په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٩\٢٠١٦

کردنەوەی قوتابخانەکان لە ئێران،

پێشێلکاریی مافی قوتابیانی نەتەوەکانی دیکە جگە لە نەتەوەی فارس.

 

 


کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: نێزیک بە ملوێن ونیوێک منداڵ بەیەکەم جار لە دوو ڕۆژی داھاتوودا پێ دەنێنە قوتابخانەکانەوە ولەم ڕێژەیە نێزیک بە ٦۰ بۆ ۷۰ لەسەتی ئەم منداڵانە لەمەبەدوا، بەزۆرەملە فێری زمانێک دەبن کەزمانی دایکییان نییە ولەگەڵ ئەم زمانەیشدا بەنیسبەت زمانی دایکییانەوە کەمترین ناسیاویان ھەیە.

ماڵپەڕی وەزارەتی پەروەردە و فێرکاریئێران نوسیویەتی کە لانیکەم حەوت ملوێن ونیو قوتابی قۆناغی سەرەتایی دەچنە پێشوازی ساڵی نوێی خوێندنی ۹۵-۹۶ وە وبەپێی ئەم ئامارە دەتوانی مەزەندەی بکەی کە نێزیک بە یەک ملوێن ونیو لەم قوتابیانە بەیەکەم جار پێ دەنێنە خوێندنگاوە.

ھەروەھا مەزەندە دەکرێت کەپترلە سێ لەچواری ئەم قوتابیانە واتە ئەم یەک ملوێن ونیوەی کەبۆ یەکەمجار دەچنە خوێندنگاوە لەنەتەوەکانی نافارسن وئەمانە ناچارن بەزمانێ جگە لەزمانی دایکیان پەروەردە ببینن.

بەپێی ڕاپۆرتی توێژینەوەکانی پەڕلەمانی شۆرای ئیسلامی ئێران لەماوەی ٦ساڵی ڕابردوو نێزیک بە ٥ملوێن کەس لەم قوتابییانە ڕەت (دەرنەچوون) بوونەتەوەو کارناسانیش لەسەر ئەم مژارە جەخت دەکەنەوە کە زێدەترین دەرنەچووان لەناوچەگەلێک لەئێران دەکەونەوە کەزمانی دایکی وان زمانێکی جگە لەفارسی بووە.

مافی پەروەردە بەزمانی دایکی مافێکی مرۆڤانە یە کەلە بەڵگەنامە وگرێبەستەکانی مافی مرۆڤی بۆوێنە جاڕنامەی جیھانی مافی زمانی، جاڕنامەی زمانی دایکی، ڕاگەیاندراوی مافی تاکەکانی سەربە کەمینە نەتەوەیی، زمانی، کونڤانسیۆنی مافەکانی منداڵان، بە جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی وسیاسییەکان و…جەختی لەسەرکروەتەوە.

ھەروەھا بەپێی مانیفستۆی یونسکۆ دەوڵەتەکان ئەرکیانە کە ئەم میرات بەنرخە بپارێزن.

بەڵام ئەم مافە سرووشتی ومرۆڤانەیە لەیاسای کۆماری ئیسلامی ئێراندا بەتەواوەتی ڕەوایەتی پێ نەدراوە وتەنیا لەبنەجەی یازدەھەمی یاسای بنەڕەتیدا، بەچەشنی نھێنی باس لەخوێندن بەزمانیدایکی لەقوتابخانەکان لەتەنیشت زمانی فارسی کراوە.

پرس و خواستی خوێندن بەزمانی دایکی پیشینەیەکی دوورو درێژی ھەیە ودەگەڕێتەوە بۆسەردەمی پاشایەتی ڕەزاشا؛ بەڵام لەئێراندا بەردەوام لەگەڵ خواستی مرۆڤانە ودیمۆکڕاتیکی نەتەوە بن دەست وحاشالێکراوەکان دژایەتی کراوە.

ڕەزاشا کە مودێڕن کردنی ئێرانی لەسەر بنەمای پەڕگاری ۲٥۰۰ ساڵەی پاشایەتی بەئەرکی خۆی دەزانی،

ناسیۆناڵیزمی فارسی، ئێرانی کردبە ئایدۆلۆژیای فەرمی خۆی کەلەودا تەنیازمان وکلتووری فارسی مافی یاسایی وخۆسەپاندنی ھەبوو.

لەلایەکی دیکەوە زمانی دایکی بەشێکی بچووک لەشوناسی کلتووری ھەر نەتەوەیەک دێتە ئەژمار. دەروون ناسانی منداڵان ھەرھەموویان جەخت لەسەر ئەم مژارە دەکەنەوە کە منداڵان سەرەتا بەزمانی دایکی خۆیان ھەستیان دەردەبڕن وھەربەزمانی دایکیش یەکەم ناسینیان لەخۆ وئاقاڕی تەنیشتیان مسۆگەر دەکەن. ڕەوتی فێربوونی زمانی دایکی لەسەرەتای لەدایک بوونی منداڵەوە دەست پێدەکات ولەماوەی ئەم پڕۆسەیەدا، توخمەکانی شوناسی تاک بێچم دەگرنو وای لێدەکەن لەکۆمەڵگای خۆیدا، ڕۆڵی خۆی بنرخێنێ. ئاستەنگی پێکھێنان بۆمنداڵان لەم ڕەوتە سرووشتییە، توانای منداڵ بۆخۆیندن دەگرێتەوە وپێوەندییە سرووشتییەکانیان لەگەڵ ئاقاڕی دەورووبەری دەپسێنێ. زمان ڕەنگدانەوەی ئەندێشە، کلتوور، داب ونەریتی خەڵکانێک کەبەو زمانە دەئاخفێن.

ھەربەم پێیە ھەرچەشنە ھەوڵێک لەھەمبەر ئاستەنگی دانان یان پێش گرتن لەبەکارھێنانی زمانی دایکی بەواتای ھەوڵ بۆ لەناوچوونی کلتوور وئەندێشەی ئەو خەڵکەیە.

ھەنووکە بێجگە لەو بابەتانەی باسمان لێکردن ناسەقامگیری ئابووری وھەڵاوسانی لەڕکێف دەرچووی ئابووری لەڕۆژھەڵاتی کوردستان و ھەموو ئێران وەک بڵێی گوشارێکی زێدەڕۆیانەیە لەسەر ھێرەمی ھەڵاواردنە ساحتەیی وپوڕگاڵێکی تایبەتەبەسەر ھاوڵاتیانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان وزۆرینەی بنەماڵەکان لەبەر زۆری ھەژاری وبێکاری داسەپاو توانی دابینکردنی کەرەستەی پێویستی قوتابییانی خۆیان نییە،

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەشارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان تێچووی ناونووسی ساڵانی خوێندکارێکی قۆناغێکی سەرەتایی بەشێوەی مامناوەندی نێزیک ۷۰۰ ھەزار بۆ یەک ملوێن تمەن ڕاگەیەندراوە وئەم باری گرانی تێچووانە لەلایەک وبێکاری لەلایەکی ترەوە وەدەکات کە خەڵک منداڵەکانین نەنێرن بۆ فێرگە وبەواتایەکی دیکە شەپۆلێکی نوێ لەنەخویندەواری بۆسەی بۆنەتەوە نافارسەکان ناوەتەوە.

پرسیارێکی ساکار کەلەکۆتایی دا دەکەوێتە بیر وھزرەوە ئەوەیە کەئاخۆ لەبنەڕەتدا تاکەکانی نەتەوە نافارسەکانی ئێران بەھاوڵاتیان ئەو وڵاتە دێنە ئەژمار یان خۆ ئەم نەتەوانە لەژێر کۆلۆنیای حکوومەت ونەتەوەی زاڵ بەسەر ئێراندان وھەوڵیان لەسڕینەوەی کلتوور وھزری ئەوانە؟

 


کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
info@kmmk.info
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک