په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١١\٢٠١٨

هیومانیزم لە فەلسەفەی مارکس

حیکایەت لە تیۆرەوە بۆ پراکتیک.


سمکۆ محەمەد       

- کەرتی یەکەم -


سەردەمانێک کە فکر و فەلسەفە کاری دەستەبژێربوو, کاری فەیلەسوفیش لەودیوو چوارچێوەی ترادیشنی کۆمەڵگەکان بوو, لەگەڵ ئاڵوگۆڕی قۆناغەکانی سیستمی حوکمرانی, کۆمەڵگە دەگۆڕاو سیستمی دەسەڵاتدارێتی و چەوسانەوەی مرۆڤیش لەدۆخێکەوە بۆدۆخێکی تر ئاڵۆگۆڕی بەسەر دەھات, ئەگەرچی ئەو ئاڵوگۆڕانە لەسیاقی فەلسەفەدا کاریگەری خۆیان ھەبوو, ھێشتا نەزمی کۆمەڵایەتی پشت ئەستور بوو بەو گەرا کۆنەی کەلەڕابردوودا خستبووی, ھێزێک کە لەتێگەیشتنێکی ئیدیالیستیانەوە, دژایەتی تێڕوانینە میتافیزیکیەکانی دەکرد, بەڕواڵەت ھیچی وەھای لەوانی تر کەمتر نەبوو, بەگەڕخستنی گیانی ئیرادەگەریانەش کەڕیژیمەکان پیادەیان دەکرد, لەئایدیاکانی پێشوو مەعقوڵتر نەبوو, کاردانەوەشی لەدیاری کردنی ئەسناف و نەھێشتنی ھەندێک ئیمتیازات بوو کە لەڕێگای ئاینزاکانەوە رەنگی دەدایەوە, سەرەنجام فەلسەفە ھەر ئەوەندە بەنھێنی گەردوون و فەرھەنگەکان رادەگەیشت کە لەسنوری دەقە ئاینییە پیرۆز کراوەکاندا چارەسەری ئیشکالیاتەکانی مرۆڤ بکات.


ئەگەرچی بانگەشە کردن بۆ ھیومانیزم, بەشێک بووە لەو بیانووەی کە ھەر فەیلەسووفێک لەوقۆناغەی تێیدا ژیاوە لۆژیکی بووە, بەڵام ئەو دابڕانە ئەپستیمیەی کە لەحیکایەتە تیۆرییەکانی مارکسدا گوێبیستی دەبین و دەیخوێنینەوە, ئەو ھیومانیزمەیە کە لەرێگای راگەیاندنی شۆڕشێکی سپیەوە جیھان بینی و لێکدانەوەی سەربەخۆیە, مارکس بەھۆی ئەوەی کە بوارێکی بۆ نەھێشترابووە وەکو شۆڕشگێر دەرنەکەوێ، بۆیە " ئەوپەڕی ئامانجی بۆ ململانێ ی شۆڕشگێڕانە ھەمیشە بریتییە لە ئازادکردنی مرۆڤ و دانانی ئاستێک بۆ چەوساندنەوە و گواستنەوە لە قۆناغی دیکتاتۆری پرۆبیتاریا بۆ قۆناغی مرۆڤایەتی سۆسیالیستی بەرپا لەسەر رێزگرتن لە کەسی مرۆیی". (١). نموونەیەکی تر لەوەی کە مارکس لەگەڵ ئەوەبووە کە فەلسەفە دەبێت لەگەڵمان بژی، لە دکتۆرانامەی کە لەسەر ئەپیکۆڕی یۆنان و دیموکریتیک ە، لە لاپەڕە ٥٠ قسەیەکی ئەپیکۆڕس بە نممونە دەھێنێتەوە و کاری لەسەر کردووە، ئەو دەڵێ" ئیپیکۆڕس فێرمان دەکات نە نەوجەوانان دەبێ لە فێربوونی فەلسەفە دوا بکەون، نە دەبێ پیر دەست لە فەلسەفە ھەڵبگرن، چونکە ھیچ کەسێک کاڵ نییە، ھیچ کەسێک پێگەیو نییە بۆ بەدەستھێنانی تەندروستی روح، بەڵام ھەر کەسێک بڵێت ھێشتا کاتی خۆ سەرقاڵکردن بە فەلسەفە نەھاتووە، یان کاتەکەی بەسەرچووە، ئەمە وەکو ئەو کەسە وایە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات ھێشتا کاتی بەختەوەری نەھاتووە، یان کاتی بەختەوەری بەسەرچووە". کەواتە لەلای مارکس فەلسەفە تەنھا بۆ تیۆر نەبووە، بەڵکو بۆ پراکتیک کردن بووە لەژیاندا، بۆ ئەوەی بگەین بە بەختەوەری، ئەمەش تەنھا شۆڕشگێڕێتی نەبووە، بەقەد ئەوەی چەمکێکی زانستی بووە کە ھەڵگرانی فکری مرۆڤدۆستی کە گومان بۆ ژیان لەژێر سایەی سیاسەتی سیستمی سەرمایەداریدا نەھێڵێتەوە. ھەر ئەمەش بووە کە دابڕانە فەلسەفییەکەی مارکس ئەوەبوو کە پراکتیکییە و تەنھا بۆ تیۆر نییە.


بۆیە بەفەلسەفەی مارکس دەگوترێت فەلسەفەی پراکتیکی و بەفەلسەفەکانی دیکەی یۆنان و دواتریش فەلسەفەی ئاڵمانی کە لەکانت و ھیگڵەوە دەستپێدەکات، ئەو نازناوەی بەرنەکەوتووە، ئەگەر تێڕوانینی فەیلەسوف و بیرمەندەکانی سەردەمی ئەسینا تاھاتنی پێغەمبەرە یەک لەدوای یەکەکان, بریتی بوون لەتێڕوانینی ئیدیالیستیانە، یان کەلێنێک لەفەزای بیرکردنەوەیان ھەبوو, مارکس بەم تێڕوانینە جێگەی بۆ هیومانیزم فراوانتر کرد و بەشێکی زۆری لەفەلسەفەکەی بۆ بیرکردنەوە لەھیومانیزم تەرخان کرد کەجیاوازە لەفەلسەفەکانی تری پێش خۆی, ئیدی ھەر لەسەربەخۆیی ئافرەتەوە تادەگاتە لێکبوردن و بزووتنەوە ئازادیخوازە کەمینە نەتەوەییەکان و بواری گشتی و زانستگەرایی و مەسەلەی نەھێشتنی چینی سەردەست و ژێردەست چ لەبواری سیاسی و نەتەوەیی و چ لەبواری ژیانی رۆژانە و کارگێڕی و ھتد, ھەر ھەموو ئەمانە کۆمەکیان بەو تێزە کرد کە مارکس بۆ چەمکی ھیومانیزم چنی بووی.

دەوڵەت.. لە فەلسەفەوە بۆ سیستم.

فەلسەفەی نەزمی دەوڵەت کە لەسەردەمی ئەسیناوە بنچینەی داڕێژرابوو ناونرا دەوڵەتشار, لەگەڵ گەشەی قۆناغەکان ھەرچی زیاتر درێژەی کێشا لەرۆژئاوا بوو بەبنچینە و لەرۆژھەڵاتیش میسر کە ھاوکاتی رۆژئاوابوو سیستمێکی دیکەی بەرھەمھێنا و لەبواری ھونەر و ئەدەبیش ھەمان شێوە، ململانێیەکی دیکەی نەزمی دەوڵەت بوو کە تاکو مێژووی کۆن و درێژەکێشانی بۆ مێژووی نوێ بایۆگرافیای کارێکتەرەکانیش لەنێو ئەو مێژووە لەدامەزراندنی بنەمای دەوڵەتی کۆن ھەبوو, ئەوەش کە بەپێی فەلسەفەی ئەسینایی و ھێنانە کایەی دەوڵەتشار و یاسا و تاکگەرایی قسەی لەسەر دەکرا, تەنھا بنەمایەک بوو بۆ یەکپارچەیی و ئۆرگانیکی دەوڵەت, ئەفڵاتون جەختی لەسەر دابەش بوونی عەقڵ دەکردەوە کە لەپاسەوان و جەنگاوەر و کرێکار کۆدەبووەوە, "مارکس دوور لە ھەست و سۆز و بەواقیعبینییەوە تەماشای دەوڵەتی دەکرد، روون و ئاشکرا بوو دەوڵەت دامەزراوەیەکی سیاسی بێلایەن نییە، بە وردبینی و وەسوەسەوە مامەڵەیەکی یەکسان لەگەڵ ھەموو گروپە ئەنتاگۆنیستە کۆمەڵایەتیەکاندا بکات، دەوڵەتلە ململانێی نێوان کار و سەرمایەدار ھەرگیز بێلایەن نەبوو، دەوڵەتەکان ناھێڵن شۆڕشەکان دژ بە سیستمی خاوەندارێتی سەرھەڵبدەن، ئەوان بە گشتی بەم ھۆیەوە بوویان ھەیە کە نەزمی کۆمەڵایەتی باڵادەست بپارێزن لە بەرامبەر ئەو کەسانەی دەیانەوێت بیگۆڕن". (٢). دەوەڵەت بەردەوام لایەنگرە و بێلایەن نییە لە ململانێکان، چونکە وەھمی پیلانگێڕی لە ھەمووخۆپیشاندان و رەوتە ناڕازییەکاندا دەبینێ، تەنانەت دەوڵەتی بە سیستم لیبڕاڵیش کە بڕوای بە مافی تاک ھەیە، دیسان بێلایەن نییە و سەرکەوتنی سیستمەکەی بۆ ئەو ھەموو میلیشیایانە دەبینێ کە ئەمنییەتی سەرمایە و مەترسییەکان دەپارێزن.


عەقڵ شێوە پشتگیریەکی دەوڵەتە بۆ بەڕێوەبردنی سیستمەکەیە، ئەوانەش دەیان کۆت و بەندی وەکو زاڵ بونی گوتاری ئاین و یاساکانن کە کاریگەرییان بەسەر ژیانی خەڵکی زەحمەتکێش و نەدار و چینی خوارەوە ھەیە، یبەپێی شیکاری ماکس ڤیبەر بۆ سیستمی حوکمڕانیەتی لەدەوڵەتدا پێی وایە کە "پێشتر دەوڵەت بەچاوی تاقە داوەرێک تەماشای عەقڵ و فەلسەفەی دەکرد, چونکی وەک سازمانێک داوەری کرد کە مۆنۆپۆلی بەکارھێنانی دڕی لەشەکی واتە جەستەیی بۆخۆی تەرخان کردبوو, بۆیە ھەمیشە ویستوویەتی ئەم داوەرییە بکاتە دەستورو کۆنتڕۆڵی بکات" ماکس ڤیبەر ی ئاڵمانی، ١٨٦٤-١٩٢٠ کە بەبیرمەندی سۆسیۆ سیاسی ناسراوە یەکەم جار کە زاراوەی کاری کۆمەڵایەتی بۆ تاک بەکارھێنا، بڕوای تەواوی بەھەڵسوڕانی تاک ھەبوو لەژیانی کۆمەڵایەتی و رەنگدانەوەی ئەو ژیانەش بەسەر چالاکیەکانیدا، چونکە ھەلومەرجی ژیان, لەسایەی سیستمی چینایەتی, فەحشا, زەبرو زەنگ, فێڵ و کارە دزێوەکان تادەھات پەڕەی دەسەند, لەوە بەھێز تر بوو کە فەلسەفە بتوانێ بەسانایی ئاڕاستەی فەرھەنگی کۆمەڵگە بگۆڕێت و لەسیاقێکی لەبارتر مەغزاکانی ویستی ئینسان ئیمکانی زیاتر پەیدا بکات.


مەبدەئی ھێز لەسیستمی دامەزراوەیی دەوڵەتدا، سەرەتای بەکارھێنانی پایەیەکی پتەوی بنمیچی سیستمەکە و بۆ پاراستنیشی بەکارھێنانی توندوتیژییە لەرێگەی ھێزە داپڵۆسێنەرەکانیەوە، ھەر ئەو تێگەیشتنەش بوو کە ھەرسێ چەمکی (قودرەت) و (کۆنتڕۆڵ) و (رێکخستن) کە مەبەست لەرێکخستنی دامودەزگا و کۆمەڵگەیە لەسایەیدا، مانای دامەزراندنی قەوارەی دەوڵەتە لەبنچینەوە، بۆیە فەلسەفەی دژ بەو ستایڵە لەدەوڵەت بەپێچەوانەی ئەو بیرۆکەیەی کە دەوڵەت کەلەڕێگەی ھێز و کۆنتڕۆڵەوە کارەکانی خۆی مەیسەر دەکات، ھەر ئەمەشە کە چیرۆکی وەرگەڕانی قۆناغەکان و مەترسیەکانی, رەنگدانەوەی نێگەتیڤی ھەبوو، ھەروەھا جۆرێک دڵەڕاوکێی دروست کردبوو کە بۆدۆزینەوەی ھەقیقەت و عەدالەت پەنا ببەنە بەر ئیرادە, بەپێچەوانەوە کەرەستەکانی نەزمی دەسەڵاتی ئاین, رێگە خۆشکەرتر بوون بۆ چەقبەستنی ژیان لەشوێنی خۆیدا، ئەم مەبدەئە بۆ دەوڵەت شیکردنەوەی بۆ دامەزراوە و قەوارە و شێوەی خوداپەرستی رۆژئاوایی لەدوای رێنیسانس، بەڵام بەپێی ڤیبەر لەرۆژھەڵات ھێشتا کۆنتڕۆڵ لەچنگ دامودەزگای ئاینی و مەلا و موفتی و ھتد ئیسلامییە تادەگاتە مەسەلەی بنەما یاسایەکانی دەستووریش کە دایکی یاسای دەوڵەتە و لەسەر ئەو یاسایە کارێکترەی سیاسی تاکو ھاوڵاتی ئاسایی ملکەچیەتی، مارکس لە کتێبی بەشدارییەک لە رەخنەی فەلسەفەی ھەقی ھیگڵ کە ساڵی ١٨٤٢ نوسیویەتی دەڵێ "لە پاشایەتیدا ھەموو واتە ریز دەبەستن و لەژێر تاکە شێوەیەکی تایبەت بۆ بوون کە دەستوری سیاسیە، بەڵام لە دیموکراسیەتدا دەستوور بۆ خۆی ھۆکارێکی دیکەی چارەنووسە، بەو مانایەی کە دەستووری خودە بۆ گەل، لە پاشایەتیدا گەل بۆ دەستوورە، بەڵام لە دیمکراسیەتدا دەستوور بۆ گەلە، دیموکراسی لوغزێکی تێکەڵکێشراوە بۆ دەستوورەکان". سنتیاکو کاریو. الشیوعیە الاوروبیە و الدولە. ترجمە. سمیر کرم. سلسلە السیاسە و المجتمع. دار الگلیعە. بیروت. ١٩٧٨.


بەم مانایە بێت کە مارکس قسەی لەسەر دوو جۆر دەستووری جیاواز لە دوو سیستمدا کردووە، دەوڵەت ھێشتا لەژێر سایەی بیرۆکەی ئاین و پیاوانی ئاینیدا ررزگاری نەبووە و ئیلھام لەو تێکستانە وەردەگرێ کە پێوەری ئەخلاقی و تەشریعی بۆ دەوڵەت دادەنێن، ئەەرچی رۆژئاوا بەشی زۆری دەوڵەتەکانی بە سیستمی پاشایەتی یەوە ماوە، دیموکراسیەتیش وەکو پێویست دەوری خۆی گێڕاوە لە سیستمەکەدا، بەڵام ھێشتا پاشایەتی بڕیاری یەکەم و دواھەمین لەلای ئەوە بۆ چارەنووسی دەوڵەت لەھەر قەیرانێکدا، وەکو ئەوەی لەسەدەی ٢١ بینیمان، بەڵام چونکە سیستمی پاشایەتی رۆژئاوا چوونە نێو سیستمی سەرمایەداری و تێکەڵ بوون و سڵیان نەکردووە لەھاتنی دیموکراسیەت و کاریگەری لەسەر دەستوور، بۆیە کاریگەری نیگەتیفی نەکرد، ھەر لەبەر ئەمەشە کە رۆژھەڵات ناتوانێ بچێتە نێو بازنەی سیستمە جیاوازەکانی سەرمایەداری و گەشە بکات چ لەڕووی کۆمەڵایەتی و چ لەرووی سیاسی و چ لەرووی زانستیەوە، رەنگە بەشێکی گەورەش لەم ھۆکارە بێت کە مارکسیزم و شۆڕشی کۆمەڵایەتی نەتوانێ جێکەوتەبێت لەدونیای عەرەبی و ئیسلامیدا، لەمبارەیەوە کتێبێکی (ماکسیم رۆدنسۆن) ھەیە بەناوی (الاسلام و الرسمالیە) کە پێی وایە ھەرگیز رۆژھەڵات و ئیسلام بەتایبەتی، ناتوانێ ببێتە بەشێک لەدونیای سەرمایەداری، ئەم تێگەیشتنە ئەو مانایەی ھەیە کە ئەم ناوچەیە کە ئیسلام بنەچەی پێگە کۆمەڵایەتییەکەی گوندنیشینییە و نەچووەتە نێو سیستمی سەرمەیاداری لەلایەک، پشت بەستن بە گوتاری ئایینی زاڵ کە ئیسلامی توندڕەوە لەلایەکی تر، رەنگە ھەر ئەمەش بێت کە ناوچەکە ناتوانێ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا بەدەست بھێنێت، ھەروەھا ناتوانێ رێگە بە توانا مرۆییەکان بدات گەشە بکەن و بچنە ریزی رۆژئاواییەکان کە ھەموو قۆناغەکانی تێپەڕاندووە.


لەلایەکی دیکەوە ھۆکاری یەکەم ئەوەیە کە خۆیان خاوەنی عەقڵی خۆیان نین و رۆژئاوا بەپێی ویستی بەرژەوەندیەکانیان ئاراستەیان دەکەن، ئەگەر بەسەرمایەگوزاری و تەلار و کەرەستەکانی دیکەی راگەیاندن و کەرەستەکانی ژیانیش فۆڕمێک نیشان بدەن کەسەرمایەدارن و سیستمی بانکی بەکاربھێن، بەڵام بەعەقڵ ھێشتا لەپاشکۆن.


ھۆکاری دووەمیش ئەوەیە کە گوتاری ئاینی زاڵە بەسەر ئەو عەقڵیەتەی کە دەوڵەت بەڕێوە دەبات و ناتوانێ لەو ھەژمونە ئاینیە رزگاری بێت کەبەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیشدا زاڵە. ئەوەی مەسەلەی ئیرادەشە کەپێشتر باسمان کرد، لەسەروەختی سەرھەڵدان و شۆڕشی کۆیلەکانەوە بگرە تادەگاتە شۆڕشی سەرمایەداری و شۆڕش بەسەر شۆڕشدا لەپێناو مانەوەی دەوڵەت، دیسان ھەمان ئەو سیناریۆیانە دووبارە دەبنەوە کەچیرۆکەکانی مێژووی بەشەرییەت بۆی گێراوینەوە و ھەمان ئەو دەسەڵاتە بەفۆرمێکی تر دێتەوە کایە، ھەروەک رۆسۆ درکی پێکردووە، ئەو کاتە کۆیلەکان درک بەناعەدالەتی دەکەن رادەپەڕن و شۆرش دەکەن، مەرج نییە دەسەڵاتی عادل بێتە کایەوە و ئینسان لەمیحنەت رزگاری بێت، بەڵکو تەنھا گۆڕانێکە لەسیستم و فۆڕمی حوکمڕانی و دەموچاوی ئاغاکان دەگۆڕێن، ئەمەش ئەو مانا و دەلالەتانە لەکۆیلە و ھەژار و شۆڕشگێڕانەکان دەسەنێتەوە و تاڕادەیەکیش بێئومێد دەبن لەشۆڕش، ئەگەر بێتوو بەمانای سەربەستی تەواو تەماشای شۆڕش نەکرێت، ئایدیالی دیموکراسی ھەمان ئەو مانایەی ھەیە کە خەڵک ناچار دەکات ھەم بەوەھم یەکتر قەبوڵ بکەن، ھەم شێوەی خەباتی سیاسی و حزبایەتی بگۆڕێ و ھەم خەڵک ناچار بکات بۆ رزگاربوونێکی وەھمی بچنە بەردەم سندووقەکانی دەنگدان و جارێکی تر شەڕی سیاسی لەسەر شانی ئەوان تەواو بێت و دەستەبژێرێکی تری مشەخۆر خۆیان لەسەر حیسابی عەقلیەتی مردووی ئەوان دەوڵەمەند بکەن.


بەپێی بۆچوونی (ریمۆن ئارون) بێت کە لەچاپتەرێکی کتێبەکەیدا قسە لەسەر دەوڵەت دەکات لەروانگەی مارکسەوە دەڵێ" کاتێک کە لەڕەوتی پەڕەسەندنی کۆمەڵگەی مرۆیی ھەموو ناکۆکیە چینایەتیەکان کاڵ دەبنەوە، بەیەکجارەکی بەرھەمھێنان لەدەستی کەسانێکی یەکگرتوودا تۆکمە دەبێت، دەسەڵاتی گشتی واتە (دەوڵەت) خەسڵەتی سیاسی خۆی لەدەستدەدات، دەسەڵاتی گشتیش ھەمان دەسەڵاتی رێکخراوەیی چێنێکە بۆ چەوساندنەوەی چینێکی دیکە کوئەویش چینی کرێکارە، ئەگەرچینی کرێکار لەرێگەی شۆڕشەوە دەگۆرێت بەچینی دەسەڵات، بەمشێوەیە پەیوەندیەکانی بەرھەمھێنانی کۆن لەنێو دەبات، لەم حاڵەتەدا ھاوکات لەگەڵ لەنێوبردنی سیستمی بەرھەمھێنانی کۆن، بارودۆخی مانەوەی دوژمنکارانەی چینەکانیش لەنێو دەبات، بۆیە لەم حاڵەتەدا چینەکان و لە لەئەنجامدا دەسەڵاتی تایبەتی کرێکار وەک چین لەنێو دەچێت، لەجیاتی کۆمەڵگەی بۆرژوازی کۆن و ھەموو ناکۆکیە چینایەتیەکانی ئەو، یەکگرتوویەک پێدەھێنن کە لەودا وەکو مارکس لەمانیفێستی کۆمۆنسیتدا دەڵێ (ئازادی ھەرکەسێک مەرجی ئازادی ھەمووانە) بۆیە بەپێی مارکس بێت دەوڵەت وەکو دامەزراوەیەکی گشتگیر لەسیستمی سەرمایەداریدا کە ھەمیشە خۆی نوێدەکاتەوە، لەسەر بنچینەی زاڵبوونی ململانێی چینایەتیدا دامەزراوە و سەرەنجام دەسەڵاتی بەدەست ھێناوە؟، بەڵام مانەوەی لەوێدایە کە ناروخێت، ھەمیشە لەخۆ نوێکردنەوەدایە و بۆ بڕواھێنان بەخەڵک و چینی کرێکار و ھەژار و زەحمەتکێشیش، چاکسازی دەکات و منەتیان بەسەردا دەکات، بۆ ئەوەش ھەمیشە بەڵانسێک بکات، دەبێ دەوڵەت بکات بەداوەری عادل بۆ ئەوەی ھەموو کەس لەژێر سایەی ئەو دەوڵەتە پەنا بۆ یاسا بەرن و ھەر دەوڵەت بەمەرجەعی سەرەکی بزانن و بیر لەروخانی نەکەنەوە، ھەڵبەتە لێرەدا مەسەلەی نیشتیمانیش وەکو موقەدەسێک راگرتووە بۆ ئەوەی ھەموولایەک بەرگری لێبکەن و بیر لەھەر کێشە نانەوە و دوور کەوتنەوە لەو بیروباوەڕە نەکەنەوە کەئینتیمای نیشتیمانی کاڵ دەکاتەوە و سیستمی دەوڵەت دەخاتە بەردەم مەترسییەوە، بۆیە ھەمیشە باس لەدوژمنی دەوڵەت دەکرێت..


رۆسۆ ئەگەر چی لایەنگری دەوڵەت بوو لەسەر پایەی بنچینەیی بەشداری کردنی خەڵک لەدانانی یاسا و سیستم، بەڵام دیسان باس لەوە دەکات بەڕوخانی دەوڵەتێک و سەرھەڵدانی دەوڵەتێکی تر، سەربەستی ھەرگیز بەدی نایات، بۆیە ھەمیشە دوای سیناریۆکە، جارێکی تر ئینسان دەچنەوە ژێر سایەی یاساکانی دەوڵەت و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی و دەبنەوە کۆیلەی دەوڵەتێک کە تەنھا رابەر و پیاوە سیاسیەکان لەسەر کورسیەکان لاچوون و پیاوانی تر ھاتوون و ھیچی تر، خۆ ئەگەر بێتوو سیستمیش بەشێوەیەکی دیکەی یاسایی گۆڕا بۆ بارێکی تر و کەمێک لەخزمەت ھەژار بوو، ئەوە ھەم بەزەییی دەستەبژێرێکی ساختەچی سیاسییە و ھەم کۆتایی نەھاتن و چاکسازیە لەخزمەت دەسەڵات و پایەکانی دەوڵەت کە بەرژەوەندی گشت ناپارێزێت و لەخزمەت بەرژوەندی گروپێکی بازرگانی سیاسیە. ئەمەیە لوغز و سیحری دەوڵەت کە لەسەردەمی کۆنەوە تاکو ئێستا خۆی دووبارە دەکاتەوە بەفۆڕمی جیاواز، مارکس رەخنەی لەم شێوە دەوڵەتە گرتووە کەدەوڵەتی گشت نییە و دەوڵەتی دەستەبژێرێکی سیاسیە کەسات و سەودا بەژیانی خەڵکەوە دەکات، ھەم لەرووی پاراستنی قەوارەوە و ھەم لەرووی ئایدیال و ھەم لەرووی یاساوە بەناوی کولتوور و پاراستنی موڵکیەتەکانی دیکە کە موقەدەس کراوە لەلای خەڵک.


لەبنەمادا رێککاری سیاسی بۆ رێککاری ئابوری دانابەزێت، رێککاری ئابوری و کۆمەڵایەتی بەھەر شێوەیەک بیت دیسان گرفتی سیاسی بوونی دەبێت، چونکە سیاسەت بریتیە لەدەستنیشانکردنی دەسەڵاتدار، چۆنیەتی ھەڵبژاردنی دەسەڵاتیش ستایلی پراکتیزەکردنی دەسەڵات و شێوازەکانی تر و پەیوەندی نێوان فەرمانبەران و دەسەڵاتدارانی ترن، بەھەمان رادە رێککاری سیاسەت بنەمای سەربەخۆییە کەرێککاری ئابوری سەربەخۆیە، ئەم دوو سیستمە لەگەڵ یەکتر ھەمیشە لە کارلێکدان، چۆنیەتی رێکخستنی بەرھەمھێنان یان دابەشکردنی کۆسەرچاوەکان، کاریگەری لەسەر شێوازی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەرھەمھاتوی ئۆتۆریتە دادەنێت، بۆیە ھەڵەیە وابیربکەینەوە کە ئەگەر وەبەرھێنان و سەرچاوەکان بەشێوەیەکی دیاریکراو رێکبخەین، گرفتی دەسەڵاتدارێتی و ململانێ سیاسیەکان چارەسەردەبێت، ئەفسانەی دەوڵەت لەسەر ئەم بنەمایە بنیاتنراوە کە دەوڵەت تەنیا بۆ بەرھەمھێنان و دابەشکردنی سەرچاوەکان دروست بووە و کاتێک ئەم گرفتە چارەسەر بێت، پێویستی بەبوونی دەوڵەت واتە پێویستی بەدەسەڵاتدارێتی نییە" (٣).


تائەوکاتەی کە قسەی بیرمەندەکانی وەکو (ژۆن لۆک و قەشە ئۆگەستین) جێگایان دەبووە وە، "لۆژیکی رێکخستنی کۆمەڵگە بەیاسا لەسەروەختی خۆیدا نموونە بوو, ئەم دۆخە بەردەوامی وەردەگرت تاگەیشتە سەدەکانی ناوەڕاست, تائەو کاتەی (رێنیە دیکارت و ژان ژاک رۆسۆ) لەسەدەکانی ناوەڕاست جۆرێک لەبەڵێنی یاسایی و ئەخلاقیان خوڵقاند لەنێوان دەوڵەت وەکو دامەزراوە و خەڵک و کۆمەڵگە وەکو بنەمای کۆمەڵگە و ھەروەھا (ھیگڵ و فیورباخ) لەسەدەی ھەژدەو نۆزدەھەم مۆدێلێکی تری نوێیان وەبەرھێنا کە دەوڵەت تەنھا رێکخراوێکی سەربەخۆ نییە بەدەست گروپێکی سەربەخۆوە، بەڵکو دامەزراوەیەکە بەدەست تەواوی کۆمەڵگە، بەڵام ئەوەی کە ھەم دەسەڵاتدارە کەمینەیە و ھەم دەستەبژێرە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و دیبلۆماسیەت و کارگێڕی و تەنانەت سەربازیش، دەستەبژێرێکە یان ئەوەتا لەڕێگەی خەڵکەوە ھەڵبژێردراون یان ئەوەتا خۆیان بەسەر خەڵکدا سەپاندووە" (٤). لەدوای ئەوانیش کەسانی وەکو (فۆریە و ئۆئن) بوون بەپێشەنگی خەڵک لەرۆژئاوا کە سیستمێکی جیاواز لەوانی پێشوتر پێشنیازکراو دوور بوو لەعەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئەو سیستمەی یەکسانیخوازەی کە لەرێگەی فکر و خەیاڵەوە بیری لێدەکرایەوە ز ببێت بەسیستمێکی جیاواز و دونیا لەژێرکاریگەریدا قەناعەت بەو سیستمە بکات ژیان بەردەوام بێت، دواتریش (ئەنگڵس و مارکس) ھاتن پێشکەوتنێکی گەورەتریان بەفەلسەفە بەخشی، ئەویش پێشنیارکردنی سیستمێکی سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی سیاسی بوو بۆ دەوڵەت کە ئینسان تێیدا دەسەنەخواری ئەویتر نەبێت و وەکو یەک بژین ھەروەک ئەوەی کە لەمانیفێستۆی کۆمۆنیزمدا کە مارکس و ئەنگڵس نووسیان و مەترەح کرا و بوو بەبەرنامەی ھەموو حزبە کۆمۆنیستیەکانی دونیا و ململانێ لەسەر ئەو بەرنامەیە بەردەوامی وەرگرت، بەڵام خراپ بەکارھێنانەکەی ئەوەبوو کە بوو بەئیدیۆلۆژیای بێ فەلسەفەی مارکس بەمانا زانستیەکەی.


لەھەردوو سەدەی ھەژدەو نۆزدەی زاینییدا, خۆرئاوا کاریگەریەکی لەڕادەبەدەری گەشەو ھەڵدانی پیشەسازی بەبارتاقەی ئەوکات بەخۆیەوە بینی, بەمەش واقیعی ئابوری بنەما و ھەلومەرجی کۆمەڵایەتیشی لەگەڵ خۆیدا گۆڕی بۆبارێکی تر, ئیتر تیئۆریستە سۆسیالیستیەکان بۆخوێندنەوەی سیستمی دەوڵەت, خواستەکانی مرۆڤیان فۆرمۆڵە کرد و بەرەو ئاقارێکی تر تەوەرەی وەرگرت, بەومانایەی کە دەبێ ھەلومەرجی ژیان و گوزەرانی خەڵک بەگشتی و کرێکار بەتایبەتی چاکبکرێت, لەم نێوەندەدا مارکس جگە لەوەی کێشەی مەزھەبی بۆدرووست بوو, چونکە لەبنەماڵەیەکی یەھودی مەزھەب بوو, دواتر بوو بەمسیحی, بەمەش دەستی کرد بەخوێندنەوەی یاساکانی دەوڵەت, پاشان بەخوێندنەوەی مێژوو و فەلسەفە, ھەروەھا نوسینی کتێبێک بەناوی دەربارەی مەسەلەی یەھودی نووسی کە تێیدا باس لەشێوەیەک گوناە دەکات کە ئینسان بەناچار لەدایک دەبێت و دەبێ سەر بەو ئایینە بێت، پاشان جۆرێک لەنامۆبوون لەو کۆمەڵە بەرامبەر بەدونیای دەرەوەی ئەو کەسانەی کە سەر بەئاینێکن و کەمینەن، لەشوێنێک دەڵێ " بۆچی دەبێ لەوڵاتێکی وەکو پاریس بۆ نموونە کە کێشەی سەرکوتکردن ھەیە بەرامبەر بە یەھودیەکان، کەچی چارەسەری مەسەلەی یەھودی نەکرێت لەرێگەی یاساوە، کە وەکو ھەمووان پلەیەکی کۆمەڵگە بن و جیانەکرێنەوە، چونکە ئەگەر بەیاسا بێت دەتوانن لە ئەرک و مافەکانیان تێبگەن و کاری پێبکەن، بۆیە دەوڵەت ھەمیشە لەبەرامبەر یەھودیەکان بێ وەڵامن، بەڵام دەوڵەتی و کام دەوڵەت" (٥). مەسەلەکە لەبۆچوونی مارکسدا کێشە لەبوونی دین و نەبوونی نییە، تەنانەت لەوێش نییە کە دەوڵەت بەیاسا چارەسەر بکات کەئەمە لاوازترین داواکارییە لەدەوڵەت بکرێ، بەڵکو لەوێیە کە کێشەی ئاین لەگەل سیاسەت یەکلایی بکرێتەوە و نەمێنێ، تەنانەت لەدەستووری دەوڵەتیش بەراستەوخۆ و بێ دڵەراوکێ و ترس باسبکرێ، بۆیە دەڵێ " رزگارکردنی ئایین، رزگارکردنی بەشەرییەتە لەسیاسەتدا".. (٦).


بەھەرحاڵ مارکس لەمڕاستاییەشدا دوای بیرکردنەوە لەکێشەکانی کۆمەڵگە و بەتایبەتی ئایین، ھیگڵ لەرێگەی کتێبەوە دەناسێت و دەکەوێتە ژێر کاریگەریەوە و دەبێتە چەپڕەوێکی ھێگڵی, بەڵام دواتر بەداڕشتنی تیئۆریای ماتریالیزمی دیالکتیک پێچەوانەی ھیگڵ بیردەکاتەوە, چونکە فەلسەفەکەی ھیگڵ ئاڵوز و سامدار بوو لەو کاتەدا سەبارەت بەنھێنی چارەسەرکردنی مەتەڵی بوونی مرۆڤ، بۆیە مارکس دەگەڕێتەوە بۆ پێشوو کە رەخنەیەکی شیکاری لە دیالکتیکی ھیگڵ دەگرێت و تێکەڵ بەبیروباوەڕە سۆسیالیستیەکانی دەکات, ھەروەھا ھەڵسا بەفراوان کردنی فەلسەفەی دیالیکیتیک, وەکو لەدەستنووسە فەلسەفیەکانیدا دەڵێ " فیورباخ بەشێوەیەک تەماشای یاسای (نە لە نە) واتە (نەفی نەفی) دەکات, وەکو چەمکێکی مەلموس کە فکر لەخودی خۆیدا ھەڵە بەفکر دەکات", ھەرئەمە کارێکی وەھا دەکات کە مارکس تێزەکەی بەدوو قۆناغدا تێپەڕبکات.


قۆناغی یەکەم. بەنووسینەوەی کتێبی (خانەوادەی پیرۆز) کەلەساڵی ١٨٤٥ دەستی پێکرد, رەخنەیەکە لەفەلسەفەی یاسا لەلای ھێگڵ و مەسەلەی یەھودی کە ئیشکالیاتێکی گەورەی ئەودەمە بوو لەکۆمەڵگەی خۆرئاوادا سەبارەت بەمەزھەب و ئاینزایی، ھەروەھا توانی کەوتنی مرۆڤ بسەلمێنێ لەنێو دەزگا و پێکھاتەی پایەکانی موڵکداری تایبەت کە بەئاشکرا لەدای قۆناغی کۆچەری پەیداببوو.


قۆناغی دووەم: بەنووسینەوەی کتێبی ( ئیدیۆلۆژیای ئەڵمانیا و مانیفێست) تادەگاتە نووسینەوەی ( کڵۆڵی فەلسەفە) کە وەڵامدانەوە و موناقەشەی تێزەکانی ئاغا بڕۆدۆن بوو لەژێر ناونیشانی فەلسەفەی کڵۆڵی، بۆیە لەنووسینەوەی مانیفێستدا ساڵی ١٨٤٨ لەگەڵ ئەنگلس ی ھاوڕێی خەباتی سیاسی و فەلسەفیدا، باس لەوە دەکات کە نوێخوازەکان جگە لە بوکەشووشە و قەرەقوزی سەماکەری کایەکانی دەسەڵاتی سەرمایەداری زیاتر ھیچی تر نەبوون، ھەروەھا لەئیدیۆلۆژیای ئەڵمانیشدا مارکس ئەو ھەلومەرجەی بیرکردنەوەی وەکو ئادەم سمیس و ریکاردۆ و بارنۆ و ھتد قۆستەوە و قسەی لەسەر دەوڵەت کرد و خستیە نێو زبڵدانی مێژووەوە، چونکە دەوڵەت لەبیری مارکسدا کە تیۆریزەی کردووە، ھەموو پایەکانی راگرتنی سەقفەکەی و ئۆرگانەکانی لەبری ئەوەی لەخزمەت ئینسان و ھاوڵاتیدابن، دەبنە کەرەستەی سەرکوتکردنی ئینسان و ئینسان ناچار دەکەن لەرێگەی یاسا و بەڵینە کۆمەڵایەتیەکانەوە ملشۆڕ بێت و نەبێتە ئینسانێکی یاخی.

 
قۆناغی سێیەم: بەنووسینەوەی کتێبی سەرمایە کە دواتر (ئەنگڵس) تەواوی دەکات و بەچاپی دەگەێنێت بەناوی گۆندروریسە، بەشێکی تر لەئەرکی لەچاپدانی دەکەوێتە ئەستۆی کاوتسکی کە دواتر دەبێتە رابەری بزوتنەوەی کرێکاری و فەیلەسوفی سەردەم.


دوای تێپەڕبوونی چەندین سەدە بەسەر رێنیسانسدا, مارکس وەکو فەیلسوف و ھزرمەندی رەوتێکی فکری سەربەخۆ دەرکەوت و ئەنجامگیریەکی زانستیانەی کرد کە پێناسەیەکی نوێی بۆ ھیومانیزم دۆزیەوە, ستایلێکی نوێ کە ھەڵگری ئەو پێوەرە ئایدیالیانەبوو لەژێر کۆنتڕۆڵی ژێرخان و رەنگدانەوەی بەسەر سەرخانی کۆمەڵگەوە بونیاتنراوە, ئیتر فەلسەفە لەسیاقێکی دیکەدا وەزیفەی گۆڕینی واقیعیی کۆمەڵایەتی وەرگرت, واقیعێک کە نائومێدی و نامۆبوون و بەشت کردن و بەکاڵابوونی مرۆڤ و تەماشاکردنی لەڕوانگەی ئاین و رەگەزو نەژاد و ناسنامە جۆربەجۆرەکاندا راگرتووە.


ھەر ئەم چەمکە کە بەدرێژایی مێژوو لەفەلسەفەی دەوڵەتدا, شێوەیەک بوو لەچاودێری کردن و دیسپلین کردن و بەئامێرکردنی مرۆڤ لەناوەندە جیاجیاکانی کارو ھەڵسوڕانی بەتەکنیک و کۆنتڕۆڵ کردنێک کەلەبری ئیرادەو باوەڕ بەخۆبوون, ھەموو توانستەکانیشی لەخۆیدا نەفی دەکردەوە, لەبەرامبەریشدا بەلۆژیکی قەدەر وەڵامی لایەنە ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی و ھۆشیاریە چینایەتیەکانی پێدەدرایەوە, پێناسەیەکی تری وەرگرت.


بەلەبەرچاوگرتنی ئەم تێروانینە ئیدیالیستیانە مارکس ١٨١٨-١٨٨٣ رەخنە تیۆریە زانستیەکانی خۆی ئاڕاستەی ئەو لۆژیکە کرد و جھانی تێگەیشتنیشی فراوانترکرد, تائەوکات لەنێو بۆچوونە دژبەیەکەکان مایەی سەرسوڕمان بوو, بەتایبەت فکری ھیگڵیزم, ئەویش وەک میتۆدێک گرفتی ھەرەسەرەکی ئەوەبوو کە گەشەی سرووشت و پەیوەندیەکانی ئەم چەمکەی بەگەشەی عەقڵی بەمرۆڤەوە دەبەست, بەمانایەکی تر مرۆڤی بەسەیرورەو ماھیەتی رۆحەوە گرێدەدا, ھەربەم تێڕوانینەش تەماشای دیالیکتیک و مێژووی دەکرد کە لەلای ھێگڵ فەلسەفە کوڕی زەمەنی خۆی بوو, کەچی لەلایەکی ترەوە دەڵێ "تاکەوانەیەک کە کەس لەمێژوو فێری نەبووە خودی مێژوو خۆیەتی" ئەمە لەکاتێکدایە کە ھیگڵ بڕوایەکی قوڵی بەلۆژیکی وابەستەیی و ئۆرگانیکی ھەبوو, ھەرئەمەش بوو مارکس قەناعەتی کردووە کە مرۆڤ ناکرێ لەکۆمەڵ دابڕێت" (٧).


تەماشا کردنی مارکس بۆمێژوو وەک ئەزموون و کەڵەکە بووی ترادیشنی کۆمەڵگەکان, جگە لەجیاوزایەکانی تری وەک دیالێکتیکی کێشە رۆحیەکان سەبارەت بەتێزە فکری و فەلسەفیەکانی فیۆرباخ کە گرفتی سەرەکی ئیدیالیستی گرتبووە ئەستۆی خۆی.


پێشبینی کردن بوو بۆ چارەنوسی کۆمەڵگەکان و کێبەرکێی چینەکان, ئەمە جگەلەگرفتی دیالیکتیکی کە دواتر بوو بەجێگای پرسیاری مارکس, پاشان رەخنەگرتن لەئابوری سەرمایەداری. بەمەش سەرەتا خوێندنەوەکانی لەچوارچێوەی دەقێکدا خستەڕوو, ئەویش مەتریالیزمی دیالیکتیکی و ماتریالیزمی مێژویی بوو. جگە لەبەرھەمەکانی تری کە لەسەرمایەداو لە١٠ بەش پێکاتووەو کتێبەکانی دیکەی وەک رەخنە لەبەرنامەی گۆتە و ١٨ی بڕۆمیری لویس پۆناپارت و خەباتی چینایەتی لەفەرەنسا و بنەچەی خیزان و موڵکیەتی تایبەت و رەخنە لەبەرنامەی گۆتە و خێزانی پیرۆز و لەبارەی یەھودیەوە و لەبارەی نەتەوەییەوە... ھتد. ھەموو ئەمانەش بوون بەکولتوورێک بۆ فەیلەسوفان و ھزرمەندانی رۆژئاوا کە جەوھەری گوتارەکانی خۆیانیان پێ ئارایش دەکرد و بەشێکی زۆر لەفەزای فکری رەوتی بونیادگەریش لەسەر ھەمان کولتوور و رۆشنبیری و فەلسەفە خۆیان دەوڵەمەند کرد کە پێیانوابوو رەخنەیان لەمارکس گرتووە و خراپیان بۆ چاک کردووە و خزمەتیان کردووە، بەڵام دواجار بۆیان دەرکەوت کە خودی ئەو فکرەی ھەیان بوو بو خوێندنەوەی مارکس، دووچاری ھەژاری ھاتووە.


ھەر بۆیە لەمپێناوەشدا قوتابخانەی فرانکفۆرت ١٩٧٢ کە لە(لیوی ئالتۆسێر و دۆرکھایم و ھێربێرت مارکیۆز و یۆرگن ھابرماس و ئەریک فرۆم) پێکھاتبوون, خوێندنەوەی جیاجیان بۆ دەقەکانی مارکس کرد, بەمەیلی ئەوەی مرۆڤ جارێکی تر نابێت وەک ئامێرێکی ئەپستراکتی ئیدیۆلۆژی مامەڵە لەتەک فەلسەفەدا بکات, بەپێچەوانەوە ئازادی تاکەکەسی لەفکرو نوێکردنەوە لەنێوکایەکانی دیکەی مەعریفەدا پەیڕەو بکات و بەتێڕوانینی نوێوە ھەموو ئەو بۆچوون و ئاڕاستە فکریە نوێیەوە بەچەمکە عەقلانیەکەی ئاسۆیەکی رۆشنیان نەخستە بەرچاو کەھۆشیاری چینایەتی ھیومانیزم لەرۆحی مرۆڤ خۆیدا نوێ بکاتەوە, کە (ئاڵتۆسێر و فرۆم) پێشەنگەکانیان بوون, ئاڵتۆسێر لەکتێبی (خوێندنەوەی سەرمایە) ء (ئەریک فرۆم) یش لەکتێبی (مرۆڤ لەروانگەی مارکس) ھەمان بۆچوون و ھەمان ئاراستەی بیرکردنەوەیان ھەبووە، چونکە سەرەنجام ئاڵتۆسێر لە بنەچەدا رێچکە لەسەر زانینی سرووشتی کەڵکەڵەی مرۆڤایەتی بەستاوە، ئەویش بریتی بووە لە ئیدیۆلۆژیا کە ئەو ھەوڵی داوە نوێی بکاتەوە، ئەمەش لەپێناوی دەرخستنی تایبەتمەندییەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت بووە کە رزگار بکرێت لە ئیدیۆلۆژیایی، چونکە بۆ مارکس ئەوەی کە زیاتر کاری لەسەر کردووە و رێگەی لە گەشەسەندنی گرتووە، ئایین و مۆڕاڵ و موڵکییەتی تایبەت بووە، ئەمانەش بەشێکی فراوان لە پانتایی ئیدیۆلۆژی سیاسی و ئۆرگانەکانی دەوڵەت داگیر دەکەن، چونکە ھەریەک لە مۆڕاڵ و ئایین و دەبن بە ھەقیقەتی نەگۆڕ لە پێگەی کۆمەڵایەتییدا و دەبێتە فەرھەنگی گشتی، لێرەوە دەردەکەوێ کە چۆن ئیدیۆلۆژیا دەچێتە سەر پێی خۆی و پەیوەندی بەدەستھاتووی خەڵک کە بە جھانە تایبەتەکەیەوە دیارە و ئەم پەیوەندییەش ھەستەکی و ساکار دەرناکەوێ، مەگەر بەمەرجی ئەوەی ئاڵۆز بێت، ھەروەک ئەوەی لە دەوڵەتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبییەکانی وەکو فاتیکان و جمھوری ئیسلامی ئێران و سعودییە و تورکیا دەردەکەوێ، ئەمەش گورزێکی کوشندە لە ململانێ چینایەتییەکان دەدات و کۆمەڵگە دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی ئیدیۆلۆژیای باڵادەست کە دەوڵەت کەڵکی لێوەردەگرێت.

مرۆڤی مارکس... مرۆڤی فڕۆم.

بەلای مارکسەوە مرۆڤ بونەوەرێکی کارا و سەرمایەیەکی گەورەیە, نەمریشی وەک ھێزێکی بەرھەمھینەر لەئامێرەکانی بەرھەمھێناندایە, بۆیە ئەرکی ئەم مرۆڤە لەژیاندا ئەوەیە کەدەسەڵاتەکان تێکبشکێنێ و بەھاکان بگەڕێنێتەوە شوێنی خۆی کە سەرمایەداری ھەموو بەھاکانی لەسەرمایەدا کۆکردۆتەوە, ھەروەک بەکاڵا کردنی مرۆڤ لەبازاڕەکانی خۆیدا دەبینرێت, ئەمەش ئەو ھۆشیاریە چینایەتیەیە کەمارکس مرۆڤی پێ ئاگادار دەکاتەوە بۆ نەھێشتنی جیاوازی و دەستەبەرکردنی بەھەشتێک بۆئینسان خۆی ... ھتد.


(ئەریک فڕۆم) لەکتێبی بەناوی ژیانەوە. بۆچوونی وایە کە رووبەروبوونەوە پێویستی بەباوەڕو ھاندەرێکی دەرونی ھەیە, چونکە فرۆم بۆخۆی لەژێر کاریگەری فرۆید بووە، بەوپێیەی کە دەبێ فکرێکی رەخنەگرانە ھەبێ لەژیانی سیاسیماندا کە مارکسیزم پێی لەسەر دادەگرێ, فڕۆم لەو کتێبەدا و لەکتێبەکانی دیکەدا وەک (ئاین و شیکردنەوەی دەروونی) و ( ھونەری خۆشەویستی) ئیدیالستیانە و روحیانەوە تەماشای مرۆڤ دەکات, بەڵام لەکتێبی (مرۆڤ لەروانگەی مارکسەوە) دەیەوێ خۆی لەو ئیشکالیاتە فکریە رزگار بکات. کەچی توشی بەدحاڵی بوون دێت, رەنگە ھەمان ئەو تێزە بێت کە (دۆھرینگ و ئالتۆسێر) کاریان پێکرد. رەھەندی مێژوویی ئەم تێزە تادەگاتە لایەنە ئابوریەکان و تیۆری دیالیکتیکی کە لەسروشتی خودی مرۆڤدا ھەیە دەتوانێ بڕ بکات, بەڵام قودرەتی سەرمایە ھەیبەتی بەشێکی زۆری ئەو بەھایانە کاڵ دەکاتەوە, سەلماندنی ئەم بۆچوونەش لەوێدا دەردەکەوێت کە مرۆڤ لەبەرامبەر سەرمایەدا دووچاری چ جۆرە ژیانێکی سایکۆلۆژی ناسرووشتی دەبێت.


لێرەوە مارکس بانگەوازی ئەوەی کردووە کە پێویستی چارەنووس و ماف و قەدەر و ئەفرێنەر جھانییە، بەڵام کرۆکی ئەم پێویستییە دژە جوڵەیە و پاڵنەری ماتریالی ھەیە نەک ئیدیالیستی و خۆ بەدەستەوەدان، نابێ تێگەیشتن لە سنوورێکدا قەتیس بکرێ، چونکە تێگەیشتن وەکو فانتازیا بێ سنوورە، شتی ئەپستراکتیش پابەندی ئۆبژێکت نییە، بەڵکو پابەندی ئەو خودەیە کە شتەکە روون دەکاتەوە و مومکینی دەکات، مرۆڤ ھەستی کردووە کە بایەخپێدان ھۆکاری ھەیە، تەنھا بۆ ھێورکردنەوەی ئەو بانگەشەیەیە کە کە بوێری حوکم بەسەر سۆبژێکتدا دەدات، نەک رێکەوت، واتە رێگەپێدان بە شتی شیاو، بۆیە ھەمیشە لەژیانی ئەزموونکردن و خۆ ئەزموونکردندایە، کە ئەمە شتی شیاو بۆ شوێنی شیاو دادەنێت.

مرۆڤ لە رەھەندە مێژووییەکاندا.

مرۆڤ ئەو دەسەڵاتەیە کە دەتوانی مێژوو بەقسە بێنێ, ھەروەک چۆن دەتوانێ چیرۆکەکانی مێژوو بیخوێنێتەوە و کەڵکیان لێوەربگرێ, ئاوھاش دەتوانێ پشتی پەردەی چیرۆکەکان ئاشکرا بکات, بەڵام دەسەڵاتی سیاسی کاتێک مێژوو لەرووی زانستیەوە دەخوێنێتەوە, ئەوا مانای ئەوەیە پشتگوێ خستنی خودی ئەو مێژووەیە کە لەئەنجامی جوڵەی کۆمەڵگەکانەوە سەرچاوەی گرتووە, تەنانەت چەمکی (ئەنتۆلۆژیا) کە گرنگترین داخوازی و لایەنی مێژوویی مرۆڤە, سیستمی سەرمایەداریش بەپشت بەستن بەتیۆری زانستی مێژوویی ئەم چەمکە رەتدەکاتەوە و دەقیکی ترمان دەداتی کە شێواندنی کێبەرکێی میژووی راستەقینەیە.


ئەم چەمکە بۆ مرۆڤ، ھێزێکە بۆ بەدەستھێنانی باوەڕ بەخۆبوون و مامەڵەکردن بەعەقڵ و ویستی بەرژەوەندیە گشتیەکان. مێژووش رەھەندێکێ زیاتری ھەیە لەوەی بەسەدەکانی ناوەڕاست و رابردوویەکی نزیکەوە گرێبدرێ, نەخوازە تاسەدەی نۆزدەھەم کە رۆژئاواییەکان بۆ سەلماندنی بوونی خۆیان لەبەرامبەر مێژووی کۆن و یۆنان و میسرییە کۆنەکان بەرھەمیان ھێناوە, ھەر وەک ئەریک فرۆم لەکتێبی (مرۆڤ لەروانگەی مارکسەوە) دەڵێ" باوەڕ بەخۆبوون ھەر خۆی یەکێکە لەتایبەتمەندیەکانی عەقڵی مارکسی و پێشتریش ھەر لەکۆتایی سەدە ناوەنجیەکانەوە تادەگاتە سەدەی نۆزدەھەم یەکێک بووە لەتایبەتمەندیەکانی شێوازی بیرکردنەوەی رۆژئاوایی کەلەمرۆڤدا شتێکی زۆر دەگمەنە و بەرچاو ناکەوێ " (٨). ھەر بۆیە مارکس دکتۆراکەی بۆ خوێندنەوە و رەخنەگرتن لە فەلسەفەی ئەپیکۆرس تەرخان کردووە و لەزۆر شوێنیش بەکەڵکی ھاتووە، وەکو ئەوەی ئینسان دەبێ پشت بە خۆی و ئیرادەی خۆی ببەستێت و زۆر لە چەمکی مامۆستایەتی نەکۆڵێتەوە و چاوی لەدەستی ئەویتر نەبێ، خۆی خۆی پێ بگەێنێت، ھەروەکو یۆنانیەکان و میسریەکان وایان کرد لەبارەی فەلەکناسی و فیزیا و ماتماتیک و بزیشکی و ئەندازەیی و ھتد، تەلارسازی و ئەھرامەکانی میسر و دیواربەندییەکیانی یۆنان سەلماندویەتی ئەوان تەنھا خۆیان بوونە.


ئەگەرچی ھەر جۆرە شیکردنەوەیەک بۆ سەرمایە بەتایبەتی بەشی یەکەمی کە مرۆناسیە لەگۆشە نیگایەکی کورت رەھەندیەوە کە بەشێک لەبۆچوونەکانی فرۆم پێکدێنێ, شێواندنی بیری ئینتەرناسیۆنالیستی مارکسە وەک بیرمەند و فەیلەسوفێکی رۆژئاوایی, بەومانایەی کە مادام مارکس رۆژئاواییە ئیدی ئەم گەورەییە بۆ رۆژئاواییەکان بگەرێتەوە, چونکە پێش مارکس ئەم بیرکردنەوەیە نەبووە, ئەم بۆچوونە یەک دیدی فرۆم دەسەلمێنێ بۆ تێگەیشتن لەتیکستەکانی فەلسەفەی مارکس, چونکە مارکس بۆخۆی پێیوایە ھۆشیاری مرۆڤ خۆی بەدەستی ھێناوە و زادەی عەقڵە, بەو پێیەی کە بونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و پێکھاتەی خێزانی جیاوازی ھەڵبژاردووە کە لەکولتووری کۆمەڵگە جیاجیاکاندا دۆزراوەتەوە کە تائێستاش ھەندێک لەو کولتوورانە دەستی پێوە دەگیرێت.


راستە بەشێک لەو بیرکردنەوانەی کەبۆ تاکگەرایی و ئازادی تاک دەکرا لەسەر دەستی چەند بیرمەندێکی رۆژئاوا ھاتە ئاراوە, بەڵام مانای ئەوەنیە تەنھا لەرۆژئاوادا ئینسان بیری لەئازادی تاک کردبێتەوە. نموونەش ئەوەیە دەستنیشانکردنی کیشوەرێک یان وڵاتێکی دیاری کراو نەکراوە بەتەنھا, ژیانی دوور لەستەم و چەوسانەوە داواکاری سەرجەم کۆمەڵگەکان بووە لەمێژوودا. مەعریفەش کۆمابوونی کولتوری ھەموو گەلانە بەبێ جیاوازی، لەوەش واوەتر ھەموو ئەو چیرۆکانەی کە بەشێکیان ئەفسانەیە، ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە ھەوڵی ئینسان بۆ سەربەستی و تاکایەتی و وەرگەڕانی سیستمێک بۆ سیستمێکی تر کە شۆڕشی بۆ کراوە و ھەندێکجار تێکەڵ بەوەھمی ئەفسانەیی کراوە، تەروادەی یۆنان و سیزیف و ئەوانی دیکە باشترین سەلمێنەرن کە تەنھا لەرۆژائاوا ھەوڵی جددی نەبووە، بەڵکو مێژووی باس لە رۆژھەڵات دەکات کە پشکی ھەرە گەورەی بەردەکەوێت لەململانێی ھێز و فکر و تەنانەت ئایدیالی جیاواز لەژێر کاریگەری و پەردەی ئاینی، لەوەش دوورتر ئامریکای لاتینە بەر لە نغرۆبوون و دۆزینەوەی لەلایەن کۆڵۆمبس ەوە، ئەوان بەر لە مێژوو ژیانێکی موستەحەقیان بۆ خۆیان بە شایستە زانیوە.

 
مارکس لەمبارەیەوە دەڵێ" خوو و رەوشتی ھەموو پشتە رابردووەکان ئەبێ بەپەیکەر ئەگەر زەمینەیەکی ماددی بۆ درووست بووبێت" ئەم قسەیەی مارکس ئەوەمان پێدەڵی کە بروا بەخۆبوون و ھێزی رزگارکردن نەریتێک نییە کە لەرۆژئاواوە سەریھەڵدابێت, یان بەرھەمی عەقڵ و فەلسەفەی کۆمەڵگەیەک بێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی کە مارکس درەنگ فریای کولتوور و رۆشنبیری و مێژووی رۆژھەڵات بوو، نەیتوانی چارەسەری ریشەیی بۆ ئەو تێزە بخاتەڕوو کە پێشتر کاری لەسەر کردبوو، وەکو مەسەلەی شارەزایی بوون زمانی عەرەبی و لە بنەچەی ئاین و بەتایبەتیش ئاینی ئیسلام و ململانێکانی ناوەوەی خۆی، ئەمە بەشێکیشی پەیوەندی بەزمان و تێگەیشتنەوە ھەبوو.


مرۆڤ بەدرێژایی مێژوو ھەمیشە ھەوڵی خۆرزگار کردنی داوە لەدەست دەسەڵاتی باڵاو سەردەست و رزگاربوون لەچەوسانەوە, نموونەش بۆ ئەوە چەوسانەوەی ھۆزە ھەژارەکان لەلایەن ھۆزە باڵادەستەکان, چەوسانەوەی نەتەوە ژێردەستەکان لەلایەن نەتەوە باڵادەستەکانەوە, چەوسانەوەی کۆیلەکان لەیەک کاتدا لەئەسینا و میسر لەلایەن کۆیلەدارەکانەوە, چەوسانەوەی جوتیار لەلایەن رەعیەتەوە, چەوسانەوەی چینەکان لە ھیندستان و ھیندییە سوورەکان لە ئامریکا و ... ھتد. ھەڵبەت ئەم دیاردە مێژووییانە سەرچاوەکەی لەکێبەرکێی دەسەڵاتدارێتیەوە ھاتووە کە خودی مرۆڤ خۆی وەکی بونەوەرێکی دەسەڵاتدار تەماشا کردووە. (سپێنۆزا) ئەم بۆچوونە دەسەلمێنێت و پێیوایە بوونی مرۆڤ ھەر بۆخۆی دەسەڵات و ھێزە, ئەو ھێزەش ھەمیشە لەکێشمەکێشەکانی دوالیزمدا بووە, گۆتە لەئەفسانەی فاوستدا کە یەکێکە لەشاکارە مەزنەکانی نێو کایەی مەعریفە, موناقەشەی ئەم باسە دەکات. لەوچیرۆکەدا دکتۆر فاوست توشی دوالیزم دەبێت. جارێک پەیمان لەگەڵ (میفیستۆ فلیس) دەبەستێت و لەلایەن ھەرماسەوە رۆحی داگیر دەکرێت و تەسلیم بەخواست و فەرمانەکانی دەبێت. لەبەشێکی تردا گۆتە فاوست دەباتە جھانی عیشق و لەگەڵ (گریتشن) سێکس دەکات و دواتر مناڵێکیان دەبێت و فاوست دەیکوژێت. بەڵام دواجار فاوست دەچێتە جھانی رۆحەوە بۆ گەیشتن بەخواوەندەکان و سەردانی کۆشکی ئیمپراتۆڕەکان دەکات. ئەم چیرۆکە ئەفسانە ئامێزەی گۆتە ئەوەمان پێدەڵێت کە مرۆڤ ھەمیشە لەجەنگی دوالیزمیەتدا ژیان دەکات و وێڵی دوای ھەقیقەتە کە چەمکی ھەقیقەت بۆخۆی فرەییە لەرەھەند و لەمانای جیاواز، بەڵام ئایدیالیستی نییە بەتەنھا، بەڵکو رەھەندی ماتریالی ھەیە، بەوەی کە لەرێگەی ئەفسانەو فانتازیاوە خەیاڵ شتی دیکەی بەرھەمھێناوە و گەیشتووە بە ئازادی و تێگەیشتن لە چەمکی بەختەوەری.


ناعەدالەتی کۆمەڵگە یەکێک لەپاڵنەرە سەرەکیەکانە بۆ بیری گشتگیری دوالیزم, سابا دوالیزم ھەر مانایەک وەربگرێت و لەژێر سایەی ھەر سیستمێک بێت. شێوەی وەبەرھەمھێنان کە لەسەردەمی پێشوودا شێوەی بەکاڵابوونی مرۆڤ بوو, یەکێک بوو لەکارە سەرەتاییەکانی مارکس, شێوازی بیرکردنەوەش بۆ لەناو بردنی دوالیزم تایبەتمەندیی بیری رۆژئاوایی نەبووە, دەتوانین بڵێین ئەم لۆژیکە درووست نییە, چونکە بیرکردنەوەو لەدایک بوونی فەلسەفەو شارستانییەتەکان لەرۆژھەڵاتیش سەریھەڵداوە و ناڕەزایەتی و خەبات لەدژی ریژیمی کۆمەڵایەتی و ناعەدالەتی لەسەردەمی فیرعەونیەکاندا باشترین سەلمێنەری ئەم بیرکردنەوەیەیە. بڕوانە کتیبی ( اول الپورە علی الاقگاع) (٩). ئەم کتێبە کتێبێکی دەگمەنە و مێژووی خەباتی چینایەتی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی فیرعەونەکانی میسر و باس لەکۆیلەکان دەکات کە بەبێ ئیدیۆلۆژیا ململانێی چینی سەردەستەیان دەکرد.


بەوپێیەی کارل مارکس شارەزاییەکی کەمی لەئەدەب و مێژووی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەبووە کەمتر مێژوو نووسێکی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی بینیوە, تەنھا ئەوە نەبێ یەک جار لەساڵی ١٨٨٢ بەر لەمردنی سەردانی جەزائیر دەکات, بۆیە جگە لەھەندێ زانیاری کە لە(ئەنگلس) ی ھاورێیەوە وەریگرتووە. ئاگاداری ترادیشنە جیاوازەکانی رۆژھەڵات نەبووە, چونکە ئەنگلس گەشتی بەرۆژھەڵاتدا کردووە و کتێبێکی لەبارەی کولتوری رۆژھەڵاتیەوە نووسیوە و دواتر لەھەندێ وردەکاری ترادیشنە کۆمەڵایەتی و ئاینیەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە مارکس ئاگادار دەکاتەوە.


خوێندنەوەی فرۆم بۆ سەرمایەو لایەنی ھیومانیستی فەلسەفەی مارکسیزم شێوەیەکی دیکەی بۆچوونەکانی (دۆھرینگ) و دواتریش (ئالتۆسێرە) بەڵام لەسیاقێکی ترەوە, لەشوێنێکدا دەڵێ" زاراوەی ناوەرۆک بەشێوەی ئەبستراکت و نامێژوویانە بەکارھێنراوە, کە ئەمەش بەباشی لەرێگەی جیاکردنەوەی سرووشتی مرۆیی بەشێوەیەکی گشتی لەسرووشتی مرۆییەوە بەشێوەیەک گۆڕاوە لەھەر قۆناغێکی مێژووییدا دەبینرێت, بەھەمان شێوە (ئالتۆسێر) تیۆر و قۆناغەکانی مارکس دابەش دەکاتە سەر دوو قۆناغ (مارکسی لاو - مارکسی کامڵ) مارکسی لاو ١٨٤٠-١٨٤٤ دەست پێدەکات و بەقۆناغی ئیدۆلۆژی دادەنێت و لەسەر ئەو بنەمایەی مارکس ھەموو نووسراوەکانی لەوکاتەدا لەژێر کاریگەری فەلسەفەی ئەڵمانی دا بوو, بەتایبەت لەژێر کارێگەری ئینترۆپۆلۆژیستەکانی قۆناغی دووەمی پێگەیشتنی مارکسە کە لەساڵەکانی ١٨٤٥ ـ١٨٨٧ تێیدا مارکس توانیویەتی لەژێکاریگەری فیورباخ و ھێگل رزگاری بێت و نووسینە تیۆریەکانی زانستیانەترو بەئاراستایەکی تر لەگەڵ ئیدیۆلۆژیای رووت دابن" (١٠).


ئەو کات گرفتە فەلسەفیەکانی فیورباخ وەکو ( عەقڵی سانی و عەقڵی پراکتیکی) و گرفتەکانی ( سرووشت و ئازادی ) و( گرفتەکانی مەعریفە بوو لەڕەوشت و ئایین) دواتر تیۆرەکانی (ئەمانوئێل کانت) کە بریتی بوون لەبیری ( عەقڵ و ئازادی) وەکو میکانیزمێک بۆ رزگار کردنی لاوەکان لەسیستمی دەوڵەت و رۆڵی تاکەکان, مرۆڤیش وەک تاکە وێناندنێکی رەسەن بۆھەر کارێک " (١١). دواتر مارکس بەناسینی ئەم بنەما فەلسەفیانە رێچکە و رێبازی خۆی ناساندوو لەتیۆرەکەی خۆیدا لە (ماتریالیزمی دیالیکتیکدا) وەڵامی پێدایەوە و تیۆرەکەی تری پێشکەش کرد و لەبارەی تێڕوانینەکانی فیورباخ لەنامە فەسلەفییەکانیدا دەڵێ " جیاوازیە سەرەکیەکان لەماتریالیزمی پێشوودا و لەوانەش ماتریالی فیورباخ واقیعێکی ھەستیاریە, ئەو تەنھا بەشێوەیەکی ئۆبژێکتیڤی و ھێرمۆنتیکی تەماشا دەکات, نەک چالاکیەکانی ئینسان کە خۆی بەرھەمی ھەلومەرج و پەروەردە جیاوازەکانە, چونکە خەڵک خۆیان دەتوانن ھەلومەرج بگۆڕن، بەڵام پەروەردکار خۆی پێویستی بەپەروەردەیە" لەشوێنێکی تردا دەڵێ" فیورباخ جەوھەری ئاین لەجەوھەری ئینساندا دەتوێنێتەوە, راستیەکەی ئەوەیە کە جەوھەری ئینسان شتێکی ئەبستراکت و دابڕاو نییە لەتاکی گۆشەگیردا, ئەمە ھەقیقەتێکە کە لەپەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندایە, سەرەنجام فیورباخ ئەوە نابینێ کە شعوری ئایینی بەرھەمی کۆمەڵایەتییە و تاکیش دەبێتە فۆڕمێکی کۆمەڵایەتی دیاری کراو". فرۆم دەڵێ" جھانی ئەمڕۆ (واتە ساڵی ١٩٦١) لەئەنجامی پێکدادانی ھەردوو ئیدیۆلۆژیا رکابەرەکەی مارکسیزم و سەرمایەداریەوە بەدەست دابەشبوونەوە دەناڵێنێ" (١٢). دیارە ئیدیۆلۆژیا بەمانا فەلسەفەییەکەی بۆ مارکسیزم وەکو فەلسەفە دەشێ, چونکە چەمکی (ئیزم) بۆ تیۆر و بونیاتەکانی دەقی فەلسەفی دەگەڕێتەوە, بۆیە دەکرێ بڵێین ئیدیۆلۆژیای فکری مارکس, بەوپێەی کە مارکسیزم بوو بە قوتابخانەیەک و چەندین لقی لێبووەوە، دواتر بوو بەجێگای موناقەشەی زۆرێک لەوانەی تینووی وەھا فکرێک بوون کەرێگایەکی نوێ بۆ کێبەرکێی دەسەڵات ببیننەوە, بەڵام بۆ سەرمایەداری زاراوە ئیزم درووست نییە, چونکە سەرمایەداری سیستمێکی ئابووری دەسەڵاتە و تیۆرەیەکی فکری و قوتابخانەیەک نییە وەکی ئەلتەرناتیڤێکی فەلسەفی و سەرەوژێر کردنی فەلسەفەیەکی تر, یان ئەوەی سەرمایەداری تاکە سیستمێکی فکری نییە کە ئیزم بتوانێ پێناسەی بکات، ساخۆ ئەگەر (ئیزم) دیسان مەبەست لەجیھانی دوو جەمسەری بێت, ئەوا دیسان نەسۆڤیەتی پێشوو سەدی سەد پەیڕەوکاری ئیدیۆلۆژیای مارکس بوو, ئەگەرچی ئێستا ئیدیۆلۆژیا بووە بە بابەتێکی پراکتیکی لەنێو فەزای تەکنۆلۆژیا و سەرمایەدا، کەوابوو لە رابردوودا نەسەرمایەداری ئەوکات ئیدیۆلۆژیا بوو بەبەراود لەگەڵ ئەو تێگەیشتنەی کە پێی وایە سیستمی سەرمایەداری دوا قۆناغە و ئەپستراکتە بەڵام فرە خوێندنەوەی گەرەکە، چونکە زیاتر لەسیمایەکی ھەیە بۆ بەڕێوەبردن و شێوە و فۆڕمە جیاوازەکانی دەوڵەت, سەرەنجام ئەوەی ھەبوو لەڕابردوودا سەرمایەداری دەوڵەتی بوو لەحکومەتی شورەوی بەرامبەر بەجەمسەری سەرمایەداری ئامریکا و جھان, کەچی دیسان لەدێڕەکانی دیکەی ل٥ دا دەڵێ" سۆڤیەت سیستمێک بوو لەسەرمایەداری دەوڵەتی " کە ئەمە دژە بۆچوونێکی ئاشکرایە لەبۆچونەکانی فرۆم خۆیدا سەبارەت بەفەلسەفە, بۆ نموونە (سیستمی بەناو سۆسیالیستی یاخوود کۆمۆنیستی), "ئەوانەی سان سیمۆن و فۆریە و ئۆئن و کەسانی دیکە باسیان دەکرد لەسەردەمی سەرەتای گەشەکردنی پرۆلیتریا کە پێشتر باسمان کردو سەریھەڵدا, چونکە دامەزرێنەری ئەم سیستمانە لەخەسڵەتدا دژایەتی چینایەتی دەبینن" (١٣). بەوشێوەیەش حکومەتی شورەوەی کە بەناوی حکومەتی چینی کرێکارەوە ناوزەد کرابوو, لەبنچینەدا ھیچ پەیوەندیەکی تەندرووستی پراکتیکی لەگەڵ دەقەکانی مارکسدا نەبوو, ئیتر ھەر لەدەستپێکی شۆڕشی ئۆکتوبەرەوە کە دەستەبژێری سیاسی ئەوکات کاریان لەسەر دەکرد, تادەگاتە ئاکامەکان و ئەنجامەکانی دواتر کە لینین لەدەوڵەتدا بینیوەو گوتی (دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا مانای ئەوە نییە کۆتایی خەباتی چینایەتی بێت, بەڵکو ئەمە درێژە پێدەری ئەو خەباتەیە بەشێوە نوێیەکانیەوە بۆ نەھێشتنی ریژیمی بۆرژوازیەت" (١٤). لەشێوێنێکی دیکەدا فرۆم دەڵێ" لێرەدا زۆر گرینگە لەو تێڕوانینەی مارکس تێبگەین کە دەڵێت مرۆڤ ئەوکەسەیە خۆی مێژووی خۆی درووست دەکات, واتە خۆی درووستکەری مێژووی خۆیەتی "(١٥). کە ئەمە خودی فەلسەفەی مارکسە لەماتریالیزمی مێژووییدا, بەڵام ھەر خۆی پاشان رایەکی (ئیمبرتۆ ئیکۆ) دێنێتەوە و دەڵێ" مێژووی مرۆڤایەتی لەخاڵێکدا جیاوازە لەگەڵ مێژووی سرووشت, ئەویش ئەوەیە کە ئێمە درووستکەری یەکەمیانین بەپێچەوانەی دووەمیانەوە مرۆڤ لەناو رەوتی پڕۆسەی مێژوودا خۆی درووست دەکات " (١٦). , دیارە مەبەستی فرۆم لەمێژووی مرۆڤایەتی و ھێنانەوەی نموونەیەکی (ئیکۆ) پێکەوە لکاندنی ھەردوو مێژووی سرووشت و مێژووی مرۆڤە کەئەمە ھاوکێشەیەکی زانستیەو ئینترۆپۆلۆژیستەکان و خودی داروین لەکتێبی (اێل الانواع) دا بەرۆشنی باس لەقۆناغەکانی گەشە کردنی مرۆڤ دەکات, چونکە تیۆری پەڕەسەندن، تیۆرییەکی ماتریالیستی جێگیر و ئاشکرا بوو، لە جیاتی مەسەلەی روح کە بابەتێکی ئیدیالیستی بوو بۆ مرۆڤ، لە راستیدا ئەم تیۆرە پلەو پایەی گەشەی مرۆڤی بردە ئاستێکی تر ، چونکی بوون و ماتریالی کرد بە سەرەتایی ئەو دابڕانەی کە مارکس پشتی پێی بەستبوو کە لەشوێنێکدا رەتکردنەوەی ئەو ھێڵە نەپساوەیە بوو کە ئایین وەکو ھێڵی سور کەڵکی لێوەرگرتبوو، چونکە ھێزێکی بێ سنووری سرووشتی نەھێشت کە خۆی بە خاوەنی داھێنانی دونیا دەزانی، بۆیە مارکس لە وەڵامی ئەنگڵسدا لە نامەیەکدا نووسیویەتی ( ئەو کتێبەی داروین بەناونیشانی رەسەنایەتی جۆرەکان، وەکو کتێبێکی پاڵپشت بۆ فەلسەفەکەی خۆی کە متریالیزمی مێژوویی یە، باس لەوە دەکات کە جیھانبینی ئەوانی تێدایە، چونکە پشت ئەستوورە بە ئابووری و زانستی مێژوویی بایلۆژی، ھەر ئەمەش بووە ئەنگڵس دواتر بۆ کتێبی بنەچەی خێزان کەڵکی لێوەردەگرێت و ئاوێتەی یەکتریان دەکات.


خودی مارکسیش سەرەتا لەژێر کاریگەری ئەم چەمکەدا بوو کە داروین موناقەشەی دەکرد, بەڵام بەراوردکردنی مرۆڤ لەگەڵ ھاتنی رەچەڵەگەکانی تردا مانایەکی تری ھەیە, بەو مانایەی وەک بوونەوەرێک دوای ئەوەی بەپێی چەمکی ئینترۆپۆلۆژیا درکی بەسامانە سرووشتیەکان و پەیوەندیە ھەمەلایەنەکان کرد, پاشان لەسەرەتاییترین ھۆکارەکانی بەرھەمھێنان لەرێگەی ھێزەکانی بەرھەمھێنانەوە کەڵکی لێوەرگرتن, کە پێشتر ئەو پێشکەوتنانە بەشێوەیەکی سست و لاواز دەچوونە پێشەوە, ئەمانە ھەمویان بوون بەکۆمەڵێک فاکتەری سەرەکی, ئەمەش وایکردووە مرۆڤ ئارەزووەکانی زاڵن بەسەر رادەی ھۆشیاری بوونیەوە, ھەروەک لەپەیوەندییە موڵکایەتیەکانەوە مەودای ململانێکان درێژتر بوون, ئیدی ھەر ئەو بونیاتەش کە ئێستای ژیانی مرۆڤایەتی وەک قۆناغێک دیاری کردووە, مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ ئەو رایەڵانەی کە پەیوەندی مرۆڤ بەسرووشتەوە گرێدەدات، ھەر ئەو موناقەشەیەی نێوان دیموکریت و ئەپیکورسی یۆنانی و سیسرۆن لەسەر فیزیا زانی و ماتماتیک فەلەکناسی کراوە.

مێژووی زاراوە ی دیالیکیتیک.

لێرەوە لە مێژووی زاراوەی دیالکتیکەوە دەسپێدەکەین. Dialectic ووشەیەکی یۆنانی کۆنە کە لە پێش زایینەوە سەریھەڵداوە. سەرچاوەی ئەم ووشەیە دەگەڕێتەوە بۆ دیالێکتیکێ Dialektike` کە بەمانای ھونەری گفتوگۆ بەکار ھاتووە. لە مێژوودا چەندین گۆڕانکاری بەسەر ئەم چەمکەدا ھاتووە. لیرە دا ھەولدەدم کە کورتەیەک لە چۆنیەتی گۆڕانی چەمکی دیالێکتیک باس بکەم کە بەدرێژایی مێژوو لەلایەن چەندین فەیلەسوفی رۆژئاواییەوە بەکارھاتووە لە سوقراتەوە تا کارل مارکس.


سوقرات پێیوایە کە چەمکی دیالێکتیک لەلایەن فەیلەسوفی کۆنی یۆنان زینۆنی ئیلیا of Elea Zeno داھێنراوە وەک ھونەرێک Art بۆ گەیشتن بە حەقیقەت لەرێگەی ئاڵوگۆڕکردنی بەڵگەھێنانەوەی لۆجیکیانە Logica Argumentation.زینۆن ھەوڵی دەدا گریمانە Hypothesis و دەرەنجامگیریە Deduceکەسانی بەرامبەر و بەرھەڵستکارانی بخاتە ژێر پرسیارەوە، ئینجا پوچاندنی ئەم گریمانە و دەرەنجامگیریانە لەرێگەی بەدەستھێنانی دوو دەرەنجامی دژ بەیەک لەھەمان گریمانە یان دەرەنجامگیری کە بەرھەڵستکارانی دەیانخستە روو. بەم شێوەیە زینۆن بەرھەڵستکارانی دەبەزاندوگفتوگۆکانی دەبردەوە.

لای ھیگل و ئەنگڵز فەیلەسوفی یۆنانی کۆن ھیراکلیتۆس Heraclitus بە داھێنەری مێتۆدی دیالێکتیک Dialectical method دادەنرێت . ئەم مێتۆدە پرینسیپی گۆڕان و پێشکەوتن Progress دەستنیشان دەکات و دەیانبەستێتەوە بە فاکتەری ناکۆکی ناوەوەی شتەکان. ھیراکلیتس پێیوایە کە ھەمووشتەکان لە گۆڕانی بەردەوامدان و ناکۆکی باوکی ھەموو شتەکانە. لە لای ئەم فەیلەسوفە سەرچاوەی دیالێکتیک لە خودی سروشتەوەیە نەک لە ھۆشەوە.

چەمکی دیالێکتیک لای سوقرات.


لای سوکرات چەمکی دیالێکتیک گۆڕانی بەسەردا ھات ئەگەرچی تاڕاددەیەک نزیکە لە تێگەیشتنی زینۆنی ئیلیا بۆ ئەم چەمکە .سوکرات لە میانەی پیادەکردنی مێتۆدێکی تایبەت بە خۆی کە ناسراوە بە تەوسی سوکراتیانە Socratic Irony خۆی وا نیشانی خەڵک دەدا کە ئەم لە ھیچ شتێک نازانێت وھەوڵی دەدا تا خەڵک رابکێشێتە ناو گفتوگۆیەکەوە تا دواجار پەی ببەن بە ناکۆکی بۆچوونەکانیان لە پێناو دۆزینەوەی راستیی.


بە گشتی گفتوگۆکانی سوکرات بەپرسیارێک دەستی پێدەکرد بۆ نموونە ( ویژدان چییە ؟ ) لە میانەی گفتوگۆکاندا سوکرات سەرنجی خۆی چڕ دەکردەوە بۆ وەدەرخستنی سادەھزری، پێشداوەری Prejudicو دژبەیەکی Contradiction را و بۆچوونی کەسانی بەرامبەر و بەرھەڵستکارانی خۆی تاوەکو لە ھۆشی خۆیان بیرۆکەکانیان دووبارە دابڕێژنەوە سەبارەت بە راستیی.

چەمکی دیالێکتیک لای ئەفلاتوون.

 
ئەفلاتوون دیالێکتیکی وەک مێتۆدێک بەکاردەھێنا بۆ جیاکردنەوەی چەمک و بیرۆکەکان بەشێوەی پلەبەندی Hierarchy لەوپەڕی گشتیەوە بۆ ئەوپەڕی تایبەت. لە کتێبی ( کۆمار) دا Republic The ئەفلاتوون دیالێکتیک وەک ھونەرێکی بیرکردنەوەی لۆجیکیانە An Art of

لەلای مارکس دیالیکتیک ئەو ئاڵگۆڕەیە کە کاریگەری لەسەر ماتریال دەبێ، ھەروەک لە مێژوودا کاریگەری ھەبووە و دەڵێ "مێژووی چ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ھەیە بریتییە لەمێژووی ململانێی چینەکان" (١٧). دابەشکردنی مێژووی مرۆڤ و ئاژەڵ پەیوەستە بەبنەما ئابوریەکانەوە کە مرۆڤ وەک بونەوەرێک زادەی سرووشتە" بەپێی تیۆرەی (فیورباخ و داروین) کارپێکردنیشیان لەسەر یەکتری لەپرۆسیسێکی مێژوویی یەکگرتوودا بەھەموو ھەلومەرجەکانەوە کە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی مرۆڤ و ئاژەڵی لەکۆمەڵگەدا بەرجەستە کردووە, ئەمە ئەگەر بەتێڕوانینێکی مەتریالی تەماشای سرووشت بکەین و لەنھێنیەکانی گەردوون بگەڕێین. بەپێچەوانەوە گریمان لەتێروانینێکی ئیدیالیستیانە سفری مێژوو دەستنیشان بکەین و بونیاتە شاراوەکانی سرووشت ئاشکرا بکەین, مرۆڤیش وەک بوونەوەرێکی کارامەی ئەم پێکھاتە گەردونییە بخوێنینەوە, ئەوا نیازمان بەمیکانیزمێکی دیکە ھەیە, ئەویش کێشەی یەکلایی کردنەوەی (بوون و نەبوونە) ئەم ھاوکێشەیە بۆخۆی شتێکی یەکلانەکراوەیە, بەڵام لەواقیعدا خاوەندارێتی تایبەتی بۆ مرۆڤ, ئەو لۆژیکە دەسەلمێنێ کە مرۆڤ خۆی خوڵقێنەری یەکەمیانە, کەوابوو مێژوو پڕۆسەیەکە لەرێگەی ھەڵسوراِوبوونی پەیوەندیەکانیەوە بەدەروبەرەوە, خودی مرۆڤ ئەنجامی دەدات و خۆشی درووستیان دەکات, ئەگەرنا شوێنێکی وەک جەمسەری باکور وەربگرین جگەلەو کاتانەی کە مرۆڤ بۆ ئاشکرا کردنی بونیاتە شاراوەکانی و شارەزابوون لێوەی, ئەو شوێنە چ مێژوویەکی تیا تۆمار کراوە. ئەمەش مانای ئەوەیە (ھیومانیزم) لەناوەڕۆکی فەلسەفەی مارکسدا لەدژی ھەردوو چەمکی ئەپستراکتی و پڕاگماتیکی دەوەستێتەوە, پاشان لەھزری دۆگماتیکەکاندا کە نازانستی دەوەستێتەوە رەخنە دەگرێت, ئەمە بنج و بنەوانەی سەرەقەڵەمەکانی مارکسە لەسەر تیۆرەکانی فیورباخ, ئەو پێی وایە" ماددە واتە ماتریاڵ، ناوەڕۆکی کۆتایی شتەکانە, نەک تێڕوانینێکی ناتەواو و ھەستی داماڵراو و رووت, ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ کە مەعریفەی شتەکان لەپەیوەندیە مادیەکاندا لەنێو ناخی سرووشتدان".(١٨) لێرەوە تێدەگەین ھەندێ لەخوێندنەوەکان بۆ مرۆڤدۆستی لەفەلسەفەی مارکسدا پێچەوانەی ئاماژە بنچینەییە فەلسەفیەکانی مارکسن. چونکی خودی فەلسەفەکە تەنیا پێناسەی شتەکان نییە, بەقەد ئەوەی لەسیاقی زانستگەلێکدایە بۆ بەراورد لەنێوان چینەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کە دواتر مرۆڤی تێدا دەبێتە کاڵایەک لەژێر سایەی چینی فەرمانڕەوا.


فرۆم دەڵێ " بنەمای کۆمەڵایەتی لەئەنجامی پێشکەوتنی ژیانی چەند کەسێکی دیاریکراوەوە پێکدێت نەک ئەوەی لەخۆیاندا دەردەکەون" (١٩). ئەگەرچی ئەم پەرەگرافە کەمتر چەمکی مێژوویی واقیعی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەسەلمێنێ. بەڵام لەڕاستیدا مرۆڤ لەروانگەی مارکسەوە بەچەند قۆناغێکی دیاریکراوی چارەنووسسازدا تێپەریوە, مرۆڤ پێش ئەوەی دیالیکتیک وەک چەمکە فەلسەفیەکەی بناسێ, دیالیکتیانە بیری کردۆتەوە, بەمانایەکی تر مارکس خوێندنەوەیەکی ماتریال ئینترۆپۆلۆژیانەی بۆ مێژوو پێشکەوتنەکانی مرۆڤ کردووە "جیاوازی مرۆڤ لەگەڵ بوونەوەرەکانی دیکەی سروشتدا تەنیا پەیڕەوکاری سرووشت نییە, بەڵکو دەیەوێ سرووشت ھەمیشە لەگۆڕاندابێ, بۆیە ھەمیشە دەیخاتە ژێر فەرمانی ئامانجەکانی خۆی" (٢٠). دیسان مرۆڤ بەر لەھەرشتێک ئیرادەی خۆی وەک واقیعێک و ھێزی مەتریالی خۆی لەبەرچاو دەگرێ, پەیوەندیەکانیشی دیسان بەرمەبنای ئەو بونیاتە ئابووریە کۆمەڵایەتیە درێژەپێدەدا کە لەگەڵ ڕەوتی ژیانیدا ئاڵوگۆڕی چەندایەتی و چۆنیایەتی بەسەر ھاتووە, ئیدی لەھەر ھەلومەرجێکی جێگر و ناجێگیردا ئاڕاستەی تایبەتی خۆی ھەبووە کە ڕەگوریشەی دەگەڕێتەوە بۆکیبەرکێی چینەکان. کەچی (ئەریک فڕۆم) دەڵێ "وەبەرھێنانی بیروبۆچوونەکان و چەمکەکان و ھۆشیاری, لەسەرەتادا بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ ئەوچالاکی و پەیوەندییە مەتریالیانەی مرۆڤدا تێکەڵە کە زمانی واقیعیانەی بێ ژیانە" (٢١).


لەڕاستیدا "ھۆشیاریەکی کۆمەڵایەتی مێژووییە, لەھەمان کاتدا بوونی ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەیە کە ھەڵدەستێ بەناولێنانی ئەو کارلێکردنە مەتریالیەی کە لەمێشکدا پەرچەکرداریان دەکاتەوە, ئەمەش بەپێی تێپەڕبوونی کارتێکردنێکی مێژوویی دووروو درێژنابێت, بەڵکو ئەمە بنچینەی سەڕھەڵدانی ھۆشیاریە تۆمارکراوە پێچەوانەکانە لەمێشکدا. یانی وەرگرتنی ئەزمونی ناڕاستەوخۆی سەڕھەڵدانی مێژوویی بوو, ئەگەرچی چینی باڵادەست تائێستا لەچینی ژێردەست باشترین ئەزموونی لەمێژوو وەرگرتووە" (٢٢).


لەگەڵ ئەوەشدا گەشەسەندنی کۆمەڵ و بەرفراوان بوونی بوارەکانی کارو ئاڵوگۆڕە چەندایەتی و چۆنایەتیەکان وسەربەخۆیی لەئیرادەی تاکە کەسەکان بەشێکی زۆری ئامرازە زانستیەکانی بەوجۆرە بارھێناوە, چونکە مرۆڤ لەچوارچێوەی ئامانجەکانیدا و بۆجوانترکردنی ژیان, کەڵک لەسرووشت وەردەگرێ, ئەم ھۆشیاریەش زەمینەیەکی زانستی ھەیەو خودی مرۆڤیش پلەی زاڵبوونی خۆی لەتەکنیک و رەوتی بەرھەمھێناندا پێناسەکردووە کە چینەکانی لەیەکترجیا کردۆتەوە, ھەر ئەم ئیرادەیەشە کە مارکس وەک پنتێک لەسەری ڕادەوەستێ و بەدواپلەی ھۆشیاری دەبینێ, ئیدی لەتاکەوە تادەگاتە کۆ " لێرەشەوە دەوری تاک بەستراوە بەپلەی ھۆشیاریەکەیەوە کەکۆمەڵگە پێی گەیشتووە. بەواتا کۆمەڵگە لەپڕنسیپە جیاجیاکاندا بۆ بەرھەم ھێنانی ھێزێکی مەعنەوی کە مێژوو زۆرجار دووبارەیان دەکاتەوەو کاریگەری لەسەرتاک دادەنێ. بەمەش تاک جێگەوڕێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆی دەبینێتەوەو چالاکیەکانی تیا ئەنجامدەدا". (٢٣).


" دواتر تاک دەتوانین بەگوێرەی توانا لەکۆمەڵگەدا ھۆشیاری دەستکەوێ کە لەواقیعی کۆمەڵایەتیدا بەرھەمی ھێناوە" (٢٤). چونکە ھەر وەک پێشتر قسەمان لەبارەیەوە کرد, خوو و رەوشتی پشتە رابردووەکان لەسەر زەنیەتی زیندووەکان دەبێتە پەیکەر. ئەگەر زەمینەیەکی مادی تەندروست نەبوبێت کە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ کار بکاتە سەر بیری تاک, ئەوا رۆڵی تاک رۆشنتر دەبینرێتەوە. کەچی فڕۆم دەڵێ " ھەستی خەڵک ژیانی خەڵک دیاری ناکات, بەپێچەوانەوە ژیانی کۆمەڵایەتیە کەھەستی خەڵک دیاری دەکات" (٢٥). مرۆدۆستی لەفەلسەفەی مارکسدا یەکێک لەمیکانیزمەکانی شۆڕگێڕیە دژی دەسەڵات بەتایبەتی چینی بۆرژوا لەلایەک و پێوانەی فەلسەفەی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئیرادەی خەڵک کە لەلای بەشێک لەبیرمەندان ببو بەخەسڵەت لەلایەکی تر, ئەوەتا باسکاڵ چونکە نزیکایەتی لەگەڵ لویسی چواردەھەم ھەبوو و ھاوسۆزی بۆ خانەوادەو کەسایەتی ئەریستۆکراتەکانی فەرانسە ھەبوو, جۆرە حەزێکی لەلادروست ببوو بەرانبەر بەو شتانەی وەک بەھایەک کە ھەرگیز نایەتە دی لەژیانی مرۆڤدا و وەکو کەسێکی بەرژەوەندخواز ناسرا, بەمەش لەفەلسەفەکەیدا ناکۆکیەک بەدی دەکرێ, باسکاڵ پێی وایە "مرۆڤ چەند مەزنە ئەوەندەش نەگریسە, ئەمە بەشێکی زۆری میتۆدە فەلسەفییەکەی باسکاڵی داگیر کردووە" (٢٦). ھەر ئەم روانگەیەشە بۆ جیھانبینی و مرۆڤ و فەلسەفەی مەرگەسات ئامێز کە پێکەوە گرێیان دەدات, چونکە ئەو دیدگا کۆنکریتیەیە کە یان ئەوەتا دەیەوێ ھەموو شتێک دەستەبەر بکات, یان داوای ھیچ شتێک ناکات, ھەموو ئەو شتانەش رەتدەکاتەوە کە مرۆڤ کۆت و بەند دەکات" (٢٧). ئەگەرچی (گۆتەش) بەھەمان مەبەست ھەندێ خاڵی لەمیتۆدەکەی پێشکەش بەدەوڵەت کرد سەبارەت بە پەروەردەو فێرکردن و کارگێڕی, بەڵام دواتر مارکس رەخنەی دەکات و لەگۆتە دەپرسێ مەبەستتان لەپەروەردەکردن چییە؟ ئەو دەپرسێ ئەو پەروەردەیەی کە ئێستا ھەیە و چینەکان تێیدا یەکسان نین؟ یان ئێوە چینەکانتان لاجیاوازە کەململانێکان لەسەر بنچینەی موڵکایەتی تەماشا دەکەن؟ مارکس ناو لەم میتۆدەی (گۆتە) دەنێ (تەونی یاسای گشتی) کە سنوورەکان دیاری دەکات لەئاست خوێندن کە ئەمە ئەسڵی دوور خستنەوەی خوێندنگایە لەژێرکاریگەری میتۆدە ئاینیەکان کە گۆتە ھەستی پێناکات. دواتر ئەم میتۆدەش بوو بەمرۆڤدۆستی کە مارکسیەکان رەخنەیان لەمیتۆدەکەی (لۆسیان گۆڵدمان) گرت بەوەی کە باوەڕی بەریالیزمی سۆسیالیزمی نەبوو " (٢٨). بەھەمان شێوەش (فرۆم) بەمیتۆدێک خوێندنەوە بۆ فەلسەفەی مارکس دەکات کە فکر و پێشکەوتنە زانستی و مرۆڤدۆستییەکان لەرۆژئاواوە سەرچاوەیان گرتووە, جھان بینی مارکسی لەچوارچێوە فکری و ئابوریەکەدا دەبینرێت کە لەخەباتی چینایەتیدا ھەیە و لەرۆژئاوادا قەتیسی دەکات, بەڵام لەڕاستیدا پێشکەش کردنی بەھەشتێک بەناوی کۆمۆنیزمەوە حەتمیەتێکی مێژوویی کە بەشێکی زۆری کڕۆکی مارکس پێکدەھێنێ, ئەمەش ئەو هیومانیستیەیە کە مارکس دەیەوێ نەمانی بەھا جوانەکان بھێنێتەوە شوێنی خۆی کە سیستمی سەرمایەداری لەبەریەکی ھەڵوەشاندۆتەوە, ئەم کارکردنەش لەچەمکەکانی مارکسدا شێوازێکی دیکەی شێواندنی فەلسەفەی مارکسە.
___________________________________________________
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
١: د.زەکەریا ئیبراھیم. کێشەی بونیاد. لە عەرەبییەوە. دلێر میرزا. بڵاوکراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاپ و بڵاوکردنەوەی وەزارەتی رۆشنبیری ھەرێمی کوردستان لە سلێمانی. ساڵی ٢٠١٣. ل٣٣٢.
٢: تیری ئیگڵتۆن. بۆچی مارکس لەسەر ھەق بوو؟. وەرگێڕانی بۆ کوردی. پێشڕەو محەمەد. دەزگای ئایدیا بۆ فکر و لێکۆڵینەوە. ساڵی ٢٠١٥. ل٣٢٩.
٣: ن. ریمۆن ئارون. قۆناغە بنەماییەکانی ھزر. لەکۆمەڵناسیدا. و. عەبدولڵا رەسوڵی. ل٣١٠.
٤: کارل مارکس .حول المسالە الیھودیە.. ترجمە. نائلە الێالحی. منشورات جمل. ل١٢ و ١٣.
٥: ھەمان سەرچاوەی رابردووە.
٦: ھیجل .قسم الاول. .مختارات ھیغل . ترجمە الیاس مرقێ. دار الگلیعە للگباعە والنشر . بیروت. ل١٣.
٧: مرۆڤ لەروانگەی مارکسەوە. ئەریک فرۆم . وەرگێڕانی بۆ کوردی ھەنگاو. ساڵی ١٩٩٩ ل٤.
٨: الاول الپورە علی الاقگاع . کتیبێکی دەگمەنە تیایدا باس لەوەدەکات کە بەر لە موسا و سپارتۆکۆسیش شۆڕشگێڕیەتی بەشێک بووە لەئیرادەگەری مرۆڤ کە لەئەنجامی چەوساندنەوەو ململانێی چینەکاندا سەرچاوەی گرتووە.
٩: افاق الفلسفە . د فواد ژکریا . دار الگلیعە بیروت ل٣٠١.
١٠: مبادئ الفلسفە المستقبل لویدفیغ فیورباخ. ترجمە الیاس مرقێ. دار الحقیقە بیروت.
١١: ھەمان سەرچاوە پێششوو .. ئەریک فرۆم . مرۆڤ لەروانگەی مارکسەوە ل٥.
١٢: مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیست. مارکس و ئەنگلس. وەڕگێرانی بۆ کوردی رێبوار ل ٦٩.
١٣: بۆچوونەکانی لینین سەبارەت دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا. چاپی مۆسکۆ ساڵی ١٩٨٧.
١٤: مرۆڤ لە روانگەی مارکسەوە ل٢٥.
١٥: ھەمان سەرچاوەی پێشوو ل٢٥.
١٦: مارکسیە و سریرە بروست. مجلە نھج. العدد ٦ سنە ١٩٩٦.
١٧: مرۆڤ لەروانگەی مارکسەوە ل٣٢.
١٨: بەشێک لەکتێبی. ئانتی دۆھرینگ باسێک لەسەر سۆسیالیزم. فریدریک ئەنگلس بڵاوکراوەکانی کۆمەڵە. ل١٣٩.
١٩: مەتریالیزمی مێژوویی زانستی فەلسەفەی کۆمەڵناسیە و تیۆری گشتی رێورەسمەکانە مارکسە بۆ ناساندنی گشت زانستە کۆمەڵایەتیەکانی دیکە, سەرھەڵدانی ئەم چەمکە بریتیە لەگۆڕانێکی چەندایەتی و چۆنایەتی کەلەناوەڕۆک یان ناواخنی یاسا گشتیەکانی گەشەسەندنی کۆمەڵ و گۆڕینی کۆمەڵە لەھەلومەجێکەوە بۆھەلومەرجێکی تری مرۆڤایەتی و رەخنەیە لەتێزەکانی ھیگڵ و فیورباخ و پێشکەش کردنی تێزێکە بۆ گۆڕینی واقعی ژیانی مرۆڤ و خوێندنەوەیەکە بۆ مێژوو و ماتریالیزمی دیالیکتیکی.
٢٠: مرۆڤ لەروانگەی مارکسەوە ئەریک فرۆم ل٤.
٢١: حول الانتاج الوعی و الترکیب الاجتماعی . مجلە النھج حمد الجندی ل٩٨.
٢٢: ھەمان سەرچاوەی پێشوو ل٩٩.
٢٣: کوندریسا. جزء مفقود من الراس المال (دار التقدم) موسکو. ترجمە. جورج گرابیشی.
٢٤: البنیە التکوینیە و النقد الادبی. لوسیان کولدمان و الاخرون . ترجمە محمد سبیلا ل ٥٨.
٢٥: ھەمان سەرچاوەی پێشوو ل٥٩.
٢٦: نقد عن برامج کوتە . کارل مارکس . مکتبە الاشتراکیە العلمیە. ت. الیاس شاھین. دار التقدم موسکو ١٩٨٤ ل٢١ و ل٢٢.
٢٧: ھەمان سەرچاوەی پێشوو ل٢٢.

 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ محەمەد

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک