په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

               هەڵوەرینى بەفر.


لەتیف فاتیح فەرەج


مەرگى کلوە بەفرەکان
لە وەرزى وەرینى گەڵاکانى هەشتا و هەشت دەچێت
وەرزى وەرینى گەڵاکانى گەرمەسێر
وەرینى ئەو گەڵایانەى بەدەم گۆرانى وتنەوە
لە دارى ژیان بەربونەوە
بەربونەوەء خەوێکیان بە ژیانەوە نەدى
مەرگى کلوە بەفرەکانى قەندیل
لەم ئێوارە ساردەى نیشتمانا
یادەوەریمان دەباتەوە بۆ لاى سالم
بۆ لاى پرسیارە تەریوەکانى نالى
بۆ بن دارەکەى شێخ هەباس
بۆ لاى نیوە بەیتە یاخیەکەى
"ڕۆمى ئەوەندە شومن لە شەخسیش دەدەن زەرەر"
کآ هەواڵى ئەو کلوە بەفرانەمم دەداتێ
کە خۆیان بون بەکفنى خۆیان
ئەو کلوە بەفرانەى بەر لەوەى بەهەناسەى دڕکە پۆستاڵ لە پێکان بتوێنەوە
کلو کلو خۆیان دەکوژن
لەم وەرزى وەرینى کلوە بەفرانەدا
خوا بەگۆانیەکانى ئێمە "وەتەن ئاوا ناکا"
گەر نەزانین ئەو هەموو دارەى نیشتمان
بۆچى یەک یەک لەخاچ ئەدرێن
گەر نەزانین
ئەو بەردە بێخاوەنانە تاوانیان چیە
کە چاوى بینینیان لێ دەسەنرێت
گەر نەزانین ئەم هەموو گەڵاى شەهیدە
تابوتیان لە کوێوە بۆ دێ
وەتەن ئاوا نابێ ئەگەر
شەرەف لەڕستەى بونا فڕێدەینە دەرەوە
وەتەن ئاوا نابێ ئەگەر
ئازادى بخەینە تۆڕى بێدەنگیەوە
وەتەن ئاوا نابێ مەگەر
نەیەڵین کلوە بەفرەکان تەنیا بن
مەگەر
بۆ ئاسکە سەرگەردانەکانى قەندیل
جەستەمان بکەین بە پەرژین
پاڕانەوە لەخوا پاڕانەوە نیە
ئەگەر دەستەکانمان پڕ نەکەین لە بەرد
کێ دەڵێ لە هەموو گەڵایەکى وەریودا
چراى چاوى خوایەک ناکوژێتەوە
کێ دەڵێ لەگەڵ مەرگى هەموو کلوە بەفرێکدا
خوایەک شەهید نابێ.
خوا لە قوڵایی سروشتا هەمیشە لەنێو ئەو بەفرو
گەڵایانەدایە
کە هێشتا بۆنى یەکەمین لەدایک بونى زەویان
لێ دێ.
خوا کلوە بەفرو گەڵاکان جێناهێڵێ
ئەو نایەوێ هەتا پای تیایە ڕاکاو
لە دورەوە
لە رێگاى شاشەى تەلەفزێونەوە
مەرگى گوڵەکان ببینێ
خوا لەوێیە
لە نێو هەموو کلوە بەفرێکى قەندیلا
گازمان دەکا و دەڵێ وەرن.

 

                               سێشەممە 26/2/2008