په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

کابینەى شەشەم و کەمى وەزیرى گەرمیانى،
نیگەرانى و هەستى بێزارى لاى خەڵک و ترس لە فەرامۆش کردنى ناوچەکە.

    

راپۆرت: گەرمیانى حەمەى پوور


دانیشتوانى دەڤەرى گەرمیان کە هەمیشە خۆیان بە پەراوێز خراوو مەغدوور دەزانن لە سایە هەموو حکومەکانى هەرێمى کوردستانداو پێیان وایە بەشخوراوترین ناوچەن و لەلایەن دەسەڵاتەوە لە هەموو ڕوویەکە پەراوێزخراون و لە هەموو ڕوویەکە بەتایبەت لایەنى خزمەتگوزارى دەڤەرى گەرمیان جیاوازى زۆرى لەناوچەکانى ترى هەرێم هەیە، ئەمە لە کاتێکدا ئەم دەڤەرە خاوەنى قوربانیدانێکى گەورەى وەک کارەساتى ئەنفالەو لاوانى ئەم دەڤەرەش لە هەر شۆڕش و بزووتنەوەیەکى ڕزگارى خوازى گەلى کوردا بەشدارو پێشەنگ بوون، ئێستاش کە حکومەتى هەرێم کابینەى شەشەم بەسەرۆکایەتى دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵەح پێکهێنراوە، چاوەڕوان دەکرا کە ژمارەیەکى بەرچاو یان هەر هیچ نەبێت بەلەبەرچاوگرتنى ڕێژەى دانیشتوانەکەى وەزیرى لە کابینەى شەشەمدا هەبوایە، بەڵام ئەوەى کە هەیە تەنها وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى خاتوو ئاسۆس نەجیب گەرمیانییە کە لە شارى دووزخورماتووى سەر بە پارێزگاى ێەلاحەدین لەدایک بووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لەکابینەى پێنجەمدا گەمیان خاوەنى هەریەک لە عوسمانى حاجى مەحمود وەزیرى ناو خۆو عەدنانى حەمەى مینە وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى و شێخ محەمەد شاکەلى وەزیرى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى و عیماد ئەحمەد وەزیرى ئاوەدان کردنەوە بوو، کە دواتر عبماد ئەحمەد پۆستى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستانى وەرگرت.


سەرەڕاى هەموو ئەوانە گەرمیانییەکان خۆیان بە مەغدوور دەزانى، بەڵام ئێستا کە تاکە گەرمیانییەک پۆستى وەزیرى پێ بەخشراوە نیگەرانییەکان لاى گەرمیانییەکان زیاتر زیادى کردووەو پێیا وایە هەر وەزیرەو زیاتر کار بۆ ناوچەکەى خۆى دەکات و ئەمەش لە کابینەکانى پێشوودا بە ئاشکرایی هەستى پێ دەکرێت، بەم پێیە بێت گەرمیان یەکێک دەبێت لە هەرەپەراوێزخراوترین ناوچەکانى کوردستان، مەگە حکومەت گۆڕانکارى لەبەرنامەى کاریدا بکات و بەیەکسانى و هەر شوێنەو بە پێى پێداویستى خۆى کارى خزمەتگوزارى بۆ بکات.


ئازاد عوسمان ڕۆژنامەنووس و دانیشتووى شارى کەلار لەم بارەوە دەڵێ "چوار ساڵى ڕابردوو ئەبینین وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتی لەبەر ئەوەى خۆى گەرمیانى زۆربەى پرۆژەکانى وەزارەتەکەى لە گەرمیان ئەنجام دەدات و ئەگەر تێبینى بکەین نابینین شوێنەکانى تر وەکو گەرمیان گرنگییان پێ درابێت، ئەبێت زەمبى ئەوانى تر چی بێت کە وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى لەوان نەبووە، ئەمە لە وەزیرەکانى تریشدا ڕەنگدانەوەى هەبووەو وەزیرى کارەبا سەیردەکەیت زۆر پرۆژەکانى کارەباى لە ناوچەکەى خۆى ئەنجام داوە".


سالار مەحمود ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى کوردستان لەسەر لیستى کوردستانى لەو بڕوایە نییە کە وەزیرى ئەو ناوچە لە حکومەتەکەدا نەبێت ئیتر ئەو ناوچە لەلایەن حکومەتەوە پشتگوێ دەخرێت، ئەو دەڵێ "پێویستە حکومەت لەسەر بەرنامەو پلان و بەلەبەرچاو گرتنى پێداویستى شوێنەکە بۆ پرۆژەى خزمەتگوزارى کار بکات نەک بۆ ئەوەى کە وەزیرێک خەڵکى ناوچەکە بێت ئەو سا بتوانرێت کار بۆ ئەو ناوچە یان شارە بکرێت".


بەڵام ئازاد عوسمان پێی وایە ئەگەر هەر وەزارەتێک وەزیرەکەى خەڵکى شوێنێک بوو ئەو بەدڵنیاییەوە ئەو شوێنە خزمەتى زیاترى دەکرێت و پرۆژەکانى ئەو وەزارەتە زیاتر ڕەنگدانەوەى لەو شوێنە دەبێت.


عەبدوڵاى مەلانوورى ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران لەسەر لیستى گۆڕان دەڵێ "دەبوو هەر هیچ نەبێـ لە حکومەتى نوێى هەرێمى کوردستاندا حیساب بۆ ژمارەى دانیشتوان بکرایەو بەو پێیە گەرمیان چەند وەزیرێکى بەردەکەوت و خەڵکى دەڤەرەکەش حکومەتەکەیان بە حکومەتى خۆیان دەزانى"، عەبدوڵا وتیشی ""گەرمیان چواریەکى ڕووبەرى کوردستانەو دەکرا بەو پێیەو بەلەبەرچاوگرتنى ئەو ژمارە زۆرەى دانیشتوانەکەشى وەزیرى لە حکومەتکەدا هەبوایە".


سالار مەحمود پێی وانەبوو کە نەبوونى وەزیر ناوچەکە کاریگەرى هەبێت لەسەر ئەداى کارکردنى حکومەت لە هەر ناوچەیەک، بەڵام عەبدوڵا تەئکید دەکاتەوە کە کاریگەرى زۆرى دەبێت و وتى "بەداخەوە ئێستاش نەک هەر بەعەقڵى ناوچەگەرى بیر دەکرێتەوە، بگرە حکومەتى هەرێمیش لەسەر بنەماى دوو ئیدارەیی دانراوەو کە وابوو هەر وەزیرەو کار بۆ ناوچەو ژێر دەسەڵاتى خۆى زیاتر دەکات".


هەر لەدرێژەدا عەبدوڵاى مەلا نوورى وتى "زۆر زۆر پێویست بوو کە وەزیرى گەرمیانى لە حکومەتى نوێدا هەبووایە تا کارەکانیان ڕەنگدانەوەى لەسەر ناوچەکە هەبوایە"و وتیشی "مەرج نییە کە کە هەروەزیر بێت خەڵکى ناوچەیەک بێت بەڵکو ئەو وەزیرە کە ئەو پۆستەى پێ دەدرێت ئەبێ کەسێک بێت کە دڵسۆز بێت و بە ڕاستى نوێنەرى ناوچەکەى بێت و کارێک بکات کە دەسەڵات ناچار بێت کار بکات، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت وەزیرێک خەڵکى ناوچەیەک بێت بەڵام تواناى هیچ نەبێت".


بەڵام ئازاد عوسمان دەڵێ "زۆر خراپە لەسەرە بنەماى ناوچەگەرى حکومەت پێک بهێنرێت بەڵکو حکومەت ئەبێت حکومەتى سەرجەم دانیشتوان و ناوچەکان بێت و بەیەکسانى خزمەت بکات نەک خزمەت کردن لەسەر بنەماى بیرکردنەوە بێت لەوەى کە هەروەزیرەو کار بۆ ناوچەکەى خۆى بکات".
لە ئەنجامدا بەوە دەگەین کە باشتر وایە حکومەتى نوێى هەرێمى کوردستان وە وەزیرەکانى کابینەى شەشەم وەزیرى هەموو کوردستان بن نەک هەریەکەو وەزیرى ناوچەى خۆی و دەکرێت پرۆژەیەکى خزمەتگوزارى کە لە زاخۆ دەکرێت هەمان شتیش یان هەر شتێکى تر بەلەبەرچاوگرتنى پێویستى شوێنەکە بۆى لەکەلاریش دروست بکرێت واتە حکومەت و وەزیرەکانى حکومەتى هەموو خەڵک بێت.