په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم لە ڕێگاى پەرله‌مانەوە یان لەڕێگاى دەنگدانەوە؟

 

 

- خەڵک و کێشمەکێشى نێوان دووباڵى ناسیونالیزمى کورد -

 


خەسرەو سایە   


بەدواى ڕاگەیاندنى مەسعود بەرزانى لەکۆبوونەوەى پەرلمان بۆ دیارى کردنى ڕۆژى هەڵبژاردنەکان و خۆ کاندیدکردنى بۆسەرۆکى هەرێم، باسى شێوازى هەڵبژاردنى سەرۆک لەنێو دەزگاکانى ڕاگەیاندندا جێگاى بۆ پەیدابوو. لەمبارەوە ڕادیۆ نەوا لەبەرنامەیەکدا ئەوپرسەى خستە نێو گوێگرانى خۆیەوە کەئایا پێیان باشە سەرۆکى هەرێم لەڕێگاى پەرلمانەوە هەڵبژێردرێت وەیا لەڕێگاى سندوقەکانى دەنگدانەوە؟. لەلایەکى تریشەوە ڕۆژنامە ئەهلیەکان و ئەوانەشى کەسەر بەئەحزابى دەسەلاتدارن بەشێوەى جیاواز لەم باسەدا هاتنە پێشەوە و فەزاى ئەم پرسەیان گەرم کرد. بەلام ئەوەى کەبەگشتى لەوەلامى ئەم پرسەدا خۆى نیشانداوە دوو هەڵوێستى بەڕواڵەت پێچەوانە بەیەک و لەناوەڕۆکدا دژ بەخواستەکانى خەڵک، سەریهەڵداوە. لەلایەک ئەوانە ڕاوەستاون کەلایەنگرى هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێمن لەڕێگاى پەرلمانەوە و پاساویشیان بۆى ئەوەیە کەمادام ئەندامانى پەرلمان نوێنەرى دەنگى خەڵکن، ئیتر پێویست بەدەنگدانى گشتى ناکات. بەلام ئەم پاساوە ئەو سیاسەت و بۆچوونەى لەپشتەوەیە کەئەگەر پەرلمان سەرۆک هەڵبژێرى دەشتوانێ هەرکات بیەوێت لاى ببات و بەمەش مەترسى تاکڕەوى و داسەپاندنى دیکتاتۆرێک بەسەر "پڕۆسەى دیموکراسى" کوردستاندا دور خاتەوە. لەلایەکەى تریشدا ئەوانە ڕاوەستاون کەهەڵبژاردنى سەرۆک بەدەنگدانى خەڵک دەسپێرن و پاساویشیان ئەوەیە کەلەم ڕێگایەوە خودى پڕۆسەى دیموکراسى لەکوردستان قوڵدەکاتەوە. کەدیارە لەپشت ئەم بانگەشەیەوە سیاسەتى پێدانى ئیمتیازاتى زۆر بەسەرۆکى هەرێم و زامنکردنى هێشتنەوەى لەمەودایەکى درێژترو لیسەندنەوەى ئیختیاراتى پەرلمانە بۆلابردنى..


بەلام ئایا لەم موجادەلەیە و لەم دوو جەمسەریەدا پاساوەکان ڕاستیان تێدایە؟ ئایا هەوڵەکانى هەریەک لەم دوولایەنە پەیوەندیان بەقازانجى خەڵک و مافى هاولاتیانەوە هەیە؟ سەرەنجامیش دەبێ هاولاتیانى کوردستان لەکوێى ئەم موناقەشەیە و ئەم دوو جەمسەرەدا ڕابووەستن؟


سەرەتا ئەوەەى کەدەبێ لەسەرى ڕاوەستین ئەوەیە، کەئەم موناقەشەو ئەم جەدەلە گۆشەیەک لەکێشمەکێشى نێوان دوو باڵى بۆرژوا ناسیونالیزمى کورد دا بەرپاکراوە، کەلەسەرێکیاندا دەسەلاتى یەکیتى وپارتى وسیستەمێک ڕاوەستاوە، کە 18 ساڵە ژیانى خەڵکى بەمرۆ گەیاندووە وئیستاش پەلەقاژەى ڕاگرتنى ئەم دەسەلاتە بۆتە میحوەرى هەوڵەکانیان و ئامادەشن هەموو ڕێگایەک بگرنەبەر، تا دەسەلاتى پاوانخوازیان بەسەر سەرى خەلکەوە بۆدەیان ساڵىتر بهێڵنەوە. تەنانەت ئەگەر بەنرخى تێکەڵ کردنى سیستەمى پەرلمانى و سەرۆکایەتى و ژێرپێنانى هەرپڕەنسیپێکى دیموکراسیشەوە بێت.. وە لەجەمسەرەکەى تریشدا باڵێکى ناڕازى ناسیونالیزمى کورد ڕاوەستاوە کەبەرگى"ئۆپۆزسیۆنێکى پەرلمانى" پۆشیوە و بەناوى بەرگرى لەپرۆسەى دیموکراسیەوە، خەریکە هاولاتیانی کوردستان بکاتە ئامڕازى ئامانجێکى کونەپەرستانەو چینایەتى جیا لەئامانجى خەڵکى ناڕازى کوردستان. ئەم باڵە کەنوێنەرى ئەوبەشە لەدەولەمەندان وسەرمایەداران و بەرپرسیارانێکى ناڕازین کەتازە لەڕیزەکانى ئەحزابى دەسەلاتدار هەڵبڕاون وگلەییان لەڕۆڵى پاوانخوازى و دزین و گەندەڵى یەکیتى و پارتى هەیە وشەڕى بەشى خۆیان دەکەن لەدەسەلات و داهاتى کۆمەڵگا، کەئیستا لەدەستى دوو حزبى سەرەکیدا کۆبوتەوە. ئەم جەمسەرە کەبەناوى گۆڕان وچاکسازى سیستەمى ئیدارى ئێستاى کوردستانەوە سەرى هەڵداوە، سەروبنى زمانی بۆتە "جیاکردنەوەى حزب لەحکومەت و دادگاو دورخستنەوەى ڕۆڵى مەکتەبى سیاسى حزبەکان بەسەر پەرلمانەوە"، گوایە لەم ڕێگایەوە خەڵکى کوردستان لەسیستەمێکى مەدەنى و ئینسانى ودادوەرى نزیک دەخاتەوە!!. بەلام لەواقعدا ئەم جەمسەرە چاوی بڕیوەتە ئەو قەڵشتەى کەلەنێوان خەڵکى ناڕازى کوردستان ودەسەلاتى ئێستاى یەکیتى وپارتیدا دروست بووە و لەسەر مەزاجى نارەزایەتى ئەو بەشە لەخەڵک کاردەکات کەهێشتا گیرۆدەى وەهمى کوردایەتىیەو ڕزگارنەبوە لێى. تا لەم ڕێگایەوە سوارى شەپۆلى ناڕەزایەتى گشتى هاولاتیان ببێت وبیان کاتە ئامڕازى گۆڕانکاریەک لەسیستەمى ئیستادا کەلەقازانجى دەوڵەمەندان وبەرپرسیارانێکى بەشدارى دوینێى دەسەلات و ناڕازى ئەمرۆ دایە. پاساوێکیش کەئەمانە بەناوى "دورخستنەوەى دیکتاتۆر وتاکڕەوى لەپڕۆسەى دیموکراسى کوردستاندا" دەیهێننەوە لەبنەڕەتەوە فشارێکە بۆ شلکردنەوەى دەسەلاتى یەکیتى وپارتى و ناچارکردنیان بە ملدان بەبەشێک لەدەسەلات وداهاتى خڕبووەوە لەدەستى ئەم دوو حزبەدا.


لەبەرامبەر ئەوەشدا کەئایا بەچ بارێکدا "دیموکراسى قوڵدەبێتەوە" وبەتایبەتیش ئەوانەى کەلایەنگرى هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێمن لەڕێگاى پەرلمانەوە و ترسیان هەیە لەتاکڕەوى و سەرهەڵدانى دیکتاتۆر.. دەبێ ئەوە بڵێین کە قوڵبوونەوەى دیموکراسى لەسیستەمێکدا کەپێشمەرگەو ئەحزابى میلیشیایى هەموو ئیمکاناتێکى ئابوورى و قانونیان بەدەستەوەیە، دەکاتە بۆچونێکى خەیالاوى، چونکە پێشمەرگەو چەکدارو داهات هەمیشە وەک ئامرَِازیکى بڕیاردەر لەسەرو دیموکراسى و پەرلمانەوە ڕاگیراوە و ئەو فرسەتەشى داوەتە دەست ئەحزابى دەسەلاتدار کەهەرکات پێویستى کرد وزانیان "قوڵبوونەوەى دیموکراسى" بەرژەوەندیەکانیان دەخاتە مەترسیەوە، گشت پرۆژەى دیموکراسى وپەرلمان ڕاکێشنە نێو خوێن وشەڕى ناوخۆوە. پەرلمانى سالى 92 و ڕووداوەکانى دواتر نمونەیەکە بۆ بۆ سەلماندنى ئەم ڕاستیەیە. ئەوانەش کە لەتاکڕەوى و دیکتاتۆریەت، دەترسن، دەبێ ئەوەیان وەبیر بهێنرێتەوە کەئیفرازاتى دەسەلاتدارێتى ئەحزابى میلیشیایى لەغیابى دەوڵەتدا، زۆرتر ترسى پەلامارو ملهورى بەرهەم دێنێت تا دیکتاتۆرى.


بەلام ئەوەى کەخەڵک لەبازنەى ئەم موجادەلەیەو ئەم کێشمەکێشەى نێوان ئەم دووجەمسەرە دەردێنى و لەدەرەوەدا ڕایدەگرێ، ئەوەیە کەهەردوولا بەتەواوى تواناوە خۆبەستن بەدەسەلاتى ئێستاوە. هەردوولا مانەوەى پەرلمان و حکومەتێکى بێدەوڵەت وبێدەستور کەئەحزابى میلیشیایى لەپشتیەوە ڕاوەستاوە مەسەلەى هاوبەشیانە. هەردوولا لەسەر بنەماى نادیارى چارەنوسى کۆمەڵگا و دیموکراسى گرێ دراو بەعێراقى فیدراڵیزم و به‌ستراو بەدەوڵەتى سەرپا قەیراناوى بەعدادەوە، بنەمایانە. تەنانەت لەباسى "قوڵکردنەوەى دیموکراسی"شدا، هیچ لایەک باسیان لەسەر مافە مەدەنى وفەردیەکانى هاولاتیانى کوردستان وئازادى ویەکسانى ژنان و ڕۆڵى ڕاستەوخۆى نوێنەرانى خەڵک نییە. بەڵکو ئەوەى ئەوان بەناوى ڕیفۆرم وچاکسازى گۆڕانەوە دەرخواردى خەڵکى دەدەن چەکوشکارى دەسەلاتى میلیشیاى ئەحزابى ناسیونالیزمى کوردە کەلەپانتایى نەبوونى دەولەتێکى مەدەنى وسەربەخۆى بەڕەمسمیەت ناسرواى نێو دەوڵەتیدا، بەهەلواسراوى وبەحوکمى بارودۆخى عێراق و ناوچەکە ڕاگیراوە. لەئاوەها هەلومەرجێکدا، سەرۆکایەتى هەرێم ئەگەر لەڕێگاى پەرلمانەوە بێت وەیا بەدەنگدان دابنرێ، ژیانى خەڵک گۆڕانێکى بەسەردانایەت و ئەوان لەگێژاوى گەندەڵى و ملهوڕى چەکدارى و نەبوونى و بێکارى و سەروکوت و هەلاواردن دەرناکێشێت. هەربۆیە ئەوە ئەرکى خەڵک نییە کە لەم کێشەو موجادەلەیەشدا لە کەنار هیچ لایەکدا ڕاوەستێت.

 

 

Saya.xasraw@yahoo.co.uk