١٠\٦\٢٠١٣
فـرەحیزبیی یان
چەند حیزبى یەکڕەنگ.
کەریمۆک
پلۆرالیزم، یان فرەحیزبیی بەرەنجامى فەراهەمبوونى ئازادییە سیاسیەکانە،
ناشێ لە کۆمەڵگەیەکدا ئازادى کارى سیاسى بەرتەسک یان قەدەغە بێت،
فرەحیزبیی ئامادەیى هەبێت، چونکە فرەحیزبیی و ئازادى سیاسى یەک
پەیوەندى ئۆرگانى بەهێز بەیەکەوە دەیان بەستێتەوە، بۆیە قسەکردن لەسەر
فرەیى (حیزبیی یان هزریى یا هەر بوارێکی تر)
ڕاستەوخۆ قسەکردنە لەسەر ئازادییەکان بە گشتى.
فرەحیزبیی لە زۆرى ژمارەى ئەو حیزبانەدانییە کە لە فۆڕمدا پۆشاک و
ڕەنگى جیاوازیان پۆشیوە و بە یەک ئاڕاستە و
دیدگا کار دەکەن، بەڵکو کاتێک دەتوانین بڵێین فرەحیزبیی لە
کۆمەڵگەیەکدا بوونى هەیە کە حیزبەکان خاوەن دەنگ و تێڕوانینى سیاسى
خۆیان بن و هەریەک بەپێى جیهانبینى و لێکدانەوە و جیاوازى،
هەڵوێستەکانى خۆى پراکتیزە بکات، هەتا ئەگەر جیاوازیەکانى نێوانیان تا
ئاستى پێچەوانەی یەکتریش بێت لە ڕووى ئایدیۆلۆژیەوە.
لێرەوەیە فرەحیزبیی ماناى دابینکردنى ئازادییە سیاسیەکانە بێ هیچ جۆرە
مەرج و سنووربەندییەک.
بەم پێودانگەیە دەتوانین ئەو هەموو بانگەشەیەى بۆ فرەحیزبیی لە
کوردستان دەکرێت بخەینە ژێر پرسیارەوە.. بەوەى ئازادى سیاسى بارێکى
جێگیر و وەستاوى وەرنەگرتووە و ئاماژەکانى پاوانخوازى و قۆرخکردنى
ئازادى گەلێک زۆرترن لەو ئاماژانەى بۆ فراوانکردنى مەوداکانى ئازادی و
ئازادیى ڕادەربڕین لە ئارادان..!
فرەحیزبیی لە کوردستاندا، ئەوەندەى فرەییە
لە ژمارە و ناو و ناونیشانى بارەگا و ڕۆژنامە، ئەوەندە فرەیى نییە لە
گوتار و ئاڕاستەى سیاسى و جیاوازی بیرکردنەوە.
لەناو بازاڕ و خەڵکى عەوامیشدا، ڕۆژ نییە گوێبیستى ئەوە نەبین کە
حیزبەکان دوکانى سیاسین و سەرچاوەى مشەخۆرى و بژێوى کۆمەڵێ کەسن، دیارە
ئەم بۆچوونەش لە خۆوە سەرچاوەى نەگرتووە، لەوەوەیە کە رۆڵى حیزب لە
ئامانجى خزمەتکردنى خەڵکەوە گۆڕاوە بۆ خزمەتکردنى ئەندام و
لایەنگرەکانى خۆى.
هەردوو دەسەڵاتیش کەمتەرخەم نەبوون لەوەى حیزبى دەستەمۆ و پاشکۆ بهێننە
ئاراوە، تا ئەو ڕادەیەى کار و خەباتی سیاسى بەو ئاستە بگات، کە بە
بێ بوونی پارە مەحاڵە هیچ هەنگاوێکى سیاسى و حیزبایەتی بنرێت.
ئێستا حیزبەکان لە فەرمانگەیەکى بچووک دەچن و کادیرانیشى
لەو فەرمانبەرانەى لە چاوەڕوانى مووچەى سەرى
مانگدان..! بۆیە سەیر نییە بڵێین تادێ ژمارەى حیزبەکان زیاد دەکات و
فرەحیزبییش کەمدەبێتەوە..! لەم نێوەشدا
دەستەمۆیی و ملکەچی سیاسی زیاد دەکات و حیزبە باڵا دەستەکان لە ژێرەوە
پارەیەکی بێشومار بە حیزبە بە ناو بچووکەکان
دەبەخشن، تا لە فۆڕمدا وا نیشانبدەن وڵات فرەحیزبییە، لە ڕاستیشدا بەهێزکردنی
پایەکانی دەسەڵات و کارکردنە بۆ قۆرخکردنێکی هەتاهەتایی..!!
______________________________
•
لە پەرتووکی
(وشە و ویژدان، لە ماڵی هەتاودا).
ماڵپهڕی کهریمۆک
|