١٣\١١\٢٠١١ گۆڕه‌پانی (ته‌حریر) له دڵی له‌نده‌ن.
نه‌وال سه‌عداوی وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه: دارا ئه‌حمه‌د
شه‌ممه‌ی رابردوو که رۆژ رۆشنایی دا نه‌مده‌زانی له گۆڕه‌پانی (سێنت پووڵ)م له له‌نده‌ن یان له گۆڕه‌پانی (ته‌حریر)م له قاهیره، خه‌ون له نێو راستییدا ده‌توایه‌وه، واقیع ئاوێته‌ی ئه‌ندێشه ده‌بوو، بۆ منداڵێکی ته‌مه‌ن ده ساڵان ده‌گه‌رامه‌وه که خه‌ون ده‌بینێ به شۆڕش و فڕۆکه‌کانی سه‌ر سنوور که ده‌ریا و رووباران ده‌بڕێ، دروشمگه‌لێک به زمانی ئینگلیزی له گوێچکه‌مدا ده‌زرینگانه‌وه.. بۆ ساتێک سه‌رسام بووم ئه‌نجا هه‌ستم کرد که ئه‌من له گۆڕه‌پانی (سێنت پووڵ)م له نێو دڵی له‌نده‌ن، ئه‌و رۆژه شه‌ممه بیست و دووی ئۆکتۆبه‌ری ٢٠١١ بوو، زه‌وی گۆڕه‌پانه‌که به چادران داپۆشرابوو.. به چادره‌کانی گۆڕه‌پانی (ته‌حریر)ی کاتی شۆڕشی کانوونی دووه‌م و شوبات ده‌چوون، به سه‌دان شۆڕشگێڕ له ژنان و پیاوانی ئینگلیز له‌ژێریان ده‌نوستن، ماڵه‌کانی خۆیان به‌جێهێشتبوو و له‌و چادرانه له‌سه‌ر زه‌وی گۆڕه‌پانه‌که ده‌ژیان، ژنان و پیاوانێک له گشت چینه‌کانی گه‌ل، له هه‌موو ته‌مه‌ن و پیشه و شێوه و ره‌نگێک.. سپی‌پێست و ره‌شپێست، له نێوانیاندا پله‌ی جوراوجۆری یه‌ک به‌دوا یه‌ک له سپی سوورباوه‌وه تا ره‌شی شینباو یان زره‌دباو هه‌بوون، له په‌نابه‌ران و خه‌ڵکی ره‌سه‌نی وڵات، زۆربه‌یان له ته‌مه‌نی گه‌نجییدا بوون، هێندێکیان پیر و نه‌خۆش بوون و به گۆچان ده‌ڕۆیشتن یان له‌سه‌ر کورسیی چه‌رخدار بوون، لێ ده‌مووچاویان له‌ژێر خۆره‌تاوی سپێده‌دا گه‌رموگوڕیی و شادیی لێ ده‌دره‌خشا‌وه، دروشمیان له پێناو ئازادیی و سه‌ربه‌رزیی و دادپه‌روه‌ریی جڤاکیی و ئابووریی ده‌کێشا، به دروشمه‌کانی گۆڕه‌پانی (ته‌حریر) ده‌چوون، هه‌ر هه‌مان وشه و واتا و ئامانج بوون، گه‌لی ئینگلیزی وه‌دوای ئازادیی و دادپه‌روه‌رییه‌وه‌یه وه‌ک گه‌لی میسری و تێکڕای گه‌لانی جیهان له که‌نه‌داوه تا ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا و ئاسیا، له وۆل ستریت و بۆرسه‌ی نیویۆرکه‌وه تا بۆرسه‌کانی جیهان و نێوه‌نده‌کانی دراوی کاغه‌زیی و جامبازیی و دزیی و تاڵان و کوشتنی به یاساکراو و ره‌وا له‌ژێر ناوی ره‌وایی نێوده‌وڵه‌تیی و په‌یماننامه سه‌رمایه‌دارییه‌کان.
