په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

فاوڵەکەى پەرلەمان پێویستى بە کارتێکى سوورە.


ئاسۆ عوسمان  


پەرلەمانى کوردستان دەیەوێت لەرێگاى فاوڵێکەوە گۆڵێکى تر لەدیموکراسى بکات وبەناوى دەزگایەکى گرنگى یاساییەوە کەپەرلەمانە شەرعیەت بە تاکڕەویى و نادیموکراسى بدات. 4-6-2005 یەکەمین دانیشتنى پەرلەمان ئەنجامدراوە و بەپشتبەستن بەماددەى (51) شەرعیەتى یاسایى پەرلەمان لە4-6-2009، کۆتایی پێدێت و ماوەى یاسایى خۆى تەواو دەکات. لەگەڵ ئەوەى هیچ بەهانەیەک نەبوو بۆ درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان جگە لەویست وقازانجى سیاسیى یەکێتى وپارتى، ئێستاش پەرلەمان وەک باڵاترین دەزگاى یاسادانان خۆى خەریکى بەیاسایکردنى بڕیارى نایاساییەو رۆشنبیران ویاساناسان وشەقامى کوردیشیان تووشى سەرسامى کردووە، ئامادەش نین گوێ لەکەس بگرن وسوورن لەسەر جێبەجێکردنى بڕیارەکانى پارتى ویەکێتى، بێئەوەى لەخۆیان بپرسن پەرلەمانێک خۆى بەنایاسایى تەمەنى خۆى درێژ کردبێتەوە لەگەڵ ئەوەشدا تەمەنى درێژیى لەچەند هەفتەیەک تێپەڕ نەکات، چۆن دەکرێت لەو ماوە زەمەنییە زۆر کورتەدا قەرەبووى چوارساڵ لەکەمتەرخەمییەکانى بکاتەوە؟! هەرلەسەرەتاوە دیاربوو درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان بۆتەسریف ئەعمال نییە بەڵکو بۆ جێبەجێکردنى نەخشەو پلانەکانى دەسەڵاتە دژ بەئایندەى دیموکراسى ورێگرتن لەدروستبوونى ئازایی لێوەشاوەیی لەخولى سێیەمى پەرلەماندا، بۆئەوەى یەکێـى وپارتى چوار ساڵى تریش بەئاسانى بێ لێپرسینەوە چییان ویست بیکەن وهیچ کەسێک یان هیچ دەزگاو یاسایەک نەبێت لێیان بپرسێتەوە. هەژدە ساڵە ئەم هەرێمە نەک بێ دەستوورە بەڵکو خاوەنى پەرلەمانێکیش نەبووە داکۆکیکەر بێت لەبەرژەوەندییە گشتییەکان، ئەوەى هەبووە ئەوەى کە تا ئەم چرکەساتەش شەرعییەتى بەخۆیداوە جگە لەپارێزەرو گوێڕایەڵى یەکێتى وپارتى نەیتوانیوە ببێتە نوێنەرى گشت تاکەکانى کۆمەڵى کوردیى.

پەسندکردن وتێپەڕاندنى دەستوورى هەرێمى کوردستانیش لەم کات وساتەدا بڕیارێکى پێشوەختى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى وپارتییەو جگە لەقازانجى ئەم دووحزبە دەسەڵاتدارە سوودى هیچ لایەکى تێدا نییەو خۆ ئەگەر دەستوورەکەش دەستوورێکى پێشکەوتوو وهاوشێوەى دەستوورى ئەمەریکا یان وڵاتانى ئەوروپاش بوایە هێشتا پەسندکردنى لەلایەن ئەم پەرلەمانەوەو لەو ماوە کورتەدا بێ گەڕانەوە بۆ رای گشتى و ریکَخراوەکانى کۆمەڵی مەدەنى کارێکى دروست نییەو پێچەوانەى بنەما دیموکراسییەکانە. بەڵام یارییەکە دیارە وگزییەکانى یەکێتى وپارتیش روونەو فاوڵەکەى پەرلەمانیش ئاشکرایە. بەکورتی وکرمانجى یەکێتى وپارتى دەیانەوێت ئەم دەستوورە لەپەرلەمان تێپەڕێنن ولەو ماوە کورتەدا گۆڵێَکى ناشەرعى لەدیموکراسى بکەن و بەرەى پاوەنخوازیى ودەسەڵاتویستی بۆ هەمیشە بکەنە براوەى یەکەم لەبەرئەوەى ترسى ئەم دووحزبە زۆر ئاشکراو دیارەو ئەوەیان لا روونە لەپەرلەمانى ئایندەدا ناتوانن زۆرینەبن بۆیە دەیانەوێت لەرێگاى دەستوورەوە دەسەڵاتەکانى پەرلەمان سنووردار بکەن.


پەرلەمانیش لەوەڵامى راى گشتى و رۆشنبیراندا تازە بەتازە دەمانگێڕێتەوە بۆ سودان و ئەو وڵاتە دواکەوتووە دەکاتە نموونە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆى، سودانێک کە عومەر بەشیرو پەرلەمانەکەى بەرپرسن لەکوژرانى هەزاران هاووڵاتی وئابڕوبردن وکوشتنى هەزاران کچ وژنى دارفور، سودانێک جگە لەیاساى بەشیر وشمشێر بەدەستەکان هیچ یاسایەکى ترحکومى ناکات، دیارە برادەرانى پەرلەمان دەیانەوێت کوردستان بکەنە سودان ونوزەى دیموکراسى لەم وڵاتەدا ببڕن، سەرۆکەکەشى بکەنە عومەر بەشیرى لەیاسا هەڵهاتوو، پەسندکردن و تێپەڕاندنى دەستوور لەپەرلەمانداو ئامادەکردنى بۆ راپرسى لەم ماوە کورتەدا فاوڵێکى ئاشکراى پەرلەمانەو پێویستى بەکارتێکى سوورە، خۆئەگەرنا و لێبگەڕێین ئەم دەستوورە تێپەرێت ئۆپۆزیسیۆن وشەقامى کوردیى بەم فاوڵە دۆڕاندنى مسۆگەر کردووەو یەکێتى وپارتیش براوەى یەکەم وئاخیرى هەموو یارییەکان دەبن.



Lawa_0@hotmail.com