په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٩\٢٠١٢

کۆمەڵگا و پەروەردە و منداڵ.
- هەڤپەیڤینەک لە تەک شێرزاد فاتح -


سازدانی: مەحمود نەجمەدین


چۆنێتی ڕەفتارو مامەڵەی ھەرکۆمەڵگایەک لەگەڵ منداڵاندا، گرنگترین پێوەری پێشکەوتووی و ئازادیبونی ئەو کۆمەڵگایە بەیان دەکات، منداڵان لەھەمووشتێک گرنگترن، وە لە پێشترن لەھەر بەرژەوەندییەکی نەتەوایەتی، ئایدۆلۆژی، ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئاینی" یەکەم مناڵان" لە بەندەکانی پێکھاتنی سەنتەری منداڵان، ئازاری ١٩٩٩.


مەحمود نەجمەدین: بەو پێیەی جەنابتان ساڵانێکی زۆرلەخزمەتی پەروەردەدا بوون لەکوردستان و لە سوید وەک مامۆستایەک پەروەردەی کوردی چۆن ھەڵدەسەنگێنی و جیاوازی سیستەمی پەروەردەی کوردی و سویدی چییە؟ ئاستی خوێنکاری سویدی و کوردی چۆن دەبینی؟


شێرزاد فاتح: پرسیارەکەت زۆر بەرفراوانەو دەکرێ بیکەین بە دوو بەشی سەرەکییەوە، من ھەوڵ ئەدەم بەکورتی لەسەر ھەریەکەیان قسەبکەم. دەمەوێت ئەوە بڵێم کە پێویستە سەرەتا پرۆسەی پەروەردەوفێرکردن پێناسە بکەین و لایەنە جیاجیاکانی بخەینە بەرچاو و لامان ڕوونبێت ئەم پرۆسەیە چی لە خۆدەگرێ. پرۆسەی پەروەردەوفێرکردن بریتییە لە پرۆگرامەکانی خوێندن لە ھەنگاوە جیاجیاکاندا، قوتابی و مامۆستا و خوێندنگا، کە بە ھەموولایان ھاوکێشەیەکی سەنگ پێدەھێنن. دروستبوون و ڕوودانی ھەرجۆرە لاسەنگییەک لەم ھاوکێشەیە پێش بێت دەبێتە ھۆی پەککەوتنی بەشێک و لایەک لە لاکانی دەرگیر لە بەڕێوەچونی ئەم پرۆسەیە.


بەداخەوە پێویستە بڵێم کە بەشێوەیەکی گشتی پرۆسەی پەروەردەوفێرکردن لە کوردستان لایەنی خراپی زۆر زیاترە تا لایەنە باشەکانی، بەشێکی زۆر لە ھەلومەرجەکانی پەروەردەیەکی مۆدێرن و گونجاو لە قوتابخانەکانی ئەمڕۆی کوردستان بەدیناکرێن. لە یەکەم ڕۆژی چوونە قوتانخانەوە منداڵ ھەست بە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەکات، ھەرلە چاوسورکردنەوەی مامۆستاوە بگرە تا ترس لە دەرچون و دەرنەچون و ھەڕەشەی ماڵەوە. کەمترین کات منداڵ ھەست بە ئارامی دەکات، تەنانەت لە جوڵەو ھەڵسوکەوتیشیدا دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە جلەکانی پیس نەکات و بەپاکی بگەڕێتە ماڵەوە، ھەربۆیە زۆرجار منداڵ بەپێی پێویست جوڵەوھەڵسوکەوت ناکات، وەرزش و مۆسیقاو سەماو کاری دەستی کە زۆر گرنگن بۆ فێربوون، لە کوردستان گرنگییەکی ئەوتۆی پێنادرێت. بەشی زۆری کات و لە ھەنگاوەجیاجیاکانی خوێندندا ھەراسان کردن و مامەڵەی نادروستو دژی پەروەردەیی لەگەڵ منداڵاندا ئەنجامدەدرێت و ئەمەش بەکارێکی ئاسایی چاوی لێدەکرێت، پێڕابواردن و شکاندنی کەسایەتی خوێندکار ھەتا بگرە لە لەیەن خودی مامۆستاوە و بەپێش چاوی ھاوپۆلەکانیەوە کارێکی ئاسییەو ڕۆژانە ئەنجام دەدرێت. زۆر جار قوتابی بۆیە سەعی ئەکات بەخاتری ئەوەی مامۆستاکەی لێینەدات و دڵی و ئەوو دایک و باوکیش ڕازی بکات. ھەرلێرەشەوەیە کە ئەمجۆرە لە پەروەردەوفێرکردنە منداڵ لەسەر توندوتیژی بار دێنێت، لای خوارەوە و لەوەڵامی پرسیارەکانی تردا بڕێ زیاتر لەم بارەوە دەدوێم.


بەڵام بەبەراورد لەگەڵ پەروەردەی کوردستان، پەروەردەی سوید زیاتر لەسەر بنەمای بەرھەمھێنانی مرۆڤی لەشساغ و خاوەن متمانە بەخۆو دوور لە فشارو توندوتیژی بنیاتنراوە، منداڵ ھەست بە ئازادی و سەربەستییەکی زۆر دەکات، ھەست دەکات کە ڕێزی لێدەگیرێت و گوێی لێدەگیرێت، من زۆر بەدەگمەن دەبینم قوتابی لەبەر بکات (ئەزبەرکردن)، بەڵکو زیاتر دەیەوێت تێبگات، ھەربۆیەشە مامۆستا دەبێت ھەمیشە پرسیاری بێوەڵام لای خوێندکار نەھێڵێتەوە، تێشنەگەشت سەرت بۆ نالەقێنێ و ناڵێ تێگەیشتم، بەڵکو چەندجاری تر ئەرکی مامۆستایە بۆی ڕوونبکاتەوە. بەڵام ئەم ڕەفتارە لە لایەن مامۆستاوە لە کوردستان زۆر دەگمەنە یان ھەر نیە و زۆر جاریش کە خوێندکار تێنەگات ڕەنگە ڕووبەڕووی قسەی ناخۆشیش ببێەوە. بەھەرحاڵ وەک لای سەرەوە وتم چونکە پرسیارەکان زۆر لەیەکەوە نزیکن لە وەڵامی پرسیارەکانی داھاتودا زیاتر دەچمە سەر ئەم بوارە.


مەحمود نەجمەدین: جیاوازی نێوان مامۆستای سویدی و مامۆستای کوردستان چییە؟ ئایا کەموکوڕییەکانی سیستەمی پەروەردەی کوردی پشکی بەر مامۆستاکانمان ناکەوێت؟ ئەی کەمو کوڕییەکانی پەروەردەی کوردی چین؟


شێرزاد فاتح: ئەشێ ئەم پرسیارە دوو لایەنی ھەبێت، لایەنی یەکەمیان ئەرکی مامۆستا وەک پیشەی مامۆستایەتی جیاوازیان چییە، لایەنی دووەمیشیان کەسایەتی مامۆستاو مامەڵەی لەگەل خوێندکاراندا لێرەو لەوێ چۆنە.


بۆ من کە لە کوردستان مامۆستا بووم و لێرەش دوای چەند ساڵ دووبارە خوێندنی زانکۆ ئێستا پیشەم مامۆستایە، جیاوازییەکی زۆر دەبینم، سەبارەت کاری مامۆستایەتی، بۆ نمونە کاتی دەوام کردن، مامۆستا لە ٨ی بەیانی ھەتا ٤ی ئێوارە لە قوتابخانەیە کە دەکاتە نزیکەی دووبەرابەر کاتی کارکردنی مامۆستا لە کوردستان. کاری ڕۆتین و پلاندانان و ئاگاداربوون لە ڕەوشی خوێندکارو خوێندنگا کارێکی ھەرڕۆژەی مامۆستایە، یانی ئاستی قوتابییەکانت چۆنە وچەندە سود لە وانەکە وەردەگرن ئەگەر نا دەبێت شێوازی دەرسووتنەوەکەت بگۆڕیت، لە پەیوەدنییەکی بەردەوامدا بیت لەگەڵ باوک و دایکی خوێندکار و بەڕێوەبەری خوێندنگادا و ڕاپۆرتیان پێبدەی سەبارەت بە ئاستی خوێندکارەکە، ھەرکاتێکیش ئاستی خوێندکار زۆر لاواز بێت ھەرلەقوتابخانەو لەژورێکی جیادا مامۆستای تایبەتیان بۆ دادەنرێت بۆ ئەوەی دەرسی تایبەتیان پێبدرێت و ھەوڵیان لەگەڵبدرێت بگەن بەوانی تردا. پلاندانان و شێوازی وانەوتنەوە لەسەرەتای ساڵەوە خوێندکارانی لێئاگادار دەکرێتەوەو زۆر جاریش مامۆستا و خوێندکار بەشداری دەکەن لە پلاندانان و گفتوگۆکردن سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچونی پرۆسەکە، لەکاتی ڕوودانی ھەرکێشەیەکشدا زۆرجار بەنجەی تاوان بۆ مامۆستا ڕادەکێشرێت و بەھۆکاری کێشەکە دادەنرێت، ھەرتوندوتیژییەکیش لەبەرانبەر قوتانیاندا بکرێت، تەنھاو تەنھا مامۆستا بە تاوانبار دەزانرێت، با تاوانی قوتابییەکەش بێت، بەدەگمەن پشتگیری لە مامۆستاکە دەکرێت. خاڵێکی تر کە جیاوازی ئاسمان ڕێسمانە ئەویش مەسەلەی جێبەجێکردنی خاڵ بەخاڵی پلانی پەروەردەو فیرکردنە کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دەرچووە، دەبێت بزانرێت ئامانجەکان بەدیھاتوون یان نا Curriculum for the compulsory school education system کە ئەمیان لە کوردستان پێم وانییە ھیچ مامۆستایەک پێێ ئاشنا بێت، بەڵام لێرە دەبێت لەبەردەستتدابێت و ڕۆژانە تەماشای بکەیت، کۆبوونەوەی بەردەوامی ھەفتانە لە کوردستان زۆر کەمە، بەڵام حەتمەن ھەفتەی جارێک دەبێت ئەمکۆبونەوەیە بۆ ھەڵسەنگاندنی پرۆسەکە بکرێت، ئەمە جگە لە کۆبونەوەی دایکان و باوکان و بەشداری بەردەوامی مامۆستا لە کۆڕوسمینارو کۆنفرانسی جیاجیای نێوکۆمەڵگا کە بەھەرشێوەیەک بێت پەیوەندی بەکۆمەڵگاو خوێندکارو لاوانەوە ھەبێت، بەشداری کردنی ئەمجۆرە کۆڕوسیمینارانە بەپارەیەو قوتابجخانە بەرپرسە لە ناردنی مامۆستاو دانی پارەکە، کە زۆر جار دەگاتە ١٥٠$ بۆ ھەر مامۆستایەک. لێرەدا جێگای خۆیەتی ئاماژە بەوە بدەم کە ئێمە وەک سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان بە ھاوکاری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی Olof Palme Center ھەستاین بە کردنەوەی خولی ڕاھێنان بۆ مامۆستایان لە چەندین قوتابخانەی کەرکوک، کەچی مامۆستاکان بۆ بەشداری کردن داوای پارەیان دەکرد و ھەریەکە ١٢$ رت پێیان نەدابا نەدەھاتن و خودی سودوەرگرتن لە قەوباسەکەیان بۆ گرنگ نەبوو.