رۆژنامه‌نووسێکی ئینگلیزی له رۆژنامه‌ی گاردیانه‌وه لێی پرسیم: تۆ له نێو جه‌رگه‌ی ئه‌و خۆپیشاندانانه هه‌ست به چی ده‌که‌ی که له نێو له‌نده‌نی قه‌ڵای سه‌رمایه‌داریی هاوار بۆ رووخاندنی سه‌رمایه‌داریی ده‌که‌ن؟ پێده‌که‌نیم و گوتم: هه‌ست به ئاسووده‌یی و شانازییه‌وه ده‌که‌م، وای بۆ نه‌ده‌چووم هێنده ده‌ژیم تا ئه‌و شۆڕشه میللییانه ببینم که له تونس و میسره‌وه سه‌ریهه‌ڵدا و گواسترایه‌وه بۆ وڵاتانی جیهان له رۆژه‌ڵات و رۆژاوا.
هێندێک ژنی گه‌نج له بزاڤی نوێی ژنانی ئینگلیزی لێمان کۆبوونه‌وه، یه‌کێکیان گوتی: ناوی گۆڕه‌پانی (سێنت پووڵ)مان گۆڕی بۆ گۆڕه‌پانی (ته‌حریر). له راستییشدا له‌سه‌ر لافیته‌ی سه‌ر خانووه‌کانی گه‌ڕه‌کی وێستمنسته‌ر ناوێکی نوێم به پیتی ئینگلیزی بینی، لافیته کۆنه‌که‌یان لادابوو که ناوی گۆڕه‌پانی (سێنت پووڵ)ی هه‌ڵگرتبوو، به سه‌رسوڕمانه‌وه پرسیم: کێ ئه‌وه‌ی گۆڕیوه، حکومه‌ت یان شاره‌وانیی وێستمنسته‌ر؟ ژنه گه‌نجه‌کان هاواریانکرد: ئێمه ناوی ئه‌و گۆڕه‌پانه‌مان گۆڕی تا شۆڕشه‌که‌مان وه‌ک شۆڕشی گۆڕه‌پانی (ته‌حریر)ی ئێوه‌ی لێبێ، گۆڕه‌پانی (ته‌حریر) بوویته هێمایه‌کی جیهانیی بۆ شۆڕشه مه‌زنه ئاشتییخوازییه‌کان دژ به سه‌رمایه‌داریی و دیکتاتۆریه‌ت و باوکسالاریی و کۆلۆنیالیزم و شه‌ڕ و ره‌گه‌زپه‌رستیی و زایۆنیزم، پرسیم: ئێوه دژ به زایۆنیزمیشن؟
ژنێکم له‌به‌رده‌می خۆم بینی که له شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه یه‌کێکه له سه‌رۆکه‌کانی بزاڤی ژنان له ئینگلته‌را، ناوی سالما جیمس بوو، ته‌مه‌نی هه‌شتا ساڵ بوو، گوتی: ئێمه هه‌موو جۆره زۆر و سته‌مێک له سه‌رمایه‌داریی ئیمپریالیستییه‌وه تا سه‌هیۆنیزم و ره‌گه‌زپه‌رستیی به‌یه‌که‌وه ده‌به‌ستینه‌وه، ئه‌وانه هه‌موویان به یه‌که‌وه په‌یوه‌ستدارن و به‌یه‌که‌وه کارده‌که‌ن دژ به گه‌لان و له سه‌رووی هه‌مووانیشه‌وه گه‌لی فه‌له‌ستینی، ئێمه جیاوازیی له نێوان سته‌می ئێستای سه‌ر هه‌ژان و ژنان و ره‌ش و سپی و په‌نابه‌ران ناکه‌ین.
سالما جیمس به ره‌سه‌ن ئه‌مه‌ریکیی بوو و دایکیشی به ره‌سه‌ن یه‌هوودیی بوو لێ حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکیی به هۆی تێکۆشانی دژ به سه‌رمایه‌داریی چاوچنۆک و زایۆنیستی ره‌گه‌زپه‌رستیی له وڵات وه‌ده‌ری نابوو، سالما گوتی: دادپه‌روه‌ریی و ئازادیی و راستگۆیی له لای من گرنگترن له نه‌ته‌وه‌ییبوونی ئه‌مه‌ریکیی یان دینی یه‌هوودیی. سالما جیمس مامۆستای ئه‌مه‌ریکیی (نعوم چۆمسکی) وه‌بیرهێنامه‌وه که له سه‌رووی نه‌ته‌وه و دینه یه‌هودییه‌که‌یه‌وه ژیانی خۆی له پێناو به‌رگرییکردن له دادپه‌روه‌ریی و ئازادیی ته‌رخان کرد.
رووبه‌ری گۆڕه‌پانه‌که که‌متره له رووبه‌ری (گۆڕه‌پانی ته‌حریر)ی قاهیره، لێ ده‌که‌وێته نێوان دوو قه‌ڵای گه‌ورۆنه له شاری له‌نده‌ن، له نێوان کاتدرائیی به‌رزی (سێنت پووڵ) و ئاپارتمانی مه‌زنی بۆرسه، یه‌کێک له سه‌رۆکه‌کانی گه‌نجه‌کان گوتی: ئه‌و گۆڕه‌پانه‌مان وه‌ک سه‌ربازگه‌یه‌ک هه‌ڵبژارد بۆ شۆڕشه‌که‌مان دژ به گه‌وره‌ترین دوو هێمای سه‌رمایه‌داریی له وڵاته‌که‌مان، بۆرسه‌که یان ''پوولخانه''، کاتدرائییه‌که یان ماڵی خوداوه‌ند ''لۆرد'' که خاوه‌ن ماڵه‌کان و کۆمپانیا سه‌رمایه‌دارییه‌کان ده‌پارێزێ، پۆلیس بۆرسه‌که و کاتدرائییه‌که‌ی له ترسی شۆڕشه‌که‌مان داخست، هێزی رابووی گه‌ل وه‌سه‌ر هێزی سه‌رمایه‌داریی دێرین که‌وت که ٩٩٪ی گه‌لی ئینگلیزی هه‌ژار کردووه، دروشمی ئێمه له‌و شۆڕشه ئه‌وه‌یه: ''١٪ خاوه‌نی هه‌موو شتێکن و ٩٩٪ ی ژنان و نه‌داران و لاوان و په‌نابه‌ران پێویستییه‌کانی ژیانیان نییه''.
له گۆڕه‌پانه‌که‌دا له نێویاندا ده‌سوڕامه‌وه، سه‌ردانی ئه‌وانه‌م ده‌کرد که له‌ژێر چادره‌کان راکشابوون وه‌ک ئه‌وه‌ی که له (گۆڕه‌پانی ته‌حریر) ده‌مکرد، له پۆسته‌رێکی سه‌ر دیوارم روانی به پیتی لاتینیی ناوی گۆڕه‌پانی (ته‌حریر)ی له‌سه‌ر نووسرابوو، گه‌نجێک وێنه‌ی ده‌گرتم و ئه‌من به سه‌رسوڕمانه‌وه ئاماژه‌م به پۆسته‌ره‌که کرد و گوتم: ئێوه ناوی گۆڕه‌پانه‌که‌تان گۆڕی نه‌ک حکومه‌ت؟ گه‌نجێک گوتی: بێگومان ئێمه‌ی گه‌ل، ئه‌و گۆڕه‌پانه هی گه‌له نه‌ک حکومه‌ت، مافی خۆمانه ناوه‌که‌ی بگۆڕێن، گۆڕه‌پانی ئێمه‌یه نه‌ک هی (سێنت پووڵ).
به ده‌یان ساڵه یان سه‌دان ساڵه له باغی (هاید پارک - هێنده دوور نیییه له گۆڕه‌پانی ''سێنت پووڵ''-) مایکرۆفۆنێکی بچووک له گۆشیه‌کی به‌ناوبانگ به ناوی (گۆشه‌ی گوتاردان ''سپیکینگ کۆرنه‌ر'') به هه‌میشه‌یی له‌وێیه و گه‌شتکه‌رانی باغه‌که‌ی لێی کۆده‌بنه‌وه بۆ گوێگرتن له گوتاره‌کان که له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی و پێویستبوونی رووخاندنی ده‌ه‌دوێن، لێ ئه‌و گوتارانه هیچ شتێک ناکه‌ن جگه له کات رابواردنی هێندێک له گه‌شتکه‌رانی باغه‌که و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ندێشه پووچه‌ی که گوایه ئینگلته‌را به‌هره‌مه‌نده له ئازادیی ئاخافتن و دیموکراسیی، له یه‌که‌م گه‌شتم بۆ له‌نده‌ن له ساڵی ١٩٦١ له (هاید پارک) گوتارێکم دا و تێیدا گوتم دیموکراسی له سێبه‌ری سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی راستیی نییه و ناگا به‌وه‌ی که سیسته‌م بگۆڕێ، له‌و رۆژه‌وه دیموکراسیی سه‌رمایه‌داریی به دیموکراسیی (هاید پارک) ناوزه‌د ده‌کرێ.
له منداڵییمه‌وه باوکم ده‌رباره‌ی بۆرسه ده‌یگوت لانه‌ی گه‌نده‌ڵیی داراییه، لانه‌ی ده‌ربه‌گه میسرییه‌کان و کۆلۆنیالیسته بیانییه‌کانه، بۆرسه له میسر له پاش شۆڕشی ١٩٥٢ له‌گه‌ڵ رزگاربوونی میسر له ده‌ره‌به‌گ و کۆلۆنیالیستی به‌ریتانیی نه‌ما، لێ له سه‌رده‌می سادات بۆرسه له‌گه‌ڵ کرانه‌وه‌ی ئابووریی و رووخانی میسر له‌ژێر هه‌ژموونی کۆلۆنیالیستی ئه‌مه‌ریکیی گه‌ڕایه‌وه، گه‌نده‌ڵیی دارایی له سه‌رده‌می موباره‌ک توندتر بۆوه و بۆرسه‌ی میسری بووه مه‌کۆی سه‌رمایه‌داریی چاوچنۆک و چه‌وسێنه‌ر، دراو بووه جوولێنه‌ری هه‌موو شتێک، هه‌موو شتێک له رێی ئینته‌رنێته‌وه به دراو ده‌کڕدرێ و ده‌فرۆشرێ، له نێویاندا ویژدان و ئه‌ڤین و سێکس و هاوسه‌رگیریی و ده‌ستلێکبه‌ردانی هاوسه‌ران و هونه‌ر و وێژه و راگه‌یاندن و که‌ناڵی ئاسمانی و ده‌نگی هه‌ڵبژاردن و دروستکردنی پارت و کۆمه‌ڵه و ده‌سته‌به‌ندییه‌کان، هه‌موو شتێک وای لێهات، کاڵای گه‌نده و ناگه‌نده، بۆ کڕین و فرۆشتن بێ له جیهانی رامیاریی و دین و ره‌وشت، نرخی مرۆڤ و راستگۆیی دابه‌زییه سه‌ر سفر.
له‌وه‌ته‌ی بۆ یه‌که‌مین جار له ژیانمدا له ساڵی (١٩٦١)ه‌وه سواری فڕۆکه بوومه وازم له چوونه وڵاتان نه‌هێناوه، له زۆرێک له خۆپیشاندانه جیهانییه‌کانی دژ به سه‌رمایه‌داریی چاوچنۆک و باوکسالاریی نامرۆیی له رۆژه‌ڵات و رۆژاواوه به‌شدارییم کردووه له بۆمبای هیندستانه‌وه تا پۆرت ئه‌ڵێگری له به‌رازیل تا سیاتل له ئه‌مه‌ریکا تا جۆهانسبۆرگ له باشووری ئه‌فه‌ریقا تا به‌رشه‌لۆنه و مه‌درید و برۆکسل و پاریس و به‌رلین و تا گۆڕه‌پانی (ته‌حریر) له قاهیره و له‌نده‌ن، دروشمی هاوبه‌شیشمان ئه‌وه بووه ''جیهانه‌کی نوێ ده‌شێ، به‌ڵکه پێویسته''، ئه‌نته‌رنێتیش وای لێهاتووه له راژه‌ی شۆڕشه‌کان و رووخانی سیسته‌مه گه‌نده‌ڵه‌کان و بۆرسه‌کاندا بێ. _______________________________________________ سه‌رچاوه: http://www.ssrcaw.org/ar/show.art.asp?t=2&aid=281004
|