په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٢\٢٠١٧

ھاتنی سوپای ئیسلام بۆ کوردستان.

ژیلوان شۆڕش محەمەد ساڵح

- بەشی سێیەم -

 

پاش ئەوەی لە شەڕی نا بەرامبەرەی ھەولێردا، بە ھەزارەھا لاوی کورد کوژراو خەڵتانی خوێن بوو، پاشا چاتلیسیش بە دەستی زراری کوڕی ئەزوەر بە نێزەکێکی ژەھراوی سنگی لەتکراو کوژرا، بەڵام لە سوپای داگیرکەری عەرەبی موسوڵمانان تەنھا ٩٠٠ سەرباز کوژرا، کوژراوەکانیان ھەر لە جێگەی خۆیاندا ناشت دوا بە دوای ئەم شەڕە خالیدی کوڕی وەلید ڕووی کردە عەبدوڵا جندلی پێی ووت سوپایەک بەرە و بڕۆ بۆ(ئەرمۆتە)ئەرمۆتە دێیەکە لە نزیک شاری کۆیە کاتێ عەبدوڵا جندلی بەڕێکەوت بە خۆی و سوپاکەیەوە، دەگەیشتنە ھەر گوند و دیھاتێک تاڵانیان دەکردوو قەتڵ و عامیان دەکردن، سوپای ئیسلامی داگیرکەر زۆر دڵخۆش بوون بە کۆکردنەوەی ئەو ھەموو مەڕو ماڵاتە، بەڵام پیاوانی ئاواییەکان بە نھێنی دێکانی خۆیان بە جێھێشتبوو، چبوونە کەمینەوە بۆ سوپای ئیسلامی داگیرکەر، توانیان ھێزێکی باش دروست بکەن و گەمارۆی سوپاکەی عەبدوڵا جندلی بدەن پاش شەڕێکی گەورەی دەستەو یەخە کوردەکان توانیان عەبدوڵا جندلی بکوژن، سوپاکەشی تەفروتونا بکەن، تاڵانیەکانیشیان لێ بسێننەوە، ھەواڵی کوشتنی عەبدوڵا جندلی و لە ناوچوونی سوپاکەی گەشتە خالیدی کوڕی وەلید ئەویش بەشێک لە سوپاکەی کۆ کردەوەو لە ھەولێر ڕوی کردە ئەرمۆتە، لە پاش ڕۆژو نیوێک گەیشتنە ئەرمۆتە، خالید کەوتە تۆڵە سەندنەوە لەو ئاواییانەی کە عەبدوڵا جندلی و سوپاکەیان لەناو بردوە، خالید سوێندی خوارد ووتی دەبێ ھەموویان بکوژرێن تا ببن بە پەند بۆ ئەوانەی دێنە سەر ڕێگای سەربازەکانمان ئەوە بوو ھەموو ئاواییەکانیان تاڵانکردو ھەموو پیاوەکانیشیان سەربڕی، پاشان لە نزیک گوندی ئەرمۆتە سوپاکەی خالید خێوەتیان ھەڵداو بە چوار دەوری ئەرمۆتە دیواری بەردی بەھێز ھەبوو ژمارەیەکی زۆر لە گاوران و پاڵەوانانی کوردی زەردەشتی گوێیان لە دەنگی سەربازەکانی سوپای ئیسلامی داگیرکەر بوو، کەوتنە جنێودان پێیان و ئەوانیش بە ھەمان شێوە عەبدولڕەحمانی کوڕی ئەبو بەکری سدیق دەڵێت جنێوەدابوین خۆمان ئامادە کرد بۆ شەڕێکی گەورە ئێمەش ھەر بۆ ئەوە ھاتبوین.


لە خۆ ئامادە کردندا بوون بۆ شەڕ سوپای ئیسلام عەبدولڕەحمان دەڵێت لە ناکاو بینیمان قەشەیەک لە لایەن کافرەکانەوە ھات کڵاوێکی سوری لە سەردا بوو بە سواری ئێسترێکەوە بوو لە دوورەوە ھاواری کرد بە زمانی عەرەبیەکی زۆرباش، زۆرمان بە لاوە سەیر بوو کوردێک ئەتوانێت بە عەرەبی قسە بکات ھاواری کرد قەومی عەرەب کێ سەرکردەتانە سوپا سالارتانە با بێتە پێشەوە قسەی لەگەڵ بکەم، دەست بەجێ خالید چووە پێشەوە لێی وتی من سەرکردەیانم، قەشە پێی ووت ھەتا ئێستا ھیچ پاشایەک نەیوێراوە بێتە وڵاتی ئێمە و شەڕمان لەگەڵدا بکات، بەڵام لەبەر ئەوەی لە جێگایەکی دوورەوە ھاتوون لە بەر خاتری خوا شتێکتان دەدەینێ کە بیخۆن، بڕۆن لێرە ئەگینا تووشی شەڕێکی سەخت دەبن لەگەڵماندا، خالید لە وەڵامدا ووتی ووڵاتی کورد لە فارس و ڕۆم زیاتر نییە، کۆتایی بە قسەکانیان ھات و قەشە گەڕایەوە بۆ لای پاشاکەی کە ناوی پتروسی کوڕی کرباش بوو، قەشە قسەکانی خالیدی گێڕایەوە بۆ پاشا بتروس ئەویش زۆر تووڕە بوو یەکسەر سوپای ئامادەکرد بەرەو ڕووی موسوڵمانان ھێرشی برد، خالید ھاواری کرد ئەی موسوڵمانان ئێمە ئەگەر بکوژرێین باغ و باغات و حۆریەکانی بەھەشت چاوەڕێمانن، ئەوانیش دەتۆپن دەچنە جەھەنم، دوا بە دوای ئەم قسانە ھەردوو سوپاکە تێک ڕژان شەڕێکی گەورە قەوما ڕۆژی حەشر ھەستا ڕۆژی ڕووناک تاریک بوو لە تەپوتۆزی پێی ئەسپەکان، ھاوار ھاواری دەستوقاچ بڕاوەکان گوێی کەڕ دەکرد، چەندەھا ئەسپ بەبێ سوار لەوێ دەسوڕانەوە ئەو ڕۆژە ھەتا ئێوارە شەڕ بەردەوام بوو، خالیدی کوڕی وەلید توانی زەفەر بەرێت بە پاشا پترس لە دوورەوە بە ڕمێک بیکوژێت، بە مردنی پاشا ورەی سەربازەکان ڕووخا گەڕانەوە ناو قەڵاکە خۆیان ئامادە کردەوە بۆ ڕۆژی دوایی، براکەی پترس کە ناوی برابری بو شەڕی دەسپێکردەوە شەڕ بەردەوام بوو کۆمەڵێکی زۆر لەھەر دوولا کوژرا دوایی زرار کوڕی ئەزوەر توانی برابری بکوژێت سوپای کوردان ھەڵھاتن و چونەوە ناو قەڵای ئەرمۆتە، بەڵام موسوڵمانەکان نەیانتوانی قەڵاکە بگرن دەڵێن لەو شەڕەدا ٧٠٠٠ کورد کوژران بەڵام مێژوو نوسەکە باسی کوژراوە موسوڵمانە عەرەبەکان ناکات ٨٠٠ کەس بە ئەسیری دەبەنە بەردەم خالیدی کوڕی وەلید ئەویش پێ یان دەڵێت یان موسوڵمان بن یان جزیە، ئەوانیش ڕازی نابن خالیدیش دەڵێت لە سەریان بدەن ئەوانیش ھەموویان سەر دەبڕن، ئەمەیە نمونەی سەحابەکانی پێغەمبەر کە چی یان دەرھەق بە گەلەکەمان کردوە، بە داخەوە ئێستاش زۆرێک لە خەڵکی گومانی لەم مێژووە ھەیە بەڵام ھەمووی بێً دەسکاری کردن لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی ئیسلام دەرھاتووە، بۆ دڵنیا بوونی خۆتان دەتوانن بگەڕێنن و خۆتان ڕاستیەکان ببینن.

______________________________
سەرچاوە: (المصدر، رجال حول الرسول، خالد محمد خالد، بیروت، دار الفکر، ص ٥٢٨ - ٥٣١).

______________________________

بەشی دووەم: www.emrro.com/hatinisupayi2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/hatinisupayi.htm

 

 

zhilwanshilana@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک