په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٢\٢٠١١

هەڕاجخانەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی!

 

سەلام عەبدوڵا  

هیچ کاتێک بازاڕی عەدالەتی کۆمەیلایەتی ئەوەندە گەرم نەبووە.


-عەدالەتە کۆمەڵایەتییەکەی حکومەتەکانی پارتی و یەکێتی، گەڕەکی فیرعەون، دۆلارو ملیونێرو خاوەن کۆمپانیای زەبەلاحی سەیریان لێ هەڵکەوت و بە دەسەڵات و پارە وپەیوەندییەکانیان گێژ بوون و ئاگایان لە ژیانی راستەقینەی"براو خوشکەکانیان"نەماوە، بەڵام لێرەو لەوێ بەردەستەکانیان"خێر"پێشکەش بە خەڵک دەکەن.


- عەدالەتە کۆمەڵایەتییەکەی گۆڕان پێمان ناڵێ چۆن، بۆیە هەر قاوخە. خواتان بێت فکری لیبراڵ دیموکرات و دەسەڵاتی تەکنۆکرات و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی لە قوتی چ عەتارێک دۆزیوەتەوە؟!
- زمان و قەڵەمی سەددان رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی تەتەڵە دەکات، خەریکی عەداڵەتی ماستاوکردن و شا تەکاندن وپێهەڵدانن!
- رۆشنبیرە لیبڕڵەکان و تازە سۆسیالدیموکراتەکانیش دەم لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی و"تەنانەت" ئازادیش دەکوتن، بەڵام کە باسەکە گەرم دەبێت وباسی سیستێم و فکر و بیری عەدالەت و چۆنییەتی هەنگاونان دێتەپێش، دەبن بە چەقۆکێش و رێگریدەکەن و هەزار نەفرەت لە سۆسیالیزمی زانستی دەکەن!
- زۆربەی نووسەر، رۆشنبیر و رۆژنامەنووسەکان خۆیان لە هەڵویستوەرگرتن دەدزنەوە. ئەمانەش خەریکی عەداڵەتی گیرفانەکانیانن و دەڵێن ئێمە هیچمان پێناکرێ!
- ئیسلامییەکان پاش1400 ساڵ هێشتا هەر خەریکی(تەرازووی یەکسان-ئەی ئەوەی لە دیوەکەی تری تەرازووییەکەی؟!-...بەیەکچاو تەماشاکردنی بەرتیلوەرگر و بەرتیلدەر)، ئەمانیش ئەگەر خێریان هەبوایە، باری ژێردەستەکان پاش ئەو هەموو ساڵانە ئەوەندە لێژ نەدەبوو. ئەم بەڕێزانە تازە بە تازە بە چەقۆی بن لادن یان بە لیبرالییەکەی یەکگرتو یان بە وزەڵاتەی"میانڕەوەی"و سەلەفییەکەی کۆمەڵ و کۆنەپارێزی بزووتنەوە وەعدی پاداشتی ئەو دونیامان دەدەنێ.


لەم ناوەڕاستە هەژارەکان تەماشای چاوەڕوانییەکانی منداڵەکانیان و کیرفانیان ورددەبنەوە، خەم دایان دەگرێ، هەست بەنامۆبوون دەکەن، بۆیە هیچیان بۆ نامێنێتەوەو بە رەنگزەردی شوکری خوا دەکەن و دەڵێن خۆی چاکی دەکاتەوە!


لەم ناوەڕاستە کەمایەتییەک دەمێننەوە نە بۆ پارە و نە بۆ دەسەڵات و موزایەدەکردن ماونەتەوە: ئەمانە باش لە یارێکە سەردەردەکەن، بەڵام ناتوانن بەر بە لێشاوی درۆو دەڵەسەکان بگرن.


عەدالەتفرۆشەکان لەخۆشییەوە خەنیون، رۆژ رۆژی خۆیانە، بەڵام هەر کە باسی ئابووری کەرتی گشتی و هەرەوەزی بکرێت، روونتر بڵێم داوای(خۆماڵیکردنی ئاسیاسێل، کۆڕەک، بازرگانی، نەخۆشخانە، زانکۆ...هتد تایبەتەکان)بکرێ، هەر هەموویان خۆیان کەڕ دەکەن و دەچنە سەنگەری ئازادی کەرتی تایبەت و لەپێناویدا هاواری(ئازادی، ئزادی، ئازادی!... نابێ مافی تاک پێشێل بکرێ)دەکەن و دەڵێن: اعوز بالله، ئەوە سۆسیالیزمە...باوی نەماگە!


دووڕووی، فرتوفێل، پاشقوڵدان، خۆگێلکردن و گێلکردنی خەڵک لە راگەیاندنی دەسەڵاتدارەکان بووە بە"مۆدێل"، هەڵویستفرۆشتنی"نیشتمانپەروەری و خەباتگێڕی قەزافییەکان" بوون بە گاڵتەجاڕی ناو خەڵک و درۆی شاخداری"وەزعی کوردستان وەک فڵان و فیسارە وەڵات نییە" زۆر بێتام و لەزەتە...ئەوە خەریکە خەڵکی مەکەی بنەماڵە ئەبدییەکەی خادمەکەیان بەر شەق و تف و نەعلەت دەدەن، پاشا لەترساندا 140ملیار دۆلاری تەرخان کردووە بۆ هەژارەکان: بۆچی لە سعودیەش هەژار هەیە؟!


ئەم ئەزموونە حەقیقەتێ دەسەڵات و دەسەڵاتدارە خاوەن کۆمپانیا"نیشتمانپەروەرەکان" لەسەرتاسەری دنیا دەرخست و رسواو بێحورمەت بوون و تازە بە هیچ دوو لەشکری تریش لە هەزاران نووسەر و رۆژنامەنووسی ئەقڵ و فکرە قەڵەمفرۆشەکان پینەوپەڕۆ ناکرێت.


سوپاس بۆ قەزافی کە تاکە کەسە"شایەنی"سەرۆکایەتیکردنە، چیرۆکی(مشکە ئازاکان)ی بەبیرهێنامەوە، ئاخر ئێمەش وەک(شی شی)و هاوڕێکانی لەسەرتاسەری دنیا داوای عەدالەت لە پشیلەکان دەکەین نەک عەدالەتی هەڕاجخانەکان!

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا