په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

ئەمە پلنیۆم بوو،

ده‌بێ تاڵەبانی لە کۆنگرە چ گوێزێک بشکێنێت؟!

 

 

عومەر کەریم سۆفی

 

تاڵەبانی بە هۆی نەبوونی هیچ حەداسەتێک بۆ حیزبەکەی لە پلنیۆمدا هێڕشکردنە سەر نەوشیروان مستەفای کرد بە ئەلتەرناتیڤی پاکسازیی و چاکسازیی و زوبانی گوڵیشی کرد بە کۆمەڵێک تۆمەتی نا مەنتیقی کە ئەو جۆرە ئاکارانە هەر لە خۆی دەوەشێتەوە و پیرۆزی بێت، پێشینان راستیان وتووە خویەک گرتت بە شیری تەرکی نادەی بە پیری!

 

من لێرەدا بە هیچ شێوەیەک نامەوێت قسە لە سەر  پلنیۆم و ئەو بێ متمانەییە بکەم کە ئەمڕۆ لە نێو مەهزەلەی ئەو حیزبەدا بەرجەستەیە، بەڵکو دەمەوێت قسە لەسەر کاراکتەری خودی تاڵەبانی و بە شێوەیەکی ئەکادیمیانە راڤەی باری دەروونی بکەم، چونکە بە بێ راڤەکردنێکی زانستیانە ناتوانین بگەین بە هیچ دەرەنجامێک.

 

پێشەکی پێم باشە ئەوە بخەمە پێش چاوی خوێنەرانی خۆشەویست، بە چ پێوەرێک ئەمڕۆ ئەوانەی وا خۆیان بە پەڕو باڵی خەتی گشتی دەزانن و بە زوبانی خۆیان ئەوان جەلالین نەک یەکێتی؟ ئەو هەموو تەنازولەی مامیانیان پێ هەزم دەکرێت کە سکرتێری حیزبەکەیان بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانی دەیکات؟ ئایا ئەگەر کاراکتەری تاڵەبانی بریتی نەبێت لە کاراکتەری کەسێکی دوو فاقی؟ چۆن لە دوای ئەوەندە ساڵ لە شەڕ و پیلانگێڕی دژ بە بنەماڵەی بارزانی و سڕینەوەیان لە زیهنی تاکی کورددا بە شێوەیەکی سیستماتیک؟ خۆی بە کەسێکی بەختەوەر دەزانێت کە دەرچووی هەمان قوتابخانەیە؟! کەواتە لێرەوە دەگەین بە فاکتی کاراکتەری راستەقینەی ئەو و ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە ئەو لە گەڵ کەسی بەهێزدایە، بۆیە زۆر بەلایەوە ئاساییە ئەگەر عومر دەرفەتی بدات سبەینێ پارتی بەلاوازی ببینێت هەمدیسانەوە بکەوێتەوە ناشرینکردنیان! سەرۆکی پارتی بەچاکی لە فاکتی تاڵەبانی گەیشتووە، بۆیە لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا لە یەکێک لە بەرە قێزەونەکانی شەڕدا کە کەوتبووە ژێر چنگی هێزەکانی پارتییەوە، ئا لەوێدا پەیامێکی ئاراستەی خودی تاڵەبانی کردو وتی:"لێرەوە بە جەلال تاڵەبانی دەڵێم، با ئیتر واز لەم وڵات و ئەو وڵات بهێنێو بێتەوە بۆ لای ئێمە، دوژمنان چەندی دەدەنێ، ئێمە دە ئەوەندە"؟!!!

 

خۆ ناکرێت سەرۆکی پارتی هێندە بێ ئاگا بووبێت لەوەی کە نەوشیروان لە پشت شەڕەکانەوەیە نەک جەلال! ئەمە بۆ خۆی جوانترین بەڵگەیە کە پێویست بە هیچ جۆرە روونکردنەوەیەک ناکات.

 

تاڵەبانی لە دووای ئەوەی لە گەڵ خەزوریدا تووشی هەرەس بوون و چەکی جاشایەتی لە گفتوگۆی ساڵی حەفتا پێیان رەوا نەبینرا، بەشێوەیەک بایدایەوە ئەگەر پارتی تووشی شکست نەبوایە رەنگ بوو خۆی بکردایە بە کوڕە گەورەی بارزانی، بۆیە لە دوای شکستەکەی پارتی بیرۆکەی ئەوە لە مێشکیدا گەڵاڵە بوو کە کار لە سەر ناشیرینکردنی پارتی بکات، بۆیە یەکێک لەو خالانەی کە بە بەردەوامی جەختی لێدەکرایەوە لە لایەن پێشمەرگەکانی ی ن ک ەوە لە کاتی دابەشبوونیان بۆ نان خواردن لە دێهاتەکانی کوردستان، ئەویش باسکردنی شۆڕشی ئەیلول بوو وەکو شۆڕشێکی بەکرێگیراو ناشیرینکردنی وێنەی بنەماڵەی بارزانی و نانەوەی جیا خوازی بوو لە نێوان سۆران و بادیناندا! بۆ پشت راستکردنەوەی وتەکانیشم، تا هەنووکە زۆرێک لە هەوادارانی ئەو حیزبە مەشحوونن بەو جۆرە بۆ چوونە نا مەنتیقیە.

 

تاڵەبانی بەو شێوە بیرکردنەوەیەی لە بەرنامەیدا بوو رۆڵی ئیسلام ببینێت، بەڵام بۆی نەچووە سەر، نەک بۆی نەچووە سەر بەڵکو لە کۆتاییدا مێژووی پێش خۆی فەرزتر کرد بە سەر ئەو مێژووەی کە لە هەوڵی سڕینەوەیدا بوو؟!

 

پڕ ئاشکرایە کە یەکێتی لە سەردەمی شاخیدا هێندەی شەڕی پارتی و لایەنەکانی دیکەی دەکرد، مەبەستی نەبوو شەڕی حکومەت بکات، بۆیە ئەوەندەش ئیشی لە سەر شۆردەنەوەی ئەقڵی پێشمەرگەو لایەنگرانی دەکرد بۆ ناشیرینکردن و ناوزڕاندنی پارتی و سەر کردایەتییەکەی، تەنانەت لە مفاوەزاتی ساڵی  هەشتاو چواردا ئەوەی داوە بە گوێی ئەفسەرێکی پلە داری لێژنەی تەنسیقی بەعسدا کە بەرزانییەکان لە بنەڕەتدا عێراقی نین بەڵکو ئێرانین! گریمان شەڕەکان نەوشیروان مستەفا لە پشتییانەوە بووە؟ بەڵام خۆ ناکرێت هەر خودی نەوشیروان لە پشت بیرکردنەوە جنونییەکانی تاڵەبانیشەوە بوو بێتن؟!

 

تاڵەبانی لە هەمووان باشتر درک بەوە دەکات کە ئەوانەی وا لە ریزی ئەو ماونەتەوە، ئەو خەڵکانەن کە بە شوێن بەرژەوەندییانەوەن، چونکە ئەو خۆی باش ئەو راستییە دەزانێت ئەگەر ئەوانە خاوەن هەست بن لە گەڵ رێزی زۆرم بۆیان، هەر ئەو کاتەی وا تاڵەبانی لە بەردەم مارلین ئۆلبرایدا بۆ مەسعود بارزانی نوشتایەوە و پاشان لە دووای پرۆسەی ئازادیی بە بێ هیچ سڵەمینەوەیک خۆی بەوە بە بەختەوەر دەزانی کە دەرچووی قوتابخانەیەکە بەڵام بە درێژایی تەمەنی بێ نمەک بووە لە بەرانبەریدا!

 

تاڵەبانی یەکێکە لە سەرکردە فاشیلەکانی جیهان، چونکە هەڵگری هیچ جۆرە پڕنسیپێک نە بووەو نییە لە ژیانیدا، ئەو هەمیشە بە شوێن بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیەوەیەتی، تاکە شتێک کە بێ لێپرسینەوە لێی دەربازی بێت لە مێژوودا، ئەو کورسیەیە وا لە سایەیدا لە هەواڵەکانی حیزبەکەی خۆی فەخامەتی وڵاتێکی مەهزەلەی لێ هاتە دونیاوە، چونکە تاکە شتێک کە بووە بە حەسرەت لە نێو دڵیدا، ئەویش ئەوەیەى کە تەمەن دەرفەتی نادات تا لە رێی سەرۆک بوونییەوە خۆی هەڵبژێرێت بۆ بە ئەندام بوون لە یەکێک لە پارتە سیاسییە عەرەبییەکاندا، تا ئەوانیش هەڵی بقووڕێنن!

 

رەنگە ئەگەر رۆژێک پرسیاری ئەوەی لێبکەن و بڵێن بۆ لە ساڵی نەوەدو یەک ئەملاو ئەولای سەددامی دیکتاتۆرت ماچ کرد، ئەویش بخاتە ئەستۆی نەوشیروان مستەفا! تالچەبانی خۆی و حیزبەکەی بە ئاگر دەکەن، بۆیە ئەگەر ئاگر شتێک نەبێت بیخوات ئەوە خۆی ئەخوات؟ ئەو حیزبە لە ئاشتیدا ناتوانێت درێژە بە مانەوەی خۆی بدات، چونکە هەمیشە وەکو بەعس شەڕی کردووە بە تەواوکەری سیاسەت، بۆیە زۆر ئاساییە ئەگەر بۆی بکرێت ئەمجارەیان لە پێناو مانەوەی خۆی شەڕی گۆڕان و جێگرەوە کۆنەکەی خۆی بکات! بەڵام بە داخەوە بۆی ناکرێت، چونکە باش ئەو راستییە دەزانێت خۆی سەری تیا دەچێت! بۆیە ئاساییە ئەگەر ئەم رەوشە بەم شێوەیە درێژەی هەبێت، رەنگە بۆ کۆنگرە ئەمجارەیان نەک گوێز، بەڵکو تەقڵە بە فیل لێبدات؟!

 

 

ستۆکهۆلم

omar_kaeim@yahoo.com