٢٣\٥\٢٠١٥ ئەز و ئاو و گوڵ و شالوور و هەنگ و ژن!
دارا خونچە ئاو. ئەمنیش لە ئاو داچۆڕام و هاوشانی باران داڕژامە سەر زەوی؛ ئەو، رووبار و دەریاکانی ئەفراندن.. ئەزیش، لە زامدارکردنی زەوی و تەپوتۆز چێکردن پتر بترازێ.. هیچی دیکە! گوڵ. گوڵ ئاسا لە خاک چەکەرەم کرد و وە تەنیشت یەکەوە رسکاین؛ ئەو، سەراپای جیهانی لە بۆنی تەڕ و کاکلەی جوانیی گرت ئەزیش، لە قڕێژ و لە بێزەوەریی! شالوور. پێشبڕکێی شالوورم کرد دەنگ و داوەرم خڕ کڕین.. بوومە ئەستێرەی خۆشخوانیی و خەڵاتی ئۆپرای جیهانییم وەدەستهانی کەچی سەرەنجام؛ ئەو، بووە وێردی سەر زاران و ئەزیش، زاری وێردە ناسازەکان! هەنگ. دەگەڵ هەنگ تەنێ فڕینمان جودا بوو هەردووکمان لانەی خۆمان ئاواکرد؛ ئەو، لێوانلێوی کرد لە شانە و شیلەی هەنگڤین.. ئەزیش، ژیانم تێیدا قاودا و خڕیم کردە پەناوپەسیوی پیس پیس و زێراب و شوێنی قوونشۆرین! ژن. ئەوەی قوژبنە تاریک و نسرمەکانی مەژیم رۆشن دەکاتەوە هەر ئەوەیە؛ هێندەک کەس هەن زۆر وە سۆز و میهرەبان و نەرمونیانن ئەویش تەنێ هەر رەگەزی مێینان!
نێوەڕاستی مایسی ٢٠١٥ - لەندەن
|