په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٦\٢٠١٥

بەربەستەکانی پێکهێنانی بەرە:

د. کامەران ئەمین ئاوە*:

''کۆمەڵە و دیموکرات دەیانەوێ حیزبەکانی دیکە بخەنە پەراوێزەوە''.


سازدانی: رۆژهەڵات نیوز

رۆژهەڵات نیوز: بەرای بەرێزتان پێکهێنانی بەرەی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆقوناغی ئیستا تا چەند گرنگە؟

د. کامەران: لە مێژە کۆمەڵگای ئێمە پێویستیی بە پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کورد هەیە، بەڵام بە هۆگەڵی جۆڕاوجۆر وەکو پاوانخوازیی، سەروەریی بەرژوەندیی تاکە کەسیی و تاکە حیزبیی، قەیرانی سیاسیی و ڕێکخراوەیەیی و لێکدابرانی بێ‌پسانەوەی نێو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیی، هەروەها نزمبوونی فەرهەنگیی کاری سیاسیی هاوبەش لە چەشنی بەرە، تا ئێستا پێکهاتەیەکی وەها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکنەهاتووە و ڕێکخراوەکان نەیانتوانیووە لە دۆر چەند خاڵێک کۆبنەوە و کارێ هاوبەش بکەن. سەرەرای ئەوانەش ئەم پێداویستییە دەگەرێتەوە سەر ئەوەی کە:


ڕۆژهەڵاتی کوردستان قۆناخی تاک حیزبی تێپەرکردوە و بە پێی بوونی ڕێکخراوە و بیروڕای جۆڕاوجۆر هیچ حیزبێک بە تەنیایی ناتوانێ کاریگەریی سەتاوسەتی بۆ وەدی هێنانی ئاوات و ئامانجەکانی کورد واتە ماڤی چارەی خۆنووسین بێ.


حکومەتی ئیسڵامیی ئێران بە پێکهێنانی بەرەی ئاشکار و شاراوە لە تەواوی توانای خۆی بۆ پەراوێزخستنی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زەبر لێدان لەوان و لاوازکردنی بزوتنەوەی کورد کەڵک وەردەگڕی، واتە نوێنەرانی سیاسی کوردی ڕۆژهەڵاتیش پیویستە لە تەواوی بوارەکاندا هیزو توانای خۆیان وەپاڵ یەک بخەن، بۆ پوچەڵ کردنی پیڵانەکانی دوژمنی هاوبەش و بەهێزترکردنی بزوتنەوەی کورد تێبکۆشن.


ئێمە پێویستییمان بە جێهانی کردنی کێشەی کورد و کۆکردنەوەی هاودەنگیی و پشتیوانیی بیروڕای گشتیی، پەرلەمانی ئەوروپا و ئەمریکاو هتد هەیە. تا کاتێک ئێمە هاودەنگ نەبین ناتوانین ڕای ئەوان بەرەو خۆمان ڕابکێشین. لە بارودۆخی ئێستادا فاکتۆری دەرەکیی کاریگەرییەکی زۆری لە بە هێزکردن بزوتنەوەکانی نێوخۆیی، هەروەها لە پەراوێزخستنی حکومەتی ئیسلامیی ئێران هەیە.


پێکهێنانی بەرەی یەکگرتووی کود تەنانەت لە ئاستیی نێوخۆیی [کوردستان] دەبێتە هۆی قورسایی و بە هێزترکردنی کوردی ڕۆژهەڵات. لێکدابران و دوورکەوتنی حیزب و کەسایەتییەکانی ئێمە بۆتە هۆی ئەوەی کە تەنانەت دۆستانی خۆشمان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بایەخێکی وەها بە ئێمە نەدەن. هەڵسوکەوتی حیزبەکانی باشوور و باکور لە کاتی ئامادەکاریی بەرەی یەکگرتووی کورد یاخود شێوەی پیوەندیی ئەوان لەگەڵ حکومەتی ئێران و لەبەرچاو نەگرتنی بەرژوەندییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاکامی ئەو وەزعەیە کە ئێمە تێدا قەتیس ماوینەتەوە.

رۆژهەڵات نیوز: هەموو لایەنەکانی رۆژهەلات بەگرنگییەوە باسی بەرە دەکەن، ئەمەش تەنیا قسە بووە وبە شێوەی عەمەلی هەنگاوی بۆ نەنراوە،ئایا ئەمە پاردۆکس نییە لە نیوان قسە وکردەودا؟

د. کامەران: ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. بە داخەوە سەرەرای ئەوەی کە جاروبار لایەنە سیاسییەکانی ئێمە لە قسەوباسەکانی خۆیان باسی پێکهێنانی بەرە و کاری هاوبەش دەکەن تا ئێستا کارێکی جیددیان لەم ڕەوتەدا نەکردووە. تەنانەت ڕێکەوتنی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئێران و کۆمەڵەی شورشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە هۆگەلێک نە تەنیا نەیتوانیوە فاکتۆرێک بۆ کاری هاوبەش و ڕێخۆشکەرێک بۆ کوکردنەوەی لایەکانی دیکەی کوردستانی بێ، بەڵکوو تا ڕادەیەک گوومانی لەسەر پاوانخوازیی ئەم دوولایەن زۆرتریش کرد و لە ئاستی هێزەکانی ئێرانیشدا کاردانەوەیەکی ئەرێنیی نەبوو.

رۆژهەڵات نیوز: ئایا جیابوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بەربەستێکی سەرەکی نیە لە پێکهنێنانی بەرە وپێکهێنانی دوو بەرە بۆ رۆژهەڵات؟

د. کامەران: ئەوە یەکێک لە کۆسپەکانی پێکهاتنی بەرەیە. کاتێک حیزبە کوردستانییەکان تووشی قەیرانی سیاسیی و تەشکیڵاتیی بن و توانایی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوخۆیی‌یان نەبێ، بێگوومان ناتوانن لە ئاستێکی بەرزتر بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی دیکە هەنگاوی پێویست هەڵێنن. بەشێکی زۆر لەوان هەر بەدەوری خۆیاندا دەخوڵینەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ بە هۆی ناکۆکی نێوخۆیی کە بەشێکی زۆرتر لەوەی کە هۆگەڵی سیاسیی بیروباوەریی واتە ئیدیۆڵۆژیکی بێ هۆی کێشەی تاکەکەسیی و دەسەڵاتی هەیە باشترین کادرەکانی خۆیان لەدەس دەدەن، جا چ بە دەرکردن بێ و چ بە هۆی جێابوونەوەی خودی ئەم کەسانە.

رۆژهەڵات نیوز: تاچەندە لایەنەکان گرنگی بە بەرژەوەندی نەتەوەی رۆژهەڵات دەدەن بۆ پێکهێنانی بەرە،یا بەرژەوەندی حزبی زاڵترە؟

د. کامەران: هیچ گوومانێک لەوەی نییە کە تەواوی ئەو هێزانە دڵسۆزی گەڵەکەیانن و لەم ڕەوتەدا ئامادەی هەرچەشنە فیداکارییەکن، بەڵام زۆرجار، کاتێک ڕێکخراوەیەک بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە تاراوگە جێگیر دەبێ و پێوەندییەکی راستەوخۆ و ئۆرگانیکی لەگەڵ خەڵک و کۆمەڵگای خۆی نابێ، بە هۆی جۆڕاوجۆر تووشی قەیرانی سیاسیی‌ ڕێکخراوەیی نیوخۆیی دەبێ و لە ئاکامدا بەرژوەندیی تاکەکەسی و حیزبی جێگای بەرژوەندیی نەتەوەیی دەگرێتەوە. بەداخەوە ئەم نەخۆشییە لە مێژە داوێنی بەشیک لە حیزب و کەسایەتییەکانی ئێمە گرتۆتەوە و کۆسپێکی گەورە لە پێکهێنانی بەرە یان هەر چەشنە هاوپێمانییەکە.

رۆژهەڵات نیوز: ئایا دەستی دەرەکی کاریگەری نییە لە پیکهێنانی بەرە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان؟

د. کامەران: من زۆرتر لەوەی کە دەستی دەرەکی لێرەدا وەکو فاکتۆرێک بۆ پێکهێنان یاخود پێکنەهێنانی بەرە لەبەرچاو بگرم[هەرچەند دەتوانێ بێ کاریگەریش نەبێ] هۆی نێوخۆیی گرینگتر دەزانم. دەنا بوون لە تاراوگە و نیازی ئابووریی و پیوەندیی لەگەڵ لایەنەکی دەرەکی و لە بەرچاوگرتنی بەرژوەندیی ئەوان دەتوانێ کاریگەریی ئەرێننی و نەرێننی لەم ڕەوتەدا بێ.

رۆژهەڵات نیوز: ئایا رێکەوتنی دووقولی کۆمەلە ودیموکرات وبەشدار نکردنی لایەنەکانی دیکە کارێگەری نگەتیڤی نییە لەسەر پێکهێنانی بەرەی یەکگرتوو لە رۆژهەڵات؟

د. کامەران: هەروەکو پێشتریش ئاماژەم کرد، بە داخەوە ئەم ڕێکەوتنە نە تەنیا نەیتوانی لە بواری سیاسیی و ڕێکخراوەییدا ببێتە هۆی کارێکی جیددی لە نێوان ئەم دوو ‌هێزە، بەڵکوو تا رادەیەک کاردانەوەیەکی نەرێنیشی بوو. پێشاوپێش دەمەوێ ئاماژە بەم مەسەلەیە بکەمکە پێکهێنانی هەر ڕێکەوتنێک لە نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە شتێکی باش و پیرۆزی دەزانم و یەک لەوان ئەم ڕێکەوتنەی نێوان حێزبی دیموکرات کوردستانی ئێران وکۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە. بەڵام ئەم ڕێکەوتنە نەیتوانێ ئەو ئەرکانەی کە لە پێش خۆی دانابوو بە جێی بێنێ. ئێمە لەم ماوەیەدا بێجگە لە چەند دانیشتنێک یاخود نووسینی یەک یان دوو بەیاننامەیەک، شتێکی وەهامان لەوان نەدیووە. لە لایەکی دیکەوە زۆربەی ڕێکخراوە کوردستانییەکان بە گوومانەوە سێری ئەم ڕێکەوتنەیان کرد و پێشوازیان لێ نەکرد. ئەمەش بەشێکی دەگەرێتەوە سەر ئەم مەسەلەیە کە واهاتە بەرچاو کە ئەو دوو باڵەی کۆمەڵە و دیموکرات دەیانەوی ڕوو بە هێزەکانی ئێرانیی خۆیان وەکو نوێنەری سەرەکیی و ڕاستەقینەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بناسێنن و حیزبەکانی دیکە بخەنە پەراوێزەوە. ئەمەش نەیدەتوانی لە لایەن حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتەوە پێشوازیی لێ بکرێ، هەر چەند لایەن ئێرانییەکانیش کە وادهاتە بەر چاوو کە دۆستیی ئەم دو بەشەی کۆمەڵە و دیموکرات بن، نە تەنیا پێشوازیان لێ نەکرد بەلکوو بە هۆی خوو و بیروباوەڕی پان‌ئیرانیستیان هێرشێکی بەربڵاویان کردە سەر و بە جیایی‌خوازیی تاوانباریان کردن، ئەوەش نیشاندەری ئەم ڕاستییە بوو و هەیە کە هێز پاوانخوازە ئێرانییەکان کە هەموو شتێک لە ڕوانگەی یەکێەتیی ئەرزی ئێرانەوە هەڵدەسەنگێنن لە باشترین حاڵەتدا کورد وەکومرزبان سلحشور بۆ پاراستینی سنوورەکانی ئێران لەبەرچاو دەگرن، هەرچەشنە ویستێک کە لە بەرژوەندیی ئەواندا نەبێ بە جیایی‌خوازیی پێناسە دەکەن و یەکدەست و یەکدەنگ لەبەرامبەریدا ڕادەوەستن و بەرەیەک لە ڕاستی مەشرووتەخواز و شاپەرەستەکان هەتا چەپە شەرمەزارەکانی دۆنێ و کۆماریخوازەکانئ ئەمرۆیی و هتد دژ بەوان پێک دەهێنن. لێرەشدا ئەم مەسەلەیە پێمان دەسەڵمێنی کە ئێمە پێویستیمان بە پێکهێنانی بەرەیەکی بەرفراوان لە هێز وکەسایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە تا بە یەکدەنگی و هاوپشتی بۆ گەیشتن بە ماڤی خۆیان هەوڵ بدەن. ئەگەر ئێمە لە ئێستاوە تەمرینی کاری هاوبەش نەکەین و خۆمان بۆ ئاڵوگۆڕەکانی داهاتووی ئێران ئامادە نەکەین بێ گوومان ناتوانین کاریگەریی و ڕۆڵێکی باش و بەکەڵکمان لە ڕەوتی چارەنووسی داهاتووی گەڵەکەمان بێ و هەنگاوی کارا و پێویستی بۆ هەڵێنینەوە.

رۆژهەڵات نیوز: ئایا کۆمەڵەو دیموکرات وەک دووهیزی سەرەکی رۆژهەڵات بەربەستی سەرکی نین لە پێکهێنانی بەرە لە رۆژهەڵاتی کوردستان؟

د. کامەران: من پێم وایە دەتوانین بە چەشنێکی تر ئەم پرسیارە گەڵاڵە بکەین، بڵێی بێ کۆمەڵە و دیموکراتەکان بکڕێ بەرەیەک پێک بێ؟ بە باوەری من نا! کۆمەڵە و دیموکراتەکان بە تەواوی باڵەکانیانەوە سەرەرای لێکدابران‌و پێکهاتنی چەندین حیزبی دیکەش ئێستاش هێزی سەرەکی و مێژینەی کوردی ڕۆژهەڵات و کۆڵەکەی هەر چەشنە بەرە و هاوپێمانییەکن. بێ ئەوان ناکرێ باسی پێکهێنانی بەرە بکرێ، بەڵام نەبوونی هاودەنگی نێو باڵەکانی کۆمەڵە و دیموکرات و ئامادە نەبوونیان بۆ کاری هاوبەش کۆسپێکی سەرەکیی لەسەر ئەم ڕێگایەدایە. تا کاتێک ئەم لایەنانە بەو قەناعەتە نەگەن کە پێکەوە کاری هاوبەش بکەن، ئێمە هیچ دەسکەوتێکمان نابێ و پێم وانی‌یە بەم ئاسانی‌یە بەرەیەک پێک بێ.

رۆژهەڵات نیوز: چۆن دەروانە داهاتووی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان؟

د. کامەران: زۆرجار ئیجبار مەجبورمان دەکا کارێک بکەین کە لەوە پێش نەمانکردوە یان پێمان خۆش نەبووە بیکەین. من پێم وایە ئەگەر لۆژیکێک لە ژیانی سیاسیی ئێمەی کورد بێ، ڕاستییەکانی ژیان درەنگ یان زوو ناچارمان دەکا لە دەوری چەند خاڵی هاوبەش کۆ بینەوە و پێکهاتە یان بەرەیەک پێک بێنین. ئەو هاوپێمانی‌یە دەتوانێ لە ئاست چەند حیزب یاخود زۆرتر، هەروەها بە مەبەستیی جۆڕاوجۆر بێ. من ناکرێ بڵێم بە تەواویی گەشبینم بەڵام سەرەرای ئەو کەم‌و کورییانە کە باس کرا ڕەشبینیش نیم.
__________________________
* د. کامەران ئەمین ئاوە: لە ساڵی ١٣٤٢ هەتاویی/١٩٦٣ زایینی لە شاری بۆکان لە دایک بووە، تا پلەی دوازدەی لە شارەکانی بۆکان و تەورێز خوێندووە و لە ساڵی ١٩٩٥زایینیی/ ١٣٧٤هەتاویی دیپڵۆمی پزیشکیی لە مینسک پایتەختی روسیەی سپی واتە بڵاروس وەرگرتووە. ئێستاش لە ئاڵمان کاری پزیشکیی دەکا و پسپۆری نەخۆشییەکانی هەناوە. لە بواری پزیشکیی و سیاسیی - کۆمەڵایەتییدا چەندین کتێب و بابەتی جواروجۆری بە کوردیی و فارسیی نووسیوە یاخود تەرجمەی کردۆتەوە.
 

ماڵپەڕی کامەران ئەمین ئاوە

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک