په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١٢\٢٠١٥

کێشە ناوخۆییەکانی ھێزە کوردییەکان دژ بە داعش.
 


ئەم ڕاپۆرتە سەبارەت بە ھۆکارە ناوخۆییەکانە کە شکانە یەکبەدوای یەکەکانی ھێزەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بەرامبەر بە داعش ھێناوەتە دی. سەبارەت بەو لاوازیانەیە بەرامبەر داعش کە بونە ھۆکاری دەسبەسەرداگرتنی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن ئەو گروپەوە. ھەروەھا ئەم ڕاپۆرتە ئاوڕدانەوەیەکە لە مێژوی پارتە سیاسیەکانی ناوچە کوردیەکان لە ئێراق و ستروکتور و شێوازی کاری ئەمڕۆیان.

ـ پێشەکی.
ـ ئاوڕدانەوەیەک لە سەرھەڵدانی دەسەڵاتی کوردی.
ـ سروستی ئەمڕۆی دەسەڵاتی کوردستان
ـ سەپاندنی سیستەمی بنەماڵەیی بەسەر خەڵکی کوردستان دا.
ـ ماف و ئازادیەکان.
ـ باری گوزەرانی خەڵکی کوردستان.
ـ باری خوێندنگاو خەستەخانەکان.
ـ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان.
ـ ئیمتیازات و موچە بەرامبەر لایەنگری و وابەستەیی.
ـ پارە سپیکردنەوەی.
ـ بونە شەریکی پرۆژە بەرھەمھێن و بازرگانیەکان و بەخشینی موڵکی گشتی.
ـ کێشەی نەوت.
ـ کێشە ڕاستەوخۆکانی ھێزە چەکداریەکان.
ـ کێشەی میلیشیایی حیزبی.
ـ چەندایەتی و چۆنێتی پێشمەرگە و چەکەکانیان.
ـ بە ھەدەردانی ھێزە سەربازیەکان و بودجەیان.
ـ ھێزی پێشمەرگە و حکومەتی ناوەندی.
ـ بازرگانی نەوت لەگەڵ داعش.


پێشەکی.


سەرباری دوا سەرکەوتنی دڵخۆشکەرانە بەسەر داعش لە ھەرێمی کوردستان و گرتنەوەی شەنگاڵ، ھێشتا باوەڕ بە ھێزی پێشمەرگە لە ئاستی پێویست دا نیە و ئەو سەرکەوتنانەی لە ماوەی ساڵێکدا لە لایەن تیرۆریستانی داعش بە داگیرکردن و کوشتار لە چەندین دێ و شارۆچکە و ناوچەی ستراتیجی ھاتۆتە دی، بۆتە ھۆکاری ئەوەی کە سەرباری پڕۆپاگەندەکان، ناوبانگی پێشمەرگە و حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەتوانرێت لەناو خەڵکی کوردستان بە پێی پیویست بەرزبکرێتەوە و نەتوانرێت باوەڕ بە خاوەن بڕیارەکانی ئەو ھەرێمە دروست بکرێت. دواسەرکەوتنەکان و گرتنەوەی شەنگاڵ سەرباری پاڵپشتی ئاسمانی ھێزەکانی ھاوپەیمانان و یەکینەکانی پاراستنی گەل (گرووپێکی چەکداری کوردستانی سوریایە، نزیک لە پکک، لە پێناوی ئازاد کردن و پاراستنی ناوچە کوردییەکانی سوریا خەبات دەکا. ئەم گرووپە لە لایەن پارتی یەکیەتیی دیموکرات و ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردەوە دامەزراوە).و ھیزەکانی سوپای ئێراقی کەوتە بارێکی تەماویەوە. ئەم سەرکەوتنە لە بری کردنە ھەوێنی نزیکخستنەوەی تەوای ھێزەکانی دژ بە داعش، بەداخەوە لەلایەن سەرۆکی ماوەبەسەرچو مەسعود بارزانی ھەوڵدرا مۆنۆپۆڵ بکرێت و لەو ڕێگایەوە ھەوڵێکی بێسودیان دا بە ڕێگایەکی نەخوازراو ئابڕوڕژانی شکانەکانی ڕابردویان بگێڕنەوە.


لەو کاتەوەی داعش بۆتە سەردێری ھەواڵی ئاژەنسەکانی دونیا، بۆتە خاڵی یەکگرتنەوەی لایەنەکان تا ئەوەندەی گەیشتۆتە ھاوکاری وڵاتە تەواو جیاوازە دژ بە یەکەکان دژی ئەم گروپە تیرۆریستیە. ئەم گروپە چاوەڕوان نەکراو لە ڕێگای پەلامارە لەپڕەکانیەوە توانی ھێرشەکانی لە سوریاوە بگوێزێتەوە دەرەوەی سنورەکان. توانی لە پەلامارێکی چاوەڕوان نەکراو دوھەمین شاری گەورەی ئێراق (موسڵ) و چەندین شار و شارۆچکەی گرنگی ئێراق و کوردستان داگیربکات. تاوانە دڕندانەکانی ئەو گروپە بەرامبەر خەڵکی سیڤیل و بەندەکانی جەنگ و میدیاکارانی ئەمەریکی و ئەوروپی تەواوی دونیای ڕاچڵەکاند.


چەندین ڕای جیاواز ھەیە سەبارەت بە ھۆکارەکانی گەشەی لەپڕی ئەو گروپەی کە دەیەوێت دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی نوێنەرایەتی بکات. زۆرن ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر تێۆری پیلاندانان. ئەوانە لەو باوەڕەدان کە دروست بونی داعش کارێکی ھاوبەشی ھەندێک لە وڵاتانی نیمچە دورگەی عەرەبی و تورکیا بێت بۆ دژایەتی کردنی سوریای بەشار ئەسەدی عەلەوی و حکومەتی ئێراقی شیعەگەرا و نزیک لە ئێرانەوە. تا ئەو کاتەی داعش پەلاماری ناوچە کوردیەکانی ئێراقی نەدابو لە چوارچیوەی ئەو تیۆریەدا قسە لە تێوەگلانی مەسعود بارزانی سەرۆکی ماوە درێژکراوەی ھەرێمی کوردستان دەکرا کە بەشێک بێت لەو پلانە دژ بە حکومەتی ناوەندی ئێراق و سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی ئێراق مالیکی. کە چەندین کێشەی گەرمیان لە نێواندا ھەبوو لەبەرچاوترینیان؛ کێشەی بودجە، موچەی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمی کوردستان و کێشەی نەوت. ئەم بۆچونە بەڕادەیەک بەھێز بوو کە مالیکی. پاش گیرانی موسڵ لە لایەن داعشەوە، مەسعود بارزانی لە وتارێکیی حەماسیدا ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستانی وەکو ژوری عەمەلیاتی تیرۆریستان پێناسە کرد.


