په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١٢\٢٠١٢

ئەستێرە ژن..


ئەڵماس مستەفا     


ئەم هەموو ئەستێرانە لە ئاسمانی ژندا ئەکوژێنەوە.. ئیتر پێم ناڵێی مانگ چۆن رووی بێ ئاسمانی بێ ئەستێرە لە باوەش بگرێ.. رۆژ ئیتر تاقەتی هەڵهاتنی نامێنێ کە ئەبینێ ژیان نیگەرانە لە کوشتنی ئەو ئەستێرانە.. ئیتر زەوی لە سووڕان ئەوەستێ.. رووبارەکان لە رۆیشتندا رێگاکانیان بزر ئەکەن.. وەرزەکان ئیتر نامەی دڵداریی لەگەڵ سروشت ناگۆڕنەوە...

ئاخر ئەم هەموو ئەستێرە ژنە بۆ لە ناو ئەچن.. ناترسن ئیتر ئەگەر شەوەکان بێ ئەستێرە بن رۆژیش پشت لە ژیان بکا و نەیەتەوە!!!

ناترسن لەوەی رۆژ بە شپرزەیی هەڵبێ و لە بری خۆر چنگێ ئەستێرەی دڵشکاو لەگەڵ خۆی بێنێ.. ناترسن ئیتر ژیان لێتان یاخی بێ و نازتان هەڵنەگرێ.. لە جێێ ئاسوودەیی حەسرەت جێگاتان بۆ بگریتەوە.

ئاخر ئەم هەموو ئەستێرە ژنە هەموو رۆژێک لە ئاسمانی دڵی سروشت ئەکوژێنەوە.. کێ ئیتر نامەی دڵداریی لەگەڵ پیاوەکان بگۆڕێتەوە.. ئەگەر ئەستێرەکان لە ئاسمانی ژینی ئەوان بکوژێتەوە.. ناترسن ئیتر ئاو لە رۆیشتن یاخی بێ و ژیان بە خۆی و رۆژمێرەکانیەوە سەری خۆی هەلگرێ و نەگەڕێتەوە.

لە سروشتی ئەم ژینەدا هەموو رۆژێک ئەستێرە ژنێک ئەکەنە دیلی دەستی پیاوسالاریی و تارمایی و سۆز و ئەوینی پڕ ترووسکەی ئەکوژێننەوە.. ئیتر ژیان دەرگاکانی بە کلیلی بەختەوەریی ناکاتەوە...

ئەو کاتەی کە ژنێک پرچی لە بەر رۆشنایی خۆر شانە ئەکا هەزاران باخچە لە دایک ئەبن.. وەرزەکان پێشوازیی لە میهری ئەوان ئەکەن.. شکۆفە بە نازەوە بۆیان ئەدوێ.. فریشتە ئیتر سەری خۆی هەڵئەگرێ جارێکی تر رووی گەڕانەوەی نامێنێ بۆ ژیان.


سوێد
ماڵپه‌ڕی ئه‌ڵماس مسته‌فا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک