامن پێی، ئه‌وه‌یه ئه‌وان دیتنێکی ئه‌نتی ئیسلامی"دژه‌ئیسلامی" فره خه‌ست و توندیان هه‌یه و دژی هه‌موو پێوه‌ندێکن له‌گه‌ڵ ئیسلامدا و له‌گه‌ڵ هه‌موو خۆدابڕینێکن له ئیسلام. گه‌لێک له‌و کورده "هاوچه‌رخ و نوێخواز و پێشکه‌وتنخواز" و "ئه‌وروپایێندراو" و "مه‌ستی جیهانگه‌ری"یانه، پێیانوایه ته‌واوی نه‌گبه‌تی و کڵۆڵی کورد، به هۆی ئیسلامه‌وه‌یه و ئیسلام به هۆی دواکه‌وتنی کورد ده‌زانن. ئه‌و دواکه‌وتن و کڵۆڵی و نه‌هامه‌تی کورده‌یش، ئه‌وان له ئه‌لفبێی عه‌ره‌بیدا ده‌یبینن.
ئێمه ئه‌گه‌ر له ڕووی مێژووییه‌وه بنۆڕینه سه‌ره‌تای هه‌وڵدانی خۆقوتارکردن له تیپی عه‌ره‌بی و سازکردنی تیپی لاتینی، ده‌بینین له که‌سانێکه‌وه، که هه‌م ناکورد"غه‌یره‌کورد" و هه‌م ناموسوڵمان "غه‌یره‌موسوڵمان" بوون، ده‌ستیپێکردووه و سه‌ریهه‌ڵداوه، که‌سانێکی وه‌ک: "مێجه‌ر سۆن"، "ئیسحاق مۆرگۆڵۆڤ"، "ڕۆژی لێسکۆ"، "تۆما بوا"، "پیێر ڕۆندۆ" و "مێجه‌ر نۆئێل"، که هه‌ندێکیان هانده‌ری جه‌لاده‌ت به‌درخان بوونه، بۆ دانانی ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی. ئه‌و که‌سانه‌یش وه‌ک ئایین مه‌سیحی بوون و به مه‌به‌ست، هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌ی کوردیان، له ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی- ئیسلامی داوه.
ئه‌و ده‌نگانه‌ی، له نێو کورد خۆیدا، که پێیانوایه ئیسلامبوونی کورد، هۆی پاشکه‌وتنیه‌تی، هیچ بناخه و بنه‌مایه‌کی زانستی و وردبینانه‌یان نییه و چ به‌ڵگه‌یه‌کی سه‌لمێنه‌ر و قایلکه‌ریش بۆ پشتیوانیی بۆچوونه‌کانیان نییه. ئێمه ئه‌گه‌ر بنۆڕینه جۆگرافیای کوردستان و ته‌واوی خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستیش، ده‌بینین جڤاکگه‌لێکی ناموسوڵمان وه‌ک: فه‌له"دیان، مه‌سیحی، عیسایی"، له‌نێو ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌دا ده‌ژین. ئه‌و فه‌لانه‌ش به سه‌ر کۆمه‌ڵێک نه‌ته‌وه و گه‌لدا دابه‌ش ده‌بن؛ وه‌ک: "ئه‌رمه‌ن"، "ئاشووری"، "کلدان"، "سریان" و... هه‌ندێک له‌و نه‌ته‌وه و گه‌لانه‌یش، هه‌ر له سه‌ره‌تای مێژووه‌وه، له‌و خاکه‌دا ژیاون و خودانی شارستانییه‌ت و فه‌رهه‌نگه‌لێکی مه‌زنیش بوونه و بۆ نووسینی زمانه‌کانیشیان، ئه‌لفبێی تایبه‌تی خۆیان هه‌بووه و هه‌یه و به نێزیک تیپی لاتینیشدا هه‌رگیز نه‌چوون. بێجگه له‌و "دیان"انه، خه‌ڵکانی دیکه‌ش، که وه‌ک ئایین؛ "ئێزدی"، "یارسان"، "عه‌له‌وی"،"دورزی"، "مه‌ندائی، سابیئه" و "زه‌رده‌شتی"ن، و وه‌ک نه‌ته‌وه‌یش؛ کورد، عه‌ره‌ب، تورک یا فارسن و له‌و ده‌ڤه‌ره ژیاون و ده‌ژین و هه‌ندێکیشیان ئه‌لفبێی تایبه‌تی خۆیان هه‌بووه و هه‌یه. باشه ئه‌گه‌ر ئیسلام، کوردی دواخستبێت، ئه‌ی ئه‌وانه به‌و ناموسوڵمانیه‌تییه‌ی خۆیانه‌وه، بۆچی نه‌ک هه‌ر پێشنه‌که‌وتوون، به‌ڵکه گه‌لێک له کورده موسوڵمانه‌کان دواکه‌وتووترن!
4. خۆ به پێشکه‌وتنخواز و هاوچه‌رخ و نوێخواززانیی، وای له هه‌ندێک کوردی لاتینی نووس کردووه، که تیپی لاتینی بۆ هه‌موو کورد هه‌ڵبژێرن و به باشی بزانن، چونکه تیپی لاتینی زمانگه‌لێکی پێشکه‌وتووی وه‌ک ئینگلیزی و فرانسه‌یی و ئه‌ڵمانی و ئیسپانیۆلی و... پێ ده‌نووسرێن، که زمانی ده‌یان وڵاتی پێشکه‌وتوون، به‌ڵام تیپی عه‌ره‌بی و فارسی له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات و ئیسلامی‌دا به‌کار ده‌برێن، که وڵاتگه‌لی جیهانی سێیه‌م و چواره‌من. ئیدی بۆوه‌ی کوردیش له دواکه‌وتوویی و ڕۆژهه‌ڵاتیه‌تی دوورکه‌وێته‌وه، به ڕای ئه‌مانه، ده‌بێ تیپی لاتینی به‌کار بهێنێت. ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه ئه‌نجامێکی هێنده خراپی به دواوه‌وه‌یه، ئه‌ویش سڕینه‌وه‌ی هه‌رچی فه‌رهه‌نگێکی کورده، که به ئه‌لفبێی کوردی(تیپی عه‌ره‌بی) نووسراوه‌ته، که ده‌کاته ته‌واوی گه‌نجینه‌ی فه‌رهه‌نگی کوردی. ئه‌وه‌ی پێیوایه، ئه‌گه‌ر زمانی کوردی به ئه‌لفبێی لاتینی نووسرا، ئیدی کوردییش ده‌چێته ڕیزی زمانه پێشکه‌وتووه‌کانی وه‌ک، ئینگلیزی و فرانسه‌یی و ئه‌ڵمانی و ئیسپانیۆلی و...، هه‌ڵه‌یه‌کی یه‌کجار گه‌وره ده‌کات، چونکه ته‌کنۆلۆژیا و پێشکه‌وتنی ئابووری و جڤاکی و هه‌لومه‌رجی ژیان و خۆشگوزه‌رانیی ئه‌و گه‌لانه‌ی، که خۆیان خاوه‌نی ئه‌و زمانانه‌ن - ئه‌وروپا، نه‌ک وڵاتانێک، که بنده‌ست و داگیرکراو بوونه و به تۆبزی فێری ئه‌و زمانانه کراون - چه‌ندین سه‌ده له پێشی کورده‌وه‌ن، به‌و پێشکه‌وتنه‌ش زمان پێشده‌که‌وێت و مه‌سه‌له‌که چ پێوه‌ندی به تیپگۆڕینه‌وه نییه و به تیپی لاتینی خه‌ڵک پێش ناکه‌وێت. ئه‌گه‌ر وا بووایه، ده‌بوو زمانی تورکی و سۆمالی، که ئه‌وڕۆ به تیپی لاتینی ده‌نووسرێن، له ڕیزی ئینگلیزی و فرانسه‌یی و...دا بووایه‌ن، یا به هۆی ئه‌لفبێی لاتینییه‌وه، تورکیا و سۆمال له ڕیزی وڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژاوا و ئه‌مه‌ریکادا بووایه‌ن و ژاپۆن و چین و کۆریا و ئیسرائیلیش، که ئه‌لفبێی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، له ڕیزی وڵاتانی جیهانی سێیه‌م و چواره‌مدا بووایه‌ن. له کاتێکدا که ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه‌یه، تورکیا و سۆمال، ده‌رۆزه ده‌که‌ن و ئیسرائیل و ژاپۆنیش ملانێی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپای ڕۆژاوا ده‌که‌ن.
ئه‌گه‌ر زۆریی خه‌ڵکیش، که به ئه‌لفبێی لاتینی ده‌نووسن بکرێته پێوه‌ر، ئه‌وا چین، که یه‌ک ملیار مرۆڤه، به ئه‌لفبێی لاتینی نانووسن. بێجگه له‌وانیش زمانانی دیکه‌ی وه‌ک، عه‌ره‌بی، فارسی، ئوردوو، هیندی، ژاپۆنی، کۆریایی، عیبری، ئه‌رمه‌نی، هیندی، تیگرینی و ئه‌مهاری، گورۆزینی، به‌نگالی و...ده‌یانی دیکه‌ش، به ئه‌لفبێی لاتینی نانووسرێن، که ئه‌مانه‌ش له‌گه‌ڵ چینییه‌کاندا ده‌گه‌نه سێ - چوار ملیار و پتر. هه‌رچه‌نده که‌م و زۆری خه‌ڵکانێک، که کام ئه‌لفبێ به‌کار ده‌به‌ن، چ گرنگییه‌کی نییه.
5. ئه‌لفبێی لاتینی کارێکی وای کردووه‌ته سه‌ر زاراوه‌کانی زمانی کوردی، که پتر له‌یه‌کی دوورخستوونه‌وه. ئه‌وڕۆ ئه‌گه‌ر له ڕووی زمانه‌وانیشه‌وه یه‌ک زمانی کوردی هه‌بێت، له واقیع و پراکتیکدا یه‌ک زمانی کوردیی یه‌کگرتوو و ستاندارد، که هه‌موو کوردی هه‌موو کوردستان پێی بخوێننه‌وه و بنووسن و بپه‌یڤن، نییه، به‌ڵکه زۆر ئاشکرایه، زمانی کوردی، ئێستا به چه‌ند ئه‌لفبێ و زاراوه ده‌نووسرێت. کرمانجی سه‌روو/(تیپی لاتینی، تیپی عه‌ره‌بی، تیپی کریلیک)، دملی(زازاکی)/ تیپی لاتینی، کرمانجی خواروو/ تیپی عه‌ره‌بی. به ده‌گمه‌ن هه‌ڵده‌که‌وێت کوردێک، هه‌ردوو زاراوه‌ی (کرمانجی ژووروو و کرمانجی خواروو)، به ڕێکوپێکی و به ته‌واوی بزانێت، ئه‌گه‌ر بڵێم هه‌ر نییه، ڕه‌نگه درۆ نه‌بێت. بۆ کوردێک، که به کرمانجی خواروو و تیپی عه‌ره‌بی ده‌خوێنێته‌وه و ده‌نووسێت، فێربوونی کرمانجی ژووروو به‌و تیپه لاتینییه‌ی، هێنده‌ی فێربوونی زمانێکی بیانی سه‌خته. بۆ کوردێکیش، که به کرمانجی ژووروو و تیپی لاتینی ده‌خوێنێته‌وه و ده‌نووسێت، فێربوونی کرمانجی خواروو و به تیپی عه‌ره‌بی، هه‌مان سه‌ختیی هه‌یه. خۆ ئه‌گه‌ر باس له دملی (زازایی) و ئه‌لفبێی کوردیی سۆڤیێت بکه‌ین، ئه‌وا مه‌سه‌له‌که یه‌کجار ئاڵۆز و سه‌خت و دژوار ده‌بێت. بۆ یه‌کێکی نه‌ک هه‌ر ناکورد، به‌ڵکه بۆ کوردیش، فێربوونی ئه‌و هه‌موو کوردییانه، وه‌ک فێربوونی سێ چوار زمانی بیانی وایه. ئه‌گه‌ر خۆمان نه‌خاپێنین و به چاوی واقیع بنۆڕینه مه‌سه‌له‌که، پێموایه جیاوازیی نێوان نۆروێژی و سوێدی، که دوو زمانی سه‌ربه‌خۆن، گه‌لێک که‌متره له جیاوازیی نێوان زاراوه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی و جیاوازیی نێوان دانمارکی و سوێدی، که دوو زمانی سه‌ربه‌خۆن، گه‌لێک له جیاوازیی نێوان کرمانجی ژووروو و کوردیی فه‌یلی که‌متره. پێموایه ئه‌گه‌ر هه‌موو کورد، هه‌ر به ئه‌لفبێ کوردییه‌که‌ی خۆیان(تیپی عه‌ره‌بی) قایل بووایه‌ین و قایل ببن و به‌و زاراوه‌ی کرمانجی خوارووه، که له سه‌رده‌می میرنشینی بابان و نالی شاعیر و 1922ه‌وه، که بووه زمانی فێرکردن له باشووری کوردستاندا، تا ڕاده‌یه‌ک بووه‌ته زمانی ئه‌ده‌بیی یه‌کگرتووی کوردی له باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا و زۆر له مێژه جێی خۆی کردووه‌ته‌وه و چه‌سپاوه و بووه‌ته زمانی خوێندن و کارگێڕی و میدیا، بیاننووسیبا و بیریان له یه‌کیه‌تیی زمانی کوردی بکردبایه‌وه، کاره‌که وای به‌سه‌ر نه‌ده‌هات و جیاوازیی نێوان زاراوه‌کانیش هێنده مه‌زن و زه‌ق نه‌ده‌بوو. ئه‌و زاراوه به‌و ئه‌لفبێیه‌یه‌وه، که ئه‌وڕۆ بووه‌ته زمانی ستاندارد له دوو به‌شی کوردستاندا، ئه‌گه‌ر بکرێ به زمانی ستانداردی هه‌موو کوردستان، ئه‌وده‌م ئیدی چ گیروگرفتێک نامێنێت و چۆن هه‌رچی عه‌ره‌بی جیهان هه‌ن، به جیاوازی ئه‌و هه‌موو زاراوانه‌یانه‌وه، که هه‌یانن و جیاوازی هه‌ندێکیان ده‌گاته ڕاده‌ی لێکتێنه‌گه‌یشتن، له ده‌وری یه‌ک زمانی ستاندارد خڕبوونه‌وه، که بنه‌مای ته‌واوی فه‌رهه‌نگ و شارستانییه‌ت و مێژوویانه و له بنه‌ڕه‌تیشدا زاراوه‌یه‌کی بچووکی هۆزێکی عه‌ره‌به، که "قوره‌یش"ه و دواتریش، بووه‌ته زمانی قورئان و ئیدی بووه‌ته زمانی هه‌موو عه‌ره‌ب و زمانی ئایینی ئیسلامیش. که زمانه کوردییه‌که‌یش وای لێهات و بوو به زمانی خوێندن و زمانی فه‌رمی، ئه‌وده‌می چ کێشه‌یه‌ک نه بۆ کورد و نه بۆ ناکوردیش وه‌پێش نایه‌ت.
6. ئه‌لفبێی لاتینی هه‌ستێکی وای لای زۆر کورد، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به کرمانجی ژووروو ده‌نووسن، ئافراندووه، که زێتر خۆ به کرمانج، نه‌ک کورد بزانن، یا به ده‌ربڕینێکی دی ته‌نێ کرمانجی ژووروو، نه‌ک زاراوه‌کانی دیکه‌یش، به زمانی کوردی بزانن. دروستبوونی ئه‌و هه‌سته و گه‌ڵاڵه و ته‌شه‌نه‌کردنی، له‌و باس و نووسین و بانگه‌واز و داخوازییانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت و سه‌رهه‌ڵده‌دات، که ساڵانێکی زۆر و دوورودرێژه، که‌سانێکی زۆر هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن و بانگی بۆ ده‌ده‌ن. جه‌لاده‌ت به‌درخان |