په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١٠\٢٠١٢

ھەڤپەیڤینێک لەتەک ھاوڕێ زاھیر باھیر.

 

سازدانی: سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان


- بەشی یەکەم -


- سەرەتا ئەگەر بکرێت، بە کورتەیەک خۆتان بە خوێنەرانی سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان بناسێنن و کەمێک لەبارەی پێشینەی چالاکی و ڕۆڵت لە گروپە ڕامیارییەکاندا بدوێیت؟

من ناوم زاھیر باھیرە ساڵی ١٩٥٢ لە گوندێکی سەر بە ناوچەی قەرەداغی شاری سلێمانی لەدایک بووم، دەرچوی 'خانەی مامۆستایانی سلێمانی'م و لە ڕۆژی ٠٧/١١/١٩٨٥ دا گەیشتومەتە لەندەن و تا ئێستاش ھەر لێرە دادەنیشم.

وەکو چالاکی ڕامیاری ھەر لە سەرەتای تەمەنی لاوێتیمەوە تێکەڵاوی ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی باڵی مەکەتەبی ڕامیاری (جەلالی) و پارتەکەیان بووم. لە ساڵی دیراسی ١٩٦٩/١٩٧٠ دا لەتەک شەھید ئەمین پۆڵا ( حەمەئەمینی حاجی شێخ عەلی کە لە ناو مەفرزە ‌سەرەتاییەکانی کۆمەڵەدا بە مامۆستا شەماڵ ناسرا بوو) بەرپرسی یەکێتی قوتابیانی خانەی مامۆستایان و پەیمانگەی مامۆستایانی سلێمانی بووم.

لە ساڵی ١٩٧٢ دا پەیوەندیم بە گروپی مارکسی - لینینییەکانی عێراقەوە، ‌ کرد. ئەو لە سەروبەندێکی ئاوادا دروست بووبوو کە ‌ ھەندێک لەو ھاوڕێیانە ماوەیەکی کەم بوو کە لە کۆمەڵەی مارکسی - لینینی کوردستانی ( کۆمەڵەی ڕەنجدەران) ‌ لەسەر ناکۆکی فیکری ئایا: گروپی مارکسی- لینینی، دەبێت کوردستانی بێت یا عێراقی بێت، جیا بووبوونەوە.

پاش ماوەیەک بەھۆی گومانی جۆرێک لە پەیوەندیبوونی دوو ھاوڕێوە کە لە گروپەکەدا بوون، لەگەڵ پیاوانی سەر بە دەوڵەتدا، تەنھا چارەیەکمان ھەڵوەشاندنەوەی گروپەکە بوو. ھەر پاش تێپەڕبوونی ماوەیەکی کەم ئەوانەمان کە ویستمان یەکبگرینەوە لە پشتی برادەرانی گومانلێکراوەوە،‌ یەکمان گرتەوە ‌و ڕێکخراوێکی تازەمان بەناوی ڕێکخراوی مارکسی-لینینی شیوعیەکانی عێراقەوە دروستکردەوە و ڕۆژنامەیەکمان بەناوی "کۆمۆنیستەوە"‌ دەردەکرد، ھەر بەھۆی ئەوەشەوە دواتر ڕێکخراوەکە بە گروپی کۆمۆنیستەکان، ناسرا. کارەکان بەو شێوەیەی کە چاوەڕوان دەکرا نەدەچوونە پێشەوە بۆیە ھەر لە سەرەتای ‌ ساڵی ‌ ١٩٧٦ وە ھەندێک لەو ‌ برادەرانە بە ھۆی ھەندێک گیروگرفتەوە لە کارکردن و لە گروپەکە چونە دەرەوە، بەڵام وەکو دۆستێکی گروپەکە ‌و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ھەر مانەوە. لە کۆتایی سالی ١٩٧٦ و سەرەتای ١٩٧٧ دا دوای ئەوەی کە بارودۆخی کارکردن لە شارەکاندا یەکجار گران بوو ، ھێڕش و شاڵاوی گرتن و ئیرھاب دەستی پێکرد بەتایبەت دوای گیرانی برایم حەسەن، کە ئەندامی ڕێکخراوی ڕەنجدەران بوو، لە ساڵی ١٩٧٧ دا ، کە ناوی خەڵکانێکی زۆر زۆری لە ھەموو گروپ و لایەنەکانی دییش، ھێنابوو. ئەو ھێڕشە ئێمەشی گرتەوە ‌و ھاوڕێیەکمان گیرا و دووانی دییشمان دوای ناوھێنانیان ڕایان کردە دەرەوە و من و ھەندێکی ترمان بۆ ماوەیەک خۆمان شاردەوە تاکو زروفەکە نەختێک ئاساییی بووەوە. لەم ماوەیەدا ئێمە پەیوەندیمان لەتەک پاشماوەی حیزبی شیوعی عێراقی ( قیادە مەرکەزی) کە بە "وەحدە القاعیدە" ناودەبران و یەکێتی کارگەران و ھەندێک خەڵکی زۆرباشی ناو کۆمەڵە ھەبوو.

ئاڵۆزبوونی زیاتری بارودۆخەکە بووە ھۆی کشانەوەی ھەندێک لە برادەرانی دیمان و ھەندێکی دییشیان ڕویانکردە ھەندەران، بەڵام پەیوندی ئێمە لەگەڵ وەحدە القاعیدە، تادەھات زیاتر دەچووە پێشەوە ‌و ھارکارییەکی زۆر ھەبوو لە نێوانماندا. ھەر بە حوکمی ئەم نزیکییەمان لە یەکترییەوە و باشتر ئەوانمان ناسی، بۆمان دەرکەوت کە ئەوان ‌ لە فەوزا و ئاڵۆزییەکی زۆر گەورەدا دەژین ھەم لە کێشمانکێشی فکری لەسەر ناکۆکی نێوانی ئەلبانیای ئەو کاتەی ئەنوەر خواجە ‌و چیندا ، کە خودی ناکۆکییەکەش لەسەر تیوری جیھانی سێھەم بوو، ھەم لە لوبنانیش، کە ھەندێک لە ھاوڕێیان و ھەندێک لە سەرانی حیزب لەوێ بوون. کێشەی نێوانی ھەندێک لەم ھاوڕێیانە لەتەک 'فازیلی مەلا مەحمـوود' (یادی بەخێر) و 'عادل عەبدولمەھدی' ، کە دواتر ڕوی لە ئیسلامێتی کرد و لەم ساڵانەی پێشووشدا ماوەیەک ‌ نائیبی جەلال تاڵەبانی، سەرکۆماری عێراق،بوو، کە لای زۆربەمان 'عادل بە ابو امل' ناسرابوو، دروستبووبوو وە کێشەکەیان بەرەو خراپی دەڕۆیشت .

کێشەی نێوانی ئەوان شێوەیەکی زۆر ھەرزانە و توندڕەوانەی وەرگرتبوو تاکو گەیشتبووە چەک ڕاکێشان لەلایەن یەکێک لەو ھاوڕێیانەوە لە فازیل و عادل، کە خۆیان پاڵپێوەنەری ئەو کارەی ئەو ھاوڕێیە، بوون. ھەر لەبەر ئەمانە داوا کرا کە یەکێک لە ڕێکخراوی ناوەوەی 'وەحدە القاعیدە' ‌بچێت بۆ 'بەیروت' ھەم بۆ سوککردنی کێشە شەخسییەکان و ھەم بۆ باشتر حاڵیبوونی کێشە تیورییەکان تاکو ھاوڕێیانی ناوەوەشیان، خۆیان لەسەر ئەو کێشەیە ، ساغ بکەنەوە .

لەبەر نزیکی ئێمە لەوانەوە ‌و ھارکاریکردنی زۆریان، ‌ ھاوڕێیانی ئەوان داوایان لە من کرد کە بچم بۆ بەیروت، منیش پاش وەرگرتنی ڕاو پرسی ھەندێک لە ھاوڕێیانی خۆمان ، داواکەی ئەوانم قبوڵکرد. لە ١٦/٠٨/١٩٧٨ من چووم بۆ لوبنان و دوو ھەفتە من و فازیل بەیەکەوە لەماڵی عادل لە بەیروت ‌ ماینەوە ‌و بەردەوام ھەدوو لام دەبینی بەڵام نەمتوانی کە کێشە شەخسییەکان لابەلا بکەمەوە، بەڵام زۆر بەباشی لە ناکۆکییە تیوریەکەی نێوانیان، تێگەیشتم.

لە گەڕانەوەمدا ڕاپۆرتێکی درێژم لەسەر سەفەرەکەم بە ھاوڕێیانی 'وەحدە القاعیدە' پێشکەش کرد و ھاوڕێیانی خۆشمانم ئاگادار کردەوە، پێشنیاری ئەوەم بۆ ئەوان کرد کە کار کردنیان لەگەڵ سەرانیاندا لە دەرەوی عێراق، لە دەستدانی وەخت و وزە ‌و ڕوبەڕوبوونەی مەترسی گرتن و تیاچوونە، ھەتا بۆ ئێمەش کە زۆر نزیکبووین لەوانەوە. گەرچی پێشتر ورەوری ئەوەمان دەکرد کە وەختی ئەوە ھاتوە کە بەیەکەوە کار بکەین لە ڕیکخستنێکی نوێدا، بۆیە لە گەڕانەوەمدا من پێشنیازی دروستبوونی گروپێکی نوێ کە ‌لە ھەردوولامان پێکبێت، بۆ کردن ، لە کاتێکیشدا کە ئێمە ھەردوولامان دەمێک بوو لەسەر تیوری جیھانی سێھەم ، فکرمان ساغکردبووەوە ‌و ڕامان لە ‌ زۆر‌بەی مەسەلەکاندا وەک یەک بوو. پاش ئەوەی ئەوان لێدوان و گفتوگۆیەکی زۆریان لەسەر ئەوە کرد و ئێمەش بەجددی لەسەر یەکگرتن لەگەڵ ئەواندا و کارکردن لە ڕیکخراوێکی نوێدا ، قسەوباسی زۆرمان کرد.

وەکو وتم مشتومڕێکی زۆر لەلایەن ھەردوولاوە لەسەر ئەو مەسەلەیە کرا و سەرئەنجام لە ساڵی ١٩٧٩ دا، پێموایە لە کۆتایی ئەو ساڵەدا بوو، کە گروپی مارکسییە - لینینیەکانی عێراقمان دروست کرد و ڕۆژنامەی 'کار' و 'العمل'مان دەرکرد، کە دواتریش ئەو گروپە بەناوی "کار" وە ناسرا.

لێرەش، لە بریتانیا، ھەر بەگەیشتنم لەتەک ئەو ھاوڕیانەی کە بەروودوا گەیشتبوینە بریتانیا و لەگەڵ ھەندێک ھاوڕێی دیدا جۆرێک لە پەیوندیمان دروستکرد. ھەروەھا ھەر لەگەڵ ئەو ھاوڕییانەدا کەوتینە گفتوگۆ لەگەل 'شۆشیالیست وەرکەر پارتی SWP'دا، کە واماندەزانی ئەوان لە ڕوی فکرییەوە لە ئێمەوە نزیکن. پاش چەند دانیشتنێکی ڕۆڵی لەتەک سەرکردەکانیاندا کە بەردەوام 'تۆنی کلیفی' تێدا بوو کە سەرکردەی یەکەمیان بوو، زانیمان کە لەگەڵیاندا ناگەینە ھێج سەر ئەنجامێک بۆیە پاشەکشەمان لێکردن. دواتر لەتەک ھەندێک برادەری ئێرانی و کوردی خۆماندا شتێکمان دروستکرد دژی جەنگی ئێرانی و عێراقی بۆ ئەم مەبەستەش چەند چالاکییەکمان لەژێر ناوی دەستەیەک لە شوڕشگێڕانی دەرەوی عێراق، بەرەو دژایەتیکردنی سەرمایەداری ، کۆمیتەی پشتگیری لە خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان ، دەستەیەک لە بەشداربوانی خۆپیشاندانەکانی شوبات و مارتی، ١٩٨٨ دژی جەنگ و دژی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە، چەند گروپێکی چکۆلەی دی، ئەنجام دا، دوای ئەوە کەوتمە گۆڕینەوەی نامە ‌و نوسێنێکی زۆر لەتەک برادەرانی 'فصیل شیوعی عالەمی / گروپی کۆمونیستی جیھانی' دا ، چەندجارێکیش بینیمن، بەڵام لەگەڵ ئەوانیشدا نەگەیشتمە خاڵێکی ناوکۆیی بۆ کردنی چەشنێک لە چالاکی.

لە سەرەتای نەوەدەکاندا لەپاڵ ئێشکردن و کاری نیقابییدا کە نمایندەی کرێکارەکانی لای خۆمان بووم و لە ھەمان کاتیشدا ئەندامی کۆمیتەی نقابەکەشمان بووم. دەستم کرد بە خوێندنەوەیەکی چڕوپڕ سەبارەت بە لینین و مارکس بەتایبەت تیوری مارکس لەسەر ‌دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا و دەوڵەت. پاش ماوەیەک خوێندنەوە ‌و تێکەڵاوبوون بە بزوتنەوەی کرێکاران لێرە و تێڕامان و بیرکردنەوە ‌و شیکردنەوە، لەم بوارەدا توانیم بەتەواوی فکری خۆم ساغ بکەمەوە، بەردەوامیش بووم لە چوون بۆ کۆبوونەوە کوردییەکان و ناکوردییەکان و خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەکان.

لە سالێ ١٩٩٦ دا دوای شەھیدکردنی 'حەمە حەلاق' و ھاوڕێکانی لەتەک چەند ھاوڕێ و برادەرێکدا کە زۆربەیان یا دۆستی یا سەر بە حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری بوون کۆمەڵەیەکمان ( جەمعیەک) بە ناوی 'بەرگری کردن لە ماف و ئازادی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان' ، دروست کرد و بڵاوکراوەیەکیشمان بەناوی " پشتگیری " دەرکرد. بەداخەوە ئەمە ھەر ساڵیک و کەمێک زیاتری خایاند. پاش ئەوەی ‌ کە زۆربەی ئەو بردەرانە خەڵکێکی زۆریان لە دانیشتنەکان تەرەکرد، دواتریش خۆیان لە لیژنەکە کشانەوە، ئەم جەمعیەش وەکو گەلێکی دی لەوانەی پێشتر بە ئاکامی مەرگی خۆی گەیشت و کۆتایی ھات.

ئەمە جگە لەوەی من ھەر لەو ماوانەدا بەبەردەوامی بۆ ھەندێک لە گۆڤارەکان و ناو بەناویش بۆ یەک دوو ڕۆژنامەیەک وتارم نوسیوە، لەوانە گۆڤاری ‌ دواڕۆژ، ھەنگاو ، ڕۆژنامەی ژینی نوێ و پەیام ، دواتریش لەتەک دوو سێ ھاوڕێیەکدا گۆڤاری دالیان و ژیڵەمۆمان دەردەکرد، بەڵام لەبەر کێشەی نەبوونی پارە ‌و چاپەمەنی بەناچاری لە دەرکردنیان، وەستاین. کە باوی ئینتەرنێتیش ھات و سایتەکان کەوتنە پێشچاو منیش ناو بەناو دەستم کردەوە بە وتار نوسین ‌ لەپاڵ کارکردن و نواندنی چالاکی لەنێو چەند گروپێکی لۆکاڵیدا لە لەندەن.

لە ڕۆژی ١٩/٠٧/٢٠١١ دا خۆم خانەنشینی پێشوادەیی کردوە ‌و تەواوی ژیانی خۆمم بۆ ئەوەی کە باوەڕم پێی ھەیە،‌ تەرخانکردوە .

- لە ھەندێک لە نووسینەکانتدا باس لە گروپی خۆجێیی (لۆکاڵی) دەکەیت و وەک ئەڵتەرناتیڤ دەیخەیتەڕوو، دەکرێت بزانین بەخۆت لە چ گروپێکدا چالاکی دەکەیت و گروپەکەتان ناوی چییە و سنووری چالاکی کوێیە و کەی دروست بووە؟

گروپە سەرەکییەکەی کە من کاری تێدا دەکەم، ناوی (Haringey Solidarity Group (HSG) کە لە ساڵی ١٩٩١ دا دوای ئەو کەمپەینە سەرکەوتووەی کە دژی پۆلتەکس (Anti-Poll Tax Campaign) کرا، ‌ دروستبووە. پێشتر ئەم ھاوڕێیانە لە گروپێکی گەورەدا کە بۆ مەبەستی کەمپەین دژی پۆڵتەکس دروستکرابوو ، کاریاندەکرد. ئەم سیستەمە جۆرێک بوو لە باجدانان لەسەر ھەرە زۆرینەکەی خەڵکی کە ١٨ ساڵ و سەروو ١٨ ساڵەوە بوون، ئەم باجەش ساڵێ پێشتر لە سکۆتلەندە بەسەر خەڵکیدا سەپێنرابوو، بەڵام خەڵکی ناڕازاییەکی گەورەیان دژی بەرپا کرد بە خۆڕێکخساتنیان و کۆمەک و ھاوپشتی لەتەک گروپەکانی دی لە شوێنەکانی دیکەی بریتانیادا. پاش سەرکەوتنی کەمپەینەکە ‌و پاشەکشەی دەوڵەت، بەشی زۆری خەڵکانی ناو گروپەکە پشتیانکردەوە ‌و چوونە دواوە. بەڵام ئەم ھاوڕێیانەی ئەوکاتەی ئێمە لەتەک ئەو شەپۆلەدا نەڕۆیشتن و بەردەوامبوون لە تێکۆشاندا بە دروستکردنی ئەو گروپەی کە لە سەرەوە ناوم ھێنا.

ئەم گروپە لە گردبونەوە ‌و یەکگرتنی ھەندێک لە دانیشتوانی شارەوانی (کاونسڵی) ھارینگەی یا ئەوانەی کە لە شوێنی دیکە دەژین، بەلام لەوێ کاردەکەن، پێکھاتوە. چالاکانی ئەم گروپە لە ‌پاشینەی جیاجیاوە، لە ئەزموون و بیروباوەڕی جیاجیاوە ھاتوون، بەڵام ئەوەی کە لە نێوانماندا ھاوبەش و ناوکۆییە. پێویستیی ڕزگاربوونە لەم سیستەمە، سیستەمی سەرمایەداری، کە لای ئەو سوود و قازانج و دەسەڵات ( پاوەر) گرنگە ‌و دەیانخاتە پێش پێویستییە بنەڕەتییەکانی خەڵکییەوە. تەنھا ڕێگاچارەیەکی کاریگەری‌ش بۆ ئەم،ە ئەوەیە کە خەڵکی خۆی ڕێکبخات و دژی بجەنگێت و بڕیارەکان لە چنگی بڕیاردەرەکان، ئەوانەی کە یاری بەچارەنووسمان دەکەن ، لە ژیانی خێزانیماندا ، لە ژیانی سەرکارماندا لەناو کۆمۆنێتییەکەماندا، لەسەر ئاستی وڵاتدا، دەربھێنن و بیگەڕێننەوە دەستی خودی کۆمۆنێتییەکە ‌و خەڵکانی ناو کۆمۆنێتییەکە. ئەوانەی کە ئەم گروپەیان دروستکردوە، ھەر لەسەرەتاوە ویستویانە شتێک بنیاتبنێن، کە درێژخایەن بێت و گەلێک پرس‌ی بنەڕەتی بەخۆیەوە بگرێت، نەک تەنھا خۆی ببەستێتەوە بە ئامانجێک یا تاکە ئەرکێ‌کەوە، یا کەمپەینێکەوە. ئەوەشی کە نەیاندەویست بیکەن، پێکھێنانی پارتێکی ڕامیاریی دیکە بوو .

ھەر لەبەر ئەوەی کە ئیمە دەزانین کە شۆڕش کارێکی کوتووپڕی نییە، ڕوداوێک نییە، بەڵکو پرۆسێسێکی درێژخایەنە ‌و دەبێت لە خوارەوەی، لە بنەوەی کۆمەڵگەوە دەستپێبکات، ھەر بۆیە سنوورێک بۆ ڕاگرتنی چالاکی ئەم گروپە نییە، ئەوەی کە سنووربەندی دەکات، تەنھا دەرفەت و پیاڕاگەیشتن بە چالاکییەکان و توانای داراییە.

لە کێشەکانی نێوان کرێکاران و خاوەنکاردا ئەم گروپە ھەمیشە کۆمەک و سەپۆرتی سەرومڕی کرێکاران دەکات، لە ھەموو بوارەکاندا بەردەوام خەریکی بەرپاکردنی کەمپەینە دژی کەمکردنەوە ‌و داخستنی خزمەتگوزارییەکان، پشتگیریکردنی پەنابەران و کەمپەینی دژی ناردنەوەیان، زۆرێکی دیکە لەمانە بە کەمپەینی پاراستنی ژینگەشەوە. بێگومان چالاکییەکانی ئەم گروپە بەپێی پێویستی و باری ئابووری و ڕامیاریی و کۆمەڵایەتیی بەریتانی دەگۆڕێت و ھەڵبەتە ھەر ئەو بارودۆخەی سەروەش.‌ کار دەکاتە سەر فراوانبوون یا بەرتەسکبوونەوەی گروپەکە.

لە ساڵی ٨٩ و سەرەتای ساڵ ١٩٩٠ ھاوڕێیانی ئەم گروپە، پێش دروستبوونی گروپەکە لەتەک خەڵکانی دیکەدا ‌ ڕۆڵێکی زۆر گەورەیان لە کەمپەینی دژ بە پۆڵتەکسدا بینی، کە دەوڵەت ساڵی پێشتر لە سکۆتلەندە سەپاندبووی و دەشیویست لە ٠١/٠٤/ ١٩٩٠ یشەوە لە تەواوی شوێنەکانی دیکەی بریتانیادا بیسەپێنێت. لە سکۆتلەندە، ھەر زوو خەڵکی دەستی کردبوو بە کەمپەین دژی ئەو سێستەمە ‌و بۆ ھەڵوەشاندنەوەی، ئەمەش ھاندەرێکی باش و نموونەیەکی بایاخدار بوو، تاکو خەڵکی لە شوێنەکانی دیکە ، بە سەپاندنی ئەو باجە، ڕازی نەبن. ئەمەش وایکرد کە بۆ چۆکدادانی دەوڵەت لە سەپاندنی ئەم سیستەمە باجییەدا، کەمپەین دەستپێبکرێت.

دانیشتوانی شارەوانییەکان لەتوانایاندا نەبوو ئەو باجە بدەن، بۆیە ڕۆژانە ‌دەیان کەس دەدرانە دادگە و کۆتایی ھەندێکیان بە بەندکردنیان دەھات. پاش ماوەیەکی درێژ توانرا گروپ لە نێوانی خەڵکان و دانیشتوانی زۆربەی ھەرەزۆری شارەوانییەکانی لەندەندا دروست بکرێت و جۆرێک لە تەبایی و ھاریکاری لە نێوانیاندا ھەبێت، ئامانجیان ھاندان و کۆمەککردن بوو بە دانیشتوان، تاکو لەکاتی سەپاندنی ‌ ئەو باجەی کە لە سەریان دانرا، نەیدەن، بەتایبەت لەو بارەدا کە بەشی کۆکردنەوەی باجەکە لە شارەوانییەکاندا، بیانەوێت ڕێگەی یاسایی دژی ئەو خەڵکانە بگرنە بەر، کە ئامادە نین باجەکە بدەن و شارەوانیش بەرەو دادگە، ڕاپێچیان دەکات.

ئەم پرسە بایەخی زۆری پێدرا، بە پێی ھەبوونی کەمپەینێکی زۆر گەورە کە لە پشتییەوە بوو، دواتر لەو شوێنانەی کە باجەکە سەپێنرابوو، وایلێھات ئەوەندە خەڵکی لە دانی ئەو باجە یاخی بوو، دادگە ‌ پێدا ڕانەدەگەیشت و نەشیدەتوانی دادگەییان بکات و شارەوانییەکانیش نەیاندەتوانی باجەکان کۆبکەنەوە، بەمەش بودجەی شارەوانییەکان بەتەواوی دەھاتە خوارەوە و کارایی خۆی لەسەر خزمەتگوزارییەکان دادەنا.

ئەگەرچی خۆپیشاندانی بچووک بچووک و جیاجیا لە زۆربەی شوێنەکاندا ھەبوو، بەڵام خۆپیشاندانی سەرەکی، کە زیاتر لە ٢٥٠ ھەزار کەس و ھەندێک دەڵێن ملیۆنێک، لە ڕۆژی ٣١/٠٣/١٩٩٠ لە لەندەندا ، کە بە The Poll Tax and The Battle of Trafalgar Square بەناوبانگە، ڕوویدا. ئەمە ھەر نەک بووە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی باجەکە ‌و بەخشینی ئەوانەی کە بەندکرابوون، یا سزای بەندییان لەسەر بوو، بەڵکو بووە ھۆی ھێنانەخوارەوەی حکومەتەکەی مارگرێت تاچەر و دروستکردنی حکومەتێکی نوێ، کە جۆن مەیجەر لەو حکومەتەدا بووە سەرۆکشالیار و بانگەشەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمە باجییەی کرد و لە ٠١/٠٤/١٩٩٣ وە سیستەمەێکی دیکەیان، لە جێی ھێنایەکایەوە.

- ئەو کەسانە کێن، کە لە گروپەکەتاندا ڕێکخراون، ئایا سەربەیەک چین و توێژی کۆمەڵایەتین؟


وەکو لە وەڵامی پرسیارەکەی سەرەوە ئاماژەم پێکرد، ئەم گروپە لە کەسانی پاشخان جیاجیا پێکھاتووە، کەسانی ئاراستە جیاواز‌ی وەکو سوشیالیست، لەیبەر، مارکسیست- لێنینیست ، خەڵکی سەندیکالیست، سەربەخۆ و ئەنارکیست و ئازادیخواز و ڕەنگە ئایینداریش. لەراستیدا ڕۆحی ئەم گروپە و دینەمۆکەی ئەنارکیستەکان و ئازادیخوازانن.

- بەشداری خەڵکانی کۆچەر لە گروپەکەتاندا چەندە، ئایا ھیچ مەرجێک بۆ بەشداری و ئامادە بوون لە کۆبوونەوەکاندا ھەیە؟


تا ئێستا من لە کۆبوونەوەکانی گروپەکەدا کەسێکی کۆچەرم نەبینیوە، بەڵام خەڵکێکی زۆر دەبینم، کە دێنە نێو خۆپیشندانەکان و ناڕەزایەتییەکان. جا نازانم لە نێوان ئەواندا خەڵکانی کۆچەریان تێدایە یان نا. ھەروەھا من سەرپەرشتی لیستی ئەلکترۆنی گروپەکە یاخود لیستی ناوەکان کە پۆستیان بۆ دەچێت، ناکەم، ھەر لەبەرئەمە من ئاگادار نیم گەر کەسانی کۆچەری تیادا بێت یا نەبێت.

ھیچ جۆرە مەرجێک بۆ بەشداری کردنی کۆبوونەوەکان نییە، ھەموو کەس لە ھەر توێژاڵ و چینێکی کۆمەڵایەتی یا پاشخانی کۆمەڵایەتییەوە بییەوێت لە کۆبوونەوەکاندا بەشداری بکات، بەخێرھاتنی گەرمی لێدەکرێت. ئێمە ھیچ نھێنییەکمان نییە و کاریش بە نھێنی ناکەین، تاکو لە خەڵکانی جیاجیا کە دێنە کۆبونەوەکانەوە، سڵبکەینەوە و بترسین. ھەروەھا ھیچ جۆرە پابەندییەکی ناخۆبەخشانە ( ئیجباریانە) لەسەر بەشداربووانی کۆبوونەوەکە یا کەسانی سەر بەگروپەکە نییە.

- شێوەی ڕێکخستنی گروپەکەتان چۆنە، جیاوازی لەتەک گروپە میرییەکان و نامیرییەکان (NGO)دا چییە؟


گروپەکەی ئێمە لەسەر بنەمای یەکگرتنی خۆبەخشانە ‌و ئارەزوومەندانە دروستبووە، گروپێک یا ڕێکخراوێکی ڕامیاریی نییە، تاکو سەرکردە ‌و بنکردە ‌و ئەندامی ھەبێت. کەسانێکی زۆری سەر بە گروپەکان، ھەندێکیان زۆر چالاکن، ھەندێکیان کەمتر. ئەم کەسانە وەکو ئەندام ناویان ناھێنرێت، چونکە نە ئابوونە و نە یارمەتی داراییان بەسەردا ناسەپێنرێت، ھەروەھا ڕیزبەندی ڕیزی ڕێکخستن و پلەوپایەشی تێدانییە، بێجگە لەمەش کەسانی ناو گروپەکە لەسەر بناخەی بیر و ئایدۆلۆجی یەکیاننەگرتووە. ئێمە کە لە کۆبوونەوەکاندا دادەنیشین و مشتومڕ لەسەر ئەو پرسانەی کە پێویستە ھەتا کۆبوونەوەی داھاتوو یا لە ماوەیەکی نزیکدا بکرێت، دەکرێت، نەک باس لە نەمانی دەوڵەت و کۆتاییھێنان بە سیستەمی سەرمایەداری یا لێدوان لەسەر ئایین و مەزھەب. ئاوا نیشاندەدرێت کە ھەر ھەموومان بیروباوەڕی خۆمان لە ماڵەوە بەجێھێشتووە. ئێمەی ئەنارکیستەکان کە بەشی ھەرە زۆری کۆبوونەوەکان پێکدەھێنین، ئەجەندە و پلان و سترایجی خۆمان ھەیە ‌و و ھەریەکەمان پابەندین پێیانەوە،‌ بەڵام بەھیچ شێوەیەک بەسەر کەسانی ناو کۆبوونەەکاندا یا سەرجەمی کەسانی ناو گروپەکھدا نایانسەپێنین.
گەر ئێمە بمانەوێت گۆڕانکارییەکان لە خوارەوە دەستپێبکەن، لە پرسی ڕۆژانەوە،‌ لە داخوازییە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستپێدەکەین، پێویستمان بەوە نییە، کە لەسەر کێشەی ئایدۆلۆجی و پرسگەلی بیروباوەڕیی، بدوێین و پێکبێین، چونکە بە بۆچوونی ئێمە کێشەکانی خەڵکی، ھی کۆمۆنێتییەکە،‌ لە ئێستادا ئەوانەن، کە لەو دێڕانەی سەرەوەدا پەنجەم بۆڕاکێشاون.

دەبێت ئەوەش بڵێین، کە مرۆڤ بەسروشتی خۆی، چۆن و ھەر چەشنە مرۆڤێک بێت، حەز دەکات و پێیباشترە کە خۆی بۆ خۆی بڕیار لەسەر شتەکان بدات، تاکو ئەوەی کەس و لایەنێکی دیکە، بڕیاری بۆی بدات، چونکە خۆی لە ھەموو کەسێکی دیکە باشتر دەزانێت، چی بە قازانجی یا بە زیانی دەشکێتەوە، ئیدی ئەو بڕیارە دەربارەی شتی کەسیی خۆی بێت یا ئەو شتە ھاوبەشانەی دی کە لە ناو کۆمۆنێتییەکاندا ڕوودەدەن یا لە ھەر دەسگە و بەشێکی ژیاندا بێت، ھەر لە قوتابخانەوە خەستەخانە و زانکۆ و پارک و کارگە و فەرمانگەوە بیگرە تا دەگاتە کێڵگە کشتووکاڵییەکان و شوێنەکانی دی. کێ بێت کە پێیخۆشبێت، بڕیارێک لە دەرەوی ئەو خۆیەوە دەربچێت و بەسەریدا بسەپێنرێت؟ وەکو دروستکردنی ئوتێلێک، سوپەرمارکێتێک، ڕیزێک ئاپارتمان (شققە) و خانوو لەسەر مۆدێل و دوا تەرز بۆ بەکرێدانەوەی بەپارەیەکی زۆر، ڕاکێشانی شەقامێک، داخستنی قوتابخانەیەک، خەستەخانەیەک فەرامۆشکردنی پارکێک یا بەشێکی کۆمۆنێتییەکە، بڕیاری زیادکردنی ماوەی ڕۆژانەکار یا گۆڕینی ھەلومەجەکانی شوێنی کار، کردنەوەی فڕۆکەخانەیەک، ھەڵگیرسانی شەڕ و جەنگ و ڕەوانەکردنی ڕۆڵەکانمان بۆ شەڕی دابینکردنی نەوت و سەرچاوە سروشتییەکان بۆ کۆمپانییەکان و بۆ بەرژوەندی بزنسمان و بانقەکان ... گەلێک و گەلێکی دی لەمانە، کە بەردەوام لە دەرەوی ئێمە لەلایەن ڕامیارییەکان و کۆمپانییە گەورەکان و بزنسمانە گەورەکانەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی سوود و بەژەوەندی ھاووڵاتیان و کۆمۆنێتییەکە بڕیارمان بۆ دەدرێت. ‌ئەمەیە کڕۆکی بیرکردنەوەی ئەنارکیستان و ئازادیخوازان سەبارەت بە ‌ھەموو شتێک لە پێناوی خەڵک و بۆ خودی خەڵک خۆی ، بەبڕیاری خۆیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان ، بۆیە بەڕای من بییروباوەڕی ئەوان بە سروشتیی لە خەڵک ‌و لە پێداویستی خەڵک و کۆمۆنێتییەکەوە نزیکە.

جا کە ئێمەیەک ئەوانەی سەرەوە ئەجەندە و ئامانجمان بێت و خەڵکی ئامادەبێت بۆ بەئەنجامگەیاندنیان ‌ بێتە پێشەوە، چ پێویست دەکات شەڕە دگل لەسەر پرسگەلی ئایدۆلۆجی و ھزر و .. ھتد ‌ بکەین ، کە بەھیچ شێوەیەک ناگەینە سەرئەنجام و بەپیچەوانەوە لەبری یەکگرتن و سەرکەوتن ، کەرتکاری و شکست دەچنینەوە.

ئێمە ھێڵێکی یەکگرتنەوەمان لەتەک گروپە میرییەکانی یا بەناو نامیرییەکانی وەک (NGO)دا نییە. ئەوان زیاتر ئەجەندەی دەوڵەتانی وەکو ئەمەریکا و وڵاتانی خۆراوا بەڕێوەدەبەن. ڕاستە ئەوان بە ڕووکەش دەیانەوێت، کارێکی باش بۆ ئەو گەلانە،‌ ئەو وڵاتانە بە ئەنجام بگەیەنن، کە بارگە ‌و بنەیان تێدا خستووە، بەڵام ئەجەندەی تایبەتییان ھەیە و مەرجیش نییە، فەرمانبەرە ئاساییەکان لە ڕیزەکانی خوارەوەی یا ناوەڕاستی ئەو ڕێکخراوانەدا، لەوە بە ئاگابن. ھەروەکو پێشتر وتم ئەوان ئەجەندەی تایبەتییان ھەیە، فەرمانبەر و کرێکار و بەڕێوەبەریان ھەیە و موچەی خۆیان وەردەگرن، سوود و قازانج و سەرمایە دروست دەکەن، ئەوان تەنھا کار دەکەن و پلانەکان بە ئەنجام دەگەیەنن، ھیچ جۆرە پلان و داخوازییەکی تایبەتییان بۆ خودی کۆمۆنێتییەک نییە، ئەوان بزنس و سوودی سەرمایە دەیانجوڵێنێت و دەستێک و ئامانجێکی ڕامیاریی نێودەوڵەتی، زۆرجار لە پشتیانەوەیە.

گەلێک لەو ڕێکخراوانە سەر بە کەنیسەی گەورە ‌و کۆمەڵەی چاکەخوازی و کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان(ئومەمی موتەحیدە)ن. بەڵام لەڕاستیدا ھەر یەک لەو دەسگایانە کۆمپانیایەکی زۆر گەورەن و نەک ھەر لە وڵاتانیێکدا کە بە ھۆی سەروەرەکانی ئەوانەوە شکستیانھێناوە و بەدەستی ئەو سەروەرانە جەنگێکی نێوخۆیی بەرپاکراووە، یا بەھۆی دزین و بەتاڵانکردنی سامانی سروشتیانەوە یاخود بەھۆی سەپاندنی بەندومەرجی دەسگە دراوییەکان و بانکەکانەوە بەسەر حکومەتاکانیاندا، ڕووت و ڕەجاڵ و نابووتی بوون، بەڵکو ڕۆڵیان لە وڵاتانی ئەوروپاشدا دەبینرێت. من لێرەدا پێویست ناکات کە یەک بە ‌یەک ڕۆڵی ئەو دەسگایانەی سەرەوە، کە ڕێکخراوە مەدەنییەکان سەر بەوانن، دەربخەم، چونکە تاڕادەیەک ئەو ڕۆڵەی کە دەییبینن، لای گەلێکمان ئاشکرایە. ھەر بۆ نموونە ھەموو کەس ڕۆڵی ئەنجومەنی گەلان دەبێنیت، کە چۆن ئامرازێکی باش ھەڵسوڕاوی دەستی ئەمھر‌یکایە.

- شێوازی کارکردنتان چۆنە و پشت بە چ بنەماگەلێک لە بڕیاردان و جێبەجێکردندا دەبەستن؟


لە دانیشتنەکانی ئەو گروپەدا تەواوی ئازادی و سەربەستی لە لێدوان و سەرجەمی بڕیارەکان و بە ئەنجامگەیاندنی ئەو بڕیارانەدا، دابیندەکرێت، کەسەکان لە ڕادەربڕیندا سەربەستن،‌ کۆبوونەوەی ئەم گروپە مانگانەیە، کەس سەرۆکی کۆبوونەوەکان نییە،‌ ھەر جارە و کەسکێک سەرپەرشتی کۆبوونەوەکە دەکات و یەکێکیش ڕاپۆرتی دانیشتنەکە دەنووسێت، ئەمەش نەک بەنۆرە،‌ بەڵکو ئارەزوومەندی و ئامادەی کەسەکانیش ڕەچاودەکرێت. پێشتر یەکێک ئیمەیلێک بۆ ھەمووان دەنێرێت، تاکو ھەر کەس ھەر خاڵێکی ھەیە و دەیەوێت قسەی لەسەر بکرێت، با ئەو کەسە خۆشی لە کۆبوونەوەکەدا نەبێت، دەخرێتە نێو بابەتەکانی کۆبوونەوەکەوە. کە تەواوی خاڵەکان و بڕیارەکان مشتومڕیان لەسەرکرا و کۆبوونەوەکەش تەواو بوو، پێش ئەوەی کە ببێتە ڕاپۆرتی فەرمی کۆبوونەوەکە و بننێردرێتە دەرەوە ، دەنێررێت بۆ ھەموو ئەو کەسانەی کە لەکۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون، تاوەکو بەرپرسیاربن لە ڕاست و چەوتی ڕاپۆرتەکە یا لەو شتەکانە کە لە کۆبوونەوەیەدا وتراون. لە کۆبوونەوەی داھاتوودا ئەو ڕاپۆرتەی مانگی پێشووتر، یەکەم خاڵ دەبێت لە بەرنامەی کۆبوونەوەی ئەمجارەدا، ئەوەش لەبەر دوو شت: یەکەم، بزانرێت کە ئایا کەسەکان یەکدەگرنەوە و لەسەر ناوەرۆکی ڕاپۆرتەکە ھاوڕان یا شتێکی تازە سەبارەت بەھەر خاڵێکیان ‌سەری ھەڵداوە، یا نە؟ دووھەم، تاکو ئەو بڕیارانەی کە دراون و بڕیار بووە،‌ بە ئەنجام بگەیەنردرێن، بەئەنجام گەیەنراون یا نا ؟ ئەگەر بەئەبجام نەگەیەنراون، ھۆکارەکانی چی بوو‌ن؟ ھەموو بڕیارێک کە دەدرێت، دەبێت بەڕای ھەمووان یا زۆربە، بێت.

ھەروەھا ڕۆژنامەیەکی وەرزانەمان ھەیە،‌ کە ھەر جاری ٤.٠٠٠ دانەی لێ چاپدەکرێت. نە دەستەی تایبەتی نوسەرانی ھەیە و نە سەرۆ‌کی نووسەران و نە دەرھێنەر. بەڵکو ھەر کە کاتی دەرکردنی دێت، ئیمەیلێک سەبارەت بە کۆبوونەوەیەک بۆ دەرکردنی ڕۆژنامەکە و ئامادەکردنی وتارەکانی بۆ ھەمووان بەڕێدەکرێت، ئیدی لەو کۆبونەوەیەدا ھەر کەس بیەوێت، دەتوانێت بچێت و دواتر بە گشتی قسەی لەسەر دەکرێ و ھەر کەس ھەر بابەتێکی لە مێشکدا بێت، دەینوسێت، ئیدی ڕەنگە بگاتە ٢٠ بابەت، لەوانە کامیان زۆر پێویست بێت و ھەنووکەیی بێت، بەرتەریی پێدەدرێت. ئەمەش ھەر بە ڕاوەرگرتنە، ھەر لە ھەمان کۆبوونەوەدا. پاش ئەوەی، کە بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت، چەند وتار بێت، ئینجا قەوارەی ھەر وتارێک دیاری دەکرێت، واتە چەند وشە بێت. کە ئەوانە ئەنجامدران، ھەر کەس وتاری خۆی دەنووسێت و کەسێکیش بۆ پیایداچوونەوەی بابەتەکان دیاریکراوە و لەنێو خۆیاندا ئاڵوگۆر دەکرێت. پاش ئەوە کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکرێت و قسەی لەسەر دەکرێتەوە و دەنێرێت بۆ دوو کەسی زمانزان، واتە شارەزایی زۆر باشیان لە زمانی ئینگلیزیدا ھەبێت، کە ھەر لە گروپەکەدان بۆ چاککردن و گوڵبژێرکردنی بەو کارە ھەڵدەستن. پاش ھەموو ئەمانە، ئینجا دەنێردرێت بۆ چاپخانە و چاپ دەکرێت، ھیچ وتارێکی ناوی کەسی لەسەر نییە. دواجار کەسانێک خۆبەخشانە خۆیان بۆ بڵاوکردنەوە و دابەشاندنی تەرخان دەکەن تا لە بۆنە و ناڕەزایەتییەکاندا بیدەن بەخەڵک، بێگومان بەبێ پارە و بەخۆڕایی.

ھەزێنەی ئەم گروپە تەنھا پارەی بەشدارانی گروپەکەیە، ھەر کەسە بەخۆبەخشی بەپێی توانا و داھاتی خۆی پارە دەدات و مەرجیش نییە بە بەردەوامی یا ھەموو مانگێک کۆمەک بکات یا ھەموو جارێک بڕێکی دیاریکراو بدات، دیسانەوە لەم بارەشەوە کەسەکان لە بەشداریکردن یا نەکردندا ئازادن.

چالاکی ڕاستەوخۆ، گەر لە ئەنجامدانی بڕیارەکاندا پێویست بکات، بنەما و گیانی بزووتن و کارکردنی ئەم گروپەیە. دەمانەوێت ھەموو بڕیارەکان لە بوارەکانی خوێندن و پەروەدە ، خەستەخانە ، ڕێگاوبان ، کاروباری کۆمۆنێتیەکان، پرسی گیروگرفتی پارکەکان و گەڕەکەکان کارگە ‌و کارخانەکان و ..تد ھەر ھەموویان لە بەڕێوەبەرایەت‌ی بیرۆکراتی گەندەڵی وەکو شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دی بگەرێنەوە دەستی خەڵکی ناو کۆمۆنێتییەکان، تاکو لە ھەر یەکێک لەو بوارانەی سەرەوەدا یا ھەر شتێکی دیکەدا کە پەیوەندی بە کۆمۆنێتیەکەوە ھەبێت، کەسەکان بەخۆیان بڕیاریان لەسەر بدەن.

ئەنارکیستەکان و ئازادیخوازان کە لەم گروپەدا کاردەکەن، باوەڕیان بە دەنگدان و پەڕلەمان و دەوڵەت نییە، دروشمی ئەمان بریتییە لە " خۆجێی (لۆکا‌ڵی) کار بکە و جیھانی بیر بکەرەوە"‌. بەردەوام خەڵکی دێتە نێو گروپە و دەڕوات. چونکە زۆربەیان گەنجن و ئەمڕۆ لێرە دەژین، مانگێکی دیکە دەگوێزنەوە بۆ شوێنێکی دی و شارێکی دی، کە ئەمەش لە خۆیدا لە ھەندێک ڕووەوە لایەنی چاکی خۆی ھەیە،‌ کە گواستنەوەی ئەم ئەزموون و شێوە کارکردنانەیە بۆ شوێن و جێگەی نیشتەبوونی تازەیان.

ھەموو ساڵێک یا دوو ساڵ جارێک "ڕۆژی ستراتیجی"مان ھەیە،‌ کۆبوونەوەیەکە کە ڕۆژێک یا دوو ڕۆژ دەخایەنێت، بۆ باسکردنی کار و چالاکییەکانمان لە ساڵی ‌ ڕابوردوو ئێستاو داھاتوودا ، پێدا چوونەوە بەخۆماندا، چۆن بە بەشداری خەڵکانی ھەمەڕەنگ و ڕەگەز و تەمەن جیاواز، گروپەکە فراونتر بکرێت و چی بکرێت تاوەکو بەشداری بکەن، لەوێدا قسە لەسەر خاڵە لاواز و بەھێزەکانمان دەکەین.

ھەروەھا ئەم گروپە ئەرکی بەڕێوەبردنی (Haringey Independent Cinema (HIC لەڕێگەی دوو سێ ھاوڕێمانەوە، گرتووەتە ئەستۆ، کە ئەمە لە ساڵی ٢٠٠٦وە بەردەوامە و مانگی شەوێک، فیلمێکی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات، یا فیلمێکی دۆکۆمێنتەری کە ناڕەزایی خەڵکە دژی دەوڵەت، نیشان دەدرێت، پاش تەواوبوونی فیلمەکە، لێدوان و مشتومڕی لەسەر دەکرێت. ھاتن و دیتنی ئەو فیلمانە بۆ ھەمووانە ‌و نرخێکی زۆرکەم لەسەر تکتەکان دادەنرێت و ھەموو جارێک لەنێوان ١٢٠ کەس بۆ ١٦٠ کەس بۆ تەماشاکردنی فیلمەکان دێن. ئەو فیلمەکانیش ھەر جارە و ھی شوێنێکە و مەرجیش نییە نوێ بێت، بەڵام مەرجە کە ناڕەزایی و بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی دژی دەسەڵات نیشان بدات.

ئێمە ناڕەزایەتیێکی زۆر دەکەین و ڕێک دەخەین، لەھەمان کاتیشدا بەشێکین لە نێتوۆ‌رکی Ukuncut و Anti Fuel Poverty کەمپەین، کە لەسەر ئاستی بەریتانیا لە بواری جیاجیادا چالاکی ڕاستەوخۆ ئەنجام دەدەن، کە بوار نییە من لێرەدا ھەموویان ڕیز بکەم .

ئەم گروپەی ئێمە یەکێکە لە گروپەکانی London Radical Network، کە ھەموو ٦ تا ٧ ھەفتە جارێک، کۆبوونەوە دەکات و زۆر جار نوێنەری ئەو گروپانە کە لێی پێکھاتوون بەشداری تێدا دەکەن . مەرج نییە نوێنەرەکان ھەموو جارێک ھەر ھەمان کەس و ھەمان ژمارە بن، زۆربەی جاران، ژمارەکان کەسەکان دەگۆڕدرێن.

- ئەو ئامانجانەی گروپەکەتان لە دوویانە، چین و تا چەندێک یاسایین و پابەندی یاسای ڕێکخراوبوون و تێکۆشانی یاسایی دەبن؟


پێموایە لە وەڵامی پرسیارەکانی سەرەوەدا من باسم لە ئامانجەکانی ئەم گروپە ‌و جۆری چالاکییەکان بۆ بەدەستھێنانی ئەو ئامانجانە کردووە. بۆیە لێرەدا ھەوڵدەدەم بەکورتی لە وەڵامدا شتێک بڵێم: ئەرکی ئێمە لەو گروپەدا، کۆمەک و پشتیوانییە بۆ ھەموو ئەو داخوازییانەی کە کەسانی دانیشتووی شارەوانیەکە ھەیانە و بەشداریکردنە لە ناڕەزاییکردنەکاندا، جا ئیدی ھەر شێوەیەکی بەخۆوە گرتبێت و بگرێت. بە بۆچوونی ئێمە،‌ ناتوانرێت ھیچ یەک لەو کارانە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ئەنجام بدرێت، ئەگەر خەڵکەکە خۆی لە ڕێکخستنێکی ناھیراشیانەدا ڕێکنەخات و کەمپەینی سەرومڕی بۆ نەکات و بە کار و چالاکی ڕاستەوخۆ، ئەگەر پێویست بێت، ھەڵنەستێت. ئەمە ھەنگاوێکی زۆر بچووکی ئەو ڕێڕەوەیە،‌ کە ئێمەی ئەنارکیست لەو گرپەدا گرتومانەتەبەر و لە ھەمان کاتیشدا ئەوە دەزانین، کە ئەمانە نەک ھەر بەس نین، بەڵکو ھەنگاوێکی زۆر ئاسایی و بچووکن لەپێناو گۆڕینی سیستەمەکە بۆ جۆرێک لە سیستەمی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە ‌و ئارەزوومەندانە ‌و خۆبەخشانەی خەڵکی، تاکو کۆمۆنێتیەکە بەکۆمەڵ بڕیارەکان بدەن و بەھەرەوەزی کار بکەن و لە کۆمەڵگەیەکی بێچین و بێسەروەر و دوو لە پێکھاتەی ھیرارشی و بە یەکسانی و بە ئازادی دوور لە ھەموو جۆرە چەوساندنەوەیەک و ھەڵاواردنێک، بژین. بۆ ئەمەش ئامانجی سەرەکی ئێمە،‌ یەکخستنی چالاکی ھەموو گروپە خۆجێییەکانی شار و ناوچە و ھەرێم و دواتریش سەرتاسەرە ئەوەی کە پێیدەڵێن وڵات، لەسەر بنەمای دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ، بێ لەدەستدانی سەربەخۆیی گروپە خۆجێییەکان خۆیان . ڕەنگە لەسەر ئەمانە بتوانین زۆر قسە بکەین و نموونە و بەڵگە لێرە و لە شوێنی دیکە بھێنینەوە،‌ بەڵام من لێرەدا دەوەستم.

سەبارەت بە ‌بەشی دووەمی پرسیارەکە، دەڵێم ئەمڕۆ لە بریتانیادا شتێک نەماوەتەوە، واتە ناڕەزایەتیێک چالاکییەک گەر بتەوێت کاریگەر بێت، ھەتا نووسینی وتارێکیش، کە یاسایی بێت، یاساکان ھاتوونەتە نێو ھەموو کونج و کەلەبەرێکی ژیانمانەوە چ لەنێو خێزاندا، لە شوێنی کار، لە پشوودا -پشووی ساڵانە-دا و چ لەسەر شەقامەکان. ئەگەر لە ئەنجامدانی کارێک و چالاکییەکدا پابەندی یاسا بیت، بۆئەوەی کارایی خۆی ھەبێت و سەرەنجامێکی خوازراوی ھەبێت، ئەوا بواریکیان بۆ خەباتی سەربەخۆی جەماوەریی نەھێڵاوەتەوە. ئەمڕۆ ھەر بەپێی یاسا و بەناوی یاساکانەوە، پۆلیس دەتوانێت گردبووونەوەیەکی ٥ کەسی قەدەخە بکات، نەھێڵێت تۆ تەنھا بەیاننامەیەک یا نامیلکەیەک و راگەیاندنێک لەسەر شۆستەکان دابەش بکەیت یا مێزێک دابنێیت و پڕۆپاگەندە بۆ بیروباوەڕ و چالاکییەکانت بکەیت، ھەر بەئاسانی پۆلیس دەتوانێت بەناوی ڕێگەگرتن لە ھاتووچۆی خەڵکی، بەناوی داگیرکردنی شوێنی گشتییەوە، بەناوی دروستکردنی مەترسی پێھەڵکەوتنی خەڵک و گەلێک لەم بیانووە پڕوپوچانە، خۆت و بەیاننامە و بڵاوکراوەکانت و مێزەکەشت بپێچێتەوە.

لە ڕۆژی ١٤/٠٧/٢٠١٢ دا بوو، کە ناڕەزایەتیێکی ٢٠ کەسیمان لە بەردەم ئەیجنسی (نووسینگە)یەکی کڕین و فرۆشتن و بەکرێدانەوەی خانووبەرەدا، کە پارەی دوو کرێچییان خواردبوو، کرد، بەڵام پێش گەیشتنمان ٣ سەیارەی پڕ لە پۆلیس ڕاوەستابوون، دیار بوو پێشتر زانیبوویان. گەرچی ناڕەزایەتییەکەی ئێمە ئاشتیانە بوو، داوای ڕەوامان ھەبوو، کە وەرگرتنەوەی پارەی ئەو دوو کرێچییە بوو، کەچی پۆلیس گەڕی ئەوەی پێدەکردین، کە ئێمە زۆرین و دەبووایە مۆڵەتی پۆلیسمان بۆ ھەستان بە ناڕەزایەتیەکە وەبگرتایە و شۆستەکەمان داگیرکردووە ڕێمان لە ھاتووچۆی خەڵک گرتووە. ھەوڵی پەیگیرانەیان دەدا، تاوەکو لەوێدا دەرمان بکەن، بەڵام ھاوڕێیەک بەدەنگی بەرز، تاکو خەڵکانی ڕێڕەو، گوزەرکەر گوێێان لێبێت، پێیوتن "باشتروایە ئەوان لە ئێمە بگەڕێن و کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن، لە وتنی ئەم تووڕەھاتانە بوەستن، گەر ئەوان دز و تاوانبار دەگرن، ئەوەتا لە بەردەمیاندان و لە نووسینگەکەدان". پێی وتن "ئەوە ئیشی ئەوانە،‌ نەک دەرکردنی ئێمە". بەھەرحاڵ پاش مشتومڕێکی زۆر کۆڵیان دا و کەوتنە پاراستن و پاسەوانیکردنی نووسینگەکە ‌و کاربەدەستەکانیان، وایاندەزانی ئێمە ھێڕش دەکەینە سەر کاربەدەستانی نووسینگەکە.

من لە ھەندێک لە نووسێنەکانمدا باسم لە ڕۆڵ و ڕاستێتی یاسا لەم وڵاتەدا سەبارەت بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و مانگرتن و ئازادی خەڵک و سەندیکا و گروپەکان، لە کردنی کار و چالاکییەکانیاندا، کردووە، بۆیە لێرەدا دووبارەکردنەوەی بەپێویست نازانم.

بەپێی ئەوانەی کە لەسەرەوە باسمکردن، ئەگەر بە وردی لە یاساکانی بریتانیا ورد ببینەوە ‌و بەباشی سەرنجی ناوەرۆکی یاساکان سەبارەت بەکردنی ھەر چالاکییەک، کە بتەوێت گۆڕانکارییەک بکات، بدەیت، سەرجەمی ئەو کار و چالاکیانەی کە گروپەکەی ئێمە ئەنجامیان دەدات، نایاسایین، ھەر بۆیەش گەلێک جار لەتەک پۆلیسدا ڕووبەڕوی دەمەقاڵە ‌و مشتومڕ بووینەتەوە.

بۆ ئەوەی کە خەڵکی لە مافی خۆی بەئاگا بێت، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانەی سەرەوەدا ھەند‌ێک لە ھاوڕێیانی ئێمە دوای پشکنین و گەڕان بەدوای زانیارییەکاندا بڵاوکراوە و راگەیاندنیان سەبارەت بە " مافەکانت بزانە" کاتێک لەتەک پۆلیسدا کێشەت دەبێت، بە زمانی ئینگلیزی و تورکی و عەرەبی و فارسی و کوردی، بڵاو کردەوە ‌و لە ھەموو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و مانگرتنێکدا بە ‌بەردەوامی دەیبەخشینەوە. ھەروەھا نامیلکەیەکیش لەژێر ناویNo Comment، The Defendant’s Guide to arrest، کۆپییەکی زۆرمان لێکردووە. ئەمە بێجگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە یاساناس و پارێزەر ھەن، کە بەرگری لە خەڵکانی وەکو ئێمە، بەبێ پارە ، بەخۆڕایی دەکەن. ‌
__________________________________________________

* زاھیر باھیر، یەکێک لە چالاکانی گروپی ھاوپشتی ھارینگەی (Haringey Solidarity Group (HSG.
 

ماڵپهڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک