په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

گرفتى پەروەردەنەبوون.

    

ئیسماعیل عه‌بدولڕەحمان

گرفتى پەروەردە نەبوون ڕەگى دەرهێناین
لە ڕیزبەندى گەلان هەر ئێمە بەجێماین

 

دیارە پەروەردەبوون پێویستیەکى بنەڕەتی مرۆڤەکانە بۆ بەدەست هێنانى ڕەوشت بەرزى ، هیچ گومانى تێدانییە هەرمرۆڤێک لەقۆناغە یەک لەدواى یەکەکانى تەمەنى دا پەروەردەى ڕەوشت بەرزى ڕاستگۆی و دەست پاکى نەکرابێت و نەبوبێت ئەوە لەکاتى دەرفەت هەڵکەوتن بۆ دزیکردن و داپۆشینى دزیەکەشى بەدرۆ هەرگیز ناتوانێت بەرگەى ئەم دەرفەتە بگرێت و بەڕاستگۆیى و دەستپاکى بمینێتەوە ، چونکە مانەوەو خۆڕاگرى بەدەست پاکى و ڕاستگۆیى ئەوەندە خەسڵەتێکى ئاسان و سادەنییە لەخۆڕا لەهەموو کەسێکدا هەبێت ، بەڵکو هەبوونى ئەم خەسڵەتە بەرزە لەهەرکەسێکدا پێوەندى بەپەروەردە بوونەوە هەیە ، پەروەردە بونی مرۆڤیش لەسێ قۆناغى گرنگى ژیاندا دەکرێت قۆناغى یەکەم ماڵەوەیە ، قۆناغى دوەم لەقوتابخانە و هاوڕێیەتیەکانە ، قۆناغى سێەم لەهەموویان گرنگترە چونکە کاتى پێگەیشتنى مرۆڤە لەبوارەکانى ، سیاسەت ، زانست ، سەربازى ، کۆمەڵایەتى ، ......هتد.

 

دیارە کە مرۆڤیش پێگەیشت ئەرکى سێ قۆناغى بەرپرسیارەتى ئەکەوێتە سەرشانى:

قۆناغى یەکەم : بەرپرسیارەتى ماڵ و منداڵ بەخێوکردن.

دووەم : بەرپرسیارەتى مامۆستایى و فەرمانبەرى لەفەرمانگەکانى حکومەت.

بەڵام قۆناغى پێگەیشتن لەبەرپرسیارەتى سێەمدا بەسەر چەند بوارێکدا دابەش دەبێت بەڵام من تەنیا مەبەستم بوارى سیاسیە چونکە کەسە سیاسیەکان دەگەنە سەرکردایەتى کردنى میللەت.

 

بۆیە بەپرسیارەتى سیاسیش کەهەردوو قۆناغى بەر پرسیارەتى ماڵ و مندالێ خۆى و ماڵى بەرپرسان و گیان و ماڵى گشتى میللەتى لەسەرە دەبێت ، بۆیە پێویستە لەگەڵ دەست بەکاربونى لەکارى سیاسى و حزبایەتى دا ڕچاوى پەروەردەبونى خۆى بکات گەر خۆى پەروەردە نەکات بەبنەما بەرزەکانى مرۆڤایەتى ئەوە بەهیچ شێوەیەک سودو کەڵکى بۆ میللەت نابێت چونکە تەنیا خودى خۆى دەبینێت و هەست بەبونى کەسى تر ناکات بالەناو کۆمەڵگاشدابێت ئەى ئێستا چەندین بەرپرسى گەورە بەنزیک گەڕەکە هەژار نشینەکان داناڕۆن کەچى چونکە هەستى مرۆڤایەتیان نییەو پەروەردەى مرۆڤ دۆستانەیان نییە بۆیە هەست بەئێش و ئازارى خەڵکى هەژار ناکەن و ویژدانیشیان بۆ یارمەتی دانیان ناجولێ.

 

ئینجا یەکێک لەخاڵە بەرزو بەڕێزەکانى پەروەردەبون ڕاستگۆی و دەستپاکیە، ڕونوئاشکراشە نەبونى پەروەردەى دەست و دەم پاکى لەمرۆڤەکاندا گەورەترین کارەسات و گرفت لەکۆمەڵگادا دەخولقێنى وەک ئەوەى ئێستا دەبینین و دەزانین گەورەترین کێشەى سەرەکى میللەتى کورد لەم ڕۆژگارەى ئەمڕۆیدا تەنها نەبونى پەروەردەیە ، هەموو کێشەکان لەگەندەڵیەوە تاکو نمانى ئینتیما بۆ نیشتیمان و ڕق و قینى توندى جەماوەر لەدەسەڵات و لەیەکتریش هەموى پەیوەستە بەنەبونى پەروەردەى تاکەکان بەتایبەتى ئەم کەسانەى ئیدارەى وڵات بەڕێوە دەبەن دەبێت لەو پەڕى پەروەردە کراوى دابن بۆئەوەى بتوانن لەبەڕێوەبردنى ئیدارەی حکومەت ناپاکى نەکەن ، دیارە بەڕێوەبردنیش بۆ بەرژەوەندى گشتى میللەت بەو کەسانە دەکرێت کەچوار خەسڵەتى زۆر گرنگیان تێدابێت کەبریتین لەڕستگۆیى و دەست پاکى و عەدالەتى و ئازایەتى ، کەدیارە پێچەوانەى ئەمچوار خەسڵەتەش ، درۆزنى و دزیى و ناعەدالەتى و ترسنۆکیە ، ئینجا گەر ئەم دوو خەسڵەتە دژبەیەکە هەرکامێکیان ببێتە پیشەى بەڕێوەبەرانى بەڕێوەبردنى ئیدارەى حکومەت ، ئەوە بێگومان جیاوازیەکى گەورە لەبەڕێوەبردنى هەردوو جۆرى ئیدارەکە دەبێت.

 

دیارە بۆ بەڕێوەبردنى ئیدارەى حکومەتیش میللەت پێویستى بەمرۆڤە ڕاستگۆو دەست پاک و ئازاو دادپەروەرەکانە ، ئینجا ئەو جۆرە مرۆڤانە چۆن بەدەست دەکەون؟ لەکاتێکدا بارو دۆخى کوردستان هەردەم هاندەربوە بۆ نەهێشتنى پەروەردەى دەست و دەم پاکى لەکۆمەڵگاى کوردەوارى ، دەتوانین بڵێین جاشەکان بەو دوایە یەکەم قۆناغى دزینی بەکۆمەڵیان هێنایە ناو داب و نەریتى کوردەوارى لەوکاتەى ڕژێمى بەعس بەفەوجە جاشەکانى گوت سەربۆمن ماڵ بۆ ئێوە کاتێک فەوجە جاشەکان وەکو سەگى برسى لەپێشەوەى سوپاى سەربازى ڕژێم پەلەمارى ناوچەکانى سۆرانیەکانیان دەدا هەرچى کەل و پەلى گوند نشینەکان هەبوایە دەیان دزى من بەچاوى خۆم لەفلکەى قوشتەپە چەند فەوجێکى جاشى (....و...) بینى لە1986 کەلەشاڵاوى ناوچەى دێدەوان و بەستى شەرغەو ناوچەى زێى بچوک گەڕابونەوە هەتا ، گسکى پوشى ناوماڵ مارین و شوشەى ئاوى تەماتەو بامیەى وشکراوەو کەل و پەلى ماڵانیان دزى بوو هیچیش پێیان شەرم نەبوو لەبەر چاوى خەڵکى بەشیان دەکرد، ئینجا بەهۆى کۆنە ڕقى گوند نشینەکان لەجاش و بەعس لەگرتنى کوێت زۆربەى سەربازە کوردەکان لەکوێت تاڵانیان هێنابوو ، دوایش لەڕاپەڕینیش زۆرترین خەڵک بەشدارى لەدزى و تڵانى کرد ، کەلەوکاتى پەروەردەبونى دەستپاکى لەبن دەست و پێ کەوتبوى کەس هەڵى نەدەگرتەوە وەک ئەوەى تازە ئیشمان بەدەست پاکى نمابێت ، وەکارەساتى گەورەش ئەوەبوو هەموو کەسیش ئەوتاڵانکردنەى بەڕەوا دەزانى ، دوایش شەڕى ناوخۆشى بەسەرداهات و هەرجارەو لایەنێک بارەگاو ماڵى یەکتریان تاڵان دەکرد ، لەگەڵ ڕوخانى سەدامیش زۆرینەى خەڵکى کورد قۆڵى لێ هەڵکردو بەهەموو شێوەیەک کاروانى لەماڵێک دەکرد کەبۆى ڕەوانەبوو.

 

زۆربەمان دەزانین لەمێژوى کوردا زۆر جار هەبوە دوو بنەماڵە لەگەڵ یەک بەشەڕهاتون لایەکیان شکستى هێناوە یان کەسێکیان کوشتوە ماڵ و حاڵى خۆیان بەجێ هێشتوە کەچى لاینەکەى تر کەدوژمنى بوە ئەوەندە ڕەوشتى بەرزبوە هاتوە ماڵ و سامانى دوژمنەکەى پاراستوە نەى هێشتوە خەڵک دەست لەیەک شتى بدات ، کەچى ئێستا خەڵک لەخواى دەوێت شەڕێک دروست بێت تاکو شتێکى بەدەستکەوێت ، ئینجا ئێستا کێشەى گەورەى میللەتى کورد نەبونى کەسانى پەروەردەکراوى دەست و دەم پاکە ئایا لەم هەڵبژاردنەدا میللەت چۆن دەتوانێت ئەم مرۆڤە پاکانە بەدەست بێنێت؟ لەکاتێکدا لەو کوردستانە گەر دوکاندارێک بیەوێ کەسێک وەک شاگرد بۆ دوکانەکەى بگرێت بەلاى کەمەوە دوو سێ مانگى دەوێت تاکو بەهەوڵى خۆى و دۆست و برادەرانى ئینجا کەسێکى ئەمینى بەدەست دەکەوێت ، ئینجا بۆ دۆزینەوەى کەسێک بۆ شاگردى دوکانێک ئەوەندە زەحمەت بێت کەبڕى پارەى ناو دوکانەکەش ناگاتە دە هەزار دۆلاریش ، ئەى بۆ دانانى کەسێک یان کەسانێک بۆ بەڕێوەبردنى حکومەت و وەزارەت و ئەو هەموو بەڕێوەبەرایەتیانە دەبێت چۆن ئەم کەسانە پەیدابکرێت یان کێن ئەم کەسانەى شایستەى ئەم جێگایانەن؟ بێگومان بۆ شوێنى واگرنگ دەبێت کەسانى ڕاستگۆو دەست پاک و ئەمین دابنرێت ، بەڵام خۆ خەسڵەتى ڕاستگۆیى و دەستپاکى دەرمان و دەرزى نییە لەنێکى هەرکەسێکى بدەین و بڵێین تەواو لێی دڵنیابوین و باببێتە بەڕێوەبەرى ئیدارەکەمان.

 

بێگومان هەرکەسێک لەبنەڕەتدا و لەسەرەتاى پێگەیشتنى پەروەردەى ڕەوشت بەرزانەى ڕاستگۆی و دەست پاکى نەکرابێت و بەڕەوشتى بەرزەوە دەقى نەگرتبێت ئەوە لەناو جەرگەى کێبڕکێى بیرى تەسکى حزبایەتى دا ئەو پەروەردەیە چۆن بۆ کاسانى توندو تیژى ناو حزب دروست دەبێت؟ بێگومان نەک پەروەردەى ڕەوشت بەرزانە بۆ ئەو جۆرە کەسانە دروست نابێت بەڵکو خۆشیان دەبنە تێکدەرو لەناوبەرى ڕەوشتى کۆمەڵگاش چونکە ئەو کەسانە هەرگیز ناتوانن پابەندبن بەڕستگۆیەوە چونکە هەردەم هەست بەبونى دوژمن و ناحەزى خۆیان دەکەن بۆیە بۆ بەرژەوەندى و بەهێزکردنى پێگەى خۆیان و مانەوەیان لەپلەو پایەو پۆست پەنا بۆدرۆکردن دەبەن ، دیاریشە ترسناکترین خەسڵەتى مرۆڤ بەگشتى و بەرپرسان بەتایبەتى درۆزنى یە ، لەمێژوى ژیانى مرۆڤایەتى هەرگیز نەبوە بەرپرسە درۆزنەکان خێرو خۆشى و بەختەوەریان بۆ کۆمەڵگایان هێنابێت ، چونکە درۆزن بون دزبونیشى لەدوایە دزبونیش گەورەترین زوڵم و ستەمى لەدوایە کەستەم هاتەگۆڕى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى لەناو ئەم کۆمەڵگایە دەتۆرێ ، ئینجا پێویستە لەسەرمان بەو پەڕى پەرۆشى و دڵسۆزیەوە لەدواى کەسانى ڕەوشت بەرزو ڕاست گۆو دەست پاک بگەڕێن و بیانکەینە بەڕێوەبەرى ئیدارەى وڵات ، بەڵام مەرجى دۆزینەوەى ئەم کەسانەش پێوەستە بەوشیارى میللەت کەدەبێت میللەت بزانێت کەسى درۆزن و تۆڵە سێن پیاوى بەڕێوەبردن نییە ، کەسى شەڕانگێز و ڕقاوى و قین لەدڵ بەکەلکى ئیدارە نایێ ، چونکە ئەم جۆرە کەسانە دەرفەتى پەروەردە بونیان نەبوە تاکو بتوانن لەکاتى بەرپرسیارەتى بەڕێوەبردنى ئیدارەى وڵات لەڕست پارەو ناعەدالەتى و حزبایەتى و خزمایەتى و دۆستایەتى خۆڕاگربن ، ئاخر ئیدارە بەڕێوەبردنى مەدەنى و بەڕێوەبردنى مەیدانى سەربازى جیاوازیەکى یەکجار زۆرى هەیە کەزۆریش دژ بەیەکن.

 

بۆیە نابێت کەسێکى سەربازى و قالبوى شەڕو بکوژ ببێتە وەزیرى وەزارەتێک کەهیچ پیِوەندى بەکارو بارى سەربازیەوە نەبێت ، یان لەهەمووى خراپتر کوڕو کچى شەهید بەبێ ڕەچاوکردنى ڕەوشت و ئاستیان دەکرێنە بەڕێوەبەرى ئیدارە ، بۆ بەڕێوەبردنى ئیدارەى ڕاست و دروست نابێت ڕەچاوى ڕابردوو بکرێت چونکە ئیدارە بەڕێوەبردن خۆى بۆ پێشکەوتن و داهاتوى گەل و وڵاتە ، بۆیە نابێت بەهیچ شێوەیەک لەبەر خاترو خۆتر ئاوڕ لەڕابردوو بەدەینەوەو تەق و تۆقى ڕابردو بکرێتە پێوەرو بەگوێرەى زۆرى فیشەک تەقاندن خزم و کەسکانى فیشەک هاوێژ بکرێنە بەرپرس ، ڕاستە نکوڵى لەڕۆڵى پێشمەرگە قاڕەمانەکان ناکرێت بەڵام پێشمەرگە بۆ قوربانى دان و شەهید بون چۆتە مەیدانى خەبات بۆ ئەوەى میللەت بەئاسودەى و ئازادى بژیت نەک دواى خۆى گەر واستەى هەبوو بەزیندویى مایەوە لەژیاندا ئەوە بکرێتە بەڕێوەبەرى فەرمانگەکان ، ئەو تێکۆشەرانە به‌ موچەى زۆریان پێ بدرێت و بەجوانترین و باشترین شێوە بەخێو بکرێن بەڵام شیاو نییە ئەم کەسانە ببنە بەرپرس لەبەر ئەوەى بەرپرسیارەتى بەڕێوەبردنى ئیدارە زۆر ئاسان نییە کەسى شارەزاو لێهاتوى دەوێت کەمەرج نییە ئەم کەسانەى لێوەشاوەن بۆ بەڕێوەبردنى ئیدارە کەسانێکبن لەشەڕى ناخۆش فیشەکیان تەقاندبێ ، بەڵکو ئیدارە گێڕان کەسانى ڕاست گۆیى و دەست پاکى و بەویژدان و دادپەروەرو ئازا و دڵسۆزى بۆ گەل و نیشتیمان دەوێت ، ئایا هەرکەسێک ڕۆڵەى حزب بێت ئەو تایبەت مەندیانەى تێدایە کەبەکەلکى بەڕێوەبردنى ئیدارەبێت ، بێگومان کەسانى ئەوها تایبەت مەند لەوپەڕى کەمیدایە لەناو دەسەڵات گەر هەبوایە وێڵى دواى تایبەت مەندى ئەو جۆرە کەسانە نەدەبوین و ئیدارەیەکى باشیشمان دەبوو میللەتیش ئەوەندە ڕق و کینە ئەستورنەدەبوو،بەڵکو پێویسیمان بەکێشمەکێشى هەڵبژاردنیش نەدەبوو ئەو هەڵبژاردنەى کەچارەسەرى کێشەى بێ ئیدارەیشى پێناکرێت ، چونکە پەروەردەکراوەکان یەکجار کەمن .

 

گەر سەرکردە بە ڕەوشتى بەرز خۆى نەکا جوان
دەستى پاک نەبووى مایەى ئێش و ئازارە بۆمان


ary_esmail@yahoo.com