په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١\٢٠١٦

    گەڕان بە دوای ناونیشان دا.


ناڵە حەسەن

(دایک، مەستبوون، عەشق، وەهم، شەهید، مانگ، سێکس، ئیرەیی، ژووان، نیشتیمان، بێهوودەیی، دوڵبەر، پایز، خەون، نیگەرانی، هیوا، ئاڵا، ژن، سەفەر، ...).


١
( ..... )

ژنێک چاوێکی پڕە لە ڕووناکی
چاوەکەی تری پڕ لە تەمتوومان
مەمکێکی لە ئاگرە
مەمکەکەی تری لە بەفر
دەستێکی بە لچکەکراسی واقیع گرتووە
ئەویتری بە خەیاڵ.

٢
( ..... )

بە تخوبی هەموو زەمەنەکان ڕەت دەبێ
لە نێو ڕەنگی هەموو وەرزەکان دایە
لەگەڵ ئاو هەناسە دەدات
لە نێو تریفەی مانگ دەمێنێتەوە.

٣
( ..... )

کتێبێکە پیتەکانی
ڕەشەبا دەینووسێتەوە.

٤
( ..... )

چاوەکانی سەوز سەوز
مەمکەکانی سپی سپی
دڵی سوور سوور
خۆرەتاوێکی زەردیش لە نێوییاندا دەدرەوشیتەوە
ئەم تابلۆیە رەنگینە لە هەر کوییەک ببینم
نەرم نەرم بۆی دەچەمێمەوە.

٥
( ..... )

ئۆقیانووسێکە پڕ لە شەپۆل
باخچەیەکە پڕ لە گوڵ
تاڤگەیەک پڕ لە هاوار.

٦
( ..... )

پەیکەرێکە لە ئاگر.

٧
( ..... )

کاتەکان بە خێرایی ڕەتدەبن
مەمکۆڵەکان و چاوەکان
تێکەڵ بە تاریکایی و
چرپەکانیش لە نێو بێدەنگیدا سەما دەکەن.

٨
( ..... )

شێوەو ڕوخساری
لە کتێبە ئاسمانییەکان دەچێ
هەمیشە دەبێ بیخوێنمەوە.

٩
( ..... )

کیشوەرێک لە میهر و
نیشتیمانێک لە سۆز و
پەرستگەیەکە لە ڕووناکی.

١٠
( ..... )

فرێنە بە نێو هەورە سپییەکانی خەیاڵ و
بەنێو ڕەنگە ناسکەکانی ئارەزوو
یان بە نێو ئەستێرەکانی خەون.

١١
( ..... )

گۆرانی بۆ تەنیایی دەڵێ
بە زمانی بێدەنگی قسە دەکا
هەمیشە
لە مرۆڤە عاشقەکان و
لە خوداوەند نزیک دەبێتەوە.

١٢
( ..... )

تابلۆی نائومێدییەکان ڕەنگ دەکاتەوە
بەردەوام لە نێو
زەردەخەنە ڕەنگ زێڕینییەکانی خۆی
ژیان بە جۆرێکی تر دەنووسیتەوە.

١٣

( ..... )

هێندە بە دیار ئاوێنەکە مەوەستە
نەبادا پیاوەکانی نێو ئاوێنەکە
لێت ورد ببنەوە و
وەکو من تێکەڵ بە نیگاکانت بن
هێندەش مەڕۆ بۆ دەم ڕووبارەکە
با ماسییەکانیش
مەست و حەیرانت نەبن.

١٤
( ..... )

دەمگەیەنێتە لوتکەی بەختەوەری
پڕم دەکات لە سەوزایی
تەڕم دەکاتەوە وەک باران.

١٥

( ..... )

ماڵێک وەک دڵی تۆ ئارام
وەک فیردەوس ڕەنگین
وەک سێبەر سپی
ئەگەر مردم بمگەڕێننەوە بۆ ئەو ماڵەم
هەر لەوێدا بمنێژن.
____________________________
تێبینی:

١- خوێنەری خۆشەویست ناونیشانی ئەم وردە شیعرانە لەو ناوانەی سەرەوە هەڵبژێرن، هەندێکیان زێتر لە ناوێک لەخۆدەگرن. خۆتان ئازاد و سەرپشک بن لە دانانی ناونیشانەکان...!
٢- ئەم فۆڕمە بۆ شیعر نووسین ناومان ناوە (فۆرمی گەڕان).. بەکارهێنانی ئەم فۆڕمە لە ئەزموونی شیعری ئێمە درێژەی دەبێ و تا ئێستا چەندین دەقمان پێی نووسیوە، ئامانجمان لە داهێنانی ئەم فۆرمە بۆ شیعرنووسین، لە وتارێکی تایبەت وەک مانیفێستێک بۆ (فۆرمی گەڕان) نووسیوە و لە داهاتوودا لە کتێبی (ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر) بڵاودەبێتەوە.

 

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ حه‌سه‌ن

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک