په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١\٢٠١٣

فیدرالیزم هیچ پەیوەندییەکی بە ماف و خواستە مرۆییەکانی خەڵکەوە نییە.


عوسمان رەحمانی    


پیویستە هەمو تاکێکی کورد تا ڕادەیەک شارەزایی لە فیدرالیزم هەبێ و بزانێ کە فیدرالیزم چیە و ناوەرۆکی ئەم چەمک و گوزارشتە بناسێت، وە بزانێ کە جێ و شوێنی تاکی کورد وەک مرۆڤی خاوەن ماف بە ژن و پیاوەوە لەم فیدرالیزمەدا لە کوێ دایە! با پێکەوە بە کورتی لێکدانەوەیەک لە فیدرالیزم و فیدرالیەتی حیزبە نەتەوەیی و ئیسلامییەکان بکەین و بزانین ئەم هەدیە بەهەشتیە چیە کە سەرانی حیزبە نەتەوەیی و ئیسلامییەکان بەڵێنی دەدەن بە خەڵکی ناوچەکە و کوردستان. هەر وەها پێویستە لە خۆمان بپرسین کە، ئایا پاش ٢٠ ساڵ حکومەتی فیدرالیی کوردی و زیاتر لە ١٠ ساڵ حکومەتی فیدرالی لە عیراقدا بەس نییە بۆ ئەوەیکە تێبگەین فیدرالیزم کڵاو لەسەر نانێکی دیکە نییە کە تا ئێستا بە شیوازی جۆروجۆر لە لایان سەرمایەدارن و سەرانی نەتەوەیی و دینییەوە نراوەتە سەر خەڵکی ستەم لێکراوە و چینی چەوساوە و ژێردەست؟ ئایا هێشتا نابێ پرسیار لە خۆمان بکەین کە بۆچی خەڵکی عێراق و کوردستان لە ماوەی حکومەتی فیدرالیی عێراقدا نەک هەر نەگەشتن بە مافە مرۆییەکانیان و لە ستەم و زۆر و داگیرکاری رزگار نەبون، بەڵکو ئەو نەختەش کە لە رژیمی دیکتاتوریی پێشودا هەیان بو لەدەستیان داوە؟ لە سایەی فیدرالیدا وەک دەبینین بەشی خەڵکی هەژار و کرێکار و بەشمەینەت بووەتە تەقینەوە، ئاوارەیی، کوشت و کوشتار، تیرۆر و ژن کوشتن، ماڵوێرانی و هەڵاواردن، نابەرابەری و بێ ئاسۆیی.


لە راستیدا فیدرالیزم نەک هیچ پەیوەندیەکی بە مافی و ئازادیەکانی خەڵکی ناوچەکە و کوردستانەوە نییە، بەڵکو تەنها دابەش کردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی سەرمایەداری ناوەندییە بەسەر سەرانی حیزبە ئیسلامی و قەومیەکاندا. لە باری ناوەرۆکەوە فیدرالیزم هەر هەمان سیستەمی ناعادلی و دەژەمرۆیی سەرمایەداری و پیاوسالارییە کە هیچ پەیوەندیەکی بە مافی مرۆڤ و ئازادیە مەدەنی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی و تاکەکانی کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە و بەش مەینەتەوە نییە. فیدرالیزم نەک چارەسەری ستەمی نەتەوایەتی و چینایەتی و کولتووریەکان ناکات، بەڵکو زیاتر توشی گرفت و کێشە و ئاڵۆزیان دەکات وەک کردویەتی. حکومەتی فیدرالیی ئێستای عێراق زیندوترین و باشترین نمونەی فیدرالیزمە کە پێک هاتوە لە حیزبە قەومی و خێڵەکی و عەشایەری و ئیسلامییەکانی عێراق. لەم حکەموتەدا تەنها مرۆڤ و مافی مرۆڤ واتای نییە و حەسابیان بۆ ناکرێت. حکومەتی فیدرالی عێراقی، حکومەتێکی ئیسلامی و دژەمرۆییە و سەرچاوەی یاسا بنەڕەتیەکانی لە شەریعەتی ئیسلامی، نەریتی خێڵەکی و پیاوسالاریی پێک هاتوە.


فیدرالیزم پێکهاتەیەکی حوکمڕانییە کە ئەمڕۆ لە چەند وڵاتێکی جیهاندا بونی هەیە و حوکم دەکا. بە چاوخشاندنێک بەسەر سیستەمی سیاسی و ئیداری و قەوارەیی و مکانیزمەکانی هەڵسوڕان و ئیدارەکردنی ئەو وڵاتانەدا کە بە شیوەی فیدرالی بەڕیوە دەچن، دەتوانین بە ئاسانی لە ناوەرۆکی ئەم سیستمە سیاسیە تێبگەین و بیناسین. بە خوێندنەوەی هەلومەرجی کۆمەڵگای کوردەواری و ناوچەکە، دەتوانین تێبگەین کە ئایا بە راستی دەکرێ کۆپیەک لە فیدرالیزمی ئەو وڵاتانە هەڵبگیرێت و لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و کوردستاندا جێبەجێ و کاری پێ بکرێ؟


فیدرالیزم بە دو شیوەی تا ڕادەیەک لێک جیاواز کاری پێ دەکرێت و قەوارەی سیاسی چەند وڵاتێکی پێک هێناوە. دیارترین نموونەی ئەو وڵاتانە، ئەمەریکا و ئەڵمانیایە. لەم دو وڵاتەدا فیدرالیزم بە دو شیوەی جیاواز و بە دوو واتای لێک جیا کاری پێ دەکرێ. لە ئەڵمانیادا فیدرالیزم تەنها باری ئیدارەکردنی وڵات دەگرێتەبەر و یەکێکە لە شیوەکانی دابەش کردنی دەسەڵاتی دەولەتی ناوەندی کە سەرمایەداریە لە نێوان ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتەدا. ئەم دابەش کردنەی دەسەڵات لە ئەڵمانیادا، لە سەر پێکهاتەی نەتەوەیی و قەومی و دینی و شتی لەم چەشنە نییە و هیچ پەیوەندیەکی بەم شتانەوە نییە. وڵاتی ئالمان لە چەندین هەرێمی جیاواز پیک هاتوە کە هەر هەمویان لە سەر بنچینەی سیستمێکی فیدرالی پێکەوە پەیوەندیان هەیە. هەر هەمو دانیشتوانی ئەم هەرێمە جیاوازانە بە یەک زمان قسە دەکەن، یەک کولتووریان هەیە، ڕەنگی پێست و قژ و جل و بەرگیان تەقریبەن وەک یەکە، یەک داب و نەریتیان هەیە و هیچ جۆرە جیاوازی و تایبەتمەندیەکی ناسیونالیستیی و نەتەوەیی و دینیی و کولتوورییان نییە و لێکیان جودا ناکاتەوە.


فیدرالیزم لە ئەمەریکا بە تەواوی جیاوازە لەگەڵ ئەوەی ئەڵمانیا. لە ئەمەریکادا کە پێک هاتوە لە ٥٠ هەرێم (ئایالات)، نمونەیەکی دیکەیە لە فیدرالیزم. پێک هاتەی فیدرالیزمی ئەمەریکا لە چەندین قەوم و نەتەوە و زمان و ئایینی جیاوازە. بۆ نمونە ڕەش پێستەکان، زەرد پێستەکان، سور پیستەکان و سپی پیستەکان بە باوەڕ و کولتوور و زمان و ئایینی تا ڕادەیەک جیاواز لە خۆ دەگرێت. هەم ئەمەریکا و هەم ئەڵمانیان بە شیوەی فیدرالی و بە دو پێکهاتەی جیاوازەوە ئیدارە دەکرێن کە حکومەتێکی ناوەندیان هەیە وەک چاودێری گشتی و سەرچاوەی بڕیاردان.


زیاتر لە ١٠ ساڵە لە عێراقیشدا فیدرالیزم حوکمی ئەو وڵاتە دەکا کە پێکهاتوە لە حیزبە ناسیونالیستیی و ئیسلامیی و خێڵەکییەکان. ئەم حیزبانە کە حکومەتی فیدرالی عێراقیان پێک هێناوە، هەم لە باری نەتەوەیی و هەم لە باری کولتووری و ئایینییەوە لێک جیاوازن. عەرەبەکان ئەگەر چی لە باری نەتەوەییەوە هاو زمان و هاودین و هاوکولتوورن و عەرەبن، بەڵام بە هۆی جیاوازی ئایینییەوە ناگونجێن و رۆژانە یەکتر کوشتار دەکەن. حیزبە کوردیەکان کە بەشێکن لە دەوڵەتی فیدرالی عێراقی، لەگەڵ ئەوەدا کە لە باری نەتەوەییەوە کوردن، وە سەرەڕای ئەوەیکە سوننە مەزهەبیشن، دیسانەکە کێشەی ناوچەیی و جیاوازی بەرژەوندیان هەیە و بە هەزاران کەس لە یەکتریان کوشتار کردوە، وە بە کردەوە کوردستانی عێراقیان کردوە بە دو دەوڵەتی جیاواز و دژ بە یەک. ئیسلامیە کوردەکانیش هەم لە حکومەتی فیدرالی عێراقیدا بەشدارن و هەم لە حکومەتی کوردستاندا.


فیدرالیزم بێجگە لە دابەش بونی دەسەڵات لە نیوان سەرانی حیزبە نەتەوەیی و ناسیونالیستیی و دینییەکان و سەرمایەدارندا هیچ واتایەکی دیکەی نییە. لە چوارچیوەی حکومەتی فیدرالی دا بە هیج شیوەیەک مافی تاک و ئازادیە کۆمەڵایەتیەکان دابین و دەستەبەر نابن. لە باری ناوەرۆکەوە، فیدرالیزم رژیمێکی نامرۆیی و نا دیموکراتیکە. لە فیدرالیزم دا دیموکراسی تەنها بۆ سەرمایەدارانی سەرانی حیزبە دینی و نەتەوەییەکان هەیە و سامانی وڵات دابەش دەکەن بەسەر خۆیاندا. لە چوارچێوەی سیستەمی فیدرالیدا کە چینایەتیە و چینی چەوسێنەر واتا سەرمایەدارن حوکمی دەکەن، چ بە شیوەی فیدرالیی، کۆماریی و یان بە هەر جۆر و شیوەیەکی دیکە ئیدارە بکرێت، پەیوەندی بە مافی کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و هەژار و ژنانەوە نییە کە رۆژانە کوشتار دەکرێن و وەک کالای جنسی کڕین و فرۆش دەکرێن. کارنامە و کارکردی ئەو سێ نموونەیە لە فیدرالیزم کە باسمان کرد، زیندوترین بەڵگەن کە فیدرالیزم وەک شیوەکانی دیکەی نیزام و رژیمی سەرمایەداریی هیچ لە مەسەلەی ستەمکێشی و هەڵاواردنی ژنان، چەوسانەوە و هەڵاواردنی رەگەزی و قەومی و ناوچەیی لە سەر کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە کەم ناکاتەوە و بگرە زیاتر و بەرینتریشی دەکا. کارنامە و ئاکامی دەیان ساڵ دەسەڵاتی فیدرالی لە شوێنە جوراجۆرەکانی جیهاندا ئەم راستیەی بە کردەوە نیشان داوە کە، مرۆڤ لەم سیستەمە دا هیچ نرخ و رێزێکی نییە و ئەمە تەنها ئازادی مرۆڤ، ئازادی تاک، شکۆمەندیی مرۆڤ، مرۆڤی ژن و کەسایەتی تاکە کە پێشێل دەکرێ.


سەرانی حیزبە نەتەوەیی و ئیسلامییەکانی ڕۆژەهەلاتی ناوەڕاست بە گشتی و بەتایبەتی حیزبە نەتەوەیی و ئیسلامییەکانی کورد، چ ئەوانەی کە لە دەسەڵاتن و چ ئەوانەی کە ئوپوزسیونن و چاوەڕیی دەسەڵات و بەشە دەسەڵات دەکەن، فیدرالیزمیان ڕەنگ کردوە و بە نرخی مافی نەتەوایەتی و ئازادی بە جەماوەری چەوساوەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانی دەفرۆشن. خەڵکیش بە داخەوە بە هۆی جاڕدانی بەردەوام و چەواشەکاریی جاڕچیانی بە ناو روناکبیر و مودێڕن، فریوی ئەم دروشمە تا سەر ئێسقان دژەمرۆیی و زرق و برق دارەیان خواردوە و خۆێان کردوەتە قوربان و قەزاوەگێڕی بەرژەوند و دەسەڵاتی سەرمایەدارنی نەتەوەیی و دینیی ناوچەکە. ڕوناکبیرانی مەسینە هەڵگر و جاڕچیی فیدرالیزم بە پروپاگاندەی ژەهراویی خۆل دەکەنە چاوی کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە و ستەم لێکراو کە فیدرالیزم بەهەشتە و تێیدا کورد خۆشبەخت و ئازاد دەبێ. سەرانی مافیای حیزبە نەتەوەیی و دینییەکانیش بە پاڵپشتی زلهێزە تاڵانچیەکان، فیدرالیزم وەک تەنها جێگرەوە بۆ کێشە سیاسی و نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و بەتایبەتی چاەرەسەری کێشەی نەتەوایەتی کورد دەرخواردی خەڵکی ستەمکێش و چەوساوەی کوردستانیان داوە و دەیدەن. وەک دەبینین خۆیان لە بەرەیەکدا بە ناوی حکومەت یەکیان گرتوە و بە پاڵپشگی هێزی پولیس و زیندان و تیرۆر و چەکدارەکانیان دەستیان گرتوە بەسەر سەروەت و سامانی خەڵکدا. بەناو ڕوناکبیران فیدرالی ئێستاشی لەگەڵ بیت، ئامادە نەبوون و نین کە فیدرالیزم شی بکەنەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵک کە، جێ و شوێنی تاکی کورد و خەڵکی ناوچەکە لە فیدرالیزمدا چۆنە و چکارەن؟ خەڵکیش بە هۆی زاڵبونی دەمارگیریی نەتەوەیی و دینییەوە کە دەستکردی سەرانە و خۆیان لە پشتیەوە حەشار داوە و لە ڕێگای مەلاکان و بەناو ڕوناکبیرانی مشەخۆری نەتەوەییەوە بەردەوام بەرهەمی دێننەوە و دەیسەپێنن بەسەر خەڵکدا و کردویانەتە هەست و سۆزی درۆیینە بۆ خەڵک، ڕێگای تێگەشتن و بیر کردنەوەیان لە کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە گرتوە و چاوەڕوان دایان ناون تا لە فیدرالیزمی بەڵێن پێدراودا بیانگەیەنن بە بەهەشتی بەرین، یان بەریان داونەتە گیانی یەکتر و بە تەقینەوە و شەر و کوشتار و ئاژاوەنانەوە درێژە بە دەسەڵات و تاڵانگەریەکانی خۆیان دەدەن بە ناوی میللەت و ئاڵا و وڵاتەوە.


بە هۆی سادەیی و کەمتەرخەمی کۆمەڵانی خەڵکی ستەمکێشی کوردستانەوە، ڕیاکارانی وردە بورژوازی ڕوناکبیری نەتەوەیی و دینی، سەرانی حیزبە دینی و نەتەوەییەکان بە پێی قازانج و بەرژەوەندی خۆیان خەباتی کوردیان بەکار هێناوە بۆ سات و سەودای دەسەڵات و بەشە دەسەڵات. هەر ماوەیەک بە شیوەیەک رەنگ و سیاسەتیان گوڕیوە. ڕۆژیک خودموختاری، رۆژێک حوکمی زاتی، رۆژێک فدارلیزم و رۆژێکی دیکە ... بەکار هێناوە. جەماوەر ڕێگای پێ نەدراوە کە بپرسێت فیدرالیزم چیە و بە چ شیوەیەک کۆمەڵگا ئیدارە دەکا؟ مافی تاک و لەوانە ماف و جێ و شوێنی مرۆڤی کورد، ژن، ئازادی بەیان و هەڵسوڕانی سیاسی، مافی مەدەنی و منداڵان و بە گشتی خەڵکی هەژار لەم حکومەتە فیدرالیدا کامەیە؟ فیدرالیزم لە سەر چ بنەما و پەیوەندییەکی سیاسی، ئابووریی، کۆمەڵایەتی و زانستی کار دەکا؟ سەرچاوەی یاساکانی بەرێوە بردنی کۆمەڵگا چیە؟ پەیوەندی ئابووریی چۆن دەبێت لە کوردستان و لە ژێر حکومەتی فیدرالیدا؟ بە تەنها وشەیەکی ڕەق و تەقیان بە خەڵک داوە و بە تەواوی خەڵکیان لە بریاردان لەسەر ژیان و چارەنووسی سیاسی و بەشداربوون، لە داڕشتن و ڕێکخستنی کۆمەڵگا دا بێ دەسەڵات و بێ ئیرادە و بێ بەش کردوە.

 


osman_r@hotmail.no

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک