په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٦\٢٠١٣

کەمپینی (چاو ھەر چاوە)

وردەکاریی بازرگانیی بە قاچاخی دەرمان و چۆنێتی پرسی کوێرکردنی ٣٠ ھاوڵاتییەکەی ھەرێم بڵاودەکاتەوە.

 


وەک لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەڵێنمان دابوو کە وردەکاری پرسی کوێرکردنی چاوی ٣٠ ھاوڵاتی کوردستان بەدەرزی ئەڤاستین بۆ کۆمەڵی خەڵکانی ئازادیخوازی کوردستان بخەینە روو، ھاوکات بەڵێنی ئەوەشمان دابوو کە وەک ئەرکی خۆمان چۆنێتی بازرگانی دەرمان لەو ھەرێمە ئاشکرا بکەین، پاش چەندین ھەوڵ و بەدواداچوون، لەئێستادا بە چوار خاڵ سەرجەم زانیاریەکان دەربارەی ئەم پرسەو بازرگانی بەقاچاخی دەرمان لەھەرێم دەخەینە روو، ھاوکات چوار داواکاری و ناوی نەخۆشەکان بڵاو دەکەینەوە، رایدەگەیەنین کە وەزیری تەندروستی پێویستە شێلگیرانەتر بێتە مەیدان لەگەڵ ئەم کەمپینەو ھەوڵ بدات بەزوترین کات راپۆرتی لێکۆڵینەوەی ئەم دۆسیەیە بۆ رای گشتی روون بکاتەوە، ئەگەر نا، ئێمە ناچاردەبین کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزیر بکەین:


زانیارییە بەدەستھاتووەکان:


١ - دەرزی ئەڤاستین چۆن گەیشتۆتە نەخۆشخانەی رزگاری؟


دوای بەدواداچوونمان لەسەر چۆنێتی داخڵکردنی دەرزی ئەڤاستین بۆ ناو بەشی چاوی نەخۆشخانەی رزگاری لەھەولێرو بەپێی ئەو بەڵگانەی بەردەستمانن، رونبۆتەوە ک :


دەرزیەکە لە لایەن بەشی دەرمان و پێداویستیەکانی پزیشکی وەرگیراوە و گوازراوەتەوە نێو نەخۆشخانەی ڕزگاری، ھاوکات ئەو دەرزیە لەلایەن کۆمپانیای (ھۆز) ھێنراوەتە ناو کوردستان ، گوایە ئەوانیش لەبازرگانێکی تورکیان وەرگرتووە بەناوی (ئەبوبەکر ھەمزە) ، وەزارەتی تەندروستی ئاگای لەھێنانی ئەم دەرزیە نەبووە لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە، ئەمەش سەرپێچی یاساییە کە ئەو کۆمپانیایە کردوویەتی، لە دوو رۆژی یەکەمی دوای روودانی ئەو کارەساتە وەزارەتی تەندروستی بەنوسراوێک کارەکانی ئەو کۆمپانیایەی راگرتووە، بەڵام لەلایەن دادگاوە وەزیر لەوە ئاگادارکراوەتەوە کە بۆی نیە کاری ئەو کۆمپانیایە رابگرێت، بەڵکو ئەوە دادگایە دەتوانێ ئەو کارە بکات، دواتر وەزارەتی تەندروستی داوایی یاساییان لەسەر بەرپرسی کۆمپانیایەکە (عەلی قەمبەر) تۆمار کردووە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ (عەلی قەمبەر)و چەند رۆژ مانەوەی لای پۆلیس، پێش چەند رۆژێک بەکەفالەت ئازاد کرا تا رۆژی دادگایی، ھەروەھا فەرمانی دەستگیرکردنی (فەرمان سەباح - کارمەندی کۆمپانیای ھۆز) دەرکراوەو لەئێستادا لەزینداندایەو لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت، ھاوکات دەخوازرێ کە ھەموو تاوانەکە بخرێتە سەر ئەو بازرگانە تورکە (ئەبوبەکر ھەمزە).

٢- ژمارەی ئەو کەسانەی چاویان کوێر کرابوو، گەیشتە ٣٠ ھاوڵاتی، ئەمەش بەھۆی ئەوە بووە کە دەرزیەکە لەلایەن سێ دکتۆری بەشی چاوی نەخۆشخانەی رزگاری شاری ھەولێر بەکارھێنراوە، کە ئەو دکتۆرەی یەکەمجار دەرزیەکەی بەکارھێناوە، لەگەڵ ئەوەی کە زانیویەتی دەرزیەکە جێکەوتی خراپی جێھێشتووە لەسەر چاوی نەخۆشەکان کەچی دوو دکتۆرەکەی تری ئاگادارنەکردۆتەوە لەو جێکەوتە خراپانەو بەردەوام بوون لەسەر بەکارھێنانی دەرزیەکە بۆ نەخۆشەکانی تر.

٣- بەپێی ئەو راپۆرتانەی نەخۆشخانە ئەڵمانیەکە بۆ ئەو کەسانەیان نوسیوە کە چاویان کوێرکرابوو دوای ھاتنەدەرەوەیان لەنەخۆشخانە، بۆمان دەرکەوتووە کە بەھیچ شێوەیەک دەرزی ئەڤاستین لەو نەخۆشخانەیەی ئەڵمانیا بۆ ئەو کەسانەی چاویان کوێرکرابوو بەکارنەھێنراوە، بەڵکو لەراپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەم نەخۆشانە بەھۆی بەکارھێنانی دەرزە ئەڤاستینەوە چاویان کوێرکراوە لای ئێمە بەبێ کێشە چارەسەریان وەرگرتووە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی و ئەمەیان وا لێکداوەتەوە بۆ رای گشتی کە گوایە لەو نەخۆشخانەیەی ئەڵمانیاش ھەمان دەرزی بۆ ئەو کەسانە بەکارھاتۆتەوە، ئەمەش لەتێنەگەیشتنی ئەو وەزارەتەوە دێت لەراپۆرتی کۆتایی نەخۆش لەلایەن نەخۆشخانە ئەڵمانیەکەوە، ئەم دەرزیە لەبنەرەتدا بۆ نەخۆشی شێرپەنجە دروست دەکرێت نەک بۆ چاو، ھاوکات بەپێی زانیاریەکانی ئینیستینتۆی نیشتیمانی چاو لەئەمەریکا کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا وەڵامی نامەی کەمپینەکەمانیان داوەتەوە بەنوسراوی فەرمی، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ئەم دەرزی ئەڤاستینە بۆ چاو دروست ناکرێت و بۆ چاویش بەکارناھێنرێت، ھەروەھا ئەو کۆمپانیایەی دەرزی ئەڤاستین دروستدەکات، وەڵامی نامەی کەمپینەکەمانیان داوەتەوەو باسیان لەوە کردووە کە ئەوان ھەڵوێستیان ئەبێت، چونکە لەرووی یاساییەوە ئەبێت لەکاتی روودانی ھەر حاڵەتێکی لەم شێوەدا لێکۆڵینەوە بکەن، لەسەر بەھەڵە بەکارھێنانی دەرزیەک کە ئەوان دروستیان کردووە، ھەروەھا داوای پرکردنەوەی فۆرمێکی زانیاریان لەئێمە کردبوو، ئێمەش فۆرمەکەمان بۆ پرکردوونەتەوەو چاوەروانی وەڵام و ھەڵوێستی ئەوانین.

٤- لەسێ کاتی جیاوازدا ئەو دەرزیە کڕدراوە، دواین جار بڕی ٧٣ ڤیال کڕدراوە، لەم بڕە تەنھا دوو ڤیاڵ دراوە بە بەشی چاوی نەخۆشخانەی رزگاری ھەولێر، ھەرچەندە نەمانتوانی بڕی کڕدراوی دوو جارەکەی تر وەربگرین، بەڵام کۆی گشتی تێچوون بۆ کرینی دەرزی ئەڤاستین بۆ ئەو ٧٣ ڤیاڵە ٧٨.١٨.٣٠٠٠ دینار بووە، لەکاتێکدا بەپێی ئەو داتایانەی لامانە دەردەکەوێت کە ئەم کۆمپانیایە ملیۆنان دینار قازانجی کردووە لەفرۆشتنی ئەم دەرزیە.


داواکاریەکانمان:


یەکەم: بەھۆی ئەوەی کە دەستمان کەوتووە، دەزانین کە دەخوازرێت ھەموو تاوانەکە بخرێتە ئەستۆی ئەو بازرگانە تورکەو وەزارەتی تەندروستی داوای کردووە کە داوای یاسایی لەسەر تۆماربکرێت، داوا دەکەین کە جگە لەم ھەوڵی بەدادگاییگەیاندنەی (ئەبوبەکر ھەمزە) ، ھەرچی زووە دادگاییەکی ئاشکرای خاوەن کۆمپانیای ھۆز وەکو بازرگان و قاچاخچی دەرمان لەکوردستاندا بکرێت، ئێمە دڵنیاین کە ئەوان زانیاری لەسەر بەرپرسانی حیزبی و حکومی ئاشکرا دەکەن کە لەبازرگانی دەرمان لەھەرێم تێوەگلاون.

دووەم:‌ داوا دەکەین ھەرچی زووە بەرپرسی بەشی چاوی نەخۆشخانەی رزگاری ‌و سەرجەم ئەو دکتۆرانەی ئەو دەرزیەیان بەکارھێناوە، دەستبەجێ لەکارەکانیان دووربخرێنەوە، دواتریش بە تۆمارکردنی ‌داوای یاسایی وەزارەتی تەندروستی لەسەریان، لەدادگاییەکی ئاشکرادا دادگایی بکرێن.

سێھەم: داوا لەوەزارەتی تەندروستی ھەرێم دەکەین کە ھەرچی زووە کۆتایی بە ‌بازرگانی دەرمان بھێنێت و ھەرچی گرێبەست ھەیە کە لەگەڵ کۆمپانیاکان کراون بۆ ھێنانی دەرمان ھەڵبوەشێننەوە، وەک چارەسەریش پێشنیار دەکەین کە سەرجەم ئەو کۆمپانیا جیھانیانەی دەرمان دروست دەکەن بانگھێشت بکرێن بۆ کوردستان، بەمەبەستی کردنەوەی لقی خۆیان لەھەرێم، بەمەش دەتوانرێت راستەوخۆ دەرمان لەکۆمپانیا جیھانیەکان لەناو ھەرێم بکڕدرێت.

چوارەم: داوا لەسەرجەم ئازادیخوازان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەین کە چیتر بێدەنگی بشکێنن و خۆپیشاندانی گەورە بکەن بۆ بەدادگا گەیاندنی ئەو بەرپرسانەی پشت بازرگانی بەقاچاخی دەرمان لەدادگایەکی ئاشکراو عادیلانەدا، چونکە ئەم پرسە پەیوەندی راستەوخۆی بەژیان و تەندروستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە ھەیە بەبێ جیاوازی، تکایە ھەڵوێستی خۆتان بەخۆپیشاندان و کۆبوونەوەی نارەزایەتی و ھەر چالاکیەکی تری مەدەنی لەم پێناوەدا بنوێنن.


ناوی ئەو کەسانەی لە بەشی چاوی ‌نەخۆشخانەی رزگاری ھەولێر - چاویان کوێرکرابوو:


١ - فائیزە کەمال
٢ - فاتیمە عومەر محەمەد
٣ - تەڵعەت حمد ئەمین
٤ - جەمیلە مستەفا خانە
٥ - سەعید کریت شێرۆ
٦ - نەجیبە حەسەن مستەفا
٧ - یونس لەتیف نەجم
٨ - حربیە نەجم عەبدولڵا
٩ - خاڵێ عیسا فەتاح
١٠ - محەمەد موسا مەنسور
١١ - خزر مەحمود باپیر
١٢ - فەریق ئیسماعیل عەلی
١٣ - عومەر مەحمود شەریف
١٤ - سابیر ێدیق مەحمود
١٥ - ئەحمەد مستەفا ئەمین
١٦ - بەشیر شاکر عەلی
١٧ - جەبار سەمەد عەبدولڵا
١٨ - ئیبراھیم لازم مستەفا
١٩ - عومەر حەسەن عوسمان
٢٠ - عەزیز ئەحمەد عومەر
٢١ - نورھان مەعروف عەبدولڵا
٢٢ - سەبریە عەلی قادر
٢٣ - حەمدیە عەبدولڵا
٢٤ - سابیر حەسەن قادر
٢٥ - ھاشم وەیسی سڵێمان
٢٦ - ستار میرزا رەسوڵ
٢٧ - عوسمان عەبدولڵا حمد
٢٨ - زەکیە رەسوڵ
٢٩ - زبێدە مستەفا محەمەد
٣٠ - بەختیار محەمەد عەلی


کەمپینی چاو ھەر چاوە
٢٠\٦\٢٠١٣

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک