په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٢\٢٠١٦

کڵاوێکی شەرعیی بۆ هەڵبژاردن!

- بە بۆنەی دەیەمین گەڕی هەڵبژاردنی (مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران) و (مەجلیسی خبرگان) -


د. کامەران ئەمین ئاوە 

''لە شوێنێک کە ئازادیی‌ نییە، ئەگەر دەنگدان هۆی گۆڕانی شتێک بایە، بێ ‌گومان نەیاندەهێشت ئێوە دەنگ بدەن.''. (مارک توێن).


لە وڵاتێکی دێموکراتیک ماڤی مەدەنیی کاندیدبوون و دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا، هەروەها ئەندامی حیزب و ڕێکخراوەیەکی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی بوون یەکێک لە ڕەهەندەکانی سەرەکیی دێموکراسیی‌ و ماڤی شارومەندییەو بەم پێ‌یە تاک بەشداریی لە ژیانی سیاسیی‌و کۆمەڵایەتیی خۆی دەکا. ئەم ماڤانە بێجگە لە ماڤی دەنگدان، لە لایەن حکومەتی ئیسڵامیی ئێرانەوە هەر لەسەرەتای شۆرشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوییەوە بەردەوام پێشێلکراوە‌. ڕێبەرانی حکومەتی"ولایت فقیە" لە کاتی دەستپێکی نمایشەکانی هەڵبژاردندا بۆ مەشرووعییەت دانی زۆرتر بە خۆیان بانگشتنی خەڵکیی‌و تەنانەت دژبەرەکانی نیزامیش بۆ دەنگدان دەکەن. بۆ وێنە "خامنەیی" لە قسەکانی خۆی بۆ خەڵکی قوم باس لە پێداویستیی بەشداریی هەموو، تەنانەت ئەوانەی دەکا کە نیزام و ڕێبەریان قەبووڵ نییە. بە وتەی خامنەیی بەشداریی هەمووان لە هەڵبژاردندا دەبێتە هۆی سەقامگیریی‌و بە هێزبوونی نیزامی ئیسڵامیی، مسۆگەرکردنی هێمنایەتیی تەواو، چوونەسەرەوەی جێ‌باوەڕیی و ئابڕوی نەتەوەی ئێران لەمەر چاوی خەڵکی جێهان و گەورەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لای دوژمنانی ". لێرەدا ڕێبەری حکومەتی ئیسڵامیی ئێران تەنیا باس لە بەشداربوون دەکات، نە ڕێ پێدان بە کاندیدبوونی دژبەرەکان. پاش ڕەتکرانەوەی سەلاحییەتی زۆربەی چاکسازیخوازەکان لە لایەن"شورای نگهبان"ەوە خامنەیی لە ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاویی بۆ پاراستن و بەرگڕیی لە بڕیارەکانی ئەم ڕێکخراوە نادێموکراتیکە، لە کۆبونەوەی لەگەڵ بەرێوەبەرانی هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسلامیی و مەجلیسی "خبرگان" سەبارەت بە بەشداریی دژبەرەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە هەڵبژاردنی مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵدا دەڵێ:" بەندە کووتم ئەو کەسانەی کە نیزامیان قەبووڵ نییە دەنگ بدەن، نە ئەوەی کە کەسانێک بۆ مەجلیس بنێرن کە نیزامیان قەبووڵ نییە".

 

جێگای سرنجدانە کە زۆربەی ئەوانەی کە "سەلاحییەتیان" ڕەتکراوەتەوە، نە دژبەرانی نیزامی ئیسلامیی ئێران، بەڵکوو بەشێک لە نیزام یان بە وتەیەکی دیکە چاکسازیخوازەکانن کە باوەڕیان بە تەواویەتیی کۆماری ئیسڵامیی و یاسایی بنەرەتیی ئێران هەیە. ئەوە بۆخۆی پێشاندەری ئەم راستییەیە کە لە نیزامێکی تیۆکراتیکدا هەڵبژاردن و بەشداریی خەڵکیی وەکو"میزانی مەشروعییەتی نیزامی سیاسیی، پشتیوانیی نەتەوەیی لە ئاستیی نێوخۆیی‌و جێ‌باوەڕیی‌و متمانە‌ پێ‌کردن لە ئاستیی نێونەتەوەیی و ناوچەیی لەبەرچاو دەگیرێ." لەم چەشنە پێکهاتەیەدا بە پێی ئەزموونی پتر لە سێ دەیە دەستەڵاتداریی ئیسلامییەکان و ٣٢ جار هەڵبژاردن، لەوەناچێ لە کۆماری ئیسڵامیی‌دا هەڵبژاردن ڕۆڵێکی وەها لە ژیانی سیاسیی خەڵک و دیاریی کردنی چارەنووسی ئەوان بگێرێ. ئاڵوگۆڕی جیددی لە سیستێمی سیاسیی هەر وڵاتێک پێداویستیی بە مێکانیسمێک هەیە کە بە چەشنێکی مەدەنیی بتوانێ بواری بەشداریی خەڵک و نوێنەرانی راستەقینەی ئەوان بۆ بڕیاردان پێکبهێنێ. کاتێک لەم حکومەتەدا ڕی‌و شوێن بە هێزەکانی خۆیی نادرێ، کە بەشێکی زۆریان لە دارشتن‌و درووستکردنی بنەماکانی ئەم ڕێژیمە ڕۆڵی سەرەکییان بووە، چۆن دەتوانین چاوەڕێ ڕێ پێدان بە هێزەکانی پێشکەوتنخواز بە بیرو باوەڕێکی جیاوازەوە بین؟ بە پێی وتەکانی "حوسێن مەرعەشی ئەندامی شورای بەرزی دارشتنی سیاسەتی چاکسازیخوازەکان، لە ٣٠٠٠ کاندیدای ئەوان بۆ دەهەمین دەورەی هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسڵامیی ئێران تەنیا ٣٠ کەسیان قەبووڵکراون و لەسەتا ٩٩ی ئەوان لە لایەن ڵێژنەکانی چاودێرییەوە ڕەتکراونەتەوە" . ئەوە پێشاندەری ئەم ڕاستییەیە کە ناکرێ لە سیستێمێکی نادێموکراتیکی تیۆکراتیکدا چاوەڕوانی هەڵسوکەوتێکی دێموکراتیک لە لایەن نوێنەرانی "وڵایت فقیە" بکردرێ.


ڕەوایی مەجلیسی شورای ئیسڵامیی ئێران؟


لە ڕێژیمی تیۆکراتیکی ئێراندا بوونی "چاودێریی چاک‌زانیی" واتە "نظارت استصوابی" ئەمرازی سەرەکیی و قانوونیی بۆ پاراستنی بنەما سەرەکییەکانی حکومەتی ئیسلامیی و "ولایت فقیە"، و پێکهاتەیەکی نادێموکراتیک‌و دژ بە تەواوی ماڤەکانی مرۆڤ وەکو ماڤی مەدەنیی، سیاسیی‌و کۆمەڵایەتییە. لە نەبوونی ئەم سێ بنەمایەدا ماڤی خەڵک بۆ بەشداریی لە ژیانی سیاسیی کۆمەڵایەتییان پێشێل‌دەکرێ و خەڵکی ناتوانن لە ڕێگەی بەشداریی لە هەڵبژاردندا، چەشنی حکومەت و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی دەستەڵات، یەک لەوان مەجلیسی دڵخوازی خۆیان پێک‌بێنن. بە پێی ئەم پێوەرە، بوونی بەربەستێکی نادێموکراتیک وەکو "شورای نگهبان" بۆ ڕەتکردنەوەی ڕەوایی ئەو پێکهاتەیە واتە مەجلیسی شورای ئیسڵامیی کە هەڵبژاردنی بۆ دەکرێ، بەسە، بەڵام بێ‌گوومان بۆ هۆگران‌و دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی، چاکسازیخوازەکان یان ئەوانەی کە بەم باوەڕەن کە بە پێی یاسای بنەرەتیی ئێران دەکرێ لە چوارچێوەی حکومەتی ئیسڵامیی ئێراندا ڕێگەیەک بۆ پاشگەزبوونەوەی هێزی دەستەڵاتدار و دێموکراتیزە کردنی ئەم ڕێژیمە بدۆزرێتەوە، ئەم چەشنە پێکهاتەیە وکو سیستێمێکی قانوونیی دەناسێندرێ و بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا وەکو پێوەری ڕەوایی و کارامەیی ڕێژیمی سیاسیی، سیاسەت‌دارشتن و جێ پەسەندبوونی کارگێڕانی سیاسیی ئەو ڕێژیمە پێناسە دەکرێ. چۆنییەتیی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسڵامیی ئێراندا هەمیشە لەسەر بنەمای خەوشدارکردنی تەواوی پێوەرە دێموکراتیکەکانی پێویست بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد بووە و لەم ڕەوتەدا تەنیا ئەو کەسانەی کە مەترسییەکیان بۆ نیزام نییە و دڵخواز و پەسەندکراوی "ولایت فقیە"، "شورای نگهبان"و ڕێبەریی"سپای پاسداران" بوون و بە دڕێژایی حکومەتی نوێنەرانی خودا، خزمەتیان بە ڕێژیمی سەرکووت و سێدارە کردوە، ڕەوانەی مەجلیس کراون. ئەرکی سەرەکیی ئەم چەشنە نوێنەرە دەسەمۆکراوانە تەنیا یاریدەدان بە پاراستنی ڕێژیم و نیزامێکە کە لەسەرەتای پێکهاتنییەوە هەتا ئێستا نادێموکراتیک و دژ بە ماڤی مرۆڤ بووە. بە پێی ماددەی ٢٥ی‌ "کنوانسیۆنی نێونەتەوەیی ماڤی مەدەنیی و سیاسیی"، هەر شارومەندێک بێ لەبەر چاوگرتنی ئەو سنوورانەی کە لە بەندی ٢دا هاتووە، بێ هەر چەشنە بەرتەسکردنەوەیەکی نابەجێ، ماڤی کەڵک وەرگرتنی لە دەرفەتەکان بۆ بەشداریی لە بەرێوەبردنی کاروباری گشتیی بە چەشنێکی ڕاستەوخو یاخود لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ئازادی نوێنەرەکان، ماڤی دەنگدان و کاندیدبوون لە هەڵبژادنەکانی ڕاستەقینەی دەورەیی لەسەر بنەمای ماڤی دەنگدانی گشتیی، بەرامبەر و نهێنیی هەیە. ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ئەم کنوانسیۆنەی واژوو کردوە، بەڵام دەستەڵاتدارەکانی ئێران بە پێێ یاسای بنەرەتیی ئێران، ماڤی مەدەنیی و سیاسیی شارومەندەکانیان پێشێلکردوتەوە.


بەشێک لە خاڵە پێشێلکراوەکانی حکومەتی ئیسڵامیی لە ڕەوتی هەڵبژاردندا بریتین لە:


ڕەوتی لێکدانەوەی سەلاحییەتی کاندیداکان دوو قۆناخ لەخۆی دەگرێ. لە قۆناخی یەکمدا "شورای نگهبان" لە دەستەڵاتی بێ سنووری خۆی بۆ دیاریی کردنی کاندیداکان یان ڕەتکردنەوەی ماڤی بەربژێر بوونیان کەڵک وەردەگرێ و لە قۆناخی دووهەمدا خەڵکی دەبێ دەنگ بەو کەسانەی بدەن کە نە هەڵبژاردەی خۆیان، بەڵکوو دیاریی ‌کراوی شورای نگهبانن. پێوەرەکانی لێکدانەوەی لێهاتوویی کاندیداکان بە پێی ماددەی ٢٨ی یاسای هەڵبژاردنی مەجلیسی ئێران کە لە ساڵی ١٩٩٥ی زاێنییدا پەسەندکراوە و پاشان چەندین جار پێداچوونەوەی بەسەردا کراوەتەوە، لە دژایەتیی لەگەڵ ماددەی ٢٥ کنوانسیۆنی نێونەتەوەیی ماڤی مەدەنیی و سیاسیی‌دایە. بە پێێ ئەم ماددەیە"کاندیداکان پێویستە باوەڕ و پابەندیی ڕاستەقینەییان بە ئیسڵام و نیزامی پیرۆزی کۆماری ئیسڵامیی ئێران بێ"، هەروەها دەبێ وەفاداریی خۆیان بە "یاسای بنەرەتیی‌و ماددەی پێشکەوتنخوازانەی ولایت فقیە" ڕابگەینن. "کاندیداکانی سەرۆک کۆماریی بە پێێ ماددەی ٣٥، بەندی ٦ی مەرجەکانی هەڵبژاردن و کاندیدبوون بۆ سەروک کۆماریی، پیویستە بیسەڵمێنن کە باوەڕیان بە بنچینەکانی کۆماری ئیسڵامیی ئێران و مەزهەبی فەرمی وڵات هەیە" . بەم پێ‌یە ماڤی کاندیدبوونی بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ئێران وەکو سونەکان و پێرەوانی ئایینەکانی دیکە یاخود ئاتەیستەکان و هتد .. کە لە چوارچێوەی مەزهەبی "شیعەی اثنی عشری"دا ناگونجێن و باوەڕیان بە "ولایت فقیە" نییە، پێشێلدەکرێ.


شورای نگهبان بەردەوام لە تەواوی هەڵبژاردنەکاندا سەلاحییەتی زۆرینەی ژنانی بۆ کاندیدبوون لە هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسڵامیی و تەواوی ژنە کاندیدەکانی سەروک کۆماریی بە پێی ماددەی ١١٥ یاسای بنەرەتیی ئێران رەت کردۆتەوە. بۆ وێنە بە پێی بەیانییەی "کۆمیتەی من کاندید دەبم" سەلاحییەتی پتر لە ٨٠٠٠ هەزار ژن بە پێێ بەندی ١ و ٣ی ماددەی ٢٨ی یاسای هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسڵامیی بۆ کاندید بوون لە دەهەمین دەورەی هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ڕەتکراوەتەوە. ئەوەش لە حاڵەتێکدایە کە بە پێێ پابەندیی نێونەتەوەیی کە لە لایەن دەوڵەتی ئێرانیش قەبووڵکراوە، قەرار وابوو تا کۆتایی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویی لەسەتا ٣٠ی کورسییەکانی مەجلیس بە ژنان بدرێت. سرنج راکێش ئەوەیە، ئەگەر لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاک و تووک ئیزنی کاندید بوون بە ژنان دراوە، بە پێێ ڕاگەیاندراوەکان سەلاحییەتی تەواوی کاندیدە ژنەکانی پارێزگای کرمانشا، سنە، کامیاران و دیواندەرە ڕەتکراوەتەوە.


ئەو چەند نموونەیە نیشان دەدات کە "شورای نگهبان" لە ڕێگەی "نظارت استصوابی" و سەلیقەی باڵیی وسیاسیی، خۆسەرانە توانایی رەتکردنەوەی تەواوی کاندیدەکانی هەیە و هیچ دەزگا و سیستێمێکی دەوڵەتیی و مەدەنیی توانایی بەرتەسککردنەوەی پانتایی دەستەڵات و بڕیاردانی ئەوانی نییە.


"بایکۆت"، "بەشداری" یان "نە بایکۆتی تەواو و نە بەشدارییەکی ئاکتیڤ".


لە ڕوانگەی بیربێژیەوە، بایکۆت‌ یاخود بەشداریی کردن، هەروەها ڕێگەی سێهەم واتە"نە بایکۆتی تەواو و نە بەشدارییەکی ئاکتیڤ"!! لە پێوەندیی لەگەڵ بنەواشەی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆن‌و خوێندنەوەی لە بارودۆخی سیاسیی‌و مەدەنیی ئێران، لاسەنگیی هێزەکانی دژبەر و دەستەڵات، پانتایی کاریگەریی ئەم ڕێکخراوەیە لە نێو خەڵکی ئاسایی و وڵامدانەوەی ئەوان بە ویست و هەڵویستیی حیزبەکانە. لەنەبوونی بارودۆخی پێویست و وڵامنەدانەوەی خەڵک بە ویستی حیزبەکان، بایکۆت کردن یان نەکردن، هەروەها هەڵبژاردنی ڕێگەی سێهەم ناتوانێ کاریگەریی لە فەزای دەورەی هەڵبژاردن یان لە گەشەسەندنی ئاگایی نەتەوەیی بێ‌، لە لایەکی دیکەشەوە کەڵک وەرگرتن لە بارودۆخ و فەزای دەورەی هەڵبژاردن بە مانای بەشداریی یان پشتیوانیی کردن و هاندانی خەڵک بە دەنگدان نی‌یە‌و ناکرێ ئەم دوو چەمکە یەکسان بگیرێ. لە بارودۆخێکی ئازاد و لە ڕێگەی پشتیوانیی کردن جەماوەری خەڵک لە نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان کە خەبات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەکەن، دەرفەت بۆ بە ڕۆژکردنی پرسی کورد لە کۆمەلگادا پێکدێ و پاشگەزبوونەوەی دەوڵەتی ناوەندیی بەستراوە بە ڕادەی هاوسەنگیی هێزەکانی کورد‌و دەسەڵاتە. لە نەبوونی ئەم مەرجە، هەر چەشنە بانگەوازێک بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی حکومەتی ئیسڵامی یاریدە بە مانەوە‌و سەقامگیریی زۆرتری دیکتاتۆریی لە ئێران، سەرڵەشێواندن‌‌و بە ڵاڕیدا‌بردنی بیروڕای گشتیی‌ سەبارەت بە حکومەتی تاران دەدا.

 

سیاسەتی "نە بایکۆت و نە دەنگدان"یش زۆرتر نیشاندەری بنبەستی فیکریی‌و ناتوانیی هۆگرانی ئەم بیرۆکەیە لە لێکدانەوەی ڕاستییەکانی کۆمەڵگا‌و بارودۆخی نێو وڵاتە. پێویستە هێزێکی سیاسیی بە هەبوونی هەڵوێستێکی ڕوون، ڕێ‌پێشاندەری خەڵک بێ‌و بە شوێن خەڵک‌و ڕووداوەکان نەکەوەێ. کۆماری ئیسڵامیی بە پێی ئەزموونی پتر لە سی ساڵ حکومەت کردن لە ئێراندا، نیشانی‌داوە ئامادەی پاشگەزبوونەوە لە بنەواشەی ئۆلیی و شەرعیی خۆی نییە و بە پێی پێوەرەکانی خۆی نە تەنیا ڕێ بە دژبەرەکانی، بەڵکوو تەنانەت ڕێ بە باڵەکانی نیوخۆیی و چاکسازیی لە سیستێمی دەستەلاتداریی و هتد ... نەداوە و نایدات، بێ‌گوومان "بەپێی نادێموکراتیک‌ بوونی گشت سیستێمی دەستەڵاتداریی و هەڵبژاردن لە ئێراندا، کە پێشتریش تا رادەیەک ئاماژەی پێکرا، ئاسۆیەک لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕێکی جیددی لە بارودۆخی کۆماری ئیسڵامیی نابیندرێ. لە کاتی سەرۆک کۆماریی "خاتمی"دا کە چاکسازیخوازەکان ڕۆڵی سەرەکییان لە وەزارەتەکان و مەجلیسی شواری ئیسڵامیی ئێران بوو، هەروەها ماوەیەکیش فەزایەکی نیوە ئازادییان بۆ باڵی نێوخۆیی پێک هێنابوو، بە پێی سیستێمی ڕێبەرایەتیی"ولایت فقیە"و"شورای نگهبان" نەیانتوانی ئاڵوگۆڕێک لە شێوەی بەرێوەبردنی وڵات و بەرتەسککردنەوەی دەستەڵاتی ڕێبەریی و "شورای نگهبان" پێکبێنن. سەرەرای ئەوەش، ئەوە بۆ مانایە نییە کە هیزێکی ئۆپۆزیسیۆن نابێ لە فەزایەک کە پێکدێ، بە پێی رادەی دەستەڵاتی خۆی کەڵک وەرنەگرێ. بۆ کەڵک وەرگرتن لە فەزای دەورەی هەڵبژاردن، هێزێکی دژبەر بە پێی توانایی دەتوانێ لە چەشنە جوراوجۆرەکانی خەبات، یەک لەوان بایکۆت کردن و ڕوونکردنەوەی زۆرتری خەڵک سەبارەت بە ناوەرۆک و ماهییەتی کۆماری ئیسڵامیی، یاریدە بە گەشەسەندنی زۆرتری ئاگایی خەڵکی ئاسایی بدات. ناردنەوەی سەندووقە خاڵییەکان و یاخود کەم بوونەوەی ڕادەی دەنگدان دەتوانی نیشانەی ئاستی بەرزی ئاگایی نەتەوەیی، هەروەها نارەزایەتی خەڵک و ئەمرازێکی گوشار بۆ رێژیم بێ.

 

دەنگ‌نەدانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دامەزرانی "کۆماری ئیسڵامیی" لە هەڵبژاردنی ١٠ و ١١ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ی هەتاویی و یاسای کۆنەپەرەستانەی بنەرەتیی ئێران لە ١١ و ١٢ی سەرماوەزی ١٣٥٨ی هەتاویی وەکو خاڵێکی مێژوویی و جێگای شانازیی بۆ کۆردی ڕۆژهەڵات دەمێنێتەوە. دابەزینی ڕادەی بەشداریی‌کردن و دەنگدانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکاندا پێشاندەری کۆڵنەدانی نەتەویەکە کە سەرەرای پتر لە سی ساڵ سیاسەتی سەرکووت و سێدارەی حکومەتی ئیسڵامیی، لە بەرامبەر ڕێژیمی ئێران ڕاوەستاوە و کەڵکی لە هەر دەرفەتێک بۆ دەڕبڕینی نارەزایەتیی خۆی گرتووە. بە پێی توێژینەوەیەک بە نێوی" لێکدانەوەی ڕەوتی بەشداریی‌ کردنی شارومەندانی پارێزگای کوردستان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی لە ساڵەکانی ٨٤-١٣٧٦"دا کە لە لایەن "ئەنجومەنی ژئۆپۆلیتیکی ئێرانەوە" بڵاو بۆتەوە، ڕاشکاوانە باس لە دابەزینی ڕادەی دەنگدانی خەڵکی کورد لە هەڵبژاردنەکاندا دەکرێ. بە باوەڕی نووسەرانی ئەم لێکۆڵێنەوەیە "ئاکاری سیاسیی شارومەندانی پارێزگای کوردستان لە چوارچێوەی بەشداریی کردنیان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی، بە هۆی جیاوازیی قەومیی و ئۆلیی ئەوان لەگەڵ زۆرینەی کۆمەڵگای ئێران، چاڵاکیی سیاسیی ئەلیتی قەومیی لەم بوارەدا، هەروەها کاریگەریی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەیی لەسەر خەڵکی ئەم پارێزگایەدا، هەمیشە جێگەی سرنج و بایخێکی تایبەتیی بووە. بەشداریی‌کردنی خەڵکی پارێزگای کوردستان لە سێ دەورەی هەڵبژاردنی ئەم دووایانەی سەرۆک کۆمارییدا [واتە دەورەکانی ٧ تا ٩] پێشاندەری دابەزینی ئاشکرای ڕادەی دەنگدانی خەڵک لە نێوان ئەو دوو دەورەیەدایە، تا ئەو ڕادەیەی کە بەشداریی کردنی خەڵکی پارێزگای کوردستان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی لە ساڵی ١٣٧٦ هەتاویی لە سەتا ٧٩.٤ - وە، بە سەتا ٢٤.٦ لە ساڵی ١٣٨٤ گەیشتووە. ...." .

 

بەشداریی کردنی خەڵکی پارێزگای کوردستان لە ٩ دەورەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی‌دا.

 

 

ڕیز

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی

ڕێژەی ئەوانەی مەرجی دەنگدانیان بووە

ڕێژەی بەشداریی لە پارێزگای کوردستان

ڕادەی بەشداریی گشتیی لە پارێزگای کوردستان

( لە سەتا ٪)

١

دەورەی هەوەڵ

٤٦٠٧٧٥

٥٩١٠٠

١٢،٨٣

٢

دەورەی دووهەم

٤٨٦٩٣١

٢١٢٨٨٤

٤٣،٧٢

٣

دەورەی سێهەم

٤٨٦٩٣١

٢٣٥٩٨٠

٤٨،٤٦

٤

دەورەی چوارەم

٥٤٣٧٨٠

٢٨٠٤٥١

٥١،٥٧

٥

دەورەی پێنجم

٦٠٧٢٥٦

٣٥٦٣٢٢

٥٨،٦٨

٦

دەورەی شەشم

٦٩٤٦٨٧

٣٨١٧٩٠

٥٤،٩٦

٧

دەورەی حەفتم

٧٨١٠٤٨

٦١٧٣٥١

٧٩،٤

٨

دەورەی هەشتم

٩١٠٣٦٤

٤٨٦٥٩٦

٥٣،٤٥

٩

دەورەی نۆهم

لە دوو قۆناخدا

١٠٣٢٣٠٦

١٠٣٢٣٠٦

٣٨٥٧٧٦

٢٥٧٦٤٣

٣٧،٣٧

٢٤،٦٦

ڕادەی بەشداریی خەڵکی شارەکانی پارێزگای کوردستان لە دەورەی نۆهمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی‌دا.


 

شارەکان

ڕێژەی ئەوای مەرجی دەنگدانیان بووە

گشتی دەنگەکان

میزانی بەشداریی

( لە سەتا ٪)

بانە

79186

13102

16.55

بیجار

89265

39835

44.63

دیواندەرە

62245

12630

20.29

سرۆئاوا

44531

7477

16.79

سەقز

151336

24067

15.90

سنە

286281

58064

20.28

قروە

153278

66196

43.19

کامیاران

76363

20124

26.35

مەریوان

89821

16148

17.98

ئەو ئامارانەی کە لە لایەن ڕێکخراوەکانی مەدەنیی یان کۆماری ئیسڵامییەوە بڵاو بۆنەتەوە بە پێچەوانەی ئەوانەی کە بەردەوام باسی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دەکەن، پێشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە خەڵکی کورد لەو ساڵانەی کە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە پێشوازییەکی وەهای لە هەڵبژاردنەکان نەکردوە و تەنانەت "لە دەورەی دووهەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی لە ٢١ی جۆزەردانی ١٣٧٢ هەتاوییدا، "کوردستان" تەنیا پارێزگایەک بوو کە بە تەوایەتیی "نای" بە هاشمی ڕەفسنجانی کووتووە. بەباوەڕی نووسەرانی لێکۆڵینەوەکەی ئەنجومەنی ژئۆپۆلیتیکی ئێران "زیاد نەکردنی ڕادەی بەشداریی کوردەکان لە بەرێوبەرایەتیی سیاسیی‌و پێکهاتەی دەستەڵات لە وڵاتدا، هەروەها ترۆری دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی سەرەرای پێشنیارەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش تەواوبوونی شەری ٨ ساڵە لەگەڵ عێراق بە‌ نێونجیگەریی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی عێراق بۆ چارەسەریی ئاشتیخوازانەی کێشەی کورد بوو بە هۆی پێکهاتنی زەینییەت و تێگەیشتنێکی نەرێنیی خەڵک لە دەوڵەتی هاشمیی‌و لە ئاکامدا خەڵکی ئەم پارێزگایە بەم چەشنە لە ڕێگەی بەشداریی نەرێنیی لە هەڵبژاردەنەکاندا نارەزایەتیی خۆیان سەبارەت بە وەزعی ئارایی و سیاسەتەکانی دەوڵەت لە ناوچە دەربڕیوە". لە پێوەندیی لەگەڵ ڕێژەی بەشداریی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شورای ئیسڵامیش بە تایبەتیی لە دەورەی ٧ بەولاوە، ئەم دابەزینە بە جووانی دەبیندرێ. "لە دەورەی حەفتم بە بەراوەرد لەگەڵ دەورەی شەشم ڕادەی دابەزینی بەشداریی کردنی خەڵک لە پارێزگای کوردستان لە سەتا ٧٠ بە ٣٢ و لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە سەتا ٧١ بە ٤٢ بووە. لە دەورەی هەشتمدا، لە تەواوی ئێران، لە ٤٣ میڵیۆن و ٨٢٤ هەزار کەس کە مەرجی بەشداریان بووە، تەنیا ٢٢ میڵیۆن و٣٥٠ هەزار کەس واتە لە سەتا ٥١ بەشدارییان کردوە. پاش تاران، کەمترین ڕادەی بەشداریی خەڵک لە ئیسفەهان، کوردستان و یەزد و قوم بیندراوە. بە پێی لێکدانەوەکەی نووسەرانی"ڕەوتی بەشداریی‌ کردنی شارومەندانی پارێزگای کوردستان، لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی لە ساڵەکانی ٨٤-١٣٧٦"ی هەتاویی‌دا دابەزینی ڕادەی بەشداریی کردنی خەڵکی کوردستان پاش دەورەی شەشمی هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسڵامیی لە پێوەندیی لەگەڵ ئەم خاڵانەدا بووە: پووچکردنەوەی دەنگەکان لە چەندین ناوەندی هەڵبژاردن بۆ مەجلیسی شەشم، ڕووداوەکانی پاش گیرانی عەبدوڵلا ئۆجەڵان لەم پارێزگایەدا، کاریگەریی حیزبە دژبەرەکانی کورد لە دەرەوەی وڵات، دڵساردیی لە دەوڵەتی ئیسلاحات، هەست بە سیاسەتی دووچاوەکیانە سەبارەت بە خەڵکی ئەم پارێزگایە، هەروەها نەبوونی کاندیدای خۆشەویست لە دەورەی نۆهەمدا".


ئاکامبەندیی.


بە پێی ئەزمونی پتر لە ٣٠ ساڵ حکومەتی "نوێنەرانی خودا" لە ئێران‌و بارودۆخی ئەمرۆی ئەم وڵاتە، وێچوونی هەڵبژاردنێکی دێموکراتیک لە ئێراندا نییە. لە چوارچێوەی کۆماری ئیسڵامیدا بە هێز و کەسایەتییەکی ئازادو دێموکرات، تەنانەت بە زۆرینەی هۆگرانی باوەڕمەند بە "یاسای بنەڕەتی ئێران و چاکسازیی" ئیزنی کاندیدبوون و بەشداریی لە دەستەڵات نادرێ. لە چوارچێوەی سیستێمی "شورای نگهبان، ڕێبەریی و سپای پاسداران‌دا"هیچ ئاسۆیەک بۆ پێکهاتنی ئاڵوگۆڕێک لە یاسای ئێراندا نابیندرێ. کەڵک وەرگرتن لە فەزای هەڵبژاردن ناکرێ تەنیا لە چوارچێوەی بەشداریی کردن خەڵکی کورد لە هەڵبژاردنەکاندا قەتیس کرێتەوە. هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێ بە پێی بنەواشەی سیاسیی و توانایی خۆی، لەو فەزایەی کە لەم دەورەیەدا پێکدێ بۆ ڕوونکردنەوەی زۆرتری ماهییەت‌و ناوەڕۆکی ڕێژیمی تاران و لە بەین‌بردنی دردۆنگیی خەڵک بەو ڕێژیمە و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگایی نەتەوەیی و سیاسیی خەڵک‌و بە تایبەتیی وچەی پاش ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویی کەڵک وەربگرێ. ئەو ئامارانەی کە لە لایەن حکومەتی ئیسڵامیی ئێران و تویژینەوەی ڕێکخراوەکانی مەدەنیی یاخود زانستیی ئێرانەوە بڵاو بۆنەتەوە پێشاندەرێ ئەم ڕاستییەن کە بە گشتیی لە ئێران و بە تایبەتیی لە کوردستاندا ڕێژەی بەشداریی کردن خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا دابەزیوە و خەڵکی وڵامی بانگشتنی ڕێبەرانی حکومەتی ئیسڵامییان نەداوەتەوە. لە چوارچێوەی حکومەتێکی باوەڕمەند بە "امت اسلامی" کە فرە نەتەوەیی بوونی ئێران ڕەتدەکرێتەوە، وێچوونی چارەسەریی پرسی کورد نییە. بۆ کاریگەریی زۆرتر لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێکهێنانی متمانەی بە‌خۆیی خەڵک و پاشگەزکردنەوەی ڕێژیمی تاران، پێویستە حیزب، ڕێکخراوە و کەسایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێکهێنانی بەرە یان هەر چەشنە هاوپێمانیی و هاوکارییک، هێزو توانایی خۆیان بخەنە پاڵ‌یەک‌و هاوبەش لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە‌و هێزە پێشکەوتنخوازەکانی ئێران پەرە بە خەباتی دژ بە حکومەتی ئیسلامیی ئێران بدەن.
____________________________________

سەرچاوە و پەراوێز:
١. (Mark Twain'' Samuel Langhorne Clemens -November 30, 1835 - April 21, 1910'').
٢. (همه در انتخابات شرکت کنند؛ حتی کسانیکه نظام را قبول ندارند برای حفظ و اعتبار کشور بیایند، تاریخ انتشار: ۱۹ دی ۱۳۹۴ ).
٣. http://www.entekhab.ir/fa/news/246849
٤.. http://www.bbc.com/persian/iran/2016/01/160120_l2_iran_election94_khamenei
٥. (مبانی جغرافیایی خاستگاە آرا مردم در هشتمین دورە انتخابات محلس شورای اسلامی، دکتر زهرا پیشگاهی فرد، سید محمد جواد شوشتری، فصلنامەژئوپلیتیک / سال چهارم، شمارە دوم، تابستان ١٣٨٧، صص ١٣٠-١٠٩).
(مرعشی: از ۳۰۰۰ کاندیدای اصلاح‌طلب، تنها ۳۰ نفر تایید شده‌اند). http://www.kaleme.com/1394/10/27/klm-235239
٦. (کنوانسیون بین المللی حقوق مدنی و سیاسی سازمان ملل متحد، مصوبه ٢٦ دسامبر ١٩٦٦/ قطعنامه A ٢٢٠٠ قدرت اجرائی بنابر ماده ٤٩، ٢٣ مارس ١٩٧٦. ترجمه: ن. نوریزاده). http://hoghoogh.online.fr/article.php3?id_article=110
٧. (قانون انتخابات مجلس شورای اسلامی اێران، مادە ٢٨). http://www.shora-gc.ir
٨. (متن كامل قانون انتخابات رياست جمهوري) سەرچاوی سەرێ.
٩. بە پێێ ماددەی ١١٥ یاسای بنەرەتیی ئێران بەربژێری سەرۆک کۆماری دەبێ یەکێک لە "رجالە‌کانی ئۆلیی و سیاسیی بێ. رجال وشەیەکی عەرەبیی و بە مانای پیاوانە.
١٠. (بیانیه در اعتراض به رد صلاحیت گسترده کاندیداهای زن: بگذارید زنان توانمند در معرض رأی و داوری مردم قرار گیرند).
http://www.women4parliament.org
١١. (رد صلاحیت گسترده زنان از سوی شورای نگهبان) سەرچاوەی سەرێ.
١٢. (بررسی روند مشارکت شهروندان استان کردستان در انتخابات ریاست جمهوری ٨٤-١٣٧٦، دکتر مسحود غفاری، بهروز زرین کاویانی، فصلنامە ژئوپلیتیک/ سال هفتم شمارە اول، بهار ١٣٩٠، صص ١١٠-٨٨).
١٣. http://www.ostan-kd.ir/Default.aspx?TabID=133
١٤. (بازخوانی هشت دوره انتخابات مجلس در جمهوری اسلامی، مرتضی کاظمیانروزنامه نگار، ٢٣ دسامبر ٢٠١١ - ٠٢ دی ١٣٩٠).
http://www.bbc.com/persian/iran/2011/12/111221_l39_majlis9th_8-terms.shtml
١٥. (بررسی روند مشارکت شهروندان استان کردستان در انتخابات ریاست جمهوری ٨٤-١٣٧٦، دکتر مسحود غفاری، بهروز زرین کاویانی، فصلنامە ژئوپلیتیک/ سال هفتم شمارە اول، بهار ١٣٩٠، صص ١١٠-٨٨).

 See more at: http://www.nnsroj.com/detiles.aspx?id=50354#sthash.S7eXzlmX.dpuf
 

ماڵپەڕی کامەران ئەمین ئاوە

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک