په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٣\٢٠١٣

کۆسرەت خدر ئەبوبەکر:
ئەگەر وا بڕوا، زانکۆی راپەڕین دەبێتە ''زیانکۆ''.


بۆ بەردەمی ڕای گشتی و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.


بابەت/ ڕوونکردنەوە و داواکاری.


من (کۆسرەت خدر ئەبوبەکر)، ساڵی خوێندنی ٢٠١١-٢٠١٢ بە فەرمانی زانکۆیی، زانکۆی سلێمانی ژمارە (١/٧/١٢٢٤٤)، بە پلەی "یەکەم" بڕوانامەی بەکالۆریۆس-م لە زانکۆی سلێمانی/ بەشی زانستە سیاسییەکان - چەمچەماڵ وەرگرتووە و، دواتر بە فەرمانی زانکۆیی ژمارە (٧/٦/١٣٥٥١) بە ناونیشانی (ی. توێژەر) لە بەرواری ١٠/١٠/٢٠١٢ لەسەر میلاکی زانکۆی سلێمانی/ سکوڵی زانستە سیاسییەکان- چەمچەماڵ دامەزراوم و دەستبەکاربووم. دواتریش لەسەر دواکاری خۆم و بەهۆی ئەوەی ماڵم لە "ڕانیە"یە و نەمدەتوانی لە چەمچەماڵ بمێنمەوە، وە لەسەر ڕەزامەندی و بە فەرمانی زانکۆیی، زانکۆی ڕاپەڕین، ژمارە (٧/٧/٣٠٩٧)، بۆ ماوەی (١ ساڵ) تەنسیبکراوم بۆ سەر زانکۆی ڕاپەڕین/ سەنتەری توێژینەوەی زانستی و لە ٢٤-١٠-٢٠١٢ لە هەمان شوێن دەستبەکار بووم. بەڵام دوای تێپەڕبوونی تەنها (٥ مانگ) و ٧ مانگ پێش تەواوبوونی ماوەی تەنسیبەکەم، سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین/نوسینگەی سەرۆک بە فەرمانی زانکۆیی ژمارە (١٧٤)، لە بەرواری ٢٦/٣/٢٠١٣، فەرمانی تەنسیبوونەکەمی هەڵوەشاندۆتەوە و، بڕیاریداوە کە بگەڕیمەوە سەر میلاکی سکوڵەکەم لە چەمچەماڵ.


ئەو هۆکارانەی کە کراونەتە بیانوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی تەنسیببوونەکەم زۆر بێ پاساو و بێ بنەمان، ئەو بڕیارە نە بڕیارێکی یاساییە و نە بڕیارێکی کارگێڕییە، بەڵکو بڕیارێکی تەواو سیاسی و حزبییە و، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەو چالاکیانەوە هەیە کە لەماوەی ڕابردوودا ئەنجامانداون، لەوانە ڕەدکردنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە و، بەشداریکردنمان لە یادکردنەوەی ١٧ی شوبات و، بایکۆتکردنی یادە بە حزبیکراوەکەی ڕاپەڕین و، لەسەرووی هەموویانەوە ڕۆڵگێڕانی سەرەکیمان لە ئامادەکردن و بە پەرلەمان گەیاندنی "پڕۆژە یاسای بە نیشتیمانیکردنی یادی ڕاپەڕین". لە فەرمانی دوورخستنەوەمدا زۆری فەرمانبەری میلاک لە زانکۆ کراوەتە پاساو بۆ دورخستنەوەم، لە کاتێکدا دوای تەنسیبوونی من نزیکەی ١٠٠ کارمەندی نوێ بۆ زانکۆ دامەزراوە و، هێشتاش داوای فەرمانبەری زیاتر دەکەن، هەروەها دوای ڕۆیشتنی من سەنتەری توێژینەوەی زانستی جگە لە بەڕێوەبەر تەنها ١ فەرمانبەری تیادا دەمێنێتەوە!!!

 

پاساوێکی تر بۆ دوورخستنەوەم نەبوونی پسپۆڕی من (زانستە سیاسییەکان)ە لە زانکۆی ڕاپەڕین، لە کاتێکدا دەرچووی جۆرەها بەش و تەنانەت خەڵکانی بێ بڕوانامە لە زانکۆکە دامەزراون و، دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن. ئەمانە لە کاتێکدان کە من جگە لە دەوامی ئاسایی ڕۆژانەی زانکۆ، لە ماڵەوەش سەرقاڵی ئەنجامدانی توێژینەوە بووم بۆ زانکۆ و، توێژینەوەیەکی زانستیم لە ژێر ناونیشانی "دیپلۆماسی وەک ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوە" پێشکەش بە سەنتەری توێژینەوەی زانستیی زانکۆ کردووە و، لە بەرنامەمدا بوو دەست بە توێژینەوەی دووەم بکەم، دەربارەی "دیپلۆماسی کوردی"، بەڵام سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین ڕێگری لێکردم!!!


لێرەوە دەمەوێت هۆشداری ئەوە بدەم کە ئەگەر ئاوا بڕوات لە ئایندەدا، زانکۆی ڕاپەڕین، لەبری زانکۆیی دەبێتە "زیانکۆ"، لە بری بوون بە مەڵبەندێکی زانستی، دەبێتە پەیمانگای پێگەیاندنی کادیران بۆ حزب و لایەنە سیاسییەکان و، بەمەش لەبری سوود، زیانی بۆ شاری ڕانیە و هەموو دەڤەرەکە و تەواوی نیشتیمان دەبێت، هەربۆیە داواکارم لایەنە پەیوەندیدارەکان و لەسەرووی هەموویانەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەک چۆن ماوەی ڕابروو لەسەر بەهەدەردانی سامانی گشتی لە هەندێک لەو گرێبەستانەدا کە ئەو زانکۆیە لەگەڵ هەندێک کۆمپانیادا ئەنجامیدابوون هاتە دەنگ، بەهەمان شێوە بەدواداچوون بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری تەنسیبوونەکەی من بکات و سنوورێک بۆ سەرکێشییەکانی زانکۆ دابنێت...

 

 

 


٢٧\
٣\٢٠١٣ - رانیە
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک