په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٢\٢٠١١

ئیدی دوژمن بە سوپایەکی گرانەوە نایەتە سەر وڵاتەکەمان!؟
- پلانێکی پێشگیرانە: هه‌فته‌یەک بۆ ئاسوودەیی خەڵکی وڵاتەکەم -


عەلی زیرەک    

سیاسەتی پێشگیرانە، تێگەیاندن و دڵنیاکردنەوە و دابینکردنی ھاوڵاتییانە!


ئەو کاتەی نارەزایەتییەکانی ١٧-ی شوبات ھاتەئاراوە، پلانێکم پێشکەش بە سەرۆکی حکوومەت کرد و نازانم چەندە بە دەستی جەنابیان گەیشت، بەڵام زۆریەک لە دۆستانم پێیانوابوو، پلانێکی باشەو دەکرێ لەسەری کار بکرێت. ئەم پلانەش نموونەیەکە لەو پلانەی ئەو کاتە و ھیوادارم بەکەڵک بێت.

کاتێک ئورووپایییەکانی سەدەکانی بووژانەوە و ریفۆرم ویستیان کارێک و پڕۆژەیەکی بەرین بۆبەرەوپێشخستنی وڵاتەکەیان پەرەپێبدەن وئامانجەکانی تازەگەری لە ناخی کۆمەڵگادا سەقامگیر بکەن، کە ھەموو ئەو رچەشکێنی و ئەزموونکردنە تازە بابەتانەیان بەستەوە بە رۆشنگەریکردن و دیاریکردنی چوارچێوەو جوغرافیا بۆ وڵات و گەلەکانیان و بە نووسینەوەی ھەر ھەموو ئەو شتانەی لەزەویدا وەک مەعریفە و زانست سەلمێندرابوون، ھەڵبەت بە زمانی تازە سەرھەڵدراوی خۆیان کە زمانی قەدەغکراو لە پێشکەوتن و بەکارھێنانی رابردوویان بوو،کەوتنە قۆناغێکی تازە و ھەستیارەوە.


لە راستیدا لە سەدەکانی حەڤدە و ھەژدە و نۆزدەوە، بەرژەوەندیی نەتەوەیی بوو بە مۆدێلێکی دیاریکراو بۆ پاراستنی ئەو گەلەی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی وڵاتی دیاریکراوی خاوەن سەروەریی نەتەوەیی خۆیدا دەژیا.


ھەر ئەوەش بوو، پێشبڕکێی نێوان نەتەوەکان بۆ گەیشتن بە بەختەوەریی زیاتر دەستی پێکرد و خۆ لەوانەشە ئەو مۆدێلە لە رۆژئاوادا بۆ ماوەی نیوسەدە خەریکی پێشبڕکێیەکی نادادپەروەرانە بووبن، بەڵام بە گشتی گەلەکان لە کاتی تەنگانەدا پشتیان بە دەوڵەت و دەوڵەتیش پشتی بە گەل دەبەست و ئەمانە لە گۆڕەپانی گەمەی سیاسەتی نێودەوڵەتاندا تەواوکەری یەکتر بوون.


لەگەڵ ئەم شێوازەی بەڕێوەبەریی وڵاتدا کە لە سەرەتاوە لە فەرانسە و ئامریکا و ئیتاڵیا و دواتر ئاڵمان و وڵاتانی دیکە پەرەی ستاند، گەلانی ناوچە دواکەوتووەکانی دنیاش بۆنی ئەم مۆدێلەیان لە سەرکەوتن پێگەیشت وئیتر سەدەی نۆزدە بوو بە سەدەی ناسیۆنالیزم یان ھۆشیار بوونەوەی نەتەوەوکان و کوردیش لە سەرەتاکانی ئەو سەدەیەوەەدا بوو، ھەستی بە شێوەیەک لە جیاوازیدانانی پاشای داگیرکەری وڵاتەکەی، لە نێوان گەلانی بندەستی خۆی و گەلەکەی پاشا خۆیدا کرد.


ئەم ھەستە بوو بە ھاندەری ئێمە کە تاکو ئێستا و بۆ ماوەی دوو سەدەو ئەندێکی بەردەوام بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و سەرەوەرییەکانمان و لە راستیدا دروستکردنی پارێزەری بەرژەوەندییەکانمان واتە: دەوڵەت، لە ھەوڵێکی بێ پسانەوەدا بین.


لەوەیدا کە چەندە ئێمە لەو ھەوڵانەدا، ھەوڵی ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگاکەمان داوە و لە بەرانبەر مەعریفە و گوتاری بێگانەدا چەندە سەرکەوتوو بووین، ئەمەش دەبەسترێتەوە بە دابین نەبوونی ماف و ئازادی و حەزەکانمانەوە، کە بەھۆی بەھێزیی ئەوانەوە لە شوناسی سەرەکیی خۆمان دوور خراوینەتەوە و زۆر جاریش ئەو ھەستە لە لامان دروست بووە، کە ئەوەی ئێمە ئێستا ھەمانە، شوناسی راستەقینە و ئەوەی لێی دوور دەکەوینەوە، شوناسی بێگانە و داگیرکارە، بەڵام زۆر جاریش شوناسی ئەویدیمان لەگەڵ خۆیی لێ تێکچووە.

تێگەیاندن وەک پڕۆسەیەکی پەروەردەیی - نەتەوەویی.


لە رەوتی پێشکەوتنەکانی رۆژئاوادا، زۆر یەک لە وڵاتان نەیانتوانی لەگەڵ نەوەی پێش خۆیان و نەوەی حازردا بە چڕی ھەوڵی چاکسازی بدەن و زۆر جاریش بەرەوڕووی کێشەو دژایەتی و نافەرمانی دەبوونەوە. بۆ نمونە کاتێک لە بەریتانیادا ویستیان سیستەمی کاری دەستی بگۆڕن، لە لایەن کرێکارانەوە بەرەڕووی تێکشکاندنی دامودەزگاکان بوونەوە. ئیتر چارە نەما و بە دڵنیاکردنەوەیان کە ئەم شێوازەی تازەی ژیان، زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەوان ناگەیەنێ، بە شێوازێکی زۆر ھۆشمەندانەو لە شێوەی ئەندازیاریی کۆمەڵایەتیدا دیزاینی کۆمەڵگایان ھەر لە شارو مافەکانەوە بگرە تا شێوازێکی پەروەردەیی سیستەماتیک و ئیجازەدان بە پێشکەوتن و دابین بوونی ئازادییەکان گۆڕی. بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە لەسەرەخۆو بە پاڵپشتیی دەستوور کرا. لە دوای ئەمە رۆڵی ھەموو لایەنێک بە گوێرەی یاسا بۆ گەشە پێدانی زیاتری کۆمەڵگا لە شێوازێکی پۆزەتیڤدا خۆی نواند.


ئایین، زانست، پەروەردە، بنەماڵە، دەوڵەت... ھەموو و ھەموویان دەستیان دا بە دەستی یەکترەوە تا کۆمەڵگا لە قەیرانی بێ مەعریفەیی و تەنگژەی ھەژاری رزگار بکەن. ئایین خۆی نۆژەنکردەوە و بەو پێیەش یارمەتیی کۆمەڵگای سەرمایەداریی ھاوچەرخی دا، کە بە بەشێک لە ھێزە ناوەکییەکانی ئایین گەشە بە کۆمەڵگا بدات.

ئایین بانگەشەکاری لێبوردەیی یان توندوتیژی؟


لە ئورووپای سەدەکانی ناوەڕاستدا بریاری ھەموو گەل لە دەستی ئەوانەدا بوو، کە شەرعیەتی خۆیان و دەسەڵاتەکەیان لە دەسەڵاتی خوایی و دەسەڵاتێکی باڵاوە وەردەگرت. ئەمەش کارەساتی دەنایەوە.


تاکەکەسێک کە ١٠ ساڵ لە کەنیسەدا دەیخوێند، دەیتوانی بە بێ ھیچ ئەملاولایەک ھەموو گەل بکاتە بەندەی خۆی و لەوانەشە ھەر ئەو بەندەیەی ئەو بە فەرمانی تەزویری ئیلاھی زنجیری کردووە، لە پێشگای خواوەنددا ھەزاران جار لەو خۆشەویستتر بێت!


لێرەدا بریاری کۆمەڵگا لەدەستی ئەوانە رزگار کرا و درایەوە دەستی گەل خۆیان و لە راستیشدا ھەزاران کەس لە بەرانبەر ئەم شێوازە وشکەی بەڕێوەبەری و دەسەڵاتدا راوەستان و گیانیان فیدا کرد، تا کۆمەڵگا گەیشت بەو ئاستەی ئێستا تێیدا ھەست بە ئاسوودەیی بکەیت و تاکەکان ھەموو لە بەرانبەر یاسادا یەکسان کران.


ئایین لە کۆمەڵگای گەشەسەندوودا ئیتر بەرپرسیارێتی وەرگرت. بەرپرسیارێتییەک کە رۆڵی پەرەپێدانی لێبوردەیی و پێکەوە ژیان بێت و لە حوکمدان و فەتوا و دادگاییکردن دەستی ھەڵگرت و تەنیا رۆڵی رۆشنگەریی ئایینی خستە ئەستۆی خۆی.


رۆشنگەریی ئایینیش بە شێوازێک لە لایەن پاپ و کڵیسا وە دەستی پێکرد کە زیان بە بەرژەوەندییە گشتییەکان نەگەیەنێ و لە ھەمانکاتشدا رۆلێکی بەرز بگێڕێ بۆ ئەوەی تاکەکان بە ئاستێک لە ویژدان و بەرپرسیارێتی بگەن و لە بەرانبەر ئازاری نەتەوەو چین و توێژ و گورووپەکانیاندا بێدەنگ نەبن.


یانی ئایین لە بەرزکردنەوەی ھۆشیاریی رۆحی لە رۆژئاوادا وەھا رۆڵێکی گێڕا، کە تاکەکان بە ئایینی و نائایینییەوە ھەستیان بەرانبەر کۆمەڵگاکەیان بجووڵێ و لە ھەموو رووداوێکی مرۆییدا تێیدا بەرپرسیار بن. واتە لە خۆرئاوا ئایین لە حاڵەتی سەرەڕۆیی خۆیەوە داماڵرا بۆ حاڵەتی وەرگرتنی بەرپرسیارێتی و خستنەگەڕی ویژدان و... لە رێکخستنەوەی گیانی لێبوردەیی و بووژانەوەی کەرامەتی مرۆڤ و تەبایی کۆمەڵایەتیدا رۆڵێکی کاریگەری گێڕا، ھەر بۆیەش ھەموو ئەوانەی ئێستا پاپا و بۆنە ئایینییەکان دەبینن، بە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان دەزانن و ستایشیان دەکەن.

رۆڵی میدیا لە داڕماندنی متمانە لەسەر وڵات نەک دەسەڵات!


ھاوڵاتی کورد لە ھەموو دنیادا بەرەڕووی ئەزموونێکی تازە بووەتەوە و لە باشووری وڵاتیش، ئایین و میدیا و ئۆپۆزیسیۆن و کورد بە گشتی خەریکن، بە بێ نێونج و ھێڵێکی بێگانە لە نێویاندا، لەگەڵ یەکتردا دەژین و ھەناسە ئەدەن.


میدیای کورد جاری وایە تا سنووری دەرپەڕاندنی تاک و حیزب و کاراکتەرە گەورەکانی گۆڕەپانەکە دەڕوات و مینبەری واشمان ھەیە، بە بێ ئەوەی رەچاوی سنووری مافەکانی خۆی بکات، ھەموو ئازارەکانی نەتەوەکەی لە پێناوی وەرگرتنی میدالیایەکی فەخریی ناوگەڕەکدا دەداتە بەر لووتە شەق و فەرامۆشیان دەکات، بە بێ ئەوەی ھەستی بەوە کردبێت، ئەوەی دەیکەم لە قازانجی من و ئەرکی منە!؟... یان ئەوەی لەودیو سنوورەکانەوە بە ئازار و گرفتەکانی من شاگەشکە دەگرێت؟


لێرەدایە من بیرم بۆ لای زۆر بابەتی میدیای دراوسێکان دەڕوات کە چۆن لە شاردنەوەی ئەو رووداوانەدا کە زیان بە بەرژەوەندییە باڵاکانیان دەگەیەنن، باڵادەستن و دەبێ ئێمەش لەو شێوە تاکتیکانەی ئەوان فێری میدیا و مینبەروھاوڵاتی بکەین، بۆ ئەوەی وڵاتێکی ئاوەدان و لە حاڵی گەشەکردنمان ھەبێت. ئەمەش خود-سانسۆڕ کردنی پێناڵێن، بەڵکو برەو پێدان بەوکلتووری پێشمەرگایەتییەی شاخەکانمانە کە لە پێناوی رزگاریی وڵاتەکەماندا لە زۆر یەک لە شادییەکانی ژیان خۆمان بە دوور ئەگرت.

پلانێک بۆ ئاسوودەیی وڵاتەکەمان.


پێموایە ئیتر کاتی ئەوە ھاتووە "یەکیەتی زانایانی ئایینی" و کەسایەتییە مەعنەوییەکانیشمان رۆڵی دڵنیاکردنەوەی کۆمەڵگا و ھۆشیارکردنەوەیان لە دەست نەبردن بۆ ئەنجامی کاری ھەڵە و ھەڵەی گەورە بگێڕن. لە راستیدا من لاموایە، رێژەی ئەو گوناھی کەبیرەیەی لە ئاییندا باسی لێوە کراوە،‌ بۆ کورد و نەتەوە ھەژارەکانی ھاوشێوەی زیاد ببێ و چەند خاڵێکی زیادتری بۆ دەستنیشان بکەن.


یەکێک لەو گوناھانەش "تێکدانی ئاسایشی وڵات" و "تێکدانی کەشوھەوای ئازاد" و "تێکدانی ژیانی ھاوڵاتییان بە سەربەستی" بێت، کە ساڵانێکە کورد خوێنی بۆ ئەدات.


لەو پیێناوەشدا من پلانێکم بۆ ھەموو وڵاتپارێزانی ئایینی: شێخ، مەلا، سەید،خەلیفە و ریش سپی و ھەموو ئەوانەی وەک کاراکتەری رۆحی قسەکانیان بە ھەند وەردەگرن، پێیە.


ھەندێک خاڵ ھەیە کە دەبێ لەم قۆناغەدا بکرێت بە پڕەنسیپ و تا ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو باسی لێوە نەکرێت.


١- ئێمە قەیرانی رەوابوونمان نییە. ئێمە پێمانوایە چونکە ئازادیمان ھەیە، رەوابوونی قەیرانێکمان کە لە ناوچەکەدا ھاتووەتە ئاراوە، بۆ ماڵی خۆمان گواستووەتەوە و ئەمەش لە سیاسەتی کوردیدا تا رادەیەک دەبینرێت. واتە سیاسەتی ئۆپۆزیسیۆن، جیا نەکردنەوەی کورد و دەسەڵاتەکەی بووە لە بێگانە و دژکردەوەی دەسەڵاتیش زۆر جار لە سنووری بەرپرسیارێتی لایداوە و ئەمەش خەمۆکی و دڵساردییەکی سیاسی لە ھەرێمدا دروستکردووە، کە دەبێ بە ھەموومانەوە چارەسەری بکەین.


با بۆ دواجار تێبگەین، ئیدی دوژمن بە سوپایەکی گرانەوە نایەتە سەر وڵاتەکەمان!؟


زۆر جار لە خۆشمان دەکاتە وێزەی خۆمان و زۆر جاریش بە ھێنانی بابەتێکی پڕۆڤەکراو لە لای خۆیان، کە بۆ تێکدانی ئێمە و کۆمەڵگاکەمان ئامادەیان کردووە و خۆیشیان سوود لەو بابەتە وەردەگرن، ئێمە تووشی بشێوی و ئاڵۆزی دەکەن.


من نموونەیەکی وڵاتانی دراوسێ دێنمەوە.


لە تورکیای نموونەی حیزبە ئایینییەکانی خۆماندا بۆ دادپەروەری و رەوشت و ویژدان، لە شارێکی وەک ئەستەمبووڵ، ھەزاران مەیخانە و ھەزاران شوێنی سەیاحیی پڕ لە مەساجگە و دیسکۆو ئەوانیتر ھەن و "ئۆردووگان"ی سوپاسالاریان بە راشکاوی سپاسی ئەو کەسانە دەکات کە خەڵکی بیانی و گەڕۆک و سەیرانکەر بۆ وڵات رادەکێشن و خزمەتیان دەکەن بۆ ئەوەی پارەکەیان لێدەربێنن، کەچی لە شارێکی وەک زاخۆ کاکی مامۆستای ئایینی بە شانازییەوە حازرە دەستی ئۆردووگان ماچ بکات و یەک مەساجگەکەی شارەکەشی کە لەوانەیە ئەگەر جەنابی مامۆستا وەک کرێکارێک ماندوو بوایە، لە مانگدا جارێک پێویستی بەوە بوایە لە ناوک خستن رزگاری بکەن و بیشێلن!؟
ئەمەیە تێنەگەیشتن لە دنیا و خۆ گوناھبارکردن لە بەرانبەر خوداوەنددا!


بۆیە بە پێویستم زانی، لەم هه‌فته‌یه‌ی داھاتوودا سڕینەوەی وایرۆسەکانی زەین ببێت بە ئەرکی حکوومەت و بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ پێکەوەژیان و گفتوگۆکردنی شارستانییانە لە نێوان دەسەڵاتداران و ھاوڵاتییان و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆندا دابنێن. دەشتوانن ھەر لەم رێکەوتەوە سەکۆیەکی ئازادی گوێگر لە ھاوڵاتی لە شوێنێکی شارەکاندا بە بەشداریی نوێنەری راستەوخۆی سەرۆکایەتییەکانی حکوومەت دابمەزرێنن و مانگی جارێک کۆبوونەوەی ھاوڵاتی و حکوومەت ببێت.


یانی ھەوڵبدەن و لەگەڵ یەکتر بەو ئەنجامە کۆتایییە بگەن کە شەڕ و رووخاندن و تێکدان رێگاچارە نییە، چونکا ماڵی خۆمان وێران دەکەین.


بۆ پاککردنەوەی تەمی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ھاوڵاتی و دەسەڵاتیش، رۆڵی سەرۆکایەتی یەکانی حکوومەت مزگێنیدەرە بۆ چاکسازی و پەرەگرتنی دادپەروەری و یەکسانی لە وڵاتدا و کەسایەتییە ئایینییەکانیشمان با‌ش دەزانن، دەبێ پاڵپشتیی دەسەڵاتە کوردییەکەمان بکەن، چونکا ئەو رێز و حورمەتەی پێیاندراوە، بە ھەموو کەموکورتییەکانییەوە، بەرھەمی سیاسەتی کوردییە و لە کاتی حکوومەتە داگیرکارەکاندا ئەو پێگە و دەنگەیان نەبووە و وا بە باشی دەزانم ئەوانیش ھاوشان لەگەڵ لایەنە ئایینییە حیزبییەکانی ئۆپۆزیسیۆن یارمەتیدەری چاکسازی و یەکتر قبووڵکردن بن، ئەو رۆڵەی لە وڵاتانی پێشەکەوتوو ئایین و کەسە ئایینییەکان گێڕاویانە و تێیدا سەرکەوتوو بوون. چونکە ئۆپۆزیسیۆنیش کاتی خۆی بەو شێوەیەی ئێستا لێیان قبووڵ نەدەکرا و تەنانەت لە وڵاتانی دێمۆکراسیی خۆرئاواش ئەگەر لایەنێک یان کەسانێک بیانەوێ بەرھەڵستی ئاسایشی وڵات بکەن، ئەوا بڵاوەیان پێدەکرێ و بە لایەنێکی ناشارستانی دەیاندەن لە قەڵەم.

پلانێکی پێشگیرانە: هه‌فته‌یەک بۆ ئاسوودەیی دانیشتووانی باشووری وڵاتەکەم.


زۆر جار بۆ ئەوەی کەسەکان لێک تێبگەن، پێشنیاریان پێدەکەن ماوەیەک پێکەوە بژین و پێکەوەھەستن و کار بکەن. ئەمەش جۆرێکی تاقیکراوەی سەرکەوتوو بووە.


بەداخەوە ئێمە لە پاش دوو سەدە سیاسەت و پێکەوە ھەڵکردن و ھەڵکشان و داکشان و ئەزموونی دوو دەیە لە دەسەڵاتداری لە باشووری کوردستانیشدا، ھێشتا ئەم شێوە پلانەمان تاقی نەکردووەتەوە. کەچی پلانێکی بە کەڵکە و ئەنجامدانیشی ئەستەم نییە.


لە چوارچێوەی ورکشۆپێکدا کە بۆ تێگەیشتنی سیاسییانەو دیالۆگی نیشتمانی ئەنجام ئەدرێت، ئێمە ئەتوانین کۆمەڵە دیدار و سیمینارێک بەڕێوە ببەین و کۆمەڵە چالاکییەک ئەنجام بدەین.


من هه‌فته‌یەکم بۆ ئەو بابەتە تەرخانکردووە، کە دەتوانن لە ناوەندە پارێزراوە حکوومی و حیزبییەکاندا بە ئەنجامی بگەیەنن و بۆ ئەم کارەش ناوەندەکانی ئاسایش و پۆلیسی کوردستانی لێ ئاگادار بکەنەوە.


١- سێ رۆژی یەکەم.
- رۆژی یەکەم سەردانی ئەندامانی لایەنەکانی دەسەڵاتدار لە ئۆپۆزیسیۆن.
- رۆژی دووھەم سەردانی ئەندامانی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە دەسەڵات.
- رۆژی سێھەم پێکگەیشتنی سەرکردایەتییەکانی ھەموو لایەنەکانی ناو گۆڕەپان.


٢- سێ رۆژی دووھەم.
- ھاتنی کەسایەتییە ئایینییەکان بۆ ناوەندێکی بەرینی دابینکراو بۆ دیالۆگ لەگەڵ خەڵکدا و رۆڵ بینینی رۆشنگەرانەی کەسە ئایینییەکانمان.
- ھاتنی کەسایەتییەکانی دەسەڵات بۆ ناو خەڵک بەمەبەستی دیالۆگ.
- ھاتنی کەسایەتییەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ناو خەڵک بە مەبەستی دیالۆگ.


٣- رۆژی ھەینی: ھەینیی پێکەوەبوون و پێکەوەژیان.
رۆژی ھەینی دەتوانێ رۆژێک بێت، کە لە بنکەکانیشدا تا نیوەشەو پێکەوە دیالۆگ بکەن. تا نیوەشەو قسە بکەن. ھەموو مەسرەفی خواردنیشیان لەسەر حکوومەت بێت و ئەم رۆژە رۆژی "پێکەوە بوونی نیشتمانی" ناو بنرێت.


لە دوای تەواوبوونی ئەم هه‌فته‌یه‌ دەتوانین کۆمەڵە لێژنەیەک بۆ وەڵامدانەوە بە داواکانی گەل دابنێین. یانی وا بکەین کە ئەگەر ھەر چەشنە بارگرژییەک بیەوێ کۆمەڵگا بگرێتەوە، لە پێشدا پلانی چارەسازمان بۆ دانابێت.

 


aleezeerak@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک