١٧\٣\٢٠١٥
"گەل"، "مرۆڤگەل"،
"مێگەل"، "گایەل"
و
جیاوازی ئاماژەکانی پشت ئەو چەمکانە.*
هەژێن
پێش هەموو شتێك " ...گەل" واتە کۆ و کۆمەڵبوونی بوونەوەرانێك لە شوێنێک
یا قەوارەیەکدا و مرۆڤبوون یا ئاژەڵبوون هیچ لە کۆبوون و کۆمەڵبوونی
(گەل)ەکان ناگۆڕێت، تەنیا شتێك کە دەتوانێت ببێتە دابڕی نێوانیان،
خودهوشیاریی و سەربەخۆیی کەسایەتی و خۆبیرکردنەوە و خۆبڕیاردان و
خۆبوونە. ئایا لە زۆربەی کۆمەڵە مرۆییەکانی ئەم سەردەمەدا وەها
خۆبوونێك بوونی هەیە؟ ئەگەر نا، ئیدی جیاوازی نێوان دەستەمۆبوونی مرۆڤ
و ئاژەڵ لەچیدایە، لە کاتێكدا کە مرۆڤیش وەك ئاژەڵ چاوەڕێی فەرمانی
شوانەکەی بێت و لەو بڕوایەدابێت، کە بەبێ هەبوونی سەرۆك و ڕابەر و
دەستەبژێری بەرتەر و ئۆتۆریتەی [دەسەڵات و سەروەریی] کەسانی دیکە،
ناتوانێت ژیانی خۆی ڕێکبخات و بەرهەمبهێنێت و دابەشبکات و کاروبار و
کۆمەڵ و شوێنی کار و فەرمان و خوێندن و ژیانی خۆی ڕێکبخات و
بەڕێوەبەرێت؟
"مێگەل"بوون یا "گایەل"بوون دوور لە سووکایەتی بە ئاژەڵ، کە من وەك
ئاژەڵدۆستێك بەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستیمەوە بۆ ئاژەڵ، دژی بەکاربردنی
وەها بەکاربردنێكم لەلایەن مرۆڤە لووتبەرزەکانەوە وەك سووکایەتی بە
ئاژەڵ، مەبەستم ئاماژەیە بۆ دەستەمۆبوون، بۆ خۆڕادەستکردنی کەسانی
دیکە، بۆ دۆشدامان و پاشڕەویی، وەك دیاردەیەك لە کۆمەڵی چینایەتیدا
بەشێوەیەکی ڕێژەیی ئامادەبوونی هەیە. ئەمە شتێکی سەیر و نامۆ نییە،
چونکە لای من مێگەلبوون ڕەخنەیە لە دەستەمۆبوون، لە ماڵیبوونی مرۆڤەکان
وەك هەر ئاژەڵێکی ماڵێکراوی دیکە نەك ڕەخنە لە ئاژەڵبوونی [...]گەلەکە.
لە تێڕوانینی مندا گەورەترین سووکایەتییە بە ئاژەڵ کاتێك کە بە مرۆڤ
بچوێندرێت، چونکە ئەو تاوان و خراپەکاریی و ناپاکیی و ملکەچیی و
خۆشباوەڕییەی کە لەنێو مرۆڤەکاندا هەیە، هەرگیز لەنێو ئاژەڵاندا
پەیدانابێت و نەبووە.
مێگەلبوون [بەواتای دەستەمۆبوون] دیاردەیە و هەرگیز بەبێ ڕامکار و
دەستەمۆکەر ناتوانێت بوونی هەبێت. لەبەرئەوە ڕەخنە و ڕەتکردنەوەی ئەو
بارە لە دەستەمۆبوون، هاوکات ڕەتکردنەوەی ڕامکاریی شوانەکانە
[ڕامیارەکانە] لە پشت ئەو کایەکردنەوە و بەبێ وەها ڕەتکردنەوەیەك
لەنێوبردنی وەها دیاردە و پەروەردە و ڕاهاتنێك ئەستەمدەبێت و ڕوودانی
هەرگیز مسۆگەرنابێت.
بەڵێ بەدڵنیاییەوە کەسە پارتییەکان [حزبییەکان] لە بەکاربردنی ئەو
مەبەستە هەمان ئامانجیان هەیە، کە زۆر کەس پەردەی لەسەر لادەدەن، واتە
لابردنی شوانەکانی ئێستا و دانانی شوانەکانی خۆیان لە جێگەی ئەوانی
دیکە. ئەمە دوا ئامانجی هەموو پارتییەکە لە چەپەوە بۆ ڕاست، لە
دێمۆکراتیکەوە بۆ تیئۆکراتیک، لە خێڵەکییەوە بۆ نەتەوەیی و کۆمونیست.
لەوانەیە باشترین نموونە لەم بارەوە لایەنگرانی لیستەکەی (نەوشیروان
موستەفا) بن، کە لە ساڵی ٢٠٠٦ - ٢٠١٣ و بەتایبەت ٢٠١٣ کە بەخۆیان شوێنی
لیستی ڕکەبەریان گرتەوە و ئیدی وەك هەمان گەلەی دەستەمۆکراوی
ڕامیاردۆستی پێش خۆیان، سەریان بە ئاخوڕی دەسەڵاتدا کردەوە و کەوتنە
سوپاسگوزاریی شوانەکانیان، هەر بەو جۆرەی ئەوانی پێش خۆیان دەیانکرد و
ئەوانی پاش ئەوانیش ئەنجامیدەدەن.
کایەی مێگەلبوون هەزاران ساڵە بە شێوەیەکی ڕێژەیی بوونی هەیە و شتێکی
تازە نییە، هەروەها پێویستە ئەوەش بزانین، کە دەستەمۆبوون [مێگەلبوون]
بەبێ هەبوونی ڕامکاران و شوانەکان ناتوانێت بوونی هەبێت، لەبەرئەوە
ناتوانرێت بەبێ ڕەتکردنەوەی شوانەیی و ڕامکاریی، مێگەلبوون ڕەتبکرێتەوە
و ڕەتکردنەوەی هەر یەکەیان پەیوەندی بە ڕەتکردنەوەی هاوکاتی ئەوی
دیکەیان هەیە، وەك تەواوکەری یەکدی و هاوەڵدوانەی یەکدی.
ئەوانەی کە بە هەلهەلەلێدان بۆ پارتییەك، لیستێك یا شوانەیی و ڕامکاریی
کەسێك ڕەخنە لە مێگەلبوون دەگرن، وەك نزیکترین ئەزموونی ژیان و سەردەمی
ئێمە [لیستی بەناو گۆڕان] نیشانیدا، تەنیا کارێك کە دەتوانن
ئەنجامبدەن، گۆرانی شوانەیی و ڕامکاریی ڕابەر و سەرۆکەکەیان و
بانگهێشتکردنی دەستەمۆکراوەکانی دیکەیە بۆ پەچە و گەوڕی مێگەلبوونی
خۆیان.
_________________________________
تێبینی: من
پێداگریی لەسەر بەکاربردن و پێویستبوونی وەها واژەگەلێك داناگرم و
بەوپەڕی تواناشمەوە دەخوازم لووتبەرزیی ئەوانە بشکێنم، کە لە ڕێگەی
بەکاربردنی ئەو دەستەواژانەوە دەیانەوێت خۆیان بە دەستەبژێر و زۆرینەش
بە پەست و بێتوانا وێنابکەن.
١٦\٣\٢٠١٥
ماڵپهڕی ههژێن
|