په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٧\٢٠١٣

    هاوڕێ بۆنی ترێت لێ دێت...

شوان عوسمان

 

بۆ کاکە (دلاوەر قەرەداغی)ی شاعیر ئەو کەسەی هەمیشە بە ئاوی ترێ ئەنووسێت...

لە هێشووی وشەکانت،
دەنک دەنک دەنکەترێ بەر ئەبێتەوە...
من لە بنیدا لە خۆم بەرئەبم ،
چاوەڕێم بە بارانێک ،تەڕ ببمەوە..
بارانێک لە دەنکە ترێم ،بەرکەوێت...
هەر دەنکێک پڕە لە ناوکی وشە ،
هەر ناوکێکت پڕە لە ترێ..
هەر دێرێکیت تامی ترێیەک ئەدات ،رەش بێت یان سپی ،
هەریەکە تامی خۆی هەیە...
لە رەزی گەڵامێوێکدا بەرسیلەی وشەت پێ ئەگات ،
قەرتارێک لە ترێ ،رێ ئەگرێ..
هەر تلیەترێیەکت لە پێکی شەراب پڕەو
شەرابی تەڕی شاعیرانەی لێ ئەڕژێ...
هەر تنۆکێک لەو شیعرانە ،
جامێک شەهدو دۆشاوی لێ ئەتکێ...
بۆنی شەرابێکی رەش وسپییان لێ دێت...
هێشووت لە پێک ئەچۆڕێت ،
پێک لە خۆت ئەچۆڕێت ،پێکێکی چۆڕانەوەتم بۆ هەڵئەدەی....
تا من بە بۆنی ئەو وشانەوە ،بچۆڕێمەوە..
من لە خۆم بتکێم ،پێک لە خۆم ئەدەم...
تا بەر پێم ئەچم ،
خۆم راناگرم تا لەوێوە لە خۆم نەچم..
تامی پیتی ئەو ترێیانەت تامی بن زمانم ،
چەند خۆش ئەکەن..
زمانی شیعرم چەند بە شیعر شیرین ئەکەن..
دەنکەترێم لێ ئەڕوێ ،
بە ئاوی ترێوە تەڕ ئەبمەوە ،لە گۆمێکی شین خۆشاودا باڵ ئەگرم..
لە با نزیک ئەبمەوە ،تا ببمە هاوسێی ترێ....
لە باران تێئەگەم کە بۆ ئەبارێ ،
تا خۆی لە پەلکەمێوێک هەڵسوێت..
لەگەل خۆم دائەنیشم ،
تا بە وشەکانت لە خۆم پڕ ببم...
تا سەرووەختی رژانم ،هەر بڕژێم...
بە بەرائەتی شیعرێک ژان بگرم...
بە خەیاڵی ژنێک کاتێک لە تەنیاییدا ،
لەگەل شیعر رووت ئەبێتەوە..
هاژەی رووتم ئەکاتەوە ،من رووت ئەبمەوە ،
تا ببم بە شیعرێک لەسەر زاری ئەودا...
تەنیاییم لە هاوسەفەری شیعرێکدا ،
پڕاوپڕ ئەبێت لە ئیلهامی قسە...
لە جوانی...
مەلە لە ئاوی ترێ ئەکەم ،بە دەفرێک لە جامی شەرابەوە ،
ئەفڕم ،باڵ ئەگرم...
بە سرک لێم نزیک ئەبیتەوە وشەکان ،
من چەند لە سرکەکانیان نزیکم...
کاتێک وشەکانت لە قەدی دارمێوێک ،ئەبینم..
توولەمێو ئەدەن ،لوول ئەبن...
تا پەسیرەم ئەکەن بە ترێ...
من لێرەدا ترێ ئەگرم ،پەسیرەم شیرین ئەبێ...
ترێ بارانم ئەبم..
شەراب ودۆشاوم لێ ئەڕژێت...
دەنکەترێیەکانت لەمن نزیک ئەبنەوە ،
تا دەنک بکەم ،وشەم باڵ بکەم...
لەگەل ئاودا بڕۆم ،
لەگەل خەیاڵدا بنووم..
ترێوشەرابت بەسەرمدا بڕژێ...
هاوڕێم..
هاوڕێی وشەو ترێ..
من بە شەرابی شیعرت هەمیشە سەرخۆش ئەبم ،
لە بڕی قومێک شەراب فڕ کەم ،
دێرێک لە وشەکانت بەسە تا لە خۆم بفڕم..
بکەوە رێ هاوڕێ ،
تا رێیەک هەیە ،شیعر دەربەست نابێت سەفەرێک بە وشە بکە ،
من لەگەلت دێم ،وەکو با ،
سەفەر ئەکەم...
بۆ هەر رەزێک بچی ،من ئەچم..
تا بۆنی ترێ بکەم...
دەست لە وشەترێیەکان بەرنادەم ،
تا لە ترێ نەبم..
تا با هەبێ و
باران لە ئاسمانی وشەی تۆدا ببارێت ،
من بە دواتەوەم ،لەگەلت دێم ،
لەگەلت ئەبارم...


٤\٧\٢٠١٣ - هۆخفلیت / هۆلەندە

ماڵپه‌ڕی شوان عوسمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک