کارنامە و
پەیڕەوی رێکخراوی
ئازادیی دەربڕین*
بەشی
یەکەم: پێناسە.
رێکخراوی ''ئازادیی دەربڕین'' مەکۆیێکە بۆ گردبوونەوە و
رێکخرابوونی هەموو ئەو ئازادییخوازانەی کە بە گفتار و بە
رەفتار داکۆکیی لە تێکڕای ئازادییەکانی دەربڕین دەکەن، لە
رێگەی کاری فەرهەنگیی و پەروەردەییەوە لە پێناو وەدەستهێنانی
زۆرترینی ئازادییە جۆراوجۆرەکان تێدەکۆشێ.
لە رێکەوتی ٤\٤\٢٠٢٠ وەک گردبوونەوەیەکی رێکخراو و داکۆکیکەر لە ئازادییەکان دەستی
بە کار و چالاکییەکانی خۆی کرد، لە ماوەی چەند مانگێکدا
بنچینەکانی خۆڕێکخستنی چەسپاند و بە پێی ساغبوونەوەی لەسەر
لایەنی هزریی و دەستنیشانکردنی ئامانجەکانی لە
١٥\٦\٢٠٢٠
''کارنامە و پەیڕەو''ی خۆی پەسندکرد و بە ناوی ''ناوەندی کاری
ئازادیی رۆژنامەگەریی'' رێکخراوبوونی خۆی راگەیاند، پاشان لە
ئەنجامی گەشەکردن و بەرفراوانتربوونی کارەکانی و قووڵبوونەوەی
لەسەر چەمکی ئازادییەکانی دەربڕین لە
٢٤\١\٢٠٢١ لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراواندا بڕیاردرا ناوەکەی بگۆڕدرێ بۆ ''ناوەندی
کاری ئازادیی دەربڕین''، پاشانیش لە کۆنفرانسی دامەزراندنیدا
لە ٦-٨\٦\٢٠٢٢ بە
هەموارکردنەوەی کارنامە و پەیڕەوەکەی و هەندێک گۆڕانکاریی دیکە
ناوەکەی گۆڕدرا بۆ ''ئازادیی دەربڕین''،
لە کۆنفرانسی دووەمیشدا بە دەستکارییەکی کەم هەموارکرایەوە.
رێکخراوێکی ئاسۆییە و بە شێوەی هەرەوەزیی و کاری بەکۆمەڵ کار و
چالاکییەکانی رادەپەڕێنێ، واتە دەستەیەکی سەرپەرشتیی یان
سەرکردایەتی نییە بەڵکە هەموو ئەندامان و لایەنگران هەر یەکەو
بە پێی ئەرکی خۆی خاوەنی رێکخراوە و پێکەوە بەڕێوەیدەبەن. لە
رووی وابەستەیی رێکخراوەییەوە تەواو سەربەخۆیە لە هەر دین و
پارتی و ئایدیۆلۆژیایەکی بەرتەسک، سەرجەم ئازادییخوازانی هەموو
پارچەکانی کوردستان و رەوندی کوردستانیان دەتوانن تێیدا ببنە
ئەندام، بەڵام بە پێی باری کەتواریی و توانایەکانی ئێستای چەقی
قورسایی کار و چالاکییەکانی لە باشووری کوردستانە.
لە رێگەی کردەی ئازادیی دەربڕینەوە دژ بە هەموو ئەو هزر و
روانگە و رەفتارانە دەوەستێتەوە کە دەبنە هۆی چەوسانەوە و
لەنێوبردنی مرۆڤەکان.. وەک (نازیزم و فاشیزم و لیبرالیزمی
سەرمایەداریی، رگەزپەرستیی نەتەوەیی و قۆرخکاریی نیشتمانیی و
کۆنەپەرستیی دینیی و دابونەریتی داسەپاو، جیاوازیی رەگەزیی و
نێرسالاریی و مێسالاریی، جیاوازییەکانی رەنگ و رەچەلەک و خێل و
هۆز، نێوچەگەریی و شارچیێتی و سەپاندنی فەرهەنگ و زمان،
کۆمەڵکوژیی و جەنگ و زیندان و ئەشکەنجەدان و توندوتیژییەکان،
بەکارهێنانی چەکی نیوکلیار و بایۆلۆژیی گشت چەکەکانی دیکە،
قۆرخکردنی سەرمایە و سامانی میللەت، قاچاغچیێتی و بازرگانیی
رووتکردنەوەی خەڵک و قازانجپەرستیی بە خۆراک و داودەرمان و
مادەی هۆشبەر، وەکاربردنی ژنان و منداڵان و ئاوارە و پەنابەران،
پیسکردنی ژینگە و پێشێلکردنی مافەکانی گیانداران و... چەندینی
دیکە).
بەشی
دووەم: ئامانجەکان.
وەدەستهێنانی سەرجەم ئازادییەکانی دەربڕینی تاک و کۆمەڵ هەر لە
سادەترین و سەرەتاییترین مافەکانی گوزارشت لەخۆکردن و
خۆدەربڕینەوە؛ وەک جلپۆشین و ئارایشت و ئاکار و شێوە، شوێنی
نیشتەجێبوون و گەشت و گەڕان و سەیران و کات رابواردن، خواردن و
خواردنەوە و سانەوە و خولیایە سێکسییەکان، رەنگ و رەگەز و
بەرابەریی ژن و پیاو، منداڵ و گەنج و پیر و خەستە و پەککەوتە،
فێربوون و پەروەردە و تەندروستیی، ئارامیی و شکۆمەندیی و ئاشتی
و ئاسایش،.. تا دەگاتە کار و چالاکییە تایبەت و گشتییەکان لە
سەرجەم بوارە جۆراوجۆرەکانی هزر و رامان و بیروڕا، فەلسەفە و
ئابووریی و رامیاریی، کۆڕ و کۆبوونەوە و رێکخراوبوون، هونەر و
وێژە و میدیا، یاسا و رێسا و دەستوور، چین و توێژە
کۆمەڵایەتییەکان، سەربەخۆیی نیشتیمان و نەتەوەکان، داهێنان و
زانست و تەکنەلۆژیا، فەرهەنگ و کەلەپوور و مێژوو، و... تد،
هەڵبەتە ئەوانەش هەمووی بە پێی ئەو خواست و ویستە هزریی و
جەستەیی و دەروونییانە دەبن کە هەم ژیانی باشتر و
پێشکەوتووانەتر فەراهەم دەکەن هەم ماف و ئازادییەکانی تاک و
کۆمەڵ پێشێل ناکەن و زیان بە گیانداران و ژینگە ناگەیەنن.
پێبەپێی وەدەستهێنان و بەرزبوونەوەی ئاستی ئازادییەکانی
دەربڕینیش.. هاوکاتی داکۆکییکردن و پارێزگارییکردن لەو
ئازادییانەی کە لە ئەنجامی خەباتی نێوخۆی نیشتیمان و نێوکۆیی
مرۆڤایەتی لەسەر ئاستی کوردستان و تێکڕا جیهان وەدەستهاتوون..
خۆبەخۆ لە پێناو هەموو ئەو ئازادییانە تێدەکۆشێ کە شیاوی مرۆڤی
سەردەم و شکۆمەندییەکانیەتی بەڵام هێشتا دەسەڵاتداران و
پارتییەکان و دینەکان و دابونەریت و نێرسالاریی بە پشتیوانیی
هێزی سەرکوتگەر و مشەخۆری کۆمپانیایە ئابوورییەکانی سیستەمی
باوی ئێستای جیهان رێگرییان لێدەکەن.
بەشی
سێیەم: پێکهاتە.
١- ئەندامان و لایەنگران:
هەر کوردستانییەکی تەمەن
١٨ ساڵ و بەسەرەوە دەتوانێ ببێتە
ئەندام بە مەرجێک کارنامە و پەیڕەوی رێکخراو پەسند بکا و دوو
ئەندام پاڵپشتیی ئەندامبوونی بکا و ئامادەیی تێدا هەبێ
بەشداریی لە ئەرکەکاندا بکا، لایەنگرانیش بە هەمان شێوەی
ئەندامان هزر و بەرنامەی رێکخراو بە هی خۆیان دەزانن بەڵام
ئازادن لەوەی چۆن و تا چەند بەشداریی لە ئەرکەکان دەکەن.
٢- ناوەندی کوردستان:
لە کۆی ئەندامان و لایەنگرانی نێو کوردستان پێکدێ، دەستەیەک
لەو ناوەندە کە هەر ئەندامێکی سەر بە شارێکە رێکخستن و
سەرپەرشتییکردنی کۆبوونەوەی مانگانەی ناوەند دەگرێتە ئەستۆ. لە
هەر شارێک کاتێک ریژەی ئەندامان و لایەنگران و کار و
چالاکییەکانیان زۆر دەبن بازنەیەکی تایبەت بە شارەکە بۆ
کۆبوونەوە و بەڕێوەبردنی کار و چالاکییەکانی خۆیان دروستدەکەن.
٣- مەکۆی گشتیی.
لە تێکڕای ئەندامان و لایەنگرانی نێوخۆی نیشتیمان و رەوەندی
کوردستانیی پێکدێ، هەر مانگێک جارێک کۆدەبێتەوە، لە نێوان دوو
کۆنفرانسدا بزوێنەری سەرەکیی و شوێنی هەموو بڕیاردان و
راسپاردە گرنگەکانە، لە مان و ژیان و تێکڕای کاروبارەکانی
رێکخراو و گەشەکردنی بەرپرسە.
٤- لێژنەکان:
بە پێی هەبوونی کار و چالاکیی و پڕۆژەکان دادەمەزرێن، تەنیا لە
کۆبوونەوەی ''مەکۆی گشتیی یان لە کۆنفرانس'' بڕیار لەسەر
دروستکردن یان هەڵوەشاندنەوەی هەر لێژنەیەک دەدرێ. ئێستا
لێژنەکان بەو شێوەیەن:
- لێژنەی بەڕێوەبردن: لە پێنج یان هەفت کەس پێکدێ و هەر
دوو ساڵ
جارێک لە لایەن
ئامادەبووانی کۆنفرانس
هەڵدەبژێردرێ..
هەروا لە باری نائاساییدا مەکۆی گشتیی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە
هەڵیببژێرێتەوە یان بە پێی پێویست فروانتری بکا، لێژنەیەکی بڕیاردەر و سەرپەشتییکەری رێکخراو
نییە بەڵکە جێبەجێکەرە بۆ بڕیار و راسپاردە و
کار و چالاکییەکانی مەکۆی
گشتیی و رێکخستنی کۆبوونەکانی و ئامادەکردنی کۆنفرانس. هەر
مانگێک دوو هەفتە پێش کۆبوونەوەی مەکۆی گشتیی کۆبوونەوەی خۆی
ئەنجامدەدا.
- لێژنەی میدیا: بەرپرسە لە سەرجەم بەرنامە میدیایەکانی
رێکخراو و بەڕێوەبردنی دامودەزگەکانی و لایەنە تەکنیکییەکانی
کۆڕ و کۆبوونەوەکان و ئەنجامدانی کۆنفرانس، ژمارەی ئەندامانی
بە پێی پێویستی رێکخراو بڕیاری لەسەر دەدرێ و ساڵانە لە
کۆبوونەوەیەکی مەکۆی گشتیی هەڵدەبژێردرێتەوە.
- لێژنەی دارایی و سندووقی هاوکاریی: لە سێ ئەندام لە
کۆبوونەوەیەکی مەکۆی گشتیی هەڵدەبژێردرێ و لە هەر کۆنفرانسێک
نوێدەکرێتەوە، بەرپرسە لە کۆکردنەوەی ئابوونە و کۆمەک،
بەکارهێنانی هەژماری بانک و نەخشەدانان بۆ پڕۆژە مادییەکانی
رێکخراو و سەرپەرشتییکردنیان.
٥- دەستەی راوێژکاریی: ئەو دەستەیە بە پێی پێوەری ''کارنامە و
پەیڕەو'' لایەنە دەستوورییەکەی رێکخراو دەپارێزێ، واتە
بەدواداچوون و لێپێچینەوە لە هەر جوولە و کار و چالاکییەکی
رێکخراوەیی.. هەر بڕیار و رێنمایی و راسپاردەیەک.. هەر
تێڕوانین و هەڵسوکەوتێکی ئەندامان و لایەنگران دەکا بە
تایبەتییش لەسەر ''لایەنی هزریی'' و ''رێکخراوبوونی ئاسۆیی و
کاری بەکۆمەڵ و هەرەوەزیی'' و ''ئامانجەکان''ی ریكخراو،
لە هەر کۆنفرانسێک
هەڵدەبژێردرێتەوە.
٦- کۆنفرانس: بەرزترین پێکهاتە و دەسەڵاتی رێکخراوە و
هەر دوو ساڵ
جارێک لە نێوان کۆی ئەندامان و لایەنگران دەبەسترێ و لە کاتی
نائاساییشدا کاتەکەی بەپێشدەخرێ. پێداچوونەوە بە سەرجەم کار و
چالاکییەکان دەکا و دەسەڵاتی هەر بڕیار و رێکار و پڕۆژەیەکی
نوێی هەیە. بە سەرجەم کاروبارەکانی رێکخراودا دەچێتەوە و بە
دەنگی زۆرینە دەستکارییان دەکا و بڕیار لەسەر پڕۆژەی تازە دەدا،
دەتوانێ بە دەنگی زۆرینە هەمواری ''کارنامە و پەیڕەو'' بکا و
بۆ دەستکارییکردنی خاڵ و بڕگە گرنگ و چارەنووسسازەکانیش سێ
لەسەر چواری دەنگەکانی بەشداربووان پێویستە بەڵام بە مەرجێک بە
هیچ شێوەیەک دەستبەرداری بنچینە هزرییەکانی دروستبوونی رێکخراو
و ئامانجە سەرەکیی و گرنگەکانی نەبێ کە لە پێناویاندا
دامەزراوە.
بەشی چوارەم:
ئەرک و ماف.
هەر ئەندامێک جا لە هەر بەرپرسیارییەکی رێکخراوبووندا بێ بێجگە
لەوەی ئەرکی سەرشانیەتی:
- لە کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفرانس و چالاکییەکان بەشدار بێ.
- دڵسۆزانە لە پێناو ئامانجەکانی رێکخراو تێبکۆشێ.
- ئەندام و لایەنگر و دۆستی نوێ بۆ رێکخراو پەیدا بکا.
- ئابوونەی ساڵانە بدا بە مەرجێک لە
٢٠ دۆلار کەمتر نەبێ بەڵام
چەندەی پتر بێ باشترە.
پێویستە پابەستی ئەو خاڵانەش بێ:
- بڕوای تەواوی بە ئازادییەکانی دەربڕین و خۆدەربڕینی تاک و
کۆمەڵ هەبێ، لە رووی پەروەردەیی و فەرهەنگییەوە کار لەسەر
چەمکی ئازدیی بکا، لەو خاڵانەوە دەست بە تێکۆشانی خۆی بکا کە
رێگریی لە وەدستهێنانی ئازادییەکانی مرۆڤەکان دەکرێ ئەوەش بە
مەرجێک ناکۆک نەبێ لەگەڵ پاراستنی ژینگە و مافەکانی گیانداران.
- لە رووی رامیاریی (نەک پیشە و کاری بژێوی ژیان) سەر بە
دامودەزگەکانی دەسەڵاتداران نەبێ، ئەندامی هیچ پارتییەک و هێز
و بزووتنەوەیەکی دینی و ئەفسانەیی و نێرسالاریی و رەگەزپەرستیی
و خێڵەکیی و ناوچەگەریی و شارچیەتی و پارێزگاریی و نەریتبازیی
نەبێ.
- بە کردەیی بڕوای هەبێ بە ماف و ئازادیی وەک یەکی نێوان ژنان
و پیاوان و رەگەزەکانی نێوانیان و مافەکانی منداڵ و پیر و
خەستە و پەککەوتە و ئەو کەسانەی پێداویستی تایبەتیان هەیە.
بێجگە لەوەی ئەندامان و لایەنگران ئازادن لەوەی هەڵگری هەر هزر
و ئایدیۆلۆژیایەک بن کە دژ بە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ نین، لە
نێوخۆی رێکخراویش هەموو ئەو مافانەیان هەیە:
- گفتوگۆ و بەدواداچوون و لێپێچینەوەی هاوڕێیانە لە کار و
چالاکیی و رەخنەگرتن لەسەر هەر پرس و بابەتێک ئازادە و هەر
جیاوازیی و پێشبڕکێ و ململانێیەکیش بە دەنگی زۆرینە
یەکاڵادەکرێتەوە.
- هەمووان مافی وەک یەکیان هەیە لە پێشنیارکردن و پێشکەشکردنی
پڕۆژە و بەشدارییکردن لە کۆنفرانس و سەرجەم کۆڕ و کۆبوونەوە
گشتییەکان، هەر هاوڕێیەکیش دەتوانێ ناوەناوە وەک بەدواداچوون و
چاودێریی داوای بەشدارییکردن لە کۆبوونەوەکانی لێژنە
تایبەتییەکان بکا.
- بە پێچەوانەی تاکگەرایی کە گیانی هاوکاریی و هەرەوەزیی
دەکوژێ و برەو بە کەسایەتیی خۆپەرست و نەرێنیی دەدا، ئەرکی
سەرشانی رێکخراوە بە شێوەیەکی کردەیی گرنگیی بە بەرجەستەکردنی
ئازادییەکانی تاک بدا و تایبەتمەندییەکانی کەسایەتیی هەر
هاوڕێیەک بپارێزی.
- وەک چۆن هەر ئەندامێک یان لایەنگرێک ئازادانە بە رێکخراوەوە
پەیوەست دەبێ و دەتوانێ مۆڵەت کە خۆی ماوەکەی دیاردەکا وەربگرێ،
بە هەمان شێوە دەتوانێ ئازادانە وازبهێنێ تەنانەت بێ هیچ
بیانوو هێنانەوەیەک، هەر کاتێکیش بیەوێ دەتوانێ بگەڕێتەوە بە
مەرجێک زیانی بە رێکخراو و ئازادییەکان نەگەیاندبێ.
- هەر ئەندامێک یان لایەنگرێک کاتێک بە هۆی ئازادیی دەربڕین
هێرش دەکرێتە سەر خۆی یان ئەندامانی خانەوادەکەی یان هەر
کێشەیەکیان بۆ دروستدەکرێ دەتوانن سوود لە پێگەی رامیاریی و
کۆمەڵایەتیی رێکخراو و توانایە مادییەکانی وەربگرن.
- هیچ پلە و پایە و ریزبەندییەکی دەسەڵاتدارانەی قووچەکیی لە
نێو رێکخراودا نییە، بۆیە هەمووان بە بێ جیاوازیی خاوەنی
رێکخراون و لە سەرجەم مافەکان یەکسانن.
بەشی پێنجەم:
دارایی.
دارایی رێکخراو لە (ئابوونە) و (قازانجی پڕۆژەکان) و (سندووقی
هاوکاریی) پێکدێ:
- ئەندامان پابەستن کە ساڵانە ئابوونەی خۆیان
بدەن، بەڵام ئابوونەدانی لایەنگران ئارەزوومەندانەیە و لە
چەندیەتیی بڕی پارەکەش ئازادن.
- لێژنەی داریی بەرپرسە لە کۆکردنەوەی ئابوونە و
هەر قازانج و کۆمەکێک.
- قازانجی پڕۆژەکان تەنیا لەو پڕۆژە فەرهەنگییانە وەدەستدێن کە
بە مایەیەکی کەم زۆرتریین راژە بە ئازادییخوازان و خەڵک
دەگەیەنن، بۆ نموونە وەک: (خولی فێربوون و پەروەردە، ئاهەنگ و
بۆنە، دەستکەوتی میدیا، دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوە... تد).
- سندووقی دارایی: بریتییە لەو کۆمەکانەی
کە ئارەزوومەندانە لە لایەن
هاوڕێیان و دۆستان و دەزگە و رێکخراوە یارمەتییبەخشەکان بە
رێکخراو دەبەخشرێن بەڵام بە مەرجێک سەر بە دەسەڵات و
پارتییەکان و بزووتنەوە دینییەکانەوە نەبن، هەر کۆمەکێکیش بە
تۆمارکرنی کلێشەیەک وەردەگیردرێ کە لێژنەی دارایی بە ئاگاداریی
لێژنەی بەڕێوەبردن پڕیدەکاتەوە، ئەوەش هەر شەش مانگ جارێک بۆ
ماوەی مانگێک دەرفەتی بۆ دەڕەخسێندرێ.
دەبێ هەموو داهاتەکان بچنە نێو هەژماری بانکیی رێکخراو، ئەو
هەژمارەش لە کوردستان دەبێ و بە ناوی لێژنەی دارایی دەبێ کە لە
سێ ئەندامی لێژنەی
بەڕێوەبردن پێکدێ و یەکێکیان دەبێتە بەرپرسی
دارایی.. هەروا دەبێ لێژنەکە (ژمێریار)ێکی فەرمیی و یاسایی
هەبێ.
داهاتەکان هەم لەو کار و چالاکییە هەرە پێویستانەی رێکخراو
خەرج دەکرێن کە ئەندامان ناتوانن خۆبەخشانە ئەنجامیان بدەن هەم
لە یارمەتییدان و هاوکارییکردنی ئەو هاوڕێیانەی کە گرفتێکیان
تووش دەبێ و پێویستییان بە کۆمەکی مادیی هەیە، هەر خەرجییەکیش
دەبێ بە رەزامەندیی لێژنەی
بەڕێوەبردن و ئاگاداریی مەکۆی گشتیی
بڕیاری لەسەر بدرێ.
لێژنەی دارایی راپۆرتی دارایی بە هەموو وردەکارییەکانی
داهاتەکان و خەرجییەکان بۆ کۆنفرانس ئامادە دەکا.
_______________________________________________
*
لە کۆنفرانسی
سێیەمی رێکخراو لە
٢٨\١١\٢٠٢٤
و کۆبوونەوەی گشتیی لە ١٥\١\٢٠٢٥
هەموارکرایەوە.