په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٢\٢٠١٦

  کەویە بەفرەکانی دۆزەخ.

نەژاد عەزیز سورمێ

من ھەمیشە خەون بەوە دەبینم
باڵم ھەبن; لەگەڵ تۆدا بە ئاسماندا بفڕم..
بەڵام تۆ ھەردەم بیر لەوە دەکەیەوە
جێم بھێڵی و بە تەنێ خۆت ھەڵدەیە دۆزەخ..
بۆچی؟

''وی ھیوی'' لە رۆمانی (شەنگھای بیبی)دا.

(١)
شەرەنگیان
لە پیاڵەیەکی زێڕ پێ نۆشیم.
چاوە مەستەکان دەسخەڵەتیان دام..
چاوە مەستەکان کەمەندیان
لە مل نا، لە دڵ کردم..
چاوە مەستەکان کوشتمیان.
(٢)
سیماکان ون بوون،
کەس نازانێ کەوتوونە کوێ...
ئەوەی ھەیە ماسکە.
ئەوەی دیارە ماسکە.
دەتەوێ ماسکە،
ناتەوێ ماسک.س
(٣)
بەسەر ئەژنۆدا کەوتبوو،
یەکەم جارە
ژنان ببینم
لەباتی فرمێسک
مرواری ببارێنن.
(٤)
کلیلی دەرگا داخراوەکان
لای بووکی زەریایان نییە.
بە بەھاری خەواڵوو و
ھاوینی پێخواسیش نییە.
کلیلی دەرگاکان
کلیلی ئەفسانە و داستانان
بە ئافرەت و منداڵانی شنگالە
کە سەتان ساڵە ڕادەکەن.
(٥)
ئەوە وەختێک بوو
مەسیحیان لە خاچ دەدا
ئێستا منداڵان مەسیحن..
(٦)
وڵاتێکم
لە خەوندا دی
بە سەدای دەف
خۆری لێ ھەڵدەھات
بە سەمای ژنان لێی ئاوا دەبوو..
وڵاتێکی خۆش و ئاوەدان بوو..
بەڵام خەون بوو.
(٧)
ئەو خوداوەندانەی
ھەمیشە بێدەنگیان کردووین
نزا و ھاواریان پێ کپ کردووین،
ئێستا لە شەقامی
پایتەختە بە ژاوە ژاوەکانی سەدەی بیست و یەکەمدا
سواڵ دەکەن.
(٨)
پاسارییەک بەخشکەیی
لێم نزیک دەبووەوە
پاساری مەرگ بوو
پێڕانەگەیشتم بزانم بۆچی ھاتووە.
(٩)
مۆسیقای سپێدە لە کوێ بێنم
کە زەردە لە سەرانەو
من ھێشتا نەنووستووم؟
(١٠)
بە ڕێیەکدا دەڕۆیشتم
لە تابلۆیەکی ئەبستراکت دەچوو،
ئەندێشە
تاوگیری
ڕەھایەتی..
ژیان سەیرە!
سەیرە ژیان
بە ڕێیەکدا بڕۆی
لە تابلۆیەکی ئەبستراکت بچێ.
(١١)
سەمای سەحەر
کە لە نیوەی پیاڵەیەکی پڕ،
لە تارای بووکی نوور دەچێ،
ژیان
بە گەردی بەیانییەوە دەخەمڵێنێ
ھیوا نزیک دەکاتەوە.
(١٢)
ئەو عەترەی لەخۆت داوە
بۆنی ناکەم، دەیبینم..
(١٣)
پەڵەیەک بە دامێنی چیاوەیە
ھەیە دەڵێ
تۆ تەماشا شاخیش
ڕوومەتی تاوگەز دەبێ.
ھەیە بە برینێکی قەتماخگرتووی
دەچوێنێ!
بەڵام پەڵە،
نە گۆنای تاوگەزە
نە برینی قەتماخگرتوو
دەوەنێکە
لە شایی سەرچاوەکانی لووتکەوە
ھەوری ڕاخستووە و
بارانی بەخۆیدا داوە.
(١٤)
کە وەژوور کەوت
چایخانە مۆر بوو
باڵایەک، نەخشی خوا
کارتی دەبەشییەوە..
دوای ڕۆیشتنی
تا چەند ڕۆژێ
سێبەری باڵای
بەسەر کورسی و دیواری چایخانەدا مابووەوە..
چایخانە ھەر مۆر دەچووەوە.
(١٥)
ئەی شازادەی
نیشتمانی ئاییندەمان،
نیشتیمانی
بێداربوونەوەی گوڵە شین و سپییەکان..!
تکایە شتێک بکە!
ھەستە موچڕکپۆشە، سڕمەززەبە، نازانمگەراکان
لە بەھاربەندی ویژداندا دەرنەچن.
(١٦)
گوێی ئەو دوورگانە چەند سافن
دەڵێی سەدای خەرەندانن
ڕۆشنایی دەبینن
ڕەنگ لە یەکدی دەکەنەوە
ڕەنگ بەیەکتر دەدەنەوە!!
(١٧)
یاری بە جەستە
لە چاو ترووکانێکدا دەردەکەوێ.
یاری بە ھەست،
سەدەیەکی پێ دەچێ.
(١٨)
ئێستا تێگەیشتم
پەیبردن
بۆچی نیشانەی بەدبەختییە
تێگەیشتم ئێوارەی تەمەن
بۆ لاڵە
دڵت بەرد ئاسا
کانگەی سۆز و نەرمییە
ئێستا تێگەیشتم.
(١٩)
تۆ بیر لە ژەھری جەستە
لە لێوارە بەلەنجەکانی لەزەت،
دەکەیەوە..
تۆ بیر لە من ناکەیەوە.
(٢٠)
ڕۆژگاری وەرزە داراکان،
ئەو وەرزانەی
بە زەردەخەنەیەک دەژیان
ڕۆیشتن...
ناگەڕێنەوە...
(٢١)
بەختەوەرە
ئەو نەوەیە، بەختەوەرە
لە نھێنی جەستەو
باری گرانی ڕۆژگار دەگا.
ئەو نەوەیە
بەختەوەرە
ھەر کات بیەوێ
جێژوانی دەست دەکەوێ.
(٢٢)
نیوە مردوو بووم
لە بەینی چاڵ و ماڵاندا مابوومەوە،
گوێم لێ بوو
ئاوازێک
لە ناوەڕاستی دارستانێکی چڕدا
لە غەفڵەتی پاسەواندا
بە دیواری سینەمدا ھەڵدەگەڕا
دەخزایە دەمارە ماندووەکانم.
(٢٣)
منیش ئەگەر
ھەڵەشەیی و ڕەنگکوێری و ھەڵپەییم
لەدەستدا بووایە
سنوورێکم بۆ ھێرشی چۆلپەرستان دادەنا
ئەگەر دڵم
بەڕاستی لە سنگمدا بووایە
نەمدەھێشت ژنان یاری پێ بکەن.
(٢٤)
نیشتمان ئەوە نەبوو
لە چیرۆکێکی کورتمان نووسییەوە.
بە داخەوە،
جارێکی دیش بەداخەوە
نیشتمان خاچێکی ئاسنین دەرچوو
لە شەڕ، لە مەرگمان زیاتر لێ نەدی..
بەداخەوە، سەت ھەزار جار بەداخەوە
نیشتمان
(سەیرانگای بەھاران..) نەبوو.
(٢٥)
ئەوەی خوێندمەوە ھەڵوەری.
ئەوەی بینیم،
بەداوای لێبوردنەوە درۆ دەرچوو
ئێستا قەڵەمیش
ئیلھام لە بادەی شەراب و
چاوغایەنی و شەوبەکێویدا ھەڵدێنجێ..
دونیا ھەمووی
بووە بە شانۆییەکی وەڕسکەر.
(٢٦)
باران نییە
تاوێکی لەو ڕەنگە گەرمیش نییە..
من ئەو چەترەم بۆ ھەڵگرتووە؟
بەخێر بێی سەرەتای شێتیەتی!
(٢٧)
وریابە!
ئەوەندە ڕوومەدە با
باران شەوانی گۆشەگیریت
ڕووناک دەکاتەوە.
زۆرمان بۆ با کرد
لە ڕەشکردنەوەی بەفرو
بەلاداھێنانی دەرختان
چی دیکەی بۆ نەکردین.
(٢٨)
خەم نیشانەی نییە
ھەیبووایە
نامەردان
ئەویشیان
بە پڕۆژە کورتھێنەرەکانیان
دادەپۆشی..
نەیاندەھێشت دەربکەوێ..
ئەوە ڕاست نییە
مرۆڤ تا ھەتایێ نامێنێ!
وابووایە
ئەو ماوە کورتەی ژیانمان
ئاسوودە بەڕێ دەکرد.
(٢٩)
قەسیدەیەک
وەک کۆڵسترۆڵی بەد
لە دەمارەکانمدا گیر بووە
نازانم کەی دەمکوژێ.
(٣٠)
ھەرچی ڕەنگی دونیا ھەیە
بە پەتێکەوە ھەڵدراونەتە ئاسمان
ئێستا زانیم
ئاسمان بۆچی
جوانی جارانی نەماوە.
(٣١)
لە باوەش گرتنی بەدەر
ئێمە،
چ دەتوانین
لەگەڵ پەیکانی شکانەوە بکەین؟
(٣٢)
ئەو ھەناسانەی
لەم تابلۆیەدا نمایش کراون
بەڕادەیەک تەنگن
ئێستاش نەبێ
تاوێکی دی لە چوارچێوە دێنە دەرێ.
(٣٣)
کە سەرپشکیان کردی
دیاریەک وەربگری;
گیای بناران
کەفی شەپۆلان
نەمامی کەنار..
(٣٤)
ترس دەچێتە دڵی واڵاوە
ئەوەی بیەوێ،
ئازاد بژی
نابێ دڵی بۆ ترس بکاتەوە.
(٣٥)
ساوی دیوارە بەردینەکان
ژوانی نھال و پەنا و پەسیوان
نۆستالیژیای برینانە.

(٣٦)
ئەو خانمە سپیپۆشەم
وەک چرای زەمانێ دێتە بەرچاو
کە ئێستا ڕوەتی بۆ گەڕاوەتەوە..
خانەی خەفەت و
شیبای بەھەڕمێنی
سەردەمی کارخانەچییانە.
(٣٧)
کۆتر فڕی ئیتر...
دەست لە چۆک وەرێنان
چ سوود؟
(٣٨)
پێک ھەڵدان دەبێ
پێش،
تێکشکانی خۆشەویستی بێ.
(٣٩)
لە پەنجەرەڕا
مانگ
خاڵێکی سپییە
بە تەوێڵی زەوییەکی دی ڕەشی
خاڵ خاڵەوە..
(٤٠)
لە ژوانێکی ئافرێنەر
کە پێک دەگەین و
خۆمان بە بەختیارییەوە
پیس دەکەین
ترسی گومانکاران
دەبێتە ھەوری ھاوینان.
(٤١)
من کۆلاژ دروست دەکەم
کۆلاژ، ھونەری پاڵاوتەو
سوختەی دیدارئاخر بوون..
حیکایەتە لەناو چوو و
ھێشتا نەھاتووەکان دەگێڕمەوە..
ئەوە خەونی منە;
درەخت بۆنیان ھەبێ
وەرزەکان پێبکەنن،
باران ئاھەنگ لە شکارتان بگێڕێ..
ئەوە خەونی منە،
خەمتان لێ نەخۆم..
خەمتان نەدەمێ..
خەونێکی چۆنە؟؟
(٤٢)
کە زەنگی تەلەفۆنەکەم لێ دەدا،
دڵم دادەخورپێ..
ئەوە چ کسپەیەکە،
چ بەڵایەکە خودایە
بۆ عەبدی خۆتت ناردووە؟
(٤٣)
ڕەشەبای
لەقژی تۆوە ھەڵدەکا،
بە ھێمنییەکی نەدیتراوەوە دامدەپۆشێ.
من ئادەمییەکی بە سەبرم
دەنا ڕەشەبا و
ھێمنییان گوتووە؟
(٤٤)
موچڕکی جەستەت،
لە موچڕکی کاتی
شیعر نووسین دەچێ.
(٤٥)
کوێریش بین
چیمان پێ نەکرێ
ئەوە دەتوانین
ھەرچی تاریکی دونیا ھەیە
بەناوی خۆمان بکەین.
با چاو ساغەکانیش
بە ڕووناکی کوێر بن.
(٤٦)
کە منداڵ بووین
بەوە دارا بووین
دوو دارمان لێ دیار بوو.
ئێستا لە تافی ئازادیدا
لە مۆڵ و
دیواری شووشەبەند و
وایەری تێکچڕژاوی
موەلیدان زیاتر نابینین.
(٤٧)
ویستم قەسیدەیەک
لە بارەی تینیوویەتییەوە بنووسم
سەیرە
ھەموو شتێکم بەبیردا ھات
ئاو نەبێ!
(٤٨)
خەونم دی
لە دارستانێکی نزیک (وایت ھاوس)
لە پاڵ ئافرەتێکی ئەمریکاییدا بووم،
ھەموو پرسیارەکانمان وەڵام دایەوە..
لەگەڵ ئەوەشدا
چەندی کردم،
نەیویست بمناسێ!!
(٤٩)
ژنێک
بیر لە پیاوێکی
پرچ زەردی چاوشین دەکاتەوە.
پیاوێک
بیر لە
ژنێکی قژ ڕەشی ئەسمەر!!
(٥٠)
من بە دێڕێک پێت دەڵێم:
لێوەکانت ژیان و مەرگم لەبیر دەبەنەوە.
(٥١)
ئاگرێکی چوار گۆشەمان بۆ پێ کراوە
لە پاژنەی ژنێک دەچێ..
وێنەی ئەو شارانەی
شەو و ڕۆژیان تێدا نییە
ئەو بە وی دی ھەڵدەکا
شەقام دەیداتە دەست شەقام.
(٥٢)
شارستانییەت،
واتە ئاشتی.
لە منداڵی
ئەوەیان
بە بەرەواژی تێگەیاندین.
(٥٣)
ئێمە دەنگی
ئاھەنگ و شاییمان
دەگاتە ئاسمانان...
لێ کۆترمان
لە بنمیچان دەگمێنێ!
(٥٤)
ئێوارەیەکی نائاسایی بوو
پیاسەم بە جەستەدا دەکرد;
بە گەردندا شۆڕبوومەوە...
تا ئەو کاتە نەمزانیبوو
گەردن خەرەندێکی ئەوەندە تووشە
بەرەو باخچەی ھەناران
خلۆرم دەکاتەوە
بە دۆڵی ھات و نەھاتم دادەدا.
(٥٥)
تا چاو ماندوو دەبێ،
لە مەستیت دەڕوانم..
مەستی لە پۆلی مەرگە
سنووری ھەیە..
شیعر سنووری نییە.
(٥٦)
لە قوربانگەڕا
شکۆفە سەربڕاوەکان
بەسەر چڵی درەختەکانی بەر پەرستگاوە
دەبینم..
تێیان ناگەم..
نازانم چین..
نازانم بۆ؟
نازانم سەربڕ
لە قشلاخەوە ھاتوون،
یا ئێلاخ؟
لێ دەزانم نیشانەیەکی سپی نییە..
من نەموتووە ژیان خۆش نییە
بەڵام کو؟
(٥٧)
با ئەوە بە نھێنی بمێنێتەوە
چۆن و لە چ کاتێکدا دەنووسم
ئەوەندە دەڵێم،
ھەمیشە ئەو مێرگانەی
بە پێخواسی
پێیاندا ڕۆیشتووم
بۆنی بەھەشتیان لێ ھاتووە.
(٥٨)
جەستەی ماندووم
وێنەی گەڵای پاییزان
بە پشە بایەک ھەڵدەوەرێ..!
ئێوە بیرتان لەوە کردووەتەوە
جەستە بە با ھەڵبوەرێ؟
(٥٩)
کە مناڵ بووم
گوێم لە مۆسیقا نەدەبوو..
دەنگی ئەو گوللانەی
شەڕ لەسەریان چاندبووم
نەیاندەھێشت..
ئەوسا
ئەگەر گوللەیش نەبا
لەبەر نەوای کچی سروشت
کەس مۆسیقای لە یاد نەبوو.
(٦٠)
سروشتخوازان نووستوون
بە پاکی بمێنەوە ئەی خاک!
ئەی دوا ئومێد!
سروشتخوازان
بەزمگەیان پێ بەرنادرێ
بە پاکی بمێنەوە
ئەی خاک!
(٦١)
پێی لە دڵم ناوە...
لەبەر ھەوای خۆی
ئاگای لێ نییە.
(٦٢)
مەرگ، لە زستانێکی تووشدا
بە کۆنە پاڵتۆیەکەوە ھاتبوو
تەنیا یەک قۆپچەی پێوە مابوو..
ئەی (مەرگ)ی ڕووتەڵە، مەرگی ھەژار
ئێمە ڕۆژانە
سەتانی وەک تۆ
بە تەواوی ئەناقەت و
پاڵتۆی نوێی ئوتووکراوەوە
سەردانمان دەکەن.
(٦٣)
دوێنێ شەو
کێ بوو
گوڵاوپژێنی کردم؟
دوێنێ شەو، کە مردبووم
کێ لە خەوی ئەبەدی
بێداری کردمەوە و
دڵی بە من خۆش کرد؟
(٦٤)
لە سەفەری ھات و نەھاتەوە
گەڕابووەوە..
ماندوو... شەکەت
لێ ئومێد ون نا
تاجە ئەسترییەکیان لەسەرنا!
ئای لە وەفای مرۆڤ
لە دونیای غەددار.
(٦٥)
بەسەر ھەوری شینەوە
نامۆ، غەریب
ژیانی بەڕێ کرد..
لەبەر سێبەران
بەیانی بە ئێوارە و
ئێوارەی بە شەو سپارد..
حسابی بۆ سەراب
بۆ باران نەکرد کە شانی دەکوتا
لەگەڵ ئەوەشا
با بەزەیی بەدرەختان نەھاتەوە.
(٦٦)
ئەمشەو
تابلۆیەکی (حەمید جەمال)م ھەڵواسی
کە ھەر ئەو شەوە پێشکێشی کردبووم
لەو تابلۆیەدا بۆم دەرکەوت;
ڕەنگە زۆرجار
شەفەق و بوولێڵ
گوڵ و خوێن
ڕەنگ لە تابلۆیان وەربگرن.
(٦٧)
دڵم لە دارستانە چڕەکاندا ون کرد،
کە نەمدیون..
دڵم لە شارە گەورەکاندا لێ دزرا
کە سەردانیانم نەکردوون.
دڵم لە ئاگرە دامرکاوەکان
لە بەفرە ھەڵایساوەکان
لە باخچە بەردراوەکان و بانیژە لەرزۆکەکان
لە بن باڵی زەرنەقووتە بێ دەسەڵاتەکان
لە چاوی بێ سەری خوێنەران
بوژایەوە..
(٦٨)
دڵێک لەدەستەی شووشە..
شەوقێکی تاریک..
تارماییەکی ڕەش;
وەنەوزێک لەسەر سنگی تۆ بردمییەوە
شەوق وەک خۆی لێ ھاتەوە
تارمایی، ئێستاش نازانم
چۆن ون بوون.
(٦٩)
ناپرسم
ئەو شینایەتییە غەریبە،
کە نە لە ھەور دەچێ،
نە دەریا.. چییە؟
دەزانم
گریانی بەکوڵی باو
ڕامانی دەروێشانەی عارفانە
ئادگاری ڕۆحم پێ دەناسێنن.
(٧٠)
چرا بە فرمێسک کوژابوونەوە
ئاپۆرایەک،
دەوری جەنازەیەکیان داوە
مێژوو و جوغرافیای
لە قومارخانەیەک دۆڕاندووە

(٧١)
چۆلەکەیەک ھێللانەی
لەسەر زرێپۆشێکی شکاودا چێ کردبوو
بێچووەکانی
لە باتی پەڕ
تیخیان دابوو.
(٧٢)
وێنەی بارانێکی نەرم
بە پرچیدا ھاتمە خوار
ئەو چاوە پڕ لە بوغز و ئێرەییانە
بۆچی لێم ورد بوونەتەوە؟
من ڕەھێڵە نەبووم، باران بووم
ئەو شەپۆلە شێتانە
بۆ بەو ھەشتاوییە بەرەو من دێن؟
(٧٣)
تەنێ مانگ مابوو
لە پەنجەرەوە شادی
پێ دەبەخشیم
ئەفسووس
ئەویش
ئەویش ھەر شەوێک بوو
چیدی نەھاتەوە.
(٧٤)
دواجار
ئەوەشم بینی
دڕک لە ترسان
خۆیان لەناو گوڵاندا بشارنەوە..!
(٧٥)
بتوانم
بە ھەموو تینم
خەنجەرێک لە تەکنەلۆژیا دەوەشێنم
کە ناھێڵێ تاوێ
نان و ئاوێکی ئاسوودە بخۆین..
(٧٦)
بۆ کوێ دەچی؟
بۆ کوێ دەچی خانەگەردان؟
تۆ چڵێکی،
نە ڕەگت ماون نە ڕیشە
بۆ کوێ دەچی
بەردکێشی زەمانی دەقنەنووس؟
(٧٧)
سەمای ناو بەردەڵان
لە مۆسیقای دۆزەخ دەچێ،
کە ئاھەنگی خلۆربوونەوە و وێککەوتنیان
نەخشەی دوا بوومەلەرزەی فەنابوون
لە ئاسماناندا دەکێشێ.
(٧٨)
ئەوەی بە ھونەر ناسراوە.. نایناسین
ئەوەی شیعرە نایناسین
ئەوەی بە شێتایەتی ناو دەبرێ و
نەمان دیوە
ھیچی دی نموودی نییە
شتەکان ھەمووی لە درۆدا ھەڵکێشراون.
(٧٩)
کێ دەڵێ بەردی ئەو ڕەوەزە
بەدەیان قەسیدەی لەبن نییە؟
بە چ دەلیلێک
ئەو ڕێگایە دەگاتە جێ؟
(٨٠)
چ مەرگێکی جوان بوو
مەرگی ئالان;
ئەو منداڵەی
بە ھیوای پایسکلێک
دەریای تەی کرد..
پاشان
ڕێکەوت وابوو
لە باوەشی فریشتاندا
خەوی لێ کەوت
ھەر لە باوەشی فریشتانیشدا
زۆری نەبرد
ئالانی بچکۆلانە پیر بوو
ئیتر پایسکلی لەبیر چووەوە
چ مەرگێکی جوان بوو
مەرگی ئالانی پیر بە منداڵی
مەرگی ئالانی منداڵ بەپیری
چ خەوێکی جوان بوو
خەوی ئالان
جوان پڕ بە باڵای قەسیدەیەک
کە ھێشتا نەنووسراوەو
قەتیش نانووسرێ.
جوان بە قەد، کرێتی و درێژدادڕی
کۆبوونەوە بێزارکەرەکانی (سازان)
جوان بەقەد،
ناشیرینی ھێزی ئەمەریکای بەدبەخت!
(٨١)
نازانم
بۆچی شەو
بەخۆی و
خەنجەری ھەڵکێشراوی
لە کۆڵم نابێتەوە؟
کەسێ نییە پێی بڵێ؟
کەس نییە بەشەو بڵێ
بۆ واز لەو پیاوە ناھێنی؟
تۆ خۆت بە چی دەزانی!
ئێستا زەمەنی
زۆر لەتۆ
تاریکتر و دوورتر و ئەستوورتر
پەیدابوون.
(٨٢)
پێکەوە بووین
پێکەوە ئاگرمان لە خوداوەند دزی..
شەتاوی کوێستانانمان
پێکەوە خواردەوە..
چی بوو؟
چی ڕووی د؟
شنەی درەوشانەوە
شەبەنگی ناوەختی تاریکی؟
(٨٣)
شنگال ئاسمانێکە
لەسەر چیاوە،
ئەستێرەی ڕەنگاو ڕەنگ بەسەر دونیادا بەردەداتەوە
لە نەخشی مافوور دەچن..
شنگال بزەی بۆ خەرمانمان گەڕاندەوە.
شنگال
نیشتمانی
بەبێ نیشتیمانان بەخشی.
(٨٤)
کۆبانێ
ڕووبارێکی شێتە
بەخوڕ
بەناو قەدی چیاکانمانەوە تێدەپەڕێ..
کۆبانێ ڕووبارێکی شێتە
ھەوری ھەموو دونیای لەکۆڵە
ترسی ھەموو دونیای،
لە کەناری سەوزیدا ھەڵگرتووە.
ڕۆژانە
بە شەباقەی سنگی کچانی چاوگەشی
کە لە گوڵی سەرەتای بەھار دەچن،
دۆزەخ پێشانی
مەرگھێنەران دەدەن
کۆبانێ
پەلکەزێڕینەی ناوەختی نیشتمانم
گەردێکە لە خۆری مەحاڵ..
چرپەیەکە لە قووڵایی دەریادا.. کۆبانێ.
(٨٥)
لەژێر کەڤڕێکدا بوو
لە چەند پەڵەخوێنێکم زیاتر
لێ دیار نەبوو
وێنەی چیم بگرتبووایە؟
(٨٦)
کە ڕۆیشتین
چەشنی مینایەکی شکاو دەڕۆین
پاشان;
پاکەوانێک
بێدەنگ
بێ باس
بێ ھەواڵ
کۆمان دەکاتەوە..
(٨٧)
بەرەو کوێ؟
دیسان بەرەو مەنف؟
ئەی مێشکی ماندوو
سەری بە ئێش!
لە تاریکییەوە بۆ تاریکی
چ برینێک سارێژ ئەبێ؟
ئای نیشتمان;
چەندت غەدر لێ کردین
چەندمان غەدر لێ کردی.

 

٢٠١٤ - ٢٠١٥
nazhadsurme@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک