په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 فاسۆلیاکەی پشت ئاشان.


رەحمان غەریب    


ئەو رۆژەی جێگری سکرتێری یەکێتی نیشتمانی هێزەکانی لەهەموو کونج و کەلەبەرێکەوە کۆکردەوە بە مەبەستی "پاکتاو" کردنی شیوعییەکان، تاقە رستەی ناوداری ئەو شەرە نابەرابەرە ئەوە بوو کە ئەو "سەرکردایەتی و بنکردایەتی" لە پشتاشان گرتووە و سەرکردەیەکی مەیدانیش لە رێگەی جیهازی "راکاڵ"ەوە لە رادێۆ رایگەیاند "ئێستا فاسولیاکەی بارەگای شیوعی دەخۆین."


بە بێ گەڕانەوە بۆ هیچ دۆکۆمێنتێکی مێژوویی ئەو سەردەمە لەنارەزایی حزبە شیوعی و چەپە عەرەبی  و غەیرە عەرەبیەکان، بە بێ خوێندنەوەی بیرەوەری هاوڕێێانی شیوعی و غەیرە شیوعی، لەوانەش هەندێ لە کادیرانى بە ئینسافی ناو یەکێتی، خواردنی فاسولیا لە سەر "لاک"ی قوربانییەکان وەک لە راگەیاندنەکەی خۆیان قسەی لەسەرکرا بەسن بۆ ئەوەى تا مێژوو مابێت ناوی نەوشیروان موستەفا بە کارەساتی پشتئاشانەوە بلکێنن، کە خوێناویترینیان بوو لە شەری ناوخۆی ئەو دەورانە.


سکرتێری پێشوی کۆمەڵە کە سەرکردایەتی یەکەم شەڕی پشتئاشانى کرد لەچاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییانەى گۆڤاری (گوڵان)دا دەڵێت "میدیای حزبی شیوعی عێراق رۆڵی زۆر گەورەیان هەبوو لەوەی کە ناوی من بە شەری ناوخۆوە بنوسێنن بە تایبەتی دوای شەڕی پشتئاشان."


ئەوە راستیەکانى شەری خوێناوی ئەو رۆژە بوو کە لە رادیۆی یەکێتی روماڵ ئەکرا، بە تایبەتیش رادێوی گەلی کوردستان، ناوی (نەوشیروان)یان لکاند بە شەڕی خوێناوی قرناقا و پشتئاشانەوە.


ئەو راستیانە لە یادەوەری زۆربەی ئەو کەسانەدا بە تایبەتیش ئێمەومانان کە تەمەنێکیان بەدیار گوێگرتن لە هەواڵی ئەو رادێویەوە سەرفکرد، نەسڕاوەتەوە. کاتێک جێگرەکەی تاڵەبانی لە ناو بارەگای راگەیاندنی حزبی شیوعی و لەسەر تەرمی قوربانییەکان لە رادێوی ناوەندی "شۆرشى نوێ"وە مژدەی سەرکەوتنی هێزەکەیانی بە ڕای گشتی گەیاند کە هێزەکانیانیان فاسولیای قورابانییەکان نۆش ئەکەن و ورەیان بەرزە و ئێستا سەرقاڵی باڵەکانی ئەوانن پاش ئەوەی "سەریان پان کرایەوە".


پاش خواردنی فاسولیای خوێناوی پشتئاشان، بۆ ماوەیەکی دور و درێژ شتێک نەمایەوە ناوی راگەیاندنى حزبی شیوعی بێت. ئەوەی هەبوو نەڕەنەڕی شەڕکەران و گرمەگرم و چەخماخەی دەنگی بێژەرەکانی رادێوکەی یەکێتی و لێدوانی سەرکردەکانی شەڕبوون کە داوای لەهێرشبەران دەکرد "پەرێزتان پاک بێت" وەک ئاماژەیەکی ترسناک بۆ بۆ ئەوانەی پشتاشانییان خەڵتانی خوێن کرد، هیچ لە دوای خۆیان جێنەهێڵن.


فازیل کەریم ئەحمەد(جەعفەر) لە چیرۆکی "ئەمڕۆ زەماوەند ئەگێرین" دەڵێت (شێرۆ) بە دەستی خۆی دیلەکانی ئەکوشت. هەروەها دەڵێت "دیلە شیوعییەکان دەیانگوت ئێمە تازە گەیشتوین و چەکمان پێنەدراوە و لە شەریشدا بە دیل نەگیراوین، ئیتر بۆ بەناهەق ئەمانکوژن؟...، شیرۆ بە وەڵامیان قایل نەبوو پێی ئەوتن لەبەر ئەوە ئەتان کوژم چونکە ئێوە هاتونەتە خاکی ئێمەوە، لەگەڵ هاژەی دەستڕێژی گولەدا دیوار و ئەردی ژورەکە سور هەڵگەڕان بەخوێنیان"

"کوشتنی دیل" لە شەرێکدا کە سکرتێری کۆمەڵەی رەنجدەران، "باڵە مارکسی"یەکەی یەکێتی، سەرکردایەتی دەکرد فاکتەرێکی بەهێزی لکاندنی ئەو تاوانەیە بە بەڕێزییەوە نەک راگەیاندنی شیوعی کە بەشێکی ئەکتیڤیان لە بارەگاکەدا بە دیل گیران  و کوژران.

قسەکردنیش لەسەر ئارەزووی خواردن بەسەر تەرمی قوربانییەکانی ئەو کارەساتە، وێرانەیەکمان پیشان ئەدا، تیایدا چەکدارەکان بەخوێنێکی ساردەوە، بەسەرلاشەی هەلاهەلابوی قوربانیان فاسۆلیا دەخۆن و هەڵپەرکێ سازدەکەن، کە ئەمەیان لە هەڵدانەوەی گۆری رابردوو، بە سوێترن .


تێبینی : ئەم بابەتەم نارد بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی بۆ بڵاوکرنەوە، داوای لێبوردنیانکرد.

 

 

rahmangarib@yahoo.com