٢٧\١٢\٢٠١٦ کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان مەترسیین لەسەر چینی ھەژاران.
دەتوانین بڵێین هیچ یەک لە كەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی باشووری کوردستان هەڵگری ڕەهەند و لایەنی فەلسەفی و پەروەردەیی نین، زۆربه‌یان دوورن لە هەر جه‌وهه‌رو ناوەڕۆکێکی قوڵ و واتاداره‌وه، ئەمە لە ئەدەبیاتە نزم و گوتارە کرچ و کاڵەکانیانەوە دەردەکەوێت. ئەوان هیچیان خاوەن پڕۆژەی ڕوون و ئاشکرا نین، هەر یەکەیان لە خزمەت گروپێکی بەرژەوەندیخوازو لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی لایه‌نێکی دیاریکراودا کار دەکات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ خۆیان فاکتەرێکی گرنگن لە خوڵقاندن و درێژەپێدانی هەندێک قەیران و گرفت و دیارده‌ی خراپ و نه‌رێنیدا. له‌کاتێکدا کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و ڕاگەیاندنەکان له‌م سه‌رده‌مه‌دا ڕۆڵی گرنگ و به‌رچاویان هه‌یه له‌سه‌ر میلله‌ت و کۆمه‌ڵگه‌کان، که‌چی مایەی داخ و ئەفسوسە کە ئەم ڕاگه‌یاندنه بینراوانه‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان بە فرسەخ دوورن لە خەون و خواست و ئومێدی خزمەت کردن و بەرەوپێشبردنی گه‌ل و جڤات و کۆمەڵگەکەمان.
لە باشووری کوردستاندا خەڵکێکی زۆر بەدەست هەژاری و کەمدەرامەتی و نەبوونی و موحتاجییەوە ده‌ناڵێنێت، ئەمە پەیوەندی بە ویستیی خوای بەرزو باڵاوە نییە، ئه‌م نه‌دارییه‌ی خه‌ڵکیی بەهۆی تەداخول کردنی هێزێکی میتافیزیکیی و ئیلاهییەوە نەخوڵقاوە. هەموومان له‌ڕێگه‌ی تەکنۆلۆژیاو ئامڕازەکانی پەیوەندیکردن و ڕاگەیاندنەوە دۆخی کۆمەڵگەو ووڵاتانی دنیامان لەبەرچاوە. ده‌زانین بەرپرسیاریەتی سەرەکی باری دارایی و گوزەرانی هاووڵاتییان به‌پله‌ی یه‌که‌م ده‌کەوێتە ئەستۆی دەوڵەت. بەڕێوەبەرایەتییە کارگێڕییەکانی دەوڵەت هەژمون و کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی تەواویان بەسەر هاوڵاتییەکانیانه‌وه هەیە، دەوڵەت ئەرکی هەرە لەپێشینەو سەرەکی و گرنگی بریتییه له دابەشکردنی سەرچاوەو سامان و ئەرک و ماف و بەهاکان بە دادپەروەری بەپێی توانا‌و پسپۆڕی لەڕێگەی ڕەخساندنی دەرفەتی گونجاوو یەکسان بەسەر هاوڵاتییەکانیدا. لە باشووری کوردستاندا نادادپەروەری و پۆخڵی و فەرق و جیاوازییەکی لەڕادەبەدەر کراوە لە نێوان هاوڵاتییەکاندا لە دابەشکردنی ئەو پێدراوانەدا کە ماف و ئەرکی گشت و کۆمەڵ و هه‌مووانه. بەهۆی ئەمەوە چینێکی کۆمەڵگە لە دۆخی مەمرەو مەژیدا گوزەران ده‌کات و، چینێکی دیکه‌ش تۆپ ژیان و فیرعەونانە ڕایده‌بوێرێت، لەپاڵ ئەمانەشدا بە هەزاران دەوڵەمەندو خاوەن سەرمایە هه‌ڵتۆقیون کە ده‌توانن ژیانێکی دڵنیاو سەقامگیر بۆ خۆیان و نه‌وه‌و نه‌تیژه‌کانیان دەستەبەر بکەن. ئەم چینانە هیچیان بەشێوازێکی سروشتی و ئاسایی نه‌ڕسکاون و لەدایک نەبوون، بەڵکو هەموویان بەرئەنجامی سیاسەتی چەوت و نانیشتیمانیی حکومەت و بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێیی و ناوخۆییەکەمانە. ئەمە مایەی داخ و ئەسەفێکی گەورەیە.
ئەم بەندو بالۆرەیەم وەک بەرچاوڕوونییەک بوو بۆ دیاردەیەک کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بوونەتە ڕەوڕەوەو مەکینەو هه‌ڵسوڕێنه‌ری. ئەوان بە پڕۆسەو چالاکی زۆر نامۆڕاڵییانە کار ده‌کەن بۆ قەبەکردن و زیاتر درزخستنە نێوان چینە هەژارەکە لەلایەک و چینە دەوڵەمەندو ده‌ست ڕۆیشتووه‌که لەلایەکی تر. که‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنییه‌کان بەتەواوەتی بوونەتە نمایندەی چینە دەوڵەمەندو سوودمەندو بەهرەمەندەکە. هەر لە دیکۆراتیی بەرنامەکانیان و ستایل و مۆدی جل و بەرگییانەوە بیگرە تا تەواوی ئامێر‌و کەرەستەو شوێن و شتومەکەکانییان هەمووی دەوڵەمەندانەو گرانبەهایە، تەنانەت خودی کارمەندەکانی ئەو تەلەفزیۆنانەش زۆرینەیان به‌هه‌مان شێوه‌ی چینی دەوڵەمەندان به ئیمتیاز‌و پاره‌و موچه‌ی زۆر سوودمه‌ندو بەهرەمەند کراون، کەوتوونەتە سەر ژیانێکی دەوڵەمەندانەو وەک ئەوان ده‌یگوزەرێنن. ئەو ڕاگەیاندنانە جگە لە بانگەشەو دروشمە بریقه‌داره‌کانیان کە بۆ سەرنجڕاکێشان و تەفرەدان و چاوبەستۆکێیە دەسا تەواوی کردەو جوڵەو ڕەفتارەکانیان لە زیانی چینی هەژاراندایە. هەر ئۆفەرو دەرفەت و شوێن و شتومەک و ئامڕازو ئامێر‌و پێداویستیه‌ک کە نیشانمانی دەدەن دەبێت پارەیەکی زۆرت هەبێت تاکو بتوانیت دەستت پێی ڕا بگات. تیڤییه‌کان تەنها شتە خۆش و جوان و شاز‌و پێرفێکتە مادییەکان ده‌خەنەبەر چاومان، پۆخڵەواتی و ناشرینی و که‌مایه‌سییه‌کان لە پەراوێزەوە نیشان دەدەن، بەسوکی لێی دەڕوانن، لە دەرەوەی چارەسەر دەیهێڵنەوە، نایکەنە خەمی گەورەو لەپێشینەیان، سەدان نموونە هەیە تا لێرەدا لەسەری بدوێین، وێنەکە بە کراوەیی بەجێدێڵم، تەنها کەسانی ووردو دادخوازو بەئینسافی ده‌وێت بۆ حاڵی‌بوون و تێگەیشتن.
گەورەترین مەترسی کە لەسەر کەمدەرامەت و نه‌داران دروستی ده‌کەن ئەوەیە لەڕووی سایکۆلۆجی و مەعنەوییەوە تێکیان ده‌شکێنن و وردوخاشیان ده‌که‌ن، له‌واقیعدا ئەوان خەمبار ده‌کەن، تووشی حەسرەت و ژانی نەبوونی و گرێی خۆبەکەم زانینیان ده‌کەن، ڕۆژانە هەست و سۆزیان بریندار ده‌کەن. بەشەرمەوە دەڵێم زۆرجار دەبینم بەشێوەیەکی ڕوو بە ڕوو زەلیل و زەبوون نیشانیان دەدەن. دەبێت هەموومان ئەوە بزانین چەندین بەرنامەی تەلەفزیۆنی هەیە لەژێر هەر پەردەو بەهەر پاساوو مەرامێکی خێرخوازی و ئایینی و سیاسی بێت که‌چی له حه‌قیقه‌تدا به ڕووشاندن و شکاندنی کەرامەت و شکۆی هەژاران ته‌واو ده‌بێت. بەئەرکی دەزانم بڵێم ئەوانەی ده‌خزێنرێنه ناو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە پێویستە وانەی ئاکار‌و مۆڕاڵییان وەرگرتبێت، دەبێت بنەماو بونیادەکانی پەروەردەیەکی تۆکمەی فەلسەفی و ئینسانیی فێرکرابن، تاکو هیچ نەبێت لەژان و ئازاری هەژاران تێبگەن و هۆشیارییان پێی هەبێت، بۆئەوەی گەر نەشتوانن ده‌وای ده‌ردیان بکه‌ن و برینەکانیان سارێژ بکەن، به‌ڵام چیتر خوێی به‌سه‌ردا نه‌که‌ن و نەشبنه مایه‌ی کولاندنه‌وه‌ی.
|