په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١٠\٢٠١٠

هەڵبژێردراوانی یەکەمین فیستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتەری کوردی لە هەڵەبجە دیاریکران.


مەنسوور جیهانی


دوێنێ هەینی هەڵبژێردراوانی بەشە جۆراوجۆرەکانی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتەری کوردی لە شاری هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان دیاریکران.


بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتی فیستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتەری کوردی هەڵەبجە، یەکەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتەری کوردی هەڵەبجە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای شاری سلێمانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە هاوبەشی قایمقامییەتی قەزای هەڵەبجەی شەهید، بە سەرپەرەستی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە و بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی مۆنۆمێنتی شەهێدانی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری ئەم شارە لە رۆژانی 25 تا 29ی ئۆکتۆبری 2010 لە هۆڵی مۆنۆمێنتی شەهێدانی شاری هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.


ڕێوڕەسمی کۆتایی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتەری کوردی هەڵەبجە کاتژمێر 5ی دوانیوەڕۆی دوێنێ هەینی بە ئامادەبوونی "ئازاد سەوزە" بەڕێوەبەری هونەری سینەمای سلێمانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "گۆران ئەدهەم کاکەیی" قایمقامی شاری هەڵەبجە، "مامۆستا خدر" سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە، هونەرمەندانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ، ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی فیستیڤاڵ، بەڕێوەبەرانی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتەری کوردی هەڵەبجە، کۆمەڵێک لە خەڵکی شاری هەڵەبجە و هۆگرانی هونەری سینەما لە هۆڵی مۆنۆمێنتی شەهێدانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو، کە تیایدا هونەرمەندانی سەرکەوتووی ئەم فیستیڤاڵە دەستنیشان کران.


لەم ڕێوڕەسمەدا سەرەتا "گۆران ئەدهەم کاکەیی" وتاری تایبەتی قایمقامی شاری هەڵەبجەی بۆ یەکەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتەری کوردی هەڵەبجەی پێشکەش کرد و لە درێژەدا وتاری کۆتایی فیستیڤاڵ لە لایەن "ئازاد سەوزە" بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانی خوێندرایەوە و پاشان "ئاوات عوسمان" وتاری ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتەری کوردی هەڵەبجەی خوێندەوە و پاشان خەڵاتی تایبەتی فیستیڤاڵ و هەروەها تابڵۆی فەخری فیستیڤاڵ بەسەر هونەرمەندانی سەرکەوتوودا دابەشکرا، کە ناوی بەشەکان و فیلمسازانی سەرکەوتووی ئەم فیستیڤاڵە بریتین لە:


ـ باشترین دەرهێنەر: خەڵاتی تایبەت و تابڵۆی فەخری ئەم بەشە بەخشرا بە "رەنجدەر ڕزگار" بۆ دەرهێنانی کورتە فیلمی "ئەرمەن لە کوردستان" لە شاری هەولێر.
ـ باشترین وێنەگر: خەڵاتی تایبەت و تابڵۆی فەخری ئەم بەشە بەخشرا بە "حەمید قەوامی".
بۆ وێنەگرتنی کورتە فیلمی "سرشک ون" واتە "سرێشی وەن" لە دەرهێنانی "جەعفەر نوورمحەمەدی" لە شاری سنە.
ـ باشترین مۆنتاژ: خەڵاتی تایبەت و تابڵۆی فەخری ئەم بەشە بەخشرا بە "ئەریوان جەماڵ" بۆ مونتاژی کورتە فیلمی "دوورترین شوێنی دنیا" لە شاری سلێمانی.
ـ باشترین ئیدە: خەڵاتی تایبەت و تابڵۆی فەخری ئەم بەشە بەخشرا بە "هەوراز محەمەد" بۆ ئیدەی کورتە فیلمی "تاوان بەرامبەر بە منداڵ" لە شاری سلێمانی.
ـ باشترین فیلم: خەڵاتی تایبەت و تابڵۆی فەخری ئەم بەشە بەخشرا بە کورتە فیلمی "مدار سفر درجە" واتە "هێڵًی پلە سفر" لە دەرهێنانی "مەحموود رەحمانی" لە شاری ئەهواز.


لە یەکەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتەری کوردی هەڵەبجەدا 15 کورتە فیلم لە بەشی پێشبڕکێی و 6 کورتە فیلمی لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی نمایشکران. ئەو فیلمانەی کە لە بەشی پێشبڕکێی ئەم فیستیڤاڵە نمایشکران، بریتین لە: کورتە فیلمی "رۆژێکی پڕ لە زام" لە دەرهێنانی "سەتار چەمەنی گوڵ"، کورتە فیلمی "هەڵەبجە و یادگاری" لە دەرهێنانی "شاخەوان عەبدوڵڵا قازی"، کورتە فیلمی "سۆناتای پەنجە هەڵوەریوەکان" لە دەرهێنانی "سامی کاکە عەلی"، کورتە فیلمی "هیلاک" لە دەرهێنانی "دانا کەریم رەزا"، کورتە فیلمی "سرێشی وەن" لە دەرهێنانی "جەعفەر نوورمحەمەدی"، کورتە فیلمی "پێشی خۆت ببینە" لە دەرهێنانی "مێهدی پوورموسا"، کورتە فیلمی "ویلەنجەک شەقامی 10 ـ ژمارە 151" لە دەرهێنانی "سەرکێو مسگەری"، کورتە فیلمی "ئەرمەن لە کوردستان" لە دەرهێنانی "رەنجدەر رزگار"، کورتە فیلمی "دوورترین ژووری دونیا" لە دەرهێنانی "سالار فەتاح قادر"، کورتە فیلمی "پەپوولە ئەنفالکراوەکان" لە دەرهێنانی "محەمەد سەید"، کورتە فیلمی "هێڵی پلە سفر" لە دەرهێنانی "مەحموود رەحمانی"، کورتە فیلمی "یەک رۆژژمێر.. یەک قیبلە" لە دەرهێنانی "هیوا سوفییە"، کورتە فیلمی "گوێ بڕوەکان" لە دەرهێنانی "ئاکۆ عومەر محەمەد" و کورتە فیلمی "تاوان بەرامبەر منداڵ" لە دەرهێنانی "هەوراز محەمەد".


هەروەها ئەو کورتە فیلمانەی کە لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتەری کوردی هەڵەبجە نمایشکران، بریتین لە: کورتە فیلمی "دایکانی من" لە دەرهێنانی "ئیبراهیم سەعیدی"، کورتە فیلمی "مافوورەی دار" لە دەرهێنانی "عەبدولڕەحمان میرانی"، کورتە فیلمی "پیاو و دەبە" لە دەرهێنانی "کەیوان کەریمی"، کورتە فیلمی "رێگا" لە دەرهێنانی "هاوڕێی بەهجەت"، کورتە فیلمی "شوێنێک نییە بۆ سەما" لە دەرهێنانی "تەلار محەمەد"، کورتە فیلمی "ئەمە منم ئەوەش لاشەکەم" لە دەرهێنانی "شارا نسار" و کورتە فیلمی "گوندی عەلوەش" لە دەرهێنانی "هاودەنگ محەمەد فەرەج".


بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتی فیستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتەری کوردی هەڵەبجە

mansourjahani@gmail.com