بەڵام لە کوردستان کاری مامۆستایەتی لەمبارەوە کەم دەردیسەرترە و کاتی دەوامیش کەمترەو"دیارە پارەکەشی زۆر کەمترە" بڕیاریش بە گشتی لە دەستی مامۆستادایە، نەزەرو بۆچونی قوتابیان زۆر بەھەند وەرناگیرێ، ئەمەش بەشێکە لە خاڵە لاوازەکانی پەروەردەوفێرکردن.


سەبارەت بەبەشی دووەمی پرسیارەکەت، ئێوە بڕواننە ئەو شێوازە لەپەروەردەی منداڵان و لاوان کە ئەمرۆ لە قوتانخانەکانی کوردستاندا پەیڕەوی لێدەکرێت: توندوتیژی، توڕەبوون و لێدان، ھەراسان کردن، بەھەند وەرنەگرتنی ڕۆڵی قوتابیان و خوێندکاران لە پرۆسەی پەروەردەو فێرکردندا، پەڕاوێز خستنی باوکان و دایکان لە بەشداری کردنی میکانیزمەکانی بەجێھێنان و بە ئەنجام گەیاندنی کرداری پەروەردەو فێرکردن. وەحیساب نەھێنان و ڕێز نەگرتن لە بیرو ڕای خوێندکاران، زۆرجار ڕیگرتن لە دەربڕینی ئازادانەی ھیواو خواستەکانیان ... ھتد، پرۆسەی پەروەردەیەک کە بەشێکی زۆری پڕ بێت لە کولتوری باوی توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵگاو دەسەڵات، ئیتر دەبێت چ دەسکەوتێکی تیدا بەدی بکرێت بۆ قوتابیان و خوێندکاران! من پێم وایە زۆر دەقیق تا ئێستاش ئاماری دروست بۆ لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری جێھێڵانی پۆلەکانی خوێندن لە لایەن بەشێکی بەرچاو لە خوێندکارانەوە ناکرێت بۆ دەستنیشان کردن و چارەسەری کێشەکان، منداڵان خاوەن پێداویستی تایبەت ئەسڵەن گرنگییەکی ئەۆتۆی پێنادرێت. کەم نین ئەو خوێندکارانەی لە ناوەڕاستی پرۆسەکەدا بێئومێد دەبن و ملی ڕێگەی کار یان بەجێھێڵانی ووڵات و ھەڵبژاردنی ڕێگەی ھات و نەھات ئەگرنەبەر، ئەگەر پەروەردەی منداڵان ولاوەکانمان دروست بن، ئەگەر حکومەتی ھەرێم پێداویستییەکانیان دابین بکات، بۆچی شەپۆلێک لاوی نەخوێندەوار یان کڵۆڵ لە خوێندنمان ھەن؟ ئەوەی بە زۆری بەرچاو دەکەوون پەروەردەیەکی نادروست و پڕ لە توند و تیژییە، ئێوە تەماشای سادەترین کێشەی کۆمەڵایەتی بکەن لە نێوان دوو لاو، مامۆستا و خوێندکار، لە نێوان دووخێزان تا دەگاتە دوو ڕێکخراو یان حیزب، چارەسەر یەکسەر دەست بردنە بۆ چەک و کوشتن و بڕین، مەگەر زۆر زۆر مسالم بن مەسەلەکە با شەق و کوتەک و بەسڵامەتی "سەروگوێلاک شکاوی" کۆتایی پێبێت، ئەم کولتور و ئاراستە کردنە، ئەم گیانی شەڕو لەیەک نەبوردنە کولتوری حیزبە زلھێزەکانی کوردستانە کە ئەمڕۆ حوکمی خەڵکی کوردستان دەکەن و ھەر ئەم کولتورەش بەسەر خەڵکدا فەرز دەکەن، لەسەر ڕەخنەیەک و بابەت نوسینێک بە گوللە وەڵامت دەدەنەوە، یان بێسەروشوێنت ئەکەن، دەیان نموونەمان لەبەدەستن لەم بارەوە، کە سۆرانی مامەحەمە و سەردەشت عوسمان دوان لەو دەیان نمونانەن.


مەحمود نەجمەدین: تۆنامیلکەیەکت ھەیە لەسەر بەعەلمەنە کردنی پەروەردە لەکوردستان، زەرورەتی ئەمە چییە؟


شێرزاد فاتح: بەڵێ "با پرۆسەی پەروەردەوفێرکردن بە عەلمانی بکەین" ناوی ئەو نامیلەیەیە کە من لە ساڵی ٢٠٠٠ دا بەچاپم گەیاند، زەرورەتی بەچاپ گەیاندنی ئەو نامیلکەیە بریتی بوو لە پێداویستی زۆر بەپەلەی گۆڕینی پرۆگرامەکان و پرۆسەی پەروەردەوفێرکردن بوو بە گشتی لە کوردستاندا و دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، لەھەمان کاتدا ڕەخنەیەکی قوڵبوو لە دەسەڵاتدارانی کوردستان و ھەردوو ئیدارەی ئەوکاتەی ھەرێم، ھەروەھا ڕەخنەو شیکردنەوەی پرۆسەی فێرکردن، وە ڕەخنەیەک بوو لە کولتوری پەروەردە لە کۆمەڵگای کوردیدا، ئەمەجگە لە ڕەخنەگرتن لە تێکەڵ کردنی ئاین زۆر بەزەقی لە پرۆسەکەدا و بەتایبەتیش لە ماددە زانیستییەکاندا لەوانە ماتماتیک، وەک نموونەش ماتماتیکی پۆلی ٧ "بەشی حەوتەم"م ھێناوەتەوە. ئەمە جگە لە پەراوێز خستنی ڕۆڵی خوێندکار و دەورونەخشی خێزانی خوێندکاران لە پرۆسەی پەروەردەوفێرکردندا فێرکردندا، ئەمەو گوزەرانی مامۆستایان و ناچاربوونیان بە کاری دووەم و سێیەم لە دوای دەوامی قوتابخانە.


شایانی باسە کە لەساڵی ٢٠٠٤ دا، دوای پێداچونەوەو گۆڕانکاری کردن، بەشە گرنگەکانی نامیلکەکم بە چەند بەش و وەک زنجیرە بابەتێک لە کوردستانی نوێدا بڵاو کردەوە، ئەوەی کە جێگەی نیگەرانی قوڵی من بوو لەم نێوەدا، دەستکاری کردن و گۆڕینی ھەر ووشەیەک کە بە دڵی سەرنوسەر نەبوو، وە پێچەوانەکردنەوەی مانای ھەرووشەیەک کە بە دڵی نەبوو!!


مەحمود نەجمەدین: جەنابتان بەرێوەبەری سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵانن ئەگەر بکرێت لەبارەی رێکخراوەکەتانەوە قسەمان بۆ بکەیت، ئەم رێکخراوە ساڵی چەند دروستکرا و پرۆژە و چالاکییەکانی چین؟ ئاستەنگ و گرفتەکانی چین؟


شێرزاد فاتح: ئێمە (من و کۆلەڵێک لەھاوڕێیانم) ساڵی ١٩٩٩ وە کە سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵانمان پێک ھێناوە، لە کارو چالاکی بەردەوامدابووین، کارێکی ئاسان نییە کە نزیک ١٣ ساڵ لەکار و ھەڵسوڕان لە وەھا چاوپێکەوتنێکدا بخەمە سەر کاغەز، بۆیە باشتر وایە خوێنەری بەڕێز بگەڕێنەوە بۆ وێبسایتی سەنتەری منداڵان بە ھەرچوار زمانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و سویدی بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە www.santarimnalan.com، www.childiraq.com . بەڵام من دەتوانم زۆر بەکورتی ئاماژە بۆ چەند کارو ھەڵسوڕانێک بکەم. لەوانە کردنەوەی خانەیەک بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت لە سلێمانی و لە بەغداد، ھاوکاری وبەدواداچوون بۆ چەند چەند منداڵی نابینا لە کەرکوک کە موچەی نابیناییەکەیان بڕاو بوولە لایەن حکومەتی ھەرێمی سلێمانییەوە، ھاوکاریکردنی چوار منداڵ لە کەلار کە مەترسی کوێر بوونیان ھەبوو، پاش ھاوکاری کردنی خێزانەکەیان، تونرا دوان لە منداڵەکان ڕەوانەی ئێران بکرێن بۆ نەشتەرگەری، دەرکردنی بەیاننامەو ڕاگەیاندن لەسەر ھەرجۆرە توندوتیژی و بێحورمەتییەک کە لە دژی منداڵان ئەنجامدرابێت لە ھەر شوێنێکی کوردستان و عێراق بووبێت و ئێمە ھەواڵمان زانیبێت. ھاوکاریکردنی یەک منداڵی نابینا لە بەسرە بە بڕێک پارە. دەرکردنی بڵاوکراوەی دنیای منداڵان و دواتریش گۆڤاری دنیای منداڵان کە ٢٢ ژمارەی لێدەرچوو، بەشداری کردن لە چەندین فێستیڤالی منداڵان لە یابان. کاری چڕوپڕی بەردەوام لە سەر مافەکانی منداڵان، دیموکراسی و پرۆسەی پەروەردەوفێرکردن لەشارەکانی بەغداد و کەرکوک بەھاوکاری ھەردوو ڕێکخراوی Olof Palme و Sida سویدی و Zenko ی یابانی، ھەروەھا بەشداری نوێنەری سەنتەری منداڵان لە چەندین کۆنفرانسی جیھانی سەبارەت بە مافەکانی منداڵان و پێشێلکارییەکان لە ووڵاتانی وەک ئوردن تورکیا، یابان. دابەشکردنی پێڵاو و جانتا و پێداویستی قوتانخانە بۆ منداڵان ھەروەھا پێداویستی سەرەتایی خێزان لە شاری بەغداد لە کاتی ڕوخاندنی ڕژێمی ێدامدا، ھەمان ئەم کارانە لە شاری کەرکوک لە دوو گەڕەک ئەنجامدران. ئەمە جگە لە سازدانی چەندین ڕێپێوان و ناڕەزایەتی لە دژی توندوتیژی لە دژی منداڵان، یادکردنەوەی ١-٦ ڕۆژی جیھانی منداڵان بەچەندین کارو چالاکی جۆراوجۆر لە دژی کوشتنی ژنان و خەتەنەی کچان. ئەمانە کورتەیەک و سەردێڕی ھەندێک لە گرنگترین کارەکانی سەنتەرن، جگە لە کارەکانی سەنتەری منداڵان لە دەرەوەی ووڵات و بە تایبەتیش لە سوید. شایانی ووتنە کە سەنتەری منداڵان لە بەرواری ١٥-٧-٢٠٠٠ دا لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستی بەسەردا گیراو کارو چالاکیمان بۆ ماوەیەک لێقەدەغەکرا.


مەحمود نەجمەدین: ساڵانێکی زۆربەھۆی گەمارۆی ئابوورییەوە ژیانی مرۆڤ بەگشتی و منداڵان بەتایبەتی لەعیراقدا لەدۆخێکی خراپدابوو و لەدوای رووخانی بەعسیشەوە ھەروەھایە ھۆکاری ئەمەچییە؟ چارەسەر چییە بۆ رزگارکردنی منداڵان لەکار کردن؟


شێرزاد فاتح: ئەگەر ئێمە باس لە ئێستا بکەین و خراپی ھەلومەرجی ژیانی منداڵان ھەلسەنگێنین و پەنجە بخەینە سەر ھۆکارەکان، ئەوا بە بڕوای من ھۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە منداڵ لە کۆمەڵگای ئێمەدا وەک مرۆڤێکی لاوازو نەزان و کەمتوانا چاوی لێدەکرێت، دیارە خراپی باری پەروەردەو فێرکردنیش بۆخۆی بەشێکە لە ھۆکارەکە، کە ھەڵقوڵاوی بیر وکلتورێکی سەقەتە. وە پەروەوردەیەکی سەقتە. سزادانی منداڵ تا فێر بکرێن و ئاقڵ بن و گوێڕایەڵ بن ئێستاش لە قوتابخانەکان و نێوکۆمەڵگا بڕەوی ھەیە و ڕۆژانە پەیڕەوی لێدەکرێت، لە جیاتی ھاندان و پێھەڵنان، کەسێتی منداڵ ئەشکێنرێت و ڕۆڵی لاواز نیشان دەدرێت و بچوک دەکرێتەوە. جیاوزییەکی ئاشکرا لە نێوان منداڵی کچ و منداڵی کوڕدا دەکرێت، ئەمیان بە لاوازو ئەوی تریان بەھێز ناو دەبرێت، ئەمیان بۆ کاری نێوماڵ"پیشەی دایک"و ئەیشیان بۆ کاری دەرەوەو چاو لە "پێشەی باوک" بار دەھێنرێت، ئەمە ئیتر کولتوری بەشێکی لە کۆمەڵگای کوردییە بە گشتی، بەڵام زۆر کەسیش ھەن خۆشبەختانە بە پێی ئەم کولتورە ھەڵسوکەوت و مامەڵە لەگەڵ منداڵاندا ناکەن. دەسەڵات لەم نێوەدا دەورونەخشی سەلبی ھەبووەو بەگشتی نەبۆتە ھۆکاری شکاندنی ئەم بەستەڵەکە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان تا ئێستا نەیتواونیوە ھەنگاوێکی جدی بنێ بە ئاقاری دەربازکردنی منداڵان لەم سەرگەردانییە. سەیر لەوەدایە کە ئیمکاناتی زۆر، خەڵکی کارا وخاوەنبڕوانامەو لێھاتووی زۆر، ئەگەر فیعلەت دەسەڵاتی کوردستان دەیەوێت ئەم کارە بکات و لەخەمی منداڵاندایە، پێمناڵێن لەسەرچی وەستاون و لە ٢٠ ساڵی تەمەنی دەسەڵات و حکومکردنیاندا بۆ ئەمکارە ناکەن؟


دیارە دیاردەی کارکردن بە منداڵان کە ئەمڕۆ لە کوردستان و عێراقدا گەیشتۆتە ئاستێکی باڵاو بە پێی ئامارەکانی یونیسێف زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو منداڵی ئیشکەر ھەیە کە ١١٪ ڕێژەی ھێزیکار پێک دێنێت. کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە یان کۆتایی پێھێنانی بەوەدەکرێت کە، خێزانە کەم دەرامەتەکان ھاوکاری بکرێن بۆ ئەوەی کە ناچار نەبن منداڵەکانیان بخەنە بەرکارکردن و لە قوتابخانە دەریان بھێنن. لەھەمان کاتدا پێویستە پرۆژەی تایبەت بە منداڵان لە کاتەکانی پشوو وە بە تایبەتیش لە پشوی ھاویندا ھەبێت، ئەمە لە لایەک ڕێگر دەبێت لە کاری منداڵان و لەلایەکی ترەوە بۆ ئەوەی کە مندڵان ڕابھێنرێن لە سەر کاری دەستی سوک کە زیانبەخش نەبێت بۆ خەستەیان، بە خاتری ئەوەی لەشساغ و بە توانابن و لەھەمان کاتیشدا لەباری دەرونییەوە نیگەران و ناڕەحەت نەبن و ھەست بکەن کە ئەو کارەی کە دەیکەن بۆ کۆمەڵگا کرنگ و سودمەندە.

مەحمود نەجمەدین: عیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە رێژەیەکی زۆر لە منداڵی دابڕاوی ھەیە لەخوێندن، ھۆکاری دابڕان لەخوێندن چییە؟


شێرزاد فاتح: پێم باشە پێش ئەوەی بچمە سەر ھۆکاری دابڕانی منداڵان لە خوێندن، چەند ئامارێک و لێکدانەوەو لێکۆڵینەوەیەک لەم بارەوە باس بکەم، کە لە بەدواداچونێکی مەیدانی یونیسێفە بەھاوکاری لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و گەشەپێداندا ئەنجامدراوە، لەم بەدوادوچونەدا ھاتووە کە ڕێژەی دابڕانی منداڵان لە خوێندن لە ئاستێکی زۆر مەترسیداردایەو گەیشتۆتە ڕێژەی سێیەکی ئەو منداڵانەی کە ئەمڕۆ لە قوتابخانەکاندا بەردەوامن لە خوێندن کە ژمارەیان زیاتر لە ٣ ملیۆن و نیو منداڵە، بەپێی ئەو سەرچاوەیە ڕێژەی دابڕان ٣٠٪ بۆ ٤٠٪ لە سەدی ئەم ژمارەیە پێک دەھێنێت.


ھۆکارەکانی دیاردەی دابڕان لە خوێندن زۆرن لەوانە: کەمدەرامەتی خێزان، شەڕو داگیرکاری و نائارامی و خراپی باری ئەمنی، خراپی و لاوازی پرۆگرامەکانی خوێندن کە لەگەڵ ژینگەو حەزو ئارەزووی منداڵاندا ناگونجێت و دورە لە خەون و ئاواتەکانیان، ڕێزلێنەگرتنی پێویست لە قوتابیان و دورودرێژی مەنھەج بەجۆرێک کە خوێندکار ھەراسان دەبێت و بێمتمانەیە بە خوێندن وخوێندنگاو مامۆستاو بەڕێوەبەر. ئاشکرایە کە شەڕو نائەمنی و ئاوارەیی و بێئومێدی لە تەواوکردنی خوێندن و بەڕێوەچونی ژیان لەپاش تەواو کردن ...ھتد، چەندین ھۆکاری ترن کە کاریگەری دائەنێن لەسەر منداڵان ولاوان تا پۆلەکانی خوێندن بە جێبھێڵن.


مەحمود نەجمەدین: ئێوە لە رێکخراوەکەتاندا ھەوڵتان داوە خەڵکی ھۆشیاربکەنەوە لە گرفتی خەتەنە کردن و زیانەکانی، ئایا ئەم دیاردەیە لەچاو ساڵانی پێشووترکەم نەبووەتەوە؟ ھەست ناکەیت خەڵک ھۆشیاربووەتەوە؟


شێرزاد فاتح: سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە، بەداخەوە ئەمڕۆ لە کوردستان ڕاستیەکانی پشتی پەردەی ئەم نەریت ودیاردە دژی ئنیسانییە زۆر ترسناکن و دەرخەری ئەو تاوانەن کە ئەمڕۆ لە دژی منداڵان و ژنان ئەنجامدەدرێن، ھەروەک چۆن بە ھەمانشێوە لە ئەفەریقاو بەشێک لە ووڵاتانی تری ئاسیادا ئەم تاوانە دژ بە ملیۆنەھا ژن ئەنجام دەدرێن. سەرباری ئەوەی کە ئێمەو ھەموو ئەوڕێکخراوانەی تر کەدژی دیاردەی خەتەنەی ژنانین و لەم نێوەدا ھەرچی کرابێت لە بواری ھۆشیارکردنەوەو ھەوڵی بەرگرتن لەم تاوانە کردوومانە، حەتمەن دیارە تواناکانی ئێمەش دیاری کراون ولەبەر زۆر ھۆکار نەمانتوانیوە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە کوردستاندا کار بکەین، ھۆی سەرەکیش نەبوونی ئیمکاناتی ماڵیی و ھاوکاری نەکرنمانە لە لەیەن دەسەڵاتەوە، بەڵام سەرباری ئەمە ئامارەکان و ژمارەی قوربانیان ھێندە دڵخۆشکەر نین و دەرخەری ئەوە نین کە ئەم دیاردەیە کەمبووبێتەوە، لەبەر چەند ھۆکارێک، لەوانە: کەمتەرخەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژی بەگشتی لە دژی ژنان، ژمارەی کوشتنی ژنان بە بیاوی جۆراوجۆر لەوانە بە بیانوی ناموسپەرستی دەرخەری ئەم ڕاستییەن کە ئەمڕٶژانە زۆر بەزەقی زیادی کردووە، یان خۆ دورگرتن و تەدەخول نەکردن لە زۆر ڕوداودا کە ژنان تێیدا قوربانین، ئەویش بە بیانوی پاراستنی شەرەفی خێزان وچەند ھۆکارێکی تری کۆمەڵایەتی کە تا سەرمۆخ کۆنەپەرستانەن. ئەگەرچی زۆرجار دەسەڵاداران پڕوپاگەندە بۆ بەرگری لەمافەکانی منداڵان وژنان دەکەن، بەڵام لە کرداردا بۆخۆیان قوربانی عەقڵییەتێکی دواکەوتوانەو کۆنەپەرستانەن بۆیە بەجدی کار بۆ ئەمە ناکەن، ئاشکرایە کە لەھەر شوێنێک دەسەڵات دڵسۆزی نواند بۆ خەڵکەکەی وداخوازی و پێداویستییەکانی بۆیان جێبەجێ کرد، ئەگەر یاسا یاسایەکی پێشکەوتنخواز بێت و بۆ ھەموان وەک یەک بێت و یاسای عەشیرەت و خێل و بنەماڵە نەبێت، زۆر دەگمەن خەڵکانێک دروست دەبن پشت لە یاسا بکەن و یاسا جێبەجێ نەکەن.


تا ئێستا داتایەکی دروست کە وردبینکاری تێدا کرابێت لەمبارەوە نییە کە دەرخەری ڕاستییەکانی دیاردەی خەتەنە بێت لە ھەموو عێراقدا، بەڵام ڕاپۆرتەکانی وادی وەک نمونە دەرخەری زۆر ڕاستین، لەیەکێک لە ڕاپۆرتەکاندا سەبارەت بە توێژینەوەیەک لەم بارەوە کە لەشاری کەرکوک ئەنجامدراوە، بە پێی دەرەنجامەکانی دەرکەوت ٣٨.٢٪ی ژنانی کەرکوک لەگەڵ دەرەنجامەکانی خەتەنەکردنی ژناندا دەژین. کە لە نیویاندا ژنانی کورد بە رێژەی ٦٥.٤٪ زۆرترین زیان بەرکەوتووی نەتەوەکانە، ژنانی عەرەب بە رێژەی ٢٥.٧٪ ژنانی تورکمان ١٢.٣٪ بوو. ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١٠ دا وادی توێژینەوەیەکی ھاوشێوەی ئەنجامداوە لە کوردستانی عێراق‌دا ئەوەی دەرخست کە بەرزی رێژەکە ترسناکەو دەگاتە ٧٢٪.


ئەم ئامارانە چەندە خەتەرناکن و مایەی نیگەرانین، ھێندەش شەرمھێنەرن بۆ دەسەڵاتێک کە باس ئازادی ژنان و مافی مرۆڤ و چی و چی دەکات! دوو شت من بۆخۆم لەزۆر کۆڕو سیمینار و کۆبوونەوەی گشتیدا کە چەندین نەتەوەی جیاجیا تێیدا بەشداربوون ڕووبەڕووی یەک پرسیاری ئیحراجکەر بوومەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە: بۆچی ئێوەی کورد ژنان و کچەکانی خۆتان دەکوژن؟ شاشەی تەلەفیزۆنەکانتان وانیشان دەدەن کە کوردستان ووڵاتێکی ئارام و پێشکەوتووە، کەچی بە ئەندازەی ھەموو عێراق ژنی تێدا دەکوژرێت و خەتەنەی کچان دەکرێت. دیارە بۆ من وەڵامی خۆمم ھەیەو وەک ئیشارەم پێکرد لام ئاشکرایە کە کێشەکە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام نازانم وەڵامی دەسەڵات بۆ ئەم پرسیارە چییە کاتێک لە کۆڕو کۆنفرانسێکی نێونەتەوەییدا بەشدار بن و ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە ببنەوە!
 

مەحمود نەجمەدین: واریس دیریە نووسەری رۆمانی گوڵی بیابان لە رۆمانەکەیدا باس لەخەتەنەکردنی ژن دەکات بەشێوەیەکی دڕندانە لە ئەفریقا و خۆشی قوربانی داب و نەریتی کۆمەڵگای ئەفریقیە و توانیوێتی دەنگی خۆی و ژنانی وڵاتەکەی بەدونیا رابگەیەنێ. ئایا ژنانی کۆمەڵگای ئێمە دەتوانن ئەو کارە بکەن؟ ئایا ژنی کوردی لەئاست مافەکانی خۆی سست نییە؟


شێرزاد فاتح: ئەگەرچی ئەو گۆبەند و بەسەرھاتەی بەسەر واریس دیریەدا ھاتووە، تا گەیشتنی بە ماڵی خاڵی لە لەندەن بۆخۆی ئاڤەنتیورێکە و بوونی دیریە بەو کەسایەتییە بۆخۆی وەک خەون وایە، بەڵام کاتێک ڕۆمانەکە دەخوێنیتەوە ھەست دەکەیت کە دیریە بێپەروا و ڕاستگۆیانە ڕووداوو بەسەرھاتی خۆی باس دەکات، کە ئێستا بووە بە سیمبولی دژی خەتەنەی ژنانە.


سەبارەت بە کوردستان و کاری ژنان و ڕێکخراوەکانیان، ئێمە دەبێت یەکڕاستییەکی تاڵو حاشا ھەڵنەگر بزانین، ئەویش ئەوەیە کە دەسەڵات و حکومەت ئەمڕۆ لە کوردستاندا ڕێگە نادەن چالاکوانی دڵسۆزی ئەم بوارە کە ئازادانەو بێڕێگری کاربکەن، لەھەمان کاتدا ھیچ جۆرە ھاوکارییەکیش ناکرێن وبگرە ھەتا بۆ دەورانێکی زۆر کارو ھەڵسوڕانیشیان قەدەغە کراو لە ساحەکە کرانە دەرەوە. ڕێکخراوی سەبەخۆی ئافرەتان و ڕابەرەکانی نموونەی ئەو ژنانەن کە جەسورانە بۆ وەستانەوە لە دژی ھەڵاواردن و توندوتیژی دژ بە ژنان"کە خەتەنەش یەکێکە لە دڕندەترین شێوازەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان" پێشڕەوی خەباتی مەیدانی ژنان بوون لە کوردستاندا کە ساڵی ١٩٩١ تا ساڵی ٢٠٠٠، لە دوای داگیرکردنی بنکەی سەنتەری پارێزگاری لە ژنان لە تەمموزی ٢٠٠٠ داوقەدەغەکردنی کارو ھەڵسوڕانیان. ئیتر ئەوە بوو وەک بەدیلێک بۆ ئەو ڕێکخراوە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، چەندین ڕێکخراوی گوێ لە مستی دەسەڵات و بەناوی بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان دامەزران. بەڵام ئەو ڕێکخراوانەی ئێستا لە گۆڕەپانن و تۆپەکە لە قاچی ئەواندایە، دەستکردی حیزبەکانی دەسەڵاتن و ھەڵقوڵاوی نێوکێشەو داخوازییەکان ژنانی کوردستان نین، ھەربۆیە کارەکانی ئەم ڕێکخراوانە لە چوارچێوەی سیاسەت و بیرکردنەوە و تێڕوانینی حیزبەکانیان بۆ مەسەلەی ژنان بەدەر نین و کارەکانیان ناچێتە بواری بەرگری سەرسەختانە لە مافەکانی ژنان بەگشتی و خەتەنەوە بە تایبەتی. بگرە ھۆکاریشن بۆ کوشتنی ژنان، کوشتنی کیژۆڵەکەی کەلار باشترین ئاماژەیە بۆ ئەمە.


بۆیە لە ڕاستیدا ژنانی ئەو بوارەمان زۆرن و خەڵکی دڵسۆز و خاوەن ئەزمونن، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانن کارو ھەڵسوڕانی جدی بکەن، پێویستە ڕای جیاواز لە کوردستان ڕێزی لێبگیرێ و دەسەڵات قبوڵی ئەم واقعەیە بکات، پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردستان زمانی ڕەخنەو بیری ئازادانەی جیاواز لە خۆیان بەڕەسمی بناسن و دانی پێدا بنێن. لە دنیای پێشکەوتوودا وە بە تایبەتی لە ئەوروپا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی نەک ھەر ئازادن لە کارکردندا بەڵکو کۆمەکی مادی و مەعنەوی دەکرێن لە لایەن کۆمۆن و شارەوانی و ھەروەھا لە لایەن خودی حکومەتەوە، کەچی لە کوردستان، بە تەپڵ و ئاوازی دەسەڵات ھەڵنەپەڕیت، ئەوا بۆشت نییە بە بیرێکی جیاوازەوە کار بکەیت و ڕەخنە لە دەسەڵات بگریت.

___________________________________________________
پرۆفایل:
شێرزاد فاتح لە دایکبوی کەرکوک، دەرچوی زانکۆی موسڵ، کۆلێژی پەروەردە ساڵی (١٩٩٢ـ١٩٩٣) و ھەروەھا دەرچوی زانکۆی (یاڤلە) لە سوید ساڵی ٢٠٠٩ و بڕوانامەی ماستەری ھەیە لە بواری پەروەردە و فێرکردن "ماتماتیک - فیزیک"، ئێستاش مامۆستای دواناوەندییە لە سوید و ھەرەھا بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵانە.

 

ماڵپەڕی شێرزاد فاتح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک