په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک


کۆمۆنیزم و حیزب و چینى کرێکار.



سەعید ئەحمەد کردوویەتى بە کوردى

 

کورتکراوەى گفتوگۆیەک لەگەڵ مه‌نسور حیکمەتدا

دەبێ باس لە شۆرشی کۆمۆنیستی بکەین. ئیتر خەریکە پآدەنێینە سەدەى بیست و یەکەمەوە.
ئەم پرۆسەى "دەستبردن" بۆ کۆمۆنیزمە پێویستیەکى حەتمی مێژووییە. ئەمە پرۆسەیەکى جیهانیە. کرێکار سەرلەنوآ دەست بۆ کۆمۆنیزم و تەحەزوبى کۆمۆنیستى دەباتەوە. ئاڵاى سۆسیالیزمى کرێکارى ئەم جارە بەناوى مارکسیزمەوە هەڵئەکرێت. ئەمە رەوتێکى جیهانیە.


دەمەوێ بڵێم سۆسیالیزمى بۆرژوایى ئاڵاکەى لەدەستداوە و مانایەکى ئەمە ئەوەیە کە بۆرژوازى دەیەوێ بەیەکجارى دەست لە مارکس هەڵگرێت و خۆیان بەئاشکرا ئەمە رادەگەیەنن. رۆژنامە رەسمیەکانى بۆرژوازى دەڵێن مارکس دەورەى بەسەرچوو. ئەمە ماناى ئەوەیە کە بۆرژوازى دەتوانێ ئەم مەقولەیە و ئەم رێبازە بنێتەلاوە.


ئەمانە رێگریەکانن، بەڵام عاملە ئیجابیەکان زۆر بەرجەستەترن. پێشتریش گوتوومە کە سوودوەرگرتن لەو عاملە ئیجابیانە پێویستى بە پراتیکێکى هۆشیارانە هەیە. بەڵام عاملە سلبیەکان خۆبەخۆ سبەینێ روودەدەن. هەموو رۆژێک خەریکن روودەدەن. بەڵام گۆڕینى شکستى سۆسیالیزمى بۆرژوایى بۆ سەرکەوتنى مارکسیزمى کرێکارى تێکۆشانى دەوێت، کارو هەڵسووڕانێکى زۆرى دەوێت. ئەمە ئەو ئاسۆیەیە کە لەبەردەم کۆمۆنیزمى کرێکارىیە لە ئێران و جیهاندا، تەنانەت هاتنەگۆڕى باسى کۆمۆنیزمى کرێکارى و سەرهەڵدانى لە حیزبى ئێمەدا، بەبڕواى من رەنگدانەوەى واقعیەتێکى کۆمەڵایەتى دەرەوەى خۆیەتى. ئیلهام لە فشارێکى دیکەوە وەردەگرێت. بزووتنەوەى چینى کرێکار کە تا ئەمڕۆ هێز و تواناى خۆى بەخشیوەتە بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانى بۆرژوازى و واى لێکراوە کە بەدواى مەسەلەى کۆمەڵایەتى بەشە جیاجیاکانى چینى دەسەڵاتدارەوە بێت، ئێستا بەرەو ئەوە ئەڕوات کە هێزى سەربەخۆى خۆى نمایش بکات. تەرحى پیشرەوانەی بەرەوپیشچونی کۆمۆنیزمى کرێکارى، کەمپینێکە کە لەسەر بناغەى ئەم واقعیەتە کۆمەڵایەتیە خەریکە دەڕەخسێ. وە ناکرێ بەرى پێبگیرێت. لەم رووەوەیە کە من پێم وایە بۆ کۆمۆنیستێک کە خوازیارى سەرکەوتنى کۆمۆنیزم، کۆمۆنیزمى مارکسە و عەوداڵى رێگاى پێشڕەوییە، ناتونێ خۆى لە پەیوەستبوون بە کۆمۆنیزمى کرێکارى لابدات. هەلومەرجى بابەتى بۆ بیروباوەڕى کۆمۆنیستى لەبارە. نەک وەکو مەسەلەیەکى دەستبەجێ و رۆژانە بەڵکو لەڕووى مێژوویەوە لەبارە. لەڕووى مێژووییەوە ئەمە ئەو دەورەیەیە کە تیایدا چاوەڕوانیەکانى مارکس لە خەباتى چینایەتى دەکرێ بە واقعى عەمەلى بکرێتەوە.


مارکسیزم بەرلەوەى زنجیرەیەک ئەحکام و پێشبینى بێت، رەخنەیە. رەخنە لە کۆمەڵگاى سەرمایەدارى. ئاشکرایە کە ئەم رەخنەیە پشتى بەستووە بە شیکارییەکى ئیسپاتی بناغەکانى ئەم سیستمە و ناکۆکیە دەروونیەکانى. بەبڕواى من دابڕان لە مارکسیزم دابڕانە لە حەقیقەت. هەزار یەکێتى سۆڤێت بێت و بڕوات هیچ ئاڵوگۆڕێک لە رەخنەى من وەکو مارکسیستێک بەرامبەر بەم کۆمەڵگایەى کە هەیە، وە تێڕوانینێک کە بۆ کۆمەڵگاى شایستەى ئینسان هەمە، وە ئەو هێزە کۆمەڵایەتیەى کە بۆ وەدیهێنانى ئەم کۆمەڵگا نوێیە لە دڵى کۆمەڵگاى ئێستادا شکى ئەبەم، پێک ناهێنێت.


بناغەى سۆسیالیزم ئینسانە، چ وەک کۆمەڵ و چ وەک تاک. سۆسیالیزم بزووتنەوەى گێڕانەوەى ئیرادەیە بۆ ئینسان. بزووتنەوەیەکە بۆ رزگارکردنى ئینسانەکان لە جەور و زۆرەملێی ئابوورى و دیلێتى لە قاڵبە ئابوورییە لەپیشدا دیاریکراوەکان. بزووتنەوەیەکە بۆ لەنێوبردنى چینەکان و دابەشکردنى چینایەتى ئینسانەکان. ئەمەش مەرجى بنەڕەتى شکۆفایى تاکەکانە...

بانگەواز بۆ کۆمۆنیستەکان و کۆڕ و کۆمەڵە مارکسیستى و سۆسیالیستیەکان!


بەڵام تەنانەت بۆ کەسێک کە مەبەستى هەڵسووڕانى فکریى مارکسیستى و کارى پایەیى کرێکارى بێت، دوورکەوتنەوە لە حیزبایەتى هەڵەیەکى گەورەیە. سەنتەرو کۆڕوکۆمەڵ و نووسینگە و کەسایەتیەکان ناتوانن جێگاى خاڵـیى حیزبە سیاسیەکان پڕبکەنەوە. بەبڕواى من لە نەبوونى ئەو حیزبە کۆمۆنیستە کرێکارییانەدا کە تێکڕاى بەدیلێکى کۆمەڵایەتى بە هەمەگیریى لەبەرامبەر چینى دەسەڵاتداردا دابنێن، لە نەبوونى حیزب گەلێک کە پێکەوەگرێدانى هەوڵە کۆمۆنیستیەکان لە مەیدانە جیاجیاکاندا بە ئەرکى خۆیان بزانن و سیماى جوڵانەوەیەکى هەمەلایەنە بدەن بە خەباتى کۆمۆنیستى کە سەرتاپاى دەسەڵاتى سەرمایەدارى دەکاتە نیشانە، کارو خەباتى دەزگ و عونسرە سۆسیالیستەکان لەم یان لەو مەیدانى کۆمەڵگادا کاریگەرییەکى درێژماوەى نابێت. بەتایبەتى پێم وایە ئەگەر کۆمۆنیزمى کرێکارى لە قاڵبى ئەحزابى سیاسیدا خۆى نەنوێنێ، هەوڵە مەحفەلى و دامەزراوەییەکانى سۆسیالیستەکان بە رادیکاڵی و رەخنەگرانە نامێنێتەوە. کۆمەڵگاى بۆرژوایى ئەمانە هەرس دەکات و لە قاڵبیان دەدات. جیهان پڕە لەو کۆڕ و کۆمەڵە و عونسرە سۆسیالیستانەى کە لە مەیدانە جیاجیاکاندا دەستیان دایە "خەباتى ئالتەرنەتیڤ" و پاش ماوەیەک هەر ئەو خەباتى ئەلتەرناتیڤە بوو بە کۆڵەکەیەکى نەرێتى رەسمى. رادیکاڵیزم لە کۆمەڵگادا بەستراوەتەوە بە پێگەى چینى کرێکار لە ململانێى نێوان چینەکاندا. ئەمەیان ئیتر قەڵەمڕەوێکە کە لە پلەى یەکەمدا پێویستى بە حیزبە کۆمۆنیستە کرێکارییەکان هەیە.


... بەگشتى پێم وایە دەورەى ئێستا دەورەى ناسیۆنالیزم نییە. دەورەى پووکانەوەى ئەویش نییە. ناسیۆنالیزم نە وەڵامێکى تایبەتى هەیە بۆ مەسەلەکانى سەرمایەدارى ئەمڕۆ و نە بەشێوەیەکى تایبەتیش لەژێر فشاردایە. ئەوەى خەریکە دەگۆڕێت ئارایشى نەتەوەیى جیهانى سەرمایەدارىیە نەک جێوشوێنى نەتەوەچێتى تیایدا.


... لە هەلومەرجێکدا کە بۆرژوازى ئەلگۆکانى خۆى لە بوارى ئابوورى و سیاسەت و فەرهەنگ لە قاڵبە جیاجیاکانى ناسیۆنالیزم و دینەوە بگرە تا فاشیزم و نەژادپەرستى دەخاتە بەردەم کۆمەڵگا، چینى کرێکار سەرقاڵى بەرگری لەخۆکردنە لە چوارچێوەى بەرتەسکى ئابووریدا. ئەمە واقعییەتێکى بەرچاو و زۆر جێگەى نیگەرانییە. خۆنواندنى چینى کرێکار لە قەڵەمڕەوى سیاسیدا درێژکراوەى وشک وزڕى خەباتى ئابوورى نییە. "کرێکاران" هەر بەم مانا کۆمەڵناسىیەى وشەکە تائێستا کەمتر لە سیاسەتدا دەخالەتیان کردووە. کرێکار بە حیزبە کرێکاریکانەوە، چ ریفۆرمخوازبێت یان شۆڕشگێر، دەتوانێ لە ململانێ سیاسیەکاندا بەشدارى بکات. ئێستا هەلومەرجێک هاتۆتە ئاراوە کە هەموو ئەو نەرێتە سیاسى و حیزبیانەى کە بە هەر جۆرێک چوارچێوەیەک بوون بۆ دەخالەتى سیاسى کرێکار لە کۆمەڵگادا، وەکو سۆسیال دیموکراسى و لقە جیاجیاکانى کۆمۆنیزم، روو لە نشێون.


ئەو چاوەڕوانیەى کە کرێکاران بەبێ خۆرێکخستن لەدەورى حیزبە سیاسیەکان دەتوانن لە قەڵەمڕەوى ئابووریدا زۆر پێ درێژ بکەن، چاوەڕوانیەکى پووچ و لە ڕووى مێژوویشەوە بێ بناغەیە. من خۆم پێم وانییە سۆسیال دیموکراسى تەنانەت مەیلى ئەوەى هەبێت کە لەمەبەدوا بەوێنەى رەنگدانەوەى سیاسى بزووتنەوەى نەقابیش لە کۆمەڵگادا سەیر بکرێت. ئەم رەوتە بەبڕواى من تاڕادەیەکى زۆر دەستى لە کرێکاران کێشاوەتەوە و چاوى بڕیووەتە توێژە ناوەنجىیەکانى کۆمەڵگا. جگە لەمە سۆسیال دیموکراسى تەنانەت بەرنامەیەکى کۆمەڵایەتى و ئابوور رۆشنى نییە. بەمجۆرە مەسەلەکە بەستراوەتەوە بە چارەنووسى کۆمۆنیزمى کرێکارییەوە. لێرەدایە کە پێم وایە بەبێ لەئارادابوونى هەوڵى جدى بۆ: یەکەم، بەرەنگاربوونەوەى هێرشى دژى کۆمۆنیستى ئەمڕۆ، وە دووەم، پێکهێنانى حیزبە کۆمۆنیستییه‌کانى سەرقاڵ بە رێکخستنى چینایەتى کرێکاران و دەخالەتگەر لە خەباتى سیاسیدا، کریکاران تەنانەت ئەگەر بتوانن لە قەڵەمڕەوى ئابووریدا پارێزگارى لە چەند سەنگەرێکى دیاریکراویش بکەن، بەهەرحاڵ دەکەونە هاوسەنگییەکى سیاسى و ئایدۆلۆژىیەوە کە چەند ئەوەندە دژى کرێکارىتر دەبێت لە هەلومەرجى ئێستا.


بەبڕواى من دەورەیەک کە چووینەتە ناویەوە لەڕووى جموجۆڵى ناڕەزایەتى چینى کرێکارەوە کەموکوڕییەکى نابێت. بەڵام ئەوەى کە ئەم خەباتانە بە چ ئەنجامێک ئەگات و بەشێوەیەکى دیاریکراو چ کاریگەرییەک لەسەر پێگەى گشتیى کرێکار لە کۆمەڵگادا، وە توانا و حورمەتى ئەو دادەنێت، ئەمەیان پرسیارێکى ترە. ئەمەى دووەمیان بەستراوەتەوە بە بوونى جوڵانەوەیەکى کۆمۆنیستى لەسەر ئاستى کۆمەڵگادا و لەجەرگەى جوڵانەوەى کرێکاریدا.


بۆ کۆمۆنیزمێک کە لە ئامانجى یەکسانى و ئازادى ئینسانەکان نەکەوتۆتە گومانەوە، بۆ کۆمۆنیزمێک کە بزووتنەوەى رەخنەگرانەى- پراکتیکى کرێکارە بۆ ژێرەوژوور کردنى سەرتاپاى نیزامى دواکەوتووانە و دژى ئینسانى بۆرژوایى، بۆ کۆمۆنیزمێک کە پەلارمارى ئەمڕۆ بۆسەر مارکسیزم و بیروباوەڕ و بزووتنەوە کرێکارییەکان دەبینێت، دەورەى ئێستا کردنەوەى کۆمەڵێکى فراوان لە جەبهەى فکرى و سیاسى دەخاتە ئەستۆى. دەبێ بەرەوپیرى ئەم ململانێیانە بچین، وە هەموو شتەکان هێما بۆ ئیمکانى سەرکەوتنى کرێکار و کۆمۆنیزم دەکەن هەر لەم دەورەیەدا. جیهان لەحاڵى پێداچوونەوەیەکى بنەڕەتیە بە بناغە سیاسى و ئابوورى و فیکرییەکانى خۆیدا وە کۆمۆنیزمى کرێکارى ئەمجارەیان بەبێ ئەوەى لەگەڵ بلۆک و ئۆردوگاکانى سۆسیالیزمى بۆرژوازى بەرەورووبێت، دەرفەتێکى فراوانى بۆ خستنەڕووى راستەوخۆ و روونى بۆچوونى رەخنەگرانە و بەدیلى کۆمەڵایەتى خۆى هەیە. جیهانیبوونەوەى سەرمایە و بەرهەمهێنانى سەنعەتى، چینى کرێکارى هاوچەرخى کردووەتە چینێکى بەڕاستى جیهانى. ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان بۆ باشکردنى وەزعى ئەم چینە و لەدژى سیاسەتەکانى دەوڵەتەکان و خاوەنکارەکان بەبێ راوەستان لە وڵاتە جیاجیاکاندا لەئارادایە. مەیلە تەقلیدیەکان لە بزووتنەوەى کرێکاریدا، بەتایبەتى بزووتنەوەى نەقابى و جوڵانەوە سۆسیال دیموکراتیەکان، بێتوانایى خۆیان لە پەرەپێدانى ڕیکخراوبوونی کرێکاری و بەسەرکەوتن گەیاندنى ناڕەزایەتیە کرێکاریەکاندا نیشانداوە. سەربارى هەموو تەقەلا و پڕوپاگەندە دژى کۆمۆنیستیەکانى ئێستا، جوڵانەوەى سۆسیالیستى رادیکاڵ لە بزووتنەوەى چینایەتیدا مەودایەکى هەڵسووڕانى فراوانترى دەستکەوتووە بۆ کێشکردنى چینى کرێکار بۆ رێکخراوبوون و سیاسەتى رادیکاڵى کرێکارى.


... بەوێنەى کۆمۆنیست دەبێ گەلێک کار بکرێت. دەکرێ زۆر کار بکرێت. ئەگەرى سەرکەوتنى تەواو و شکستى تەواو هەردووکیان لەئارادایە. ململانێ سەرەکییەکان جیهانین و تایبەتمەندییەکى وڵاتیی تایبەتىیان نییە، هەرچەندە دەکرآ ئیستنتاج گەلێکى رۆشن لەبارەى ئەرکە کۆمۆنیستیەکان لەم وەزعەدا لە هەر وڵاتێکدا دەربکێشرێت.


کۆمەڵێک جەبهەى روون و ئاشکرا هەیە کە دەبێ بەوێنەى کۆمۆنیست تیایدا ئامادەبین. کۆمۆنیزم ئەمڕۆ تەنها بە ئامادەبوون لەم سەنگەرانەدا دەناسریتەوە. نە تەنها دەبێ لەبەردەم پەلامارى فیکریى بۆرژوازى بۆ سەر مارکسیزم بووەستێت، بەڵکو دەبێ رەخنەى ژێروژوورکەرى مارکسیستى، رەخنەى کرێکار بە جیهانى سەرمایەدارى بە گوڕ و توانایەکى تێکشکێنەرى زۆر زیاترەوە لە ئاستى کۆمەڵگادا بخرێتە روو. دەبێ خورافاتى دیموکراتییانە، ناسیۆنالیستى، لیبرالى، دینى و رەخنە نیوەناچڵەکانى نارازىیانى بۆرژوا بە قەراغ و کەنارەکانى ئەم نیزامە، لەمەیدان وەدەربنرێن. دەبێ ریزى سۆسیالیستیى کرێکار بکێشرێتە مەیدانى ململانێ ئابوورى و سیاسیە چارەنووسسازەکانى ئەمڕۆوە. دەبێ ئەلتەرناتیڤى کرێکارى بخرێتە بەردەم جیهانى ئەمڕۆ. دەبێ شێوە و قاڵبەکانى خەباتى رادیکاڵى جەماوەرى کرێکاران دەستنیشان بکرێت و پەرەى پێبدرێت. دەبێ حیزب گەلێکى سیاسى رۆشنبین، رادیکاڵ و کۆمۆنیستى کرێکارى پێک بهێنرێت. دەبێ پێکهێنانى یەکێتى چینایەتى کرێکار لە ئاستى نێونەتەوەییدا بەوێنەى مەسەلەیەکى دەستوبردى عەمەلى بخرێتە بەرنامەى کارەوە. بەشداریکردن لە هەموو سەنگەرەکانى خەباتى کرێکارى چ دیفاعى و چ هێرشبەرانە لەبەرامبەر بۆرژوازى و خەبات بۆ نەهێشتنى هەڵاواردن و ستەم لەسەر توێژە ژێردەستەکانى کۆمەڵگا، دیفاع لە ئینسان لە هەموو رووەکانەوە لە بەرامبەر نەزمى دژى ئینسانى ئیستا و دیفاع لە هەر زەڕەیەک ئازادى و یەکسانى.


بێگومان هەر یەکێک لەمانە تەرجەمە دەبێت بۆ زنجیرەیەک هەڵسووڕانى جۆراوجۆر و ناوەڕۆکى سەرەکى هەڵسووڕانى کۆمۆنیستى کرێکارى پێکدەهێنن.