په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٤\٢٠١٦

"ژیان لەسەر سنوور"

خەڵاتی فیستیڤاڵی فیلمی سەربەخۆی ئەوروپای بەدەستھێنا.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی "بەھمەن قوبادی" خەڵاتی باشترین فیلمی فیستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئەوروپا لە وڵاتی فەڕەنسای بەدەستھێنا.


فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ڕێنوێنی و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، ڕۆژی ١٠ نیسانی ٢٠١٦ لە بەشی پێشبڕکێی یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئەوروپا بە ناونیشانی "ئێکۆ" لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی ئەم فیستیڤاڵە گرینگە سینەماییەی پێبەخشرا.


ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە کە لە شارازایان و پسپۆڕانی بواریی سینەمای نێودەوڵەتی پێکھاتبوون، خەڵاتی ئەم بەشەیان پێشکەش بە دەرھێنەرانی ھەشت ئێپیزۆدی فیلمی ٧٣ خولەکی "ژیان لەسەر سنوور" کرد کە بریتین، لە: "عەشقی شنگاڵ" لە دەرھێنانی "ھازم خوردیدە" ١٣ ساڵە لە شنگاڵ، "بە شوێن ڕاستیدا" لە دەرھێنانی "بەسمە سولەیمان"، "نان و ماست" لە دەرھێنانی "سامی حوسێن سولەیمان" ١٤ ساڵە، "فیلمی ئێمە باشترە" لە دەرھێنانی "رۆناھی عێزەالدین" ١٤ ساڵە لە کۆبانێ، "چاوەکانی باوکم" لە دەرھێنانی "دیار عومەر" ١٤ ساڵە، "ئاسمان و دەوا" لە دەرھێنانی "دلۆڤان کێخا"، "لە ڕێگای نیشتماندا" لە دەرھێنانی "مەحموود ئەحمەد" ١٣ ساڵە لە کۆبانێ و ھەروەھا "بە شوێن کوێستاندا" لە دەرھێنانی "زۆھوور سەعید" ١٢ ساڵە لە شنگاڵ.


بەدەستھێنانی خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی فیستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئەورووپا لە لایەن "ژیان لەسەر سنوور"، ئیحتمالی چوونەناوەوەی ئەم فیلمە کوردییە بە ھەشتا و نۆیەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٧ ئاسانتر بکات.


فیستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئەورووپا بە ناونیشانی "ئێکۆ" کە یەکێک لە ڕووداوە گرینگ و جێی متمانەکانی سینەمای سەربەخۆی ئەورووپا دێتە ئەژمار و بە مەبەستی گەورەبوون و سەرھەڵدانی فیلمسازانی سەربەخۆ لە سەرتاسەری جیھان و پەرەپێدان، گەشەسەندن و ڕۆیشتن بەرەوپێشێی سینەماکارانی سەربەخۆ دامەزراوە، یازدەیەمین خولەیدا بە نمایشی ٧٧ فیلم لە ٣١ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی جیاواز لە ڕۆژانی ٨ تا ١٠ی نیسانی ٢٠١٦ لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا بەڕێوەچوو.

ھەندێک لە ستافی "ژیان لەسەر سنوور" بریتین لە:


ڕاوێژکارانی دەرھێنەرەکان: بەھمەن قوبادی، ئومید ڕاستبین، حەمید قەوامی، بیژەن زەمانپیرا، شاھۆ نیعمەتی و محەمەد تۆریوەریان، بەرھەمھێنەر: بەھمەن قوبادی، بەرھەمھێنەریی بەڕێوەبردن: عەباس غەزالی، بەڕێوەبەریی پڕۆژە: گوڵڕیز ئیحتیاتی، بەرپرسی بەرھەم: شاھۆ نیعمەتی، مونتاژ: شەبنەم حوسەینی، دەنگ: محەمەد تۆریوەریان، موڕتەزا نەجەف پوور و زانیار کاکەخانی، دیمەنە تایبەتەکان: ڕەوانبەخش سادقی، موزیک: بابەک میرزاخانی و بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنیی گشتیی: مەنسوور جیھانی.

ژیان لەسەر سنوور" کە لە لایەن کۆمپانیای ھۆڵەندیی "ئیلۆمینا فیلمس" لە سینەماکان و فیستیڤاڵە جیھانییەکاندا بڵاودەبێتەوە لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازدا کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەمە ١١ ئەپرێلی ٢٠١٦ لە بەشی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکان" لە پازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تیبوڕۆن" لە ئەمەریکا نمایشکرا.


ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی ٦٥ فیلم لە سینەماکارانی ٣٠ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان و چەندین بەشی لاوەکی لەوانە: چاوپێکەوتن لەگەڵ سینەماکارانی بانگھێشتکراو، کردنەوەی پانێلی ئاخاوتن و ھەروەھا وتووێژ سەبارەت بە ھونەریی سینەما لە ڕۆژانی ٨ تا ١٤ی نیسانی ٢٠١٦ لە شاری کەنارئاویی تیبۆڕن لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.

تریلێری فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور":

https://youtu.be/VOMo-84DoNY

بۆ زانیاریی پتر:
http://www.ecufilmfestival.com/en/award-winners-ecu-2016
http://www.ecufilmfestival.com/en/full-programme-ecu-2016

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک