په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک
 



           



بەرزان هەستیار


بە خاتر خۆمان نییە ....
سەرانسەر جیهانمان پڕ کردووە لە دووکەڵی ئاشووب
سەوداسەری خۆشگوزەرانیی خۆمان نین ، ئێمەی پیاو ،
کە دەریاکان بە خوێن وشک ئەکەین و
دەشت و دەریش خەڵتانی سووتان ؛
میهرەبانییمان بۆ " تۆ " ، وەها شپرزەی کردووین
ڕاست و چەپی خۆمان ون کردووە ، ئەی ژن !!!!
پەل ئەهاوین ،....
تا هێزمان تیا بێت دەستبەرداری تفەنگەکان نابین و
چاوی تەماعمان دوورترین زەمین ئەبینێت
بەشەڕ دێین ،
ئەکشێینەوە و
خۆمان بۆ هەڵمەتێکی دی تەیار ئەکەین ؛ .
تۆ قولانجێک زەویت بوێت ، ئارامیی تیا داڵدە بدەیت ،
بستۆکەیەک ، خەونەکانتی بە وەنەوشە تیا ڕەنگ بکەیت ،
ماڵێک بانیژەیەکی هەبێت بۆ پشوو ؛
ئێمە وڵاتێکت پێ ئەبەخشین ، بۆ زەلیلیی ،
ئۆقیانووسێکت بە دیاریی ئەدەینێ ، بۆ نغرۆبوونی ئومێدەکانت ،
کیشوەرێکیش لە پشکۆ لەبەر پێکانتا ڕائەخەین !!!
تۆ ، تا دەستت بگات شمشێرەکان تووڕ ئەدەیت
ئێمە ، تا بۆمان بکرێت .....
چەقۆکان دەمە زەرد ئەکەینەوە
تۆ ، بەیانیان ، خۆت بە ئاودانی شەتڵەکانی ....
ئەوینەوە خەریک ئەکەیت
ئێمە ، لەو لاوە ، ئاو لە دێراوەکانی موحیببەت ئەبڕین ؛
تۆ ، کە دێیت ، ئەنگوستیلەیەکی ئەڵماس لە میهر ئەکەیتە پەنجەمان
ئێمە ، کە ئەڕۆین ، ڕۆحێکی شێواو و ناشرینت لا جێ دێڵین !!
ئەی ژن ، گوناهە ،....
چیتر ، بۆ میوەی درەختی هیچ خۆزگەیەک دەست بگریتەوە
کە ئێمەی پیاو بتوانین هێندە سەخی تەبیعەت بین ....
هەموو کەونت بۆ بکەین بە گۆڕستانێکی ئازاد !!!!
 


ئاب و تشرینی یەکەمی 2007                   
کۆلن                 
bhastiar@yahoo.de