کەس و لایەنە چاودێرە سەربازیەکان شیکردنەوەی سەرکەوتنەکانی داعش لەسەر بنەما سەبازیەکان دەکەن. ئەوان بە شێوەیەکی گشتی پەنا دەبەنە بەر ئەم خاڵانە کە ھۆکاری سەرکەوتنەکانی داعشە؛ ئەزمونی چەند ساڵەی چەکدارانی داعش لە شەڕیاندا دژ بە سوپاکەی بەشار ئەسەد،ئەزمونی ئەفسەران و پلەباڵا بە ئەزمونەکانی جیابۆوە لە سوپای ڕوسی و سۆڤێتی لەناوچو، خاوەنداری چەکی زۆر و قورس کە دوای گرتنی موسڵ لە ئەنجامی شکانی سوپای ئێراق بەدەستیانھێناوە، توانای مادی زۆر کە لە ڕێگای بڕینی بانکەکان و سەرانە و پارەی گۆڕینەوەی بارمتەکان و فرۆشتنی نەوت بەدەستی دەھێنن ، کاریگەری پەلامارە لە پڕە چاوەڕوان نەکراوەکان و شەڕی دەرونی لە ڕێگای میدیاکانەوە کە بەرامبەر بە شێوازێکی دەرونی دەتۆقێندرێن و ناتوانن بەرگری لە ھێرشەکان بکەن.


لایەنە ئیسلامیە دژە ڕۆژئاوایی و لە ھەمان کاتدا دژە داعش، لەو گروپە تیرۆریستیە دەڕوانن وەکو دەسکردی ئەمەریکا و دوبارە کردنەوەی ئەزمونی تاڵیبانی ئەفغانستان لە پێناوی دوبارە گەڕانەوە بۆ ئێراق و ناوچەکە و قۆرخ کردنەوەی سامانی سروشتی ئێراق و ناوچەکە و دەستێوەردانی سیاسی ڕاستەوخۆ لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە.


ئەوەی دەگمەن باسی لێدەکرێت ھۆکارە ناوخۆییەکانی ئەو حکومەتە ناوەندی و حکومەتە ناوچەییانەیە کە داعش پەلاماری دەدات و سەرکەوتنی تیا بەدەست دەھێنێت. دیارە ئەم ھۆکارانە لە ناوخۆ و لە لایەن ناوەند و کەسانی ڕەخنەگر بەردەوام دەخرێتە ڕوو. ئەم دەنگانە ئەگەر چی پشتیوانی جەماوەریان ھەیە، بەڵام نەیانتوانیوە بگەنە ناوەند و میدیا جیھانیەکان و سروشتی حکومەتە ناوچەییەکانیش بە جۆرێکە نایانەوێت گوێگریان بێت.


ھۆکارە ناڕاستەوخۆ و ڕاستەوخۆکانی شکانەکانی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمی کوردستان (پێشمەرگە - ئەوانەی رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە) ناکرێت تەنھا بە لایەنی سەربازیەوە پەیوەست بکرێت، بەڵکو پەیوەستیەکی دینامیکی بە خودی سیستەمی ئەو ھەرێمەوە ھەیە، کە ڕێخۆشکەر بووە بۆ سەرکەوتنە سەربازیەکانی داعش. ئەم شکانانەی ھێزە چەکدارەکانی کوردستان دوائەنجامی سیاسەتی چەوت و ئیدارەی خراپی بەرپرسانی ھەرێمی کوردستانە.


حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە سەرەتای پەلاماردانەکانی داعش و گرتنی موسڵ وەکو کێشەیەکی تایبەت بە حکومەتی ناوەندی ئێراق و وەکو کێشەی نێوان شیعە و سونە تێیدەڕوانی و قسە لە خۆ بەدورگرتن لەو شەڕە و بێلایەنی دەکرا. داعشیش ھەمان پروپاگەندەی دەکرد کە لە پلانیدا نیە پەلاماری ناوچە کوردنشینەکان بدات.


ئەم ڕێکەوتنی ئاشتیە مۆرنەکراوە درێژەی نەکێشا و بەیەکدادان لە نێوان ھێزە سنوریەکانی پێشمەرگە و داعش دروست بوو.


سەرەتای پەلامارەکان داعش توانی بە بێ زەرەری زۆری مادی و گیانی چەندین شارۆچکەی کوردنشین لەدەست پێشمەرگە دەربھێنێت و ھێزەکانی سوپای کورد گەورەترین فەزاحەتی سەربازی و جەماوەریان بەسەر خۆیاندا ھێنا. ئەو ناوچانەیان بە بێ بەرگری بۆ چەکدارانی تیرۆرستی داعش بەجێھێشت و خەڵکی سیڤیلیان ڕادەستی قەدەری نادیاری خۆیان کرد و لە ئەنجامدا ھەزاران دەربەدەر بون و سەدان کوژران و سەدان کچ و ژن ڕفێنران. بە تایبەتی لە شارۆچکەی (شەنگاڵ). بێبڕوایی خەڵکی کوردستان بە ھێزە کوردیەکان بە ڕادەیەک بوو کە لەگەڵ داگیرکردنی داعش بۆ شارۆچکەی(مەخمور) کە ٦٠ کیلۆمەتر لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستانەوە دورە، خەڵکێکی زۆری ھەولێری پایتەختی سیاسی و ڕامیاری ھەرێمی کوردستان بە خێزانەکانیانەوە بە ئاراستەی قوڵایی کوردستان ھەڵاتن.


ھێزەکانی پێشمەرگە بە ڕادەیەک بێورە بون کە داعش توانی لە چەند ڕۆژێکی کەمدا شارۆچکەی (گوێر) بگرێت کە تەنھا ٣٠ کیلۆمەترێک لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمەوە دورە. سوپاس بۆ ھاوکاری و خۆڕاگری پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل توانیان ھێرشەکانی داعش ڕابگرن. ھەر ئەو ھاوکاریانە بونە ھۆکاری ئەوەی ھێرشە خێراکانی داعش ڕابگیردرێن و خەڵکی ھەولێر ئارام ببنەوە و شارەکەیان بەجێ نەھێڵن. مەسعود بارزانی سەرباری ھاوپەیمانی لەگەڵ تورکیا و دژایەتی سەختی پکک و یپگ، ئەنجامی ئەو بەشداریە گرنگەیان ناچار بوو سەردانی ھێزەکانیان بکات و لە نزیکەوە سوپاسیان بکات.


ھێزە کوردیەکان لە بەرامبەر داعش بێورەییەکی بێوێنەیان لە میژوی خۆیان نیشان دا. لە کاتێکدا دەیان ساڵ بە ئیمکانیاتی کەم و پەراوێزیان لە دونیا، روبەڕوی پەلامارە دڕندەییەکانی ڕژێمە سەربازیە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق و لە نێوانیاندا ڕژێمەکەی سەدام حسێن بونەتەوە. ئەگەرچی سەرکەوتنی ستراتیژی و دیاریشیان بەدەست نەھێنابیت و نەیانتوانیبێت شار و شارۆچکەکان کۆنترۆڵ بکەن، بیورەیی لەو شێوازەیان پێشان نەداوە. بۆیە ئەوانەی بیانەوێ لە سەرکەوتنەکانی داعش لە کوردستانی ئێراق بگەن پێویستە لە سروشتی دەسەڵاتی کوردی تێبگەن کە ھۆکاری ئەم بێ ورەییە بووەو بەدوای کەم و کورتیەکانیدا بگەڕین نەک تەنھا لە تواناکانی داعش بڕوانن.


باسکردنی مێژوی ڕەشی پارتەکانی بزوتنەوەی چەکدارانەی ڕابوردوی کوردستان لەم نوسینەدا جێی نابێتەوە و تەنھا بە کورتی پەنجەی بۆ رادەکێشین.


ئاوڕدانەوەیەک لە سەرھەڵدانی دەسەڵاتی کوردی.


ـ بزوتنەوەی چەکداری ڕزیگاریخوازانەی کوردستانی باشور ( کوردستانی ئێراق) لە ساڵی ١٩٦١ وە دژ بە حوکمی سەربازی ئێراق بەڕابەری مستەفا بارزانی سەیھەڵداوە، کە چەندین ئاراستە و ئایدۆلۆژیای جیاواز و دژبەیەکی تیادا کۆبوبۆوە.


ـ دوو ئاراستەی سیاسی و چەکداری سەرەکی لە ناوچە شاخاوی و دێھاتەکانی کوردستان لە سەردەمانی جیاواز بە ناوی جیاوازەوە خۆیان بەرجەستە کردووە. ئێستا ئەو دو لایەنە بە ناوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (ینک) بە رابەری جەلال تاڵەبانی بە مۆرکێکی چەپڕەوانە. پارتی دیموکراتی کوردستان (پدک) بە رابەری مەسعود بارزانی بە مۆرکێکی راستڕەوانەوە . ئێستا ئەو دوو لایەنەشەریکی دەسەڵاتن و لە حکومەتێکی ھاوبەشدان.


ـ ئەم دو لایەنە چەکدارە بە شێوازێکی پچڕ پچڕ لە ساڵی ١٩٦٦ وە تاکو ساڵی ١٩٩٨ لە پاڵ شەڕ دژی سوپای ئێراق، سەرقاڵی شەری خوێناوی نێوانی خۆشیان بون.


ـ ھەریەکێک لەم ھێزانە بە ڕۆڵی خۆی لە سەردەمانی جیاواز لە پاڵ ڕژیمەکەی سەدام حسێن یان ڕژێمی ئایەتوڵاکانی ئێران دژی ئەوی تر جەنگیوە.


ـ ئەو دو پارتە و پارتە میحوەریەکانیان بە ھۆی شەرە ناوخۆییەکانیانەوە بە جۆرێک شەکەت بوبون، دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی ئێراق ـ ئێران سوپاکەی سەدام حسێن توانی ھیزەکانی ھەردوکیان تاکو ناو سنورەکانی ئێران ڕاو بنێت.


ـ ساڵی ١٩٩١ لە ڕێگای ڕاپەرینێکی جەماوەریەوە خەڵکی کوردستان توانیان شارەکانیان لە سەربازان و پیاوانی ئاسایش و سوپای ڕژیمەکەی سەدام حسێن پاک بکەنەوە. چەند ڕۆژێک پاش ئەم ڕاپەرینە ئەو دو پارتە سەرەکیە و پارتە میحوەریەکانیان سودیان لە بۆشایی دەسەڵات وەرگرت و گەرانەوە شارە ئازادکراوەکانی کوردستان. ھەریەکەیان لە ناوچەی ژێر نفوزی خۆی دەسەڵاتی گرتە دەست. لەو کاتەوە تاکو ئەمڕۆ ناوچەی نفوزی پدک بە زۆنەی زەرد و ناوچەی نفوزی ینک بە زۆنەی سەوز ناسراون.


ـ پاش کەمتر لە ٣ ساڵ سەربەخۆیی واتە ساڵی ١٩٩٤ دوبارە بەو چەکانەی ڕژێمەکەی سەدام حسێن کە لە ئەنجامی ڕاپەرینی جەماوەر کەوتنە دەست پدک و ینک شەریان دژ بەیەکتر پێ ھەڵگیرساندەوە. ئەو شەرە تاکو ساڵی ١٩٩٨ ی خایاند. تەنھا لەم ٤ ساڵەدا زیاتر لە ٣٥ ھەزاریان لە یەکتری کوشت،١١ ھەزاریان لە چەکداران و سیڤیلی لایەنگری بەرامبەر بێسەروشوێن کرد، ھەزاران بریندار کران، خەڵکانێکی زۆری سیڤیل ئاوارە کران و تەواوی سامانی کوردستان بۆ خەرجیەکانی شەر بەکارھێنرا. ھەڵگیرساندنی ئەو شەڕە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە خەڵکی کوردستان لە ژێر ئابڵوقەی ئابوری حکومەتی سەدام حسێن و وەکو بەشێکی ئێراقیش لە ژێر ئابڵوقەی جیھانی دابوو، بووە ھۆکاری ئەوەی کە برسێتی باڵ بەسەر تەواوی کوردستاندا بکێشێت. دواجار فشارەکانی ئەمەریکا توانی کۆتایی بەم شەرە خوێناویەی نێوانیان بھێنێت.


سروستی ئەمڕۆی دەسەڵاتی کوردستان.


دوای کۆتایی شەرە خوێناویەکەی ئەم دوو پارتە، ھەرێمی کوردستان توانی سەقامگیریەکی سیاسی و ئاسایشی و ئابوری ڕێژەیی بە خۆوە بگرێت و گوزەرانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە چاو ناوچەکانی تری ئێراق باشتر بو. ئەگەرچی جیاوازی گەورەی نێوان ھەژاران و دەوڵەمەندان و خەڵکی ئاسایی و بەرپرسان و بنەماڵەکانیان و گەلێک دیاردەی تر وەکو ھۆکاری ناڕەزایی ھەمیشە لەبەر چاو بون.


ئەو دوو پارتەی کە دەیان ساڵ دژ بە یەک لە شەڕی خوێناوی و وێرانکاریدا بون،پاش رمانی دەسەڵاتی سەدام حسێن لە ٢٠٠٣ ڕێکەوتنێکیان پێکھێنا بە ناوی (ڕێکەوتنێکی ستراتیژی). ئیتر لەو کاتەوە تاکو ئەمڕۆ بونەتە بەرەیەکی ھاوکار دژ بە ماف و داخوازیەکان خەڵکی کوردستان.


تاکو ساڵی ٢٠٠٩ جگە لە ھەندێک ڕێکخراوی مەدەنی و پارتی چەپگەرای لاوز ھیچ ئۆپۆزسیۆنێکی ڕێکخراو بونی نەبوو. تا ئەو کاتەی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠٠٩ لە لایەن نەوشیروان مستەفا (کەسی دوھەمی ناو ینک) دامەزرا و تەنھا ئۆپۆزسیۆنێکی ڕیفۆرمخوازی سیکولێری بەھێزە. تەواوی لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆن پارتی ئیسلامی سیاسی کەم جەماوەرن و ھەندێک لەوانە ڕابوردوی تێرۆریستی ئیسلامیشیان ھەیە. بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە کاریگەری ئیجابیانەی ھەبوو. خاوەندی بنکەیەکی جەماوەری بەھێزی رەخنەگر بوو لە دەسەڵات.


سەپاندنی سیستەمی بنەماڵەیی بەسەر خەڵکی کوردستان دا.


سیستەمێکی ڕەشی میراتگیری بنەماڵەیەیی لە لایەن ( پارتی دیموکراتی کوردستان) و (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) بەسەر خەڵکی کوردستان دا چەسپێنراوە. ئەمەش بە پێچەوانەی وویستی گەلەوەیە ودژ بە ئامانجە دیموکراتیەکانە کە سەد ساڵێکە لە کوردستاندا بزوتنەوەی دیموکراسی ھەوڵی بۆ دەدات.


ماف و ئازادیەکان.


ماف و ئازادیەکان بەردەوام سنوردار دەکرێنەوە یاساو بنەماکان بە شێوازی لاستیکی بۆ ڕێگری و ڕاونانی ئازادیخوازان خراپ بەکاردەھێنرێن.


ھەڕەشە و سوکایەتی پێکردن و دەسگیرکردن و کوشتنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان بۆتە ڕۆتینی ڕۆژانە. لەم دوو ساڵەی دواییدا چەندین ڕۆژنامەنوس و چالاکوان ھاتونەتە بەلجیکا. بە بەڵگە و دۆکۆمێنتەکانیان فەرمانبەرانی بەلجیکایان ناچارکردووە کە مافی پەنابەری سیاسیان پی ببەخشن.


باری گوزەرانی خەڵکی کوردستان.


بەپێی ئامارێکی سایتی فۆربسی ئەمریکی بۆ پلەبەندی سەرمایەدارەکان, لەجیھاندا ١٤٢٦ ملیاردێر ھەیە, کە لەنێویاندا فەڕەنسای خاوەن چەندین کۆمپانیای فرۆکەوانی و نەوت ٢٤ ملیاردێر و ژاپۆنی خاوەنی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تۆیۆتاو نیسان‌و سۆنی و ھیتاشی ٢٢ ملیاردێرو ئیتاڵیای خاوەنی گرانترین کۆمپانیای ئوتومبێل و پۆشاک و یانەی وەرزشی خاوەنی ٢٣ ملیاردێرو ھۆڵەندای خاوەن یەکەمین بانک ٦ ملیاردێرو کوەیتی خاوەن نەوتێکی زۆر ٥ ملیاردێری ھەیە. ھەرێمی کوردستانێکی خاوەن ھەزاران خێزانی خوار ئاستی ھەژاری ، بە پێی دانپیانانی جەلال تاڵەبانی و بەوتەی یاسین مەحمود وتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەران ئەم ھەرێمە کە خاوەن ٣ پارێزگاو ٥ ملیۆن کەسە, لە ئێستادا ٣٠ ملیاردێرو ١٠ ھەزارو ٨٠٠ ملیۆنێری دۆلاری ھەیە. دروستبونی ئەو ٣٠ ملیاردێرو ھەزاران ملیۆنێرە لە ھەرێمی کوردستان و تۆمارنەکردنی ناوەکانیان لەڕیزبەندی سەرمایەدارەکانی جیھان لە کاتێکدایە, بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان پێنجەمین وڵاتی گەندەڵن لەئاستی جیھاندا.


لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی (ھاوڵاتی) کە ڕۆژنامەیەکی ئەھلی ھەرێمی کوردستانە، محەمەد کەریم، ئەندامی مونتەدای ئابوری کوردستان بەھاوڵاتی دەڵێت: (ھەموو ئەوانەی گەشتونەتە ملیار دۆلار، یان ھی حزبە یان ئەشخاسی ناو حزبە، یان کەسێک بەڕەمزی سەرپەرشتی کۆمپانیاکە دەکات و چەند کەسێکی حزبی لەپشتەوەیە، چونکە تاکە کەس نیە بتوانێت بگاتە ملیاردێر بەبێ پشتیوانی حیزب و ئەشخاسەکانی). ھەروەھا دەڵێ: (دوای فۆرشتنی بەرھەمە نەوتیەکان، سەدان کەس بەھۆی نەوتەوە بونەتە ملیۆنێرو ملیاردێر).


لە کاتێکدا لە ڕێگای گەندەڵی و بەھەدەردانی سامانی گشتی و بودجەی وڵات لە پێناوی کڕینی ویژدان و خۆشگوزەرانی بەرپرسان دا بەکار دەھێنرێت و خزمەتگوزاریەکان بەرە و خراپتر و خراپتر دەچن. ھەژاری لە نێوان زۆربەی خەڵک دا بڵاوە . ھیچ یاسایەک نیە بۆ دیاری کردنی لایەنی کەمی موچە و لایەنی زۆری کاتژمێرەکانی کارکردنی کرێکاران. کرێکارانی بەشی تایبەت موچەکەیان لە نێوان ٤٠٠ دۆلار بۆ ١٠٠٠ دۆلار لە کاتێکدا نرخی کرێی ئەپارتمانتێکی دوو ژوری نزیکەی ٥٠٠ دۆلارە. موچەی خانەنشینی کەسانێک کە لە سەرو ٦٥ ساڵین و پاش ٣٠ ساڵ کار و خزمەت خانەنشین کراون لە نێوان ٤٠٠ تا ٥٠٠ دۆلارە.


باری گوزەرانی زۆربەی ھاولاتیان لە خراپی دایە و ڕادەی بێکاری لە بەرزبونەوەدایە. نرخی کار لە دابەزین و نرخی کاڵاکان و پیویستیە سەرەکیەکان و نیشتەجێبون و پێویستیە سەرەکیەکانی ژیان لە بەرزبونەوەی بەردەوامن.


پاش ھاتنی نزیک لە ملیۆنێک ئاوارەی ناوخۆ و سوریا بۆ سێ شارە سەرەکیەکەی کوردستان و کرێی خانو ، پێویستیە سەرەتاییەکانی ژیان لە گرانبوندان. بە ھۆی نەبونی یاسای کار و لایەنی کەمی موچە، نرخی کار بە ھۆی ڕکەبەری ئاوارەکانەوە لە دابەزیندایە. لەبەرامبەر ئەم کێشە و قەیرانەدا حکومەتی ھەرێم ڕێوشوێنی پێویستی نەگرتۆتە بەر بۆ کەمکردنەوەی ئەم کاریگەریە دەرەکیەی ئاوارەکان و ھاوکاری پێویستیان.


ھەرێمی کوردستان لەسایەی دەسەڵاتی کوردیدا ڕۆژ بەڕۆژ بەرھەمی ناوخۆیی و دەستکەوتی ھاوڵاتیان بەرەو کەمبونەوە دەچێت, بەڵام ژمارەی سەرمایەدارو بازرگانەکان لە زیادبوندایە.


باری خوێندنگا و خەستەخانەکان.


لەکاتێکدا لە ڕۆژنامە لۆکالیەکان سەبارەت بە باری ناھەمواری قوتابخانە و نەخۆشخانە حکومیەکان دەخوێنینەوە لە پاڵیاندا ھەواڵی کردنەوەی ئوتێلە گەورە و لوکسەکان دەکەونە بەرچاو کە دواھەمینیان پرۆژەی شاری جوان لە شاری سلێمانی کە بری ٢٦٠ ملیۆن دۆلاری تێچووە و بریتیە لە ئوتێل و شوێنی حەوانەوە و ڕستۆرانتی لوکس، ئەم پڕۆژەیە کە تەنھا ئێلیتەکانی حیزب و دەسەڵات و سەرمایەدارانی شەریکیان لێی سودمەندن.


لەبەرامبەر ئەم جیاوازیە گەورانەی دەستکەوت و شێوازی ژیانی خەڵکی ئاسایی و بەرپرسان و سەرمایەدارانی شەریکیان ، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان لە کەمترین ئاستی ستانداردان. بە جۆرێک چینە باڵاو مامناوەندیەکان منداڵەکانیان دەنێرنە قوتابخانە و زانکۆ ئەھلیەکان ، یان مامۆستای تایبەتیان بۆ ڕادەگرن. نەخۆشەکانیان دەنێرنە وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا یان نەخۆشخانە ئەھلیەکان. لە کاتێکدا ھەژاران توانای ئەوەیان نیە و ناچارن پەنا بەرنە بەر قوتابخانە و خەستەخانە حکومیەکان کە لە بارێکی خەمناک دان.


جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان.


سەرباری دیاریکردنی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە دەستور و ووتاری بەرپرسان دا بەردەوام دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادگایی تێکەڵ بەیەک دەکرێن. حیزب و بەرپرسان لەسەرجەم بوارێکی سیاسی و دادگایی و سەربازی و ئەمنی دەستوەردەدەن و کاریگەریان ھەیە و بڕیارەکان بەو ئاراستەیە دەبەن کە خۆیان دەیانەوێت.


لە ھەرێمی کوردستان جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان تەنھا مەرەکەبی سەر کاغەزە. ھەر بە ھۆی ئەو دەستێوەردانەیە کە چەندین تاوانبار و مرۆڤکوژ و ژنکوژ لە ڕێگای سوڵحی عەشایەری یان بیانوی ترەوە ئازاد دەکرێن، یان حوکمی کەمیان بەسەردا دەدرێت.


حیزبەکانی دەسەڵات دەست دەخەنە سەرجەم کاری فەرمانگاکان و ڕێکخراوە سیڤیلەکان و سەندیکاکانەوە. ھیچ کەسێک لە کوردستان ناتوانێت لە ھیچ فەرمانگەیەکدا وەکو فەرمانبەر یان کارگوزار یان پۆلیس و ئەفسەر و دبلۆمات و بەرپرس و فەرمانبەرانی نوێنەرایەتیەکانی ھەرێم و سەفارەتەکانی ئێراق کار بکات بە بێ تەسکیەی حیزبی و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت. ھەربۆیە فەرمانگەکان وەکو پێویست کاری خۆیان ناکەن و کەسانی شیاو لە شوێنی شیاودا نین.

گەندەڵی ؛ شێوەکانی گەندەڵی گەلێکن ئێمە لێرەدا بەربڵاوترینیان باس دەکەین.


ـ ئیمتیازات و موچە بەرامبەر لایەنگری و وابەستەیی.


حیزبەکانی دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھێشتنەوەی لایەنگران و ئەندامانیان و وابەستەییان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات چەندین ئیمتیازاتی نایاسایی دەبەخشن. بە پێی ھەواڵەکان لە ماوەی چەند ساڵیکی کەم زیاتر لە ٨٠ ھەزار کەسیان خانەنشین کردووە و بەردەوام لیستە کانیان ئاشکرا دەبن. زۆربەی خانەنشینکراوەکان ساختەکارین و بە پلەی سەربازی و بە ناوی پێشمەرگەی دێرینەوە لەسەر بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە موچەیان پێ دەدرێت، لە واقیعدا ھەرگیز ئەو کارەیان نەکردووە کە بە ناویەوە خانەنشین کراون.


بەردەوام لە لیستەکاندا ئاشکرا دەکرێت کە گۆرانیبێژ و پێشکەشکار و کچانی سەرنجڕاکێش بە ناوی ئەفسەرانی بەرزی پلەدارەوە موچەی خانەنشینی وەردەگرن. دوا لیست کە لەم مانگەدا ئاشکرا بو، ناوی ٤٠٤ ژنی تیادا بوو کە زۆرێک لەو جۆرە ژنانەی لە خۆگرتبوو.


لە پاڵ ئەم سوپا خانەنشینکراوەدا کە بەرتیل دانێکە بۆ لۆیاڵ بون بۆ ئەو دوو حیزبە و دوو بنەماڵەکەی دەسەڵات ھەزاران کەسی تر بە ناوی پاسەوان یان ھەر کارێکی ترەوە تۆمار کراون بە بێ ئەوەی بە کرداری ئەو کارانە ئەنجام بدەن . لە کۆمەڵگای کوردیدا ئەوانە بە موچەخۆری بەر سێبەر ناسراون (بە ھۆی کەشی گەرماوە کەسانێک کە لەبەر سێبەردا دانیشن واتە لەبەر سێبەردان و ئیسراحەتن و خاوەنی موچەی بێ ماندوبونن) ، زۆر لەو ئەندام و لایەنگرانەی ئەو دو حیزبە ئەمرۆ لە بەلجیکا و وڵاتانی تری ئەوروپا دەژین و موچەکانیان لە پاڵ پارەی سۆسیال ، بێکاری، یان کاری ئەم وڵاتانەدا وەردەگرن.


وەزیر و پەرلەمانتاران دوای کۆتایی یەکەم پۆستیان تاکو کۆتایی ژیان خانەنشینیان پی دەدرێت بە چاوپۆشین لە تەمەن و کار و پۆستی نوێیان لە کاتێکدا موچەی خانەنشینی سوپایەک وەزیر و جیگری وەزیر وبەڕێوەبەری گشتی کە ژمارەیان لە ھەروەزارەتێکدا لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ کەسە بڕی موچەی خانەنشینیان ٦٠٠٠ دۆلارە. خانەنشینی سوپایەک ئەندام پەرلەمانی کۆتایی ھاتوو بە خولی پەرلەمانتاریەکانیان ٥٠٠٠ دۆلارە.


ـ سپیکردنەوەی پارە لە ڕێگای بانکەکات و موڵک و کۆمپانیاکانی دەرەوەی وڵات.


بەپێی راپۆرتێک کە سایتی مۆنیتۆر بڵاویکردۆتەوە، بە پشتبەستن بەلێدوانی ئەحمەد جەببوری ئەندامی لیژنەی نەزاھەی پەرلەمانی عێراق، قەبارەی ئەو پارانەی کە پرۆسەی سپیکردنەوەی پارە دەیگرێتەوە، بەڕێژەی ٢٠٪ی بەھای بودجەی وەبەرھێنانی عێراق دەخەمڵێنرێت. لەو برەش ھەرێمی کوردستان پشکی شێری بەردەکەوێت.


ئەم پارانەش دەستکەوتی ناشەرعیانەن کە لە سامانی گشتی دەدزرێن. لە نمونەیان دەستکەوتی گومرگەکان ؛بەپێی وتەی بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ھەرێم لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ لەساڵی ڕابردودا گەیشتۆتە نزیکەی ٣٠ ملیار دۆلار، بەو پێەیش دەردەکەوێت کە داھاتی خاڵە سنوریەکان نزیکەی ١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.


بە پێی ئەو زانیارییانەی کەناڵی ''کەی ئێن ئێن'' تەلەفزیۆنی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بڵاویکردۆتەوە، لە ساڵێکدا تەنھا نزیکەی ٧٢ ملیۆن دۆلار لە ‌داھاتی خاڵەسنورییەکان خراوەتە ناو خەزێنەی گشتییەوە ، بەوەش دەردەکەوێت نزیکەی لە ٩٠٪ی داھاتی خاڵە سنورییەکان نادیارەو کەس نازانێت بۆ کوێ دەچێت.


پرسی دیارنەمانی داھاتەکانی ناوخۆ لەئێستادا ئەو پرسیارەیە کە بەردەوام ‌ لەسەر زاری ھاوڵاتیان و ڕێکخراوە سیڤیلە بێلایەنەکانە و بە بێ وەڵام ماونەتەوە.
بونە شەریکی پرۆژە بەرھەمھێن و بازرگانیەکان و بەخشینی موڵکی گشتی.


لەبەرامبەر ڕێگەدان بە ھەر پرۆژەیەکی تایبەت ، کەسەکانی ناو حیزب و دەسەڵات، بە بێ بەشداری مادی خاوەن پرۆژەکان ناچار دەکەن کە بیانکەنە شەریکی پرۆژەکانیان. دیارە ئەو بەرپرسانە کەسانی باوەرپێکراوی خۆیان دەکەنە شەریکی فەرمیان و ئەو کارانە بە ناوی شەخسی خۆیانەوە ناکەن. تەواوی ئەو پرۆژە بەرھەمھێنی و خزمەتگوزاری و بازرگانیانەی کە لە کوردستان دا ھەن ئەگەر بە گشتی موڵکی بەرپرسانی حیزبی و حکومی نەبن پشکی ئەوانی تێدایە.


لەبەرامبەر ئەم شەراکەتە نامەشروعەدا پرۆژەکان چاو لە لادان و کاری نایاسایی کردن و کوالیتەیتی کار و بەرھەمەکانیان دەپۆشرێت. لە بەرامبەر ھەر کارێکی نایاساییان لە لایەن بەرپرسانی شەریکیانەوە بەرگریان لێ دەکرێت.


ئەوەی کە زۆر باوە ئەوەیە کە ئەو بەرپرسانە زەوی و موڵکی گشتی بۆ ئەو پرۆژانە داگیر دەکەن و ئاسانکاری لۆجستیان لەسەر موڵکی ھاوڵاتیان بۆ مەیسەر دەکەن.


تەندەری پرۆژە گەورە و مامناوەندیەکان لە سەرەتادا دەدرێن بە کەسان و کۆمپانیاکانی شەریکی بەرپرسان. ئەوانیش بەبێ کەمترین کارتیاکردن تیایدا، بە قازانجی بەرز بە کەسان و کۆمپانیاکانی تری دەفرۆشنەوە . ئەم شێوازی خراپبەکارھێنانی دەسەڵات و دەسپیسیە سامانێکی بێشوماریان پێ دەبەخشێت.

 
تەواوی ئەم دیاردانە بونەتە ھۆکاری ئەوەی کە ھەرێمی کوردستان ببێتە بەھەشتی سەرمایەدارانی بێگانە بۆ ئەنجام دانی پرۆژەکانیان بە کوالیتەیتی خراپ و کۆنترۆڵ نەکراو. کوردستان بۆتە تەنەکەخۆڵی کەرەسە خراپ و ئێکسپایەرەکانی چین و ئاسیای دور و تورکیا و ئێران. ئەم دیاردانە ڕێگری سەرەکین لەگەشەی سەرمایەی سەربەخۆ کە ناتوانێت پێشبڕکێی سەرمایە و سەرمایەداری گەندەڵ بکات. یەکێک لە کۆمپانیا سەربەخۆکان کە خراوەتە ژێر فشارێکی بێوێنەوە گروپی کۆمپانیاکانی نالیا و خاوەنی کەناڵەکانی (ئێن ئاڕتی) یە. بەجۆرێک خاوەندی ئەو کۆمپانیایە ‌شاسوار عەبدولواحید لە ئێوارەی ٢٦/١٠/٢٠١٣ لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە تەقەیان لێکردو بەو ھۆیەشەوە برینداربوو. عەبدولواحید ھۆکاری دژایەتی کردنی بەردەوامی و تەقەلێکردنی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە ئامادە نیە ھیچ کەس و لایەنێکی بەرپرسی حیزبی یان حکومی بکاتە شەریکی خۆی و کۆمپانیاکە.


ـ کێشەی نەوت.


نەوت تەنھا بەرھەمێکە کە لە کوردستانەوە دەنێررێتە دەرەوەی وڵات. ئەمەش لە ساڵی ٢٠٠٣ وە دەستیپیکردووە و بە ئاگاداری و ھەروەھا بە بێ ئاگاداری حکومەتی ناوەندی ئەنجام دەدرێت. ڕادەی دەسکەوتەکانی نەوت تاکو ئێستا ئاشکرا نەکراون و بە شاراوەیی ماونەتەوە. لە ژێر گوشاری خەڵک و میدیاو ئۆپۆزسیۆن وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دەسکەوتەکانی نەوت لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ تاکو ٢٠١٣ بلاوکردەوە. ئەو ڕاپۆرتە وناوەرۆک و ژمارەکانی جیگەی باوەڕی کەس نەبون. تێچونەکانی وەزارەتەکە نزیکەی دوقاتی دەسکەوتەکان دەبون. بە پێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی ناوبراو دەسکەوتەکانی ئەو ماوەیە بریتی بون لە ٩.٧١٤.٣٣١.٨٦١دۆلار بە ڵام تێچونەکان لە ھەمان ئەو ماوەیەدا بریتی بون لە٨.٧٩٤.١١٠.٢٢٠ دۆلار . ئەگەر بێت و موچە و مەسرەفەکانی تری وەزارەتەکە حساب بکرێت ئەوا تێچونەکان دوقات دەبن لەبەرامبەر بە دەسکەوتەکان دا.


ناوچە کوردیەکان کە ئەو دو بنەماڵەیە دەسەڵاتدارن تیایدا یەکێکە لە گەندەڵترین ناوچەکانی ئێراق. گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان دا لە ئاستیکدایە کە تەنانەت پلە باڵاکانی ناو حکومەتیش ناتوانن نکۆڵی لێ بکەن. سەرۆک وەزیرانی ھەرێم گەندەڵی وەکو کولتوری ھەرێم پیناسە دەکات. حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەرگیز بە جدی نەیویستوە ڕوبەڕوی بڵاوبونەوەی دیاردەی گەندەڵی ببێتەوە.

کێشە ڕاستەوخۆکانی ھێزە چەکداریەکان.


کێشەی میلیشیایی حیزبی.


کێشەی سەرەکی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە پاش ٢٣ ساڵ لە ئازاد بونی کوردستان ھێشتا ھێزی میلیشیایین و ھەر یەکەیەک یان چەند یەکەیەکی سەربازی سەر بە حیزب و لایەنێکە. سەرباری بونی وەزارەتێک بە ناوی وەزارەتی پێشمەرگەوە، ھەرگیز فەرماندەیەکی کرداری ھاوبەشیان نەبووە و ھیچ یەکەیەکی میلیشیایی ئەو دوو پارتە سەرەکیە ئامادەیی تیا نیە فەرمانی بەرپرسانی سەربازی لایەنەکەی تر جێبەجێ بکات. لەم شەڕانەی دوایی داعش میلیشیاکانی دو حیزبە سەرەکیەکە شکانەکانیان دەخستە پاڵ ئەوی تر. بە پێچەوانەشەوە ئەو سەرکەوتنە کەمەی ئەم دواییانە بە ھاوکاری ھێزە ئاسمانیەکانی ئەمەریکا بەدەستیان ھێنا لەسەر حسابی خۆیان دەنوسی. ئێستاش لە نێوان ئەو دوو لایەنە کێشەی ئەوە ھەیە کە ئەو چەکانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە دێت بە یەکسانی لە نێوان ئەو دوو ھێزە میلیشیاییە دابەش ناکرێت. پاش شکانەکانی پێشمەرگە لەبەرمبەر داعش تازە لە کۆتایی مانگی ھەشتی ٢٠١٤ مەسعود بارزانی فەرماندەی گشتی ھێزی پێشمەرگە و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دەرکردووە ھێزەکانی پدک و ینک یەکبگرنەوە و ھێزی پێشمەرگە ببێتە ھێزێکی نیشتیمانی.


چەندایەتی و چۆنێتی پێشمەرگە و چەکەکانیان
.


وەزارەتی پێشمەرگە قسە لەوە دەکات کە ١٥٠ ھەزار پێشمەرگەیان لە جەنگدایە بەرامبەر ٣٠ ھەزار چەکداری داعش کە لە شارەکانی سوریا و ئێراق بلاو بونەتەوە. وەزارەتی پێشمەرگە لەوە دەدوێن کە چەکەکانیان کۆنە و چەکی پێشکەوتو نین. ئەگەر بەراوردی چەکەکانی ھێزی پێشمەرگە بە جەنگاوەرانی یپگ بکەین کە لە کوردستانی سوریا ڕوبەروی داعش و جەبھەی نوسرە و ھێزە ئیسلامیە ڕادیکالەکانی تر و ڕژێمی سوریا بونەتەوە و بواریان نەداوە بەرامبەرەکانیان ھیج پێشرەویەک بکات و سەرکەوتن بەدەست بھێنێت ئەوسا لە یەکلایەنی و ناوردی ئەم بۆچونە تێدەگەین. دەگەینە ئەو باوەڕەی کە ئەمە ھۆکاری سەرەکی نیە بۆ سەرکەوتنەکانی داعش بەسەر پیشمەرگە.


بەرپرسانی سەربازی ھێزەکانی پێشمەرگە ھەمان بەرپرسانی ڕابردون کە ھەرگیز نەیانتوانیوە سەرکەوتنی ستراتیجی بەرامبەر حکومەتی ئێراقی بەدەست بھێنن. بەڵام لە زۆر سەردەمدا توانیبویان ناوچەکانی خۆیان بپارێزن. زۆربەی جەنەراڵ و ئەفسەرانی ھێزەکانی ھەردو لا ھیچ ئەزمونێکیان نیە جگە لە ئەزمونی شەڕی پارتیزانی کە لەم قۆناغەی ئەمڕۆی کوردستان ناکرێت بەکاریان بێت. ھیچ بەرنامە و شێوازێکی مۆدێرنیان نیە بۆ مەشق پێکردنی پێشمەرگە. وا پێدەچێت گرنگیەکی ھەستپێکراویشی پێ نەدرابێت بۆ ھێنانی کەسانی پسپۆر بۆ مەشقکردن بە چەکدارەکانیان. ئەفسەر و پلەدارە نوێیەکانیش سەرباری نەبونی ھیچ ئەزمونێک لەسەر بنەمای حیزبی، بنەماڵەیی، عەشیرەتگەری، مەحسوبیەت و مەنسوبیەت دانراون و پلەی سەربازیان پیدراوە. ئەمەش ھۆکارێکی سەرەکیە بۆ پێشنەخستنی تواناکانی ھێزەکانی پێشمەرگە.


ئەو ھیزانەی کە مەشق پیکراون و گرنگی تایبەتیان پی دەدرێت تەنھا ‌ئەو ھێزانەن کە بۆ پاراستنی شوێن و کەسە ھەستیارەکان بەکاردەھینرێن. لەوانە ھێزەکانی دژە تیرۆرە لە زۆنەی سەوز کە پاڤێڵ کوڕی جەلال تاڵەبانی سەرپەرشتیان دەکات. ھێزی تایبەتی لە زۆنەی زەرد کە مەنسوری کوڕی مەسعود بارزانی فەرماندەیەتی.


بە ھەدەردانی ھێزە سەربازیەکان و بودجەیان.


ژمارەیەکی زۆری ھێزە چەکدارە مەشق پێکراوەکان ، کە ئیمتیازی بەرز و تایبەتیان ھەیە بۆ پاسەوانی بەرپرسان بەکاردەھێنرێن. بە پیی ئەو زانیاریانەی لە ژوری لێکۆڵینەوەی ئابوری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ڕای گشتی خراوەتە ڕو، مەسعود بارزانی دوو لیوای چەکداری بۆ پارێزگاری شەخسی خۆی ھەیە کە نزیکەی ٥٠٠٠ چەکدار دەبن و مەسرەفی ساڵانەی ئەو چەکدارانە نزیکەی ٨٠ ملیۆن دۆلارە. جێگرەکەی کۆسرەت ڕەسوڵ (ینک) ٢٤٠٠ چەکداری ھەیە و خەرجی ساڵانەی پاسەوانەکانی ٣٦ ملیۆن دۆلارە. نێچیروان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێم نزیکەی ھەمان ئەندازە چەکداری ھەیە و خەرجیەکانیان ساڵانە ٤٠ ملیۆن دۆلارە.

 

تەواوی بەرپرسانی حیزبە سیاسیەکان تاکو بەشە ناوچەییە بچوکەکان پاسەوانی تایبەتیان ھەیە. بۆ زۆربەی بەرپرسانی ھەرێم بونی زۆرترین ڕادەی پاسەوان و دەرکەوتنیان لەگەڵیدا بە کاروانی دورو درێژی ئۆتۆمۆبیلە سەربازیەکانەوە جۆرە کەسایەتی و پرێستیژەیەکە بۆیان و جۆرە پێشبڕکێیەکە لەگەڵ بەرپرسانی تری ھاوتایان. ئەم سوپا پاسەوان و کاروانە ئوتۆمبێلانەی لۆردەکانی جەنگ، جگە لە بە ھەدەردان سودێکی تریان نیە. تەواوی ئەم بەھەدەردانانە لە کاتێکدایە کە بەردەوام لە سەقامگیری و باشی باری ئاسایشی کوردستان قسە دەکرێت.


بە پێی زانیاریەکانی ژوری لێکۆڵینەوەی ئابوری بزوتنەوەی گۆڕان; (٤٠.٧٪)ی فەرمانبەرانی ھەرێم، ھێزی ئەمنی‌و چەکداریین.


ھێزی پێشمەرگە و حکومەتی ناوەندی.


سیستەمی حوکمی ھەرێمی کوردستان دەکرێت بوترێت فۆرمێکی کەم نمونەیە. لە دەستوری ئێراقیدا وەکو ھەرێمێک لە چوارچێوەی ئێراقی فیدراڵ ناسراوە، بەڵام زۆر دورە لە سیستەمی فیدرالیەوە. ھەرێمی کوردستان خاوەنی سوپای خۆی و وەزارەتی پێشمەرگەی خۆی و بریاری سیاسی خۆی و وەزارەتێکی سێبەری تایبەت بە کاروباری دەرەوەی خۆیەتی.ھەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی تایبەت بە خۆی لە نزیکەی ٢٠ لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتی ڕۆژئاوادا ھەیە کە ھیچ پەیوەندیەکی فەرمیان بە دەزگا دبلۆماسیەکانی حکومەتی ناوەندیەوە نیە . لە ناو ئەو وڵاتانەشدا بەلجیکا.


ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێراق دا ناکرێت وەکو کۆنفیدراڵ تێیان بڕوانرێت لەبەر ئەوەی یەکێتی دوو وڵاتی خاوەن شکۆمەندی نیە.


ئەمەش وایکردووە کە ھێزە چەکدارەکانی ھەرێم،واتە ھێزی میلیشیایی پدک و ینک ، ھیچ پەیوەندیەکیان بە ھێزە ئێراقیەکان و حکومەت و وەزارەتی بەرگری ناوەندەوە نەبێت.


نکۆڵی لەوە ناکرێت کە زۆربەی خەڵکی کوردستان نایەوێت ھێزە چەکدارەکانی کوردستان بخرێنە ژێر فەرمانی ناوەندەوە. ئەمەش بەھۆی ئەزمونی تاڵی دەیان ساڵ لەگەڵ سوپای ئێراقی جێگەی تێگەیشتنە. بەڵام ھەردوو حکومەتی ھەرێم و ناوەند تاکو ئێستا نەیانتوانیوە بگەنە فۆرمێکی ھاوبەش بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەم کێشەیە. بە تایبەتی لەسەردەمانێکی وەکو ئەمڕۆدا پیویستیەکی ژیانیە بۆ ھاوڵاتیانی ھەردو لا. حکومەتی ئێراقی تەواوی ئەو چەکانەی لە ڕژێمەکەی سەدام حسێنی بەدەست ھێناوە یان لە لایەن ئەمەریکا و وڵاتانی دۆستیەوە پێی بەخشراوە یان کڕیویەتی، ھێزەکانی پێشمەرگەی لێ بێبەری کردووە. موچەی ھێزی پێشمەرگە چەندین ساڵە لە لایەن حکومەتی ئێراقیەوە ڕاگیراوە لەبەر ئەوەی لە ژێر فەرمانی وەزارەتی بەرگری ئێراق نین . لە کاتێکدا قسە لە ٣٠٠ ھەزار پێشمەرگە دەکرێت لە کوردستاندا. ئەمەش بارێکی قورسە بۆ سەر بودجەی ھەرێمی کوردستان و کاریگەری لەسەر رادەی موچە و گوزەرانی پێشمەرگە و خێزانەکانیان ھەیە.


ئەم گەندەڵی و بەھەدەردان و سەقامگیری نەکردنەی پەیوەندیەکانی حکومەتی ھەرێم و ناوەند بەڕادەیەک کاریگەرە، بونەتە ھۆکاری ئەوەی بەشی زۆری بودجەی ھێزە چەکدارەکان و وەزارەتی پێشمەرگە لە خزمەتی پێشمەرگە ی کارا نەبێت و موچەکانیان لایەنی کەمی گوزەرانی خۆیان و خێزانەکانیان دابین نەکات. ڕۆژانە چیرۆکی دڵگران دەبیستین سەبارەت بە پێشمەرگەکانی بەرەکانی شەر کە زۆربەیان لە کاتی ئاشتیدا ناچار بون دوای دەوامی سەربازیان کاری تری لاوەکی بکەن. بەڵام ئێستا بە ھۆی شەری داعش و دابڕانیان لە کاری لاوەکی لەسەر قەرز دەژین و خیزانەکانیان لە خوار ئاستی ھەژاریەوەن. تەنانەت ھەندێک لە پێشمەرگەکان ناچارن بە پارەی قەرز بگەڕێنەوە بۆ بەرەکانی جەنگ، یان سەردانی خیزانەکانیان. ئەمەش وای کردووە کە ورە ی پێشمەرگە و ئامادەیی بۆ خۆبەخت کردن دابەزێت و ژیانی بۆ سیستەمێکی گەندەڵ و نادادپەروەری وڵاتێک نەخاتە مەترسیەوە کە گوزەرانێکی شیاو بۆ خۆی و خێزانەکەی دابین نەکات.


لە کۆتایی باسی ھێزە چەکدارەکان دەمەوێت ووتەی بەرپرسی میحوەری کەرکوک مەحمەد حاجی مەحمود بخەمە ڕوو کە بە حەق لە ئەنجامی شکانەکان لە بەرامبەر داعش ووتویەتی( ٢٢ ساڵە ئیش لەسەر دروستکردنی ھێزی پێشمەرگە دەکەین بەڵام نەمانتوانی ٢٢ کاتژمێر بەرگری بکەین).


نکۆڵی لەوە ناکرێت کە ئەمڕۆ ھەرێمی کوردستان پیویستی بە ھاوکاری سەربازی و چەکی پێشکەوتو، پسپۆری سەربازی،کەرەستەی پزیشکی، ھاوکاری ئاسمانی، ھاوکاری ھەواڵگیری ... ھتد ھەیە . بەڵام ھۆکارەکانی پلەی یەکەمی شکانەکانی ھێزی پێشمەرگە و سوپای ئێراقیش لە ناوخۆیدایەو پێویستە وڵاتانی پشتیوان گرنگی بەو لایەنە بدەن. ھەوڵ بدەن فشار بخەنە سەر دەسەڵات و دوو حیزبەکەی دەسەڵات کە پەیڕەوی یاساکان بکەن و بە ئاراستەی سیستەمێکی باشی حوکم بچن.


ئەرکی وڵاتانی بەرەی دیموکراتی ئەوە نیە کە سیستەمە گەندەڵە نادیموکراتیەکان لە کاتی مەترسیدا بە پارە و سامانی ھاوڵاتیانی باجدەری خۆی پشتیوانی بکات. بەردەوام و بەردەوام ئەم ھاوکاریانە و خەرجیانە دوبارە و چەند بارە بکاتەوە، بەڵکو ئەرکی مۆڕاڵی ئەو وڵاتانە ئەوەیە کە فشاری بەردەوام بخاتە سەر حکومەتەکانی ئەو وڵاتانەو ھاوکاریەکانیان بە مەرج پێشکەش بکەن. بەو مەبەستەی لەسەر پێی خۆیان بوەستن، نەک ڕابھێنرێن بەوەی ببنە مشەخۆری بەردەوامی ھاوڵاتیانی باجدەری وڵاتانی دیموکراسی، خۆشیان لە ڕێگای ناشەرعی و گەندەڵیەوە سامانی وڵاتەکەیان لە خۆیان و ھەوڵی مانەوەی ناشەرعیان خەرج بکەن.


سیستەمە گەندەڵ و ناڕەواکان خۆراکی بەھێزکردنی ڕادیکالیزم و تیرۆریزمی ئیسلامی و شەرەناوخۆییەکان و کۆچی گەنجان و دروستبونی لێشاوی پەنابەرانن بۆ ڕۆژئاوا. ئەگەر ئەم سیستەمانە ئەمرۆش لە تیرۆری ئیسلامی بپارێزرێن، سروشتی ناڕەوایی و گەندەڵی و نادیموکراسیەتەکەیان ڕادیکالیزمی ئیسلامی و شەری ناوخۆ لە ناو خودی وڵاتەکە زوو یان درەنگ ھەڵدەگیرسێنێت.
 

 

کوردستان فۆروم - بەلجیکا
kurdistanforum@hotmail.com

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک