په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

کۆمەڵگاو.. لاوێکی لەرێ دەرکەوتوو.


عەبدوڵڵا ئەحمەد گەرمکى 


لەڕێدەرکەوتن بەو واتایە دێت کە بۆ کۆمەڵگایەک یان بۆ کەسێک یان بۆ هەر شتێکى تر بێت؛ واتاى ئەوە دەگەیەنێت کە لەڕاستی خۆی لایداوە و رێگایەکی تری گرتۆتەبەر ئەمەش لەرێدەرکەوتنە. وەک دەزانرێ ئێستا لەرەوشێکی واداین کە هەموو شتێک وەکو خۆی نەماوە و دەستێوەردانی تێدا کراوە، بەم نووسینەش نامەوێ زۆر بۆ دوور بڕۆم، بەڵکو دەمەوێ کۆمەڵگا و لاوی کورد بەئامانج بگرم کە لەدەرئەنجامی ئەو سیاسەتانەى ئەمڕۆ بەڕێوە دەچێت چ جۆرە لاوێک دەئافرێنێت، بۆیەش لاوم کردۆتە سەرەکى باسەکەم، چونکە تاقە توێژە کە دەتوانێت ئەو لەرێدەرکەوتنەى لەئارادیە لەگەڵ گۆڕانەکان کە لەگەڵ سەردەمدا بگونجێ و بیگەڕێنێتەوە دۆخێکی راستەقینە.


ئاشکرایە ئەمڕۆ لاوان بەگشتی لەبەر ئەو رەوشانەى کە لەئارادان هەر پارچەیەک لەکوردستان رەوشێکی تایبەتی خۆی هەیە و ئەوەتا دەبینین لاوان لەباکووری کوردستان خاوەن هەڵوێستێکى جوامێرانەن و مرۆڤ دەتوانێ پێیان بڵێت لاوی راستەقینە، ئەوەتا هەر لەدوای هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان دەستیان کردۆتە چالاکی جۆراوجۆر و رۆژ نییە کینی خۆیان دەرنەبڕن و هەموو جۆرە چالاکییەک ئەنجام دەدەن لەکاتێکدا کە دەستدرێژی هەبوو بۆ سەر گەل و گەریلا دەبێت ئەو کاتە لاو بەتایبەت بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دونیا بهەژێنێ. ئەوەتا هەر لەباکوور و لەناو شارەکانی تورکیا رۆژ نییە لاو ئۆتۆمبێل نەسوتێنن ئەوەش لەئەنجامی شەپۆلە ناڕەزاییەکانەوە دێت کە دەوڵەتی فاشیستی تورک رۆژانە قەتلوعام لەسەر گەلەکەمان بەڕێوە دەبات، لەرۆژهەڵاتی کوردستان و رۆژئاواش رەۆشێکى جیاواز لەئارادایە و دەبینیت گەنجانی ئەو پارچانەش بەتایبەتی گەنج رۆژانە بەشداربوون بۆ ناو ریزەکانی گەریلا هەیە و چالاکی جۆراوجۆر هەن ئەمەش هەر مرۆڤ بەوە شادمان دەکات. واتا راوەستان نییە و لەبەرامبەر ئەو کۆنسێپتانەى کە دوژمنان بەسەر گەلەکەمان بەڕێوەى دەبەن بێ دەنگی نییە و بەشێوازێکی رێکخستەیی چالاکییەکانی خۆیان ئەنجامدەدەن.
بەڵام حەیف و مەخابن بۆ لاوانی باشووری کوردستان کە بەڕاستی ئیدی تەنها توێژە رۆحێکی مردوو و جەستەیەکى زیندووە، بەقبوڵکردنی ئەم رەوشەش کە هەیە بەواتای قبوڵکردنی هەموو خراپەکارییەکە بەسەرماندا دەسەپێنن و بەبێ ئەوەى دەنگ هەڵبڕین، راستە ئێستا لەباشووردا دەسەڵاتێک لەئارادایە کە سیاسەتێک بەڕێوە دەبات لەسەرەوە و هەموو ژیانێکی ئاژەڵانە دەداتە پێشمان بەبێ ئەوەى خۆمان هەستی پێی بکەین. واتا زۆر بەوەستایانە سیاسەتێکی توانەوە بەڕێوە دەبات و رۆحی پیرۆزى گەنجانە دەتاسێنێ و پێمان دەڵێت ئێوە ناتوانن سیاسەت بکەن. ئێمە دەتوانین بیکەین، ئێوە ناتوانن بنووسن و نەزانن ئێمە زاناین، ئێوە ناتوانن گەل بەڕێوە ببەن ئێمە دەتوانین، گەر ئێمە نەبین ئێوە هیچن، بەمەش ژیانێکى وادەدەنە پێشت کە ئەگەر ئەوان نەبن تۆ ناتوانی هیچ بکەیت. رەوشی گەنجانی ئەمڕۆش لەبێ ئومێدیەکدان، راستە ناڕەزاییەک هەیە لەلایەن لاوانەوە، بەڵام ئەو ناڕەزاییە ناتوانن پەرەپێبدەن کە تاوەکو گۆڕانێک بەئاکام بگەیەنرێ و ناڕەزاییەکان تەنها لەچوارچێوەى قسەدا دەمێنێ و هیچی تر. واتا ناڕەزایی درێژخایەن هەڵنابڕن، جاروبار خۆپیشاندان دەکەن، بەڵام بەقسەی بەرپرسێک هەڵدەخەڵەتێنرێن یان، زۆرجار هەر گەنج خۆی گرفتە. بۆنموونە گەر بخوازیت رێکخراوێک دروست بکەیت هەموو کێشەکان دەگەڕێنیەوە بۆ ئەوەى کە سەرچاوەى دارایمان نییە. گەر رێکخراویشمان دامەزراند دەبێ تا ماوەیەک بەردەوام بین و دواتر تەسلیمی ئەمری واقیع بین، ئەمانەش گەنجێک دروست دەکەن کە باوەڕى لەسەر خۆی نەبێ و ئیرادە دەکوژن، کاتێک گەر مرۆڤێک خاوەن باوەڕی و ئیرادەش نەبوو ئەوا بژیت و نەژیت بێگومان هەر وەکو یەکە، بگرە نەژیت باشترە. چونکە دەبێتە بەڵا، بەڵام گەر خاوەن باوەڕی بیت، ئەوکاتە لەبەرامبەر ئەو نا عەدالەتییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییە...هتد بێ دەنگ نابیت و لەگرتن و بڕین و ئەشکەنجەش ناترسی، چونکە ئەو ژیانە ناڕاستە کە نوخبەیەکی جەلاد بەڕێوەى دەبن پێویستە رووبەڕووى ببیتەوە، ئەگەر لەبەرامبەر ئەو هەموو خراپەکاریانەش بێ دەنگ بووى واتا رازیت ئەو هەموو خراپەکاریانەى هەن، چونکە وەک لەعەرەبیدا هاتووە و دەڵێ (السکوت علامە الرچا)، بۆیە دەبێ گەنجى ئەمڕۆ بەبێ گوێدانە یاسا دروستکراوەکان و پەرلەمان و حکومەت، بۆخۆی خاوەنی هەڵوێستی خۆی بێ، چونکە ئەو دەزگایانە تەنها کاریان ئیفلیجکردنی جەماوەرە و کۆمەڵگایەکى سەقەت و بێ باوەڕ دروست دەکات، بەناوی ئازادی و دیموکراتییەوە دەمان چەوسێننەوە و هەموو ئەو دیموکراتیانەش کە باسی لێوە دەکەن پێچەوانەى دیموکراتین، چونکە دیموکراتی بۆ خۆی بەواتای بەڕێوەبردنی گەل دێت. واتا گەل دەبێت خۆی خۆی بەڕێوە ببات بەبێ دەستێوەردانی حکومەت، کاتێک حکومەت دەستێوەردانی کرد ئەوا لەو کاتەدا دیموکراتیبوونی نامێنێ، چونکە لەدیموکراتیدا دەسەڵاتداری نییە و دەسەڵات و دیموکراتی دوو شتی لەیەک ناکۆکن، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە لەدیموکراتیدا دەبێ ئازادییەکانی ژن دەستەبەر بکرێت و لەگەڵ ئازادییەکانی تاک و دروستکردنی رێکخراوی مەدەنی و ئاواکردنی دادگای گەل و... هتد، بەڵام ئەوڕۆکە تەماشا دەکەیت پارتی هەیە بەناوى دیموکراتەو کەچی ئۆلیگارشی و دەسەڵاتخوازە و بانگەشەى یەکسانی و ئازادی دەکەن، ئەمڕۆ نەعلەشۆکان گەشتوونەتە ئەو ئاستەى کە کۆمەڵێک خەڵکیان وەکو خۆیان کۆیلە کردووە و لەپێناو ژن و ماڵ و پارە ئامادەن خاکەکەیان بفرۆشن، لەبەرامبەر ئەو هەموو لەرێگا دەرکەوتنە گەنجانیان ئاراستەى ئەو خراپەکاریانە کردووە، ئەوەتا تەماشا دەکەیت گەنجی ئەمڕۆ گەنجێکی بێ دەنگە و پێداگری ناکات لەسەر ئەوەى مافەکانی وەدەست بخات و سەرجەم ئەو کۆمەڵگایەی کە بەرەو ئاراستەیەکى هەڵدێر ئاراستە کراوە بیهێنێتەوە و ئاراستەکەى بگۆڕێتە ئاراستەیەکی باش و چیتر ئەو ژیانە ئاژەڵیانە ئیتر پەسەند نەکات.


ئێستا وا لەسەرەتای ساڵی (2008)داین، بۆیە دەبێت ئەمساڵ جیاواز لەساڵانی رابردوو، لاو بەتایبەتی دەبێ تێبکۆشێت و لەدەرەوەى حزب و حکومەت خۆی بەڕێکخستە بکات و شەپۆلە ناڕەزاییەکان بڵندبکاتەوە و ئیتر ژیانێکی وا قەبوڵ نەکات، ساڵانی رابردوو گەنج نەیتوانی ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆی بەڕاستی تێکۆشانێکى لەپێناودا بکات، بەڵام ئەمساڵ بەتایبەت دەبێ هەروەکو چۆن شۆڕشی فەڕەنسای ساڵی (1968) کە بەڕێبەرایەتی لاوان کرا و مۆری خۆی لەدیرۆکدا دەبێت لاوانی ئێمەش لەساڵی (2008)دا مۆری خۆیان لە مێژوو بدەن و ئیتر بڵێن ئەگەر حکومەتیش نەبێ دەتوانین بژین و خۆمان بەڕێکخستن بکەین و فیۆداڵێتی بنەبڕ دەکەین و بۆرژوازیەتیش لەناو دەبەین ئەو دوو ڤایرۆسە کوشندانە کە ئیمرۆ لەکوردستان هەن بنەبەڕ بکەین و دیموکراتییەکى راست بهێنینە گۆڕی کە نەخشێنرابێ بەهێزی بازووى لاو بڕوایەش دام کە لاو ئەو هێزەیان بێگومان تێدایە، چونکە تاقە توێژە کە چاو نەترسن، حەقم لاوانە نییە کە بوونەتە کۆیلە و بەکرێگیراو و نامووس فرۆشی دەسەڵات، مەبەستم ئەو لاوانەیە کە بڕوایان بە رۆژێکی پڕ لە یەکسانییە و تێکۆشان لەپێناوەشدا بێگومان سەرکەوتنی بەدواوە دەبێت.

 

 

abdulagermiki@yahoo.com