په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١٢\٢٠١١

تەوەری وتووێژ: توندوتیژی بە دژی ژنان.*

فه‌ریبا محەممەدی:**

میدیا و راگەیاندنەكانیش لە خزمەت بەرژەوەندییەكانی دەسەڵاتداران دان.

 


کوردپا: لە زۆربەی تیۆرییەکانی توندوتیژیدا، پیاوان وەکوو هۆکاری سەرەکیی توندوتیژی بەدژی ژنان لە قەلەَەم دەدرێن، بەڵام لە ناوەرۆکی ئەم پرسەدا دەبێ بزانین کە چ هۆکارگەلێک کرداری توندوتیژی لەلای پیاوان دەچەسپێنێ هەتا لە ئەنجامدانی توندوتیژی بەدژی ژنان سەربەستانەتر بجووڵنەوە، بەگشتی ئەم تیۆریە بە چ لەونێ فۆرم دەگرێت و ئاخۆ دەکرێت بۆ تەواوی ئەو هۆکارانە پیاوان بە تاوانبار بزانین؟

فه‌ریبا محەممەدی: توندوتیژی هەروەک خوتان ئاماژەتان پێکردووە تەنیا تایبەت بە وڵاتێک یان ناوچەیەک نیە بە گشتی لە ئاستی جیهاندا توندوتیژی بەتایبەت دژی ژنان بوونی هەیە. لە کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان و بەتایبەت ئەو کۆمەڵگایانەی کە هێشتا ئایین و کولتوور دەوری سەرەکی دەگێڕن لە هەموو پێوەندییەکانی مرۆڤدا، توندوتیژی بە شێوەیەکی بەرچاو هەیە، کە ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە درێژایی هەزاران ساڵ ژن وەک بوونەوەرێکی لاواز و بێ دەسەڵات ژیاوە و هەر ئەمەش وای کردووە کەلە مەترسیی توندوتیژیدا بێت. پیاوانیش بەهۆی ئەوەی هەمیشە خاوەن دەسەڵات و هێز بوون و چ لەنێو ماڵ و چ لە دەرەوە هەموو هێز و دەسەڵاتێکیان هەبووە، هەروەها ئایینیش ئەم هێز و دەسەڵاتەی زیاتر پتەو کردۆەتەوە بۆیان، جۆرێک کولتوور پێکهاتووە کە بە ئاسانی ناتوانین لە کۆمەڵگا لای ببەین. ئەویش کولتوور و فەرهەنگی پیاو سالارییە کە ژن بە لاواز و کەم هێز چاو لێدەکات و بەردەوام پێ خۆشە کە ژن لە خزمەت بەرژەوەندیەکانی ئەودا بێت، هەر ئەمە وا دەکات کەلە کۆمەڵگا توندوتیژی بەرهەم بێت و ژن ببێ بە قوربانی. ناکرێت بڵێین تاوانباری سەرەکی پیاوانن، چونکە ئەوان بۆ خۆشیان پەروەردەی وەها کولتوور و فەرهەنگێکن کە رەنگە پێیان خۆش نەبێت، بەڵام ئەم شێوازە لە پەروەردە و نەریت وامان لێدەکات کە توندوتیژی بە بەردەوامی دووپات بکەینەوە. پیاو هەمیشە خاوەن هێز و دەسەڵات بووە و ژن لاواز و بێ دەسەڵات کە بێ دەسەڵاتی ژنان خۆی هۆکارێکە بۆ ئەوەی پێگەیەکی لاوازییان هەبێت و بەرامبەریان توندوتیژی بەکار بێت. هەر بۆیە پەروەردەی سەقەت و سیستمی دواکەوتوو وا دەکات کە هەم ژن و هەم پیاویش ببنە قوربانی.

کوردپا: ئێمە هەر رۆژە دەبینین دام و دەزگا و ناوەندە حکوومەتییەکان لەسەر شەقامەکان بە بیانووی بێ حیجابی لەژێر ناوی گەڵاڵەگەلێکی وەکوو: حیجاب و عیفاف، جێبەجێ دەکرێن، ئاخۆ جۆری رەفتاری ئەو دامەزراوە حکوومەتیانە لەناو کۆمەڵگا، خۆی جۆرێک لە دیسان سەرهەڵدانەوە و پەرەسەندنی توندوتیژی بەدژی ژنان نیە؟

فه‌ریبا محەممەدی: سیستمی دەسەڵاتدارێتی و یاسا دەوری گرینگیان هەیە لە هەر کۆمەڵگایەک بۆ جێ خستنی فەرهەنگ و کولتووری نوێ، بەداخەوە لە ئێران نە سیستمی دەسەڵاتدارێتی و نە یاسا هیچکامیان لە خزمەت وشیاری و بردنە سەرەوەی ئاستی رۆشنبیریی کۆمەڵگا نین. یاسای کۆماری ئیسلامی پڕ لە هەڵاواردن دژی ژنان و بە ئاشکرا مافەکانی تاک بە گشتی و ژنان بەتایبەتی تێیدا پێشێل کراوە. رۆژانە لە ئێران و بە بەرچاوی خەڵک ئیعدام دەکرێت، سووکایەتی بە ژنانی بێ حیجاب دەکرێت و هەموو ئازادیە تاکەکەسیەکان زەوت کراوە و میدیا و راگەیاندنەکانیش لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتداران دان و ئەمەش وادەکات کە چ سیستمی پەروردە و چ میدیا و چ یاسا و کولتوور هەموو بەرهەمهێنەری توندوتیژی بن و بەردەوام دووپات بکرێنەوە.

کوردپا: ئاخۆ جیاکردنەوە و هەڵاواردنی رەگەزی هەر لە سەرەتای ژیانی مرۆڤەوە (سەردەمی منداڵی) رەخساندنی جۆرێک لە زەینیەتی جیاواز و پارێزگاری کردن لە ژنان لە هەمبەر ئەو خەسارانەدا نیە کە لەلایەن پیاوانەوە رووبەڕوویان دەبیـَەوە؟ ئاخۆ ئەم سیاسەتە جۆرێک لە رەوایی بەخشین بە رەخساندنی زەینیەتی دەسەڵاتدارێتیی پیاوان نیە؟

فه‌ریبا محەممەدی: جیاکردنەوەی کوڕ و کچ هەر لە تەمەنی منداڵی و دوور راگرتنی ئەم دوو رەگەز لە یەکتر وا دەکات کە حەز و پێویستیە جینسی و عاتفیەکان سەرکوت بکرێن و ببنە گرێ (عقدە)ی جینسی کە دواتر دەتەقێتەوە. با لێرەدا نموونەیەک بهێنمەوە ئەویش رووداوی چەند مانگی رابردووی شارەکانی کاشمەر و خومەینی شەهر بوو کە بە کۆمەڵ لەلایەن چەند پیاوێکەوە دەستدرێژی کرایە سەر چەند ژنێک. کە ئەم رووداوە لە راستیدا تەقینەوی جینسی بوو. ئەمە نیشان ئەدات کە دابڕان و دووریی دوو رەگەز لە یەکتر کۆمەڵگا و سەرکوت کردنی حەز و ئارەزووە سێکسی و عاتفییەکان چۆن لە یەک کاتدا دەتەقێتەوە و ژن دەبێتە قوربانی. هەرچەند ئەمە دەتوانێت هۆکاری دیکەشی هەبێت وەک ئەوەی کە توندوتیژی ئەوەندە ئاسایی بۆتەوە کە ئەو جۆرە پیاوانە ئیزن ئەدەن بە خۆیان بەم شێوەیە دەستدرێژی بکەنە سەر ژنان. هەموو مرۆڤێک لە تەمەنێکی دیاریکراودا حەز و ئارەزووی عاتیفی و سێکسی هەیە کە رەنگە بە قسە کردن یان ماچێک وەڵامی خۆی وەربگرێت، بەڵام ئەگەر ئەمە هەر سەرکوت کرا، دەبێتە گرێ و دواتر بە شێوەی خراپتر خۆی دەردەخات. کۆمەڵگای ئێرانیش وای لێهاتووە کە بەردەوام کوڕ وکچ لە یەک دوورن و ناتوانن هیچ پێوەندییەکی عاتیفی، کاری، دۆستایەتی و زۆر شتی دیکەیان هەبێت و هەمیشە ترسێکیان لە رەگەزی بەرامبەر هەیە بەتایبەت کچان. ئەمە وا دەکات کە تێنەگەیشتنێک لە نێوان ئەم دوو رەگەز پێک بێت و هەندێک دیاردەی کۆمەڵایەتیی ناحەز لە کۆمەڵگا دروست بکات. کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەم رۆژی بە دەسەڵات گەیشتنی هەوڵی دا هەتا ژن و پیاوان لێک جیا بکاتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش هەنووکە لە زانکۆکان گەڵاڵەی جیاکردنەوەی جنسیەتی بەڕێوە دەبات کە ئەمە کاریگەریی زۆر خراپ لەسەر هەر دوو رەگەز دادەنێت، چونکە ئەم سیاسەت و روانگەیە وا دەکات کە ژن و پیاو نەتوانن پێکەوە بن، چونکە ئەگەر وابوو ئەوە تەنیا لایەنە سێکسیەکان لەبەرچاو دەگرن کە ئەمەش وای کردووە بەشێکی زۆر لە ژنان و پیاوان بە روانگەیەکی دیکەوە سەیری پێوەندیی نێوان ژن و پیاو بکەن.

کوردپا:
ئاخۆ دەوڵەت لە پەرە دان بەم توندوتیژییانە رۆڵ و کاریگەریی نیە؟ چونکە لەلایەک حاشا لە بوونی جۆرەکانی توندوتیژی دەکات و لەلایەکی دیکەشەوە و بەدژی ژنان پەرەی پێ دەدات؟

فه‌ریبا محەممەدی: توندوتیژی دژی ژنان لە ئێران تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئەگەر لە کۆمەڵگاکانی دیکە ئەو کولتوورە و هەندێک داب و نەریتی توندوتیژی بەدژی ژنان پەرەیان پێ دەدرێت لە کۆمەڵگای ئێران ئەوە سیستمی دەسەڵاتدارێتی زیاترین توندوتیژی دژی هەموو تاکەکان و بەتایبەت ژنان بەکار دەهێنێ. بە ئاشکرا لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا مافی ژن پێشێل کراوە و وەک شارۆمەندێکی پلە دوو سەیر دەکرێت. سەنگسار کردنی ژن، حیجابی زۆرەملێ، نەبوونی مافی جیابوونەوە و زۆر شتی دیکە لە پێناسە سەرەکیەکانی دژە ژن بوونی کۆماری ئیسلامیە. هەر بۆیە دەوڵەت و یاسا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە پەرەپێدانی توندوتیژی. چونکە بە رەسمی و بە یاسا توندوتیژی لە کۆمەڵگا نهادینە کردووە و ئەمەش بۆتە بە رێگرێکی گەورە لە بەردەم خەبات دژی توندوتیژی.


کوردپا: بەڕای ئێوە ئاخۆ تەرخان کردنی رۆژێک لەژێر ناوی رۆژی نێودەوڵەتیی سڕینەوەی توندوتیژی بەدژی ژنان بۆ خۆی دیسان پەرە بە زەینیەتی توندوتیژی بەدژی ژنان نادات؟


فه‌ریبا محەممەدی: من پێم وانیە کە دیاری کردنی رۆژێک پەرە بە توندوتیژی بدات، بەڵکوو تا کاتێک کە توندوتیژی هەبێت، بوونی وەها رۆژێک و وەبیرهێنانەوەی زۆر پێویستە. رەنگە بڵێین کە بۆچی تەنیا لەم رۆژە باسی توندوتیژی دەکرێت؟ نەخێر هەموو رۆژێک چالاکانی ژنان و رێکخراوە مرۆڤدوستەکان هەوڵ دەدەن بۆ بنبڕ کردنی توندوتیژی، بەڵام ئەم رۆژە وەک سیمبۆلێک بۆ وەبیرهێنانەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و بەتایبەت دەسەڵاتداران لە ئاست توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان زۆر پێویستە. هەتا کاتێک مافە مرۆییەکانی ژن پێشێل بکرێت و هەتا کاتێک توندوتیژی وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی ژنان بە کار بهێنرێت و پیاو دەسەڵاتدار بێت و ژن پلە دوو، پێم وایە بوونی رۆژگەلێک وەک هەشتی مارس و 25ی نوامبر زۆر پێویستن.


کوردپا: سپاس لە قبووڵ کردن و ئەنجام دانی ئەم وتووێژە.

_____________________________________

* وتووێژی تایبەتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەگەڵ فەریبا محەممەدی، چالاکی سیاسی.

** فەریبا محەمەدی: لە دایکبووی ساڵی ١٣٥٤ لە شاری سنە. ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەرپرسی کاناڵی تەلەفیزیۆنیی ئاسۆسات لە کوردستان.

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک