په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٣\٢٠١٣

حکومەت وەڵام ناداتەوە.


کاردۆ محەمەد     


حکومەتى هەرێمى کوردستان تایتڵێکى گەورەیە کەچى لە ئاست زۆرێک لە داخوازى و پێداویستییەکانى هاووڵاتیان لاواز و بێدەسەڵاتە ،نەک لەبەر ئەوەى هەژار و دەستکورتە و پێی هەڵناسوڕێت ،بەڵکو لەبەر مەشغەڵەتى خۆیەتى بە پاراستنى بەرژەوەندیى تایبەتى یەوە ،بەڵێ ئەوان لەژێر ناوى (حکومەت) کۆبوونەتەوە بەڵام بۆچى و لەپێناوى کێدایە؟


ئەمەیە پرسیارەکە:
گەر وەڵامەکە خزمەتکردنى هاووڵاتیان و خەڵکى رەش و رووتى ئەم هەرێمە بێت ،ئەوا پرسیارێکى تر دێتە کایەوە ،ئاخۆ کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان بە هاووڵاتى ئەژمارکراون؟


ئەزموونى ئەو توێژە گرنگەى کۆمەڵگە لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستاندا تا ئێستا ئەزموونێکى تاڵ و پڕلە دەردەسەرى یە ، لە سادەترین مافەکانى خۆى بێبەشکراوە ، خاوەن پێداویستى تایبەت ئەوەى هەیەتى تا ئێستا تەنها مووچەیەکى مانگانەیە بڕەکەى ١٥٠ هەزار دینارى عێراقییە کە دەکاتە نرخی جووتێک پیڵاوى کوڕە مەسئولێک، دیارە وەرگرتنى ئەو بڕە پارەیەش هەروا بەئاسانى ناگاتە دەستى کەم ئەندامان ،حکومەت هەزارویەک بگرەوبەردەى بۆدەکات و ئینجا بەچاوى خێر وسەدەقە دەیدات،ئەوەى کە زیاتر هەستى مرۆڤ برینداردەکات بەڵێنەکانە، حکومەت بەردەوام بەڵێن دەدات کە هەرچى باشتر وچاکترە بۆ خاوەن پێداویستییەتایبەتییەکانى بکات ،رۆژگار دێت ودەچێت یەک زەڕەیەکى ئەو بەڵێنانە جێبەجێ ناکرێن ،ناوەڕاستى ساڵى رابردوو بەڵێنى دا لە دامەزراندنەکاندا پشکى تایبەت بەکەم ئەندامان هەبێت بە رێژەى ٪٥،هەموو وتیان ماشائەڵا حکومەت ئیحساسى جوڵاوە و ژیانى کەمئەندام بەهەندوەردەگرێت، ئەوەبوو فۆرمى تایبەتیان بۆدیاریکراو و بەپێى رێوشوێن وسیستمى دیاریکراو ناویان تۆمارکرا، دواتر جەنابى وەزیرى پەروەردە رایگەیاند،رەنگە هەندێک لە کەمئەندامان بۆ دامەزراندن شیاونەبن بۆیە دەبێت لیژنەیەک دابمەزرێت و لە جۆرى کەم ئەندامییەکە بکۆڵێتەوە،ئەم بەڵێنەشیان جێبەجێ نەکرا، دواتر کاکى وەزیر ئەگەر کەمئەندام شیاوى دامەزراندن نییە ئەى زەحمەت نەبێ بۆ بەڵێنى ئەدەیتێ و فۆرمى پێ پڕدەکەیتەوە؟


مەگەر بیرت چووە کە خۆت و تەواوى کابینەکە سوێندى یاسایتان خواردووە بەرامبەر گەل و نیشتمانەکەتان بە وەفا و راستگۆبن؟!
دەى باشە فەرموون لە جیاتى بەکارهێنانى توندووتیژى و خۆدزینەوە لە داواکارى خاوەن پێداویستییە تایبەتیەکان بەڵێنەکانتان جێبەجێ بکەن؟
نازانم یاریکردن بە شعورى خەڵکى چ چێژ و ئاسوودەگى یەکى تێدایە؟


لە کۆتاییدا ئەڵێم:

بەڕێزانى نێو ئەنجومەنى وەزیران ،بۆ ئەوەى مەجلیسەکەتان لێ تاڵ نەبێت.. هیچى تێ ناچێت هەر یەکەو ئاوێنەیەک لەگەڵ خۆتاندا هەڵبگرن ،بزانن ئەو کاتەى لەبەردەم هاووڵاتیاندا بەڵێن دەدەن رووخسارتان هەمان ئەو رووخسارەیە کە لە پشتى مێزەوەن و بڕیاردەدەن!!


ماڵپه‌ڕی کاردۆ محەمەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک