په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٤\٢٠١٢

ئه‌نفالی نۆ!
لە ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفالدا!


حەمە غەفور       


لە ساڵیادی شاڵاوەکانی تاوانی ئەنفاڵدا ئەمساڵ باسی ئەنفالی نۆهەم هاتۆتە ئاراوە! ئەگەر هەشت قۆناغی شاڵاوی ئەنفال، کە ڕژێمی بەعسی ڕوخاو بۆ بەچۆکداهێنان‌و بەتەسلیم کێشانی خەڵکی کوردستان، بە ئەوپەڕی دڕندەیی‌و دڵڕەقیەوە ئەنجامیدا پاش کیمیابارانی شاری هەڵەبجەو دەوروبەری، کە دەیان هەزار کەس لە ژن‌و مناڵ‌و پیرو لاو تیایاندا بە زیندوویی‌و بە شێوەی هەمەجی خرانە گٶڕە بەکۆمەڵەکانەوە، ئەبێت ئەنفالی نۆهەم لەسەر دەستی دەسەڵاتی کوردی‌و خۆماڵیدا دوای ٢٤ ساڵ، لەپای چیداو بۆ کام ئامانج بەڕێوەبچێت!؟ وەڵامی ئەم پرسیارە هەر دایکێکی ئەنفال‌و هەر مناڵێکی ئەنفال‌و هەر ڕزگاربوویەکی شاڵاوی ئەنفال‌و کیمیاباران لەگەڵ هەنسک‌و فرمێسک‌و قرچەی دەروون‌و ویژدانیدا ئەیداتەوە.

ئەگەر پاساوی کیمیاباران‌و هەشت قۆناغی شاڵاوەکانی ئەنفال، سەرچاوەی لە دڕندەیی شۆڤێنیزمی بەعسی سەدامیەوە گرتبوو بۆ ئامانجی هەرچی قووڵترکردنەوەی هەستی قەومپەرستانەو کینەتۆزی نێوان کوردو عەرەب‌و دژوارترکردنی پێکەوەژیان‌و خۆشکردنی ئاوری ڕق‌و دوژمنایەتی‌و دەمارگیریی لەنێوان نەتەوەی سەردەست‌و ژێردەست لە عێراقدا، ئەی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان پاش ٢٤ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا، پاساویان چییە بۆ ئەنفالی نۆ!؟ ئەنفالی نۆ هێمایە بۆ بێدەربەستی‌و بێبەها تەماشاکردنی کەس‌و کاری ئەنفالکراوان لەلایەن دەسەڵاتی کوردیەوە، کە ئێستا لە گەرمیان‌و لەسەر زمانی کەس‌و کارو ڕزگاربووانی ئەنفال‌و زۆرێک لە ڕۆشنبیران‌و میدیاکاران‌و ڕٶژنامەوانانەوە لە ڕاگەیاندنەکانەوە ڕاشکاوانە بەرگوێمان ئەکەوێت!؟

دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی، ڕوویەکی قایمی هەیە! پارتی‌و یەکێتی نزیک بە چارەکە سەدەیەکە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانیان لەژێر دەستدایەو دەیان پرس‌و مەسەلەی گەورە گەورە لەبەردەمیدایەو بێوەڵام ماوەتەوەو هەر خەریکی کاتکوشتنە. چەند سەد کەسێک لە مستەشارو پلەدارە کوردەکان کە بەشداری شاڵاوەکانی ئەنفالیان کردووە، دوای ٢٤ ساڵ هێشتا ئازادانە ئەسوڕێنەوە. فڕۆکەوانە تۆمەتبارەکە بە بۆردمانی کیمیایی هەڵەبجە لەپای چی لەزیندان ئازادکرا؟ نزار خەزرەجی چۆن توانی کوردستان جێبهێڵێت‌و بگاتە ئەوروپا؟ کەشفبوونی فایلە ڕەشەکانی سەرانی ئەم دەسەڵاتە کوردیە لەگەڵ حزبی بەعس‌و دام‌و دەزگا هەواڵگرییەکانیان شوورەییەکی تری ئەم حزبانەیەو چۆن دیزە بە دەرخۆنە کرا! دەیان پرسی تری پەیوەست بە دەست تێکەڵبوونی سەرکردایەتی پارتی‌و یەکێتی لەگەڵ ڕژێمی فاشیستی بەعسدا داستانەکانی لە ویژدانی خەڵکی کوردستاندا بە زیندووییی هەڵگیراون.

ئەو بریندارەی لە شاری هەڵەبجە هەردوو قاچەکانی بە ناپاڵمی بەعسیەکان لەدەستدا، پارساڵ قاچە سەناعیەکانی دایەوە بە دەموچاوی بەرهەم ساڵحداو ئەمساڵیش وێنەی سەرۆکە کوردەکانی خستە ژێر پێیەکانیەوە وەکو دەربڕینی ناڕەزایەتیەک بەرامبەر بە بێدەربەستیی‌و بێشەرمی ئەم دەسەڵاتە خۆماڵیە! دۆسێی سەردەشت عوسمان دوو ساڵی تەواوی تێپەڕاندو وەکو پرسی ئازادی کۆمەڵگای کوردستان سەدان هەزار کەس هاودڵی‌و پشتگیری خۆیانیان بۆ دووپات کردەوە لە جووڵانەوەیەکی گەورەی بەرگری لە ئازادی بیروڕادا، دەسەڵات، یان پارتی لە ناوچەی هەولێر بە سیناریۆی دۆڕاوو بێبنەما گەرەکیەتی وەڵامی پێبداتەوە. دۆسێی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات‌و دواترو برینداران لەجێی خۆیدا وەستاوەو جگە لە مانۆڕی دەستی دەستی پێکردن، وە زیندانی کردنی ئیبراهیمی کاکە ئەحە، بکوژان‌و تەقەکەران داڵدە دراون‌و دەسەڵاتی داوەریش زیتەی چاوی دێت! سەرباری تەقەکردنی دەسەڵات لە خۆپیشاندەران، هێرش‌و پەلاماردانی هەڵسوڕاوانی سیاسی‌و ڕۆژنامەنوسان‌و میدیاکاران، ڕۆژانە ئێمە شاهیدی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ‌و دەستدرێژیەکانی دەسەڵاتین بۆ سەر خەڵکی کوردستان، لە کرێکاران، لاوان، ژنان‌و بگرە مناڵانیشەوە!

بۆ ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفال، شایستەترین یادکردنەوە ناونانی مامەڵەو بێدەربەستی دەسەڵاتی کوردیە بە ئەنفالی نۆهەم! لەکاتێکدا ئەبوایە دۆسێی ئەنفال‌و کیمیاباران‌و سەرکوتی دڕندانەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە دژی خەڵکی کوردستان، دەروازەی سەرپشت بخستایە بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانە گەورانە کە هیچیان کەمتر نیە لە ئیبادەی جوولەکە لەلایەن ئەڵمانیای نازیەوە، یان ئیبادەی ئەرمەنیەکان لەلایەن ڕژێمی ئەتاتورکەوە! وە هاودڵییەکی جیهانی وا بۆ مەسەلەی کورد لە عێراق لە ئاستی جیهان بەدەستبهاتایە کە کۆدەنگییەکی جیهانی فەرمی لێبکەوتایەتەوە بۆ سازکردنی ڕیفراندۆمێک لەپێناو بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کوردستان! تازە خەڵکی کوردستان هێندە نائومێدبوون لەم دەسەڵاتە کە ڕەوشی نالەباری کەس‌و کاری ئەنفال‌و کیمیاباران وەکو شاڵاوێکی تری ئەنفال تەماشا ئەکەن!

کێشە نەبڕاوەکانی نێوان کوردو عەرەب، نێوان هەرێم‌و بەغدا، بەڵگەی تەواون کە کوردستان ناتوانێت لە چوارچێوەی عێراقدا ژیانێکی شەرافەتمەندانە بۆ هاوڵاتیانی دابین بکات! لە ئێستادا ئاماژەو داتاکانی دژو بەرهەڵستکاری بۆ پێکەوەژیانی کوردو عەرەب وەکو دوو نەتەوە لە چوارچێوەی یەک ووڵاتدا هێندە بەڵگەنەویستن مناڵی سەرەتاییش ئەتوانێ بیسەلمێنێت. کوردستان پێویستە لە عێراق جیابێتەوەو دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕابگەیەنرێت. دەسەڵاتی کوردی، هەردوو حزبی پارتی‌و یەکێتی وە زۆرێک لەوانەشی ئێستا ئۆپۆزیسیۆنیان پێدەڵێن، تا ئەم ساتەش هێندە بوێریان لەخۆیان نیشان نەداوە کە ئەم هەموو دڵڕەقی‌و غەدرو تاوانە لەدژی خەڵکی کوردستان ئەنجام دراوە، بە شایستەی بڕیارێکی ئازادانەی خەڵکی کوردستان بزانن لە ڕیفراندۆمێکدا بۆ جیابوونەوە لەعێراق‌و پێکهێنانی دەوڵەتێکی ناقەومی‌و نائایینی تیایدا. دەوڵەتێکی سکۆلارو هاوچەرخ کە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون سەرجەمی دانیشتوانی سنوورەکانی کوردستان بە یەک چاو تەماشابکاو هەمووشیان بەرامبەر بە ئەرک‌و مافەکانیان وە بەرامبەر بە یاسا یەکسان‌و چوون یەک بن.
 

١٢\٤\٢٠١٢
ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌غه‌فور

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک