په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١٢\٢٠١٢

ئیخوانەکانی میسر سەلماندیانەوە کە دەسەڵاتی ئیسلام

لە ھەر کوێێەک بێ دژی ئازادیی و مافی مرۆڤ و چینی چەوساوەیە.
- لەسەر ریفراندۆمەکەی ١٥\١٢\٢٠١٢ -

عامر سابیر         


موحەمەد مورسی لە کۆنەپەرستانی (الاخوان المسلمین) کە لەدوای ڕوخانی موحەمەد حوسنی موبارەک، ئەوە تەنھا نزیکی حەوت مانگە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، ئەم (مورسی)یە بەو ھەموو دەسەڵاتەی داویەتی بە خۆی، خۆی و ئیسلامی کردووە بە یەکێک لە دکتاتۆرترین و ڕەشترین دەسەڵا‌تەکانی ناوچەکە.


یەکسەر بە دوای ئەم گۆڕانکارییە بێوێنەیە و ئەم ھەموو دەسەڵاتەی کە بۆ خۆی داناوە، مورسی و ئیسلامی سیاسی لە میسر لەگەڵ ناڕەزایەتی بەرفراوانی ئازادیخوازان و خەڵکی چەوساوەی میسر بەرەوڕووبۆوە و دڵی شۆڕش کەوتەوە کار و داوای ڕوخانی مورسی و نەمانی دەسەڵاتی ئیسلامی بووە داوای دەستبەجێی خەڵک لە مەیدانەکانی ئازادی شارەکانی میسردا.


مورسی و ئیسلامی سیاسی بۆ شەرعییەتدان بەم دکتاتۆری و ملھوڕییەیان لە ھەوڵێکی چەواشەکارانە و گاڵتەجاڕێ ڕیفراندۆمدا، بە نیازی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکن لە ڕۆژی شەمە ڕێکەوتی ١٥\١٢\٢٠١٢ کە لە ڕاپرسییەکەدا ئەیانەوێت ئەوە لە خەڵک بپرسن کە ئایا لە گەڵ دانی ئەم ھەموو دەسەڵاتەن بە مورسی یان نا.


ئەم گاڵتەجاڕی و سیاسەتە زەبوونانەیەی ئیسلامییەکان ھەر لە یەکەم ڕۆژەوە کەوتە بەرناڕەزایەتی خەڵکی ئازادیخوازی میسر و تا ئێستا زۆربەی حیزب و ڕیکخرا و ونەقابە و لایەنە سیاسی و ئازادیخوازەکانی میسر بانگەوازی بایکۆتکردنیان کردووە و بەشدار نابن تیایدا.


لێرەدا پرسیار لە مورسی و ئیسلامی سیاسی ئەوەیە، کە تەنھا چەند مانگێک پێش ئێستا ھەڵبژاردنی گشتی لە میسردا کرا، بۆچی ئەوکات بە خەڵکتان نەوت کە ئەگەر بە دەسەڵات بگەن، دەستوور ئەگۆڕن و دەسەڵاتی سەرۆک ڕەھا ئەکەن؟ بۆچی پاش چەند مانگێک مانەوەتان لە دەسەڵاتدا و دوای دڵنیابوونتان لە سەقامگیربوونی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانە و لەرزۆکتان، جا دێن ئەم گۆڕانکاریییە گەورەیە دەکەن؟ وە ‌لەپاش ئەوەی لەگەڵ تووڕەبوونێکی زۆر و شۆڕشێکی گەورەدا بەرەوڕوون، جا لەژێر فشاردا دێن ئەم پرسە گورگانەیە بە خەڵک دەکەن، ئەم بەناو ڕیفراندۆمەی ئیسلامییەکان لە میسر گاڵتەجاڕانە و پرسە گورگانەیە چونکە دڵنیان کە خۆیان ئەیبەنەوە، بۆیە گوێ لەداوای خەڵک ناگرن و گۆڕانکاری و ڕیفراندۆمەکەیان ڕاناگرن و ھەڵیناوەشێننەوە! ئەزانن ھەر خۆیان تیایدا بەشداردەبن و ھەر خۆشیان گوایە ئەیبەنەوە. بۆیە ئیسلامییەکان بەم گاڵتەجاڕییە ناتوانن شەرعییەت بەم دکتاتۆری و ملھوڕی و سەپاندنی کۆنەپەرستی ئیسلامییە بدەن بەناوی ڕەئی خەڵکەوە.


پرسیارێکی تر ئەوەیە کە ئایا بۆچی مورسی و ئیخوانەکان ھێندە پەلەیانە و نەوەستان تا ھەڵبژادنێکی گشتی تر دەکرێت؟ وە لەو ھەڵبژاردنەدا ھەر لە سەرەتاوە بە خەڵکی بڵێن بەتەمای چین ئەگەر سەربکەونەوە.


ئەم ڕیفراندۆمەی مورسی و ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ژێر دەسەڵاتی ئیخوانەکان لە میسر، ڕێک ھاوشێوەی ھەڵبژاردنەکانی عێراقی سەردەمی سەدام و کوردستانی ژێر سایەی مەسعود بارزانییە. ھەڵبژاردنی سەدام و مەسعود بارزانی چەندە ڕەنگدانەوەی ڕای ئازادانەی خەڵکە، ئەم ڕیفراندۆمەی مورسی و ھەڵبژاردنەوەی خۆی و حیزبەکەی لە داھاتووشدا ھەر ئەوەندە ڕەنگدانەوەی ڕای ئازادانەی خەڵکی میسر دەبێت.


لە کوردستانیشدا پارتی و مەسعود بارزانی ئەو ھەموو دەسەڵاتەی کە داویانە بە پۆستی سەرۆکی ھەرێم ھیچی وای کەمتر نییە لەوەی مورسی بۆ خۆی داناوە لە میسر. ئەمان (پارتی و بارزانی) دەسەڵاتی ڕەھایان داوە بە پۆستی سەرۆکی ھەرێم، چونکە پێیانوایە ئیتر ئەو پۆستە موڵکی خۆیانە و ھەر خۆیان تیایدا دەمیننەوە و بەڕێوەیدەبەن. وە بۆ شەرعییەتدان بەم مانەوەیەشیان جاروبار سیناریۆ و شانۆگەری پڕ تەزویر و گاڵتەجاڕانە بە ناوی ھەڵبژاردن بەرێدەخەن، ھەڵبژاردنێک کە ھەر خۆیان بڕیاری لەسەر ئەدەن و ئەنجامیئەدەن و سەپەرشتی ئەکەن و بژێرەری دەنگەکانن و کۆنترۆڵکەرین، ھەڵبژاردنێک کە ھەموو حیسابێکیان بۆ کردووە و دڵنیان کە تیایدا ھەر خۆیان براوەن، بۆیە دەسەڵاتێکی ڕەھا ئەبەخشن بە خۆیان.


مانگرتنی کرێکاران و ناڕەزایەتی و تووڕەیی خەڵکی چەوساوە و ستەمدیدەی میسر، بووە ناوکۆکەی بەرپاکردنی شۆڕش و ناڕەزایەتی جەماوەری ملیۆنی لە دژی دەسەڵاتی دکتاتۆرانەی موحەمەد حوسنی موبارەک، درەنگ وەختانێک و پاش چەندین ھەفتە جا ئیخوانەکان و ئیسلامی سیاسی پەیوەستبوون بە خۆپیشاندانەکانی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی میسرەوە. بەڵام چونکە ئەوان ڕێکخراوبوون و خاوەنی حیزبی ساسی خۆیانبوون، بەداخەوە توانیان سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز ببن و بگەنە دەسەڵاتی سیاسی.


کۆنەپەرستانی ئیسلامی لە کوردستان و لە ناوچەکەدا ئەبێت شەرم بکەن و ئیدیعای ئەوە نەکەن کە ئیخوانەکان ھەڵبژێردراوی خەڵکە و بە دەنگدان ھاتوونەتە سەر حوکم، چونکە لەو بەناوھەڵبژاردنەی ئیخوانەکانی گەیاند بە دەسەڵات تەنھا ٤٧.٦٪ی دەنگدەرانی میسر تیایدا بەشداربوون، و لەم ٤٧.٦٪دا ئیخوانەکان تەنھا ٥١٪ یان بەدەست ھێنا، واتە ئەوان نووێنەرایەتی نزیکەی کەمتر لە ٢٠٪ی دەنگدەرانی میسر دەکەن.


کە ئیخوانەکان لە میسر گەیشتن بە دەسەڵات کۆنەپەرستانی ئیسلامی لە شارەکانی کوردستان کەوتنە پیرۆزبایی لەیەکتر و بەخشینەوەی شیرینی. ئێستا کە کۆنەپەرستانی ئیسلامی بە دەسەڵاتگەیشتوو لە میسر سنگی خۆپیشاندەرانیان کردووە بە بێژنگ بە گولەکانیان. کەواتە ئەبێت کۆنەپەرستانی ئیسلامی لە کوردستانیش ھەڵگری بەشێک لە تاوانەکانی براکانیان بن کە لە میسر ئەنجامی ئەدەن. ئەوان کە داوائەکەن خەڵکی کوردستان دەسەڵاتی ئیسلام بەراورد نەکەن بە نموونەکانی لە ئێران و سعودیە و ئەفغانستان، بەڵام ئەوا برایانی کۆنەپەرستیان لە میسریش تەنھا لە ماوەی کەمتر لە حەوت مانگدا سەلماندیانەوە کە ئەمانیش ھەرگیز مۆدیلێکی باشتر لە ڕژێمی دڕندەی ئیسلامی لە ئێران نین، ئەوا سەلماندیان کە چەندە دژی ئازادی و دژی ئینسانن و پارێزەری ھەمان سیستەمی پێچەوانەی سەرمایەن و شەریعەتی کۆنەپەرستی ئیسلامی بەزۆر ئەسەپێنن بەسەر کۆمەڵگادا.


١٢\١٢\٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی عامر سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک