کاتێ ئامێرەکانى سەردەم دۆزخ دروست دەکەن!!!
ئەگەر لاپەرەکانى رابردووى ژیانى باوک و باپیرانمان هەڵبدەینەوەو بەراوردى بکەین لەگەڵ ئەمرۆ ژیانێکى سادەیان بەسەر بردوە هاوکات کێشەکانیش کەمبوونە، بەڵام ئەمرۆ پێچەوانە بۆتەوە لەگەڵ ئەو پێشڤە چوونەى ژیان رۆژ لە دواى رۆژ کێشەکان زیاتر دەبن بۆ نموونە زۆرینەى جیابوونەوەکان هۆکارى مۆبایل بووە کە پەرتەوازەى خێزانى بە دواوە هاتووە.
لە راپۆرتێک سەبارەت بە تۆمارکردنى سکاڵاى ژن بەرامبەر پیاو سەردانى سەنتەرى نەوامان کرد بەرپرسى سەنتەر پێی راگەیاندین سێبەشى سکاڵاو کێشەکانى کە لە لایان تۆمار کراوە هۆکارى مۆبایل بووە، هەر بە هۆى خراپ بەکار هێنانى ئەو ئامێرە بچوکەوە چەندین ژن یان خۆیان سوتاندووە یاخود کوژراون، هاوکات خراپ بەکار هێنانى ئینتەرنێت ئەکەر زیانەکانى زیاتر نەبێت لە مۆبایلەکە کەمتر نیە، بۆ نمونە پیاوێک دواى نان خواردنى ئێوارى تا نویژى بەیانى بەدیار ئەو ئامێرە دانیشتوەو ئاگادارى منداڵ و هاوسەرەکەى نیە؟ ئەو بەرنامەشى رۆژانە دووبارە دەبێتەوە، خێزانێک ژیانى بەو شێوەیە بێت، چ دوارۆژێک چاوەروانى منداڵەکانى دەکات، یاخود لەیەک نەگەیشتنى هاوسەران و هەریەکەو بە جۆرێک بیر دەکاتەوە بەبێ رێزگرتنى راى بەرامبەر زۆر جاریش ئەو لەیەک نەگەیشتنە جیابوونەوەى لێکەوتۆتەوە دەرەنجام قوربانیەکەى منداڵەکانن کە بە هۆى تێک چونى بارى دەرونیان توشى لادان دەبن و دواتر دەبنە بارگرانى بەسەر خۆیان و کۆمەڵگە، هاوکات جیاوازە تەمەن کێشەى زۆرى بەداوەوە دێت ،بۆیە ئێمە بەر لە هەموو شتەک پێویستیمان بە رۆشنبیرى کۆمەڵایەتى هەیە رۆشنبیرى لە بەکار هێنانى ئامێرەکانى سەردەم، رۆشنبیرى لە هەڵبژاردنى هاوسەر، رۆشنبیرى لە هەڵس و کەوت لەگەڵ دەوروبەرمان، رۆشنبیرى لە پەروەردەکردنى منداڵ ....هتد.
|