په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١١\٢٠١٧

کۆیلەی میدیا.

ئاری محەمەد سابیر  


(راگەیاندن - میدیا)، گەر نەلێم بووەتە (ڤایرۆس) ھیچی کەمتر نییە لە (ڤایرۆس) لەگەڵ رێزم بۆ (میدیا) و میدیایی پرۆفیشناڵ و میدیایەک بە ئەرک و بەرپرسییارێتی ھەڵسێ، (میدیا) لەو سەردەمە دەتوانێ نەک دۆخی ھاوڵاتی و مرۆڤەکان بشڵژێنێ بەڵکو دەتوانێ دۆخی وڵات و ھەرێمیک بە تەواوی بشڵەژێنێ و سەرلەبەری ئاڵۆز بکا، میدیا و راگەیاندن لە بنچینەدا بۆ ئەوە دروست نەبووە کە ئەمڕۆ دەیبینین کە دوورکەوتۆتەوە لە ئەرکی (رەوشتیی - کۆمەڵایەتی- سیاسی - ئابووریی- مرۆڤایەتی- فەرھەنگ و رۆشنبیریی) کە ئەرکی سەرەکی (میدیا و راگەیاندن) بۆ ئەمانە دروست بووە و ھاتۆتە کایەوە بەڵام لە جیھانی ئێستایی بێسەروبەری کە ھەموو ئایدۆلۆژیاوسیستەمەکان لە وڵاتان لێی بەرپسیارن تەنھاوتەنھا بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان (میدیا) بەکار دەھێنن و بازرگانی پێوە دەکەن! (میدیا - راگەیاندن) لە سەردەمی ئێستادا بووەتە کەرەسە و چەکێکی زۆر گرنگی بە دەست کەسەکان و دەسەڵاتداران و کۆمپانیا و رێکخراو و حیزبەکان! تاکو مرۆڤەکان (کۆیلە) بکەن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری بھێنن! بە تایبەت لە کۆمەڵگەیەکی داخراو و نامەدەنی لە سەرتاسەری جیھان بە تایبەتی لە کۆمەڵگەیەکی داخراوی نامەدەنی لە باشووری کوردستان (ھەرێمی کوردستان)! (میدیا) لە باشووری کوردستان نەک ئازادە بەڵکو (بەرەڵایە) نەک بە ئاشکرا بەڵکو بەزۆر خۆی خزاندۆتە ناو ئەقڵی مرۆڤەکان و بەلاڕیدابردنی مرۆڤەکان و شاردنەوەی راستی و سەرلێشێواندنیان! ئەمەش بە پاڵپشتی دارایەکی زۆر و حیزبی! نە سەندیکایی رۆژنامەنووسان و نە وەزارەتی رۆشنبیریی ھەرێم توانایی دەسەڵاتی بەسەرەوەیان نییە! بە گوڕاحی خۆیان مرۆڤەکانیان کۆیلە و دەستەمۆکردوە بۆ خزمەتی بازرگانی و ئایدۆلۆژیایی تایبەتی (میدیا)، بە تایبەت ئەو کەنال و میدیا حیزبیانەی دەسەڵاتدارن و دارایی بەھێزیان ھەیە!

لە باشووری کوردستان ھاوڵاتیان بوونەتە کۆیلەی سەرسەختی کەناڵە میدیاکان(تەلەڤزیۆن- رادیۆ - رۆژنامە و گۆڤارەکان - سایتەکان) ھاوڵاتی و تاکی وا ھەیە تەنیا یەک کەنال و میدیا بە باش دەزانێ بۆژیانی خۆی ئەوانیتر ٪١٠٠ رەتدەکاتەوە ئەقڵی وا راھاتووە و وا تێگێەینراوە یانیش لە ترسی حیزبەکەی بە لای ئەوانیتر ناچێ! یانیش ھەر خۆیی ئەم کۆیلەتیەی میدیایی ھەڵبژاردوە مەرج نییە حیزبیش بێت! (کۆیلەی میدیایی) نیشانەی زەقی نەبوونی ئازادی تاک و نەبوونی رۆشنبیریی لای تاکە ھەر خۆی میدیاکەش ئازاد نییە لە بنچینەوە! ئەرکی میدیا لە باشووری کوردستان ئەوە نییە ھەر کەسێک قسە بکا پەخشی بکا راست یان درۆ یان دواتر چی روودەدا! ھاوڵاتی تەنانەت بەرپرسی باڵا لە حیزبەکان لە راگەیاندنێک لێدوان دەدا لە راگەیاندنێکیتر لێدوان و قسەیەکیتر بە لای ئەو ئەوە سیاسەتە و بە لای راگەیندنەکەش ئەوە کاری راگەیاندنە! لە بنچینەدا راگەیاندن دەبێ پاکسازیی بکا لەم جۆرە لێدوانانە بە دوای ئەوە بێ کامەی راستە بە تایبەت گەر پرسێکی نیشتمانیی بێ.

بەم دوایە (میدیا) لە باشووری کوردستان بە خراپترین ئەرک ھەڵسا لە تێکدانی باری دەروونیی خەڵک، ھاوڵاتی وا ھەیە بە قسەی راگەیاندنێک ئاوارە و سەرگەردان بووە ماڵ و حاڵی خۆی بەجێھێشتووە، راگەیاندن لە کوردستان بووە ھۆی ئەوەی پێشمەرگە لەکەدار بکرێ و شار و گوند و شارۆچکە بەجێھێڵرا بۆ دوژمن! لە باشووری کوردستان ئاستی راگەیاندن زۆر نزمە ھۆکارەکەشی ئەوەیە نەبوونی کادری لێھاتوو و پڕۆفیشناڵ و گەندەڵ و ئەڵقە لە گوێی حیزب و بەرژەوەندی تایبەتی سەرباری باری دارایی باش و تەکنۆلۆژیا نەتوانراوە نموونەیەکی جوان و سەردەمیانەی (میدیا) پێشکەش بکەن وای لێھاتوە خەڵک رقێکی زۆری لە (میدیا) ھەیە بە دوژمنی خۆی دەزانێ! ھەر کۆمەڵە ھاوڵاتیەک دوژمنایەتی لەگەڵ راگەیاندن پەیداکردوە!
 

 

areezendiny40@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک