په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٧\٢٠١٥

  ئەی دۆست.

 

ئەفسانە سروش

دڵگران مەبە دڵگران
هەر من و تۆ درۆمان بۆ یەك نەکردوە،
هەر تۆ نەتوتوە: دەڕۆم.
هەر غروری منیش نییە نەشکاوە،
کە نەموت: مەڕۆ
هەر تۆ دوور لە من و
هەر من لە تۆ دوور نیم،
هەر من دڵتەنگی تۆ و
هەر تۆ بۆ من دڵتەنگ نی،
هەر من بۆ تۆ حەرام و
هەر تۆ بۆ من تاوان نی.
هەر باڵەکانی پەپوولەی حەزی من و تۆ نەسوتێنراوە
ئەی دۆست
تەونی جاڵجاڵۆکەی زەمەن
هەر لە رووحی من و تۆوە نەئاڵاوە
هەر پێکی عیشقی من و تۆ نییە،
کە نەشکێنراوە.
هەر چاوی تۆ بۆ من و
چاوەکانی من بۆ تۆ
فرمێسکیان تێدا قەتیس نەماوە،
هەموو خەندەکان
درۆ دەکەن
هەر وەك من و تۆ و
خەندەکانمان.
هەموو ئامێزەکان خاڵین
هەر وەك من و تۆ حەرامین
لە یەك!.
هەموو لێوەکانیش وشکن وشك
هەر بێ خوناوی لێوی یار نین.
ئەی دۆست!
لەم مەملەکەتی درۆینەدا هەمووان
دەستنوێژی دووری دەستی یاریان
هەڵگرتوە و
شەڕابی حەزیان لە گۆزەدا
خەفە کردوە.
خەندەکانیان زیندەبەچاڵ کردووە و
حەزەکانیشیان لە خاچ دراوە.

 

رانیە

ماڵپەڕی ئەفسانە سروش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک