په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٠\٢٠١٢

هۆزان مەحمود:

زۆرێک لە رێکخراوەکانی ژنان لە ژێر رکێفی حیزب ‌و پیاوانی ناو حیزبەکاندان.


سازدانی: ئاڵا لەتیف


ئاڵا لەتیف: لەگەڵ ئەوەی لەکوردستان ژمارەیەکی زۆری رێکخراو‌و کۆمەڵە‌و گروپی ژنان دروستبوون، کەچی تاوانەکانی دەرهەق بەژنان‌و دیاردەکانی خۆ کوشتن‌و خۆ سوتاندن زیادیان کردووە، بەرای تۆ ئەم حاڵەتە بۆچی وایە؟

هۆزان مەحمود: من هەست دەکەم ئەمە بێ ئینسافییەکی پێوە دیارە، ناکرێ‌ ئاوها بە موتڵەقی‌و گشتگیر کوشتاری ژنان بدەینە پاڵ دروستبونی ڕێکخراوەکانی ژنان، ژن کوشتن لە کوردستاندا لە ژیر سایەی رژێمی بەعسیشدا هەبوە چونکە بە پێی یاساکانیشی هەر پیاوێک ژنێکی خانەوادەکەی بکوشتایە بۆ پاک کردنەوەی شەرەف ئەوا سزا نەدەدرا، بەڵام لە ژێر سایەی ڕژێمی بەعسدا شتێک نەبوو بە ناوی مافی ژن‌و داکۆکی کردن لێیان. ئەوەی هەبوو رژێمەکە خۆی بڕیاری دەداو یاسای دەهێناو دەیگۆڕی. لە کوردستان بە گشتی دروستبونی ڕێکخراوەکان دەگەڕێتەوە بۆ دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و لەو کاتەدا بوو کە هێرشی ژن کوژی دەست پێ کرد لە کوردستان لەژێر سایەی دەسەڵاتی خۆماڵی. بۆیەش ئەمە بوە جۆرێک لە ڕێگا خۆش کردن بۆ ژنکوژی‌و ژیاندنەوەی کۆنەپارێزی و گرێ دانی جەستەو کەرامەتی ژن بە شەرەف‌و ناموس ی پیاوەوە. لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا دەسەڵاتی خێلەکی، دینی، وە کۆنەپارێزی بە ئاشکرا بەرەو هەڵکشان ڕۆشتوەو باجەکەشی ژنان دەیدەن.دیارە ڕێکخراوەکانی ژنان سەرەڕای کۆمەڵێک کار و چالاکی بەڵام نەیان توانیوە دەرەقەتی ئەو فەزا کۆنەپارێزی یە بێن و ژنان هۆشیار بکەن بۆ خەبات کردن و داکۆکی لە خۆیان. ئێمە دەبینین هەندێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان هێشتا خۆیان دانەتەکاندوە لەکولتوری باوی ناو کۆمەڵگا.

ئاڵا لەتیف: دەوترێت لەهەر وڵاتێکدا ئایدۆلۆژیا بەهێز بێت، رێژەی گەندەڵی‌و توندوتیژی‌و نادادپەروەریش لەو ووڵاتەدا بەرز دەبێتەوە، ئایا ئەمە بۆ مەسەلەی باڵاکردنی فیمینیزم لەکوردستان‌و پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی ژنکوژی‌و تاوان بەرانبەر بەژنانیش راستە؟

هۆزان مەحمود: لە هەر شوێنێکی دونیا توندوتیژی هەبێت و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی نەبێت، ئەگەر کۆمەڵگایەکی تا ڕادەیەک زیندوو بێت مرۆڤەکان بێ دەنگی هەڵنابژێرن بەلکو دەست دەدەنە هەوڵ و خەبات کردن بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو دۆخە‌. دیارە لە کوردستانیش کە بە درێژایی مێژوی 80 بۆ 90 ساڵ لە ژێر دەستەیی و نەبونی ئاشتی و ئارامی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ بە گشتی و ژنان بە تایبەتی زەرورەتی دروست بونی کەسایەتی و چالاکوان و ڕێکخراوەکانی هێناوەتە‌ کایەوە. دیارە ناتوانین بڵێین فێمینیزم باڵای کردوە لە کوردستان. چونکە تا ئەم ساتەش زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان لە ژێر ڕکێفی حیزب‌و پیاوانی ناو حیزبەکاندان. ئەمانەش ناتوانن گوتارێکی ژنانە و فێمینیستی دروست بکەن لەناو کۆمەڵگادا وە بەهەمان میتۆدی بیست ساڵ لەوەبەر کاروچالاکی دەکەن. ئێمە ئەگەر سەیر بکەین تاوان و کوشتار بە گشتی لە کوردستان هەستی پێ دەکرێ بەڵام تاوان لەدژی ژنان بە هۆی ژن بونیانەوەیە ئەمەیە کێشەکە. ژن وەکو مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵ ناکرێ و بۆیەش مەرگ و ژیانی بەدەست پیاوە. کۆمەڵگای کوردستانیش کە ڕۆژ بەرۆژ بەرەو کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری بێ ڕەحم دەڕوات و بەهاو نۆرمە ئینسانی یەکان و پێکەوە ژیان و هاوپشتی و هاودەردی مرۆڤەکان رۆژ بە رۆژ لە کاڵ بونەوەدایە. لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی جیاواز لە توندوتیژی و تاوان بەگشتی و دژی ژنان بە تایبەتی لە هەڵکشاندایە. هۆکارەکەشی دەگەڕیتەوە بۆ هەژاری، جیاوازی چینایەتی، لێکترازانی پەیوەندی یەکانی مرۆڤ و نامۆبونە بە خود.

ئاڵا لەتیف: هەندێک لەژنە فیمینیست‌و چالاکوانانی بواری ژنان بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە زۆر پیاو سالارترن لەپیاوان، ئەمە چۆن دەبینیت؟

هۆزان مەحمود: ئەم تێڕوانینە دەکرێ ڕاست بێت بەڵام لە هەموو کەیسێکدا نا. بە بڕوای من ئەم تێڕوانینە‌ دەکرێ ڕاست بێت لە کەیسی ئەو ژنانەی کە جۆرێک لە دەسەڵات یان لە پۆستێکی باڵای حیزبی و حکومیدا بن. ئەمانە هەمویان نا بەڵام زۆرێکیان هەست بە لاوازی و نا ئەمنی دەکەن بۆ لەدەست دانی ئەو پلەو پایەیە کە زۆر جار لەبەر ژن بونیان پی یان بەخشراوە. بۆیەش ئەم پۆست‌ و دەسەڵاتە زۆر گرنگە بۆیان وە تەنانەت ئاسایی یە بە لایانەوە پشت بکەنە پرسی ژنان و لە پیاوێکی باڵا دەست لە حیزبەکەیدا کۆنەپارێزتر بێت. زۆرجار خۆیشیان ڕێگردەبن لە بەردەم چونە پێشەوەی پرسی ژن و پاساو بۆ ژێر دەستەیی ژندەهێننەوە.

ئاڵا لەتیف: رەخنە گرێک لەنوسینێکیدا دەڵێت: دژە ژنی سیفەتی ئەو ژنانەیە کەدەبنە فییمینیست‌و چالاکوانی بواری مافی ئافرەت، ئەم ژنانە رقێکی وایان لەژنبوونی خۆیانە، کەپێویستیان بەپەیڕەوکردنی دەسەڵاتێکی پیاوانەیە بەسەر ژنانی تردا، تا هەقی ئەوە بکەنەوە کەبەپیاوی لەدایک نەبوون، وەک چالاکوانێکی بواری ژنان وەڵامت بۆئەم بۆچوونە چییە؟

هۆزان مەحمود: من ئەم بۆچونە زۆر بە گشتگیردەبینم. ناکرێت دژە ژن بونی خودی ژنان خۆیان بدرێتە پاڵ ئەوەی کە بە پیاوی لە دایک نەبون، یان بیان هەوێت تۆڵە بکەنەوە.. دەکرێ ئەمە وەکوو تێڕوانینی کەسێک سەیربکرێ بەڵام ناتوانم وەک تیۆرێک سەیری بکەم بۆ شیکاری دەرونی ژنانی فێمینیست یان چالاکوان. مەسەلەیەکی سەرەکی کە لێرەدا فەرامۆش کراوە ئەو مێژوەیە لە پەراوێزخستنی ژنان و ڕاگرتنیانە لە فەزای تایبەتی ناوماڵ. ژنان تا ساڵانێکی زۆر تەنانەت لە فەزای گشتی و سیاسی وبواری کۆمەڵایەتی و ئابوریدا ڕێگە پێدراو نەبون. بە هەوڵ و خەباتی خۆیان جێگای خۆیان لە فەزای گشتیدا کردۆتەوە. پیاوانی ڕەخنەگر لە ژنان هیچ کات باسی ئەوکولتورە دژە پیاوانەیە ناکەن کە لەناو پیاوان خۆیاندا هەیە. تۆ سەیری ئەحزاب و کۆمپانیا و دام و دەزگاکان و شوێنی کارو ناوماڵ و هەموو ئەمانە بکە کە پیاو چۆن بە بەردەوامی لە پێشبڕکێ و دژایەتی و شەڕو وەلاخستنی یەکترن بۆ بەدەست هێنانی پێگەی زیاترو پلەو پایەی باشتر.. ئەمە دیار نی یە چونکە ئەوە بۆتە نۆرمێکی دونیای پیاوانە، بەڵام ئەگەر ئەم پێشبڕکێ و کێشانە لەناو ژناندا بێت پێی دەوترێ دژەژن . من دەلێم کەسایەتی مرۆڤ بە ژن و پیاوو تەئسیر وەردەگرێ لەو فەزایەی تیایدا دەژی، گۆڕانکاری یە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری یەکان هەموی شکڵ دەدەن بە کەسایەتی مرۆڤ. ‌من نە کولتوری دژە ژنانە و نە دژە پیاوانە بە تەندروست نازانم، بەڵام لە دونیایەکدا کە دابەش کراوە بەسەر چین و ڕەگەزو جێندەر ئیتر چۆن ئەم فەزایە دروست نابێت؟ باشترین ڕێگەش بۆ بەرەنگار بونەوە ئەوەیە لەم حاڵتە بێینەدەر و هەوڵێک بۆ ئاشت کردنەوەی ژن و پیاو بدەین کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا کراون بە دوژمن و نەیاری سەرسەختی یەکتر. هەروەک گۆڕانکاری لەو سیستمە کۆمەڵایەتی و سیاسی یە بکەین کە ئەمە دەخوڵقێنی و ئەم رۆڵانە دەسەپێنی بەسەر نێر و مێ دا.

ئاڵا لەتیف: رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی‌و داکۆکیکار لەمافەکانی ژنان گازەندەی ئەوە دەکەن کە لەکوردستان یاسا سەروەر نییە، لەولاشەوە گازەندەی دژە مرۆڤبوونی یاساکان دەکەن، بەبۆچوونی تۆ تاچەند ئەوە دروستە کە لێرە بەدوا ئاڕاستەی هەوڵەکان بگۆڕرێت بۆکارکردن لەپێناو سەروەر نەبوونی یاسا لەکوردستان؟

هۆزان مەحمود: ئەوە دەزانین کە یاساکان لە کوردستان سەروەر نین و مۆرکی بەعسی بون و ئیسلامی بونی پێوەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک بە هۆی پەنابردن بۆ مەلا و مەرجەعی دینی و دام و دەزگای کۆمەڵایەتی و باڵا دەست بونی عەشیرەتەکان ئەوەندەی تر یاسا و دادگاکانیان کەم دەورو تەئسیر کردوە. زۆرجار دەبینین دادگا بە قازانجی بکوژەکە بڕیار دەدات دیارە عەشرەتێک یان لایەنێک باڵا دەست ترە لە قازی و دادگاکەش. ئێمە بەر لەوەی باس لە نا کارا بونی یاساو دادگاکان بکەین دەبێت سەیری کولتورو مێنتالیتی سیاسەتکردن و حوکمڕانی بکەین لەکوردستان کە سەرتاپا خێڵەکی و داپڵۆسێنەرە. وە ئەوەندەی دین و کۆنەپارێزی و عەقڵیەتی خێڵەکی بالادەست کراوە نیو ئەوەندە کولتورێکی مەدەنی و سەردەمیانە گرنگی پێ نەدراوە. هەربۆیەش ڕێکخراوو گروپەکانی ژنان باشترە ستراتیجی کاریان ڕوو لەدەسەڵات بێت و کارو چالاکی بکەن. نەک تەنها لە داکۆکی کردن و پاڕانەوەدا بن کە ژن نەکوژرێ. بە بڕوای من کوردستان لە غیابی ژنانی چالاک و شۆڕشگێر و دژە دەسەڵات و هۆشیار دەناڵێنێ. من هیوادارم کە بزوتنەوەیەکی نەوەی نوێ دروست بێت کە کولتوری کارکردن و ستراتیجی زۆر جیاواز بێت لەوەی کە لە بیست ساڵی ڕابردوو لە ژنانی ئەحزاب بینیومانە.

ئاڵا لەتیف: هەندێک کەس دەسەڵات تۆمەتبار دەکەن بەوەی خۆی بەشێکە لەئەنجامدانی توندوتیژییەکان‌و پێیان وایە دەسەڵاتێک ناتوانێت بەر لەتوندوتیژی بگرێت کە خۆی توندوتیژە، تۆ رات چییە؟

هۆزان مەحمود: بەبڕوای من خودی دەسەڵات بەیاساو دام‌و دەزگاکانی خۆیەوە فاکتەری گرنگە بۆ کوشتاری ژنان، هەر بۆیە دەبینین ڕێکخراوەکانی ژنان کارو چالاکی یەکانیان تا ڕادەیەک سواوە لەم بوارادە. ئەمەش بە تەنها کەمتەرخەمی ئەوان نی یە بەڵکو لەگەڵ ڕژێمێک ڕوبەڕون کە سادەترین ڕیفۆرم لە سەر پرسی ژن و مافی مرۆڤ دەچیتە خانەی مەحاڵەوە. بۆ نمونە لە کەیسی مامۆستا ساکاردا دەبینین باوکی ئازاد دەکرێ بە لێبوردنی گشتی وە لەولاوە حکومەت بۆردی ژنان دادەمەزرێنێت لە کاتێکدا کە ئەنجومەنی خانمان و لیژنەی ژنانی ناو پەرلەمان هەیە‌و کۆمەڵێک وەعد دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەم کارە نەک زۆر دژ بەیەکە بەڵکو دوو ڕویی ئەم حکومەتە و ئەو ژنانەشمان پێ پێشان دەدات کە موچە و ئیمتیازاتی خەیاڵێ وەردەگرن لەو دام و دەزگایانەدا کەئەم حکومەتە دروستیان دەکات بۆ بە ناوچارەسەرکردنی کێشەی ژنان. بۆیەش ڕێگا چارەی ژنانی ژێردەستە لەوەدا نی یە کە چاوەڕوانی ئەوانە بکەن بۆ نەجات دانیان لە توندوتیژی و بێ مافی. ئەم ژنەو ژنانە بەشێکن لە سیستمی گەندەڵی کوردی‌و بەرژەوەندیان یەکە‌ لەگەڵ پیاوانی دەسەڵات. ڕێکخراوەکانی ژنان پێویستە لە پاشکۆیی و خۆش خەیاڵی بە‌م ژنانە و حکومەتەکەی بێنە دەر و سەربەخۆ کاربکەن و زۆر بە توندی و بوێرانە چالێنجی دەسەلات بکەن لە کوردستان.
 

ماڵپه‌ڕی هۆزان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک